2017-07-23

قانوونی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ

ناوی کتێب: قانوونی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ

چەند دۆکیۆمێنتێکی سەرەکیی نێودەوڵەتی

وەرگیڕانی: ئاسۆ کەریم

ئه‌م كتێبه‌ "قانوونی نێوده‌وڵه‌تيى مافه‌كانى مرۆڤ- چه‌ند دۆكيۆمێنتێكى سه‌ره‌كيى نێوده‌وڵه‌تى"، كه‌ به‌سه‌ريه‌كه‌وه‌ 344 لاپه‌ڕه‌يه‌، ئه‌مساڵ له‌ "ده‌زگه‌ى چاپ و په‌خشى سه‌رده‌م" له‌ سلێمانى ده‌رچووه‌.

ئه‌م كتێبه 18 به‌ڵگه‌نامه‌ى قانوونی نێوده‌وڵه‌تیى له‌خۆ گرتووه‌. هەندێکیان پێشتر لە لایەن خوشک و براى دیکەوە كراونه‌ته‌ كوردى و، به‌ پێويستم زانى جارێكى ديكه‌  ڕاسته‌وخۆ له‌ زمانى ئينگليزييه‌وه‌ ته‌رجه‌مه‌يان بكه‌مه‌وه ‌و، به ‌ده‌قى ته‌رجه‌مه‌كراوى عه‌ره‌بيش به‌راورد و پێكيان بگرمه‌وه‌، به‌ڵام له‌بارى تێكنه‌كردنه‌وه‌ى ده‌قه‌كاندا، ده‌قه‌ ئينگليزييه‌كه‌م كردووه‌ به‌ بنه‌ما. دياره‌ هێشتا ده‌يان به‌ڵگه‌نامه‌ى ديكه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمايه‌تى هه‌ن كه‌ پێوه‌ندييان به‌ مافه‌كانى مرۆڤه‌وه‌ هه‌يه‌ و ته‌رجه‌مه‌ى كوردى نه‌كراون، كه‌ به‌سه‌ريه‌كه‌وه‌ تابڵۆكه‌ كامڵتر ده‌كه‌ن. بەو ئومێدەم خەڵکى کورد سوودێک لەم بەڵگەنامانە ببینن و بە مەودا و ئاقارى مافەکانى خۆیان ئاشنا ببن.

به‌ هه‌ر حاڵ، چ له‌سه‌ر ئاستى دنيا و چ له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌يى و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆى وڵاتانيشدا، مافه‌ بنچينه‌ييیه‌كانى مرۆڤ بوونه‌ته‌ جێگه‌ى بايه‌خپێدان و لێكۆڵينه‌وه‌ و باس و گه‌نگه‌شه ‌و، به‌ ده‌يان ڕێكخراو و سازى (ده‌زگه‌)ی نێوده‌وڵه‌تى و ناوچه‌يى و نێوخۆيى بۆ به‌ره‌وپێشبردن و چاودێريى پێشێلكردنى ئه‌و مافانه‌ له‌ مه‌يداندان و، به‌كورتى تۆمارى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ هه‌ر وڵاتێكدا مه‌وداى پابه‌ندبوونى  سيسته‌مى سياسيى وڵاته‌كه‌ نيشان ده‌دا به‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ى خۆى مۆرى كردوون.

له‌ دواى بڕانه‌وه‌ى جه‌نگی جیهانیی دووه‌مه‌وه‌، به‌ ده‌يان ڕێككه‌وتننامه‌ و په‌يماننامه‌، پرۆتۆكۆڵ، جاڕنامه‌، پره‌نسيپ، بنه‌ما و بنه‌واشه‌، ڕاسپارده‌، بڕيار و ڕێساى یاساییی نموونه‌يى له‌م بوار و ئه‌و بوارى مافه‌كانى مرۆڤ به‌تايبه‌تى  له ‌لايه‌ن ڕێكخراوى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و ئاژانسه‌ تايبه‌ته‌كانى سه‌ر به‌و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌ ده‌رچوون و، ته‌رجه‌مه‌ى زمانه‌كانى دنيا كراون.

به‌شێك له‌و مافانه‌، جێگه‌ى خۆيان له‌ناو ده‌ستوور و یاساى بنه‌ڕه‌تى و یاسا‌كانى ديكه‌ى وڵاتاندا كردووه‌ته‌وه‌. له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، وێڕاى كه‌ تا ئێسته‌ ده‌ستوورێكى تايبه‌ت به‌ خۆمان نييه‌، هه‌ندێك له‌و مافانه‌ به‌ یاسا ڕێك خراون، وه‌ك: ياساى حزبه‌كان، ياساى كارى ڕۆژنامه‌گه‌رى، ياساى خۆپيشاندان، ياساى به‌ده‌ستهێنانى زانيارى و هتد.

ئێستە، ئەو حەمکە پەیماننامە و جاڕنامە و پرەنسیپ و بنەمایانە، بوونەتە بەشێکى سەرەکى و بنەڕەتیى یاسای نێودەوڵەتیى مافەکانى مرۆڤ، كە لقێکیشە لە یاساى نێودەوڵەتى، لەکاتى ئاشتى و ئارامیدا، دەبێ دەستیان پێوە بگیرێ و لەسەر دەوڵەتانە کە ڕێز لەو مافانە بگرن و دەستەبەریان بکەن.

یاساى نێودەوڵەتیى مافەکانى مرۆڤ، سەروکارى بە چەندین یاساى ناوخۆیى هەیە وەک: یاساى سزاکان، یاساى کار، یاساى بارى کەسێتى و هى دیکەیش. واتە ئەم یاسایە، هەم بەشێکە لە یاساى نێودەوڵەتى و هەم بەشێکى یاساى ناوخۆییى وڵاتانیشە و، ئەمەیش جۆرێ له‌  تێکهەڵکێشى و بەندیواریى لە نێوان ئەو دوو یاسایەدا پێک هێناوە.

به‌شى زۆرى ئه‌و مافانه‌، تاك وه‌ك تاك ده‌توانێ كه‌ڵكيان لێ وه‌ربگرێ وه‌ك مافى ژيان كه‌ مافێكى بنه‌ڕه‌تييه ‌و، ده‌بێ یاسا بيپارێزێ و، نابێ هيچ كه‌سێك ملهوڕانه‌ له‌ مافى ژيان، يان له‌ ئازادى بێبه‌ش بكرێ و ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازار بدرێ. هه‌ندێكيشيان كۆڕ و كۆمه‌ڵ، يان كۆميونيته‌ ده‌توانێ سووديان لێ وه‌ربگرێ وه‌ك مافى بڕیاردانی چاره‌نووس كه‌ له‌ مادده‌ 1ى په‌يماننامه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى مافه‌ مه‌ده‌نى و سياسييه‌كاندا هاتووه‌ كه:‌ "هه‌موو گه‌لان مافى بڕیاردانی چاره‌نووسیان هه‌يه؛ به‌ پشتبه‌ستن به‌م مافه‌، ده‌كارن ئازادانه‌ ستاتۆى سياسيى خۆيان بڕيار بده‌ن و، به‌ ئازادانه‌یش درێژه‌ به‌ نه‌شونماى ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى و كه‌لتووريى خۆيان بده‌ن."  لێره‌دا وشه‌ى "گه‌لان" به‌ شێوه‌يه‌كى ڕه‌ها هاتووه‌ و پره‌نسيپێكى یاساییش هه‌يه‌ كه‌ ده‌ڵێ: "المطلق يجري على اطلاقه."  يان مادده‌ 27ى هه‌مان مادده‌ له‌باره‌ى كه‌مينه‌كانه‌وه‌ ده‌ڵێ: "له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى كه‌ كه‌مينه‌ى ئيتنى، ئايينى، يان زمانييان هه‌يه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ سه‌ر به‌م كه‌مينانه‌ن، نابێ حاشا له‌و مافه‌يان بكرێ، بهه‌ڤرا له ‌پاڵ ئه‌ندامانى ديكه‌ى ئه‌م گرووپه‌دا، كه‌ڵك له‌ كه‌لتوورى خۆيان وه‌ربگرن و په‌يڕه‌وى له‌ ئايينى خۆيان بكه‌ن و ڕێوره‌سمه‌كانى جێبه‌جێ بكه‌ن؛ يانى زمانى تايبه‌ت به‌ خۆيان به‌كار بهێنن."

له‌سه‌رينى ئه‌مه‌وه‌، ده‌بێ له‌ ده‌ستوورى كوردستاندا، فه‌سڵێكى تايبه‌ت بۆ ماف و ئازادييه‌كانى ئه‌و كه‌مه‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييیانه‌ى له‌ كوردستاندا ده‌ژين هه‌بێ و، گه‌ره‌نتيى ده‌ستوورييان پێ بدرێ كه‌ ده‌وڵه‌تى كوردستان به‌هه‌ق لانكه‌ى پێكه‌وه‌ژيانى به‌ئاشتييانه‌يه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا.

کەواتە، لە سۆنگەى پەرەسەندنى ئەم یاسایه‌وە، لە پاڵ دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییه‌كاندا، "تاکەکەس"یش، بەم یان بەو ڕاددەیە، بووەتە سوژەى ئەم یاسایە. لە چەندین ڕێککەوتننامە، جاڕنامە، پرەنسیپ، ڕاسپاردە و بنەماى نێودەوڵەتیدا، ئاماژە بۆ ستاتۆ و ڕەوشى تاکەکەس و ماف و ئەرکەکانى کراوە. ڕاستە، ئەم دۆکیومێنتانە لە ڕووى هێز و بڕستى یاسایى و پابەندبوون پێیانەوە وەکیەک نین، لێ بەگوێرەى پرەنسیپى لەسەرەوەبوون (superiority)ى یاساى نێودەوڵەتى، دەکرێ لە دەستوور و یاساى ناوخۆى وڵاتاندا، وەک چاوگە و ڕێنوێن بەهەند وەربگیرێن. لە سۆنگەى ئەو پەرەسەندنەى بەسەر مافەکانى مرۆڤدا هاتووە، چیدیکە ئەو پرسانەى پێوەندییان بە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانى مرۆڤەوە هەیە، بەتەنیا ناکەونە ناو ده‌سه‌ڵاتى ناوخۆى وڵاتانەوە، بەڵکوو جۆرێ لە هاوبەندى لە نێوان ئەو مافە بنەڕەتییانە و ئاشتى و تەناهیى نێودەوڵەتیدا هاتووەتە ئاراوه‌ و، لەسەرینى ئەم هاوبەندییەیشدا، پرەنسیپى ده‌ستوه‌ردان لە کاروبارى ناوخۆى وڵاتاندا جێگەى خۆى گرتووە و، چیدیکە وڵاتان ناکارن بە بیانووى پراکتیزەکردنى سەروەریى ناوەخۆ، ئەو مافانە پێشێل بکەن. ئاخر هەندێ لەو مافە بنەڕەتییانە، چ لە ساتەوەختى ئاشتى و چ لە ساتەوەختى جه‌نگدا، سیفەتى ڕێساى فەرمانپێکەر (آمرە- Jus cognios)یان وەرگرتووە و، ناکرێ لێیان کەم بکرێتەوە وه‌ك: مافى ژيان، مافى ئه‌شكه‌نجه‌نه‌دان، مافى كۆيله‌نه‌بوون، مافى زيندانینه‌كردن له‌به‌ر جێبه‌جێنه‌كردنى پابه‌ندييه‌كى گرێبه‌ست، مافى ناسين له‌ به‌رده‌م یاسادا وه‌ك كه‌سێك، مافى ئازاديى بيركردنه‌وه‌ و باوه‌ڕ و ئايين و هتد.

وەک ئاماژەى بۆ کرا، هەندێ لەو مافانە نەمازە مافە مه‌دەنى و سیاسییەکان، دەوڵەتان بەرعۆدە دەکەن کە نەک هەر دەست نەهێننە ڕێگەى پراکتیزەکردنى ئەو مافانە، بەڵکوو دەبێ لە ڕێگەى ڕێوشوێنى یاسایى و کاربگێڕییەوە، کارئاسانی بۆ تاکەکان بکەن و، بە یاسا بیانپارێزن؛ بەو مافانەیش دەگوترێ "مافە نێگەتیڤەکانى مرۆڤ".

 لە کاتێکدا مافە ئابوورى، جڤاکى و که‌لتوورییه‌كان، لە دەوڵەت دەخوازن کە بە شێوەیەکى ئیجابى ده‌ست له‌و مافانه‌ وه‌ربده‌ن و بیانخەنە بوارى کارپێکردن و جێبەجێکردنەوە بەگوێرەى توانا و سەرچاوەى ماددى و دارايیى بەردەستیان؛ لەوما بەو مافانە دەگوترێ "مافە پۆزەتیڤەکانى مرۆڤ" وەک: مافى خوێندن و فێربوون و هتد.

ڕاستییه‌كه‌ی، ئەو دوو بەشەى مافەکانى مرۆڤ (مافه‌ نێگه‌تيڤه‌كان و مافه‌ پۆزه‌تيڤه‌كانى مرۆڤ)، بێ یەکتر نابن و یەکیان ئەوى دیکەیان تەواو دەکا. به‌ دابينكردنى ئه‌و مافانه‌ له‌ ته‌ك پراكتيزه‌كردنى مافى بڕیاردانی چاره‌نووس كه‌ مافێكى كورده‌ وه‌ك گه‌لێكى به‌جياهه‌ڵكه‌وتوو، بوون و کەرامەت و شکۆى مرۆڤى كوردستان پارێزراو دەبێ و كوردستان جێگه‌ى خۆى له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تيدا ده‌گرێ.

 ئەم کارەى من، وەک زۆر کارى دیکە بێ هەڵە و کەموکورتى نییە و، دەکرێ خوێنەر بەگەورەییى خۆى، لە درز و کەلێنەکانى ئاگادارم بکاتەوە.

 

چاپخانە: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم