حزبه‌‌‌ سیاسییه‌‌كان و بانگەشەی هه‌ڵبژاردن

قەرەنی قادری

 

له‌‌سه‌‌ر بنه‌‌مای بەرنامە و دروشمی حزبە سیاسییه‌‌كان،‌ هه‌روه‌ها كار و چالاكیی حزب و گرووپه‌‌ ده‌‌سه‌‌ڵاتدارەکانە،‌ ‌كه‌‌ ده‌‌نگده‌‌ران له‌‌ ڕه‌‌وتێكی دیموكراتیكدا، بڕیار ده‌‌ده‌‌ن ده‌‌نگ به‌‌ كێ بده‌‌ن. ئه‌‌مه‌یش ئه‌‌و ڕێگه‌‌یه‌‌یه‌‌‌ كه‌‌ هێزێكی سیاسی به ‌‌ده‌‌سه‌‌ڵات ده‌‌گه‌‌یه‌نێت. هه‌ر لێره‌‌دایه‌‌ كه‌‌ هاووڵاتیان ڕۆڵی یه‌‌كلاكه‌‌ره‌‌وه‌‌ ده‌‌گێڕن.

له‌‌و ڕه‌‌وته‌‌دا گه‌‌لێك‌ گرینگه‌‌ كه‌‌ گرووپه‌‌ سیاسییه‌‌كان به‌‌وپه‌‌ڕی ڕوونییه‌‌وه‌‌، باس له‌‌ پلانی داهاتوویان‌ بكه‌‌ن، كه‌ كاتێ به‌‌ده‌‌سه‌‌ڵات گه‌‌ییشتن، چ به‌‌رنامه‌‌ و پلانێكیان بۆ داهاتووی وڵات هه‌یه‌‌. له‌‌م سۆنگه‌‌یه‌‌وه‌‌، خاڵی هه‌ره‌‌ سه‌‌ره‌‌كی ئه‌‌وه‌‌یه،‌‌ كه‌‌ حزب یان پاڵێوراو له‌‌ كاتی بانگەشەی هه‌ڵبژاردندا، زۆرترین قورسایی به‌‌و پلان‌‌ و پڕۆژانه‌‌ بدات، كه‌‌ سێره‌‌ له‌‌ داهاتوو ده‌‌گرن. كه‌‌مترین قورساییش به‌‌و به‌‌شه‌‌ بدات، كه‌‌ باس و ڕه‌‌خنه‌‌كانی ئاڕاسته‌‌ی خه‌‌نیمه‌‌كانی خۆی ده‌‌كات. سه‌‌ره‌‌كیترین لایه‌‌نی ئه‌‌رێنیی هه‌ڵبژاردنیش ئه‌‌وه‌‌یه‌،‌ هاوپەیمانی یان حزبێکی سیاسی به‌‌ هاووڵاتیان ڕابگه‌‌یه‌نێت كه‌ چییان ده‌‌وێت و له‌‌ كاتی گه‌‌یشتن به‌‌ ده‌‌سه‌‌ڵاتیش، به‌‌ به‌‌ڵێنه‌‌كانی خۆیان وه‌‌فادار دەبن. ئه‌‌م بابه‌‌ته‌‌ نه‌‌ك ته‌‌نیا بۆ هاووڵاتیان، به‌‌ڵكوو بۆ ڕاگه‌‌یاندنیش گرینگه‌، ئه‌‌گه‌‌ر بخوازێت ڕۆڵی ئه‌‌رێنیی خۆی بگێڕێت، ئه‌‌ویش كاكڵی ئه‌‌و په‌‌یامانه‌‌ن‌ كه‌‌ ئاڵای حزبەکانە. گه‌‌ر ڕاگه‌‌یاندنه‌‌كان قورساییی كاری خۆیان له‌‌سه‌‌ر ناكۆكیی نێوان هاوپەیمانی و حزبەکاندا چڕ بكه‌‌نه‌‌وه‌‌، زه‌‌بر له‌‌ هه‌ڵبژاردن و ڕه‌‌وته‌‌كه‌‌ی ده‌‌ده‌‌ن، هه‌روه‌ها پرۆسه‌‌ی هه‌ڵبژاردنیش به‌‌لاڕێدا ده‌‌به‌‌ن.

هه‌ڵبژاردن‌‌ ڕه‌‌وتێكی دیموكراتیك و مه‌‌ده‌‌نییانه‌‌یه‌‌ بۆ ده‌‌ستاوده‌‌ستكردنی هێـمنانەی ده‌‌سه‌‌ڵات؛ ئه‌‌مه‌یش له‌‌ پاڵێوراوان و ڕاگه‌‌یاندن ده‌‌خوازێت بیر له‌‌ هه‌ر چه‌‌شنه‌‌ په‌‌یامێك بكه‌‌نه‌‌وه‌‌ كه‌‌ ده‌‌یڵێن و ده‌‌ینووسن. پرۆسه‌‌ی بانگەشە ڕه‌‌وتێكی هه‌ستیار و ناسكه‌‌ و، ده‌‌بێ دوور بێت له‌‌ هه‌ر چه‌‌شنه‌‌ ئاژاوه‌‌، نابه‌‌رپرسیارێتی و شێواندن. به‌‌شداریكردنی به‌‌رفراوانی هاووڵاتیان له‌‌ هه‌ڵبژاردندا و بوونی ئه‌‌م به‌‌شدارییه‌‌ وه‌‌كوو كەلتوور بۆ چاره‌‌سه‌‌ركردنی كێشه‌‌كان و، ده‌‌ستاوده‌‌ستكردنی ده‌‌سه‌‌ڵات به‌‌ شێوه‌‌یه‌‌كی ئاشتییانە، بۆ ڕاگه‌‌یاندنیش كارێكی ئه‌‌رێنییه‌‌، چونكه‌‌ سه‌‌ره‌‌كیترین به‌‌رژه‌‌وه‌‌ندیی ڕۆژنامه‌‌وانان، له‌‌ به‌‌دیموكراتیكردنی وڵاتدایه‌‌‌.

هه‌ڵبژاردن و ئامرازی ڕاگه‌‌یاندنی گشتی

ڕاگه‌‌یاندن ڕۆڵی په‌‌یوه‌‌ندیی له‌‌ نێوان ده‌‌نگده‌‌ران، حزب و ڕێكخراوه‌‌‌ سیاسییه‌‌كاندا ده‌‌گێڕێت. هه‌ر به‌‌هۆی ڕاگه‌‌یاندنه‌‌وه‌‌یه،‌‌ كه‌‌ هاووڵاتیان ئاگاداری بەرنامە و دروشمی گرووپه‌‌‌ سیاسییه‌‌كان و بۆچوون و تێگەیشتنی پاڵێوراوان ده‌‌بن‌‌. ڕاكێشانی هه‌رچی زیاتری هاووڵاتیان بۆ سه‌‌ر سندووقه‌‌كانی ده‌‌نگدان، له‌‌ یه‌‌كه‌‌م هه‌نگاودا یه‌‌كێكە له‌‌ ئه‌‌ركه‌‌ سه‌‌ره‌‌كییه‌‌كانی ڕاگه‌‌یاندن‌‌. ڕاگه‌‌یاندن ده‌‌توانێت ئه‌‌م ئه‌‌ركه‌ به‌‌ڕێوه‌‌ به‌‌رێت، ئه‌‌ویش له‌ ڕێگەی ئاگاداركردنه‌‌وه‌‌یان له‌‌ مافی دیموكراتیكی خۆیان، كه‌‌ چۆن له‌ ڕێی سیاسیی هێمنانه‌‌وە كێشه‌‌كان یه‌‌كلا بكه‌‌نه‌‌وه‌‌. خاڵی دووه‌‌م، هاووڵاتیان له‌‌م به‌‌شدارییه‌‌دا‌ ده‌‌نگ به‌‌ كێ ده‌‌ده‌‌ن؟ ئه‌‌مه‌‌ ئه‌‌و بڕیاره‌‌ گرینگه‌‌یه‌‌ كه‌‌ خۆیان ده‌‌بێ خاوه‌‌نی بن.

پێویسته‌‌ ئامرازی ڕاگه‌‌یاندنی گشتی‌ له‌‌ كاتی بانگەشەی هه‌ڵبژاردندا به‌‌وپه‌‌ڕی به‌‌رپرسیارێتییه‌‌وه،‌‌ زانیاریی‌ پێویست به‌‌ هاووڵاتیان بگه‌‌یه‌نێت. له‌‌ پێشه‌‌وه‌‌ی گشت زانیارییه‌‌كان، یاساكانی هه‌ڵبژاردن و پێشێلكردنی یاساكانه‌‌ كه‌‌ ده‌‌بێ هاووڵاتیان بیزانن؛ هه‌روه‌ها له‌‌ پرۆژه‌‌ و پلانی ئه‌‌و حزبە سیاسییا‌نه‌‌ی كه‌‌ بۆیان هه‌یه‌‌ پاڵێوراویان هه‌بێت، ئاگادار بكرێنه‌‌وه‌‌.

شیكردنه‌‌وه‌‌ی دروشمه‌‌كان و پرسیار دروستكردن له‌‌ به‌‌رانبه‌‌ر هه‌ر دروشمێكدا، یه‌‌كێكە له‌‌ كاره‌‌ هه‌ره‌‌ باشه‌‌كانی ڕاگه‌‌یاندن،‌‌ كه‌‌ ده‌‌بێ له‌‌ كاتی بانگەشەی هه‌ڵبژاردندا، ڕه‌‌چاوی بكات. هه‌ر دروشمێك هه‌ڵگری كۆمه‌‌ڵێك واتایه‌‌، چونکە هەر حزبێک بە ڕێگەی پاڵێوراوانییەوە بۆ گه‌‌یشتن به‌‌ ده‌‌سه‌‌ڵات ڕای ده‌‌گه‌‌یه‌نێت. به‌‌شداریی ڕاگه‌‌یاندن له‌‌ ڕه‌‌وتی بانگەشەی هه‌ڵبژاردندا به‌‌و مانایه‌‌یه‌‌، پاڵێوراوان ده‌‌رفه‌‌تی ئه‌‌وه‌‌یان پێی بدرێت كه‌‌ پرۆژه‌‌ و پلانه‌‌كانیان به‌‌باشی ڕابگه‌‌یه‌نن؛ هه‌روه‌ها هاووڵاتیانیش زانیاریی پێویستیان ده‌‌ست كه‌‌وێت.

پێكهێنانی ده‌‌رفه‌‌ت بۆ كارناسان و لێكۆڵه‌‌ران بۆ لێكۆڵینه‌‌وه‌‌ی دروشم و پرۆژه‌‌كان، یارمه‌‌تییه‌‌كی باشه‌‌ بۆ ده‌‌نگده‌‌ران، تا زانیارییه‌‌كی باش له‌‌ بواره‌‌ جۆراوجۆره‌‌كاندا به‌‌ده‌‌ست بێنن. ئه‌‌م كاره‌‌ی ڕاگه‌‌یاندن یارمه‌‌تییه‌‌كی باش به‌‌ بڕیاردان ده‌‌دات و، چاوه‌‌ڕوانییه‌‌كی ماقووڵیش له‌‌ توانای ده‌‌سه‌‌ڵاتی داهاتوو پێك دێنێت.

له‌‌ یه‌‌كێك له‌‌ به‌‌نده‌‌كانی به‌‌رنامه‌‌ی ڕێكخراوی "ئاسایش و هاوكاریی ئه‌‌وروپا" بۆ "هه‌ڵبژاردنی ئازاد و ڕه‌‌وا" هاتووه‌‌: "بۆ ئه‌وه‌‌ی دیموكراسی پێش بكه‌‌وێت و په‌‌ره‌‌ بگرێت، ده‌‌بێ هاووڵاتیان زانیاریی پێویستیان بۆ هه‌ڵبژاردنی پاڵێوراوان به‌‌ده‌‌ست بگات." هه‌روه‌ها "ده‌‌سپێڕاگه‌‌یشتنی حزبە سیاسییه‌‌كان به‌‌ كه‌ره‌سه‌كانی ڕاگه‌‌یاندن-ئه‌‌ویش به‌‌بێ هه‌ڵاواردن- به‌‌ كارێكی پێویست ده‌‌زانێت. "

‌ئاشكرایه‌‌ كه‌‌ ئامرازی ڕاگه‌‌یاندنی گشتی ڕۆڵی سه‌‌ره‌‌كی له‌‌ پێكهێنانی ڕای گشتیدا ده‌‌گێڕێت. دیاره‌‌ له‌‌ هه‌ر وڵاتێكدا به‌‌پێی تایبه‌‌تمه‌‌ندی، ڕۆڵی یه‌‌ك‌‌ یان چه‌‌ند كه‌‌سه‌‌ره‌‌ی‌ ڕاگەیاندن به‌‌رز ده‌‌بێته‌‌وه‌‌. له‌‌ وڵاتی ئێمه‌‌دا ته‌‌له‌‌فزیۆن و ڕادیۆ ده‌‌وری سه‌‌ره‌‌كی ده‌‌گێڕن‌. ده‌‌ستپێڕاگه‌‌یشتنی یەکسانی حزب و پاڵێوراوان به‌‌ كه‌‌ره‌‌سه‌‌‌كانی ڕاگه‌‌یاندن، ڕه‌‌وتی هه‌ڵبژاردن باشتر و هێمنتر ده‌‌كات و به‌‌دیموكراتیكردنیش قووڵتر ده‌‌كاته‌وه‌‌‌. ئەوەیشمان لەبیر نەچێت کە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو "فەیسبووک" و "تویتێر" دەوری گەلێک گرینگ دەگێڕن لە گەیاندنی پەیام و ناساندنی بەرنامە و پاڵێوراوان، بەڵام کێشە و گرفتی خۆیشیان هەیە.

ده‌‌وری كه‌‌ره‌‌سه‌‌كانی ڕاگه‌‌یاندن له‌‌ چۆنێتیی گه‌‌یاندندا

یارمه‌‌تی و ڕێنوێنیی په‌‌یامنێران، ڕۆژنامه‌‌وانان و خاوه‌‌نانی ڕاگه‌‌یاندن بۆ ڕه‌‌چاوكردنی هاوسه‌‌نگی له‌‌ نووسینی ڕاپۆرتدا، هه‌روه‌ها دووركه‌‌وتنه‌‌وه‌‌ له‌‌ نووسینی دنه‌‌ده‌‌رانه‌‌، خۆپاراستن له‌‌ به‌‌كارهێنانی زمانی نه‌‌یارانه‌‌ و به‌‌رگرتن به‌‌ بڵاوكردنه‌‌وه‌‌ی ده‌‌نگۆ، یه‌‌كێكە له‌‌ ئه‌‌ركه‌‌ گرینگه‌‌كانی ڕاگه‌‌یاندن‌‌ كه‌‌ پێویسته‌‌ ڕه‌‌چاو بكرێت.

ـ به‌‌هۆی ئامرازه‌‌كانی ڕاگه‌‌یاندنه‌‌وه‌‌یه‌‌، كه‌‌ هاووڵاتیان زانیاری سه‌‌باره‌‌ت به‌ پلانی سیاسیی پاڵێوراوه‌‌كان بە‌‌ده‌‌ست دێنن. له‌‌م نێوه‌‌دا ته‌‌له‌‌فزیۆن و ڕادیۆ و تا ڕادده‌‌یه‌‌كی به‌‌رچاویش ڕۆژنامه‌‌كان شوێنی سه‌‌ره‌‌كییان‌‌ هه‌یه‌‌. به‌‌پێی ئه‌‌وه‌‌ی كه‌‌ ته‌‌له‌‌فزیۆن به‌‌ ده‌‌نگ و وێنه‌‌وه‌‌‌، كارتێكه‌‌ریی له‌‌ناو هاووڵاتیاندا به‌‌رچاوتره‌، به‌‌رپرسیارێتیی ئه‌‌م ده‌‌زگه‌یه‌‌ قورستره‌‌.

ـ پێكهێنانی مێزگرد سه‌‌باره‌‌ت به‌ پلان و پرۆژه‌‌كان ده‌‌وری گرینگ ده‌‌گێڕێت. یه‌‌كێك له‌‌ تایبه‌‌تمه‌‌ندییه‌كانی مێزگرده‌‌كان ئه‌‌وه‌‌یه‌‌ كه،‌‌ حزبەکان- واته‌ پاڵێوڕاوه‌كانیان- به‌‌ شێوه‌‌یه‌‌كی یه‌‌كسان، هه‌روه‌ها پێكه‌‌وه‌‌ له‌‌ كه‌‌ره‌‌سه‌‌كانی ڕاگه‌‌یاندندا به‌‌شدار ‌‌بن. له‌‌ لایه‌‌كی تریشه‌‌وه،‌‌‌ ئه‌‌م ڕووبه‌‌ڕوو دانیشتنه‌‌ ده‌‌توانێت، كه‌‌شوهه‌وایه‌‌كی هێمن و دۆستانه‌‌ پێك بێنێت.

ـ گرینگیدان به‌‌ به‌‌رنامه‌‌ و پەیامی حزب و هاوپه‌‌یمانه‌‌كان، گرینگتره‌ له‌‌وه‌‌ی كه‌‌ بایه‌‌خ به‌ ناكۆكیی نێوان حزبەکان بدرێت. له‌‌ پله‌‌ی یه‌‌كه‌‌مدا، پێویسته‌‌ بایه‌‌خ به‌‌ به‌‌رنامه‌‌ی حزب و لایەنەکان بدرێت.

پێكهێنانی كه‌‌شوهه‌وای هێمن و دوور له‌‌ گرژی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌‌ندامانی په‌‌رله‌‌مان، هه‌روه‌ها پاراستنی ئه‌‌م كه‌‌شوهه‌وایه‌‌،‌‌ به‌‌شێكی ده‌‌كه‌‌وێته‌‌ سه‌‌رشانی ڕاگه‌‌یاندن و بەشەکەی تریشی بۆ پاڵێوراوانی حزب و لایەنەکان دەگەڕێتەوە کە چۆن و بە چ زمانێک پەیامەکانیان بە هاووڵاتیان بگەیەنن بەبێ ئەوەی باسەکان بەلاڕێدا بەرن؛ هەروەها نەبنە سەرچاوەی پشێوی و دروستکردنی کەشێکی دنەدەرانە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و گەیاندنی پەیامەکانیاندا. كه‌‌شوهه‌وای هێمن و هه‌ڵبژاردن، پێكه‌‌وه‌‌ مانا ده‌‌ده‌‌ن و دوو دیوی دراوێکن. به‌‌شداریكردنی هاووڵاتیان له‌‌ هه‌ڵبژاردن و بوونی ئه‌‌م به‌‌شدارییه‌‌ وه‌‌كوو كەلتوور بۆ چاره‌‌سه‌‌ركردن و، ده‌‌ستاوده‌‌ستكردنی ده‌‌سه‌‌ڵات بۆ ڕاگه‌‌یاندنیش كارێكی ئه‌‌رێنییه‌‌‌.

پێداچوونه‌‌وه‌‌ به‌‌ كاری كه‌‌ره‌‌سه‌‌كانی ڕاگه‌‌یاندن له‌‌ هه‌ڵمه‌‌تی هه‌ڵبژاردندا زۆر گرینگە، چونکە پێویسته‌‌ چاودێریكردن و هه‌ڵسه‌‌نگاندنی سه‌‌ربه‌‌خۆ و جێی متمانه‌‌ له‌‌سه‌‌ر بارودۆخی ئازادیی ڕاگه‌‌یاندنه‌‌كان، هه‌روه‌ها كاری ڕاگه‌‌یاندن له‌‌ ڕه‌‌وتی هه‌ڵمه‌‌تی هه‌ڵبژاردندا، ئه‌‌ویش له‌لایه‌ن ڕۆژنامه‌‌وانانی پیشه‌‌یی، پسپۆرانی ڕۆژنامه‌‌وانی و پارێزه‌‌رانه‌وه‌ به‌‌ڕێوه ‌‌بچێت.

بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە کە هاووڵاتیان بتوانن لە کەشێکی ئارامدا جارێکی تر گوێ لە حزبەکان بگرن، هەروەها خوازیاری ئەوەن بزانن کە پلانی حزبەکان بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە عێراق (پەرلەمان و حکوومەت)دا چییە و، هەر بەو پێیەیش بەرنامەی ئەوان چ کارتێکەرییەکی لەسەر هەرێمی کوردستان و ژیانی ئەوان دەبێت. ڕێک لەبەر ئەوەیە کە کەشوهەوای هێمن و ئاسایش بۆ هاووڵاتیان، پاڵێوراوان و کەرەسەکانی ڕاگەیاندن، لە مەرجە سەرەکییەکانە. هەروەها بۆ حزبەکانیش پێویستە، بۆ ئەوەی بتوانن به‌ ڕێی بەرنامەکانیانەوە باشترین کارتێکەرییان لەسەر هاووڵاتیاندا هەبێت، چونکە ئەوە هاووڵاتیانن سەرپشک دەبن کە دەنگ بە کام حزب بدەن و بە کامیان نەدەن. ئەو ڕەوتە و دەوری ئەو هاوکێشانە تەنیا بۆ بانگەشە و ڕۆژی هەڵبژاردن نییە، بەڵکوو بۆ دوای هەڵبژاردنیش دەوری کاریگەر دەگێڕێت تا حزب و لایەنەکان بتوانن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەهێز بێت، کاری هاوبەش بکەن و پلانی تۆکمە و هاوبەشیان هەبێت.