كوردستان ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ ده‌ستێوه‌ردانی لیبڕالی، كۆتایییه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتنه

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

زه‌ تایمز

ڕۆیشتنی به‌په‌له‌ی خۆراوا له‌ ئه‌فغانستان، دووباره‌ مشتومڕی ده‌ستوه‌ردانی لیبڕالیی ده‌ست پێ كردۆته‌وه‌. ئه‌م گفتۆگۆیه‌ زۆر جار به‌رچاوڕوونی ده‌داته‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی كه‌وا هه‌موو ده‌ستوه‌ردانێك خراپ نییه‌. كار و هه‌نگاوه‌كانی بریتانیا، ئه‌مریكا، فه‌ڕه‌نسا و ئه‌وانی تر له‌ ساڵی 1991 له‌ كوردستانی عێراقدا، سه‌دان هه‌زار هاونیشتمانیی منیان له‌ كوشتن به‌ده‌ست "سه‌ددام حوسێن"ه‌وه‌ ڕزگار كرد.

ئۆپه‌راسیۆنی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسووده‌یی، بیرۆكه‌ی جۆن مه‌یجه‌ر و ناوچه‌ی دژه‌فڕین، هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌دوای یه‌كدا هاتن و بۆ ماوه‌ی 12 ساڵ كوردستانیان پاراست. ئه‌م شته‌یش كایه‌ و ئاسایشی پێویستی دابین كرد بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان، دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌ حكوومییه‌كان و پێكهێنانی هێزێكی سه‌ربازیی شه‌رعی، كه‌وا هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌.

كاتێكیش له‌ ساڵی 2003 عێراق ئازاد كرا، ئێمه‌ هه‌زاران گوندمان كه‌وا به‌ده‌ستی به‌عسییه‌كان خاپوور كرابوون، ئاوه‌دان كرده‌وه‌ و پیشه‌سازیی نه‌وتمان دامه‌زراند و بازاڕی ئابووریمان گه‌شه ‌پێ دا. به‌كورتی، ده‌ستوه‌ردانی 30 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ڕێگه‌ی به‌ ئێمه‌ دا بناغه‌ی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانی خۆمان دابنێین. ئه‌مڕۆیش خه‌ڵكی كوردستان و بریتانیا هاوڕێی نزیكن؛ شه‌ریكی بزنس و هاوپه‌یمانی دژ به‌ تیرۆرن. سه‌ردانه‌كه‌م له‌م هه‌فته‌یه‌دا بۆ شانشینی یه‌كگرتوو، یادی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ قووڵه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌یش له‌ وه‌به‌رهێنانی بریتانیا له‌ كوردستان، ئاره‌زووی گه‌نجه‌كانمان بۆ خوێندن له‌ زانكۆ‌كانی بریتانیا و گه‌شه‌سه‌ندنی ڕه‌وه‌ندی كوردی له‌ سه‌رتاسه‌ری بریتانیادا، ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌.

به‌ڵام هێشتا شه‌ڕی هاوبه‌شمان دژی داعش، زۆری ماوه‌ كۆتاییی پێ بێت و پێویستیمان به‌ ئارامگرتنی ستراتیژی هه‌یه‌. هێشتا ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و سووریا و شوێنه‌كانی تردا چالاكه‌؛ هه‌روه‌ك بینیمان تاڵیبان چاوه‌ڕێی كرد تا ئه‌و كاته‌ی ڕكابه‌ره‌كانی، ئه‌فغانستانیان جێ هێشت. داعش نه‌ خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دات و نه‌ ڕا ده‌كات. له ‌پێناو داهاتوومان و ئاسایشی ئه‌و هاوپه‌یمانانه‌مان كه‌وا له‌ وڵاته‌كانیاندا دوچاری كاری قێزه‌وه‌نی تیرۆریستی بوونه‌ته‌وه، پێشمه‌رگه‌ شان به ‌شانی هێزه‌كانی عێراق و خۆراوا، به‌رده‌وامه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌.

كوردستان له‌ ڕێزی پێشه‌وه‌ی ململانێی ئازادیخوازان له‌گه‌ڵ زۆرداریدا، هیوا له‌گه‌ڵ تاریكیدا و هه‌روه‌ها ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستی و توندڕه‌وانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئێمه‌ و شێوازی ژیانمان ده‌كه‌ن، ده‌وه‌ستێت. به‌ڵام ئێمه‌ هه‌ر به‌ مه‌نزڵگه‌یه‌كی ئارام و نموونه‌ی لێبوورده‌یی ده‌مێنینه‌وه‌. ئێمه‌ پێشوازیمان كردووه‌ له‌ نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن ئاواره‌ی سووری و ئاواره‌ی ناوخۆی عێراق، كه‌وا له‌ ده‌ستی داعش ڕایان كردووه‌؛ كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌رگه‌مان به‌ڕوویاندا نه‌كردبانه‌‌وه‌، ئه‌وا یان ده‌كوژران یانیش ده‌گه‌یشتنه‌ ڕیزی كۆچی به‌كۆمه‌ڵ بۆ ئه‌وروپا. ئێمه‌ باوه‌ش بۆ گشت بیروباوه‌ڕه‌كانی وه‌ك موسڵمان، مه‌سیحی، ئێزدی و ئه‌وانی تر ده‌كه‌ینه‌وه و پێشوازییان لێ ده‌كه‌ین. مشتومڕ و قسه‌وباس له‌باره‌ی ئه‌فغانستانه‌وه‌ زۆره‌، به‌ڵام ده‌ستوه‌ردان له‌ كوردستان بۆ شانشینی یه‌كگرتوو و مرۆڤایه‌تی سه‌ركه‌وتن بوو؛ هه‌روه‌ك چۆن گرنگه‌ مرۆڤ په‌ند له‌ هه‌ڵه‌كانی كه‌سێك وه‌رگرێت، به ‌هه‌مان شێوه‌یش پێویسته‌ ده‌ستخۆشی له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی كه‌سێك بكه‌یت.

 

وه‌رگێڕانی له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: ئێحسان نه‌زه‌ت مسته‌فا

سه‌رچاوه‌:

https://www.thetimes.co.uk