2016-12-16

کتێبی "مەبەستناسی"

(Pragmatics, Georg Yule, Fifth impression 2000)

دەزگه‌ی چاپ و بڵاوکردنەوەی جەمال عیرفان (٢٠١٦)

 

وەرگێڕ: د. ڕەحیم سورخی

کتێبی مەبەستناسی، بەرهەمێکی پوخت و چڕکراوەیە لە زانستی "مەبەستناسی" (Pragmatics) و زمان لە بەکارهێناندا. ئەمە سەرەتایەکە بۆ مەبەستناسی، وەک لقێکی زمانناسی لە تەک کۆمەڵە سەرەتایەکی دیکەی ئاکسفۆرد بۆ تاووتوێکردنی زمان. کتێبەکە لە زمانی ئینگلیزییەوە بە بەراورد لەگەڵ فارسییەکەی، لە لایەن "د. ڕەحیم سورخی"، مامۆستای "زانکۆی سەلاحەددین"ەوە وەرگێڕدراوە و لە لایەن ناوەندی توێژینەوەی ئەدەبیی "عەبدولڕەحمان زەبیحی" لەسەر ئەرکی "د. تەها ڕەسوڵ" لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١٦ لە ٢١٠ لاپەڕەی ڕوقعیدا چاپ کراوە و نرخەکەی 5000 (پێنج هه‌زار) دینارە.

لەوانەیە باشترین ناساندن بۆ کتێبی مەبەستناسی (پراگماتیک) ئەم پێناسانە بێت کە جۆرج یوڵ خۆی لە زانستی مەبەستناسی دەکات. مەبەستناسی تاووتوێکردنی واتایە، ئەو واتایەی لە لایەن قسەکەر (یان نووسەر)ەوە دەگەیەنرێ و لە لایەن گوێگر (یان خوێنەر)ەوە لێک دەدرێتەوە. هەر بۆیە، مەبەستناسی زیاتر بە شیکردنەوەی مەبەستی کەسەکانەوە خەریک دەبێت، نەک بە وشە، یان ئەو دەستەواژانەی بەکاریان دێنن.

مەبەستناسی تاووتوێکردنی مەبەستی قسەکەرە.

ئەم جۆرە تاووتوێکردنە، بەناچار لێکدانەوەی مەبەستی تاکەکان لە دەوروبەرێکی تایبەتدا و، هەروەها چۆنێتیی کاریگەریی ئەو دەوروبەرە لەسەر گوتەیش دەگرێتەوە و، بۆ ئەوە پێویستە سەرنجی ئەم خاڵەیش بدرێ کە قسەکەران چۆن ئەوەی مەبەستیانە بیڵێن بەپێی وەرگر، شوێن، کات و، لە چ بارودۆخێکدا ڕێکی دەخەن. کەواتە، بەواتای تاووتوێکردنی واتای دەوروبەرە. هەروەها ئەم ڕوانگەیە، بەناچار لەوە دەکۆڵێتەوە کە چۆن گوێگران لە قسەکانیان شتێک هەڵدێنجێ و لێیان تێ دەگەن و چۆن بەشێکی گەورەی نەگوتراوەکان بە بەشێک لە پەیامەکە دادەنرێن. دەکرێ بڵێین لێرەدا واتای نادیار لێی دەکۆڵرێتەوە. کەواتە، مەبەستناسی لەوە دەکۆڵێتەوە بزانێ چ ڕادەیەک لە پەیام، زیاتر لەوەی بە زمان گوتراوە، گەیەنراوە. ئەم ڕوانگەیە ئەو پرسیارە دێنێتە ئاراوە، کە کامانە هۆکار دیاری دەکەن چی بگوترێ و چی نەگوترێ؟ وەڵامە بنەڕەتییەکە بەم پرسیارە، بە چەمکی "مەودا"وه‌ بەستراوەته‌وه‌ [لە نێوان قسەکەر و گوێگردا]. نزیکی لە ڕووی فیزیکی، کۆمەڵایەتی، یان زەینییه‌وه‌، هاوپێچی ئەزموونێکی هاوبەشە. قسەکەران بەپێی گریمانەکانی خۆیان لەبارەی ئاستی دووری، یان نزیکیی گوێگرانیان، بڕیار دەدەن تا چ ئاستێک بدوێن؛ کەواتە مەبەستناسی تاووتوێکردنی [چۆنیەتیی] دەربڕینی مەودایەکی ڕێژەیییە.

ئەم کتێبە، بۆ قوتابیانی بواری زمان و ئەدەبی کوردی و خوێندنی باڵا لە کوردستان پێویستە. هەروەها، سەرچاوەیەکی بەسوودە بۆ تێگەیشتنێکی بنەڕەتی لە مەبەستناسی و بەکارهێنانی زمان لە دەوروبەرە کۆمەڵایەتی، سیاسی و میدیایییەکان، بواری گوتارشیکاری لە زانستە مرۆڤایەتییەکان و لقە "نێوانزانستی"یەکاندا.

پێکهاتەی کتێبی مەبەستناسی

پێکهاتەی کتێبی مەبەستناسی، هەروەک کۆمەڵە کتێبە وانەیییەکانی دیکەی ئاکسفۆرد، لەسەر نموونەیەکی بنەڕەتی، بە یەک شێوە بڕاون. هەر کتێبێک چوار بەشە: تاووتوێکردنی گشتی، دەقی هەڵبژاردە، سەرچاوەی پێشنیارکراو و فەرهنگۆکێکی وەسفی.

تاووتوێکردنی گشتی

ئەم بەشە پێداچوونەوەیەکی کورتی تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی هەر بوارێک لە زمانە: پانتا و بنەمای لێکۆڵینەوە، بابەتە بنەڕەتییەکان و چەمکی سەرەکیی بواری مەبەست دەگرێتەوە. بابەتەکان بە شێوەیەک دەردەبڕدرێن و شرۆڤە دەکرێن، کە تا ئەو جێگه‌یه‌ی بکرێ، بۆ ئەو کەسانەی زانست و شارەزایییەکیان لەم بوارەدا نییە، شیاوی تێگەیشتن بێت. بەشی تاووتوێکردنی گشتییەکە بە زمانێکی سادە و شیاوی تێگەیشتن نووسراوە و، بە سەرچاوەی باوی زانستی ڕێک خراوە. لەم ڕووەوە، ئەم بەشە سادەیە، بەڵام ساویلکانە نییە. نەبوونی زانستی پسپۆری، نیشانەی بێتوانایی لە تێگەیشتن لە ئەقڵ، یان هەڵسەنگاندنی ڕایەکان نییە. بێئاگایی بە واتای نەبوونی زانستە، نەک بێبەهرەبوون لە هۆش. کەواتە، مەبەست لە تاووتوێکردنی گشتی ئەوەیە خوێنەر بەرەوڕووی تێوەگلان و پرسیار بکاتەوە؛ نه‌خشه‌ی هەر بابەتێک بە شێوەیەک دەکێشێتەوە کە خوێنەر تووشی بیرکردنەوە بکات و، لە هەڵسەنگاندنی ڕایە جیاوازەکاندا بانگهێشتی بەشدارییەکی ڕەخنەگرانەی بکات. ئەم نه‌خشه‌کێشانە چەمکییە، بێشک مەترسیی خۆی هەیە: هەڵبژاردنی ئەوەی کە چ بابەتێک گرینگە و شێوەی پێشکەشکردنەکەی دەبێ چۆن بێت، جێگه‌ی پەسندی هەمووان، بەتایبەتی ئەو کەسانەی لەم لقە زانستییەدا پسپۆڕییان هەیە، نابێت. بەڵام ئەم جۆرە بەشانە بە شێوەی ئاسایی، بەم باوەڕە دەنووسرێن کە ئەگەر بڕیارە زمانناسی، پێوەندیی بە خەڵک لە پانتایەکی بەرفراوانەوە هەبێت، دەبێ جێگرەوەیەک بۆ دوو کەرتی وەسفکردنی تەکنیکی لە لایەک و، ڕێنوێنیی ساویلکانە لە لایەکی دیکەوە بێت. ڕاستییه‌كه‌ی، ئه‌مه‌ ناوەڕۆکی سەرەکیی کتێبەکە دەگرێتە خۆ:

تاووتوێکردنی گشتی

  1. پێناسە و پێشینە
  2. نیشانە و مەودا
  3. ئاماژە و هەڵێنجان
  4. پێشگریمانە و لێکەوتەی لۆجیکی
  5. هاوکاری و لێکەوتەی هاوپێچ
  6. کردە و ڕووداوەکانی ئاخاوتن
  7. ڕێزداری و کارلێککردن
  8. ئاخاوتن و پێکهاتەی پێشخراو
  9. گوتار و کەلتوور

دەقی هەڵبژاردە

هەندێک کەس بە یەک دوو جار خوێندنەوەی بەشێکی کورتی "تاووتوێکردنی گشتی"، سوکنایییان دێت. بەڵام هەندێکی دیکە خوازیاری بەدواداچوونی بابەتەکەن و لەم ڕووەوە "تاووتوێکردنی گشتی" بە سەرەتایەک بۆ خوێندنەوەی وردتری خۆیان دەزانن. بەشی "دەقی هەڵبژاردە" قۆناغێکی پێویستی گوزار دەخاتە پێش خوێنەر و لە نێوان کتێبە پسپۆڕییەکاندا، چەند دەقێکی پێ دەناسێنێ. ئامانجی ئەم بەشە لەگەڵ بەشی "تاووتوێکردنی گشتی"دا بەتەواوی جیاوازە؛ لە بەشی دەقی هەڵبژاردەدا، مەبەست ئەمەیە کە خوێنەر سەرنج بداتە وردەکاریی ئەو دەقانەی دەخرێنە ڕوو و، شێوەی دەربڕینیان لە سەرچاوە سەرەکییەکاندا. بۆ ئەم مەبەستە، چەند پرسیارێک دەخرێتە ڕوو تا  لە ڕێگەی ئەوانەوە، خوێنەر سەرنج بداتە خاڵە هێنراوەکان لە هەر دەقێکدا، بەرامبەری ئەم خاڵانە لە دەقە جۆراوجۆرەکان و چۆنیەتیی خەریکبوونی بەو بابەتانەوە کە لە بەشی تاووتوێکردنی گشتیدا خراونەتە بەر باس. بیرۆکەکە ئەمەیە کە لەو حاڵەتانەدا وا هەندێک بابەت بۆ هەندێک لە خوێنەران شیاوی تێگەیشتن نییە، خوێنەران  بە زاراوەی پسپۆڕانەتری بەکارهاتوو لە سەرچاوە زمانناسییەکاندا ئاشنا بکات و، هانیان بدات بۆ خوێندنەوەی ورد و ڕەخنەگرانە.

سەرچاوەی پێشنیارکراو

یەکێک لە ڕێگه‌کانی چوونەناو تاووتوێکردنی وردتری زمان، گەڕانەوەیە بۆ بەشی دەقە هەڵبژاردەکان. ڕێگه‌یەکی دیکە، گەڕانەوەیە بۆ پێڕستێکی ڕوونکردنەوەییی سەرچاوەکان لە بەشی سێیەمی هەر کتێبێکدا. لەم بەشەدا، بژاردەیەک لە بەرهەمەکان (بریتی لە کتێب و وتار) بۆ خوێندنەوەی زیاتر دەناسێندرێ. ئەو ڕوونکردنەوانەی کە لە پاڵ ناساندنی ئەم بەرهەمانەدا هاتووە، پیشان دەدا کە چۆن ئەو مەسەلانەی لە بەشە جیاوازەکانی تاووتوێکردنی گشتیدا هاتوون، وردتر تاوتوێ کراون.

فەرهەنگۆکی وەسفی

هەندێک لە زاراوەکان لە تاووتوێکردنی گشتیدا بە فۆنتی تۆختر نووسراون. ئەم زاراوانە بە واتای پسپۆڕی، یان تەکنیکی، لەو لقە زانستییەدا بەکار دێن و مەبەستە واتاکانیان لەناو باسەکەدا ڕوون بێتەوە. ئەم زاراوانە لە بەشی فەرهەنگۆکدا لە کۆتاییی ئەم کتێبەدا دێن. بەشی فەرهەنگۆک بۆ هەر زاراوەیەک، ئاماژە دەداتەوە بە "تاووتوێکردنی گشتی" لەناو دەقەکەدا و، هەر بۆیە دەکرێت بگوترێ کە کاری ئیندێکسیش دەکات. ئەم لایەنە باشە دەرفەت بە خوێنەرەکان دەدات تا شوێنی بەکارهێنانی زاراوەکان و واتاکانیان لە باسی گشتیتردا تێ بگەن و لەم ڕێگه‌یەوە، بەشی تاووتوێکردنی گشتی، بەکردەوە، وەک مەرجەعێکی کورت بەکار بێنن.

بەکارهێنان

ئەم کۆمەڵەیە بە جۆرێک داڕێژراوە کە لە بەکارهێناندا نەرم بێت. هەر ناونیشانێک جیا و سەربەخۆیە و لێکچوونەکان تەنیا لە شێوەی گشتیدایە. چوار بەشی پێوەندیدار بە شێوەی گشتیی کتێبەکە، کە لێرەدا شرۆڤە کراوە، دەتوانێ بکرێتە بناغە و بەپێی پێویستی و حەزی خوێنەرانی جیاواز، بە شێوەی جۆراوجۆر لێک بدرێت. بەشێک لە خوێنەران تەنیا بە تاووتوێکردنی گشتی و فەرهانگۆکەکە ڕازی دەبن و، لەوانەیە مەیلی بەدواداچوونی سەرچاوە پێشنیارکراوەکانیان نەبێت. هەندێكی دیکە، لەوانەیە مەترسیی چوونەناو بەشی دەقی هەڵبژاردە قبووڵ نەکەن. سەرەڕای ئەمە، بەشی تاووتوێکردنی گشتی، دەتوانێت وەک دەقێکی سەرەتاییی شیاو بۆ گوتنەوە لە لقی زمانناسیی کارەکی و ڕاهێنانی مامۆستا ڕەچاو بکرێت و، بەشی دەقی هەڵبژاردە بۆ باسی لە جۆری سیمینار، لە درێژاییی کۆرسەکەدا شیاوتر بێتە بەرچاو. بەکورتی، پێشەکییە سەرەتایییەکان لە ڕوانگەی کەسی جیاوازەوە واتای جیاوازی هەیە. بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا، ئامانج ئەمەیە کە زانستی پسپۆڕی بخرێتە بەر دەست و گرنگییەکەی وەبیر بهێندرێتەوە. ئامانجی ئەم کۆمەڵەیەیش بەگشتی، دابینکردنی ئەم دەستڕاگەیشتنە و زیادکردنی ئاگایی لە بوارە جیاوازەکانی تاووتوێکردنی زماندا بووە.