وردبوونی جیهانی عەرەبی، لە بەهاری عەرەبییەوە بۆ داعش

2017-08-31

وردبوونی جیهانی عەرەبی، لە بەهاری عەرەبییەوە بۆ داعش

ناوی په‌رتووك بە زمانی فەڕەنسی: Le monde arabe en morceaux, des printemps arabesà Daech

ناوی په‌رتووك بە زمانی کوردی: وردبوونی جیهانی عەرەبی، لە بەهاری عەرەبییەوە بۆ داعش

نووسەر: Charles Thépaut

پوختەیەك لە په‌رتووك:

په‌رتووكێکی فەڕەنسیی نوێیە ئەمساڵ (٢٠١٧) دەرچووە و، لە لایەن Charles Thépautنووسراوە. نووسەر، دیپلۆماتکار و شارەزایەکی فەڕەنسییە و، لە چەندین وڵاتی عەرەبیدا کاری کردووە. پێشەکیی ئەم په‌رتووكە لە لایەن وەزیری دەرەوەی پێشووی فەڕەنسا، Hubert Vérdine، نووسراوە. ئەم وەزیرە یەكێکە لە داکۆکیکەرانی پرسی کوردستان لە فەڕەنسا. هەر ئەو بوو لەگەڵ چەندین کەسایەتیی دیاری فەڕەنسی، لە ناوخۆی فەڕەنسا بانگەوازیان بۆ پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ دژی داعش، ساز کرد.

نووسەری ئەم په‌رتووكە Charles Thépaut، سندووقی سیاسیی جیهانی عەرەبی ده‌كاته‌وه‌ و، هەوڵ دەدات هۆیەکانی ئەو ڕووداوانە باس بکات کە لە شەش ساڵی ڕابردوودا ڕوویانداوە؛ هەر لەسەرهەڵدانی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبییه‌وه‌ تاوەکوو پەیدابوونی داعش. نووسەر زانیارییەکی تەواو و قووڵ پێشکەشی خوێنەرانی فەڕەنسیزمان (فرانکوفۆنی)ی په‌رتووكەکە دەکات. ئەم په‌رتووكە چەندین نەخشە و ئامار و زانیاریی ورد لەسەر ڕێچکەکانی ئایینی ئیسلام دەخاتە ڕوو.

ئەم په‌رتووكە ٢٨٧ لاپەڕەیە و لە چوار تەوەری سەرەکی پێکهاتووە: تەوەری یەکەم تایبەت کراوە بە ژینگەی سیاسیی عەرەبی. تەوەری دووەم باس لە جیهانی عەرەبی و "بەهارەکانی" دەکات. تەوەری سێیەم ئاستەنگەکانی ئەم قۆناغەی جیهانی عەرەبی شرۆڤە دەکات. لە کۆتاییدا لە تەوەری چوارەم، نووسەر هەوڵ دەدات پێمان بڵێت کە ئەم جیهانی عەرەبییە، بێسەرپەرشتە.

لێرەدا بەکورتی هەندێك چەمک و دەستەواژە دەخەینە ڕوو کە لەم په‌رتووكەدا هاتوون. نووسەر گرنگیی تەواو بە پێگەی سیاسی-ئایینی دەدات لە هەموو کایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی،و یاسایی وڵاتانی عەرەبی. جیهانی عەرەبی، جیهانی باوەڕدارانە.لە ژیانی سیاسیدا، پیاوانی ئایینی ڕۆڵیان لە سیاسەتمەداران بەرزترە. نووسەر پێی وایەئایینەکان و ڕێچکە ئایینییەکان کاریگەرییان لەسەر ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگه‌ی ئەم جیهانە هەیە.

نووسەر سەرنجێكی گرنگ دەخاتە ڕوو و دەڵێت: "هۆکاری بنەڕەتیی پێشێلکاریی دژی کەمینەکان تەنیا ئایینی نییە، بەڵکوو هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزی و بێهێزیی کەمینەکە. لەبەرئەوەی جیهانی عەرەبی، هەردەم لە ململانێیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی تونددا دەژیت"، لە ئەنجامدا لایەنی لاواز دەکەوێتە ژێرپێوە.

نووسەر ئەم جیهانی عەرەبییە بە چەندین شێوەی تر وەسفی دەکات: "بیانییە نزیکەکان"، "ڕۆژهەڵاتی ئاڵۆز"، "دراوسێ"، "جیهانی میلیشیا" و "زۆنی جەنگ". ئێران و تورکیا ناچنە تەوەرەکانی ئەم په‌رتووكەوە، تەنیا لەو خاڵانەدا نەبێت کە نووسەر پێویستیی بەوەیە ئاماژەیان بۆ بکات. هەروەها، نووسەر هەوڵدەدات ئەو ڕاستییە بخاتە ڕوو کە چۆن ئێران، تورکیا و سعوودیا، هەوڵدەدەن کۆنتڕۆڵی بەشێکی ئەم جیهانە بکەن.

نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە كه‌ جیهانی عەرەبی، تەنیا لە عەرەب پێک نەهاتووە. ئه‌و پێناسەیەکی بۆ نەتەوەی عەرەب داناوە بەم شێوەیە: "ئەو کەسەی بە عەرەبی قسە دەکات و ئەو کەسەی دەیەوێت بە خۆی بڵێت عەرەب، عەرەبە." پرسی ئایینی و ڕێچکە ئایینییەکان لەم په‌رتووكەدا زۆر بایەخی پێدراوە، هەر بۆیە پرسی کورد بەکورتی ئاماژەی بۆ کراوە. لە ڕوانگەی نووسەرەوە، پرسی کورد دوو جەمسەرییە: جەمسەری یەکەم، جه‌نگی دژبه‌ تیرۆر بەبێ کورد نەدەکرا؛ بۆیە ئەمە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو. جەمسەری دووەم ئەوەیە کە کوردەکان سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمیی زیاتریان دەوێت؛ کە ئەمە دژی بەرژوەندیی دەوڵەتانی ناوچەکەیە. ئەم دوو جەمسەرە، زۆر زەحمەتە لە یەکتر نزيك بکرێنەوە: مەحاڵە كورد جه‌نگی تيرۆرستان بکات و، هیچ داواکارییەکیشی بۆ پێشخستنی پێگەی یاسایی و سیاسیی خۆی نەبێت. هەروەها نووسەر ئاماژە بە کێشە ناوخۆیییەکانی کورد دەکات؛ زۆر باش دەزانێت کە ئەمە خاڵی لاوازی کوردە.

نووسەر پێی وایە، چارەنووسی عێراق و سووریا پێكه‌وه‌گرێدراون. پارچەبوونی عێراق، واتا لەتبوونی سووریا؛ هەروەها پێچەوانەکەیشی ڕاستە. لەم نێوانه‌دا، عەرەبی سوننە خاڵی لاوازی هاوکێشەکانە لەم دوو وڵاتەدا. لە کاتی ئێستادا ئەوانەی بەهێزن، کورد و شیعەن؛ بۆیە نووسەر هۆشداری دەدات لە پێکدادانی ئەو دوو هێزە، لەو شوێنانەی کە سنووری هاوبەشیان هەیە.

نووسەر پێی وایە ئەو ڕووداوانەی لە دوای ساڵی ٢٠١١ەوە لە وڵاتانی عەرەبی ڕوویان داوە، شکستی سازانی کۆمەڵایەتی ئەم وڵاتانەدا نیشان دەدات؛ هەر لەسەرەتای سەربەخۆبوونیانەوە تاوەکوو ئەمڕۆ. جیهانی عەرەبی بە قۆناغێکی توندئاژۆییدا تێپەڕ دەبێت چونکە هێزە چەکدارەکان (لە دەرەوە و ناوەوەی سوپا) ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە. هیچ ئه‌کتەرێك لەسەر ئەم جیهانە، بڕیاری یەكلاکەرەوەی پێ نییە. ناسەقامگیری، بە شێوەیەکی گشتی بەردەوامە. لە پاڵ ئەم "هەقیقەتە گەورەیەیش"، نووسەر دەڵێت چەندین "حەقیقەتی بچووك" هەن کە جێی ئومێدن. نووسەر نەیویستووە ئایدیۆلۆژییەکی دیاریکراو بەسەر نووسینەکانیدا زاڵ بێت. تەنیا وێنەی وڵاتانی عەرەبیی بۆ خوێنەری فەڕەنسیزمان گواستۆته‌وە و، ده‌یه‌وێ پێیان بڵێت بۆچی ئەم جیهانی عەرەبییە ئاوا لە کێشەیەکی هەمیشەییدا دەژی. باس لە دوو جیهانی عەرەبی دەکات: جیهانی کۆن، ئەوەی کە ئێستا هەیە؛ لە داهاتوویشدا بەرەو جیهانێکی عەرەبیی نوێ هەنگاو دەنرێت، کە پارچەپارچە بووە.

 

کتێب:بە زمانی فەڕەنسی: Le monde arabe en morceaux, des printemps arabes àDaech

نووسەر:Charles Thépaut

ساڵی دەرچوون: ٢٠١٧

ژمارەی لاپەڕە: ٢٨٧ لاپەڕە