ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

هەرێمی کوردستانی پارێزراو و بەهێز لە گرەوی کۆدەنگیدایە!

قەرەنی قادری

چەند ڕۆژێکە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەو حزب و لایەنانە دەکات کە یان لە حکوومەتدا بەشدارن یان ئەوەتا لە پەرلەمانی کوردستاندا خاوەنی فراکسیۆنی خۆیانن. بارودۆخ و پرۆسه‌ى سياسيى هه‌رێمى كوردستان، پرسى ئاماده‌كردنى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و چه‌ند پرسێكى ديكه‌، تەوەری سەرەکیی باس و لێدوانی ئەو سەردانانە بووە.

ئەو سەردانانە، کاتی یان لەناکاو نین کە پرسێک هاتبێتە ئاراوە و پێویستی بە چاوپێکەوتن بێت. لە (١٠-٦-٢٠١٩)دا، کاتێک نێچیرڤان بارزانی وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوێندی یاساییی خوارد، ستراتیژیی کاری خۆی ڕاگەیاند: "سەرۆکایەتیی هەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیيەکانی کوردستان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکانی دەبێت، بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەکانیانەوە، لە پێناو پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ئارامیی گەلی کوردستاندا." سەبارەت بە ئەرکی گشتی لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێم ئەو ستراتیژییەی وردتر کردەوە و گوتی: "با پێكه‌وه‌ سیاسه‌تی ئاشته‌وایيی كۆمه‌ڵایه‌تی، پێكه‌وه‌ژيان و گه‌شه‌ی ئابووری و سازانى سياسى دابڕێژین."

واتە یەکڕیزیی نیشتمانی، کۆدەنگی و سازانی سیاسی بەتەنیا کاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکوو حزب و لایەنە سیاسییەکانیش بەشێکن لە پرۆسەی بڕیاردان و هاوکێشەکە. بۆ ئەوەی ئەم ئەرکە گرینگە و گشتگیرە بکەوێتە سەر ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی، بوونی چوارچێوەیەکی ڕوون و جێی ڕەزامەندیی گشتی بۆ کاری هاوبەش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، لە پرسە گرینگەکانە.

بۆ ئەمەیش پێویستە گرژی و ماسوولکەکان لە هەرێمی کوردستان خاو بکرێنەوە، ئاستی تێگەیشتنیش سەبارەت بە پرسە چارەنووسسازەکان بەرز بکرێتەوە؛ کە ئەمەیشیان زمانی هاوبەش بۆ پێکەوەکارکردن دێنێتە ئاراوە. جاران دەیانگوت: "کوردەکان خۆیان ڕێک ناکەون، تەنیا شەقی زەمان یان ئەوەتا زلهێزێک دەتوانێت دەستی سەرکردە سیاسییە کوردەکان بگرێت و لەسەر مێزی وتووێژ دایان بنێت!"

هەندێک ئاماژە هەن کە ئەو دۆسیە نەرێنییە دابخرێت و ئەم جارە کورد خۆی لەسەر مێزی خۆی دابنیشێت و هەر خۆی سەرکردایەتیی پرسەکان و مێزی وتووێژی نێوان خۆی بکات. دەکرێت ئەو ستراتیژییەی سەرۆکی هەرێم و بەپیرەوەهاتنی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێکەوەسازان و کارکردن لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی، سەرەتایەک بێت بۆ ئەوەی لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدرێتەوە. ستراتیژی و بەرژەوەندیی هاوبەش ڕوونە، بەڵام ئەرکی پێکەوەکارکردن و سازان بەسەر هەموواندا دابەش دەبێت و لێی بەرپرسن. گەرچی کارکردن لەو بوارەدا ئاسان نییە و کێشە و کۆسپی ناوخۆییش هەن، بەڵام وریایی و ناسینی کێشە و بەرژەوەندیی پەیوەست بەو کێشانەوە، دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی سیاسەتی دروست و کەمتێچوو لەو بوارەدا بگیرێتە بەر.

لە مەیدانی سیاسەتدا زۆر ئاسایییە کە جیاوازی و ناکۆکی هەبن، بەڵام زۆر گرینگە سەرکردایەتیی ئەو ڕەنگ و دەنگانە بکرێت، ئەویش بە جیاوازییەکانیانەوە. خاڵی هاوبەش واتە "پاراستنی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشتیی وڵات" دەتوانێت و دەبێت لە دەوری یەکتردا کۆیان بکاتەوە. پێکەوەسازان و کۆدەنگیی هەرێمی کوردستان، بەهێزییە لە بەغدا. ئەمەیش لەگەڵ ستراتیژیی فەڕەنسا و ئەمریکا، بەتایبەتی لەگەڵ فەڕەنسا یەک دەگرێتەوە.

جا بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە هاوکێشەیەکی جددی لە عێراق و ناوچەکەدا، تەنیا پاراستنی هەرێمی کوردستان بەس نییە، بەڵکوو پاراستن و بەهێزکردنی ئەو قەوارە سیاسییە پرسێکی ژیانییە. پاراستنی هەرێمی کوردستان قۆناغی بەرگرییە، هەر لەبەر ئەوە پێویستە هەرێمی کوردستان جیا لە بەرگرییەکەی، "پێشڕەوی"یش بکات. پێشڕەوی (بەهێزکردن) تەنیا کاتێک دێتە دی کە چاکسازی، خزمەتگوزاری و پرسی ئازادییەکان بەباشی بکەوێتە سەر دۆخی گونجاوی خۆی؛ هەروەها بە ڕێگەی جێبەجێکردنی ئەو چەند خاڵەی کە ئاماژەیان پێ درا، هەوڵ بدرێت بە ڕێگەی تریشەوە مەودا لە نێوان هاووڵاتیان و حکوومەتدا کەمتر و کەمتر بکرێتەوە و کار لەسەر گەڕانەوە و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بکرێت. پاراستن و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان هاوکات کە ئەرکی سێ دەسەڵاتەکەی هەرێمی کوردستان، حزب، لایەنی سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییە، ڕاستەوخۆیش پەیوەندیی بە ڕۆڵی هاووڵاتیانی ڕەنگاوڕەنگی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. "پاراستن" و "بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان"، دوو دیوی دراوێکن!

هاوکێشە دەرەکییەکان و کارتێکەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان

دوای تێکشکاندنی دەوڵەتۆکەی ڕێکخراوی ئیسلامی و تیرۆریستیی "داعش"، هەروەها درپەڕاندنیان لە مووسڵ وەکوو پایتەختیان، هاوکێشە دەوڵەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چالاکتر لە جاران خەریکی تەڕاتێنن لە ناوچەکەدا. هەر دەوڵەتەی بە شێوازی جۆراوجۆر بەدوای "بەرژەوەندی"ی خۆیدا دەگەڕێت و هێز و وزه‌یشی بۆ تەرخان کردووە. بەرفراوانتر لەمەیش، تورکیا و کۆماری ئیسلامی، بیر لە "قووڵاییی ستراتیژی"ی خۆیان دەکەنەوە و بۆیان زۆر ئاسایییە کە دەست بخەنە ناو کاروباری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوەی کە پەیوەندیی بە کورد وەکوو هاوکێشەیەکی نادەوڵەتییەوە هەیە، ئەوەیە کە ببێت بە "هێز" بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەڕەشەکان ببێتەوە. بوون بە "هێز" و "هاوکێشە"یش تەنیا و تەنیا لە گرەوی لێکتێگەیشتن، خاوکردنەوەی گرژی و کێشە ناوخۆیییەکانیدایە.

بەڵام لە دۆخی ڕۆژدا، پرسی گەرمی هەڵبژاردن لە عێراق، چوونەدەرەوەی هێزە ئەمریکییەکان لەو وڵاتە، لێدانی مۆسیقای ناشاز لە بەغدا بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق- کە بێ شک ئەمەیان بە زەرەری هەرێمی کوردستان دەشکتێەوە- هەروەها سەردانی دوو ڕۆژەی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و، هه‌ر دوای ئەوه‌یش هاتنی‌ شاندێكى باڵاى ئه‌مريكى بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاته‌ و، چاوپێکەوتن و تاوتوێکردنی هەندێک پرسی گرینگی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، گرینگیی ئەو کۆدەنگی و پێکەوەسازانه‌ لە هەرێمی کوردستان چەندقات دەخاتە ڕوو.

 وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕای گەیاند: "ئێران هاوکاریی عێراق دەکات و عێراقێکی سەقامگیری دەوێت." دیارە لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە "سەقامگیریی عێراق" پەیوەندیی بە چوونەدەرەوەی ئەمریکاوە هەیە لە عێراق و، زۆر جاریش بەرپرسە سیاسی، سوپایی و ئەمنییەکانی تاران ئەوەیان دەربڕیوە.

لە لایەکی تریشەوە شاندە باڵاکەی ئەمریکا، بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گوتووە: "دۆستى زۆرتان له‌ واشنگتۆن هه‌يه‌ و ئيداره‌ى تازه‌ى ئه‌مريكا له‌ پشتگيرى و يارمه‌تيدانى ئێوه‌ و هاوپه‌يمانه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌بايه‌خه‌وه‌ له‌ هاوبه‌شى و په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و گرنگى به‌ پته‌وكردنى هاريكاريى درێژخايه‌نى نێوانيان دەدات."

کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا دوو هاوکێشەن کە زۆرترین کارتێکەرییان لە گۆڕەپانی سیاسەتدا هەیە لە عێراقدا. هەڵبژاردن لە عێراق، دوای ئەوه‌یش دەسنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی ئەو وڵاتە، هەروەها پرسی مانەوە و هاوکاریی ئەمریکا لە عێراق کە بێ شک پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە، لە ئاڵقە سەرەکییەکانی ململانێی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامییە لە شەتڕەنجی سیاسەت لە گۆڕەپانی ئاڵۆزی عێراقدا.

بێ شک ئەو دوو تێڕوانینە جیاوازەی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە عێراق و هەرێمی کوردستان، دوو یاریی جیاوازی دەوێت و کارێکی ئاسانیش نابێت، بەڵام ئەوەی گرینگە لەو یارییەدا ئەوەیە، کە لانی زۆری بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان چۆن دابین بکرێت. بەهێزی و کۆدەنگیی هەرێمی کوردستان دەتوانێت پاڵپشتی دیپلۆماسییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێت. کات، بەشێکی گرینگە لە سیاسەت!

Latest from قەرەنی قادری