بەجیهانیبوونى هەژارى لە دەوڵەتانى گه‌شه‌ئه‌ستێندا

عەبدولوەهاب ئەلفەحتانى عەبدولوەهاب ئەلفەحتانى

 

بەجیهانیبوونى هەژارى لە دەوڵەتانى گه‌شه‌ئه‌ستێندا

 

عەبدولوەهاب ئەلفەحتانى

وەرگێڕانى لە عەرەبییەوە: چرا عومەر

بەجیهانیبوون دیاردەیەکى ئاراستەکراو و نەخشەبۆدانراوە لە لایەن دەوڵەتانى پیشەسازییەوە بە نوێنەرایەتى و پێشەوایەتیى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، کە سەرۆک و ناوەندى سەرەکیى سەرمایەدارییە؛ هه‌ر بۆیە دەوڵەتانى گه‌شه‌ئه‌ستێن (تازەگەشەکردوو) ناتوانن لەم دیاردەیە هەڵبێن. بەجیهانیبوون بە شێوەیەکى گشتگیر بە واتاى نەبوونى هیچ سنوورێک دێت بۆ گواستنەوەى سەرمایە و وەبەرهێنانى ڕاستەوخۆ و تەکنەلۆژی و شارەزایی و زانیاری لە نێوان دەوڵەتاندا؛ ئەمەیش بۆ باشترکردنى بارى ئابووریى هەموو جیهان، لەو ڕێگەیەوە کە دەوڵەتان یەکتری تەواو بکەن. بەڵام بێ گومان لە کاتێکدا ئەم فەلسەفەى بەجیهانیبوونە قبووڵ دەکرێت، کە لەسەر بنەماى دادپەروەرى و یەکسانى بێت، کەچی لە ڕاستیدا لە ڕووى قەبارە و ژمارەى وەبەرهێنانەوە جیاوازییەکى ڕوون و بەرچاو لە ئاراستە و ئامانجەکانى بەجیهانیبوون و لە نێوان دەوڵەتانى دەوڵەمەندى باکوور و دەوڵەتانى هەژاری باشووردا دەبینرێت.

لەبەر ئەوەى بەجیهانیبوون کاریگەریى لەسەر تەواوى جیهان دەبێت، زۆرێک لە گەلانى هەژار و گه‌شه‌ئه‌ستێن لەژێر سێبەریدا وەکوو ترسێک لە داهاتووى خۆیان چاوەڕێی چارەنووسى خۆیان دەبن؛ ئەمەیش ڕێک بەو جەماوەرە دەچێت کە لە گۆڕەپانى وەرزشدا چاوەڕێی سەرکەوتنى یاریزانەکانن، هەرچەندە لەوانەیە لە یاسا و حوکمەکانى یارییەکە شارەزا نەبن. دەوڵەتانى هەژار و گه‌شه‌ئه‌ستێن هەوڵ دەدەن سوود لە بەجیهانیبوون وەرگرن، چونکە ئێستا ئەم دیاردەیە ڕۆشنبیران و خەڵکى بەگشتى کۆنترۆڵ کردووە؛ بۆیە دەیانەوێت لەم ناوەندەدا هەلێکیان دەست بکەوێت. جا ئەو دەوڵەتانەى بە چاوێکى ئەرێنى سەیرى دەکەن بە دەرفەتێکى دەزانن بۆ گەشەکردن، ئەوانەیش کە نەرێنین هەموو کات لە سزاکانى دەترسن، چونکە توانا و هێزيان نییە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دیاردەکە.

سەڕەڕاى ئەوەى دەوڵەتە پیشەسازییە پێشکەوتووەکان بۆ فراوانکردنى بازاڕى جیهانى هانى بەجیهانیبوون دەدەن، بەڵام هەندێک لەو دەوڵەتانە دژى دەوەستنەوە؛ لەبەر ئەوەى واى دەبینن کاتێک ئەوان بازاڕەکانیان بۆ بەرهەمەکانى وڵاتە گه‌شه‌ئه‌ستێنه‌کان دەکەنەوە، دووبارە هەژارى دەگەڕێننەوە بۆ دەوڵەتە پێشکەوتووەکان، چونکە بەرهەمى وڵاتانى هەژار و گه‌شه‌ئه‌ستێن بە هەرزانى و کەمیى نرخەکەیان ناسراون؛ ئەمەیش لەسەر بنەماى کۆمەڵێک ڕاستى و ژمارە و ئامار کە لە بەرژەوەندیى دەوڵەتانى هەژاردا نییە. بە بڕواى ئەو دەوڵەتانەى لەگەڵ دیاردەى بەجیهانیبووندا نین، ڕێژەى بێکارى زیاد دەبێت کاتێک کۆمپانیاکانی دەوڵەتانى پێشکەوتوو نرخى کاڵاکانیان دادەبەزێنن بۆ ئەوەى خۆیان لەگەڵ ئەو بارەدا بگونجێنن؛ لە ئەنجامیشدا دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى ئاستى هەژارى. ئەم ڕایەیش سەبارەت بە کۆمپانیا بچووکەکانی دەوڵەتە پێشکەوتووەکان تا ڕاددەیەک ڕاستە؛ زیاتریش سەبارەت بە دەوڵەتانى گه‌شه‌ئه‌ستێن و، قەبارە و بەرهەمى ئەو کۆمپانیایانە بەڕاست دەبینرێت، کە زۆر بەهێواشى لەگەڵ دیاردەکەدا دەڕۆن، بێ ئەوەى چارەنووس و بەشیان لەم بەجیهانیبوونەدا کە خزمەتى دەوڵەتە پێشکەوتووەکان دەکات بەڕوونى دیار بێت. لە ڕاستیدا بەجیهانیبوون، یان بۆ دەوڵەتانى هەژار و گه‌شه‌ئه‌ستێن، کە ئامرازەكانى سەرکەوتنيان نییە کە لە دەردى هەژارى ڕزگاریان بکات، هەژارى دەهێنیت، یانیش دەبێتە هۆى بەدەستهێنان و گواستنەوەى پێداویستییەکان و هۆکارەکانى هەستانەوەى ئابوورى؛ جا تەکنەلۆژی بێت، یان شارەزایی.

ئاستى هەژاریی دەوڵەتانى هەژار و گه‌شه‌ئه‌ستێن لە دەرەنجامى ئەو کرانەوەیەی کە پێشتر لە مێژووى ئابووریدا ڕووی نەداوە، بەرز دەبێتەوە و بە هۆى خراپى و مەترسییەکانى هەژارییەوە لایەنى سیاسى و کۆمەڵایەتى لەو وڵاتانەدا کز دەبێت. ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو ئامارانەى باس لە لایەنە نەرێنییەکانى بەجیهانیبوون لەو وڵاتانەدا دەکەن، ئەو کەلێن و جیاوازییەى نێوان ٢٠ لەسەدى هەژارترین وڵاتەکان و ٢٠ لەسەدى دەوڵەمەندترین وڵاتەکان لەو چل ساڵەى دواییدا دووهێندە بووە؛ واتا لە سەرەتاکانى ساڵانى شەستەکانى سەدەى بیستەمەوە، بەپێی پۆلێنى نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو دەوڵەتانەى کە کەمترین پێشکەوتنیان تێدا ڕوو دەدات، ئەوانەن کە داهاتى تاک تێیاندا لە ٣٢٠ دۆلار لە ساڵێکدا تێپەڕ ناکات؛ ژمارەى ئەو دەوڵەتانەیش دەگاتە ٤٨ دەوڵەت، کە ٤٢ دەوڵەتیان دەکەونە کیشوەرى ئەفریقاوە.

بەپێی ئامارەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەى ٥٧٠ ملیۆن کەس لە کێشوەری ئەفریقادا دەژین، کە دەکاتە ١٢ لەسەدى دانیشتووانى جیهان. دەوڵەتانى پیشەسازیى ڕۆژاوا، دەیانەوێت وا بڕوا بە وڵاتە گه‌شه‌ئه‌ستێنه‌کان بێنن کە بەجیهانیبوون لە بەرژەوەندیى ئەواندایە؛ بەڵام ئامار و زانیارییەکان شتێکى تر نیشان دەدەن و ئاماژە بەوە دەکەن کە ٤٦ دەوڵەت لە هەژارترین وڵاتەکانى جیهان لە بازرگانیکردنى جیهانیى کەلوپەل و کاڵادا بە ڕێژەى ١،٤٦ لە ساڵى ١٩٦٠دا بەشدار بوون. بەڵام ئەم ڕێژەیە لە ساڵانى سەرەتاکانى دەیەی نەوەددا دابەزى بۆ ٠،٦ لەسەد و، تاوەکوو ساڵى ١٩٩٥ نزمتریش بووەوە بۆ ٠,٤ و، ١٠٢ دەوڵەت لە هەژارترین وڵاتەکانى جیهان، بەشدار بوون لە ئاڵوگۆڕکردنى کەلوپەل بە ڕیژەى ٨ لەسەدی کۆى ڕێژەى بازرگانیى جیهانى لە ساڵى ١٩٨٠دا، بەڵام نزم بووەوە بۆ ١,٤ لەسەد لە ساڵى ١٩٩٠دا. ئەم ئامار و ژمارانەیش هەمووى لە زارى دەوڵەتانى پیشەسازیى ڕۆژاوایی و ئەو دەستە و دامەزراوانەوە هاتوون کە کۆنتڕۆڵیان دەکەن. لەوە دەچێت زانیاریى پارێزراویش هەبێت؛ ئەمەیش بۆ ئەوەى وڵاتانى هەژار و گه‌شه‌ئه‌ستێن لە بەجیهانیبوون دوور نەکەونەوە.

لەسەدا ٨٠ی هەمووی ئەو لێشاوی وەبەرهێنانە سەرمایەدارییەى کە لەسەر ئاستى جیهان ڕووی دا، لە جووڵەی ئابووریى ئەمریکا و ئەوروپا بوو، بەڵام دەوڵەتانى باشوور و ڕۆژهەڵاتى ئاسیا چالاکییەکانیان دەوەستا و دەڕووخا بە هۆى ئەوەى نەیاندەتوانى ڕکابەرایەتیی دەوڵەتانى ڕۆژاوا بکەن. ئەوە واى لە هەندێک دانیشتووانى ئاسیا کرد بە هۆی ئەو قەیرانە ئابوورییەى ساڵى ١٩٩٧ ئاسیاى گرتەوە، بۆ دەوڵەتانى پیشەسازى کۆچ بکەن. هەروەها ئەو دەوڵەتانەى کە کەمترین پێشکەوتنیان بەخۆیانەوە بینى، جووڵەى وەبەرهێنان تێیاندا دابەزى لە سەدا ١٤وە بۆ سفر لە ساڵى ١٩٨٢ تاکوو ساڵى ١٩٨٩. کیشوەری ئەفریقایش بە نموونەیەکى ڕوونى لاوازیى چالاکیى وەبەرهێنان دادەنرێت؛ بە شێوەیەک کە ئەو پارەیەى لە دەستی دا، زیاتر بوو لەوەى بەدەستی هێنا.

بێجگە لەمەیش، ٣٦٠ کەس لە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان، کە سەروەتەکانیان دەگاتە نزیکەى نیوەى سەروەتى دانیشتووانى جیهان، زۆربەیان لە دەوڵەتانى پیشەسازیى ڕۆژاوادا دەژین؛ لە سەرووى هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا. ئەو کەلێنەى نێوان داهاتى دەوڵەتانى دەوڵەمەند و هەژار زیادى کرد، بە شێوەیەک کە ساڵى ١٩٦٥ داهاتى تاکێکی دەوڵەتانى پێشکەوتوو ٢٠ جار زیاتر بوو لە داهاتى تاکێکی دەوڵەتانى هەژار و، ساڵى ١٩٩٥ ئەم جیاوازییە بوو بە ٤٠ جار؛ بە بەراوردێکى سادەیش دەردەکەوێت کە سامانەکانی ٢٠ لەسەدى دەوڵەمەندانى دەوڵەتانى پیشەسازى، ١٥٠ جار زیاترە لەو سامانەى کە ٢٠ لەسەدى هەژارترین دەوڵەتەکانى جیهان هەیانە.

لە کۆتاییدا دەبێ ئەو چارە ستراتیژییانە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بەجیهانیبوون و ئامرازەکانى، چى بن؟

لە ڕاستیدا دەوڵەتانى هەژار و گه‌شه‌ئه‌ستێن پێویستییان بە دووبارە بنیاتنانەوەى هەیکەلى ئابووری هەیە؛ بە شێوەیەک لەگەڵ بەرژەوەندیى گەل و ئەو گۆڕانانە بگونجێت کە لە جیهاندا بەردەوام ڕوو دەدەن و، لەم بەرپرسیارێتییە ترسناکەیشدا بەشداری بە دەوڵەتانى پیشەسازى بکەن، کە خاوەنى ئامرازەکانى ڕکابەرین، وەکووك تەکنەلۆژی و شارەزایی و سامان. خۆى لە خۆیدا تەکنەلۆژی کێشەیەکى گەورەیە بۆ دەوڵەتانى گه‌شه‌ئه‌ستێن، چونکە ئەوان وەکوو دەوڵەتانى پیشەسازى خاوەنى پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیی نین. بۆیەیش دەوڵەتانى پیشەسازى، دەست دەکەن بە گواستنەوەى تەکنەلۆژی و کەسانى شارەزا بۆ ئەوەى ڕاهێنان و خول لە دەوڵەتانى گه‌شه‌ئه‌ستێندا بکەنەوە؛ بەڵام دەوڵەتانى پیشەسازى هەرچەندە لە دیاردەى بەجیهانیبووندا دڵسۆز و ڕاستگۆ بن، لە سەریشیان پێویستە ئاسانکارى بکەن لە گەیشتنى ئەو تەکنەلۆژییەى خاوەنین بۆ هەستانەوەى ئابووریى دەوڵەتانى هەژار، بۆ ئەوەى ئەوانیش بتوانن لە بانکى نێودەوڵەتى و دەستە و دامەزراوەکانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەشدار بن. بێ گومان ئەو دامەزراوانەیش بەرپرسیارێتیی گەورەیان لەسەرە کە هاوکار بن بۆ هەستانەوەى ئابووریى ئەو دەوڵەتانە و، دواجاریش لەسەر ئابووریی جیهان کاریگەریى دەبێت.

 

سەرچاوە:

http://archive.aawsat.com

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 13 کانونی یەکەم 2018 16:58