ناوی کتێب: ديوانی زەینەب خان – کچە کورد (١٩٠٠-١٩٦٣)

ئامادەکردنی: حيکمەت حەمید مەلا ڕەئووفەفەندی خادم سوجادە

پێشەکی و پێداچوونەوە و ڕێکخستن: عەبدوڵڵا زەنگەنە

پێنووس

ئەو ديوانەی لێرەدا باسی دەکەین ديوانێکی شيعری ئاسایی نییە؛ بەرهەمێکی هزری نیشتمانی و نەتەوەیییە، پێش ئەوەی بەرهەمێکی ئەدەبی بێت. ئەم ديوانە لە لایەن زەینەب خانی کچی مەلا ڕەئووفەفەندی مەحموودەفەندی خادم سوجادەوە نووسراوە، پێش زیاتر لە نیو سەدەیە. ئەم ئافرەتە لە ساڵی ١٩٠٠ لە کۆیە لەدایك بووە و لە قەڵای هەولێر زۆربەی ژیانی بەسەربردووە و خێزانی کەسێکی ناوداری شاری هەولێر بووە؛ هەر لە هەولێریش لە ساڵی ١٩٦٣ کۆچی دوایی کردووە. خوشکی گەورە و بەخێوکەری شاعيری گەورەی گەلەکەمان "دڵدار"ە، کە ئەم لە ساڵی ١٩١٨ لەدایك بووە وخاوەنی دەقی سروودی نیشتمانیی "ئەی ڕەقیب"ە. بنەماڵەیەکی ئەوەندە ڕۆشنبيربوونە، باوکیان لە ساڵی ١٩٠٦ زەینەبی کچی بە تەمەنی (٦) ساڵییەوە ناردووە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی لە قوتابخانەی ڕوشدییەی کچان بخوێنێت.

ئەم ئافرەتە ڕۆشنبيرە چەندین زمانی زانیوە، لە سەردەمێکدا کەم پیاو هەبووە خوێندەوار و زمانزان بووبێت. زەینەب خان بۆتە قوتابخانەیەك بۆ دڵداری شاعير. لە خوێندنەوەی ئەم ديوانە، بۆمان دەردەکەوێت سەرچاوەی بيری دڵداری مەزن لە کوێوە هەڵقووڵاوە. هەر دڵدار خۆی دەڵێت: "زرووفی ئەوساکەی عائیلەوی، مامۆستای هەرە گەورەم بووە، هەروەها سوڵتەی دایکم و خوشکی لە خۆ گەورەترم، مورشیدم بوون." دەڵێن "لە دوای هەر پياوێکی مەزن، ئافرەتێك هەیە"؛ دڵدار خێزانی پێكنەهێنابووو لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا جوانەمەرگ بوو؛ پێمان واییە زەینەبی "کچە کورد" وخوشکە گەورەی لە پشتی بووە.

ئەم ديوانە شيعرە، چەندین ساڵە ونبوو ئەمدەست و ئەودەستی دەکرد و نەگەیشتبوو بەر ديدی خوێنەری کورد. دوای دەیان ساڵ، بە هەوڵ و هیممەتی نووسەر "عەبدوڵڵا زەنگەنە" و بنەماڵەی ئەم خانمە بەڕێزە، ئەم بەرهەمە ساغکرایەوە و نەفەوتا و بڵاوکرایەوە. ئەم خانمە ڕۆشنبيرە توانیویەتی چەندین دەقی خۆی لە گۆڤاری گەلاوێژ لەژێر نازناوی "کچە کورد" به‌ چاپ بگه‌یه‌نێت. دەقه‌ شيعرییەکانی ئەوەندە نیشتمانپەروەرانە بووە، خانەوادەکەی لە ترسی حکوومەتە سەرکوتکەرەکانی عێراق نەیاندەتوانی بڵاوی بکەنەوە.

خوێندنەوەی ئەم ديوانە شيعرە سەرسامت دەکات. پرسیارت لا دروست دەکات چۆن ئافرەتێکی کورد لە کونجێکدا کە خەریکی ماڵ و منداڵی خۆی بووە لە ساڵی ١٩٤٠ شيعری بۆ "سەربەخۆییی کوردستان" نووسیوە. بۆ کەرکوك لە ساڵی ١٩٥٠ هەڵبەستێکی نووسیوە؛ بۆ کۆچی شێخ مەحموودی حەفيد لە ساڵی ١٩٥٦ هۆزانێکی پڕ لە سۆزی نووسیوه‌؛ بۆگەڕانەوەی  بارزانیی نەمر لە ساڵی ١٩٥٨ بە جوانترین دەقی شيعری بەخێرهاتنەوەی دەکات.

 لە ساڵی ١٩٣٢"بە فيدای نيشتمان بم"ی داڕشتووە و، بێ دوودڵی دەڵێت "کورد ميللەتێکی خاوەن عيزەتە - هەقی خۆیەتی دەوڵەتی هەبێ – خەياڵیان خاوە دوژمنانی کورد – کورد هەر دەمێنێ وقەت نابڕێتەوە- ئەگەر بمانکەن بە چەند پارچەی تر – وەدەرمان بنێن بۆ ديوی مۆسکۆ-پشتيوان بە خوا وبەهێزی ميللەت - ئەم کوردستانە یەك دەگرێتەوە."

ئێمە لێرەدا شيکارییەکی ئەدەبی و زمانەوانی ناکەین، بەڵام ئەو زمانەی ئەم ئافرەتە بەکاریهێناوە زمانێکی کوردیی یەكجار پاراو بووە؛ لە هاوشانەکانی پيرەمێرد و فایەق بێکەس و گۆران کەمتر نەبووە.

ديوانەکەی کە چاپکراوە، لە (١٩٠) پارچەشيعری کورت و درێژ و(٢٧) چوارين و (١٠) پارچەشيعری بۆ منداڵان پێکهاتووە. زۆربەی زۆری شيعرەکان مۆرکێکی نيشتمانپەروەری و سياسیی پێوە ديارە و، هەندێکیان ئایينی و ڕۆحانین و هەندێكیان بۆ کۆچی کەسانی خۆشەویستی خۆی و ناسراو داڕێژراون.  کۆتاییی ئەم ديوانە، چەندین وێنە و یادگاریی مێژووی خانەوادەی "دڵدار" و "زەینەب خان" لەخۆ دەگرێت.

شيعرەکان لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠-١٩٦٣ بڵاو کراونەتەوە. گومانی تێدا نییە کە چەندین دەقی شیعریی تری فەوتا بێت یان هێشتا نەدۆزرابێتەوە. ئەم کتێبە لە (٣٣٦) لاپەڕە پێک هاتووە؛ ئێمە تەنیا لێرەدا هەندێكی کەم لە دەقە شيعرییەکانی دەخەینە ڕووی خوێنەر. ئەمانەی خوارەوە تەنیا چەند نموونەیەکن. لەبەر کەمیی پانتاییی نووسینمان، شيعرەکانیش هەندێکیان پارچە دەکەین:

یەکەم نموونە: لە "زەنگی تێکوشان" لە ساڵی ١٩٤٧، سۆزێکی لەڕاددەبەدەر دەردەبڕێت بۆ پێشمەرگە و کوردستان. منداڵ و هاوسەرگيریی خۆی لەو پێناوەدا بە لاوە دەنێت و دەنووسێت:

...

کوڕ و کچی کوردەواری، گوڵشەنی مێرگی وڵاتن

لە خەبات و تێکۆشانا، خوایە بۆنیان هەردەم خۆش بێ

هەتا مردن، قەت نەبيستم، شکستی هێزی پێشمەرگە

نیشانەی شەهيدبوونیانە، ئەو بەرگەی بە خوێن سوورپۆش بێ

چ شەرەفێکی گەورەیە، مردن لە ڕێی ئازادییا

کەسێ نییە، حاڵی نەبێ، مەگە بێفام و بێهۆش بێ

هەردەبێ بيستێنینەوە، خاکی زەوت و داگيرکراو

سەربەخستی قەت نایەتەدی، بەو کەسەی، سەری لە کۆش بێ

"زەینەب" بڕۆ چەك  هەڵگرە، شان بە شانی براکانت

منداڵ و شوو بە لاوە نێ، وڵات نابێ فەرامۆش بێ

دووەم نموونە: بە وشە جوان و کوردییەکەی، وێنەیەکی کوردایەتیی تێکۆشان دەکێشێت لە شيعری "سڵاو بێ سڵاو". ئەم شيعرە لە ساڵی ١٩٣٩، هەر دەڵێی لە ڕۆژێ ئەمڕۆ نووسراوە:

سڵاو بێ لەو لاوانەی کورد، خاوەن بيری ئينسانی بێ

دەستێکی کتێب و قەڵەم، دەستێکی چەکی شانی بێ

کوورەی ئاگر، نەیسووتێنێ و ئەبەد بە ئاگر نەڵێ ئۆف

بەرەو لووتکە، چيا ببڕی و بە هەورازی زریان و ئۆف

بۆ ڕزگاریی قەومی کوردان، پەنجەی لەسەر سێرەی تفەنگ

بە شەو و ڕۆژی بەپێوە بێ، بۆ هەر لەحزە، ئامادەی جەنگ

سڵاو بێ لە لاوانی کورد، لاوانی ئازا و کۆڵنەدەر

لاوانی مەرد و بەجەرگ و نيشانەشكێنی تێکۆشەر

ئەوانەی ڕۆحيان دەبەخشن، تا کوردستان سەربەرز بێ

وەکوو نەتەوەی ئاریایی، کورد نموونەی سەر ئەرز بێ

"زەینەب" ببە، بەو پێڵاوەی لە پێی دەکەن بۆ ڕێی خەبات

ئەوانە نووری چاوی تۆن، کوردستانت دەدەن نەجات

سێیەم نموونە: شاعيرێکی دانسقەیە، هەستی بە ئازارەکانی کورد کردووە. ئەوەتا لە پێناوی کوردایەتی و کوردەواریدا،سڵی نەکردۆتەوە وئينگليزی بە داگيرکەر شوبهاندووە؛ لە ساڵی ١٩٢٨ ناونیشانی هۆزانەکەی "ئينگليزی داگيرکەر"ە. لە ساڵی ١٩٤٣ شيعرێکی نووسییەوە لەسەر "دەمکوژێ خەمی کورد"؛ یان لە ساڵی (١٩٤٧) باسی خۆخۆری و پارچەپارچەیی کورد دەکات لە هەڵبەستی "ئازاین بەڵام...".چەند ڕۆژێك پێش مردنی بە شێرپەنجە لە ساڵی ١٩٦٣، بۆ "کوردی بێکەس" دەنووسێت. کەم کەس هەبووە لەو چەرخەدا بيری لە "کوردبوون" کردۆتەوە، کە هەڵبەستێکی تری شاعيرە لە ساڵی ١٩٤٦ نووسراوە. لە ساڵی ١٩٤٣ بۆ "ئاڵای کوردستان" بەم شێوەی هۆنيوەتەوە:

ئەو کوردستانەی بە خوێنی کوردان

ناڵەی گەیشتە عەرشی يەزدان

قبووڵی ناکا ديلی و ژێردەستی

گيانی دەبەخشێ لە ڕێی سەربەستی

ڕەوڕەوەی مێژوو چەندە پێش کەوێ

ئەو کوردستانە ئازادیی دەوێ

خاکی بەپيت وبەرەکەت وجوان

نەوت کانزایە بۆ خۆشیی ژیان

کەچی کوردستان خۆی لێی بێبەشە

ئازادیی ئێمە زەوت کراوە

ئەو مافەی  خودا بە ئێمەی داوە

لەوەتەی هەینە دەچەوسێینەوە

وەکوو ئەم مۆمەین قەت ناکوژێینەوە

باوەڕمان بە خودا وقودرەتی گەلە

دوژمن دەچێتە مێژووی مەزبەلە

ڕۆژێ دەبینین ئاڵای کوردستان

دەشەکێتەوە لە هەیبەت سوڵتان

چوارەم نموونە: هەڵبەستڤانێکی ئافرەت، هزرێکی ژنانە و نیشتمانپەروەرانەی هەبووە، دەگمەنە لەو سەردەمەدا نموونەی وەکوو زەینەب خان بدۆزينەوە. بەرپرسانە و نەبەردانە باسی لە پرسی ئافرەت کردووە کە دەگمەنە ئافرەتێک بەو شێوەیە تێکۆشابێت نەك لە کوردستان بەڵکوو لە هەموو جیهان، لە سەردەمێکدا ژیاوە لە زۆربەی زۆری وڵاتانی ديموکراسی ژنان مافی دەنگدانیشیان لە هەڵبژاردنەکاندا نەبووە. یەكێكە لەو ژنانەی کە سڵی نەکردۆتەوە کە شان بە شانی براکانی لە پێناوی وڵاتەکەی تێ بکۆشێت. چەندین شيعری بۆ کچ و ژنی کورد تەرخان کردووە. لە ساڵی ١٩٣٠ پەیامێك بۆ "ژنانی مەرد" دەنێرێت:

ئەگەر دەتەوێ، گوڵی عومرت بم

خەمی نیشتمان، بخە سەرشانت

جێژوانی، چيا و چۆڵم ئی تۆ بێ

تفەنگ هەڵبڕە بۆ کوردستانت

ئەو کوردستانەی لە هەر چوار پارچە

بە چەقۆی دوژمن، لەتلەت کراوە

خەون و ئازادی ومافی ژیانمان

بێ دەستی خۆمان لە گۆڕ نراوە

دەبێ مشورێ بۆ حاڵمان بخۆین

دەست  لەناودەست ومردن بۆ ژیان

بە زەبری دوژمن، نابێ بڵێین ئۆف

چۆڕاوگەی خوێنمان بڕوا لە زيندان

چ گەمژەیەکە، دەڵێ بە تەنیا

هەر بەرخی نێرە بۆ سەربڕینە

ئەگەر مێ نەبێ، نێر لە کوێ دەبێ؟

ئەسڵی ئەم قسە، پڕ لە برينە

ژن شەوق و نووری، ئەم دونیایەیە

بەبێ ژن دونیا تاريك وچۆڵە

ئەوەی حورمەتی دایکی خۆی نەگرێ

یان خوشک و هاوسەر، بێگومان زۆڵە

ژن هەتاوێکە، ڕووناکی ئەدا

بە ئێرەو ئەوێ، بە هەموو زەمین

ئەگەر گەورەییی دڵی ژن نەبێ

بۆ مەرگی پیاوان، کێ دەگێڕێ شین

...

پێنجەم نموونە: "کچە کورد"ی شاعير خۆشەویستییەکی ڕاددەبەدەری بۆ سروشت و شار و گوندەکانی کوردستان هەبووە و، نموونەیەکی زۆر جوان لە پێکەوەژیانی ئایینی باس دەکات، لە "هەرمۆتە"ی گەڕەکی کريستیاننشینی کۆیە و لە ساڵی ١٩٣٠ دەنووسێت:

ئەگەر هەرمۆتە نەبێ، بەهار نایە لە کۆیە

بۆ کەنیسەی وێ دەڕۆین، هەم ئی من و ئی تۆیە

کچان بۆ بەزم و سەیران، دێن و دەسووڕێنەوە

هەموو بۆ بەختی خۆیان، لە خوا دەپاڕێنەوە

چەندە خۆشە هەرمۆتە، لە سەیران و بەهاری

هەموو یەك خانەوادەین، لە خاکی کوردەواری

...

شەشەم نموونە: زەحمەتە لێرەدا، هەموو کتێبەکە بخەینە ڕوو، بەڵام بێ گومان چەندین هەڵبەستی بەهێزی تری تێدا هەیە کە نەماتوانیوە بيخەینە پێش خوێنەران. پێشنيار دەکەین چەندین لەو هەڵبەستانە بخرێنە ناو وانەکانی خوێندنی قوتابیانی کورد و، هەندێکیان شایەنی ئەوەن بکرێنە سروودی نیشتمانی و، ئاوازی شياوی بۆ دابنرێت. لە کۆتاییدا دەڵێین، ئەم ئافرەتە هۆزانڤانە دەڵێی لە شيعری "ئەمڕۆ و بەیانی"دا داهاتووی کوردی خوێندۆتەوە، کە لە ساڵی ١٩٤٦نووسيویەتی. ئێمە لێرەدا دەیخەینە پێش خوێنەرانی ئازیز:

بەفيڕۆ مەدە گەنجی ئەو عومرە

پێشینان دەڵێن: بۆ ژیان بمرە

...

...

ئەم کوردەوارییەی ساڵەهای ساڵە

خەمی ورگیەتی ومێشکی بەتاڵە

ئەمڕۆکەم هەبێ شوکر و سابيرم

دەخۆم ودەنووم خۆم پاشا و ميرم

بير لە داهاتووو سبەينێ ناکا

بۆ سەربەخۆیی شۆڕش بەرپاکا

دەڵێ قەدەر ونەسيب وەهایە

هەرچی ڕوودەدا وا داندرایە

ئەگەر قەدەریش بيکا بە دەوڵەت

ئيتیفاق نەبن، دەبن بە دوو لەت

بەعزێ لەشکری دوژمن دەهێنن

هەتاکوو پشتی یەکتر بشکێنن

خيانەت نابڕێ لە خوێنی کوردان

بۆیە قەت نابنە هەتاوی ئاسمان

کێ دێ ئەم سيحرە بۆ من بەتاڵ کا

برا کە خوێنی برا حەڵاڵ کا؟!

|

شوێن و مێژووی بڵاوبوونەوە: هەولێر – ٢٠١٨- چاپخانەی ڕۆژهەڵات