شۆڕشی ئۆکتۆبەر و ڕۆشنبیران

ڕامین جەهانبەگلو

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: بەڕۆژ ئاکرەیی

کەمتر لە سەد ساڵێک لەمەوبەر، ساڵێک دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی ڕووسیا، ماکسیم گۆرکی، نووسەری ناوداری ڕووس، لە وتارێکدا، کە دواتر لە کتێبی "هزرە ناوه‌خته‌كان"دا بڵاو کرایەوە، دڕدۆنگی و بەدگومانیی خۆی لە ئاست ڕابەرە نوێیەکانی ڕووسیای کۆمۆنیستی بەم چەشنە خستە بەرچاو: "من به‌تایبه‌تی لە هەموو ڕووسێک بەگومانم کە دەسەڵاتی بکەوێتە دەست و بڕوام پێی نییە. ئەو هەر ئەو کەسەیە کە تا ئەم دوایییەیش کۆیلە بووە و ئەگەر دەسەڵاتی بەسەر دراوسێکەیدا بشکێ، دەبێتە ملهوڕێکی سەرەڕۆ."

شایانی گوتنە، گۆرکی، كه‌ لە سەرەتای شۆڕشی مۆسكۆدا یەکێک لە هه‌ڤاڵه‌ نزیکەکانی لێنین بوو و، تەنانەت لە کاتی مردنیدا لە ٨ی ژوئەنی ١٩٣٦دا، ڕادیۆی مۆسکۆ ئەوی بە "گەورەترین نووسەری ڕووس، یاری کرێکاران و خەباتگێڕێك له‌ پێناو سه‌ركه‌وتنی کۆمۆنیزم" ناساند، یەکێک بوو لە یەکەمین ڕۆشنبیرە ده‌روه‌ستەکان (مولته‌زیمه‌كان) کە دوای سەرکەوتنی بەلشەفییەکان، کەوتە بەر ڕک و  ڕەخنەی لێنین و چەند ساڵێکیش بۆ سۆرێنتۆی ئیتاڵیا دوور خرایەوە.

دوورخستنەوە زۆرەملێیەکەی گۆرکی، نیشاندەری ئەوە بوو کە لێنین و زۆربەی ڕابەرە بەلشەفییەکانی ڕووسیا بەرگەی ڕەخنە و پرسیاری ڕۆشنبیرانی ڕووسییان نەدەگرت و، هه‌روه‌ك قۆناغی ترس و تۆقاندنی ستالینی ئەوەی نیشان دا، کە ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیریی ڕەخنەگرانه‌ لە سیستەمە بەناو "شۆرەویستی" و "سۆسیالیستی"یە نوێیه‌کەدا هیچ جێیەکی ئەوتۆی نییە. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ماکیسم گۆرکی چەند مانگێک بەر لە ڕاگرتنی گۆڤارەکەی بە ناوی "ژینی نوێ" لە وتارێكیدا له‌ ڕێکەوتی ٢٠ی نۆڤه‌مبەری ١٩١٧، بەلشەفییەکانی خستە بەر ڕەخنە و نووسیی: "لێنین، ترۆتسکی و هاوڕێکانیان، جارێ هیچ نه‌بووە بە ژەهری پیسی دەسەڵات ژاراوی بوون و، ئەمەیش لە تێڕوانینە شەرمهێنەرەکانیانەوە لە ئاست ئازادیی ڕادەربڕیندا دەبینرێ."

تێبینییە ورد و ڕەخنەگرانه‌کانی گۆرکی، گەلێک لە بۆچوونەکانی بێرتراند ڕاسێل، پاش گەڕانەوەی لە مۆسکۆ (١٩٢٠) دەچن. ڕاسێل لە نامەیەکدا بۆ ئۆتۆ لاین مۆرێلی ده‌نووسێ: "ئەو ڕۆژانەی لە ڕووسیادا بەسەرم بردن، وێڕای ئەوەی لە قۆناغە هەرە سه‌رنجڕاكێشه‌کانی ژیانم بوون، بەڵام بە ئازارێکی زۆرەوە تێ پەڕین. بەلشەڤیزم، بیرۆکراسییەکی ملهوڕانەی داخراوە، بە نیزامێکی سیخوڕانەی ئوستادانه‌تر و تۆقێنه‌رتر لە نیزامەکەی قەیسەر."

ڕاسێل هەر لەو ساڵەدا و لە کتێبی "کردار و تیۆریی بەلشەڤیزم"دا دكتۆرینی بەلشەڤیزمی بەم شێوەیە ڕوون كرده‌وه‌: "بەلشەڤیزم بەس ڕوانگەیەکی سیاسی نییە، بەڵکوو ئایینێکه‌ به‌ دۆگماگه‌لی ئوستادانه‌ شێوه‌گرتوو‌ و، هه‌روه‌ها به‌ پیرۆزییه‌ ئیلهاموه‌رگرتووه‌كان."

گومانی تێدا نییە کە لەم چەشنە باروتەرزە زەینی و دەزگه‌ ئایدیۆلۆژییەدا هیچ شوێنێک بۆ ڕۆشنبیریی ڕەخنەگرانه‌ نامێنتەوە؛ ئەمەیش ڕێک ئەو شتەیە کە لێنین و ترۆتسکی و ستالین بەچاکی لێی ئاگادار بوون و پێیان دەزانی. چونکە بە بۆچوونی لێنین و زۆربەی سەرکردە بەلشەڤییەکانی ڕووسیا، ئەوە شۆڕشگێڕە مارکسییەکان بوون، نەک ڕۆشنبیرە "ڕێفۆرمخواز و بۆرژواکان"، کە دەبوو بنەما شۆڕشگێڕانەکانی مارکس و ئینگێلسیان لە دۆڵابە تەپوتۆزاوییەکانی کتێبخانەکانی ئەوروپا دەرکێشن و بیخەنە بەر چاو و گوێی کرێکاران و وەرزێڕانی جیهان.

ئەمە ئەو ڕۆڵە بوو کە لێنین و ترۆتسکی و بەشێک لە شۆڕشگێڕە ڕووسەکان لە بەرچاویان گرتبوو. بۆیە، بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی لێنین بەو دەرەنجامە دەگەین کە ئەو، بە شێوەیەکی گشتی، دژ بە ڕابەرایەتیی سیاسی و ئاکاریی ڕۆشنبیران دەوەستێته‌وه‌. هەر بۆیەیش، لە زۆربەی نووسینه‌کانی لێنیندا بەر لە شۆڕش و دوای شۆڕشی ١٩١٧، چاومان به‌ ڕەخنەی جددی و توند لە ڕۆشنبیران ده‌كه‌وێ. بۆ نموونە، کاتێ لێنین لە ساڵی ١٩٠٣دا خەریکی ڕێکخستنی حزبی به‌لشه‌ڤیك بوو، نه‌یاره‌کانی خۆی بە "زەینییەتی ڕاڕای ڕۆشنبیرانە" و "ڕۆشنبیرانی بۆرژوایی، کە لە ئاست ڕێکخستنی پرۆلیتاریادا کەمتەرخەمن" تۆمەتبار كرد.

هەروەتر، لێنین لە پەیامێكدا له‌ ١٩ی ئۆکتۆبەری ١٩١٩ بۆ کۆمیتەی ناوەندیی حزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەت دەنووسێ: "تاقە ڕێیەک بۆ پاکڕاگرتنی حزبی کرێکاران، پاكسازیكردنی ده‌رزه‌نێك ڕۆشنبیرە لەناو حزبدا." هەڵبەت، ئەم شێوازەی پاكسازیكردنی ڕۆشنبیران، ڕێک ئەو پڕۆسه‌یه‌ بوو کە لە سەروبەندی سەرۆکایەتیی لێنینەوە سەری هەڵدا و، بە تیرۆرکردنی ئەوان گەیشتە ئەوپەڕی دڕندایەتی. ڕه‌نگبێ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌، مەودای نێوان پرۆژە ملهوڕانەکەی لێنین و تۆتالیتاریزمەکەی ستالین تەنیا هەنگاوێکی سیاسیی بچووك بێ کە لە لایەن ڕابەران و بەڕێوەبەرانی حزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەتییەوە هەڵێنرا و، بە دادگه‌ییکردن و له‌سێداره‌دانی زۆرێكیان وەک بوخارین، زینیۆڤێف، ڕادێک و کامەنیێف درێژه‌ی پی درا. خۆشییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ کە ستالینیش دوای مردنی لێنین و ئاماده‌بوون بۆ گرتنی دەسەڵات، ترۆتسکی و لایەنگرانی ئەوی بە "ڕۆشنبیرانی وردەبۆرژوا" ناودێر دەکردن.

ترسی لێنین لە گرووپی ڕۆشنبیران بەو هۆیە بوو کە لێیان دڵنیا نەبوو بێنه‌ نێو شۆڕشه‌وه‌، هەرچەنده‌ زۆرێك له‌ هونەرمەند و ڕۆشنبیرانی ڕووس و غه‌یره‌ڕووس لەژێر کاریگەریی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا چوونە نێو ڕیزی حزبە کۆمۆنیستییەکانی جیهان، یان لە دوور و نزیکەوە پشتیوانیی خۆیان لە ئارمانجی کۆمۆنیزم ڕاگەیاند. لەم نێوه‌دا، دەکرێ ئاماژە بە شاعیرانێکی وەک مایاکۆفسکی، بلۆک، یەسەنین، فیلمسازێكی وەک ئایزنشتاین، مۆسیقازانانی وەک پرۆکوفیف و شۆستاکۆڤیچ و وێنه‌كێشانێکی وەک ماڵێ ڤیچ، ڕۆدچینکۆ و گۆنچارۆڤا بکەین، کە هەر کامیان وەک کەسایەتییە سەرەکییەکەی ڕۆمانی "دکتۆر ژیڤاگۆ"ی بۆریس پاستێرناک، تا ماوەیەکی زۆر ئەو هەستەیان هەبوو کە "ئازادی لە ئاسمانەوە بۆیان بە دیاری دابەزیوە."

لێنین و سەرکرده‌ باڵاكانی ئەوکاتی حزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەت لەم هەستونەستە ئاگادار بوون، بەڵام بەدگومانی لە ڕۆشنبیران و بلیمه‌ته‌ هونه‌رییه‌كانی ڕووسیا هێندە زۆر بوو، کە حکوومەتە شۆڕشگێڕەکەی مۆسکۆ لە ساڵی ١٩١٨دا یەکێتیی مامۆستایانی هەڵوەشاندەوە و به‌ته‌واوی خستییە ژێر ڕکێفی حزب. پاش چەندێ، زینیۆڤیف، کە دواتر خۆیشی بوو بە یەکێک لە قوربانییەکانی تێرۆری ستالینی، ڕای گەیاند کە وشەی "خوێندکار" بۆ ڕابەرانی حزب، هاوتای "گاردی سپی"یه‌.

ئەم شێوازه‌ هەڵسوكه‌وته‌ زمانییە لەگەڵ ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیراندا، کە جۆرج ئۆرڤێل دواتر لە ڕۆمانی ١٩٨٤دا ئاوڕی لێ دایەوە، ساڵانێکی زۆر، بوو بە گوتارە سەرەکییەکەی حزبە کۆمۆنیستەکانی جیهان. بۆ نموونە، پالمیرۆ تۆلیاتی، سەرۆکی حزبی کۆمۆنیستی ئیتاڵیا، لە وتارێكی په‌یوه‌ست به‌ کۆنگرەی چواری حزبی کۆمۆنیستی یۆگۆسلاڤیادا، ڕۆشنبیرانی بە کەسانێک ناو برد کە "وەک کرێکاران نین و بەئاسانی دەکەونە ژێر کاریگەریی کەشوهه‌وای بۆرژوازی و وردەبۆرژوازییەکانەوە کە لێی ڕسکاون".

بەڵام ڕووسیای ستالینی، سەرەڕای لایەنگرانێک کە لەنێو ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی ڕۆژاواییدا هه‌یبوو وەک ئالتۆسێر، ئاراگۆن، ئێلۆڤار، ئیلیزا تریۆلا و...، بە دوورەپەرێزخستنی شاعیرانێکی وەک ئاخماتۆڤا و پاستیرناک و دوورخستنەوەی شاعیرێکی وەک ئۆسیپ ماندڵشتام بەرەو ئۆردۆگه‌ی كاری زۆرەملێ، پەرەی بە سیاسەته‌ نائەخلاقی و دژەڕۆشنبیرییەكه‌ی خۆی دا.

بەپێی ئەو ئامارانەی لە ئه‌رشیڤەکانی ئاژانسی زانیاریی سۆڤییەته‌وە کەوتوونەتە دەست، لە ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠دا پتر لە دوو هەزار نووسەر، شاعیر، هونەرمەند و ڕۆشنبیر ڕاپێچی ئۆردۆگه‌كانی كاری زۆرەملێی ستالینی کراون، کە هەزار و پێنج سەد کەسیان فەوتاون.

ئەم هەستكردن به‌ مه‌ترسییه‌ی بەرپرسانی حزبی کۆمۆنیست کە لە سەرەتای شۆڕشدا دژ بە ڕۆشنبیران هەیانبوو و دواتر لە سەردەمی ملهوڕێکی وەک ستالیندا بوو بە بەڵایەکی گەورە و گران، ئەم پرسیارە دێنێتە دی کە: لێنین، ترۆتسکی، ڕادێک، زینیۆڤیف و دیترانێک کە بە ڕۆشنبیر دادەنران و، هاوکاریکردنی ڕۆشنبیران و هونەرمەندانێکی وەک مایاکۆفسکی و گۆرکییان لە پێناو سەرکەوتنی شۆڕشدا بە شتێکی پێویست دەزانی، بۆ لە سەرەتای دەسەڵاتداریی حزبی بەلشەڤیك لە ڕووسیای سۆڤییەتدا سیاسەتێکی زبر و دڕندانەیان به‌رامبه‌ریان گرتە بەر؟ لەوانەیە باشترین وەڵام بۆ ئەم پرسیارە لە بەشێکی کتێبەکەی لاشک کۆلاکوفسکی "ڕەوتە سه‌ره‌كییه‌کانی مارکسیزم"دا بدۆزرێتەوە. کۆلاکۆفسکی دەنووسێ: "پتەوترین هێز کە لە کۆمەڵگەی نوێدا دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو، سەرکوتکردنی پۆلیسی بوو... لێنین ئاماژەی بەوە کردبوو کە یاسا لە کۆمەڵگەی نوێدا، نابێ هیچ فڕێکی بەسەر یاسا بە مانا نەریتییەکەیەوە هەبێ؛ واتا بە هیچ شێوەیەک نابێ بهێڵین یاسا سنوور بۆ حکوومەت دابنێ... بەم شێوەیە، بەرپرسان هیچ نیگەرانییەکیان لەمەڕ چوارچێوە یاسایییەکان نەبوو، به‌ڵكوو دەیانتوانی هەر کەسێ کە مەترسییەکی نووستوو بێت بۆ "دیکتاتۆرییه‌تی پرۆلیتاریا"، قۆڵبەست بکه‌ن و بیخه‌نه‌ زیندانه‌وه‌، یان بیكوژن."

هەرچەنده‌ دەکرێ شۆڕشی ١٩١٧ی ڕووسیا بە ڕۆڵە مەعنەوییەکەی ڕۆشنبیرانی ڕووس دابنرێ، بەڵام ئەوەی مێژووی حەفتا ساڵەی شۆڕش لە ڕووسیا خستییە بەرچاو، یەکێکە لە ترسناکترین "باوککوژی"یەکانی شارستانییه‌تی مرۆڤ.

 

سەرچاوە:

https://www.radiofarda.com

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 01 تشرینی دووەم 2018 08:37