خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی "وەرە پێشەوە" LEAN IN

 

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی "وەرە پێشەوە" LEAN IN

نووسەر: شێریڵ ساندبێرک

ئامادەکردنی: کنێر عەبدوڵڵا، نووسەر

کتێبی "وەرە پێشەوە"، کە بە پڕفرۆشترین کتێبی ئەمریکا ناوزەد کراوە و لە نووسینی خاتوونی نووسەری ئەمریکی "شێریڵ ساندبێرک"ە و لە 370 لاپەڕە پێک هاتووە. لە لایەن "ڕێکخراوی هیوا فاوندەیشن"ەوە کراوە بە کوردی و، لە چەندین بەشی جیاجیا پێک هاتووە.

بە هۆی گرنگی و زیندووێتیی بابەتەکە، کە بەگشتی باس لە واقعی  ژنان لە ئەمریکا و گرفتی کەمیی سەرکردایەتیکردنیان لە پۆستە باڵاکاندا دەکات، هەروەها بوونی لەمپەرەکان دەخاتە ڕوو لە لایەک و، لە لایەکی دیکەوه‌ بە هۆی بوونی هاوشێوەی هەمان گرفت و بەردەوامێتی لەنێو کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی بەگشتی و کۆمەڵی کوردی بەتایبەتی، بە پێویستم زانی خوێندنەوەیەک بۆ ئەم بەرهەمە بکەم. بە هیوای ئەوەی، وەک نووسەر لە دوا لاپەڕەی کتێبەکەیدا باسی لێوە کردووە، ئەمە سەرەتاکەی بێت، نەک کۆتاییی وتووێژ. لە هەمان کاتدا بتوانم لە ڕێی ئەم خوێندنەوەیەوە خوێنەرانێکی زیاتر بە گرنگترین خاڵەکانی ناوەڕۆکی کتێبەکە ئاشنا بکەم کە بە هەر هۆیەک بێت نەیانتوانیوە بەرهەمەکەیان پێ بگات.

١- بەگشتی گرنگیی کتێبەکە لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە تەنیا باسەکە لە لایەنی تیۆرییدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکوو پشتئەستوورە بە چەندین لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و خستنەڕووی داتا. لە لایەکی دیکە، جوانیی نووسینەکە لەوەدایە کە چیرۆکی ڕاستەقینەی ژیان و بەسەرهاتی نووسەر، بووه‌تە نموونەی زیندوو و بەرجەستەی کتێبەکە و، لە زاری ژنان و بەسەرهاتی سەدان ژنی ترەوە، بووه‌تە مەسەلە، کە چۆن ژنان لەو نێوەندەدا دوچاری گرفتە جۆربەجۆرەکان و بەرهەڵستیکردنیان دەبنەوە.

 هەروەها تیشکی خستۆتە سەر گرفت و لەمپەرەکان لە ڕێی نموونەی سادە و زیندووی ڕۆژانەی ژیان.  نەک تەنیا گوتارێک بێت بۆ ئەو پیاوانەی دەیانەوێت بزانن یان تێ بگەن لەو شتانەی ڕوبەڕووی هاوسەر، کچ، دایک و خوشکیان دەبێتەوە تا بتوانێت شوێنگەی خۆی لە دروستکردنی ژیانێکی یەکساندا جێ بکاتەوە، بەڵکوو هەموو ئەو ژنانەیش دەگرێتەوە کە دەیانەوێت بەو ئامانجانە بگەن كه‌ هەڵگرین، یان بۆ گەیشتن بە لووتکەی پیشەکەیان سوود لە دەرفەتەکانیان وەربگرن. جگە لەوەی نووسەر توانیویەتی چەندین لایەنی چارەسەر بە مەبەستی نەهێشتنی ئەو لەمپەرانە بخاتە ڕوو و، بۆ هێنانەدیی هاوبەشیکردن و  یەکسانیی ڕاستەقینە، هانی ژنان و پیاوان بدات.   لەبەر زۆریی بابەتەکە، تەنیا تیشک دەخەمە سەر گرنگترینی خاڵەکانی زانیاریبەخشین لە کتێبەکەدا، کە ئەگەرچی زۆرێکی هاوشێوەی لە واقعی کوردیدا بوونی هەیە، بەڵام جەختکردنەوە لێی، بۆ تێگەیشتن و بەردەوامیی کارکردن لەبارەیەوە گرنگە.

٢- پێزانین بە ئەرک و ماندووبوونی ئەوانەی بە هۆی کارکردنیان لە ڕابردوودا ئەمڕۆیان دروست کرد و ئەو مافانەی بەدەست هاتوون. بۆیە  نووسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە  پێویستە ئەو هەوڵانە لە لایەن کارکردووانی ئێستاوە بەڕێزەوە بنرخێنرێن. بۆ ئەمەیش هانی گەنجان دەدات کە بەرامبەر بەو شتانەی هەمانە سوپاسگوزار بن، بەڵام بە هەلومەرجی ئێستا ڕازی نەبن؛ چونکە ئەوەیە کە دەبێتە هۆی دروستکردنی گۆڕانکاری و، پێویستە ڕەوتەکە بەرەو یەکسانی، یان دادپەروەریی ڕاستەقینە بەردەوام بێت.

٣- قسەکردنی ژنان لەسەر کێشەی خۆیان هەنگاوەکان بەرەو پێشتر دەبات، نەک بێدەنگبوونیان. بۆ ئەمەیش نووسەر نموونەیه‌ک  دەخاتە ڕوو که‌ به‌هۆیه‌وه‌ هه‌ست  بە گرنگیی بوونی پارکی ئۆتۆمبێل ده‌کات بۆ ژنانی دووگیان لە نزیک شوێنەکانی کارەکانیانه‌وه‌، پاش ئەوەی له‌ ناخی خۆیدا هەست بە ماندوبوون و زوخاوی ژنانی دووگیان ده‌کات، لەو بارەیەوە داوا و پێشنیارێک بۆ بەرپرسی کارەکەی بەرز ده‌کاته‌وه به‌ مه‌به‌ستی کارکردن له‌سه‌ری، ئه‌و داوایه‌یش پاش ئەوە دێت که‌ کاتێک نووسه‌ری کتێبه‌که‌ خۆی دووگیان بوو.

٤- خستنەڕووی ڕاستییەک کە لە جیهاندا پیاوان وڵات بەڕێوە دەبەن و، نموونەی ئەوەیش باس دەکات کە لە سەرتاسەری وڵاتانی جیهاندا ژنان تێکڕا 20%ی کورسییەکانی پەرلەمان پێک دەهێنن و، چەندین نموونەی دیکە  کە باس لە کەمیی ڕێژه‌ی ژنان ده‌کات لە بازرگانیکردن و پاشان بوونی جیاوازی لە ڕووی مووچە و دەستکەوتەکانەوە لە نێوان ژنان و پیاواندا دەخاتە ڕوو و، نموونەی ئەوە دەهێنێتەوە کە لە ساڵی 2010دا پاش هەموو هەوڵدانەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەرامبەر هەر دۆلارێکی پیاوان وەری دەگرن، ژنان تەنیا 77 سەنتیان دەدرێتێ و، هەروەها لە ئەوروپا بەگشتی مووچەی ژنان بە ڕێژەی 16% لە مووچەی پیاوان کەمترە.

بۆیە نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە یەکسانیی ڕاستەقینە، لە بوونی ڕێژەی 50%ی ژنان و پیاوان وەکیەک، دەبینێتەوە. ئەوەیشە وا دەکات  ئەو پەیامە بە دەسەڵاتداران دەدات و دەڵێت: "بەڵێنی یەکسانی شتێکە و، یەکسانیی ڕاستەقینە شتێکی تر."

٥- بوونی ژنی زیاتر لە دەسەڵاتدا دۆخی ژنان دەگۆڕێت، بەڵام لە هەمان کاتدا جەخت لە ژنانێک دەکاتەوە کە دەنگێکی بەهێز و بەتوانا بن بۆ دەربڕینی پێویستی و خەمەکانی ژنان؛ تا بە هۆیەوە هەموو ژنان بەرەو پێشەوە بچن. بۆ ئەوەیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە خۆڕزگارکردنی ژنان لە لەمپەرە ناوخۆیییەکانی بەردەمیان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات زۆر گرنگە کە زۆرن، لەوانە: توندوتیژی، گێچەڵی سێکسیی ئاشکرا و شاراوە، نەبوونی ئاسانکاری بۆ ژنانی کارکردوو لە شوێنەکانیان لە ڕووی دایەنگه‌ و مۆڵەتی دایکایەتی و باوکایەتی، کە هەموو بە شێوەیەک، دەبنە هۆی بەردەوامبوون لە کاردا؛ جگە لە باسکردنی لەمپەرەکانی کە لە لایەن کۆمەڵەوە بۆیان دروست دەکرێت. هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە ژنان لە لایەن  خودی خۆیشیانەوە ڕێگرییان لێ دەکرێت، وەک ئەوەی متمانەیان بە خۆیان نییە؛ بە شێوازی جۆربەجۆر خۆیان دووره‌پەرێز ڕادەگرن و لە کاتی پێویستدا ده‌رناکه‌ون و ناچنە پێشەوە و دەست بەرز ناکەنەوە، بەوەی بزانرێت هەن.

 بۆیە نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ژنان کاتێک دەتوانن لەمپەرەکان بشکێنن، کە ڕۆڵی سەرکردایەتیکردن بەدەست بهێنین، نەک ڕوو بکەنە بەرپرسەکان و داوایان لێ بکەن.

٦- که‌لتووری کۆمەڵایەتی، وا لە ژنان دەکات کە هەمیشە ئەو پەیامە نەرێنییانە لەناو خۆیاندا قەتیس بکەن کە وەریان گرتووە. بۆ نموونە، کاتێک دەگوترێت هەڵەیە گەر دەنگ بەرز بکەیتەوە، یان توند بیت و لە پیاو بەهێزتر بیت، خزمەتی ماڵ و منداڵ بە ئەرکی سەرەکیی تەنیا خۆمانی دەزانین، ئامادەین دەستبەرداری ئامانجە پیشەیییەکانمان بین بۆ ئەوەی جێگە بۆ هاوسەر و مناڵەکانمان خۆش بکەین، بە بەراورد لەگەڵ پیاوان هیوای وەرگرتنی پۆستە باڵا و بەرپرسیارێتییە بڕیارسازەکان ناگرینە ئەستۆ.

٧- بەگشتی مەبەستی نووسەر ڕوونە، لەوەی هانی هەموو مرۆڤێک دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی لە هەر جێگە و شوێنێکی کاردا بن بەتایبەت ژنان، بە مەبەستی یەکسانبوونی باڵانسی بوونیان لە پۆستە باڵاکاندا؛ وێڕای ئاماژەکردن بەوەی شادمانی، یان سەرکەوتنی مرۆڤ تەنیا لە یەک شتدا کورت ناکرێتەوە، بەو واتایەی مەرج نییە ئامانجەکان وەکیەک بن. بۆ ئەوەیش نموونەی خستۆتە ڕوو، بەوەی دەشێت ژن، یان پیاویش هەبێت حەز لە دەسەڵات نەکەن، یان هەموو ژنێک کاری بوێت یاخود مناڵی بوێت. گرنگ دیاریکردنی ئامانجە لای مرۆڤ، کە لەگەڵ ژیان و بەها و خەونەکانی خۆیدا بگونجێت. واتە گرنگ ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ لەوە بگات بەختەوەریی خۆی لە بڕیارداندایە، کە خۆی خاوەنی ئیرادەی بڕیاردانەکە بێت، چونکە بوون و زیادبوونی دەنگی ژنان لە پرۆسەی بڕیاردان لە ئاستە باڵاکاندا، یارمەتیی فراوانبوونی هەل و مەودای مامەڵەکردنی دادپەروەرانە زیاتر دەکات.  بۆیە نووسەر باوەڕی وایە کە سەرکردە ژنەکان، کلیلی چارەسەرەکانن.

٨- چوونەپێشەوەی ژنان و بەدەستهێنانی ئەوەی دەیانەوێت، پەیوەستدار نییە بە دەوڵەمەندییەوە، بەڵکوو پەیوەستە بە خەونی زیاتری مرۆڤەکانەوە. بۆیە جەخت لە هاندانی ژنان و پیاوانیش بۆ بەکردەییکردنی خەونەکانیان دەکاتەوە و، یارمەتیدانی ژنانیش گەر لە هەر شوێنێکی کار و ماڵەوەیشدا بن. بۆیە نووسەر لە بەشێکی باسەکەیدا، هه‌ڵگیرسانی شۆڕش له‌ناو ناخی خودی تا‌که‌کانه‌وه‌ دەکاتە یەکێک لە چارەسەرەکان بەرەو گۆڕانکاریی ژیانێکی یەکسانی ڕاستەقینە.

٩- جیاوازی لە کەلتووری پەروەردەییدا، وای کردووە چاوەڕوانییه‌كان لە کوڕ و کچ جیاواز بێت. بۆیە دەڵێت کوڕ چاوەڕوانیی لێ دەکرا تەورات بخوێنێت وکچیش ماڵێکی باش بەڕێوە بەرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نەدەکرا کوڕ لە قوتابخانە دەربهێنن و، بۆ ئەوەیش نموونەی نەنکی دەهینێتەوە کە لەدایکبووی 1917 بووە، بەوەی چۆن بە هۆی نەبوونییەوە لە قوتابخانە دەریان هێناوە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بەرگدوورییەوە یارمەتیی خێزانەکەی بدات؛ كه‌چی پاشان خوێندنی زانکۆی تەواو کرد.

هەروەها لە سەردەمی خۆیدا، پیاو گەر بە یارمەتیی داراییی ژنەکەی، خێزانەکەی بەڕێوە ببردایە به ‌لاواز داده‌نرا و، نموونەی دایکیشی باس دەکات کە مامۆستا بوو و بە هۆی دووگیانی بە نووسەری کتێبەکە، وازی لە دکتۆراکەی هێنا؛ ئەمە وێڕای ئەو ڕاستییەی نووسەر لە خێزانێکی نەریتی بووە، کە هەڵسوکەوتیان لە نێوان کچ و کوڕدا یەکسان بوو.

١٠- کۆکردنەوەی کار و خێزان پێکەوە بۆ ژنان، گەر یارمەتیدەری نەبێت، سەختن. بۆ ئەوەیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پێش هەموو شتێک، گرنگە لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین. متمانەبەخۆبوون زیاد بکەین، لە ماڵەوە بەشداری بە منداڵەکانمان بکەین له‌ بڕیاره‌کاندا، تا ببێتە هاوبەشێکی ڕاستەقینە و بێنە پێشەوە و، توانای خۆمان بەکەم نەزانین.

هەروەها باس لەوە دەکات کە هاوسەنگی لە نێوان کار و ژیان، کە تەواو دژبەیەکن، بە شێوەیەکی تر بە مانای لەدەستدانی کار دێت، کە هەمیشە وەک که‌لتوور بە گوێی ژناندا دەیزرینگێننەوە؛ کە ئەمەیش چارەسەر دەکرێت به‌وه‌ی بتوانن هەر دوو کارەکە بکەن و گەشەیش بکەن تیایدا و، ئەوەیش له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتی دارایی و بەخێوکردنی منداڵ.

لە هەمان کاتدا، ئاماژە بەوە دەدات یەکگرتن و ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان  پیشە و  پێویستییە بایەلۆژییەکاندا قورس و سەختە،  گەر هاوسەرەکان و سیسته‌می حوکمڕانی، هاوکار نەبن. وێڕای ئەوەی باڵادەستبوونی کچان لەناو پۆلەکان لە هەڵکشاندایە و، 57%ی دەرچووانی زانکۆ و، 60% خاوەن ماستەر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێک دەهێنن، كه‌چی باس لە کوردستانی عێراق دەکات بەوەی 48%ی خوێندکارانی خوێندنی باڵا پێک دەهێنن و هێشتا لە دوای پیاوانەوەن؛ بەڵام لەگەڵ ئەوانەیشدا ئەو فەلسەفە پەروەردەیییە پیادە دەکەن، کە دەگوترێت دەست هەڵبڕە و ئینجا قسە بکە. ئەمە بۆ گەشەکردن لە نێوەندی کاردا نەگونجاوە، چونکە زۆر جار گەشەکردن لەو بوارەدا، بەندە بە قبووڵکردنی مەترسییه‌کانه‌وه‌. بۆیە دەبینرێت پۆستە سەرکردایەتییەکان، پڕن لە پیاوان و، سەرەتایی و کەمبایەخەکانیش لە ژنان.

گرنگترینی ئەو هۆکارانەیش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە خۆی لە نەبوونی هیوا و ئامانج و ئارەزووی سەرکردایەتیدا دەبینێتەوە. بۆ ئەوەیش ئاماژە بە چەندین لێکۆڵینەوە دەکات کە پیاوان له‌ ڕووی پیشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێ ده‌کرێت که‌ ته‌ماعیان هه‌بێت و به‌ ئاسایی وه‌رده‌گیرێت، له‌ کاتێکدا بۆ ژنان وه‌ک لایه‌نێکی نەرێنی باسی لێوه‌ دەکرێت. ئەمەیش جارێکی تر کەلتوور هۆکارە، کە بەرامبەر بەو تەماحە چەپڵە بۆ پیاوان لێ دەدات، بەڵام ژنان  زۆر جار بە هۆی ئەو خەسڵەتەوە ڕووبەڕووی سزای کۆمەڵایەتی دەبنەوە. واتە گوشاری کۆمەڵایەتی هۆکارێکی تری لەمپەرەکانی بەردەم ژنانە؛ بەوەی هەر لە منداڵییەوە هاوسەرگیری لە مێشکیاندا دەچەسپێنن كه‌ بە گەنجی شوو بکەن، نەوه‌ک پیاوی باشیان دەست نەکەوێت. بۆ ئەمەیش، نووسەر خۆی بە نموونە دەهێنێتەوە کە چۆن لە 25 ساڵیدا جیا بووەوە و، خودی ئەوەیش بە هۆی نەریتی کۆمەڵایەتییەوە شکست بوو. بۆ نموونە، لە ترسی لەدەستدانی هەلی هاوسەرگیری، لەدەستدانی هەلی خوێندن لە دەرەوەی وڵاتی خۆت، ببووە نەریت.

١١- پەیامە کەلتوورییەکان لەمپەرێکی ترن، کە شێوازی جۆربەجۆر بۆ کپکردن و بێدەنگکردنی دەنگە مێیینەکان بەکار دەهێنرێت.  نموونەی ئەوەیش وەک  چەندین نموونەی کە دەگوترێت "زیرەک وەک بابە و، جوان وەک دایە"؛ کە ئەمە نووسراوی سەر جلوبەرگی کۆمپانیایەک بوو لە 2011دا؛ یان بە کچان ده‌گوترێت "خۆسەپێن" کاتێک ئارەزوی سەرکردایەتی بکەن و، ئەمە بۆ کوڕان بەو لێکدانەوەیە بەکار نایەت.

١٢- دەرخستنی کارە ئەرێنییەکانی ژنان، دەبێتە هۆی وێنەدانەوەیەکی باشتری هەقیقەتەکان. ئەمە تێکشکاندنێكی ترسه‌، بۆ ئەوەی هەست نەکات کە مێیینەیەکی خراپە و بترسێ لەوەی ئەگه‌ر هەڵە بکات، قسەی پێ بووترێت، حوکمی بەسەردا بدرێت؛ ترسی هه‌بێت لە قبووڵکردنی مەترسییەکان. بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ سەرکردەی بوارەکەی خۆی، پێویسته‌ بتوانێت ئامانج و تموحی هه‌بێت.

١٣- چەند بەشداربوونی ژنان لە بۆنەکاندا گرنگێتی خۆی هه‌یه‌، هێندە گرنگه‌ که‌ ژنان هەست بە بوونی خۆیان بکه‌ن، هەر لەو شوێنه‌ی لێی داده‌نیشن تا ڕادده‌ی جۆر و شێوازەکانی بەشداربوونیان، تا له‌ بۆنه‌کاندا ته‌نها وەک تەماشاکەر یان دیکۆرێک دەرنه‌کەون، چونکە دوورکەوتنەوە و دوورەپەرێزییان، لە کاتێکدا لە شوێنێکدا هەبن، وەک ئەوە وایە نەبن و کاریگه‌ریشیان نابێت له‌و کاته‌دا.

ئەمە وێڕای ئەوەی جەخت له‌وه‌ دەکاتەوە كه‌ متمانەنەبه‌خۆبوون، نەبوونی تمووح (به‌رزیخوازی) ، لەدەستدانی دەرفەت و خۆبەکەمزانینی ژنان، گرفتێکی تری بەردەم ژنانە، کە لە ئەنجامی کارەکانیاندا هەمیشە خۆیان خراپتر لە واقعەکەی هەیە هەڵدەسەنگێنن؛ بۆیە هەمیشە سەرکەوتنەکانی خۆیان بەکەم دەزانن و شکستەکانی خۆیشیان بۆ بێتواناییی خۆیان دەگەڕێنێتەوە. بۆیە نووسەر لە کتێبەکەیدا سه‌رنجی خۆی دەخاتە سەر: "فێر بە و بەشداری بکە"، "بڕوات بە توانای خۆت هەبێت"، لە هەستیاری و ترس دوور بکەوە".

١٤- ئاماژەکردنی نووسەر بەوەی "سەرکەوتن نەکەنە قوربانیی خۆشەویستبوونیان"، بەو واتایه‌یه‌ كه‌ هەمیشە ژنانی سەرکەوتوو لە بواری کارکردنیاندا لە لایەن هاوکارانییانەوە خۆشەویست نابن. هەر ئەوەیشە وای کردووە زۆریک لە ژنە سەرکەوتووە جیهانییەکان، لە پشت خۆیانەوە ناووناتۆرە و توانجیان لێ دەدرێت و، بەمەیش بۆ ئەوەی خۆیان بە خۆشەویستی بهێڵنەوە، ئامادەن خۆیان پەراوێز بخەن پێش ئەوەی خەڵک بیانچەمێنێتەوە، یان وای کردووە ژنان کەمتر باس لە دەستکەوتەکانی خۆیان بکەن، بۆ ئەوەی بە خۆشەویستی بمێننەوە.

لێرەوە پێشنیازی ئەوە دەکات ژنە بەتوانا و بەهێزەکان گەر لە سەرکردایەتیدا زیاتر بن و ڕێژەی 50% پێک  بهێنن، ئەوا ئه‌ستەمە دەوروبەر و خەڵک ڕقیان لەو ژمارە زۆره‌ بێت؛ ئەمە جگە لەوەی کەلتووری کۆمەڵایەتی وای کردووە هێندەی جوانیی ژنەکان دەبینرێت، لێهاتوویییان دەرناکەوێت. بۆیە نووسەر پێی وایە سه‌رنجخستنەسەر "خاوەندارێتیکردنی دەستکەوتەکانی خۆت، یان باسکردنی دەستکەوت و جوانییەکانی یەکتری" هۆکارێکی سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی زیاتر. بۆ ئەمەیش باس لە گرنگیی فێربوونی ژنان دەکات، لەوەی بەرگەی ڕەخنە بگرن.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کەمیی ژمارەی ژنان لە سەرکردایەتیکردندا، وای کردووە چاوی زیاتر و ڕەخنەی زیاتریان ئاڕاستە بکرێت و، تاکە ژنێکیش وەک نوێنەری هەموو جێندەرەکە تەماشا بکرێت؛ لە کاتێکدا  ناکرێت هیچ یەکێک لە نموونەکان گشتاندنی بۆ بکرێت و، ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی وا دەکات ژنە سەرکەوتووەکان خۆشەویست نەبن .

١٥- وتووێژی ژنان لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان، بەپێچەوانەی پیاوانەوە، ئاسەوارەکەی نائاسایی دەردەکەوێت؛ بۆ نموونە، کەمترینی ژنان وتووێژ لەسەر مووچەکانیان دەکەن، وەک لە پیاوان، کە ئاسایی و ئەرێنی دەردەکەون. بۆیە دەرەنجام ئاماژە بەوە دەکات کە گەر بتەوێت شتێک بگۆڕیت، ناتوانیت هەمووان دڵخۆش بکەیت؛ گەر تۆ هەموو کەس دڵخۆش بکەیت، ئەوا وەک پێویست پێش ناکەویت.

١٦- ژنان خۆیان لە ئەرکی درێژکراوە و نوێ بەدوور دەگرن؛ بەو واتایەی ئامادە نین کارێک بکه‌ن کە پێشینەیەکیان لێی نەبێت. لە کاتێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە کارکردن لە تاكه‌ شوێنێکدا و گەیشتن بە هەموو پۆستێكی باڵای ئەو شوێنە، جیاوازی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانکاری لە شوێن و جۆری کاره‌که‌ی له‌ شوێنێکی تردا و، مرۆڤه‌کان ده‌توانن هەوڵی فێربوونی بدەن، چونکە یەکەمیان بەوە وەسف دەکات و دەڵێت:  "بیر مەکەرەوە کە هیچ توانایەکت نییە" ، "چاوەڕێ مەکە دەسەڵاتت بدرێتێ"؛ قبووڵکردنی مەترسی، هەڵبژاردنی گەشە، تەحەدداکردنی خۆمان و داواکردنی پلەبەرزبوونەوە، بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانمان پێکهینەری گرنگن."

١٧- هەمیشە ژنان هەوڵ دەدەن پێش ئەوەی شتێک بکەن، ئامۆژگاریکەریان هەبێت؛ ئیتر ئەو ئامۆژگارییه‌ لە کەسێکی دیاریکراو یان ناسراوه‌وه‌ وه‌ری بگرێت یان نا، لە کاتێکدا ڕاستییەکە لەوەدایە مرۆڤ خۆی هەنگاو بۆ شتێک بنێت و لە ئەنجامی بینینی ئەو شتەی بەرامبەر، ڕاوێژ بدات، یان ڕاوێژی پێ بکرێت. هەروەها ئاماژە بەوە دەدات کە پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان ژن و پیاو لە کاتی نافەڕمیدا ئاسایییە، چونکە دەبێتە هۆی ئەرک و پلەبەرزبوونەوە. واتە جیاوازیی دید و بۆچوونی کەلتووری دەخاتە ڕوو، بەوەی دوو ڕەگەزی جیاواز، گەر یەکتربینین لە نێوانیاندا هەبێت (پیاوی خاوەن پلە و ژنی بێپلە)، بە دڵداری و ژووان لێک دەدرێتەوە، لە کاتێکدا بۆ هاوڕەگەزەکان وا نییە و ئەمەیش ناڕاستە. بەمەیش ترسی قسە و قسەلۆک بۆ ژنان، دەبێتە هۆی مەترسی و دوورکەوتنەوەیان.

١٨- قسەکردنی ڕاستگۆیانە، گەرچی بۆ هەندێک وەک خەسڵەتێکی خۆڕسکییە، بۆ هەندێکی تر شارەزایییە و دەبێت فێری بن. بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ هەندێک له‌ ژنان لە ژینگەى کاردا، دەبێتە هۆی خوڵقاندنی ترس، بەتایبەت ئەوانەی لە پلە یان په‌یوه‌ندییه‌کی باڵا و کاریگەردان، پێویسته‌ لەوه‌ بگه‌ن که‌ ڕاستییەکان ڕەها نین لای که‌سێکی دیاریکراو بێت و دەشێت بۆچوونەکەی خۆی ڕاست بێت و له‌هه‌مان کاتدا هی بەرامبەرەکەیش ‌کاتێک ڕای خۆی دەردەبڕێت، بۆیه‌ گرنگه‌ لەو ڕاستییە بگەین کە هەموو مرۆڤیک لە گۆشەنیگای خۆیەوە شتەکان دەبینێ، جگە لەوەی چۆنێتیی دەربڕینی بۆچوونەکان شێوەی خۆی هەیە، بە شێوەیەک نەبێتە هۆی ناکۆکیخستنەوە و زمانی زبر؛ هەروەک چۆن گوێگرتنیش گرنگیی خۆی هەیە و، لە هەمان کاتدا "فیدباک"یش وەک هەقیقەت شتێکی ڕەها نییە.

١٩- وازهێنانی ژنە خوێندەوارەکان، یەکێکە لە هۆکارەکانی تری بوونی بۆشاییی سەرکردایەتی، کە بە هۆی منداڵ، یان هۆکاری کۆمەڵایەتییەوە ناچار دەبن، که‌ واز بهێنن، یاخود کارەکەیان بە شێوەیەک دەگونجێنن کە بۆ منداڵەکەیان گونجاو بێت، یان بە نیوەدەوام قایل دەبن. بۆیە بەم شێوەیەیش خۆیان لە پلە باڵاکان بەدوور دەگرن، وەک ئەوەی بەخێوکردنی منداڵ تەنیا لە ئەستۆی ژناندا بێت.

بە دیوێکی تردا باسی لە سزای دایکایەتی کردووە، کە بە هۆی دوورکەوتنەوەی ماوەیەک لە کارەکانیان، داهاتیشیان دادەبەزێت. یان بە هۆی زۆریی تێچوونی دایەنگه‌ی منداڵەکانیان واز دەهێنن؛ ئەمە بەپێچەوانەی پیاوانەوه‌، کاتێک شوێنی کاریان بەجێ دەهێڵن، کە هەمیشە هەست دەکەن بەرپرسی یەکەمی یارمەتیدەری داراییی خێزانەکانیانن .

٢٠- تیشکخستنەسەر ئەوەی هەوڵ بدرێت بۆ ئەوەی مێرد لە بەخێوکردنی منداڵ و ماڵدا خۆی بە هاوبەشی ڕاستەقینەی ژن بزانێت؛  بە شێوەیەک کە وا بکەوێتەوە وەک هاوبەشێک ئەرکێکی خۆی جێبەجێ دەکات، نەک چاکەیەک لەگەڵ هاوسەرەکەی دەکات، چونکە نەبوونی پشتگیری و هاوبەشیکردنی مێرد، کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنی دەخاتە سەر سەرکەوتوویی و بەردەوامیی ژنان.

٢١- باسکردن لە مۆڵەتی دایکایەتی و باوکایەتی، کە هاوسەنگیی تێدا نییە  و، زۆربەی وڵاتان بە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ دایکان، مۆڵەت بەو دەبەخشن وەک لە باوکەکە  و، زۆر جار ژنی سەرکەوتوو لە ڕێی نەک خۆیەوە، بەڵکوو هاوسەرەکەیەوە خەڵک "ووتی ووتی" و "چرپەچرپ" دەخاتە سەری و گومانی بۆ دروست دەکات  و هەوڵی نیگه‌رانكردنی ده‌دات، بۆیە نووسه‌ر ئاماژە به‌وه‌ ده‌دات کە چەند چوونه‌ پێشه‌وه‌ی ژنان بۆ ناو کار گرنگێتی خۆی هه‌یه‌، هێنده‌ش، پێویستە پیاوان فێری هەڵپەکردن بکرێن بۆ ناو کاری ماڵ و به‌ پێویست و کاری خۆیانی بزانن.

٢٢- نووسەر لە بەشی کۆتاییدا، جەخت لەوە دەکاتەوە ژن و پیاو هیچیان بڕیار و بژاردەی ڕاستەقینەیان لە بەردەمدا نییە  و، بۆ گەیشتنیش بە یەکسانیی ڕاستەقینە، پێویستە هەردووکیان هاوکار و تێگەیشتنیان بۆ ڕۆڵی هاوبەشیکردنی هەردووکیان لە گرنگیی بوونیان لەناو ماڵ و کاردا هەبێت. بەو واتایەی تا ژنان لە ئەرکی ناوماڵدا هەست بە هاوکاری و پشتیوانیی ڕاستەقینەی هاوسەرەکانیان نەکەن و، تا پیاوانیش سەبارەت بەشداریکردنیان لە ماڵ، ڕێزی تەواویان لێ نەگیرێت،  ئەوا هیچ لایەکیان بژاردەی ڕاستەقینە و هەلی یەکسانیان نابێت.

٢٣- پشگیرینه‌کردنی ژنان له‌ناو خۆیاندا، یەکێکە لە به‌ربه‌سته‌کانی بەردەم ژنان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات؛ ئەمەیش بە هۆی کاریگەربوونیانەوە بە کەلتوور، کە بە چاوی کەمتر سەیری ژن دەکەن و لە ڕەفتاریاندا دەردەکەوێت، بەوەی یەکتری پشتگوێ دەخەن، یان بەکەم تەماشای یەکتر دەکەن یاخود یەکتری دەشێوێنن.

 بۆیە دەرەنجام جەخت لەوە دەکاتەوە کە نە ناکۆکیی ئێمە بەرامبەر ئەوان و نە ئێمە بەرامبەر بە خۆمان، نامانگەیەنێتە ئامانج. بۆیە پشتگیریکردنی هەر یەکە بۆ خۆیان، کاریگەری و گرنگیی خۆی هەیە.

٢٤- بەگشتی ئەم کتێبە جگە لەوەی خستنەڕووی لەمپەرەکانی بەردەم ژنان نیشان دەدات، لە هەمان کاتدا هاندانیشیانە بۆ بینینی  ئامانج و خەونی گەورەتر و تێکشکاندنی لەمپەرەکانی بەردەمیان. ئەمەیش بۆ خۆیان و خستنەگەڕی تواناکانیان لە لایەک و، لە لایەکی دیکەوه‌ بە هاوبەشیکردنی پیاوان دەبێت. چونکە بە هاتنەپێشەوەی ژنانی زیاتر، دەتوانرێت پەیکەری دەسەڵات لە جیهانەکەماندا بگۆڕین و هەلی زیاتر بخرێتە بەردەم هەمووان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کەمیی ڕێژەی ژنان، وای کردووە هەمیشە خۆیان جیا بکه‌نه‌وه‌ له‌یه‌کتری، نەک یارمەتیی یەکتری بدەن. بەو شێوەیە گرێنتیی داهاتوویەک دەکرێت، کە چیتر جێندەر نابێتە بابەتێکی جێی بایەخ.

٢٥- لەبەر ئەوەی خودی نووسەر ئاماژەی بە گرنگیی فیدباکەکان بۆ خۆی داوە، کە منیش بۆ خۆم وەک نووسەرێک بە ئامانجی پێشکەوتن و گەشەکردنی زیاتری هەر مرۆڤێک دەیبینم لە بوارەکەی خۆیدا، لەو ڕوانگەیەوە لەبەر ئەوەی باوەڕم وایە کە ئەم کتێبە دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ نەوەی نوێ و ئەو مرۆڤانەی درک بە جیاکارییە بچووکە تایبەتەکان ناکەن کە بۆتە کەلتوور، بۆیە بە بڕوای من بە پێویستم دەزانی نووسەر چ لە ڕووی باسی ناوەڕۆکی کتێبەکە و چ مەودای جوگرافیی کتێبەکە، سنووری زیاتری ببەزاندایە و، بیتوانیایە لە هەندێ شوێندا زیاتر و فراوانتر  باسی لە بەراورد و ڕێژەی ژنانی کورد لە پەرلەمان و دەستکەوت و مووچەدا بکردایە. هەروەها بە هۆی هاوشێوەییی گرفتەکانی ژنان لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا وەکیەک، باشتر بوو نووسەر زانیاری و بەراوردی زیاتری واقعی ژنانی کوردیشی ڕوون بکردایەتەوە؛ بەوەیش دەیتوانی زیاتر ڕۆ بچێتە نێو ئەزموونی خاڵە هاوبەشەکانی ژنان لەو دوو واقعەدا. بۆ نموونە،  لە کاتی باسکردنی مووچەدا ئاماژەدان بە نەبوونی جیاوازیی مووچە لە نێوان ژنان و پیاوان لە کوردستاندا، خاڵێکی ئیجابییە کە ئاماژەی پێ بکردایە.

بەو شێوەیە نووسەر زیاتر دەیتوانی زیاده‌ بخاتە سەر لەمپەرەکانی بەردەم ژنان لە نێوەندی واقعی کوردییەوە، کە بەگشتی لەگەڵ کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا هاوشێوەیە و، بەمەیش مەودای خوێنەری بۆ کتێبەکە زیاتر دەکرد.

 بەو هیوایەی ئەم کتێبە دەروازەیەکی زیاتر بێت بۆ ئاشنابوونی زیاتری مرۆڤی کورد بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە و هەوڵ و چالاکیی زیاتری بەدوادا بێت، چونکە باوەڕم وایە چەند نووسەر لە نووسینەوە و بەچاپگەیاندنی کتێب بۆ نێو کتێبخانەکان و سوودمەندیی خەڵک ماندوو دەبێت، هێندە درێژەدان و بەردەوامیی خەڵک بۆ بەدواداچوون و فراوانکردنی بیروباوەڕەکانی خزمەت بە هەر بوارێک لە بوارەکانی گەشەکردنی مرۆڤایەتی، گرنگی و کاریگەری و ئاسەواری خۆی هەیە  و دەبێتە تەواوکەر و درێژەپێدەری کاری نووسەر بۆ هێنانەدیی گۆڕانکاریی ڕاستەقینە؛  ئەمەیش تەنیا بە من و ئەوی تر ناکرێت، بەڵکوو پێویستیی به‌ هه‌موومانه‌.

جگە لەوەی ئومێدەوارم کە هەموو مرۆڤێک بتوانێت ڕاستگۆیانە قسەکەر بێت و زیاتر سنووری بێدەنگییه‌كه‌ی بشکێنێ و، بە نەنگی نەزانن کاتێک بەشەفافی و ڕاستگۆیانە و بێشەرمکردن قسە لەسەر کێشە و خەم و ئازارەکانیان دەکەن، چونکە  بە ڕای من، ئەوە بۆ مرۆڤەکان ساتەوەختی سەرەتای چارەسەرەکان دەبێت.