وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هیوا مەجید خەلیل

ڕوانگەی وابەستەیی*

بەستێنی مێژوویی

هەروەک چۆن دەتوانین بڵێین قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن لە گۆشەنیگای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی دەڕوانێتە پرۆسەی گەشەسەندن، بە هەمان شێوە، دەتوانین بڵیین کە قوتابخانەی وابەستەیی لە گۆشەنیگای وڵاتانی جیهانی سێیەمەوە دەڕوانێتە بابەتی گەشەسەندن. بەگوێرەی قسەی بلۆم سترۆم و هێتنێ (Blomstrom and Hettne, 1984)، قوتابخانەی وابەستەیی نوێنەرایەتیی "دەنگی پەراوێز" دەکات کە بەرەنگاری هێژموونی هزری قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆنی ئەمریکی دەبێتەوە.

قوتابخانەی وابەستەیی، سەرەتا لە ئەمریکای لاتین لە سەرەتاکانی ١٩٦٠کان، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ شکستی بەرنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، واتە بەرنامەکانی کۆمیسیۆنی ئابووریی ئەمریکای لاتین/ئێکلا (ECLA) سەری هەڵدا. زۆرێک لە ڕژێمە پۆپۆلیستەکانی ئەمریکای لاتین هەوڵیان دا لە سەرەتاکانی ١٩٥٠کان، ستراتیژیی گەشەخوازانەی ئێکلا لەبارەی پاڵپشتیکردنی ئابووری و بەپیشەسازیکردن لە ڕێگەی سیاسەتی جێگرەوەکردنی کاڵا هاوردەکان (import substitution) بگرنە بەر؛ هاوکات زۆرێک لە ئابووریناسانیش هیوادار بوون لە ڕێگەی ئەم ستراتیژییەوە بگەنە بووژانەوەی ئابووری، خۆشگوزەرانی و دیموکراسی؛ بەڵام کرانەوە ئابوورییە کورتخایەنەکەی ساڵانی ١٩٥٠، زۆر بەخێرایی بوو بە داته‌پینێكی ئابووری. لە سەره‌تای ساڵانی ١٩٦٠کان، ئەمریکای لاتین لە پرسی وەک بێکاری، هەڵاوسان، دابەزینی نرخی دراو، دابەزینی مەرجەکانی بازرگانیکردن و چەندین کێشەی ئابووریی تردا نقووم ببوو. ڕووخانی ڕژێمە جەماوەرییەکان بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی جەماوەری و، ڕژێمه‌ سەرکوتکاره‌ سەربازی و دەسەڵاتخوازه‌كان لەم وڵاتانەدا دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت. پێویست بە گوتن ناکات، لەم چەشنە بارودۆخەدا، زۆرێک لە ئابووریناسانی ئەمریکای لاتین هیوایەکیان نەما. ئەم ئابووریناسانە هەم بەرنامەکانی ئێکلا و هەمیش لە قوتابخانەی ئەمریکیی مۆدێرنیزاسیۆن، کە سەلماندی توانای لێکدانەوەی داكشانی ئابووری، سەرکوتی سیاسی و بەرفراوانبوونی بۆشایی لە نێوان وڵاتانی هەژار و دەوڵەمەندا نییە، غەمبار بوون.

لە لایەکی ترەوە، قوتابخانەی وابەستەیی، وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ قەیرانەکانی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسی لە ساڵانی ١٩٦٠، لە ئەمریکای لاتین. لە ڕوانگەی کۆمۆنیستێکی ئۆرتۆدۆکسەوە، پێویست بوو وڵاتانی ئەمریکای لاتین لە قۆناغی شۆڕشی پیشەسازیی "بۆرژوازی" دەرباز بن، پێش ئەوەی کە بە قۆناغی شۆڕشی سۆسیالیستسی "پرۆلیتاریا" بگەن. کەچی شۆڕشی چین لە ساڵی ١٩٤٩ و شۆڕشی کۆبا لە سەره‌تای ساڵانی ١٩٥٠، نیشانی دا کە وڵاتانی جیهانی سێیەم دەتوانن بەسەر قۆناغی شۆڕشی بۆرژوازیدا باز بدەن. بە سەرسامبوون بە مۆدێلی گەشەسەندنی چین و کۆبا، زۆرێک لە توێژەرانی ئەمریکای لاتین هزریان لەوە دەکرده‌وه‌ کە ئایا وڵاتانی خۆیشیان دەتوانن  بەرەو قۆناغی شۆڕشی سۆسیالیستی هەنگاو بنێن؟

دواتر، قوتابخانه‌ی وابەستەیی کە لە ئەمریکای لاتین هەڵقووڵابوو، بەرەو باکووری ئەفریقا تەشەنەی کرد. ئاندرێر گوندێر فرانک، کە بەڕێکەوت لە سەرەتای ساڵانی ١٩٦٠ لە ئەمریکای لاتین بوو، قوتابخانەی وابەستەییی بە جیهانی ئینگلیزیزمان ئاشنا کرد. ڕاستییه‌كه‌ی، لە دەرەوەی ئەمریکای لاتین، قوتابخانی وابەستەیی لە ڕێگەی فرانک و گۆڤاری ئەمریکیی Monthly Review، کە فرانک تێیدا کاری دەکرد، دەناسرا.

لە کۆتاییی ساڵانی ١٩٦٠، زۆر بەگەرمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشوازی لە قوتابخانەی وابەستەیی کرا، چونکە ئەم قوتابخانەیە ڕەنگدەرەوەی خولیای نەوەیەکی نوێ لە توێژەرە گەنجە ڕادیکاڵەکان بوو کە لە سەردەمی شۆڕشی قوتابیانی زانکۆ [ناڕەزایەتیی قوتابیانی زانکۆ لە ساڵی ١٩٦٨ لە فەڕەنسا]، ناڕەزایەتیدەربڕین لە دژی جەنگ، چالاکی بۆ ئازادیی ژنان و یاخیبوونی خەڵکی گەڕەکە هەژارنشینەکان ژیابوون. هەروەک چۆن چیرۆت (Chirot, 1981,) دەڵێت:

"شکستی ئەمریکییەکان لە ڤێتنام و سەرهەڵدانی چەندین کێشەی نەژادی لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٦٠، کە بوونە هۆی داته‌پینێکی ئابووریی توند و کەمبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی جیهاندا و دواجار نەمانی متمانەبەخۆبوونی ئەمریکییەکان لە سەرەتای ساڵانی ١٩٧٠، گشتیان بوونە هۆی بەکۆتاهێنانی ئەو بنەما ئەخلاقییانەی کە قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن لەسەری دامەزرابوو. جۆرێکی نوێی تیۆری لە نێوان کۆمەڵناسە گەنجەکاندا پەرەی سەند کە گشت بنەما باوەڕپێکراوەکانی ڕابردووی وەلا نا؛ ئەمریکا بوو بە مۆدێلێک لە خراپەکاری؛ هەروەها سەرمایەداری کە بە هۆکاری پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی هەژمار دەکرا، بوو بە هۆکاری چەوسانەوە و هۆکاری سەرەکیی هەژاری لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا. ئەگەر جاران ئەم بیرۆکەیە باو بوو کە دواکەتوویی دوژمنی گەلانی مۆدێرن نەبووە، ئەم جارە ئیمپریالیزم وەک دوژمن هەژمار دەکرا.

بەم جۆرەیش قوتابخانەی وابەستەیی کە لە بەستێنی مێژووییی ساڵانی ١٩٦٠دا سەری هەڵدا، وەک وەڵامدەرەوەیەک بوو بۆ شکستەکانی بەرنامەی ئێکلا، قەیرانەکانی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس و دابەزینی بەهای قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. ئەم بەشەی خوارەوە بەکورتی تیشک دەخاتە سەر بەرنامەکانی ئێکلا و تیۆرییە مارکسیستییه‌كان، وەک پێشینەیەک بۆ ناسینی ڕوانگەی قوتابخانەی وابەستەیی.

میراتی هزری

ئێکلا (The ECLA)

دامەزراندنی قوتابخانەیەکی سەربەخۆی گەشەسەندن لە ئەمریکای لاتین، پەیوەندییەکی نزیکی بە ئێکلاوە هەیە. پرێبیش (Prebisch 1950)، کە سەرۆکی ئێکلا بوو، لە "مانیفێستی ئێکلا"دا، ڕەخنەی لە مۆدێلی ماوەبەسەرچووی دابەشبوونی کاری جیهانی گرت. بەپێی ئەم مۆدێلە، دەبوایه‌ ئەمریکای لاتین کەرەستەی خۆراک و کەرەستەی خاوی بۆ ناوەندە پیشەسازییە گەورەکانی جیهان بەرهەم بێنێت؛ لە بری ئەمەیش، ئەمریکای لاتین کاڵای بەپیشەسازیبووی لەم ناوەندانە بەدەست دێنا. ڕەخنەی پرێبیش بریتی بوو لەوەی کە ڕیشەی گشت کێشەکانی تایبەت بە گەشەسەندنی ئەمریکای لاتین دەگەڕێتەوە بۆ ئەم مۆدێلە. پشتبەستن بە هەناردەکردنی کەرەستە خۆراکییەکان و کەرەستەی خاو، لە دواجاردا دەبێتە هۆی لەناوچوونی مەرجەکانی بازرگانی لە ئەمریکای لاتین کە دواجار ئەمەیش کاریگەریی لەسەر کەڵەکەبوونی سەرمایەی ناوخۆ دروست دەکات.

ستراتیژیی پرێبیش بۆ گەشەسەندنی ئەمریکای لاتین بریتی بوو لە وەستاندنی دابەشبوونی یەک-لایەنەی کاری جیهانی و دەربازبوونی ئەمریکای لاتین لە پرۆسەی بەپیشەسازیبوون:

  • بڕیار بوو پرۆسەی بەپیشەسازیبوون لە ڕێگەی جێگرەوەکردنی بەشێکی زۆری کاڵا هاوردەکان بە کاڵای بەرهەمهێنراوی ناخۆ، خێرا بکرێت. لە سەرەتادا پێویستە لە ڕێگەی تاریفە [ڕسووماتی گومركی] و کۆمەڵێک ئامرازی پاڵپشتیکار، پاڵپشتی لە پیشەسازیی ناوخۆ، لە هەمبەر کێبڕکێی دەرەکی بکرێت؛ بەڵام هەر کاتێک کارگە ناوخۆیییەکان توانای کێبڕکێکردنیان هەبوو، ئەوکات خودی خۆیان بەبێ پاڵپشتیکردنی حکوومەت کاروباری خۆیان بەڕێوە دەبەن.
  • سەرەڕای ئەمەیش، بەرهەمهێنانی کەرەستەی خاو هەمان ڕۆڵی گرنگی جارانی لە ئابووریی وڵاتانی ئەمریکای لاتین دەگێڕا. ئەو داهاتەی کە لە هەناردەکردنی کەرستەی خاو بەدەست دەهات، دەتوانرا بۆ هاوردەکردنی کاڵا سەرمایییەکان [ئەو کاڵایانەی کە لە پیشەسازیی وەگەڕ دەخرێن، وەک ئامرازەکانی کشتوکاڵ، یاخود ئامرازەکانی گواستنەوە و گەیاندن نەک کاڵا جوانکاری و خۆراکییەکان] تەرخان بکرێت؛ بەم شێوەیەیش ئەم کارە یارمەتیدەر بوو لە بەرزکردنەوەی ئاستی بووژانەوەی ئابووریی وڵاتانی ئەمریکای لاتین.
  • دەبوایه‌ حکوومەتەکانی ئەمریکای لاتین وەک کەناڵێکی هاواهەنگی، زۆر چالاکانە لە بەرنامەکانی بەپیشەسازیبووندا بەشدار بن. بەرزبوونەوەی ئاستی بەشداریی حکوومەت، بۆ شکاندنی تەوقی گەشەنەسەندن زەروور بوو.

سەرەتا، لە ساڵانی ١٩٥٠دا، ستراتیژیی ئێکلا لە لایەن حکوومەتەکانی ئەمریکای لاتین زۆر بەساردی پێشوازیی لێ کرا. ئەم بەرپەرچدانەوەیە هۆکارێک بوو کە ئێکلا نەتوانێت پێوه‌رە ڕادیکاڵەکانی خۆی بۆ گۆڕانکاری، بۆ نموونە بەرنامەکانی چاکسازیی زەوی، جێبەجێ بکات. لە ڕاستیدا، هیچ کاتێک، گۆڕانی ستراکتۆرەکان لە ئەولەوییەتی بەرنامەکانی ئیكلا نەبوو. دەکرێ بڵێین کە ستراتیژیی ئێکلا، تا ڕاددەیەکی زۆر، ستراتیژییەکی خۆشبینانە بوو. بە بڕوای ئێکلا خەسلەتە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگه‌ دواکەوتووەکان، خۆبەخۆ لە نێوه‌ندی پرۆسەی بەپیشەسازیبووندا لەناو دەچوون و بەپیشەسازیبوون گشت کێشەکانی گەشەسەندنی چارەسەر دەکرد.

بەداخەوە، بەرنامەکانی ئێکلا سەرکەوتوو نەبوون. لە ساڵانی ١٩٦٠دا، داته‌پینی ئابووری و کێشە سیاسییەکان سەریان هەڵدا. لەم بارەوە بلومسترۆم و هێتن، ئاماژە بەوە دەدەن کە کەموکورتییەکانی سیاسەتی جێگرەوەکردنی کاڵا هاوردەکان بەڕوونی بەدەرکەوتن:

"تەنیا هەندێ توێژی کۆمەڵگه‌ هێزی کڕینیان هەبوو، بازاڕی ناوخۆیش دوای پڕبوونی پێداویستییەکانی، توانای بەرفراونبوونی نەبوو. وابەستەیی لە کاڵا هاوردەکان، لە کاڵا بەکاربەرەکان بۆ کاڵا سەرماییەکان گۆڕدرابوو و هیچی تر. لە تاو پرۆسەی بەپیشەسازیبووندا، هەناردەکردنی کاڵا تەقلیدییەکان، پشتگوێ خرابوو. دواجار وڵاتانی ئەمریکای لاتین یەک لە دوای یەک تووشی گرفتی نەدانی مووچە (balance of payment) هاتن. خۆشبینی لەبارەی بووژانەوە، گۆڕا بۆ داته‌پینێکی قووڵی ئابووری."

شکستی بەرنامە هەموارکراوەکەی ئێکلا بۆ چاکسازی، قوتابخانەی وابەستەییی هان دا کە بەرنامەیەکی ڕادیکاڵتر پێشنیار بکات، کە لە خوارەوە دەخەینە ڕوو.

نیو-مارکسیزم

نەریتێکی تری تیۆری کە قوتابخانەی وابەستەیی پشتی پێ دەبەستێت، نیومارکسیزمە. سەرکەوتنی شۆڕشی چین و کۆبا، بووە هۆی پەرەسەندنی فۆرمێکی نوێی مارکسیزم لە زانکۆکانی وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا؛ ئەمەیش بووە هۆی دروستکردنی نەوەیەکی شۆڕشگێڕ کە ئەندامانی ئەم نەوەیە خۆیان بە "نیوماركسیست" پێناسە دەکرد. بەپێی قسەکانی "فۆستر-کارتر (١٩٧٣)"، نیومارکسیزم بەپێی ئەم خاڵانەی خوارەوە لە مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس جیاواز بوو.

مارکسیستە ئۆرتۆدۆکسەکان لە "ناوەند"ەوە سەیری ئیمپریالیزمیان دەکرد کە وەک قۆناغێکی قۆرخکاریی سەرمایەداری لە ڕۆژاوای ئەوروپا سەری هەڵداوە. بەڵام نیومارکسیستەکان لە ڕوانگەی "پەراوێز"ەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ ئیمپریالیزم دەکرد و زۆرتر تیشکیان دەخستە سەر دەرەنجامە خراپەکانی ئیمپریالیزم بەسەر وڵاتانی جیهانی سێیەمدا.

٢. مارکسیستە ئۆرتۆدۆکسەکان ستراتیژییەکی دوو قۆناغەیان بۆ شۆڕش پێشنیار دەکرد. واتە پێویست بوو پێش ڕوودانی شۆڕشی سۆسیالیستی، شۆڕشێکی بۆرژوازی ڕوو بدات. هەروەها چونکە زۆربەی وڵاتانی جیهانی سیێەم وڵاتانی دواکەوتوو بوون، مارکسیستە ئۆرتۆدۆکسەکان لەو هیوایەدا بوون کە بۆرژوازە پێشکەوتووەکان بتوانن شۆڕشی بۆرژوازی لەم وڵاتانەدا هەڵگیرسێنن. بەڵام نیومارکسیستەکان لەو بڕوایەدا بوون کە هەلومەرجی هەنووکەییی وڵاتانی جیهانی سێیەم، لەبارە بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشی سۆسیالیستی. ئەم وڵاتانە هەر ئێستا شۆڕشیان دەوێت. ئەوان وەک ئامراز و داهێنەری دەستی ئیمپریالیزم، سەیری بۆرژواکانیان دەکرد کە ناتوانن ڕۆڵەکەیان وەک ئازادکەری هێزەکانی بەرهەمهێنان بگێڕن.

٣. سەباره‌ت ڕوودانی شۆڕشی سۆسیالیستی، مارکسیستە ئۆرتۆدۆکسەکان پێیان باش بوو کە پرۆلیتاریای شارە بەپیشەسازیبووەکان ئەم شۆڕشە ئەنجام بدەن؛ بەڵام نیومارکسیستەکان زۆرتر خولیای ئەو شێوازە بوون کە چین و کۆبا بۆ هێنانەدیی شۆڕشی سۆسیالیستی گرتبوویانە بەر. نیومارکسیستەکان هیوای زۆریان بە هێزی شۆڕشگێرانەی جووتیارانی گوندەکان و جه‌نگی پارتیزانیی خەڵک هەبوو و بە ستراتیژییەکی پەسەندکراو بۆ هێنانەدیی شۆڕش هەژماریان دەکرد.

هەروەک لە گفتوگۆی خوارەوەدا دەبینین، قوتابخانەی نیومارکسیزم لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٦٠دا، چەندین چەمکی سەرەکییان بۆ ڕەخنەگرتن لە بەرنامەکانی ئێکلا و قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن، پێشکەشی قوتابخانەیی وابەستەیی کرد.

 

* ئەم وەرگێڕانە بەشێکە لە كتێبی

Social Change and Development: Modernization, Dependency and World System Theories, Alvin. Y. So, 1990