2016-10-30

ئاسانگیری له‌ مێژووی هزریی ڕۆژاوادا

La Tolerance

Saada-Gendron, Julie

نووسه‌ر: ژولی سادا- ژاندرون

نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ پرۆفیسۆری فه‌لسه‌فه‌یه‌ و له‌ زانكۆكانی فه‌ره‌نسا خه‌ریكی وانه‌وتنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌یه‌. ئه‌م خانمه‌ فه‌یله‌سووفه‌ گه‌نجه ‌"ژولی سادا-ژاندرون"، نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ری فه‌ره‌نسی، له‌م كتێبه‌دا زۆربه‌ی ده‌قه‌ گرنگه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ "ئاسانگیری یاخود تۆلێرانس"ی كه،‌ زیاتر له‌ بیست كه‌س له‌ فه‌یله‌سووف و زانایانی ئایینی و بیرمه‌ندانی ڕۆژئاوا، له‌ نزیكه‌ی حه‌وت سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تاوه‌كوو سه‌ده‌ی ئێستا نووسیویانه‌، هه‌ڵی بژاردووه‌ و له‌م كتێبه‌دا خستوویه‌ته‌ ڕوو.

نووسه‌ر، جگه‌ له‌ شیكردنه‌وه‌ له ‌پێش هزر و بیر و ڕای فه‌یله‌سووف و هه‌ر ده‌قێك كه‌ له‌سه‌ر ئاسانگیری هاتووه‌، له‌ سه‌ره‌تای كتێبه‌كه‌یدا پێشه‌كییه‌كی چڕوپڕی له‌سه‌ر ئه‌م پرس و بابه‌ته‌ نووسیوه‌. هه‌روه‌ها نووسه‌ر، له‌م ڕیگه‌یه‌وه‌ ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه‌ی له‌ هه‌موو ڕه‌هه‌ند و ڕوانگه‌یه‌كه‌وه‌ شیته‌ڵ كردووه‌ و خوێنه‌ری بۆ چوونه‌ نێو ڕه‌وتی مێژوویی پرسه‌كه‌ ئاماده‌ كردووه‌. به‌م پێیه‌یش، ئه‌م كتێبه‌ وه‌ك فه‌رهه‌نگێكی ئاسانگیری دێته ‌به‌رچاو.

نووسه‌ر له‌ پێشه‌كیدا، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئاسانگیری، پێدراوێكی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولای ئه‌قڵی، سیاسی و یاساییی ئازادیخوازانه‌یه‌. به‌م پێیه‌یش، ئێمه‌ ئه‌وه‌ به‌ به‌ڵگه‌نه‌ویست ده‌زانین كه‌ ناتواندرێت به‌زۆر، بیر و بڕوایه‌ك بسه‌پێنینه‌ سه‌ر كه‌سێك، یاخود ئه‌و كه‌سه‌ له‌و بیر و بۆچوونه‌ بێبه‌ش بكه‌ین و ڕیگه‌ی لێ بگرین. هه‌ر كه‌سێك له‌م بواره‌دا، خاوه‌ن‌ ئازادیی هه‌ڵبژاردنی ڕه‌هایه‌. بۆیه‌ ده‌وڵه‌ت و هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی تر، ته‌نانه‌ت ئایینی، مافی ده‌ستێوه‌ردانی له‌و بواره‌دا نییه‌.

پایه‌ و بنیاتی ئه‌م ئازادییه‌، له ‌لایه‌ك له‌ناو جیاوازیی نێوان كاروباری گشتی و تایبه‌ت (واتا له‌ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و سنوورانه‌یه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت تیایدا به‌ شێوه‌یه‌كی ڕه‌وا یاسا دابنێت، بۆ نموونه‌ بیروباوه‌ڕه‌كان وه‌ك هه‌ر شتێك كه‌ گرێدراوی ئه‌خلاق بێت، ده‌كه‌وێته‌ بوار و چوارچێوه‌ی كاروباری تایبه‌ته‌وه‌ و ناتواندرێت وه‌ك بوارێكی گشتی هه‌ژمار بكرێت)، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئازادیی بڕوا و ئیمان و ده‌ربڕین، ڕیشه‌ی له‌ ڕه‌وایه‌تییه‌كدا هه‌یه‌ كه‌ هه‌مان مافی مرۆڤ و كۆی هه‌موو یاسا سروشتییه‌كانه‌ كه‌ له‌ناو ناچێت. ئه‌مه‌یش ئازادیی بیروباوه‌ڕ یاخود ئیمانی هه‌ر مرۆڤێك، ته‌نیا به ‌هۆی مرۆڤبوونییه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر و فه‌راهه‌م ده‌كات. لێره‌دا ئاسانگیری، زیاتر له‌سه‌ر چه‌مكی یاسا و ئازادیی ئیمان و بیروباوه‌ڕه‌ تاوه‌كوو جیاوازیدانان له‌ نێوان بواری تایبه‌ت و گشتی.

له‌ به‌شێكی تردا، نووسه‌ر باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌نه‌بوونی ‌"ئاسانگیری" و به‌ هه‌قیقه‌ت زانینی پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌ كه‌  بیرجیایی و بیر و ڕای جیاواز، به‌ تاوان داده‌ندرێت. چونكه‌ له‌ هه‌ر ئایین، ڕوانگه‌ و بیروباوه‌ڕێكدا، هه‌قیقه‌ت ناگۆڕدرێت و، ڕه‌ها و پیرۆزه‌.

ئه‌م كتێبه‌ بێجگه‌ له‌ پێشه‌كی، له‌ شه‌ش به‌شی سه‌ره‌كی و چه‌ند باسێك پێك دێت.

به‌شی یه‌كه‌م: پرسی ئایینی ڕاست و لادان له‌ ئایین

  1. تۆماس داكن (ئاسانگیری یاخود كه‌مترین خراپه‌)
  2. تۆماس مۆر (مه‌زهه‌بگه‌لی یۆتۆپیایی)
  3.  ئێراسم (لێكتێگه‌ییشتن یاخود ئاسانگیری)
  4. كاستلیۆن (ئایا پێویسته‌ لاده‌ران له‌ ئایین، سزا بدرێن؟)
  5. بۆسوئیه ‌(پێوه‌ری هه‌ڵه‌، ئه‌وه‌یتربوونه‌)
  6. باسناژ دووبوووال ( لادانه ‌ئایینییه‌كان، "گه‌ستن یاخود پێوه‌دانێكی" سوودمه‌ندن)
  7. جۆن لۆك (هه‌ر كه‌نیسه‌یه‌ك گرووپێكی جیابووه‌ و لاده‌ره‌)

به‌شی دووه‌م: ئاسانگیری و ڕاڤه (ته‌فسیر)‌ی ده‌قه‌ پیرۆزه‌كان

  1. سپینۆزا (ڕق و كینی مه‌زهه‌بی)
  2. سپینۆزا (میتۆدی ڕاسته‌قینه‌ی ڕاڤه‌ی ده‌قه‌كان)
  3. سه‌ن ئۆگۆستین (به‌خته‌وه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ سه‌ركوت ده‌كرێن)
  4. بێیل (هه‌ر مانایه‌كی زمانه‌وانی، كه‌ هه‌ڵگری پابه‌ندبوون به‌ ئه‌نجامدانی تاوان بێت، هه‌ڵه‌یه‌)

به‌شی سێیه‌م: مافی ویژدان، ئه‌ركی ئه‌قڵ

  1. بێیل (مافی ویژدانی هه‌ڵه‌كه‌ر)
  2. كانت (ڕێنماییی ویژدان له‌ بواری ئیمان)
  3. لێسینگ (نواندنی سێ ئاڵقه‌یی)
  4. ڤۆلتێر (ئاسانگیری له ‌هه‌مبه‌ر ده‌مارگیریدا)
  5. ڤۆڵتێر (دانوستاندنی ئازادیی هزره‌كان)

به‌شی چواره‌م: مافی میر (پاشا)، مافی هاووڵاتیان: گشتی و تایبه‌ت

  1. جۆن لۆك (مافی حوكمڕان)
  2. جۆن لۆك (مافی كه‌نیسه‌كان)
  3. بێیل (ئایا ده‌كرێت كۆمه‌ڵگه‌ی خوانه‌ناس، بوونی هه‌بێت؟)
  4. ڕۆسۆ (مه‌زهه‌بی مرۆڤ، مه‌زهه‌بی هاووڵاتی، مه‌زهه‌بی مه‌ده‌نی)
  5. میل (ده‌سه‌ڵاتخوازیی زۆرینه‌)

به‌شی پێنجه‌م: ئازادیی هزر‌، ئازادیی ده‌ڕبرین و ئاسانگیری

  1. سپینۆزا ( ئازادیی هزر‌ و ئازادیی ده‌ربڕین)
  2. هێلڤیتیۆس (ده‌رباره‌ی ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری)
  3. رابۆسن-ئاتین (ئازادی له ‌هه‌مبه‌ر ئاسانگیریدا)
  4. جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ (مافی مرۆڤ و ئازادیی هزر‌)

به‌شی شه‌شه‌م: پێچ و په‌نا و ناڕونییه‌كانی ئاسانگیری

  1. جۆن ڕاوڵز (ئاسانگیری، دادپه‌روه‌ری و بێلایه‌نی)
  2. نێیگه‌ڵ (پلۆرالیزم، بێلایه‌نی )
  3. واڵتزر (ئاسانگیری و فره‌كه‌لتووری)
  4. لۆیی شتراوس (به‌ربه‌رییه‌ت، ئاسانگیری و پێشكه‌وتن)
  5. شتراوس (ئاسانگیری له ‌هه‌مبه‌ر مافدا)
  6. گرامشی (ئاسانگیری، نه‌گونجان و سازشنه‌كردن - نه‌بوونی ئاسانگیری، گونجان و سازشكردن)

 

 

سه‌رچاوه‌:

  1. https://www.amazon.com/Tol%C3%A9rance-Julie-Saada-Gendron/dp/2080730045
  2. http://pdf99.xyz/la-tol%C3%A9rance-pdf-2080730045.html
  3. ژولی سادا- ژاندرون، تساهل(در تاریخ اندیشه‌ غرب)، مترجم: عباس باقری، تهران: نشرنی، 1382.