پەروەردە و فێرکردن لە مالیزیا

وەرگێڕان و ئامادەکردنى: ڕەسوول بەختیار

پێشەکى:

خوێندن و فێرکردن، هۆیەکى سەلمێندراوە بۆ سەرکەوتنى نەتەوەکان. لە هەموو ڕوویەکەوە، سەرکەوتن و پێشکەوتنى وڵاتان بە هۆى کوالێتیى بەرزى خوێندنەوە بەرەو لووتکە دەچێت. نموونە بۆ پڕۆسەى خوێندن گەلێک زۆرە و، دەتوانین چەندین خەسڵەتى پەروەردە و فێرکردن وەک نموونە بخەینە ڕوو. دروشمى هەموو وڵاتان جەخت لە بەرزى و مەزنیی پەروەردە و خوێندن و فێرکردن دەکاتەوە، بەڵام تا چەند سەرکەوتووە، دەگەڕێتەوە بۆ ئاستى پێشکەوتنى ئەو وڵاتە لە نێوەندى پێشکەوتنى وڵاتانى جیهاندا. بۆیە زۆربەى وڵاتان گرینگییەکى زۆر بە خوێندن دەدەن، تا لەگەڵ ڕەوڕەوەى پێشکەوتندا هاوشان بن و، بتوانن بە هەموو شێوەیەک زیاتر بەهاکانى ڕۆشنبیرى بە دەوروبەریان بناسێنن. وڵاتى مالیزیا لەو وڵاتە ئیسلامییانەیە، کە توانیویەتى بە هۆى گرینگیدان بە پەروەردە و خوێندن و فێرکردن لە ئاست وڵاتە پێشکەوتووەکانى جیهاندا بێت و، بتوانێت نەوەیەکى ڕۆشنبیر و نزیک لە تەکنەلۆژی بهێنێتە کایەوە و، لە هەموو ڕووەکانى تەکنەلۆژییه‌وە باڵادەست بێت. دەکرێ سوود لە نموونەى وڵاتى مالیزیا وەربگیرێت، نەک تەنیا لەسەر کاغەز و پێشکەشکردنی ڕاپۆرت، بەڵکوو پراکتیکكردنى هەموو خاڵەکانى پێشکەوتن، ئەرکێکە تا لە نزیکەوە لە هەموو بڕگەکان شارەزا بین و سوودى لێ وەربگرین. لەم توێژینەوەیەدا بەوردى باس لە پڕۆسەى خوێندن و پەروەردە و فێرکردن لەو وڵاتەدا کراوە؛ ئێستایش ئەو وڵاتە بووەتە نموونەیەکى باڵاى وڵاتە پێشکەوتووەکانى جیهان، بە هۆى پەرەدان و گەشە و گرینگیدانی بەو بوارە هەستیارە.

ماوەیەکى دوورودرێژ وڵاتى مالیزیا لەژێر دەستى ئینگلیزدا بوو؛ ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی کە نەتەوەى مالیزى نەتوانێت خۆى سیستەمى پەروەردە و فێرکردن دابنێت. بەڵام، دواى ئەوەى مالیزیا لە ساڵى 1957دا سەربەخۆییى بەدەست هێنا و داگیرکاریى بریتانیا ئەو وڵاتەى بەجێ هێشت، پەروەردە و فێرکردن بووە بەشێکى دانەبڕاوى سیاسەتى پەرەپێدان و گەشەپێدانى مالیزیا. بۆیە کەرتى فێرکردن و پەروەردە، چەندین گۆڕانکاریى یەک لە دواى یەکى بەخۆیەوە گرت. ئەمە و لە ماوه‌ی سى ساڵى ڕابردوودا، دەوڵەت بۆ زیاتر برەودان بە کۆمەڵگە، چەندین هەوڵ و کۆششى دا. بۆ ئەمەیش هەموو هەوڵەکانى بۆ ئەوە بوو تا سیستەمى پەروەردە و فێرکردن یەکگرتوو بێت و گۆڕانکارى لەنێو کۆمەڵگەى مالیزى بکات. ئەمەیش لەپێناو پەیڕەوکردنێکى نیشتمانى بۆ پەروەردە و فێرکردن و هێنانەکایەوەی سیستەمێکى گونجاو، وەک بەکارهێنانى زمانى نەتەوەیى؛ بەو پێیەى باشترین هەوڵە بۆ گەیاندن. ئەمەیش وای کرد لەم ماوەیەدا لە هەموو قۆناغەکانى فێرکردن و پەروەردەدا چەندین هەنگاو بچنە پێش. لە لایەکى دیکەوە، بووە هۆى هاتنەکایەوەى کوالێتیی بەرزى فێرکردن و پەروەردە لە هەموو ڕوویەکەوە. بۆ ئەمەیش هەنگاویان نا، تا بوارە تەکنەلۆژییەکان بخەنە نێو پەروەردە و فێرکردنەوە و، هەمووی ئەمانەیش، بووە هۆى ئەوەى زیاتر گرینگى بە مامۆستا بدرێت و، سیستەمى پەروەدە و فێرکردن چەندین ڕووى چاکسازى بەخۆیەوە بگرێت، تا لەو بوارەدا ئامانجەکان بەدەست بێنن؛ وەک بەرزکردنەوەی پلەى پەروەردە و فێرکردن و ڕاهێنان تا هەموو هاووڵاتییەکى مالیزى سوودى لێ وەربگرێت، بۆ ئەوەى تا ساڵى 2020، مالیزیا یەکێک لەو دەوڵەتە مەزنانە بێت، کە گرینگى بە پەروەردە و فێرکردن دەدەن.

ئەو هۆکارانەى بوونە هۆى دامەزراندن و گەشەپێدانى پەروەدە و فێرکردن لە مالیزیا

پەروەدە و فێرکردن لە مالیزیا کاریگەریی لە چەندین هۆکارى ڕۆشنبیرى وەرگرت، کە بووە هۆى دەرکەوتنێکى بەهێزى سیستەمى پەروەردە و فێرکردن لە مالیزیا. لە ڕووى جوگرافییەوە ڕووبەرى گشتیى مالیزیا 329758 کم2 (کیلۆمەتر دووجا)یە. مالیزیا دەکەوێتە باشوورى ڕۆژهەڵاتى کیشوەرى ئاسیا، لە نزیک هێڵى ئیستوا (هێڵی کەمەرەیی) و ڕووبەرێکى فراوانى هەیە لەسەر دەریاى هیندەوە تا چین؛ 3000 میل لەسەر زەریاى هیندەوە تا دەریاى باشوورى چین؛ درێژیى کەنارى سراواک و سەباح، واتە مالیزیاى ڕۆژهەڵات 1400 میلە. بەپێى ئامارى 2008 ژمارەى دانیشتووانى مالیزیا 27 ملیۆن و 757 هەزار کەسە، واتە 0.41%ى کۆی گشتیى دانیشتووانى جیهان. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى گرفت و ئاستەنگەکانى زۆربوونى دانیشتووان، حکوومەتى مالیزیا پڕۆژەى چه‌ندین به‌رنامه‌ی دانا، تا ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنى هەموو کێشە و گرفتێکى ئەو وڵاتە. هاوكات چەمکەکانى پەروەردەى دانیشتووانى لە ڕه‌وتی ئامادەکردنى مامۆستای وڵاتدا هێنایە کایەوە. زمانى مالیزی، یان مالاوى، زمانى فێرکردن بوو لە قۆناغى یەکەمدا، واته‌ هەر لە ساڵى 1967ەوە. زمانى مالیزی بە ڕێنووسى لاتینى، یان عەرەبى دەنووسرێت، لە تەک ئەوەى چەندین شێوەزاری ناوچەیی هەیە، کە لە زۆر شوێنى مالیزیا قسەیان پێ دەکرێت؛ بەتایبەت لە هەرێمە جۆراوجۆرەکان. گەلى مالیزیا لە چەندین ڕەچەڵەکی وەک مالاوی، چینى و هیندى پێک دێت. چینییەکان بە شێوەزاری باوکانیان قسە دەکەن، هیندییەکان بە زمانەکانى تامیلى و هیندۆسى قسە دەکەن؛ ئه‌مه‌ لە تەک چەندین شێوەزار و زمانى دیکەدا. ئەوەى تێبینی دەکرێت، زمانى ئینگلیزى لە چوارچێوەیەکى فراواندا قسەى پێ دەکرێت؛ بەتایبەتی لە فەرمانگە حکوومییەکان و بوارە بازرگانییەکاندا وانەی زمانى ئینگلیزی وەک ماددەیەکى چەسپاو لە قوتابخانەکانى مالیزیادا بۆ خوێندن دانراوە. لە لایەکى دیکەیشەوە زمانى مالیزى، زمانى فێرکردنە لە هەموو قۆناغەکانى خوێندندا، لەگەڵ مانەوەى زمانى ئینگلیزى وەک زمانى دووەم.

لە ڕووى کۆمەڵایەتیشەوە مالیزیا لە سەردەمى داگیرکردنیدا لە نێوەندى پێکهاتەیەکى جۆراوجۆردا بوو؛ بۆ ئەمەیش داگیرکار پشێوى و ئاگرى فیتنەى لە سەرجەم ڕەچەڵەکەکاندا دەنایەوە. لەو سەردەمیشدا کۆمەڵگەى مالیزى بەتەواوەتى لێک ترازابوو. لە ڕووی بژێوی ژیان چینەکانى کۆمەڵگە داهاتیان دیار نەبوو. داهاتی هەندێکیان زۆر بەرز بوو و هی هەندێکیشیان نزم بوو. تەنیا پله‌ و پۆستە كارگێڕییه‌كان لەژێر دەستى ئینگلیزەکاندا بوو، کەچى هاووڵاتیان تەنیا کارە بچووکەنیان پێ دەدرا؛ ئەمەیش بەڕوونى دیار بوو، تا سەردەمى داگیرکاریى ئینگلیز. بەڵام کاتێک مالیزیا سەربەخۆییى وەرگرت، بووە دەروازەیەک تا هاووڵاتیى مالیزى بتوانێت پۆستى گەورە وەربگرێت و، بتوانن لە هەموو ڕوویەکەوە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بهێننە ئاراوه‌. لە ڕووی ئایینیشەوە، ئیسلام ئایینى فەرمیى دەوڵەتى مالیزیایە، لە تەک ئەوەى جۆراوجۆریى نەتەوە و گەلەکان لە مالیزیا، بووەتە هۆى فرەییى ئایینى لەو وڵاتەدا؛ ئایینى چینییەکان، بوزى و تاوییە و، هیندییەکانیش ئایینى هیندۆسییان هەیە، لەتەک کەمینەیەکی کریستانییەکان (مەسیحى). بۆ ئەمەیش، دەستوور ئەوەى چەسپاندووە، کە ئازادیى پەرستن بۆ هەمووانە.

لە لایەکى دیکەوە ئابووریى مالیزیا پشت بە کشتوکاڵ و پیشەسازى و ڕاوەماسى دەبەستێت و، یەکێکە لەو وڵاتانەى بەرهەمى هەناردەى زۆرە و، هەر لە باکوورە تا باشوور، ئابووریى مالیزیا زیاتر پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێت.

بنەماى سیستەمى پەروەردە و فێرکردن لە مالیزیا

بە شێوەیەکى گشتى سەرەتاى ساڵى خوێندن لە مالیزیا لە ڕێكه‌وتى یەکى ژانویە دەست پێ دەکات، تا حەفتەى سێیەمى نۆڤەمبەر. ڕۆژانى خوێندنیش لە ماوەى ساڵێکدا، 190 ڕۆژە. سیستەمى پەروەردە و فێرکردن لە مالیزیا بە چەندین قۆناغدا تێپەڕ دەبێ، بەم شێوەیەى خوارەوە:

پەروەردە و فێرکردن لە پێش خوێندن:

پەروەردە و فێرکردن لە پێش خوێندن، یان ئەوەى ناسراوە بە باخچەى ساوایان، بەشێک نییە لە سیستەمى پەروەردە و فێرکردنى فەرمى، چونکە ئەم جۆرە فێرکردن و پەروەردەیە، لە ڕێی کۆمەڵێک لە دەزگه‌ حکوومییەکان و دەستەى تایبەت و ڕێکخراوە خۆبەخشەکانەوە، بۆ منداڵانى تەمەنى نێوان چوار تا شەش ساڵ ڕێک دەخرێت؛ بەڵام هەموو دەزگه‌کانى باخچەى ساوایان لەژێر چاودێریى وەزارەتى فێرکردندان.

فێرکردنى پێش خوێندن لە مالیزیا بەخۆڕایییە، کە لە لایەن چەندین دەستەى حکوومى و تایبەت و ڕێکخراوە خۆبەخشەکانەوە بەڕێوە دەچێت. لە ساڵى 1996دا ڕێژەى منداڵانى باخچەى ساوایان، لە ژمارەى قوتابیانى قوتابخانە سەرەتایییەکانه‌وه‌ نزیک بوو؛ واتە 70%ی منداڵان لە باخچەى ساوایان بوون. 

منداڵانى مالیزیا لە تەمەنى 4-6 ساڵى، پێوەندی بە باخچەى ساوایانه‌وه‌ دەکەن. لە ساڵى 1996ی وەزارەتى فێرکردن و خوێندنى مالیزیا، یاسایەکى دانا و بەو پێیەی فێرکردنى پێش خوێندن – باخچەى ساوایان ـــ بووە بەشێک لە خوێندن و فێرکردن. بۆ ئەو مەبەستەیش دەوڵەتى مالیزیا چەندین نەخشە و هێڵى پتەوى دانا؛ بەتایبەت ئەو پەیڕەوه‌ى کە لە لایەن وەزارەتى فێرکردنەوە دەخرێتە ڕوو.

ئەو پەیڕەو و پرۆگرامانەیش هەموویان لە تەک قۆناغى تەمەنى ئەو منداڵانەدا گونجاون؛ لەگەڵ ئەوەى لەگەڵ قوناغى گەشە و گرینگى و پێداویستییەکانیاندا هاوشانن. ئەم پرۆگرامەیش جەخت لە منداڵ دەکاتەوە، هەروەها گونجاوە لە پاڵ ڕەگەز و خەسڵەتى منداڵانە؛ ئەمەیش بە پەیوەستکردن و جۆشکردنى ژینگەى قوتابخانە و ماڵەوە.

ئامانجە گشتییەکانى فێرکردن لە پێش قوتابخانە –باخچەى ساوایان، بەم شێوەیەیە:

-       گەشە و پەرەپێدانیان بۆ خۆشەویستیى نیشتمان.

-       پەیڕەوکردنى به‌ها ئایینییەکان.

-       پەیڕەوکردنى ڕه‌وشت و ئاكار به‌ شێوازێكی له‌بار.

-       ڕێزگرتن لە زمانى نەتەوەیى و نیشتمانى و بەکارهێنانى.

-       بەکارهێنانى زمانى ئینگلیزى، وەک زمانى دووەم.

-       پەرەپێدان و گەشەکردنى خود و ڕێزگرتنى.

-       هاندان بۆ دۆزینەوە و داهێنان و، تا سەلیقەیان بۆ جوانى و به‌هاكان.

بۆ بەدەستهێنانى هەموو ئامانجەکانى سەرەوە چەندین بوار بۆ قوتابیان دەخرێتە ڕوو، وەک: فێرکردنى هاووڵاتیبوون و خوێندنى ئیسلامى و پەروەردە و ڕەوشت و بەکارهێنانى زمانى نیشتمانى و فێرکردنى زمانى ئینگلیزى و پەرەپێدان بە زمان و لەش و بوارە کۆمەڵایەتییەکان و زانیارییەکان لە ڕووی جوانى و داهێنانەوە. بە شێوەیەکى گشتى کاتژمێرەکانى فێرکردن و پەروەردە لە باخچەى ساوایاندا، ڕۆژانە سێ کاتژمێر و نیوە و، لە حەفتەیەکدا 5-7 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

فێرکردن و قوتابخانە سەرەتایییەکان

فێرکردن و قوتابخانە سەرەتایییەکان لە مالیزیا شەش ساڵ دەخایەنێت. ئەوەیش تێبینى دەکرێت کە دەشێ ئەو قۆناغە بە 5، یان 7 ساڵ تەواو بکرێت. منداڵان لە تەمەنى شەش ساڵییەوە دەچنە قوتابخانەى سەرەتایى و، ئەو قۆناغەی خوێندن لە مالیزیا بەخۆڕاییە. ئامانجیش لەمە، گره‌نتیكردنى پەرەپێدان و گەشەپێدانى هاوسەنگە، تا تواناکانى منداڵ په‌ره ‌پێ بدرێ، کە لایەنەکانى ئەقڵ و گیان و هەڵچوون و تەندروستیى لەش دەگرێتەوە. بۆیە هەوڵەکانى پەروەردە و فێرکردن لەم قۆناغەدا بۆ ئەوەیە، منداڵان ئەم خاڵانەى خوارەوە فێر ببن:

-       تواناى فێربوونى زمانى مالیزى، کە زمانى نیشتمانى و فەرمییە لە وڵاتدا.

-       فێری زمان بێ، (گوێگرتن، قسەکردن، خوێندنەوە و نووسین).

-       تواناى خوێندنى هەبێت.

-       فێربوونى زمانى ئینگلیزى، وەک زمانى دووەم.

-       سەبارەت بە ژینگە هەستیار بێت و، گرینگیى پێ بدات.

-       تواناى زانستى و تەکنیکیى لە لا بێتە کایەوە.

-       گرینگیدان بەو چالاکییە ڕۆشنبیری و خۆشگوزەرانییانەی لەگەڵ کەلتوورى نیشتمانیدا هاوشان بن.

-       گرینگیدان بە تەندروستیى تاک و وەرزش.

-       تواتاى هەبێ تا قورئان بخوێنێتەوە، لە تەک ئەزبەرکردنى ئایەتەکانى قورئانى پیرۆز.

-       هه‌ر له ‌سه‌ره‌تاوه‌ فێری باوه‌ڕداری بكرێ، وه‌ك باوه‌ڕی به‌خودا هه‌بێ.

-       پشتگیریکردنى بەها نیشتمانییەکان.

-       پەرەپێدانى بەهرە و هاندان بۆ داهێنان.

-       کەسێکى بەڕەوشت بێت و ڕێز لە بەهاکان بگرێت.

دوو جۆر قوتابخانە لە مالیزیا هەیە: یەکەمیان، بۆ قوتابییە مالیزییەکان، کە تێیدا زمانى خوێندن مالیزییە؛ دووەمیان، بۆ قوتابیانی چینى و تامیلی، کە تێیدا خوێندن بە زمانى خۆیانە. لە تەک ئەوەى زمانى مالیزی دەخوێنن، زمانى ئینگلیزیش لە هەموو قوتابخانەکاندا وەک زمانى دووەم دەخوێندرێت، کە قوتابى لە یەکەم پۆلەوە تا پۆلى شەشەم دەیخوێنێت. هه‌روا به‌رده‌وام، ئاستى تێگه‌یشتنی هەڵسەنگاندنى بۆ بكرێ.

سەرەڕاى ئەوەى خوێندنى سەرەتایى لە ڕووی فەرمییەوە شەش ساڵە، بەڵام قوتابیان دەتوانن بە پێنج ساڵ ئەو قوناغە ببڕن. هەندێکى دیکەی قوتابیان، دەتوانن بە حەوت ساڵ تەواوى بکەن. لە کۆتاییى قوناغى سەرەتاییدا، قوتابى تاقیکردنەوەیەکى پێ دەکرێت، کە ناسراوە بە تاقیکردنەوەى بەکەلۆریا؛ کەوتنیش لەم قوناغەدا ناگاتە 0.6%.

بۆ ئەوەى خوێندنى سەرەتایى هەموو منداڵانى مالیزیا بگرێتەوە، كه‌چی ئه‌و كات ژماره‌ی قوتابخانه‌كان زۆر نه‌بوون. بۆیه‌ جۆرە پاڵەپەستۆیەک لەسەر قوتابخانەکان دروست بوو و، قوتابخانه‌كانيش پڕ بوون له ‌قوتابی؛ به‌ ڕادده‌یه‌ك جێگه‌یان نه‌ده‌بۆوه‌. ئەمەیش واى لە وەزارەتى خوێندن و پەروەردە کرد، خوێندنى بەیانیان و ئێواران دابنێت. لە ساڵى 1996دا لە هەر پۆلێکدا 32،8 قوتابى هەبوو، بۆ هەر 20 قوتابییەکیش مامۆستایەک هەیە. سەبارەت بە پڕۆسەى هەڵسەنگاندن لە قۆناغى سەرەتاییدا، دوو جۆر هەڵسەنگاندن و تاقيكردنه‌وه‌ هەیە:

  • جۆرى یەکەم، ناسراوە بە تاقیکردنەوەى قوتابخانە سەرەتایییەکان. ئەم جۆرە  هەڵسەنگاندنە جەخت لە لایەنەکانى زانیارى و کارایییە سەرەکییەکانى نووسین و خوێندنەوە و بیرکارى دەکاتەوە؛ لە پاڵ ئەو ماددانەى کە پەیوەستن بە زمانى مالیزی و ئینگلیزى و زانست و بیرکارییەوە. لەگەڵ ئەوەى هەموو قوتابییەکى مالیزی، دەبێ لە ڕووی وانەکانى ئایینەوە هەڵبسەنگێندرێت و، ئەنجامەکەیشی بەشێکە لە ئەنجامى کۆتایى.
  • جۆرى دووەم، ناسراوە بە هەڵسەنگاندنى ئاستى یەکەم (Level one assessment). ئەم هەڵسەنگاندنەیش تاقیکردنەوەى ئامادەیییە و، وەزارەتى خوێندن و پەروەردە دەتوانن ئەو قوتابیانە هەڵبژێرن کە توانا و کارامەیییان بەرزە؛ واتە توانایەکى بەرزیان لە فێربووندا هەیە، تا ڕاستەوخۆ بچنە پۆلى پێنجەم، هەروەها لە ڕووی قسەکردن و بیرکردنەوە و چەندایەتییەوە تاقی دەکرێنەوە.

لە لایەکى دیکەوە لەگه‌ڵ هەر دوو جۆرى هەڵسەنگاندن، ساڵانەیش لە نێوەندى ساڵى خوێندندا هەڵدەسەنگێندرێن، بۆ ئەوەى قوتابى لە ڕووی زانستی و کارایییەوە تاقى بکرێتەوە؛ ئەم تاقیکردنەوەیەیش بە قسەکردن و نووسینی قوتابى تاقی دەکرێتەوە.

خوێندنى ناوەندى

خوێندنى ناوەندى لە مالیزیا لە دوو بڕگە پێک دێت:

 - خوێندنى ناوەندى، یان خوێندنى ئامادەیى (Lower Secondary School)، کە بۆ سێ ساڵە (بەڵام بۆ قوتابییە چینی و تامیلییەکان بۆ چوار ساڵە)، ساڵێکیان بۆ زیاد دەکرێت تا زمانى مالیزی فێر ببن؛ چونکە لە قوتابخانە ناوەندییەکاندا زمانى خوێندنە.

- کاتێک قوتابى ئەو سێ ساڵە تەواو دەکات، تاقیکردنەوەیەکى کۆتایى دەکات، بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە قوتابخانەى ناوەندیی باڵا (Upper Secondary School)، کە بۆ ماوەى دوو ساڵە و، چەندین قوتابخانەى ئەکادیمى و هونەرى و پیشەگەرى و ئایینیى تێدایە.

لە قوتابخانە ناوەندییەکاندا، قوتابى دەتوانێت ئەو ئامانجانە بەدەست بێنێت:

- باشتر فێرى زمانى مالیزی دەبن، بە شێوەیەک لە هەموو ڕوویەکەوە لە زمانەکە شارەزان؛ بەو پێیەى زمانێکى فەرمییە بۆ وەرگرتنى زانیارى و خاڵێكی گرنگه‌ بۆ پاراستنی یەکێتیى نیشتمانى.

- پەرەپێدانى تواناى ئەقڵى، لە ڕووی بیرکردنەوە و ڕەخنە و داهێنانەوە.

- وەرگرتنى زانست و پەرەپێدانى کارایییە جیاجیاکان و بەکارهێنانیان لە ژیانى ڕۆژانەیاندا.

 - هاوشانبوون لەگەڵ پێشکەوتنى تەکنەلۆژى و خێرایى لە بوارەکانى زانیارییە جۆراوجۆرەکاندا.

- زیاترکردنى تواناکانیان بۆ خۆیان و بۆ کومەڵگەکەیان.

- پەرەپێدانى متمانەبەخۆبوون بۆ ئەوەى ڕووبەڕووى ناخۆشییەکانی ژیانیان ببەنەوە.

- تێگەیشتنى تەواو لە مێژووى وڵاتەکەیان، لە تەک هەموو دۆخە ئابوورى و کۆمەڵایەتى و که‌لتوورییەکان کە بە وڵاتدا تێپەڕ یووە.

- هۆشیاربوون لە تەندروستیى تاک و چۆنیەتیى پاراستنیدا.

- وەرگرتنى بەها ڕەوشتییەکان و کارکردن پێیان.

-  ئارەزوویان لە زانیارى، بۆ پەرەپێدانى خۆیان بەردەوام بێت.

 - پەرەپێدان و گەشەیەکى قووڵ بەرامبەر بە بەرپرسیارێتی، تا لەپێناو نیشتمان و ئایینەکەیاندا قوربانى بدەن.

خوێندنى مالیزى، پرۆگرامێکى گشتى بۆ هەموو قوتابیان، بەبێ پشتگوێخستنى جیاکارییە ڕۆشنبیرى و نەتەوەیییەکانى وڵات، دەخاتە ڕوو؛ ئەو پرۆگرامانەیش بە ئامانجى چەند بنەمایەک دانراون، بەم شێوەیە:

- بەردەوامبوون لە خوێندنى سەرەتایى تا قۆناغى ئامادەیى و کارایییە سەرەکییەکان.

 - هەڵسەنگاندنى خوێندنى گشتى بۆ هەموو قوتابیان.

- لایەنه‌كانی ئەقڵى و ڕۆحى و تەندروستیى قوتابیان هەر لە نێوەندى ئەو پرۆگرامەدا خراوەتە ڕوو.

 - جەختکردنەوە لە بەهاکان.

- بەکارهێنانى بەردەوامى زمانى مالیزى لە خوێندندا.

- خوێندن بە درێژاییى ژیان.

هەروەها لەسەر قوتابییە چینى و تامیلییەکانە ماوەى ساڵێک زیاتر لە خوێندنى ناوەندیدا بخوێنن، بۆ ئەم مەبەستانە:

- قوتابیان بتوانن فێرى زمانى مالیزى بن، تا بتوانن لە قوتابخانەى ناوەندیدا درێژە بە خوێندنیان بدەن.

- تا قوتابى بتوانێت بەبەردەوامى زمانى مالیزى بەکار بێنێت.

- چاندنى گیانى هاووڵاتیبوون لە نێوان قوتابیاندا.

- خستنەڕووى بەهاى کۆمەڵگەى مالیزی.

لەم پێناوەیشدا ئەو وانانە دەخوێندرێن:

 - زمانى مالیزى و زمانى ئینگلیزى و زمانى چینى و زمانى تامیلی، هه‌روا بە شێوه‌یه‌كی زانستى زمانى مالیزى، پەروەردەى تەندروستى، وەرزش و پەروەردەى هونەرى بخوێندرێ.

 - قوتابى لە قۆناغى ناوەندیدا چەندین وانە دەخوێنێت، کە بریتین له‌ زمانى مالیزى و زمانى ئینگلیزى و بیرکاری و، خوێندنى ئایینى ئیسلامی و زانست و کارایییەکانى ژیان و جوگرافیا و مێژوو و پەروەردەى ڕەوەشت و وەرزش و پەروەردەى تەندروستى و پەروەردەی هونەرى.

قوتابى، دەبێ چەندین ماددەى دیکە بە ئارەزووى خۆى بخوێنێت، کە خۆى لە چوار کۆمەڵەدا دەنوێنێت، بەم شێوەیە:

خوێندن لە ئاستى ناوەندیی باڵادا (ئاماده‌یی).

- مرۆڤایەتى.

- وانە هونەرى و پیشەگەرییەکان.

- زانست.

- خوێندنى ئیسلامى.

دوای ئەوەى قوتابى هەموو ئەو وانانەى خوێند، تاقی دەکرێتەوە تا بتوانێت بڕوانانە وەربگرێت و بچێتە قوتابخانەى ناوەندیی باڵا ) (Upper   Secondary Level، چه‌ند ئاستێكه‌؛ وەک قوتابخانە ئەکادیمییەکان و قوتابخانەى تەکنیکى و پیشەگەرى. قوتابى بەپێى تاقیکردنەوەى ناوەندى، هەموو ئەو ئاستانە دەبڕێت. ماوه‌ی خوێندنیش دوو ساڵه‌ و، لەو قوناغەیشدا هەموو بابه‌ته‌ ئەکادیمی و تەکنیکى و پیشەگەرییه‌كان دەخوێندرێت. ڕێژەى مامۆستایان لە خوێندنى ناوەندیدا لە وڵاتى مالیزیا، هەر مامۆستایەک 18 قوتابى وەبەر دەکەوێت و چڕیی پۆلەکانیش دەگاتە 34.8 قوتابى و، ڕێژەى چوونى قوتابیانى ئامادەییش دەگاتە 82.9%.

ڕێ بە قوتابیانیش دەدرێ بە ئارەزووى خۆیان ئەو وانانە بخوێنن کە زیاتر خۆیان ئارەزوویان لێیەتى و، بەم شێوەیە، ئەو قوتابیانە لە چه‌ند وانەيه‌كدا یەکێکیان هەڵدەبژێرن، کە چوار جۆرە، وەک: خوێندنى مرۆڤایەتى و خوێندنى پیشەگەرى و خوێندنی زانستی و خوێندنى ئیسلامى، بەپێى ئەو وانانەى کە خوێندوویانە، جگە لە جوگرافیا و پەروەردەى هونەرى و تواناکانى ژیان، کە وەک وانەى دەستنیشانکراو دەخوێندرێن. ژمارەى کاتژمێرەکانی خوێندن لە حەفتەیەکدا، دەگاتە 25 کاتژمێر و نیو؛ واتە 40 وانەى خوێندن، هەر وانەیەکیش 40 خولەکە.

قوتابخانە ناوەندییە هونەرییەکان چەند ئامانجێکیان هەیە، بەم شێوەیە:

- پێشکەشکردنی کارایییە هونەرییە سەرەکییەکان، تا خوێندنیان پێ تەواو بکرێت، بەتایبەت بەردەوامبوونیان لە دەزگە پۆلیتەکنیکییەکان و زانکۆدا.

- پێشکەشکردنى وانەى هونەرى، بەتایبەت بۆ ئەو قوتابیانەى ئارەزوویان لەو وانانە هەیە، تا دواتر تێیدا ببنە پسپۆڕ.

 - بەرزکردنەوەى ئاستى هێزى کارى ڕاهێندراو و کارا، تا خزمه‌ت به‌ وڵات بكه‌ن.

له‌م قۆناغه‌ی خوێندنیشدا، هەمان شێوەى قوتابخانە زانستییەکان ده‌خوێنن، کە لە قوتابخانە ئەکادیمییەکان دەخوێندرێ. بۆیە قوتابى، دەبێت ئەو وانانە بخوێنێت کە لەسەریەتى و، ئەوانەیش بخوێنێت کە بەپێى ئارەزووەکانیەتى.

سەبارەت بە قوتابخانە ناوەندییە پیشەگەرییەکان، کە خوێندنیان لە قوتابخانە ناوەندییەکان تەواو کردووە، ئەو خوێندنەش بۆ چەند ئامانجێکە، بەم شێوەیە:

 - دابینکردنى هێزى کار بۆ کەرتەکانى بەرهەمهێنان و بازرگانى و پیشەسازى لە کۆمەڵگەدا.

- دابینکردنى پرۆگرامێکى ڕێک بۆ پێداویستییە جۆراوجۆرەکان، کە هیچ گۆرانکارییەکى بەسەردا نایەت.

- دابینکردنى کارایى و زانیارى، کە بنەماکەى خوێندن و ڕاهێنانە.

لە پێناو کوالێتیى بەرزى خوێندن و ڕاهێناندا کە پەیوەستە بە چەندین کار، بۆ ئەمەیش کەرتى تایبەت هانى دەوڵەت دەدات، تا لە فێرکردنى پیشەییدا هاوبەش بێت. بەو شێوەیە بەشێک لە دەزگە و کۆمپانیاکان بۆ ڕێکخستنى کارایى و زانیاریى پیشەیى و بازاڕى کار، هاوکاریى وەزارەتى خوێندن دەکەن، تا لە دەزگە و کۆمپانیاکاندا ڕاهێنان بکەن و، بتوانن کرێکارێکى کارا بەدەست بێنن کە ڕاهێنراوە؛ لە تەک هەموو ئەو وانانەى کە لە قوتابخانە خوێندوویانە، بەتایبەت لە نێوەندى شارەزاییى زانستى، یان لە نێوەندى کارگەکاندا فێرى بوونە.

خوێندن لە دواى قوناغى ناوەندى 

 Post Secondary education

ئەم قۆناغه‌ی خوێندنیش بۆ وەرگرتنى بڕوانامەى باڵاى قوتابخانە مالیزییەکانە. لەم خوێندنەیشدا چەندین وانە دەخوێندرێت، کە قوتابى، خۆى ئارەزوویەتى؛ بەتایبەت ئەوانەى دەیانەوێت لە دواتردا بچنە زانکۆ. خوێندن لێرەدا دوو ساڵە؛ دەرچووانى ئەو قوتابخانەیەیش دەتوانن پێوەندی بە خوێندنى زانکۆوە بکەن.

خوێندنى باڵا:

خوێندنى باڵا لە مالیزیا هەلێکە تا قوتابى خوێندنى ئەکادیمى لە یەکێک لە پسپۆڕییەکاندا تەواو بکات؛ ئەمەیش بە مەبەستى ئامادەکردنى پسپۆڕ لە بوارە جیاجیاکاندا، تا بەرامبەر هەموو پێداویستییەکانى دەوڵەت و هێنانەئاراى هێزى کارى ڕاهێنراو، وەفادار بن. ئەو جۆرە خوێندنە، بۆ دانانى توێژینەوە و خزمەتگوزاریى ڕاوێژکارى بۆ کۆمەڵگە، چەندین ئاسانکارى دەخاتە ڕوو. دەزگه‌کانى خوێندنى باڵا، سێ جۆر لەخۆ دەگرێت، وەک: زانکۆ، کۆلیژە مامناوەندییەکان و دەزگە پۆلیتەکنیکییەکان؛ خوێندنیش لە زانکۆدا لە نێوان سێ تا چوار ساڵە.

لە مالیزیا، چەندین زانکۆ هەیە، وەک زانکۆى نێودەوڵەتیی ئیسلامی، کە زانکۆیەکى نێودەوڵەتییە و بەپێى سروشتى خۆى، چەندین لایەنى نێودەوڵەتى سەرپەرشتیى دەکەن. تەنیا بۆ خوێندنى ئیسلامى و ئایینیش نییە، بەڵکوو خۆى لە چەندین بواردا دەنوێنێت؛ بە شێوەیەک خوێندن لە وەرگرتنى زانیاریدا ئاوێتەى بەها ئیسلامییەکان دەکرێت. لە لایەکى دیکەوە، کۆلیژە مامناوەندییەکان، تێیاندا خوێندن دەگاتە ئاستى دیپلۆم. دەزگە پۆلیتەکنیکییەکانیش، بۆ ئەوە دامەزراون تا لە بوارەکانى ئەندازیارى و بارزگانیدا بۆ دەرچووانى تەکنیکار و کارمەندى جێبەجێکارى مامناوەندیدا ڕاهێنان بکەن، خوێندنیش تێیدا لە نێوان دوو تا سێ ساڵە.

وەزارەتى خوێندن لە مالیزیا سەرپەرشتیی قوتابی دەکات تا پێوەندی بە زانکۆ ناوخۆیییەکانەوە بکات؛ ئەمە جگە لە زانکۆى نێودەوڵەتیی ئیسلامی، کە پەیوەستە بە چەندین پێوەر و خاڵ بۆ وەرگرتنى قوتابى.

هۆکارى پێشکەوتن لە مالیزیا دامەزراندنى زانکۆى تایبەتە؛ بۆیە حکوومەت ڕێى بە چەندین دەزگەى باڵا داوە، خوێندنى تایبەت بە خۆیان دامەزرێنن، وەک خوێندنى تەکنەلۆژیى زانیارى و ئەندازە و، حکوومەت ڕێى بە چەندین زانکۆی بیانى داوە، تا له‌ وڵاتدا لق بکەنەوە.

پەروەردەى تایبەت لە مالیزیا

پرۆگرامى پەروەردەى تایبەت لە مالیزیا بۆ قوتابیانی کەمەندامە، کە خۆى لە سێ جۆرى کەمەندامیدا دەنوێنێت: کەمەندامیى بینین، کەمەندامیى بیستن و، ئەو قوتابیانەى کە بەئه‌سته‌م (به‌زه‌حمه‌ت) فێر دەبن. ئێستا ژمارەى قوتابخانەى خوێندنى تایبەت لە مالیزیا، 31 قوتابخانەیە. ئەمەیش بەپێى سیاسەت و بنەماى زانستى بەڕێوە دەچێت، تا قوتابیانى کەمەندامى سووک، لەگەڵ منداڵانى ئاسایی لە یەک پۆلدا تێکەڵ بکەن، هەروەها ئەو منداڵانەى بەئه‌سته‌م فێر دەبن، لەگەڵ منداڵانى ئاسایى، لە قوتابخانە ئاسایییەکاندا به‌شداریی دەکەن له‌نێو پۆله‌كاندا.

ئێستا 4 هەزار منداڵ، کە کەمەندامییەکەیان سووکە، لە قوتابخانە ئاسایییەکاندان. هاوکات نزیکەى 600 مامۆستاى پسپۆڕ و ڕاهێندراو وانە بەو قوتابیانە دەڵێن. له‌ته‌ك ئه‌مه‌شدا وەزارەتى خوێندن و چەندین دەزگەى دیکە و ڕێکخراوى خۆبەخش، چەندین خزمەتگوزارى پێشکەش دەکەن بۆ ئەو منداڵانەى پێداویستیى تایبەتیان هەیە.

ئامادەکردنى مامۆستا لە مالیزیا

لەو ڕۆژەوەى مالیزیا سەربەخۆ بووە، پەیمانگەکانى ئامادەکردنى مامۆستا گرینگییەکى زۆریان لە لایەن دەوڵەتەوە پێ دەدرێت، تا بتواندرێ نوێترین ڕێ بدۆزرێتەوە بۆ دەرچوونى مامۆستایان بە شێوەیەکى پێشکەوتوو. بە هۆى سیاسەت و ستراتیژیى خوێندنەوە، کە پەیڕەوى دەکات، بۆ گشتگیرکردنى فێرکردن و پەروەردە لە هەموو قوناغەکاندا. وەزارەت ناچار بوو چەندین پەیمانگەى ئامادەکردنى مامۆستایان بێنێتە کایەوە، تا لەگەڵ پێشکەوتنى  پەروەردە و فێرکردن لە جیهاندا هاوشان بن.

سەبارەت بە ئامادەکردنى مامۆستایانی قوناغى سەرەتایى، بەپێى ئامارى ساڵى 1990، ژمارەى مامۆستایان گەیشتە 240 هەزار مامۆستا. لەگەڵ ئەوەى نیوەیان کارا نین، بۆیە دەوڵەت ناچار بوو چەندین پەیمانگەى مامۆستایان بکاتەوە، تا بە شێوەیەکى گونجاو و سەردەمییانە، بتوانن هەموو پێداویستییەکان پڕ بکەنەوە.

سەبارەت بە پەیمانگەکانى مامۆستایانى قۆناغى سەرەتایى، قوتابیانى دەرچووى ناوەندى دەتوانن لەو پەیمانگه‌یانەدا بخوێنن و ماوەى خوێندنیش دوو ساڵە و، دەرچووانى ده‌بنه‌ مامۆستای وانەی زمانەکانى مالاوى، چینى، ئینگلیزى و تامیلى و، ئەم پەیمانگەیانەیش زیاتر پەرە بە هەر چوار زمانەکە دەدەن. ئەو قوتابیانەی کە توانیویانە بڕوانامەى ناوەندیى باڵا (ئاماده‌یی) بەدەست بێنن، بۆ ماوەى ساڵێک لەو پەیمانگه‌یانە دەخوێنن.

 لە لایەکى دیکەوە پەیمانگەکانى ئامادەکردنى مامۆستاى ناوەندى لە مالیزیا، دەبنە دوو بەش: بەشى یەکەم، لە پەیمانگە و نووسینگەکانى ڕاهێنان دەخوێنن. هەروەها ئەو قوتابیانە بۆ کارى مامۆستایەتى وەردەگیرێن، کە دەرچووى ناوەندین و ماوەى خوێندنیش دوو ساڵە. ئەو وانانەى لە پەیمانگەدا دەیخوێنن، زانست و بیرکارى و هەندێک زمان و بوارە کۆمەڵایەتییەکانن و، هەندێک وانەی بازرگانى و ماڵداری و هونەرەکانى پیشەسازیش؛ بۆ ئەوەى کاتێک بڕوانامەیان لەو پەیمانگه‌یانە بەدەست هێنا، هەمان وانەى پسپۆڕى بڵێنەوە.

بەشى دووەمى پەیمانگەکانى ئامادەکردنى مامۆستاى قوناغى ناوەندیی باڵا (ئاماده‌یی): لەم بەشەدا قوتابیان بڕوانامەى باڵاى ناوەندییان هەیە و پێوەندی بە کۆلیژى پەروەردەوە دەکەن، کە خوێندن تێیدا بۆ ماوەى سێ ساڵە. پاشان مۆڵەتى باڵایان پێ دەدرێت و، دواتریش دکتۆرا دەخوێنن، بەو پێیەى پسپۆڕییەکیان لە یەکێک لە ماددەکانى خوێندندا هەبێت. بۆ ئەمەیش چەندین کۆلیژ ئامادە دەکرێت؛ وەک کۆلیژى ئاداب و زانست، کە خوێندن تێیاندا سێ ساڵە، یان خۆى ئامادەى خوێندنى زانکۆى دەکات بۆ ماوەى چوار ساڵ، کە دوا ساڵى بۆ پسپۆڕبوونە لە بابەتێکى پەروەردەییدا. لە لایەکى دیکەوە، مالیزیا قوتابیانى بۆ زۆربەى دەوڵەتە عەرەبییەکان دەنێرێت، تا پێوەندیی بە زانکۆکانیانەوە بکەن و، لە وانەى پەروەردەى ئایینى ئیسلام و زمانى عەرەبیدا پسپۆڕى وەربگرن؛ کە نێوەندى ئەو وڵاتانەیش میسرە.

ڕاهێنانى مامۆستایان لە کاتى خزمەتدا – لە مالیزیا

مالیزیا ماوە ماوە چەندین خولى ڕاهێنان بۆ نوێبوونەوەى زانیارییەکانى مامۆستا لە کاتى خزمەتدا دەکاتەوە؛ ئەمەیش بە مەبەستى باشترکردنیان لە لایەنی پەرەپێدانى زانستى و پیشەگەرییەوە، تا کارەکانیان بە جوانترین شێوە ئەنجام بدەن. بەگشتى بۆ ئەمەیش وەزارەتى پەروەردە و خوێندن، چەندین پرۆگرام بۆ ئەو ئەمانجانەى خوارەوە پێشکەش دەکات:

- دابینکردنى ڕاهێنانى سەرەکیى پێویست بۆ مامۆستایانى ئافرەت و پیاو و، ڕێکخستنى خولى ڕاهێنان لە کاتى خزمەتدا.

- ڕێکخستنى تاقیکردنەوە و ڕاهێنانى مامۆستایان.

- خستنەڕووى ڕێنمایی و ڕێسا بۆ پەیمانگەى مامۆستایانى کچان و کوڕان، کە پەیوەستە بە سیاسەتى پەروەردە و فێرکردنى وەزارەتەوە.

- هاوکاریکردنى ئەو کەسانەى بۆ وانەگوتنەوە گونجاون.

- هاوکاریکردنى مامۆستایان بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە وانەگوتنەوە و ڕێیەکانى وانەگوتنەوە.

کارگێڕیى سیستەمى پەروەردە و فێرکردن لە مالیزیا

لەو کاتەوە کە ئەو وڵاتە سەربەخۆیى وەرگرتووە؛ په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌ره‌و پێش چوو، ئەمەش بە چەندین قۆناغدا تێ پەڕیوە. دوا گۆڕانکاریش لە ساڵى 1976دا بوو، کە تا ئێستا کارى لەسەر دەکرێت. لە ڕووی نەتەوەیییەوە وەزارەتى فێرکردن لە مالیزیا، لەسەر ئاستى گشتى و ناوەنددا، سەرپەرشتیى پەروەردە و خوێندن دەکات. هەروەها لەسەر ئاستى هەرێمایەتی، یان لەسەر ئاستى ویلایەتەکانى مالیزیادا کارگێڕییەکى پتەوى لە ڕووی سەرپەرشتیکردنی بوارى فێرکردندا هەیە، بەڵام لە ویلایەتى سەباح و سراواکى ڕۆژهەڵاتى مالیزیا، هەموو کارەکان بۆ دەستە پەروەردەیى و فێرکارییەکان بەجێ دێڵن، بەپێى دەسەڵاتە ناوچەیییەکان کە سەرپەشتیى بوارەکانى پەروەردە و فێرکردن دەکەن، بۆ ئەوەى چ شێوازێک لەگەڵ ئەو دوو ویلایەتە بگونجێت، بەپێى دۆخەکانیان بەکاریان بێنن. بۆ ئەمەیش، لە به‌رنامه‌ و پرۆگرامی وەزارەتى فێرکردن و خوێندنی مالیزیادا چوار ئاستى کارگێڕى هەیە و، ئەمەیش لەسەر ئاستى فیدراڵی و ویلایەت و کەرتەکان و قوتابخانەکاندایە.

کەرتەکانی فێرکارى و خوێندنی مالیزیا هیچ پێوەندییەکیان بە هەرێمە کارگێڕییەکانەوە نییە، چونکە لەسەر بنەماى خوێندن و فێرکردن دادەمەزرێندرێن، نەک لەسەر بنەماى پێداویستیى کارگیڕى. لەسەر ئاستى فیدراڵیش، وەزارەتى خوێندن لە مالیزیا هەموو سیاسەتێکى خوێندن ڕێک دەخات؛ واتە لەسەر ئاستى نەتەوەیی، چەندین پلانى خوێندن بۆ خستنەڕووى چەندین پڕۆژە دادەنێت، کە لەگەڵ ئاواتە نیشتمانییەکان و ئامانجەکانى بگونجێت. هەروەها چەندین هێڵ بۆ پراکتیکكردنى پرۆگرامى پەروەردە جۆراوجۆرەکان دادەنرێت. چەندین بڕیار لەسەر ئاستى نیشتمانى بۆ دانانى لێژنەکان دێتە ئاراوە، کاريشى پلاندانان و بڕیاردانە. هەروەها کارگێڕییەکى پەروەردەیى و فێرکردن لە مالیزیادا هەیە (State Education Department)،  ئەمەیش لە هەر چواردە ویلایەتەکەدا هەیە. بۆ سەرۆکایەتیى ئەو کارگێڕییانەیش بەڕێوەبەرێک هەیە، کە بەرپرسە لە پراکتیکكردنى پرۆگرام و پڕۆژە و چالاکییەکان لە هەرێم و  ویلایەتەکاندا.

ئەم کارگێڕییە کۆمەڵێک کارى هەیە، بەم شێوەیەى خوارەوە:

- ڕێکخستن و هەماهەنگیى کارگێڕى لە قوتابخانەکانى ویلایەتەکاندا، بەو پێیەى دەستەى وانەگوتنەوە و کارمەندان و کارى پێدانى هەموو لایەنەکانى خوێندن ئەنجام دەدەن.

 - سەرپەرشتیکردنى پرۆگرامە پەروەردەیییەکان.

- داڕشتن و پراکتیکردنى پلانەکانى خوێندن لە ویلایەتەکاندا.

 - پێشکەشکردنى ڕاپۆرت بە وەزارەت، سەبارەت بە سیاسەتى خوێندن لە هەر ویلایەتێکدا.

 خەرجکردن بۆ فێرکردن و خوێندن

دەوڵەت پەیوەستە بە دروستکردنى قوتابخانە و پەیمانگە و زانکۆ و دەزگە ڕۆشنبیریی و پەروەردەیییەکانه، تا خوێندن لە هەموو قۆناغەکانى خوێندندا بەخۆڕایى بێت، بۆ ئەوەى هەموو خەرجییەکان لەسەر دەوڵەت بێت. لە لایەکى دیکەوە مالیزیا، هەموو هەوڵیک بۆ پێشکەوتنى خوێندن دەدات؛ بۆ ئەمەیش، لەو ڕێکخراو و وڵاتانەى کە هاوکاریى پێشکەش دەکەن، هاوکارى وەردەگرێت.

یەکێک لە خاڵەکانى فیدراڵى لە مالیزیا لەسەر ئاستى حکوومەتى فیدراڵیدایە؛ بۆیە خوێندن و فێرکردن یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکان، کە بە خاڵێکى بنەڕەتى و گەوهەرى بۆ هێنانەکایەوەى پەرەپێدانى ئابوورى دادەنرێت. هەروەها مالیزیا بڕواى بەوە هەیە کە خوێندن بۆ هەمووان پێشکەش بکرێت. ئەو قوتابیانەى لە ڕووی دارایییەوە تواناى خوێندنیان نییە، دەوڵەت هاوکارییان دەکات، بۆ ئەوەى بەردەوام بن لە خوێندن، بەتایبەت بۆ ئەوانەى دەیانەوێت خوێندنى زانکۆ تەواو بکەن.

 ئەو هاوکارییانەى کە پەیوەستە بە خوێندنى زانکۆییى وڵاتانى دەرەوە، حکوومەت هاوکاریى قوتابى دەکات، تا خوێندن لە وڵاتانى بیانى تەواو بکات، وەک: زانکۆکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و بریتانیا و کەندا و ژاپۆن و، میسریش بۆ خوێندنى زانستە ئیسلامییەکان.

مالیزیا هاوکارییەکى دەرەکیش بۆ فێرکردن و خولەکان وەردەگرێت، کە لە شێوەى هاوکاریى هونەرى و پرۆگرامى ڕاوێژکاریدایە. ئەم هاوکارییانەیش لە پرۆگرامى نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوى یۆنیسێف و یۆنسکۆ و هەندێک دەوڵەتی وەک ئوسترالیا و کەنه‌دا و ژاپۆن و بریتانیا وەردەگرێت.

سەبارەت بە کەرتى تایبەت و دەزگە و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، بە شێوەیەک هاوکارى دەکەن، بەتایبەت لەسەر ئاستەکانى فێرکردن و خوێندن، تا بتوانن له‌ زانكۆ بخوێنن. لەم ڕووەوە حکوومەت هانى کەرتى تایبەت دەدات، لە خەرجییەکانى خوێندن و پەروەردەدا بەشدار بن، تا بارى گرانى ئابوورى لەسەر حکوومەت سووکتر بێت.

ئەنجام:

دەکرێ بە چەند خاڵێک پێشکەوتنى وڵاتى مالیزیا لە ڕووی پەروەردە و فێرکردنەوە بخرێتە ڕوو، بەم شێوەیە:

١- گرینگیدان بە هەموو قۆناغەکانى پڕۆسەى خوێندن و پەروەردە، وەک خاڵێکى وەرچەرخانى پێشکەوتن.

٢- جەختکردنەوە لە دانانى پڕۆژە و پرۆگرامى نوێ، کە لەگەڵ ڕەوڕەوەى پێشکەوتن بگونجێت.

٣- دانانى بەرنامە و پڕۆژە بۆ خول و ڕاهێنانی مامۆستایان، تا زانیاریى نوێیان بۆ پڕۆسەى فێرکردن و پەروەردە هەبێت.

٤- دانانى بەرنامە بۆ هەر هەرێم و ویلایەتێک، تا بەپێى دۆخى خۆیان لەنێو پڕۆسەى خوێندندا، ناوچەکەیان پێش بخەن.

٥- دانانى چەندین وانە، کە پێویستە بخوێندرێن، لە تەک ئەو وانانەدا کە قوتابى بۆى هەیە بە ئارەزووى خۆى دەستنیشانیان بکات.

٦- جەختکردنەوە لە بەها نیشتمانی و ئایینییەکان، تا لەنێو پڕۆسەى خوێندندا بەهەند وەربگیرێن.

٧- فێربوونى زمانى ئینگلیزى، وەک زمانى دووەم. هاوکات هەموو گەلانى دیکەیش بە زمانى دایکیی خۆیان لە مالیزیادا بخوێنن، لە تەک ئەوەى زمانى مالیزى، یان مالاوى، وەک زمانى یەکەم و زمانى نیشتمانى دەخوێندرێت.

 

سەرچاوە:

  1. بقلم:  د.  حمد عبدالفتاح الزکی، 2010-03-08 22 /3 /1431، مجله‌ المعرفه‌ -مملکه‌ العربیه‌ السعودیه‌.
  2. التعلیم فی مالیزیا.
  3. ویکیپدیا.
  4. ماڵپەڕەکانى ئینتەرنێت.  
دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 13 کانونی یەکەم 2018 16:40