هەڵبژاردنى دیموکراسى؛ گرنگى و پێوەرەکانى لە دیاریکردنى شێوەى حوکمدا

 سەیفەدین كاتح

 

هەڵبژاردنى دیموکراسى؛ گرنگى و پێوەرەکانى لە دیاریکردنى شێوەى حوکمدا

 

سەیفەدین كاتح

وەرگێڕانى لە عەرەبییەوە: چرا عومەر ساڵح

كۆمەڵێک هۆکار وایان کرد گرنگى بدەم و بەدواداچوون بکەم بۆ ئەو هەڵبژاردن و دەنگدانەى لەم دوایییەدا لە مەغریب بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانێکى نوێ ئەنجام درا. بێ گومان ئەم هەڵبژاردنە، بووە هۆى ئەوەى هێزێک سەر کەوت و هێزێکى تر پاشەکشەى کرد؛ ئەمەیش سەرەڕاى کەمیى ڕێژەى دەنگدەرانى تۆمارکراو و کەمیى ڕێژەى دەنگدانى گشتى.

ئەوە بوو کە بەپێویستم زانى تیشک بخەمە سەر گرنگیى هەڵبژاردن و پێوەرەکانى و پێناسەکردنیشی، چونکە هەڵبژاردن ئامرازێکە دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەى نوێنەر و پاڵێوراوى خۆت لە هێز و حزبە جیاوازەکان هەڵبژێریت، کە بە هەموویانەوە دەسەڵاتى یاسادانان و چاودێرى دروست دەکەن؛ کە لۆژیک وایە ئەو پاڵێوراوانە کەسانى لێهاتوو و کارامە بن و تواناى ئەوەیان هەبێت ئەو ئەرکەى سەرشانیان جێبەجێ بکەن، وەکوو: بەرگریکردن لە خەڵک و بەرژەوەندییەکانیان و گوێگرتن لە داواکارییەکانیان و دابینکردنى پێداویستیى ژیان و خزمەتگوزارى و مافە شارستانییەکانیان؛ چونکە دەبێتە هۆى دووبارە بنیاتنانەوەى نیشتمان و کۆمەڵگە.

 ئەو هەڵبژاردنانەى کە هەندێک لە سیستەمە حوکمڕانییەکان لە جیهانى عەرەبیدا پەیڕەوى دەکەن، نەبووەتە هۆى هێنانەکایەى دیموکراسییەکى ڕوون و ئاشکرا، یان دەرفەت نەبووە بۆ ئەو سیستەمە دیموکراسییەى کە هەمووان چاوەڕوانى دەکەن.

هەندێک لە خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە بلیۆنێک کەس بەشداری لە ڕکابەریى هەڵبژاردنە دیموکراسییەکاندا دەکەن بۆ هەڵبژاردنى سەرکردە و نوێنەرەکانیان لە دەزگه‌کاندا؛ ئەمەیش بووەتە هۆى ئەو بەرەودیموکراسیچوونەى کە لە کۆتایییەکانى سەدەى بیستەمدا جیهانى عەرەبى بەخۆیەوە بینى. هەروەها ئەوەیش دەردەخەن کە تەنیا نیوەى وڵاتانى جیهان ئەو هەڵبژاردنانە ئەنجام دەدەن کە دەکرێ بە هەڵبژاردنى دیموکراتى وەسف بکرێن، چونکە ئامراز و شێوازەکانى یاریکردن بە ڕێکارەکانى هەڵبژاردن پێشکەوتووە. ئەمەیش بە مەبەستى گەیشتن بە ئامانجى تایبەتە و، زۆرینەیان کار لەسەر ئەوە دەکەن کە شەرعییەت بە خۆیان بدەن لە بەرامبەر جەماوەر و، پاڵەپەستۆى داواکارییەکانى چاکسازى کەم بکەنەوە. لێرەدا ئەوەى مەبەستە بگوترێت ئەوەیە، کە ئەو هەڵبژاردنانەى لە جیهانى عەرەبیدا ئەنجام دراون، بەدەگمەن نەبێت، نەبوونەتە هۆى دروستبوونى سیستەمێکى دیموکراسیى ڕاستەقینە.

 ئەو ئامرازانەى لە هەڵبژاردنە دیموکراتییەکاندا بەکار دێن، بۆ هێنانەدیى مەبەست و ئامانجە جیاوازەکانن. بۆیە دەکرێت ئەو ئامرازانە بکرێنە پێوەر و لە ڕێگەیانەوە جیاوازى دابنێین لە نێوان هەڵبژاردنە دیموکراتییە ڕکابەرییەکان و ئەو هەڵبژاردنانەى هەرچەندە لە ڕووکەشدا دیموکراتین، بەڵام لەناوەڕۆکدا هەرگیز بە دیموکراتى پێناسە ناکرێن. هێنانەدیی ئەم مەبەست و ئامانجانە، بە پێوەرى سەرەکى دادەنرێن لەناو پێوەرەکانى جیاکارى لە نێوان سیستەمە دیموکراسییەکان و سیستەمە نادیموکراسییەکاندا؛ ئەمەیش بە چاوخشاندنەوە بەو ئامرازانەى کە لە هەڵبژاردنەکاندا بەکار دێن، بەتایبەتیش ئەو ئامرازە دیارانەى کە دەسەڵاتداران لەم سەردەمەدا هاناى بۆ دەبەن.

هەڵبژاردنى دیموکراتى چییە؟

لە لایەن زۆرێک لە توێژەرانەوە باس لەم چەمکە کراوە. جۆزێف شۆمپیتر پێناسەى هەڵبژاردنى دیموکراتیى کردووە و دەڵێت: "بریتییە لە کۆمەڵێک دامەزراوە و ڕێکار، کە تاکەکان دەتوانن بەشداری لە دروستکردنى بڕیارى سیاسیدا بکەن؛ ئەمەیش لە ڕێى ڕکابەریکردن لە هەڵبژاردنى ئازاددا." بەڵام سەڕەڕاى گرنگیدانى زۆرێک لە توێژەر و بیرمەندان بەم بابەتە، تاوەکوو ئێستا پێناسەیەکى وا نییە کە هەمووان لەسەرى کۆک بن؛ پێوەرى یەکلاکەرەوەیش بۆ ناسینەوەى هەڵبژاردنى پاک و بێگەرد، یاخود پەیڕەوێکى یەکگرتوو بۆ ئاماژەدان بە خاڵە جیاکەرەوە و گشتگیرەکانى هەڵبژادنى دیموکراتى دیاری نەکراوە.

توێژەرى ڕۆژئاوایی "ڕۆبێرت" لە ڕوانگەی خۆیەوە باسى ئامرازەکانى هەڵبژاردنى کردووە، بەڵام پێناسەیەکى وردى بۆ هەڵبژارنى ئازاد و پاک نەکردووە. لەگەڵ ئەوەیش، جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەى کە پێویستە کۆمەڵێک ئازادى و ماف پێش ڕێکارى ئەم هەڵبژادنانە بکەون، ئەوانیش بریتین لە:

ئازادیى گەیشتن بە هەر زانیارییەک لە سەرچاوە جیاوازەکان، ئازادیى ڕادەربڕین، ئازادیى بنیاتنان و دروستکردنى دامەزراوە سەربەخۆکان، ئینجا ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئازاد و پاک. کەوایە هەڵبژاردنى پاک و ئازاد ناوەڕۆکى دیموکراسییە، نەک سەرەتا و دەستپێکردنى. بە مانایەکى تر، هەڵبژاردن پێش دیموکراسى ناکەوێت و بەرهەمیشى ناهێنێت؛ تەنانەت ماف و ئازادییش دروست ناکات.

لە ئەدەبیاتى ڕۆژاوادا هەندێک لە توێژەران هەوڵیان داوە بەگوێرەى ئەو حاڵەتانەى دیراسەى دەکەن، پێناسەیەکى دیاریکراو بۆ هەڵبژاردنى دیموکراتى بکەن. لە دیارترین و گشتکیرترینیان ئەوە بوو لە لایەن "دەیڤید باتلەر"ەوە کرا. هەڵبژاردنى دیموکراتیى گشتى چەند مەرجێکى هەیە، ئەوانیش بریتین لە: مافى دەنگدانى گشتى بۆ هەموو هاووڵاتیانى کامڵ و باڵغ (پێگه‌یشتوو)، ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە کاتى خۆى و ڕێکخستنى، بێبەشنەکردنى هیچ کۆمەڵەیەک لە دروستکردنى حزبى سیاسى، یان خۆکاندیدکردنیان بۆ پۆستە سیاسییەکان، مافى ڕکابەریکردن لەسەر هەموو کورسییەکانى پەرلەمان، ئازادیی بەڕێوەبردنى هەڵمەتەکانى هەڵبژاردن بەپێى یاسا، بەکارنەهێنانى توندوتیژى دژى کاندیدەکان لە کاتێکدا ڕاى خۆیان دەردەبڕن و تواناکانى خۆیان پێشان دەدەن؛ لە هەمان کاتدا دەنگدەرانیش ئازادن گفتوگۆ لەسەر ئەو بیروڕایانە بکەن و ئاشکرای بکەن دەنگیان بە چ لایەنێک داوە. هەروەها پێویستە جیاکردنەوەى دەنگەکان بەڕوونی و ئاشکرایی ڕابگەیەندرێت. لە دواییشدا سەرکەوتووەکان لە پۆستى سیاسیى خۆیاندا دابندرێن و لە پۆستەکانیاندا بمێننەوە تاوەکوو هەڵبژاردنى ئاییندە.

دەستەواژەى هەڵبژاردنى ئازاد و پاک، بەربڵاوە و لە زۆربەى ئەو دیراسانەدا کە باسیان لە هەڵبژاردن کردووە، ئاماژەی پێ کراوە. یەکەم جار کە ئاماژەى پێ کرا، بۆ وەسفکردنى ئەو ڕاپرسییە بوو کە ساڵى ١٩٥٦ بۆ سەربەخۆبوونى خاکى توغو (تۆگۆ)، (دەوڵەتى توغو (تۆگۆ) لە ڕۆژاواى ئەفریقایە و ئێستا بەشێکە لە دەوڵەتى غانا) ئەنجام درا. دواى ئەوە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ حاڵەتە هاوشێوەکان هەمان ڕێچکەى گرتە بەر، بەڵام سەرەڕاى بەکارهێنانى ئەم دەستەواژەیە و دەربڕینی بە شێوەیەکى فراوان و گرنگیدانى زۆر بە پێشکەشکردنى هاوکارى لە بەڕێوەبردنى هەڵبژاردنەکان و سەرپەرشتی و چاودێریکردنیان لە ساڵى ١٩٨٩وە، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان پێناسەیەکى گشتگیر و یەکگرتووى بۆ ئەم دەستەواژەیە نەکردووە.

پێوەرەکانى ڕۆشنبیریى هەڵبژاردن

بە شێوەیەکى گشتى دوو پێوەر هەیە بۆ هەڵسەنگاندنى ناوەڕۆکى هەڵبژاردنى دیموکراسى: یەکەمیان، ئازادیى هەڵبژاردنەکان، بەو واتایەی پێویستە ڕێز لە ئازادى و مافەکانى تاک بگیرێت؛ دووەمیان، پاکى و بێگەردیى هەڵبژاردنەکان، کە بەڕێوەبردنى هەڵبژاردنەکان دەگرێتەوە. ئەزموونى دەوڵەتە دیموکراسییەکانیش ئەوەى سەلماندووە کە لە هەڵبژاردنى دیموکراسیدا ڕکابەری تەنیا لەو سیستەمانەدا دەکرێت کە حوکمیان دیموکراسییە. ئەم جۆرە هەڵبژاردنانە ئامانج نین، بەڵکوو ئامرازێکن لە ئامرازەکانى جێبەجێکردنى پرەنسیپە سەرەکییەکانى دیموکراسى. لە لایەکى ترەوە، هەڵبژاردنى دیموکراتى بە مەرجێکى گرنگى سیستەمە حوکمڕانییە دیموکراسییەکان دادەنرێت، نەک مەرجێکى تەواو؛ واتە تەنیا بە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى دیموکراتى، سیستەمى حوکم نابێتە سیستەمێکى دیموکراسى. لێرەدا پێویستە لە لایەکەوە باس لە پێوەرەکانى هەڵبژادنى دیموکراتى بکەین و، لە لایەکى تریشەوە باسی داواكارييەکانى بکەین:

یەکەم: پێوەرى کارا، یاخود کاریگەریى هەڵبژاردنە دیموکراتییەکان. واتە هەڵبژاردنە دیموکراتییەکان پێویستە ئامانج و کار و مەبەستى خۆیان هەبێت، هەروەکوو پێشتر باسمان کرد، خودى ئامانجەکە نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ بەدیهێنانى کۆمەڵێک دەرەنجام.

دووەم: پێوەرى ئازادى لە هەڵبژاردنە دیموکراتییەکاندا؛ ئەمەیش خۆى دەبینێتەوە لەوەى هەڵبژاردن لە چوارچێوەى یاسادا بێت و ڕکابەرێکردن هەبێت؛ هەروەها ڕێز لە ماف و ئازادیی هاونیشتمانیان بگیرێت.

سێیەم: پێوەرى پاکى و پێگەردیی هەڵبژاردنەکان؛ واتە هەڵبژاردنەکان بە شێوەى خولى و ڕێکخراو ئەنجام بدرێن و کادیر دابمەزرێندرێت بۆ بەڕێوەبردنیان و سەرپەرشتی بکرێن و، ئەنجامەکانیان بێلایەنانە و دادپەروەرانە و بەڕوونى ڕابگەیەندرێن.

بەڵام ئەگەر بێینە سەر داواکارییەکان، پێویستە هەڵبژاردنە دیموکراتییەکان لە چوارچێوەى دەستووردا بکرێن، بڕیارەکان و کارى دامەزراوەکان بە حوکمى یاسا بێت، دەستوور دەسەڵاتى حکوومەت سنووردار دەکات؛ بە شێوەیەک کە حاکم و حوکمکراو ملکەچى دەبن. هەروەها لە دانى بڕیارەکان و بابەتە سیاسییەکاندا یەکسانى بەرپا بێت، دادگه‌ى سەربەخۆ بۆ پاراستنى پرەنسیپى حوکمى یاسا و پەیڕەوکردنى ماف و ئازادیى تاکەکان و چاوخشاندنەوە بە دەستووریبوونی یاساکاندا هەبێت. جگە لەوەیش، ڕێخۆشکردن بۆ هاووڵاتیان بۆ ئەوەى لە دروستکردنى بڕیارى سیاسیدا بەشدار بن و بتوانن بە شێوەیەکى ئاشتییانە گفتوگۆ لەسەر بابەتە ساسییەکان بکەن. هەر هێزێکى سیاسى مافى ئەوەى هەبێت ڕکابەری لەسەر کورسی و پۆستە سیاسییەکان بکات. پەیوەندیى نێوان دامەزراوەکانى حکوومەت و هاووڵاتیان ڕێک بخرێت؛ بە شێوەیەک کە هەمووان وەکوو یەک و بەیەکسانى ماف و ئازادییەکانیان پیادە بکەن. هەل و دەرفەت بۆ هەموو هاوڵاتیان وەکو یەک بێت و هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا لەسەر بنەماى ڕەسەنایەتى، ئایین، زمان، ڕەگەز، پێگەى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابوورى نەکرێت، هەروەها ماف و ئازادیی کەمینەکان لە ڕێگەى دەستوور و یاساوە بپارێزرێت.

هەموو ئەوانە بە ماناى ئەوە دێت دەستوورێکى دیموکراتی ئەوە بۆ هاونیشتمانیان فەراهەم دەکات، کە ماف و ئازادییەکانیان بەکار بێنن و لە دروستکردنى بڕیار و وەرگرتنى پۆستى سیاسیدا بەشدار بن، نەک تەنیا کۆمەڵە کەسێک چاودێرییان بکەن و لە برى ئەوان بڕیار بدەن. دەتوانین هەموو ئامانجەکانى هەڵبژاردنى دیموکراتى لە پرەنسیپى گەلدا کۆ بکەینەوە؛ واتە گەل سەرچاوەى دەسەڵاتە، ئەویش لە ڕێگەى دیاریکردنى نوێنەرەکانی لە پڕۆسەى دەنگدانى گشتیدا.

دەرهاوێشتە و دەرەنجام و ڕاسپاردەکان

دەتوانین بڵێین هەڵبژاردنى دیموکراتى بە ڕێگەیەکى نموونەیی دادەنرێت بۆ هەڵبژادنى ئەو کەسایەتییانەى کاروبارى وڵات بەڕێوە دەبەن. هاووڵاتییان دەتوانن لە پرۆسەى دەنگدانى گشتیدا دەنگ بە پاڵێوراوانیان بدەن؛ ئەمەیش بۆ بنیاتنانى هەر دوو دەسەڵاتى یاسادانان و جێبەجێکردن لە وڵاتدا.

هەڵبژاردنە دیموکراتییەکان چارەسەرێکن بۆ ناکۆکییە سیاسییەکان بە شێوەى ئاشتییانە، چونکە ئامرازێکن بۆ گۆڕینى دەسەڵات بەبێ دروستبوونى گرژی لە نێوان لایەنەکاندا، هەروەها گۆڕینى لایەنى خاوەن دەسەڵات و جێگرتنەوەى لە لایەن حزبى ئۆپۆزیسیۆنەوە، ئەگەر هات و دەنگى زیاترى لە هەڵبژاردندا بەدەست هێنا. دواتریش شەرعییەت دەدرێته‌ حکوومەتى نوێ و، لە هەمووی گرنگتر، لەم جۆرە هەڵبژاردنەدا حزبى سەرکەوتوو شەرعییەتى گەل بەدەست دەهێنێت؛ بەپێچەوانەى سیستەمى نادیموکراسییەوە، کە دەسەڵاتداران شەرعییەتێکى ناڕاستەقینە بە دەسەڵاتە ڕەهاکەیان دەبەخشن و تاکە حزبێک دەسەڵات دەگرێتە دەست، هەر ئەو حزبه‌یش بیر و ئایدیۆلۆژیى نەتەوەیى، ئایینیى خۆى دەچەسپێنێت و، بەردەوام دەبێت بەبێ گوێدانە هیچ خواستێکى گەل.

سەرچاوە:

http://www.siironline.org

دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 05 حوزەیران 2018 11:52