لیال ئەحمەد لیال ئەحمەد

گەنجان و کۆمەڵگە

 

ئامادەکردنى: لیال ئەحمەد

وەرگێڕانى لە عەرەبییەوە: چرا عومەر ساڵح

گەنجان ڕۆڵێکى گەورە و گرنگیان لە بنیاتنان و گەشەپێدانى کۆمەڵگەدا هەیە. ئەو کۆمەڵگه‌یانەى لە ڕێژەیەکى مەزنی گەنجان پێک دێن، بە كۆمەڵگەى بەهێز دەناسرێن. ئەمەیش بە هۆى ئەو وزە مەزنەوە کە لە گەنجدا هەیە و دەتوانن ئاستى کۆمەڵگە بەرز بکەنەوە و بیخەنە جووڵە. هەر بۆیە گەنجان بنچینە و بنەماى گەشە و پێشکەوتن و سەرچاوەى شارستانییەت و پاراستنى کۆمەڵگەن.

گەنج چییە؟

بەپێى پێناسەيەکى نێودەوڵەتى، گەنجان بریتین لەو تاکانەى تەمەنیان لە نێوان چواردە بۆ بیست ‌و چوار ساڵدایە. ئامارەکانی ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و فێرکردن (یونسکۆ)، ئاماژە بەوە دەکەن کە گەنجان (١٨%)ى دانیشتووانى جیهان پێک دێنن؛ بەو پێیە (١.٢) ملیار کەس بە گەنج هەژمار دەکرێن. واش پێشبینى دەکرێت کە لە داهاتوودا تاوەکوو ساڵى ٢٠٢٥ی زایینی ڕێژەى ٧٢ ملیۆن کەسی تر بکەونە ژێر ئەم پۆلێنەوە. ڕاپۆرتەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژەى گەنجانی نەوەى ئەمڕۆ، بەرزترە لە هەموو ڕێژەکانى تری مێژوو، بەڵام هەرچەند ئەم ژمارەیە زۆر بێت، بەرامبەر زیادبوونى ڕێژەى بەساڵاچووان بەردەوام لە کەمیدایە.

ڕۆڵى گەنجان لە گەشەپێدانى کۆمەڵگەدا

گەنجان پێشەنگ و نهێنیى سەرکەوتن و بنەماى شارستانیى هەر نەتەوەیەکن، هێڵى بەرگریى یەکەم و کۆتایین، بەشدار دەبن لە پرۆسەى پلاندانى گرنگدا؛ بۆ نموونە، بەشداریکردنى گەنجان لە هەڵبژاردنەکاندا بە بەشێکى هەرە گرنگى دەنگدان دادەنرێت و، لە دەنگى گشتى جیا ناکرێتەوە. هەروەها لاوان بەشدار دەبن لە کەیسەکانى ڕاى گشتى و بانگەشەکانى وەکوو مافەکانى ئافرەت و منداڵدا، یان بانگەشەکردن بۆ چینى پەراوێزخراو بۆ گەیشتن بە مافەکانیان؛ لە کارى خۆبەخشیى دامەزراوە ناوخۆیییەکاندا بەشدار دەبن. ئەمەیش دەبێتە هۆی زیادبوونى دەستى کار و زیادبوونى بەرهەم و سوود. یان لە چالاکییە هاریکارییەکاندا بەشدارن، وەکوو بەرهەمهێنانى فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکان، کە باس لە بابەتێکى دیاریکراو دەکەن. کۆمەڵێک لە گەنجان لە بەرهەمهێنانى ئەو فیلمانەدا هاوکار دەبن؛ هەر یەکەو بە پسپۆڕییەکى دیاریکراوەوە. لاوان هاوکارن لە دامەزراندنى پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و گوشارخستنە سەر کۆمپانیا گەورەکان بۆ بنیاتنانى پرۆژەکانى ژێرخانى ئابوورى بۆ ئاسانکردن و باشترکردنى ژیانى کۆمەڵگە بەگشتى؛ هەروەها پلانیان هەیە بۆ ئەنجامدانى کۆنگرە زانستییەکان و وۆرکشۆپى کار بۆ دروستکردنى کارگە و فێربوونى هونەرى نیگارکێشان. لەم ڕێگه‌یانەیشەوە زانیارى و زانست بڵاو دەبێتەوە و، وا دەکات عەقڵ و ژیریى تاکەکان بەرەوپیرى نوێگەرى بچێت و بیرۆکە نوێیەکان قبووڵ بکەن. گەنجان پلانیان هەیە بۆ ژینگەى ناوخۆیی و چۆنێتیی پاراستنى شوێنە گشتییەکان و شوێنەکانى وەرزش و فێرکارى و خۆشگوزەرانى و، هاریکارن لە کۆکردنەوەى خۆبەخشى و یارمەتییەکان بۆ دامەزراوە خێرخوازییەکان، کە توانایان کەم و سنووردارە و چالاکییەکانیان وەستاوە.

گەنجان کاریگەرییان لەسەر لایەنى کۆمەڵایەتییش دەبێت؛ کاتێک دەچن بۆ سەردانى دراوسێ و نەخۆش و لە خۆشى و ناخۆشییەکاندا بەشدار دەبن. هەروەها لە ڕێگەى هەوڵدان بۆ ناسینى ڕۆشنبیرییە جۆراوجۆرەکان و ئاڵوگۆڕکردنى ڕۆشنبیرى و ناردنى گەنجان بۆ دەوڵەتانى تر بۆ پاراستنى ناسنامەى نیشتمانی و ناساندنى بە وڵاتانى تر، کاریگەرییان لەسەر لایەنى ڕۆشنبیرى دەبێت. لە ڕێگەى لاوانەوە هێز و تیمى پاراستنى نیشتمانی دروست دەکرێت، بە شێوەیەک کە زۆر جار گەنجان لە ڕیزى پێشەوەن بۆ گیانفیدایی. گەنجان سوودیان دەبێت لە بڵاوکردنەوەى هۆشیاریی خۆپاراستن لەو نەخۆشییانەى بڵاو دەبنەوە، لە ڕێگەى ئەو چالاکییانەى بۆ بڵاوکردنەوەى ئامۆژگاریی خۆدوورخستنەوە لە پەتاکە ئەنجامیان دەدەن.

 لە کۆتاییدا گرینگترین لایەن کە گەنجان تێیدا ڕۆڵ دەبینن، لایەنى سیاسى و ئابوورییە، چونکە دەست دەکەن بە هەڵبژاردنى سیستەمى حوکمڕانى و سەرۆک و هەر بەرپرسێک لە هەر ناوچەیەک. هەروەها ڕۆڵیان لە بەهێزکردنى ئابووریى وڵاتدا هەیە لە ڕێگەى پێشانگه‌کانى بازاڕکردن و خستنەڕووى بەرهەمى خۆماڵى و ناساندنى ئەو بەرهەمانە و هاندانى هاونیشتمانییان بۆ کڕین و بەکارهێنانیان. ئەمەیش دەبێتە هۆی پتەوبوونى ژێرخانى ئابووریى وڵات و، وا دەکات دەوڵەت تەنیا پشت بە خۆى ببەستێت. 

ماناى گەشەکردنى کۆمەڵگە

نەتەوە یەکگرتووەکان پێناسەى گەشەکردنى کۆمەڵگە دەکات و دەڵێت: "بریتییە لەو پرۆسە و کارانەى کە تاکەکان تێیدا هاریکار دەبن و، شان بە شانى حکوومەت وزە و تواناى خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ پێشکەوتن و باشترکردنى بارودۆخى کۆمەڵگە لە ناوخۆدا، لەسەر ئاستى کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى و ئابوورى بۆ تەواوکردنى ماناى کۆمەڵگە و نەتەوە؛ بە شێوەیەک کە تواناى بەشداریکردنی لە پرۆسەى پێشکەوتنى نەتەوەییدا هەبێت."

پەیوەندیى گەنجان بە گەشەکردنەوە

گەشەکردن بە ماناى ئاراستەى مرۆڤ و توانا و بیرۆکەکانى دێت، هەروەها باشترکردنى بارودۆخى مرۆڤ و پاراستنى بەرژەوەندی و ئازادییەکانی. گەشەکردن وابەستەیە بە مرۆڤەوە؛ تەنانەت لایەنە مەعنەوییەکانیشى دەگرێتەوە، وەکوو ئەوەى کە ئەو مرۆڤە تا چەند دەتوانێت تاکێکى باش بێت و پێویستییەکانى خۆی و کۆمەڵگەکەى دابین بکات. لێرەدا مرۆڤ بە ئامرازێک دادەنرێت کە بە هۆى گەشەکردنەوە دەتوانێت ئامانجەکان و خەونەکانى بەدی بهێنێت؛ ئەمەیش لە ڕێگەى کارە ئەرێنییەکانى و ئەو زانستەوە کە هەیەتى، هەروەها لە ڕێگەى هۆشیاریی ئەو تاکە سەبارەت بە ئاستەنگەکانى کۆمەڵگە و کێشەکانى.

چەند خاسییەتێکى هاوبەش تایبەتمەندییەکانى لاوانى ئێستای عەرەب جیا دەکاتەوە؛ ئەوانیش هەمیشە خەون دەبینن و هەنگاو دەنێن بۆ ئازادى و دیموکراتى، سەرکێش و ئازا و بوێرن، بەجۆشن و حەز بە داهێنان و بەرەنگاری دەکەن، بەرهەمدار و بەتوانا و خێران لە کۆکردنەوەى جەماوەر بۆ بابەتە هەنووکەیییەکان.

داواکارییەکانى کۆمەڵگە لە گەنجان

 داواکاریى کۆمەڵگە لە گەنجان، لە کۆمەڵگەیەکه‌وه‌ بۆ کۆمەڵگەیەکى تر، هەروەها لە ژینگەیەکه‌وه‌ بۆ ژینگەیەکى تر دەگۆڕێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، چەند خاڵێکى هاوبەش لە نێوان کۆمەڵگەکاندا بۆ ئەو داواکارییانە هەیە بە ئامانجى پێشکەوتن و گەشەکردنێکى کارا و ڕاستەقینە، ئەو خاڵانەیش بریتین لە وەرگرتنى هەر کارێک بە ئاستى مامناوەندی بەبێ سەرەڕۆیی و دەمارگیرینەکردن لە کەیسە جیاوازەکانى کۆمەڵگە، ئەنجامدانى ڕکابەرییەکى ڕاستەقینە و ئەرێنى، خۆگونجاندنیان لەگەڵ بارودۆخە دەرەکی و جیاوازەکان بۆ بەدەستهێنانى دەرفەت و سەرکەوتنیان، پشتبەستنى تەواو بە خۆیان، هەوڵدان بۆ ناساندن و شانازیکردن بە ناسنامەى نیشتمانى و نەتەوەیییان بۆ ئەوەى ببێتە ناسنامەیەک ڕێزى گەنجان لە دنیاى دەرەوە زیاتر بکات.

ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان

دەکرێ پێناسەى ڕۆڵى کۆمەڵایەتى بکرێت، بە کۆمەڵێک پێوەر و بنەماى دیاریکراوی تایبەت بە هەڵسوکەوت و کارى تاکێک کە ڕۆڵێکى دیاریکراوى لە کۆمەڵگەدا هەیە؛ وەکوو ڕۆڵى پزیشک و دایک و باوک. بە شێوەیەک، پێویستە ڕۆڵى تاک لەگەڵ هەڵسەکەوت و کارەکانى بگونجێت. هەندێک جار لە یەک کاتدا کەسێک دوو ڕۆڵ دەبینێت؛ ئەمەیش بە چەندێتیی ڕۆڵەکان ناسراوە. بۆ نموونە، زۆربەى ئافرەتان کارى دەرەوەیش دەکەن، لە هەمان کاتدا دایکن. لەو بارەدا، دەبێ تاک هەوڵ بدات یەکسانى و باڵانس لە نێوان ڕۆڵەکاندا دروست بکات. هەروەها هەندێک لە ڕۆڵەکان لەسەر تاکەکان سەپێنراوە، وەکوو ئەوەى نێر بن، یان مێ. بەڵام تاکەکان، خۆیان هەندێک لە ڕۆڵەکان هەڵدەبژێرن، وەکوو ئەوەى سەرپشکن لەوەى سەڵت بن، یان خێزاندار. تاکەکان چۆنێتیی ئەم ڕۆڵگێڕانە لە منداڵییەوە لە پەروەردەى کۆمەڵایەتییان وەردەگرن، یان لەو کەسانەوە فێر دەبن كە نموونەى باڵان، یان لەو ژینگەیەى لێی دەژین؛ کە ئەمەیش بە ئەرکى سەرەکیى هەر تاکێک دادەنرێت لە کۆمەڵگەدا، کە چۆن ڕۆڵى خۆى بە باشترین شێوە پێشکەش بکات.

 

سەرچاوە:

http://mawdoo3.com

 

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 13 کانونی یەکەم 2018 16:56