لە پەسنی ئازادی و سەروەریی یاسادا

قەرەنی قادری

ئازادیی ڕادەربڕین، بریتییە لە گەیاندنی پەیامی خۆت بەوانی دیکە! ئەمە بنەمای فەلسەفەی ڕادەربڕینە. ئەوەیش دەتوانێت و بۆی هەیە بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، حوکمڕانی و دامودەزگەکانی، حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، ئایینی و سەرجەم ڕووداوە مێژوویییەکان و تەنانەت ئەو ڕووداوە دیرۆکییانە بگرێتەوە کە بە ناوی مێژووەوە تۆمار کراون و، بکەونە بەر تێبینی و ڕەخنەوە. هەر لەو پەیوەندییەدا، پێویستە و دەبێ یاسا پارێزگاری لە ئازادیی ڕادەربڕین بکات. ئازادی، یانی بەرپرسیارێتی!

بەڵام جنێودان، لاتاو، ناوزڕاندن و هێرش بۆ سەر کەس و کەسایەتییەکان و هەوڵدان بۆ شکاندنی کەسایەتیی ئەوان، ناچێتە خانەی ئازادیی ڕادەربڕینەوە، تەنانەت بە تاوانیش دەژمێردرێن.

شکایەتکردن لە کەسانی ئاوا بە مانای پێشێلکردنی ئازادی نییە، بەڵکوو بە مانای خاوێنڕاگرتنی پەرێزی ئازادییەکانە. مرۆڤ بە ئازادییەوە جوانە نەک بە بەڕەڵڵایی. مرۆڤ لە ئازادیدا گەشە دەکات و پێ دەگات، بەڵام لە بەڕەڵڵایی و سەرەڕۆییدا سیس دەبێت و پەراوێز دەخرێت!

پێویستە ئازادیی ڕادەربڕین بەدامەزراوەیی، واتە بەیاسایی بکرێت. لە هەر شوێنێکدا کە تەنیا ئازادی هەبێت، وڵات بەرەو هەڵدێر دەڕوات. به‌پێچەوانه‌یشه‌وه‌، ئەگەر تەنیا یاسا زاڵ بێت، ئەوە وڵات دەخنکێت. هەر لەبەر ئەوە، دەبێ هاوسەنگی و پەیوەندی لە نێوان ئازادی و یاسادا هەبێت، تا سەروەریی یاسا بچەسپێت.

یاسا، ئازادییەکان ڕێک دەخات و هەر ئەو ئازادییەیش ئەرک، ماف و سنووری دەسەڵاتی حوکمڕانان و هاووڵاتیان دیاری دەکات. هەر بە ڕێگەی ئازادی و کەشوهەوای ئازادییە کە دەتوانین لە باشی یان خراپی، گونجاوی یان نەگونجاوبوونی یاساکان بدوێین. ئازادی و یاسا، یان یاسا و ئازادی تەنیا پێکەوە مانا دەدەن. سەروەریی یاسا، لە ئەولەوییەتە هەنووکەیییەکانی هەرێمی کوردستانە. بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز لە گرەوی سەروەریی یاسادایە. بەبێ سەروەریی یاسا، کوردستانێکی بەهێز دروست نابێت!