هەرێمی کوردستان لە گۆشەنیگای فەڕەنساوە

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

وەک دەزانین فەڕەنسا پەیوەندییەکی مێژووییی هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرۆک فرانسوا میتڕان (١٩٨١-١٩٩٥)؛ لە زۆربەی وێستگە سیاسییەکانیش، بەتایبەت لە بڕیاری دروستکردنی نەوای ئارام  ((safe haven لە ساڵی ١٩٩١ فەڕەنسا ڕۆڵیکی جەمسەریی هەبوو لە دەرچوونی بڕیاری ٦٨٨ لە ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان. بەڵام دوای تەواوبوونی ماوەی حکوومەتی میتڕان، لە سەردەمی سەرۆک جاک شیراک (١٩٩٥-٢٠٠٧)دا گرنگیدانێکی ئەوتۆ نەبوو بە هەرێمی کوردستان، بەڵکوو گشت سیاسەتەکانی فەڕەنسا لە چوارچێوەی عێراقدا بوون. سەردەمی سەرۆک سارکۆزی ( ٢٠٠٧-٢٠١٢)یش بە هەمان شێوە، پەیوەندی و سیاسەتی فەڕەنسا هەر لە چوارچێوەی عێراقدا بوو. لە سەدەمی سەرۆک ئۆلاند (٢٠١٢-٢٠١٧) پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا زیاتر گەشەیان کرد. سەرۆک ئۆلاند یەکەم سەرۆک بوو کە لە کاتی جه‌نگی داعش لە سێپتەمبەری ٢٠١٤ بە هاوشانی وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوە سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی ئەوکات (مەسعوود بارزانی) کۆ بووەوە و سەردانی بەرەکانی جه‌نگی دژی داعشیشی کرد. دیسان ئۆڵاند لە سێپتەمبەری ٢٠١٦، بارزانیی داوەت کردە کۆشکی ئەلیزێ و پێشوازیی لێ کرد.

گەشەکردنی پەیوەندییەکانی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان لە سەردەمی ئۆلاند هەرچەندە زیاتر لە چوارچێوەی جه‌نگی دژەتیرۆر بوو، واتا جه‌نگی دژ به‌ داعش، کە فەڕەنسا هەردەم لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا گرنگییه‌کی تایبەتی پێ دەدات، بەڵام دواتر بووە بنەمایەک بۆ پەیوەندییەکانی فەڕەنسا لە سەردەمی "ئیمانوێل ماکڕۆن"یش. بەڵام ئەوەی دەکرێت بە قۆناغێکی جیاواز سەیری بکەین لە پەیوەندییەکانی فەڕەنسا و هەرێم، ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ماکڕۆن (دوای ٢٠١٧). ماکڕۆن لە سەردەمێک دەرگه‌ی بەڕووی هەرێمی کوردستاندا کردەوە کە بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ سێپتەمبەری ٢٠١٧ گشت دەرگه‌کانی تر، ته‌نانه‌ت فڕۆکەخانەکانیش بەسەر هەرێمدا داخرابوون. بە جۆرێک دەتوانین بڵێین کە ئەو گرنگیدانەی ئێستای فەڕەنسا بە هەرێم تەنیا لە سەردەمی سەرۆک میتران هەبووە؛ لەو کاتەیش چونکە هەرێمی کوردستان چوارچێوەیەکی دەستووریی نێودەوڵەتیی نەبوو، بۆیە پەیوەندییەکان دیسان سنووردار بوون. تەنیا لە ساڵی ڕابردوو چەندان سەردان لەسەر ئاستی بەرز لە نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا ئەنجام دراون: گرنگترینیان سەردانی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیف لۆدریان، دواتریش وەزیری بەرگریی فەڕەنسا "فلۆرانس بارل"ی لە کۆتاییی مانگی ئابی هەمان ساڵدا، لە دوای ئەمەیش دیداری نێچیرڤان بارزانی و ماکرۆن لە بەغدا، پەیوەندییەکانی هەردوولای زیاتر گەشە پێ دا. هەڵبەتە نەهاتنی ماکرۆنیش بۆ هەرێمی کوردستان لەو کاتەدا پەیوەندیی بە ئەتەکێتی دیپلۆماسییەوە هەبوو، کە ماکرۆن وەک پەیامێک بۆ پشتیوانی لە سەروەریی عێراق بەرزی کردبووە. لەو دیدارەدا فەڕەنسا بەئاشکرا ڕەخنەی لە بۆردوومانەکانی تورکیا گرت لە هەرێمی کوردستاندا.

نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان، دوای ئەمریکا بە بە‌هێزترین تیمی دیپلۆماسی دادەنرێت. ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فەڕه‌نسییەکان بوارێکی فراوانتر و ئارامتر دەبینن بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان تا لەگەڵ بەغدا. پرسی دووەمیش ئەوەیە کە فەڕەنسای سەردەمی ماکرۆن بەدوای جێگه‌یەک دەگەڕێ بۆ مانەوەی لە عێڕاقدا، بەتایبەتیش دوای ئەمریکا؛ باشترین شوێنیش بۆ مانەوەیان لە عێڕاقدا، هەرێمی کوردستانە.

لە ئەگەری کشانەوەی یان گۆڕانی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق لە کۆتاییی ئەمساڵدا، گرنگە لەوە تێ بگەین کە دوای ئەم دۆخە ڕۆڵی ئەکتەره‌ نێودەوڵەتییەکانی تر چۆن دەبێت لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا؟ چ هێزێک دەتوانێت بۆشاییی ئەمریکییەکان پڕ بکاتەوە؟ ئەوەی دیار بێت، لە دوای هێزەکانی ئەمریکا، فەڕەنسا لە گشت هێزە ئەوروپییەکانی تر چالاکترە لە عێڕاق و هەرێمی کوردستاندا؛ ساڵی پاریش فەڕەنسا هەڵمەتێکی دیپلۆماسیی دەست پێ کرد بە ناوی پاڵپشتیکردنی سەروەریی عێڕاق، وەک بەرسڤێک بۆ دەستوەردانی زۆری هەرێمی لە عێراقدا. هەر ئەم مانگەیش (ئاب) فەڕەنسا پشتگیریی کازمیی کرد لە ئەنجامدانی لووتکەی دراوسێکانی عێڕاق کە لە ٢٨ ی مانگەدا لە بەغدا ئەنجام بدرێت.

گرنگە لەوە تێ بگەین کە فەڕەنسای سەردەمی ماکڕۆن بەدوای ڕۆڵێکی چالاکتردا دەگەڕێت لە یەکێتیی ئەوروپا؛ هەر بەو هۆکارەیشەوە گرنگیدانێکی سیاسیی زیاتری هەیە بە پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتتریش لە لوبنان و عێراق دەیانەوێت ڕۆڵێکی ئه‌کتیڤیان هەبێت. دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان ئەو باوەڕە لای ئەوروپییەکانیش دروست بووە کە دەبێت خاوەن هێز و هەڵوێست و توانا و سیاسەتی تایبەت بە خۆیان بن؛ چونکە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەم پرسیارە لای ئەوروپییەکانیش دروست بووە کە مەرج نییە ئەمریکا هەموو کات بتوانێت دۆستەکانی بپارێزێت. لەم گۆشەنیگایەوە، چەند ڕۆژێک دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، وەزیری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا "جۆزێف بۆڕێل" هۆشداریی دا کە کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، دەبێت وا لە ئەوروپییەکان بکات کە ئامادەباشی و توانای ئەوەیان هەبێت کە دەستوەردانی سەربازی بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانانەی کە مەترسی لەسەر عێڕاق و ناوچەکە دروست دەکەن. سەبارەت بە عێڕاق، کۆمەڵێک پرس هەن کە جێگه‌ی گرنگیپێدانی فەڕەنسان لە عێڕاقدا:

ئەوەی لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و فەڕەنسادا گرنگە ئەوەیە کە، فەڕەنسا وای دەبینێت کە خاکی هەرێمی کوردستان ئەو ناوچەیەیە کە فەڕەنسا بە ڕۆژاوای کوردستانەوە دەبەستێتەوە و کۆی یارمەتییە سەربازی و دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی فەڕەنسا بۆ کوردستانی سووریا بە هەرێمی کوردستاندا تێ دەپەڕێت؛ ئەمە جگە لەوەی کە "سەرۆك ماکرۆن سەر بەو نەوە دیپلۆماتکارە فەڕەنسییانەیە کە باوەڕی تەواویان بەوە هەیە کە بیناکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و سەقامگیر، بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی کورد ئەستەمە سەر بگرێت."  فەڕەنسا وای دەبینێت کە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەموو قەیرانەکانی، بەڵام ئارامترین ناوچەیە بۆ ئەوەی لێیەوە کۆمپانیا فەڕەنسییەکان کاری وەبەرهێنان بکەن و گەر پێویست بوو لە هەرێمەوە بەرەو ناوچەکانی دیکەی عێراق بڕۆن؛ بەتایبەتیش دەشتی نەینەوا و مووسڵ و ناوچە خاپووربووەکانی دەستی داعش.

لە  بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە کە ئەکتەرێکی ئاشنا و پاڵپشت بە دۆزی کورد ڕۆڵێکی سەرەکی لە دۆخی سیاسیی عێراقدا بگێڕێت، بۆیە هەرێمی کوردستان دەبێت پاڵپشتی لەو ڕۆڵەی فەڕەنسا بکات. بێجگە لەوەیش هەرێمی کوردستان دەبێت بیر لە پەیوەندیی باشتریش بکاتەوە لەگەڵ هێزە ئەوروپییەکانی تر، بەتایبەتیش بریتانیا و ئەڵمانیا؛ واتا خۆی ئامادە بکات بۆ عێراقی دوای ئەمریکایش. لەم سۆنگەیەوە هەرێمی کوردستان وا باشە پاڵپشتی هەوڵەکانی فەڕەنسا بێت، چونکە بەڕێوەچوونی لووتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراق بەبێ سەنگی وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئەوروپا دواجار لەلایەن هێزە هەرێمییەکانی وەک تورکیا و ئێرانه‌وه قۆرخ دەکرێت‌. باڵادەستبوونی بەرژەوەندیی ئەو دوو دەوڵەتەیش لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە.

دواجار پرسی هاوبەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و فەڕەنسایش هەیە، بەتایبەت پرسی سەرهەڵدانەوەی داعش و یان هەر هێزێکی تری تیرۆریستی لە ناوچەکه‌دا. واتا لە ئەگەری بنیاتنانەوەی ناوچە خاپووربووەکانی وەک مووسڵ و سەڵاحەددینیش، دەکرێت هەرێمی کوردستان بکرێتە بنکەیەک بۆ گەیاندنی هاوکاری و کاری وەبەرهێنانی کۆمپانیا فەڕەنسییەکان. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ناتوانین پێشبینیی ئەوە بکەین کە فەڕەنسییەکان دەتوانن ئەو ڕۆڵە سەرەکییە بگێڕن لە عێڕاق و هەرێمی کوردستاندا کە بتوانێت بۆشاییی ئەمریکا پڕ بکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەییی فەڕەنسا پاڵپشتییه‌کی باش دەبێت لە کاتی کشانەوە یان سنوورداربوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاقدا؛ بەتایبەت ئەگەر فەڕەنسییەکان ڕازی بن بەوەی کە بەشێک لە سەربازەکانیان لە هەرێمی کوردستاندا بهێڵنەوە.