پاشەکشێیەک خەریکە دژی ستراتیژییەکە هەڵدەگەڕێتەوە

قەرەنی قادری

ئەمریکا بەپێی پلانی پێشووی، ئەفغانستانی چۆل کرد و هێزە ئیسلامییە فه‌ندەمێنتالیستەکەی ئەفغانستان، واتە تاڵیبان، لە ماوەی نۆ ڕۆژاندا دەستی بەسەر نزیک بەتەواوی ئەو وڵاتەدا گرت. بەو خێرایییەی کە ئەمریکا پاشەکێشی لە ئەفغانستان کرد، هەر بەو خێرایییەیش تاڵیبان جێگەی ئەمریکا و حکوومەتی ئەو وڵاتەی گرتەوە. بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا بەپێی گوتەکانی پێشوویان، هەروەها ئەو ڕێککەوتنەی کە لە دەوحە لە نێوان ئەمریکا و تاڵیباندا کرا، ئەوەیان نەشاردەوە کە لەوە بەدواوە دەبێ حکوومەت، سوپا و خەڵکی ئەفغانستان خۆیان بەرگری لە وڵاتی خۆیان بکەن، بەڵام پێشڕوەیی خێرای تاڵیبان و تەنات خۆبەدەستەوەدانی چەندان شار و ناوچە بەبێ شەڕ (هەڵوەرینی دامودەزگەی حکوومی)، ئەوەی دەرخست كە ئەمریکییەکان بەتەواوەتی زانیاری و ناسینی هەڵەیان لە ئەفغانستانێک هەبوو کە نزیکه‌ی ٢٠ ساڵ لەو وڵاتەدا کاریان دەکرد. تەنانەت لەو دەرچوونەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، سوون تزوو گوتەنی: ئاسمان (کەشوهەوا، وەرز و سروشت)یش لە بەرژەوەندیی تاڵیباندا بوو. دیمەنی ئەو هێزانەی تاڵیبان کە بە ماتۆڕسایكڵه‌وە پێشڕەوییان دەکرد ئەمەی دەرخست، بەڵام ئەگەر ئەم پاشەکشێیە لە زستاندا ڕووی دابا، بێ شک مەکینەی پێشڕەوی و ماتۆرسایکڵەکانی تاڵیبان لە بەفر و قوڕدا دەچەقین.

تەواوی پێشبینییەکانی جۆ بایدن کە لە دوای دەرچوونی سوپای ئەو وڵاتە دەبا ڕووی دابا، پێچەوانە دەرچوون. پرسیار ئەوەیە، ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژاوایییەکان لە ماوەی ئەو بیست ساڵە لە ئەفغانستاندا چییان کردووە؟ ئەمریکا لە ماوەی بیست ساڵان لە ئەفغانستان هەوڵی دا سوپا و پۆلێسێکی "بەهێز" و "یەکگرتوو" بۆ ئەفغانستان لە ڕەندە بدات، بەڵام بەرهەمی بیست ساڵەی ئەمریکا بەرگه‌ی یازدە ڕۆژی نەگرت؛ پاشەکشێیەک خەریکە دژی ستراتیژی و متمانە بە خۆی (ئەمریکا) هەڵدەگەڕێتەوە.

لە ساڵی ٢٠٠١دا، ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئەفغانستان و حکوومەتی ئیسلامیی تاڵیبانی ڕووخاند، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١دا، پاشەکشێی ئەمریکا لە ئەفغانستان، تاڵیبانی بە دەسەڵات گەیاندەوە. ئەمریکا لە هاتن و چوونی تاڵیباندا دەوری گێڕا. جارێکی تر سیاسەت ئەوەی پێشان داوە کە لە ئاکامی جێگۆڕکێی بەرژەوەندییەکان ڕووداوی لەو چەشنە لە داهاتوودا دەتوانێت بە شکڵ و ئاستی تر و لە شوێنی تر ڕوو بداتەوە.

ئێستا هەم لە ئەمریکا و هەمیش لە ئەوروپا گوشار لەسەر بایدن زۆرە بۆ ئەو کشانەوەیە؛ تەنانەت بەشێکی گرینگ لە ڕاگەیاندنەکانی ئیسڕائیل کە ڕای گشتی چێ دەکەن، "دەرچوونی ئەمریکا" لە ئەفغانستان بە "هەڵاتنی ئەمریکا" ناو دەبەن، بەڵام سەرەڕای ئەو هەڵوێستانە بایدن زۆر لێبڕاوانه‌ بەرگری لە کارەكه‌ی (کشانەوەی ناڕێک و پڕتێچوو)ی خۆی دەکات. ئاخۆ ئەو هەموو گوشارەی ڕای گشتی لە جیهان، دەتوانێت سەبارەت بە پرسی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بایدن ناچار بکات ئاوڕێک لە بڕیاری پاشەکێشی لە ئەفغانستان بداتەوە و بە خوێندنەوەیەکی تر بیر لە جۆری دەرچوون یان ئەوەتا تێڕوانینێکی تر سەبارەت بە ئەرکی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق بکاتەوە و خۆ لەوە بەدوور بگرێت کە جارێکی تر بە پلانێکی لەناکاو و بێسەروبەر وەکوو ئەوەی ئەفغانستان بۆی دەرنەچێت و، کۆماری ئیسلامییش نەکاتەوە مەیدانداری سیاسەت لە عێراقی پازڵی و ڕەنگاوەڕەنگدا؟

ڕێک لە گەرمەی دەرچوونی ئەمریکا لە ئەفغانستان، باس و گفتوگۆی چڕی جیهانی لەسەر کارتێکەرییەکانی ئەو سیاسەتەی بایدن لە ئەفغانستان، ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی ئەتۆمی ڕای گەیاند: "کۆماری ئیسلامی بە دانانی سانتریفیۆژی نوێ بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئاستی %٦٠ نزیک بۆتەوە، کە ئەمەیش نزیکە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی." دروشمی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە ئەمریکا لە ناوچەکەدا نەمێنێت و بۆ ئەمەیش پەنا بۆ هەموو شتێک دەبات. بەڕێوەبەرە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی، تەنانەت سوپایی و ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە، کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بە شکستی کۆشکی سپی دەزانن و ئەمەیش لەگەڵ ستراتیژیی ناوچەییی تاران کە هەوڵ دەدات ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەمێنێت، یەک دەگرێتەوە. لەسەر یەک دەرچوونی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە کورتخایەندا لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیدایە، بەڵام بەبێ هیچ شک و گومانێک بە هاتنەوەی تاڵیبان بۆ حوکمڕانی لە ئەفغانستان، دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەبێتەوە و ململانێ بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکان لەو دەڤەرەی فڕچکگرتوو بە شەڕ و پێکدادان، چڕتر و ئاڵۆزتر دەبێتەوە.

دەرچوونی بەپەلەی جۆ بایدن لە ئەفغانستان، دەتوانێت کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا لێبڕاوتر بکات و بە ڕێگەی گوشار بۆ سەر حکوومەتی عێراق، هەروەها ئەو هێز و گرووپە عێراقییانەی کە لەلایەن تارانەوە پشتیوانی دەکرێن، هەوڵەکانی دژ بە ئەمریکا بۆ دەرچوونی لە عێراق چڕتر بکاتەوە. بە ئەگەری زۆرەوە خێراکردن بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئاستی %٦٠، دەکرێت بەشێکیش لەو گوشارە بێت بۆ وەردەرنانی ئەمریکا لە عێراق کە ئەمەیان لە ناخی خۆیدا باس لە ساتوسەودا لەگەڵ ئەمریکییەکاندا دەکات بۆ ئەوەی گوشار لەسەر ئێران کەم بکاتەوە؛ ئەمەیش بەبارمتەگرتنی عێراقە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا.

بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێک، پێویستە هەرێمی کوردستان ڕوو لە یەکگرتوویی و یەکگوتاری بکات و لەناوخۆدا خۆی ڕێک بخاتەوە، چونکە سیاسەتی نوێ و ئاڵوگۆڕە خێراکانی ناوچەکە، سیاسەت، تاکتیک و پەیامی نوێی گەرەکە. تەنیا یەکگرتوویییە کە هێز دروست دەکات و تێچووەکانیش کەمتر و کەمتر دەکاتەوە. کۆبوونەوەی گشت هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە پێویستییەکانی سەردەم. بۆ ئەمەیش پێویستە هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی داهاتوو، کە بڕیارە لە کۆتاییی ئەم مانگەدا لە بەغدا بەڕێوە بچێت و هەندێک وڵاتی دراوسێی عێراق، هەروەها میسر، فەڕەنسا و ... تێیدا بەشدار دەبن، دەورێکی ڕوون، دیاریکراو و چالاکی هەبێت.