كتێبخانه‌

كتێبخانه‌ (61)

ئەم کتێبە "چوارچێوە یاسایییەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی (دارایی)" لە نووسینی دەبڵیو. پائاتی ئۆفوسۆ- ئێماھ، ڕاج سوپرامانیان، كیشور ئاپرێتى و لە لایەن ئەحمەد ڕەنجبەر وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی و دواجار کاروان کەریمخان لە فارسییەوە کردوویەتە کوردی. ئەم کتێبە لە دەلاقەی یاسایییه‌وه‌ لێکۆڵینەوە لەبارەی هەوڵی وڵاتانی پێشکەوتوو و ئەو وڵاتانەی کە لە حاڵی پێشکەوتندانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکات. لەم كتێبەدا یاسا وەک ئامرازێکی ڕەق و کارا بۆ توندو­بەندکردنی ئیرادەی سیاسی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەتۆکمەیی و وردی باس کراوە. دەرەنجامی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە یاسای ڕێکوپێک دەتوانێ ئامرازێک بێت بۆ کەمكردنەوەی گەندەڵیی دارایی و تەنانەت دەتوانێ لە دوورمەودادا ببێتە هۆی فەرهەنگسازی لە دژی گەندەڵی­. ئامانجى ئەم توێژینەوەیە، لێكدانەوەى ڕوانگەكانى بەرەنگار­بوونەوەى گەندەڵییە لەناو سیستەمە یاسایییەکانی وڵاتانی جیهان.

ئەم توێژینەوەیە بە ڕەچاوكردنى ئەو خاڵە كە وڵاتە جۆراوجۆرەکان، ئامراز و شێوەى جیاوازی یاسایییان بۆ بەرەنگار­بوونەوەى گەندەڵى هەیە، سەرەتا ئامرازى ڕێگرى و چاكسازیی لێک جیا كردۆتەوە؛ ئامرازى پێشگری، ڕێسا و نۆڕمى یاساییی ڕێگری دەگرێتەوە كە دەتوانێت بۆ دروستكردنى كەشێكى دوور لە گەندەڵى كاریگەر بێت؛ ئامرازى چاكسازى بریتین لە یاساى دژەگەندەڵى كە لە بنەڕەتدا مەبەستی بەدواداگەڕانی شێوازى گونجاوە بۆ سزادانى كردەوەی گەندەڵاوی. ئامرازى پێشگرى بە شێوەى پێشینەیى كار دەكەن و، هەروەها لێپێچینەوە و یاساى چاكسازى بەرانبەر بە دیاردەى گەندەڵی ئامرازگەلی دواتر و پاشینەیین.

بەشى دووەمى توێژینەوەکە تایبەتە بە ئامرازى ڕێگرى، كە بەپێی جۆری بەرەنگار­بوونەوەى گەندەڵى، لەژێر دوو بابەتى شێوازى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تاوتوێ دەکرێن. بە­پێی سەرچاوەكانى یاسای بابەتى، یاساى چاودێریی كارگێڕیى دارایی، دابینكردنى بوودجەى هەڵمەتى هەڵبژاردن و دابینكردنى کاڵا و خزمەتگوزاریی گشتی، سێ نموونەى فراوانی ئامرازى ڕێگرین كە تا ڕادەیەک بە شێوەیەکی تایبەتی پشت بە شێوازى ڕاستەوخۆى بەرەنگار­بوونەوەى گەندەڵى دەبەستن. ئەو نموونانەى كە شێوەى ناڕاستەوخۆترن و لەم توێژینەوەیه‌دا هه‌ن بریتین لە: بنەماى ڕەفتارى (كۆد) [کۆدی ڕەفتاری واتا ئەو فەکتانەی کە لە ڕەفتاری تاک کە بنەما سەرەکییەکانی ڕەفتاری تاک دێنن؛ لە ناو زانستی یاسادا بە کۆدی ڕەفتاری دەناسرێن]، پێداگریكردن لە پابەندیی نەتەوەیی و بنەما و بڕیارى سه‌ركردایه‌تی، هەروەها زۆر ڕێسای تر كە پەیوەستن بە ئاشکراکردنی بارى ماددى و ئازادیی زانیارى و میدیاکان.

لە بەشى سێیەمى ئەم توێژینەوەیەدا ئامرازى چاكسازیى بەرەنگار­بوونەوەى گەندەڵى دەخرێنە بەر باس كە بە ڕیز بریتین لە پڕۆسەی لێكۆڵینەوەى تاوانى تایبەت بە گەندەڵیی دارایی و دواتر پڕۆسەی دادگه‌یی. ئەم توێژینەوەیە بە سوودوەرگرتن لە باشترین نموونەى كرداریی سیستەمە دادوەرییەكانى ئێستاى جیهان، جەوهەری یاساى دژە­گەندەڵى وەك سزای کارا، پێناسەى دروستى سپیكردنەوەى پارە و دواجار بەتایبەت ڕێسا گرینگەکانى چاودێر لەسەر بەڵگەى سەڵماندنى تاوان كە هەندێ جار ڕێزی بنەمای جیهانیی بێتاوانى تووشی کێشە دەکات، دەبێتە هۆى ئاسانكاریى پڕۆسەی لێكۆڵینەوە و، هەروەها بەدواگەڕانى تاوانی تایبەت بە گەندەڵى دەخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. ئەم بەشە بە كورتە باسێك لەبارەى ئەو ڕەگەزانەى كە پێویستە لە پێناسەى گەندەڵى گرینگییان پێ بدرێت، كۆتایی دێت. پێداگری لە ڕەهەندە نێودەوڵەتییەکانی بەرەنگار­بوونەوەى گەندەڵى، بابەتى بەشى چوارەمى ئەم توێژینەوەیە دەبێت.

داهێنانی بێژمار لە لایەن كۆمەڵگه‌ى نێودەوڵەتى بۆ هاوكاریكردنی هەوڵى وڵاتان بە مەبەستی پێشگریكردن لە بڵاو­بوونەوەى گەندەڵى ئەنجام دراوە. زۆرێك لەم داهێنانانە بە ڕێبەرایەتیى ڕێكخراوى نەتەوە یەكگرتووەكان بووە. ڕێكخراوە ناوچەیییەکانی وەك ڕێكخراوى وڵاتانى ئەمریكا، ڕێكخراوى هاوكارى و پەرەسەندنى ئابوورى، ئەنجومەنى ئەوروپا و هاوپەیمانیى جیهانى بۆ ئەفریقا ئەم پڕۆسەیان گرتۆتە ­بەر؛ دەرەنجامى ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە كە داهێنانە یاسایییەكان بەتەنیایی دەردێك دەرمان ناكەن. ئەم هەنگاوانە تەنیا ئامرازێكن بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵی. سەركەوتووترین هەنگاو ئەو هەنگاوانەن كە پشتیوانیى ئیرادەى سیاسى و سەرچاوەى پێویستیان بۆ ئامادەكارى و بەردەوامى بە مەبەستی بەرەنگار­بوونەوەى گەندەڵى، هەبێت. وتاردانى تەڕ و بریقەدار، بەیاننامە یان تەنانەت یاساكان، بە هیچ شێوەیەك ناتوانن ئەلتەرناتیڤی گونجاو بن بۆ ئیرادەى سیاسى و نییەتى ڕاستەقینەى پێویست بۆ پێشگریکردن لە تەشەنەى گەندەڵى.

ئەم توێژینەوەیە دەتوانێ ببێتە نموونەیەکی ئەزموونكراوی وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان و، ڕێگه‌ی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ڕێی یاسا بۆ کوردستان ئاسانتر دەکات. هەروەها دەتوانێ ببێتە سەرچاوەیەکی باش بۆ بەشی ماف و یاسا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و، دەزگه‌ جێبەجێکارەکانیش دەتوانن سوودی زانستیی لێ وەرگرن.

ناوی کتێب: پایە و بنەماکانی سیاسەتی گشتی

نووسینی: دکتر حه‌میدڕه‌زا مه‌لیك محه‌مه‌دی، مامۆستای زانستە سیاسییه‌كانی زانکۆی تاران

وەرگێڕانی: محەمەد کەریمخان، زانستگەڕی زانستە سیاسییه‌كانی زانکۆی تاران

بابەت: سیاسەتی گشتی، بەرنامەدانانی سیاسی

پوختەی كتێب

سیاسەتی گشتی، چوارچێوەی ژیانی ئێمە لەناو کۆمەڵگه‌دا دیاری دەکات؛ بۆیه پێویستە بەوردی کۆڵینەوەی بۆ بکرێت. لێرەدا ئەو زانستەی کە ئەم ئەرکەی لە ئەستۆ گرتووە، زانستی سیاسەتی گشتییە. لەناو ئەم زانستەدا دونیای سیاسەتەکان لە پێش لەدایکبوونیان و تا دوای نەمانیشیان دەدرێنە بەر ڕەخنە و لێکۆڵینەوە. ئەم سیاسەتانە لە لایەن دەوڵەت و دامەزراوە گشتییه‌ نادەوڵەتییه‌كانه‌وه‌ لە بوارە جۆراوجۆرەکان دانراون تاکوو ژیان شێوەی ئاسایی و ڕووەو پێشەوەی هەبێ، کێشە نەیێتە پێش کارکردەکانی ژیان و ئەگەر هاتە پێشیش بەئاسانی و بەبێ تێچووی زۆر چارە بکرێن. لەم كتێبەدا هەوڵمان داوە تاکوو پایە و چەمکە سەرەکییه‌كانی ئەم زانستە لەناو قاڵبی نووسینێک بەپێی ستانداردەکانی دەقی زانکۆیی پێشکەش بە خوێنەرانی تایبەتی و گشتی بکەین.

گرینگیی كتێبه‌كه‌

كتێبی بەردەست، زانستی سیاسەتدانانی گشتیی بە زمانێكی سادە و بە نموونەی بەرچاو ڕوون كردۆتەوە. سیاسەتە گشتییەكان كە کۆی ژیانی ئێمەیان لەناو كۆمەڵگه‌دا دەورە داوە، دەبێ بە قەڵەمێكی زانستی بنكۆڵ بكرێن. هەڵدانەوە و لێكدانەوەی ئەم كارە. پێویستی بە زانستی سیاسەتداڕشتن هەیە. ئەم زانستە سەروبنی سیاسەتەكان شی دەكاتەوە؛ لە ڕاستیدا زانستێكە پەیوەندیی بە دەوڵەت و دامەزراوە نادەوڵەتییه‌ گشتییه‌كانی كۆمەڵگه‌وە هەیە. ئەم كتێبە هەستاوە بە كۆكردنەوەی بنەماكانی ئەم زانستە بە شێوەیەكی پۆلێنبەندكراو بۆ كه‌سانی ئه‌كادیمی.

گرینگیی ئەم كتێبە بۆ زمانی كوردی لەوەدایە کە ڕەنگە بەشێک بێ لە هەڵبەستنی بناوانی جۆگەی سیاسەتی گشتی لە كوردستان. گرینگیی دیکەی لەوەدایە کە سیاسەتی گشتی لە وڵاتانی پێشكەوتوو و وڵاتانی هاوشێوەی كوردستان بە نموونە دێنێتەوە. واتا نموونەی ئایدیه‌ڵ و سەركەوتوو نیشان دەدات و نموونەی بەراوردكاریی لەجێ لە گەڵ وڵاتێكی دراوسێ دێنێتەوە. بۆ نموونە ئه‌مریكا و ئینگلیز وەك ئەوپەڕی سەركەوتووانی سیاسەتی گشتی و ئێران وەك وڵاتێكی هاوشێوە و تا ڕاددەیەک وێچوو لە ڕووی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی - فەرهەنگی لەگەڵ دۆخی گشتیی كوردستان بۆ كاری بەراوردكاری بە گرینگ زانراوە. بەو هیوایەی ئەم زانستە لە کوردستاندا بپشکوێ و پێش کەوێ و بەشی سیاسەتی گشتی و ئاییندەتوێژی، بە لێکۆڵینەوەکانیان هاوکاری دەوڵەتمەداران بن بۆ ئەوەی کارەکان بە شێوەیەکی زانستی و هەموولابینی بچنە پێش.

خوێنەرانی ئەم كتێبە

خوێنەرانی سەرەكیی ئەم وانانە خوێندكارانی بەكالۆریۆسی زانكۆكانن كە لە بەشەكانیان وانەی سیاسەتی گشتی دەگوترێتەوە. هەروەها ئەم كتێبە بۆ خوێندكارانی قۆناغەكانی سەرەوەتریش بۆ دووبارە خوێندنەوە و پۆلینكردنی بابەتەكان بەسوودە. هەروەها ئەم كتێبە بۆ دەوڵەتمەداران و بەرپرسانی دامەزراوە دەوڵەتییەکان بەکەڵکە و پێویستە.

بەشەکان

پێكهاتەی ئەم كتێبە پێك دێت لە سێ بەشی سەرەكی كە بریتین لە بنچینەكانی سیاسەتی گشتی، پێداچوونەوە بە هەندێ بەشی سیاسەتی گشتی و، لە كۆتاییدا ئاسۆی داهاتوو و سیاسەتی گشتی دەدرێتە بەر باس و، هەر بەشێك بەپێی ناونیشانی خۆی چەند تەوەرێكی تێدایە. بەشی یەكەم پێك دێت لە حەوت تەوەر: تەوەری یەكەم، لە سرشتی سیاسەتی گشتی و بنچینە سەرەكییەكان دەكۆڵێتەوە. لەم بابەتە­دا چەرخەی سیاسەتەكان و قۆناغە جۆراوجۆرەكان دەدرێنە بەر باس و، دواتر هەر یەك لە قۆناغەكانی چەرخە دەبنە دەستمایەی بەشەكانی دیکە. بە جۆرێك كە لە تەوەری دوەم، دەستووری كاری سیاسەتدانان؛ تەوەری سێیەم، ڕێكخستنی سیاسەتەكان؛ تەوەری چوارەم، جێبەجێكردنی سیاسەتەكان؛ تەوەری پێنجەم هەڵسەنگاندنی سیاسەتەكان؛ تەوەری شەشەم، گۆڕینی سیاسەتەكان؛ تەوەری حەوتەم، كۆتاییی سیاسەتەكان شرۆڤە دەكرێن.

بەشی دووەمی كتێبه‌كه‌، پێداچوونەوەیەكە بۆ هەندێک بەشی گرینگی سیاسەتی گشتی. لەم بەشەدا هەوڵ دەدرێت خوێندكاران لەگەڵ بەشە سەرەكییەكانی سیاسەتی گشتی ئاشنا بن. گونجاندنی تەوەرەكان و هێنانی نموونەی خۆماڵی لەم بەشەدا، بابەتەكان بە شێوەیەكی هەستپێكراو دەداتە بەر دەستی ئارەزوومەندان. بە جۆرێك، تەوەری هەشتەم بۆ لێكوڵینەوەی سیاسەتی فێركاری؛ تەوەری نۆیەم، بۆ سیاسەتی تاوانی؛ تەوەری دەیەم، بۆ سیاسەتی ژینگەیی؛ تەوەری یازدەیەم، بۆ سیاسەتی خۆشگوزەرانی و تەوەری دوازدەیەم بۆ سیاسەتی ئابووری تەرخان كراوە.

 لە بەشی سێیەمدا، سەرنج دەدرێتە بەشی تەواوكاری لەژێر ناونیشانی داهاتووبینی و سیاسەتی گشتی. تەوەرەكانی ئەم بەشە بریتین لە سیاسەتتوێژی (توێژینه‌وه‌ له‌ سیاسه‌ت)، توێژینەوەکانی سیاسەتی لەناو مەیدانی كار و توانامەندكردنی زانستگەڕانی سیاسەتی گشتی.

پۆلێنبەندیی ئەم كتێبە بۆ سێ بەش و تەوەرە پەیوەندارەكان، یەكێكن لە تایبەتمەندییەكانی ئەم كتێبە كە بۆ فێركاری شیاوە. هەر تەوەرێك پێك دێت لە هەندێ شتی گرینگ و نموونەی سەرنجڕاكێش كە لەناو چوارچێوەیەك دانراون. هەروەها، لەناو هەر بابەتێكدا باسگەلێك لەژێر ناوی "بۆ باسكردن لەسەر پۆل" دیاری كراون كە بە ڕێنوێنیی وانەبێژان بە مەبەستی ئاشنابوونی ڕەهەندە جۆربەجۆرەكان و تێراوكردنی باسەكان بابەتێك لەناو پۆلدا دەپێژرێت. لە كۆتاییدا، دانانی بەشی دواییی كتێب كە تایبەتە بە توێژینەوەی سیاسەتی، داهێنانێكە كە گرینگی، جۆر و كارابوونی لێكۆڵینەوەكان فێری خوێندكاران دەكات.

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هیوا مەجید خەلیل

ڕوانگەی وابەستەیی*

بەستێنی مێژوویی

هەروەک چۆن دەتوانین بڵێین قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن لە گۆشەنیگای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی دەڕوانێتە پرۆسەی گەشەسەندن، بە هەمان شێوە، دەتوانین بڵیین کە قوتابخانەی وابەستەیی لە گۆشەنیگای وڵاتانی جیهانی سێیەمەوە دەڕوانێتە بابەتی گەشەسەندن. بەگوێرەی قسەی بلۆم سترۆم و هێتنێ (Blomstrom and Hettne, 1984)، قوتابخانەی وابەستەیی نوێنەرایەتیی "دەنگی پەراوێز" دەکات کە بەرەنگاری هێژموونی هزری قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆنی ئەمریکی دەبێتەوە.

قوتابخانەی وابەستەیی، سەرەتا لە ئەمریکای لاتین لە سەرەتاکانی ١٩٦٠کان، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ شکستی بەرنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، واتە بەرنامەکانی کۆمیسیۆنی ئابووریی ئەمریکای لاتین/ئێکلا (ECLA) سەری هەڵدا. زۆرێک لە ڕژێمە پۆپۆلیستەکانی ئەمریکای لاتین هەوڵیان دا لە سەرەتاکانی ١٩٥٠کان، ستراتیژیی گەشەخوازانەی ئێکلا لەبارەی پاڵپشتیکردنی ئابووری و بەپیشەسازیکردن لە ڕێگەی سیاسەتی جێگرەوەکردنی کاڵا هاوردەکان (import substitution) بگرنە بەر؛ هاوکات زۆرێک لە ئابووریناسانیش هیوادار بوون لە ڕێگەی ئەم ستراتیژییەوە بگەنە بووژانەوەی ئابووری، خۆشگوزەرانی و دیموکراسی؛ بەڵام کرانەوە ئابوورییە کورتخایەنەکەی ساڵانی ١٩٥٠، زۆر بەخێرایی بوو بە داته‌پینێكی ئابووری. لە سەره‌تای ساڵانی ١٩٦٠کان، ئەمریکای لاتین لە پرسی وەک بێکاری، هەڵاوسان، دابەزینی نرخی دراو، دابەزینی مەرجەکانی بازرگانیکردن و چەندین کێشەی ئابووریی تردا نقووم ببوو. ڕووخانی ڕژێمە جەماوەرییەکان بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی جەماوەری و، ڕژێمه‌ سەرکوتکاره‌ سەربازی و دەسەڵاتخوازه‌كان لەم وڵاتانەدا دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت. پێویست بە گوتن ناکات، لەم چەشنە بارودۆخەدا، زۆرێک لە ئابووریناسانی ئەمریکای لاتین هیوایەکیان نەما. ئەم ئابووریناسانە هەم بەرنامەکانی ئێکلا و هەمیش لە قوتابخانەی ئەمریکیی مۆدێرنیزاسیۆن، کە سەلماندی توانای لێکدانەوەی داكشانی ئابووری، سەرکوتی سیاسی و بەرفراوانبوونی بۆشایی لە نێوان وڵاتانی هەژار و دەوڵەمەندا نییە، غەمبار بوون.

لە لایەکی ترەوە، قوتابخانەی وابەستەیی، وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ قەیرانەکانی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسی لە ساڵانی ١٩٦٠، لە ئەمریکای لاتین. لە ڕوانگەی کۆمۆنیستێکی ئۆرتۆدۆکسەوە، پێویست بوو وڵاتانی ئەمریکای لاتین لە قۆناغی شۆڕشی پیشەسازیی "بۆرژوازی" دەرباز بن، پێش ئەوەی کە بە قۆناغی شۆڕشی سۆسیالیستسی "پرۆلیتاریا" بگەن. کەچی شۆڕشی چین لە ساڵی ١٩٤٩ و شۆڕشی کۆبا لە سەره‌تای ساڵانی ١٩٥٠، نیشانی دا کە وڵاتانی جیهانی سێیەم دەتوانن بەسەر قۆناغی شۆڕشی بۆرژوازیدا باز بدەن. بە سەرسامبوون بە مۆدێلی گەشەسەندنی چین و کۆبا، زۆرێک لە توێژەرانی ئەمریکای لاتین هزریان لەوە دەکرده‌وه‌ کە ئایا وڵاتانی خۆیشیان دەتوانن  بەرەو قۆناغی شۆڕشی سۆسیالیستی هەنگاو بنێن؟

دواتر، قوتابخانه‌ی وابەستەیی کە لە ئەمریکای لاتین هەڵقووڵابوو، بەرەو باکووری ئەفریقا تەشەنەی کرد. ئاندرێر گوندێر فرانک، کە بەڕێکەوت لە سەرەتای ساڵانی ١٩٦٠ لە ئەمریکای لاتین بوو، قوتابخانەی وابەستەییی بە جیهانی ئینگلیزیزمان ئاشنا کرد. ڕاستییه‌كه‌ی، لە دەرەوەی ئەمریکای لاتین، قوتابخانی وابەستەیی لە ڕێگەی فرانک و گۆڤاری ئەمریکیی Monthly Review، کە فرانک تێیدا کاری دەکرد، دەناسرا.

لە کۆتاییی ساڵانی ١٩٦٠، زۆر بەگەرمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشوازی لە قوتابخانەی وابەستەیی کرا، چونکە ئەم قوتابخانەیە ڕەنگدەرەوەی خولیای نەوەیەکی نوێ لە توێژەرە گەنجە ڕادیکاڵەکان بوو کە لە سەردەمی شۆڕشی قوتابیانی زانکۆ [ناڕەزایەتیی قوتابیانی زانکۆ لە ساڵی ١٩٦٨ لە فەڕەنسا]، ناڕەزایەتیدەربڕین لە دژی جەنگ، چالاکی بۆ ئازادیی ژنان و یاخیبوونی خەڵکی گەڕەکە هەژارنشینەکان ژیابوون. هەروەک چۆن چیرۆت (Chirot, 1981,) دەڵێت:

"شکستی ئەمریکییەکان لە ڤێتنام و سەرهەڵدانی چەندین کێشەی نەژادی لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٦٠، کە بوونە هۆی داته‌پینێکی ئابووریی توند و کەمبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی جیهاندا و دواجار نەمانی متمانەبەخۆبوونی ئەمریکییەکان لە سەرەتای ساڵانی ١٩٧٠، گشتیان بوونە هۆی بەکۆتاهێنانی ئەو بنەما ئەخلاقییانەی کە قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن لەسەری دامەزرابوو. جۆرێکی نوێی تیۆری لە نێوان کۆمەڵناسە گەنجەکاندا پەرەی سەند کە گشت بنەما باوەڕپێکراوەکانی ڕابردووی وەلا نا؛ ئەمریکا بوو بە مۆدێلێک لە خراپەکاری؛ هەروەها سەرمایەداری کە بە هۆکاری پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی هەژمار دەکرا، بوو بە هۆکاری چەوسانەوە و هۆکاری سەرەکیی هەژاری لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا. ئەگەر جاران ئەم بیرۆکەیە باو بوو کە دواکەتوویی دوژمنی گەلانی مۆدێرن نەبووە، ئەم جارە ئیمپریالیزم وەک دوژمن هەژمار دەکرا.

بەم جۆرەیش قوتابخانەی وابەستەیی کە لە بەستێنی مێژووییی ساڵانی ١٩٦٠دا سەری هەڵدا، وەک وەڵامدەرەوەیەک بوو بۆ شکستەکانی بەرنامەی ئێکلا، قەیرانەکانی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس و دابەزینی بەهای قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. ئەم بەشەی خوارەوە بەکورتی تیشک دەخاتە سەر بەرنامەکانی ئێکلا و تیۆرییە مارکسیستییه‌كان، وەک پێشینەیەک بۆ ناسینی ڕوانگەی قوتابخانەی وابەستەیی.

میراتی هزری

ئێکلا (The ECLA)

دامەزراندنی قوتابخانەیەکی سەربەخۆی گەشەسەندن لە ئەمریکای لاتین، پەیوەندییەکی نزیکی بە ئێکلاوە هەیە. پرێبیش (Prebisch 1950)، کە سەرۆکی ئێکلا بوو، لە "مانیفێستی ئێکلا"دا، ڕەخنەی لە مۆدێلی ماوەبەسەرچووی دابەشبوونی کاری جیهانی گرت. بەپێی ئەم مۆدێلە، دەبوایه‌ ئەمریکای لاتین کەرەستەی خۆراک و کەرەستەی خاوی بۆ ناوەندە پیشەسازییە گەورەکانی جیهان بەرهەم بێنێت؛ لە بری ئەمەیش، ئەمریکای لاتین کاڵای بەپیشەسازیبووی لەم ناوەندانە بەدەست دێنا. ڕەخنەی پرێبیش بریتی بوو لەوەی کە ڕیشەی گشت کێشەکانی تایبەت بە گەشەسەندنی ئەمریکای لاتین دەگەڕێتەوە بۆ ئەم مۆدێلە. پشتبەستن بە هەناردەکردنی کەرەستە خۆراکییەکان و کەرەستەی خاو، لە دواجاردا دەبێتە هۆی لەناوچوونی مەرجەکانی بازرگانی لە ئەمریکای لاتین کە دواجار ئەمەیش کاریگەریی لەسەر کەڵەکەبوونی سەرمایەی ناوخۆ دروست دەکات.

ستراتیژیی پرێبیش بۆ گەشەسەندنی ئەمریکای لاتین بریتی بوو لە وەستاندنی دابەشبوونی یەک-لایەنەی کاری جیهانی و دەربازبوونی ئەمریکای لاتین لە پرۆسەی بەپیشەسازیبوون:

  • بڕیار بوو پرۆسەی بەپیشەسازیبوون لە ڕێگەی جێگرەوەکردنی بەشێکی زۆری کاڵا هاوردەکان بە کاڵای بەرهەمهێنراوی ناخۆ، خێرا بکرێت. لە سەرەتادا پێویستە لە ڕێگەی تاریفە [ڕسووماتی گومركی] و کۆمەڵێک ئامرازی پاڵپشتیکار، پاڵپشتی لە پیشەسازیی ناوخۆ، لە هەمبەر کێبڕکێی دەرەکی بکرێت؛ بەڵام هەر کاتێک کارگە ناوخۆیییەکان توانای کێبڕکێکردنیان هەبوو، ئەوکات خودی خۆیان بەبێ پاڵپشتیکردنی حکوومەت کاروباری خۆیان بەڕێوە دەبەن.
  • سەرەڕای ئەمەیش، بەرهەمهێنانی کەرەستەی خاو هەمان ڕۆڵی گرنگی جارانی لە ئابووریی وڵاتانی ئەمریکای لاتین دەگێڕا. ئەو داهاتەی کە لە هەناردەکردنی کەرستەی خاو بەدەست دەهات، دەتوانرا بۆ هاوردەکردنی کاڵا سەرمایییەکان [ئەو کاڵایانەی کە لە پیشەسازیی وەگەڕ دەخرێن، وەک ئامرازەکانی کشتوکاڵ، یاخود ئامرازەکانی گواستنەوە و گەیاندن نەک کاڵا جوانکاری و خۆراکییەکان] تەرخان بکرێت؛ بەم شێوەیەیش ئەم کارە یارمەتیدەر بوو لە بەرزکردنەوەی ئاستی بووژانەوەی ئابووریی وڵاتانی ئەمریکای لاتین.
  • دەبوایه‌ حکوومەتەکانی ئەمریکای لاتین وەک کەناڵێکی هاواهەنگی، زۆر چالاکانە لە بەرنامەکانی بەپیشەسازیبووندا بەشدار بن. بەرزبوونەوەی ئاستی بەشداریی حکوومەت، بۆ شکاندنی تەوقی گەشەنەسەندن زەروور بوو.

سەرەتا، لە ساڵانی ١٩٥٠دا، ستراتیژیی ئێکلا لە لایەن حکوومەتەکانی ئەمریکای لاتین زۆر بەساردی پێشوازیی لێ کرا. ئەم بەرپەرچدانەوەیە هۆکارێک بوو کە ئێکلا نەتوانێت پێوه‌رە ڕادیکاڵەکانی خۆی بۆ گۆڕانکاری، بۆ نموونە بەرنامەکانی چاکسازیی زەوی، جێبەجێ بکات. لە ڕاستیدا، هیچ کاتێک، گۆڕانی ستراکتۆرەکان لە ئەولەوییەتی بەرنامەکانی ئیكلا نەبوو. دەکرێ بڵێین کە ستراتیژیی ئێکلا، تا ڕاددەیەکی زۆر، ستراتیژییەکی خۆشبینانە بوو. بە بڕوای ئێکلا خەسلەتە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگه‌ دواکەوتووەکان، خۆبەخۆ لە نێوه‌ندی پرۆسەی بەپیشەسازیبووندا لەناو دەچوون و بەپیشەسازیبوون گشت کێشەکانی گەشەسەندنی چارەسەر دەکرد.

بەداخەوە، بەرنامەکانی ئێکلا سەرکەوتوو نەبوون. لە ساڵانی ١٩٦٠دا، داته‌پینی ئابووری و کێشە سیاسییەکان سەریان هەڵدا. لەم بارەوە بلومسترۆم و هێتن، ئاماژە بەوە دەدەن کە کەموکورتییەکانی سیاسەتی جێگرەوەکردنی کاڵا هاوردەکان بەڕوونی بەدەرکەوتن:

"تەنیا هەندێ توێژی کۆمەڵگه‌ هێزی کڕینیان هەبوو، بازاڕی ناوخۆیش دوای پڕبوونی پێداویستییەکانی، توانای بەرفراونبوونی نەبوو. وابەستەیی لە کاڵا هاوردەکان، لە کاڵا بەکاربەرەکان بۆ کاڵا سەرماییەکان گۆڕدرابوو و هیچی تر. لە تاو پرۆسەی بەپیشەسازیبووندا، هەناردەکردنی کاڵا تەقلیدییەکان، پشتگوێ خرابوو. دواجار وڵاتانی ئەمریکای لاتین یەک لە دوای یەک تووشی گرفتی نەدانی مووچە (balance of payment) هاتن. خۆشبینی لەبارەی بووژانەوە، گۆڕا بۆ داته‌پینێکی قووڵی ئابووری."

شکستی بەرنامە هەموارکراوەکەی ئێکلا بۆ چاکسازی، قوتابخانەی وابەستەییی هان دا کە بەرنامەیەکی ڕادیکاڵتر پێشنیار بکات، کە لە خوارەوە دەخەینە ڕوو.

نیو-مارکسیزم

نەریتێکی تری تیۆری کە قوتابخانەی وابەستەیی پشتی پێ دەبەستێت، نیومارکسیزمە. سەرکەوتنی شۆڕشی چین و کۆبا، بووە هۆی پەرەسەندنی فۆرمێکی نوێی مارکسیزم لە زانکۆکانی وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا؛ ئەمەیش بووە هۆی دروستکردنی نەوەیەکی شۆڕشگێڕ کە ئەندامانی ئەم نەوەیە خۆیان بە "نیوماركسیست" پێناسە دەکرد. بەپێی قسەکانی "فۆستر-کارتر (١٩٧٣)"، نیومارکسیزم بەپێی ئەم خاڵانەی خوارەوە لە مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس جیاواز بوو.

مارکسیستە ئۆرتۆدۆکسەکان لە "ناوەند"ەوە سەیری ئیمپریالیزمیان دەکرد کە وەک قۆناغێکی قۆرخکاریی سەرمایەداری لە ڕۆژاوای ئەوروپا سەری هەڵداوە. بەڵام نیومارکسیستەکان لە ڕوانگەی "پەراوێز"ەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ ئیمپریالیزم دەکرد و زۆرتر تیشکیان دەخستە سەر دەرەنجامە خراپەکانی ئیمپریالیزم بەسەر وڵاتانی جیهانی سێیەمدا.

٢. مارکسیستە ئۆرتۆدۆکسەکان ستراتیژییەکی دوو قۆناغەیان بۆ شۆڕش پێشنیار دەکرد. واتە پێویست بوو پێش ڕوودانی شۆڕشی سۆسیالیستی، شۆڕشێکی بۆرژوازی ڕوو بدات. هەروەها چونکە زۆربەی وڵاتانی جیهانی سیێەم وڵاتانی دواکەوتوو بوون، مارکسیستە ئۆرتۆدۆکسەکان لەو هیوایەدا بوون کە بۆرژوازە پێشکەوتووەکان بتوانن شۆڕشی بۆرژوازی لەم وڵاتانەدا هەڵگیرسێنن. بەڵام نیومارکسیستەکان لەو بڕوایەدا بوون کە هەلومەرجی هەنووکەییی وڵاتانی جیهانی سێیەم، لەبارە بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشی سۆسیالیستی. ئەم وڵاتانە هەر ئێستا شۆڕشیان دەوێت. ئەوان وەک ئامراز و داهێنەری دەستی ئیمپریالیزم، سەیری بۆرژواکانیان دەکرد کە ناتوانن ڕۆڵەکەیان وەک ئازادکەری هێزەکانی بەرهەمهێنان بگێڕن.

٣. سەباره‌ت ڕوودانی شۆڕشی سۆسیالیستی، مارکسیستە ئۆرتۆدۆکسەکان پێیان باش بوو کە پرۆلیتاریای شارە بەپیشەسازیبووەکان ئەم شۆڕشە ئەنجام بدەن؛ بەڵام نیومارکسیستەکان زۆرتر خولیای ئەو شێوازە بوون کە چین و کۆبا بۆ هێنانەدیی شۆڕشی سۆسیالیستی گرتبوویانە بەر. نیومارکسیستەکان هیوای زۆریان بە هێزی شۆڕشگێرانەی جووتیارانی گوندەکان و جه‌نگی پارتیزانیی خەڵک هەبوو و بە ستراتیژییەکی پەسەندکراو بۆ هێنانەدیی شۆڕش هەژماریان دەکرد.

هەروەک لە گفتوگۆی خوارەوەدا دەبینین، قوتابخانەی نیومارکسیزم لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٦٠دا، چەندین چەمکی سەرەکییان بۆ ڕەخنەگرتن لە بەرنامەکانی ئێکلا و قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن، پێشکەشی قوتابخانەیی وابەستەیی کرد.

 

* ئەم وەرگێڕانە بەشێکە لە كتێبی

Social Change and Development: Modernization, Dependency and World System Theories, Alvin. Y. So, 1990

 

ناوی کتێب: مێژووی‌ ئاڵا و به‌یداخ

نووسهران: هانس ڕایشهارت و هاری‌ د. شۆردێل

وهرگێڕانی بۆ فارسی: بێهرووز به‌یزایی

وهرگێڕانی بۆ کوردی: سووسه‌ن محه‌ممه‌د میرخان

بهرواردکردن و پێداچوونهوهی: قه‌ره‌نی قادری

دیزاینی بهرگ و ناوهوه‌‌: عه‌زیز عه‌بدولخالق

چاپخانەی ڕۆژهەڵات

 

مێژووی ئاڵا و بهیداخ

پێشهکیی نووسهران

هه‌زاران ساڵ به‌ر له‌ ئێستا، به‌یداخ و ئاڵاکان له‌گه‌ڵ مێژوو، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ مێژووی‌ جه‌نگه‌کانی مرۆڤایه‌تیدا‌ پەیوەندییه‌كی‌ نه‌پچڕاویان هه‌بووه‌ و، له ‌هه‌ر ڕووداوێكی‌ مێژووییی‌ گه‌وره‌ كه‌ له‌ ڕابردوودا ڕووی داوه‌، به‌یداخ و ئاڵاكان به‌رده‌وام به‌رچاو بوونه‌. كاتێك كه‌ سێزار سنووری‌ گرمانیای‌ به‌زاند، لیژیۆنی‌ ئه‌و، "ویكسیلیۆم"ی‌ له پێشەوەی‌ خۆی‌ به‌رز كردبووه‌وه‌، كه‌ شێوه‌ی‌ سه‌ره‌تاییی ئاڵاكانی‌ ئه‌مڕۆ بوو.

شه‌ڕكه‌ره‌‌ خاچییه‌کان به ‌دوای‌ به‌یداخێکدا كه‌ له‌ لایه‌ن "پاپا"وه‌ پیرۆز کرابوو، چوونه‌ ناو وڵاتی‌ پیرۆزه‌وه‌ (قودس). ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ ناپلیۆن له‌ جه‌نگ له‌گه‌ڵ ڕووسیا‌، پرۆس، بریتانیا، سوید و نه‌مسا (یه‌كێتیی‌ نوێ‌ یان یه‌کێتیی نەتەوەكان)دا بوو، له‌ "لایپزیگ"دا به‌ته‌واوه‌تی تێک شکا. یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین دڵه‌ڕاوكێكانی‌ ئه‌وه‌ بوو، كه‌ چۆن بەیداخه‌که‌ی خۆی بپارێزێت و به‌سه‌لامه‌تی‌ بۆ پاریسی بگه‌ڕێنێته‌وه‌.

له ‌سه‌رده‌می‌ ئاشتییشدا، ڕووداوه‌ گرنگه‌كان به‌بێ بوونی‌ به‌یداخ و ئاڵاكان ڕوویان نه‌ده‌دا. ئاڵاکان له‌ پێشه‌وه‌ی سوڵتان و شاکان بوون و له‌ كاتی‌ ڕێوڕه‌سمی‌ ناشتن و شاردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رداره‌‌ مه‌زنه‌کان، ته‌رمیان‌ به‌ ئاڵاكان داده‌پۆشران. کاتێک که‌ له‌ شوێنێکی گۆی زه‌وی، وڵات یان دوورگه‌یه‌کی نوێ ده‌دۆزرایه‌وه‌، داگیرکه‌ران وه‌کوو یه‌که‌مین و گرینگترین هێما بۆ داگیرکردن و خاوه‌ندارێتی، ئاڵای وڵاتی خۆیان له‌و شوێنه‌دا بەرز ده‌کرده‌وه‌. له‌ سه‌رده‌می‌ ئێستایشدا، كاتێ‌ كه‌ كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێکی‌ تووڕه‌ و ناڕازی ده‌یانه‌وێت بێزاریی‌ خۆیان به‌رامبه‌ر وڵات، حزب یان ڕێكخراوێك پیشان بده‌ن، به‌یداخ و ئاڵاكانیان ده‌سووتێنن.

ئه‌م كتێبه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك "بۆچی" و "چۆن"ی مێژووی‌ به‌یداخ و ئاڵاكان ده‌کۆڵێته‌وه‌. به‌ ڕێگه‌ی‌ ئه‌م كتێبه‌وه‌ خوێنه‌ری‌ گه‌نج تێ ده‌گات،‌ که‌ چۆن ئاڵا نه‌ته‌وه‌یییه‌كان، له‌ ڕووی‌ شکڵ و ڕه‌نگه‌وه‌، کارتێکه‌ریی مێژووی‌ وڵاته‌كانیان له‌سه‌ر بووه‌. له ‌لایه‌كی‌ تره‌وه،‌ ئه‌وان چۆن كارتێكه‌رییان له‌سه‌ر ڕه‌وتی‌ ڕووداوه‌كان بووه‌، یان به‌ واتایه‌كی‌ تر، مێژوویان دروست كردووه‌.

 

پێشهکیی وهرگێڕ

گرنگیی ئه‌م کتێبه‌ له‌وه‌دایه‌، که‌ نووسه‌ران چوونه‌ته‌ ناو ناخی مێژووه‌وه‌ و هه‌وڵیان داوه‌، که‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ وڵامی هه‌ندێک پرسیار سه‌باره‌ت به‌ سه‌رهه‌ڵدانی به‌یداخ و ئاڵاکان بدۆزنه‌وه‌. گرنگییه‌کی تری کتێبه‌که‌ باسی پێکهاته‌ی ئاڵا، ڕه‌نگ و قه‌باره‌یان ده‌کات، هه‌روه‌ها ئاڵا و به‌یداخیان له‌ ڕه‌وتی مێژوودا داوه‌ته‌ به‌ر باس، که‌ چۆن پێک هاتوون و به ‌هۆی ڕووداوه‌ سیاسی و مێژوویییه‌کانه‌وه‌ ئاڵوگۆڕیان به‌سه‌ردا هاتووه‌.

ئاڵاکان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا فۆرم و پێکهاته‌ی چه‌قبه‌ستوویان نه‌بووه‌، به‌ڵکوو خێرا دۆخی سیاسی و جوگرافی کاریان تێدا کردووه‌ و فۆرمێکی تریان به‌خۆوه‌ گرتووه‌.

ئه‌م کتێبه‌ زانیاریی باش سه‌باره‌ت به‌ ئاڵا و ئاڵاناسی ده‌داته‌ خوێنه‌ر. کتێبی "مێژووی ئاڵا و به‌یداخ" ده‌توانێت بۆ قوتابخانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان گه‌لێک به‌سوود بێت، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وانه‌یش که‌ به‌ دوای زانیاریی گشتییشدا ده‌گه‌ڕێن. له‌به‌ر گرنگیی کتێبه‌که‌ که‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ئاڵای وڵاتانه‌وه‌ هه‌یه‌، بڕیارم دا "پێناسه‌ی ئاڵای نەته‌وه‌ییی کوردستان"یش بخه‌مه‌ ناو کتێبه‌که‌وه‌.

سووسهن محهمهد میرخان

 

 

پێرست

پێشهكیی نووسهران ............................................................................................................ 8

پێشهكیی وهرگێڕ ................................................................................................................... 9

چۆن به‌یداخ و ئاڵاكان هاتوونه‌ته‌ دی‌؟ .................................................................... 11

بۆچی به‌یداخیان به‌کار ده‌هێنا؟ ............................................................................................ 11

پێشه‌نگیی‌ ئاڵا و به‌یداخه‌کان چی‌ بوو؟ ............................................................................... 12

وێكسیلیۆم چییه‌؟ ..................................................................................................................... 14

به‌یداخ وه‌کوو ئاڵای‌ سه‌ربازی،‌ چۆن گه‌یشته‌ ئه‌ورووپا؟ .................................................... 15

جیاوازیی نێوان به‌یداخ و ئاڵا له‌ چیدایه‌‌؟ .......................................................................... 17

چ جۆره‌ ئاڵا، بوونیان هه‌یه‌؟ ................................................................................................... 19

كه‌ی‌ و چۆن ئاڵاكان هه‌ڵده‌درێن؟ .......................................................................................... 21

گرنگترین ئاڵای‌ په‌یوه‌ندیكردن له‌ که‌شتییه‌کاندا ............................................................... 21

ئه‌ڵمانیا: پێنج ئاڵا له‌ سه‌د ساڵدا ................................................................................ 22

ئاڵای‌ ئه‌ڵمانیا له‌ چ ڕه‌نگێك پێك هاتووه‌؟ ............................................................................... 23

یه‌كه‌مین جار چ كاتێك ڕه‌نگه‌كانی‌ ڕه‌ش، سوور و زێڕین له‌ ئاڵای‌ ئه‌ڵمانیادا له‌دایک بوون؟ .... 24

یه‌كه‌مین ئاڵای‌ نه‌ته‌وه‌ییی‌ ئه‌ڵمانیا چی بوو؟ ...................................................................... 26

كه‌ی‌ ئه‌ڵمانیا دوو ئاڵای‌ نه‌ته‌وه‌ییی‌ هه‌بوو؟ .......................................................................... 28

بریتانیای‌ گه‌وره‌: له‌ سێ ئاڵا یه‌كێك دروست بكه‌ ................................................ 31

كام ئاڵا له‌گه‌ڵ ئاڵای‌ نه‌ته‌وه‌ییی‌ بریتانیادا یه‌كیان گرته‌وه‌؟ ............................................. 31

خاچی‌ ئه‌ندریاس چ ڕووداوێكمان به‌بیر دێنێته‌وه‌؟ .......................................................... 32

خاچی‌ پاتریك چۆن چووه‌ ناو ئاڵای‌ نه‌ته‌وه‌ییی بریتانیاوه‌؟ ........................................... 34

دانمارك: خاچێك له‌ ئاسمانه‌وه‌ كه‌وته‌ خوار‌ ....................................................... 36

ئاڵای‌ دانمارك «دانبرووگ» له‌سه‌ر بنه‌مای چ ئه‌فسانه‌یه‌كه‌وه‌ هاتۆته‌ كایه‌وه‌؟ ..... 36

ناوی‌ «دانبرووگ» له‌ كوێوه‌ هاتووه‌؟ ................................................................................ 37

بۆچی سێ‌ تاجی‌ ئاڵای‌ دانبرووگ هه‌ڵگیران؟ ......................................................................... 38

فه‌ڕه‌نسا: ڕێگایه‌كی‌ درێژ بۆ «تریكۆلۆرێ‌» ........................................................... 40

بۆچی ئاڵای‌ فه‌ره‌نسا به‌ «تریكۆلۆرێ‌» ناودێر كراوه‌؟ .................................................. 41

یه‌كه‌مین ئاڵای‌ نه‌ته‌وه‌ییی‌ فه‌ره‌نسا چۆن بووه‌؟ ................................................................. 40

سویسرا: جووتیاران له ‌به‌رامبه‌ر شه‌ڕکه‌راندا ................................................... 44

به‌یداخی شویتسه‌كان به‌ چ شێوه‌یه‌ك بوو؟ ....................................................................... 44

بۆچی سه‌ربازه‌ به‌كرێگیراوه‌‌ سویسرییه‌کان‌ له ‌هه‌موو جێگه‌یه‌كدا لایه‌نگریان هه‌بوو؟ ........ 46

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا: بۆ هه‌ر ویلایه‌تێك، ئه‌ستێره‌یه‌ك .............. 48

جه‌نگی سه‌ربه‌خۆیی‌ له‌ کوێوه‌ ده‌ستی‌ پێ كرد؟ .............................................................. 48

بۆچی شۆڕشگێڕه‌كان ئاڵای‌ کۆمپانیایه‌کی بازرگانییان بۆ خۆیان هه‌ڵبژارد؟ ....................... 49

ئاڵای‌ ئه‌ستێره‌دار چۆن پێک هات؟ .......................................................................................... 51

بۆچی بریتانییه‌کان یه‌كێك له‌ دوورگه‌‌ هۆڵه‌ندییه‌کانی‌كارائیبیان داگیر كرد؟ ............... 52

كه‌نه‌دا: سه‌د ساڵ پێکدادان له‌سه‌ر ئاڵا .................................................................... 54

بۆچی له‌ كه‌نه‌دا له‌سه‌ر ئاڵا پێکدادان ڕووی دا؟ .............................................................. 54

بۆچی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ كه‌نه‌دییه‌كان ئاڵایه‌كی‌ نوێیان ده‌ویست؟ ............................... 55

ڕه‌نگه‌كانی‌ ئاڵای‌ كه‌نه‌دا چ مانایه‌كیان هه‌یه‌؟ .................................................................... 56

مه‌كزیك: خواوه‌ندێك ڕێگه‌یه‌کی‌ پیشان دا ................................................................ 58

چۆن ئازته‌که‌کان شوێنی‌ پایته‌ختی‌ خۆیان دۆزییه‌وه‌؟ ...................................................... 58

بۆچی كاكتۆس و هه‌ڵۆ قه‌ده‌غه‌ کران؟ ................................................................................. 59

بۆچی ماكسیمیلیانی‌ نه‌مساوی،‌ بوو به‌ ئیمپراتۆری‌ مه‌كزیك؟ ............................................... 59

توركیا: خه‌ونێك هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌ ئه‌ورووپا ده‌كرد ................................................... 63

كه‌وانه‌ی‌ مانگی‌ ئاڵای توركیا چ مانایه‌كی‌ هه‌یه‌؟ ............................................................. 63

پێناسه‌ی ئاڵای نه‌ته‌وه‌ییی كوردستان ...................................................................... 65

ڕه‌نگه‌كان .................................................................................................................................. 65

دروشمی نه‌ته‌وه‌یی: ................................................................................................................ 66

چۆنیه‌تیی پێكهاته‌ی ڕه‌نگه‌كان: ............................................................................................. 67

وڵاته سهربهخۆکانی جیهان ......................................................................................... 68

ئاسیا ......................................................................................................................................... 69

ئه‌فریقا ...................................................................................................................................... 73

ئه‌مریكا ...................................................................................................................................... 77

ئه‌ورووپا .................................................................................................................................... 80

هێما و ئاڵاكانی‌ كۆماری‌ ئه‌ڵمانیای فیدراڵ و ویلایه‌ته‌كانی‌ ......................................... 84

ئوسترالیا و زه‌ریاکان (ئوقیانووسیه‌) ............................................................................... 85

گردەوەکۆی: سەڵاح پایانیانی

ژمارەی لاپەڕە: ٣٣٤

چاپی یەکەم: ١٣٩٣ی هەتاوی _ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 

ناساندنی: ساماڵ ئەحمەدی

ئەو کتێبەی لێرەدا دەمەوێ بیناسێنم، بەرگێکی پڕۆژەی گەورەی ئەدەبیات و فەرهەنگی زارەکیی موکریان، كۆكراوه‌ و دانراوی توێژەر و فەرهەنگنووس، "سەڵاح پایانیانی"یە. فەرهەنگەکەی، فەرهەنگێکی هەمەلایەنی لە چەشنی ئینسایکلۆپیدیایە و تا ئێستا دوو بەشی ئەدەبیاتی زارەکیی منداڵان و ئەدەبیاتی زارەکیی ژنانی موکریانیشی لێ بووەتەوە. بەسەریەکەوە ئەو پڕۆژەیە تا ئێستا ١٢ بەرگی لێ گەییوەتە حاسڵات. هەگبەی ئەم پڕۆژەیە لە بیر و زەینی ژنان و پیاوانی بەساڵداچووی خاراوی ساردی و گەرمیی ژیانی نەتەوەی کورد ئاخنراوە، کە ئەوە سەروەت و سامانی لەبننەهاتووی نەتەوەکەمانە.

فەرهەنگی زارەکیی موکریان بۆ کەسانی ئەزموودە و شارەزای زمان و زانستەکان، کانگه‌یەکی دەوڵەمەندە، کە وشە، نێرتک (مەدخەل) و ژێرنێرتکەکانی، وەکوو کەرەستەی خاو و سەربەمۆری خۆماڵی بکەنە پێوانەی وشەسازی و زاراوەسازیی زانستە مۆدێرنەکان. چونکە زمان یەکێکه‌ لە گرینگترین توخمەکانی ناسنامه‌ی نەتەوە و، هەر نەتەوەیەک زمانی خۆی نەپارێزێت و لەگەڵ گۆڕانە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و فکرییەکانی دنیا بەرەوپێشەوەی نەبات، فەرهەنگی زمانی و ناسنامه‌ی فەرهەنگیی خۆی لەدەست دەدات. ئەمڕۆ زمانی زیندوو، ئەو زمانەیە کە بتوانێت شان لە شانی زمانانی دنیا بدات و بۆ چەمک و زاراوە بەلەز و خێراکانی زانست و فکر، لەسەر پێوانەی خۆی هاوتا ڕۆ بنێت و ببێت بە زمانی زانست. هەر فەرهەنگێکی نەتەوەیی کە بیەوێت لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەکیدا ڕاوەستاو و گەشاوە بێت، دەبێ هەوڵ بدات زمانەکەی بگەیەنێتە ئاستی زمانی زانستەکان، ئەوەیشی تەنیا لەسەر پێوانەی زمانەکەی خۆی پێ دەکرێت.

لەو ١٢ بەرگەی تا ئێستا لە پڕۆژەی ئەدەبیات و فەرهەنگی زارەکیی موکریان بڵاو کراوەتەوە، ٦ بەرگیان بەپێی پیتەکانی ئەلفبێ دانراون و بەشی سەرەکیی پڕۆژەکەن و تا ئێستا لە ٦ بەرگدا ٧ پیتی لێ بڵاو کراوەتەوە. ٦ بەرگەکەی دیکەیشی بریتین لە: ١ــ کانی مرادان (کۆمەڵێک بەندوباوی فۆلکلۆری کوردەواری)؛ ٢ــ ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان: بەشی منداڵان؛ ٢ بەرگ؛ ٣ــ ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان: بەشی ژنان؛ ٤ــ فەرھەنگی جلوبەرگ و خشڵی ژنانی موکریان )بە ھاوکاریی لەیلا نوورانی)؛ ٥ــ فەرھەنگی زارەکیی موکریان: بەشی خوردوخۆراک.

لەم یادداشتەدا دەمەوێ زیاتر کتێبی "ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان: بەشی ژنان" بناسێنم، چونکە ناساندنی سەرلەبەری پڕۆژەکە لە تاقەتی یادداشتێکی کورتدا نییە.

تایبەتمەندیی هەرە بەرچاوی کتێبی "ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان: بەشی ژنان" ئەوە نیشان دەدات کە ژنی کورد لە هونەری زارەکیی کوردیدا دەنگ و ڕەنگی خۆی هەیە. سەرباری گەلێک کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی، کە تا ئێستایش بەئاسانی بوار بە دەکارهێنانی دەسەڵاتی ژن لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا نادەن، سەڵاح پایانیانی، خۆی گەیاندووەتەوە لای ئەو پیرەژنانەی ئەدەبیاتی زارەکیی ژنانی کوردەوارییان لە سینگی خۆیاندا هەڵگرتووە و ئەگەر سەڵاح فریایان نەکەوتبایە، لەگەڵ خۆیان دەیانبردنە بن گڵ، بەڵام ئێستا بوونەتە نەخشی سەر کتێب و ئیدی مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەر نەماوە.

کتێبی "ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان: بەشی ژنان"، لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانییە و پێک هاتووە لە:

١ــ پێشەکییەک کە پرۆفیسۆر ئەمیر حەسەنپوور لەژێر سەرناوی "دەنگ و ڕەنگی ژن لە هونەری زارەکیدا" لەسەر کتێبەکەی نووسیوە، ٢ـــ لایەلایە، ٣ــ منداڵلاواندنەوە (بۆ کچان، هاوبەش، بۆ کوڕان)، ٤ــ وردەقام، ٥ــ باللۆرە، ٦ــ مانگالاواندنەوە، ٧ــ مەشکە، ٨ــ حەیران، ٩ــ شینگێڕی،١٠ــ پاشکۆ، ١١ــ وشە و پێکهاتەکان، ١٢ــ ناوەکان، ١٣ــ سەرچاوەکان.

پرۆفیسۆر حەسەنپوور لە پێشەکیی کتێبەکەدا باسی سیستەمی "پیاومەزنی" لە کۆمەڵگەی کورددا دەکات، کە ئەو سیستەمە بواری بە ژن نەداوە بەئاشکرا و بەئازادی دەنگ و ڕەنگی خۆی هەڵبڕێت؛ بۆیە بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن لە ڕۆڵی ژنی کورد، پێشنیار دەکات ئەدەبیاتی زارەکی تەنیا لە دەقدا کورت نەکرێتەوە و دەبێ هەر دەقێک بە پێوەندییەکی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگیرێت.

ئەو دەقانەی لەم کتێبەدا هاتوون، هەموویان بە ئاواز و گۆرانی گوتراون و د. حەسەنپوور بە هونەری زارەکی ناساندوونی، کە تێیاندا "دەقی مۆسیقایی، یان "هەوا" لەگەڵ دەقی زمانی (وشەیی) تێکەڵاوە و ئەو دوو دەقانە پێکەوە هەست و مەعنا دەردەبڕن و ڕای دەگەیەنن. بەڵام لەو کتێبەدا دەقی "وشەیی" لە دەقی "مۆسیقایی" جوێ کراوەتەوە و وەک دەقی "ئەدەبی زارەکی" چاوی لێ کراوە."

سەڵاح پایانیانی سەرلەبەری ئەو دەقانەی لە زمان و دەنگی ژنان وەرگرتووە و تۆماری کردوون و پاشان هێناونییەتە سەر کاغەز. ناوەڕۆکی دەقەکانیش باسی ژنیان لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا تێدایە. بۆیە سەرناوی "ئەدەبیاتی زارەکیی ژنانی" هەڵگرتووە. لەنێو ئەو دەقانەدا "لایەلایە" و "منداڵلاواندنەوە" و "شینگێڕی" لە هونەری زارەکیی کوردیدا ژن دای ناون و گوتوونی، بۆیە د، حەسەنپوور پێی وایە دەکرێ پێیان بڵێین "ژانری ژنانە". هەرچەند لە نموونەی وەکوو "بەیتی سەیدەوان"دا شینگێڕیی عەبدولعەزیز بۆ سەیدەوان لە لایەن پیاوەوە کراوە، بۆیە شینگێڕییش وەکوو ژانرەکانی دیکەی لەگوێن "حەیران و قەتار و وردەقام"، دەکرێ بە ژانرێکی هاوبەش دابنرێت، کە هەم ژن و هەم پیاو دای ناون و گوتوونی.

خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە دەقی ئەدەبی زارەکیی جوێکراوە لە ژانرەکانی حەیران و وردەقامی ژنان، ڕەنگە بۆ یەکەم جار بە شێوەی دەقی نووسراو وەبەرچاو دەکەون؛ بەتایبەت حەیران، کە تا ئێستا زیاتر بە ژانرێکی هونەریی دەشتی هەولێر ناسراوە و وا گوتراوە کە حەیران تەنیا لە دەشتی هەولێر گوتراوە و لە دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان لاسایی کراوەتەوە؛ هۆکاری هەرە گرینگی ئەو بۆچوونەیش ئەوەیە کە لە دەقی "وشەیی"ی حەیراندا زیاتر ناوی شوێن و ناوچەکانی دەشتی هەولێر هاتووە، کەچی لە دەقی "وشەیی"ی ئەو حەیرانانەی لەم کتێبەدا هاتوون و لە دەنگی ژن وەرگیراون، ناوی زۆر شوێن و ناوچەی موکریان هاتووە، وەکوو: "کاولەبڵباس"، "کێوی ئادێ"، "دەشتی مهاباتێ"، "دەشتی نەڵێنێ"، "سەری سیاقۆڵی"، "لە لای ڕەبەتێ" و هتد.

هەمان هۆکاری کە دەڤەری حەیران بە دەشتی هەولێر، بەتایبەتی ناوچەکانی کەندیناوە و قەراج دەناسێنێت، لەم کتێبەدا دەبێتە مڵۆزم لە بەردەم خۆیدا، چونکە لە حەیرانی ژنانی موکریانیشدا ناوی شوێنەکانی ناوچەی موکریان هاتووە و ئەوە ڕەنگە وا بخوازێت کە لێکۆڵینەوەی زیاتر لە جوگرافیای هونەر و ئەدەبیاتی زارەکیی حەیران بکرێت.

 

حەیران دەڵێم خۆزگە سوورەگوڵ بووم لە گوڵی دە کەسنەناسی

هەڵم دا لە "سپیڕێزی غەیلانیان"، پێشانپێش و بەرانبەر بە "کاولەبڵباسی"

کوڕان ناباین دە بەرقەدی پشتێندی، کچۆڵان ناباین دە بەر بەربەرووی دە کەراسی (بەشی ژنان: ٢٤٤)

**
ئەوساڵ حەیرانم سەربازە، بە دەستی تفەنگە و لە کەلەکەی دووربینە

دە تووخوداکەی مەچۆوە "سەرپۆلێ" دە داووکەمینە

وەرە دەشتی "مهاباتێ" لە یار کۆڵێ خۆت نیزیکی و گەلێک ئەمینە (بەشی ژنان: ٢٤٥)

**

دەڵێم حەیران بریا گوڵێک بام لەوی دە کەسنەناسی

شین ببام لە سەری هەباسی سڵەمانی

لە نێوانی مەنگوڕ و بڵباسی

نەوەڵڵا لە مۆڵەبەرانان، لە سەری قەندیلی مامەکۆییان

ئەگەر خەڵکی یارکۆڵەی من ناناسی

ئەوە هەموو بەیانان دێتە سەرڕێیە بە توێی دە کەراسی (بەشی ژنان: ٢٥٩).

 

لایەنێکی زۆر گرینگی کۆکردنەوەی ئەدەبیاتی زارەکیی ژنان ئەوەیە، کە سەڵاح پایانیانی ئەو دەقانەی ڕاستەوڕێ لە زاری ژنانەوە تۆمار کردووە، هەروەها ئەو دەقانە لە ڕوانگەی ژنانەوە ژیانی کۆمەڵگەی کوردەواری نیشان دەدەن و لەسەر زەویی زمانی کوردی، جیهانی ژنی کورد دادەمەزرێنن. واتا ئەو دەقانە داهێنانی ژنانن و ژنێتیی ژن و کۆکی و ناکۆکییەکانی ژن و پیاو لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا نیشان دەدەن. ژنان لە لۆی هونەریی زمانی سروشتیی کوردیدا حەز و ئارەزوو و ئەڤین و ویستەکانیان دەردەبرن. پرۆفیسۆر حەسەنپوور لە پێشەکییەکەدا دەڵێت: "ئەو دەقانە باسی ژنیان تێدایە زۆر جار ژانری وا پێک دێنن، وەکوو "لایەلایە"، "شینگێڕی" و "منداڵلاواندنەوە"، کە دەکرێ وەکوو ژانری مۆسیقا، یان ژانری ئەدەبی ژنانەیان دابنێن. چونکە دانەر و بێژەریان ژنن (بەپێچەوانەی ژانری وەکوو حەیران و قەتار، کە پیاو و ژن دایان دەنێن و دەیانڵێن)." هەروەها باسی کۆمەڵیک بەرهەمی وا دەکات کە ژن دایان دەنێن، بەڵام پیاویش دەیانڵێت، وەکوو: بەیتی سوارۆ.

ئەوەی کە لەم کتێبەدا جێی سەرنجە، بێجگە لە ژانرە ژنانەکانی "لایەلایە"، "شینگێڕی" و "منداڵلاواندنەوە" و "مانگالاواندنەوە"، لە ژانرەکانی وەکوو وردەقام و حەیرانیشدا دەقی وا بەرچاو دەکەون کە بە وردبوونەوە لە تێم (بنەباس) و ناوەرۆکەکەیان دەتوانین بزانین کە ئەم دەقانە ژن دای ناون و باس لە کێشەکانی ژنان و ژنێتیی ژن دەکەن و تا ئێستایش نموونەی لەسەر کاغەز نووسراویان نەبووە، یان زۆر دەگمەن بووە.

لێرەدا باسەکە لە کورتی دەبڕمەوە، چونکە مەبەست لەم یادداشتە لێکدانەوەی ورد و شیکارییانەی دەق نییە و تەنیا مەبەستم ناساندنی ئەو کارە گرینگەیە کە سەڵاح پایانیانی کردوویەتی و پێویستە لە ناوچە و دەڤەرەکانی دیکەی کوردستانیش ئەو سامانە نەتەوایەتییە تۆمار بکرێت و لە فەوتان ڕزگار بکرێت. لە پاشکۆی یادداشتەکەیشدا چەند نموونەیەک لە دەقی ئەدەبیاتی زارەکیی ژنانی موکریان دەخەمە بەرچاوی خوێنەر.

لایەلایە:

لانکۆڵی تۆ ڕادەژێنم لە لاماڵێ

بەسەر هەڵدەکێشم گۆشەی دە بەرماڵێ

ڕەبی دوژمنی دە تۆ لە پێست و لۆخ داماڵێ (بەشی ژنان: ٥٤)

*
لایی لایی ڕۆڵە لایی

بریا ڕۆڵە، ئەمن وەنەوشە بام لە لێوی جۆبە

دۆعات لێ ناکەم کۆرپە شیرینەکەم، سەد جاران تۆبە (بەشی ژنان: ٦٤)

...

منداڵلاواندنەوە (بۆ کچان):

قوربانت بم قوربانیلە

سێوە سوورەی سەر کانیلە

عالەم بۆ ماچی تۆ دیلە (بەشی ژنان: ٧٥)

*

کچەکەم جوانە لە دێیدا

کەوشی سووری لەپێیدا

کوڕان دەیبەن لە جێیدا

کاکی بزانێ لێی دەدا (بەشی ژنان: ٧٦)

*
کابانی خڕوخۆڵێ

لە سەربانان وەجووڵێ

بۆ کوڕان مەچۆ دە هۆڵێ

بابت چاوت دەکۆڵێ (بەشی ژنان: ٧٧)

...

منداڵلاواندنەوە (بۆ کوڕان):

ئەو کوڕەم دەکا گزەگزێ

خوایە زاڵم لێم نەدزێ

جەرگ و دڵم هەڵنەکزێ (بەشی ژنان: ٩٤)

*
کچان مەچن بۆ ناودار

کوڕم شێتە و کڵاولار

دەتانخا پشتەوقەفار (بەشی ژنان: ٩٢)

 منداڵلاواندنەوە (هاوبەش بۆ کچ و کوڕ):

خودایە گیان خودایە

هەڵت کردووە چرایە

نەمخەیە تاریکایە (بەشی ژنان: ٨٠)

*
دەبەرت مرم لاوە

بەژنت گیابەند و خاوە

 دایکت لێت بکا سڵاو (بەشی ژنان: ٨٠)

.....

وردەقام:

 ئەگەر زانیبام بە زمانی بولبوول

قەتم نەدەکرد مێردی نابەدڵ (بەشی ژنان: ١٠٩) 

*
ئەگەر بمخوازی بە چەپکی گوڵ بی

ئەگەر نەمخوازی نەمامی گڵ بی (بەشی ژنان: ١١١)

*
یاخوڵا مام‌مەلا عەمرت نەمێنێ

چارەی نابەدڵان چەند زوو پێک دێنێ

لە کاری خێریش خۆ دەگنخێنێ (بەشی ژنان: ١١١)

*
سەعاتی دەستت زێڕێکی پاکە

لە ترسی خەڵکی پێت دەڵێم کاکە (بەشی ژنان: ١١٥)

*

وەهام تێ مەگە سەرکوڵمم گەشە

وەکوو ماسییەکە نێوزگم ڕەشە (بەشی ژنان: ١٢٦)

.....
باللۆرە:

شوانی مەڕە کڵۆڵێ

مەڕی بێنە دۆڵێ

وێد دەدەم مەمکۆڵێ (بەشی ژنان: ١٧١)

*
شوانە مەحەتێنە

مەڕی هەڵمەستێنە

وەرە بمگەوزێنە (بەشی ژنان: ١٧٣)

حەیران:

حەیران وەرە چۆمەکەی گاگەش بابۆمەران زۆرە لە من بوار نادا

سواری ئەسپەکەی خۆت بە ڕکێفان لێ دە

ئەوە هەتا کیژ بووم لە ماڵی بابان نەتخواستم

ئەلحانیش گولەکەی دەمێردان لە بۆ تۆم تەڵاق نادا (بەشی ژنان: ٢٥٤)

...
شینگێڕی:

نەمزانی ئەگە کوڕەلاوێ من وا زوو دەمرێ

دەنا تاوڵێکم بۆ هەڵدەدا لە کەوییان و لە نەوییان لە سپیڕێزی دە غەیلانییان

ڕستەی دە پێشماڵێم بۆ داویتەوە سەر شۆڕابی دە شەنگەبییان

ئی دە پاشماڵێم بۆ داویتەوە سەر شاخی دە نێرییەکێوییان

جا هەتا سوار ببا لە ماینێ بۆر لە دەرەوەی کردباوە

تەقڵە دەگەڵ شەڕناخێوییان (بەشی ژنان: ٢٦٧)

هەرچەند لە سەرەوە گوتم مەبەستم تەنیا ناساندنی کتێبەکەیە و نامەوێ زۆری لەسەر بڕۆم و پێشم خۆشە خوێنەر پاش خوێندنەوەی کتێبەکە ڕاڤەی خۆی لەمەڕ کارەکەوە هەبێت، بەڵام لێرەدا بەحەیفم زانی ئیشارە بەوە نەکەم کە لە ژانرەکانی ''وردەقام'' و ''حەیران''دا ئەزموونی ژیانی ژنان و هەست و ڕامانیان لەمەڕ پێوەندییە کۆمەڵایەتی و جنسییەتییەکانەوە زیاتر وەدیار دەکەوێت و جودا لە لایەنی زمان، کە بە بۆچوونی من لەم پڕۆژەیەدا گرینگترین لایەنە، توێژەرانی بوارە جێندەری و کۆمەڵایەتییەکانیش دەتوانن دەقی ''وردەقام'' و ''حەیران''ی ژنان، کە لەم کتێبەدا وەکو کەرەستەی خاو خراونەتە بەردەست، بکەنە سەرچاوەی لێکۆڵینەوە لە ئەزموونی مێژووییی ژیانی ژنی کورد و بەراوردکردنی لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆی ژیانی ژنی کورد و، تەنانەت زمان و تێمی ئەدەبی نوێی ژنی کورد لەم سەردەمەی حازریدا.   

لێرەدا پێویستە بڵێم، چاپی یەکەمی پڕۆژەی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان لەسەر ئەرکی دانەر و کۆکەرەوەی پڕۆژەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو کراوەتەوە. بە خۆشییەوە چاپی دووەمی لە لایەن "خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە" لە شاری "هەولێر"ی پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لە کۆتاییی مانگی ٣ی ٢٠١٩دا بڵاو دەکرێتەوە.

كتێب:

نیشتمانسازی؛ خەرمانی دەسكەوتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان-عێراق (1992-2018)، پرۆژەی سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەكادیمیای پارتی

ئامادەكردنی: د. حوسامەددین عەلی مەجید و پەرویز ڕەحیم قادر

چاپچانە: چاپخانەی ڕۆژهەڵات، 2018.

 

پێنووس

یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی هەرێمی كوردستان تاوەكوو ئێستا، بەردەستنەبوونی زانیاری و ئاماری ورد و باوەرپێكراو بووە لە كەرت و سێكتەرە جۆراوجۆرەكانی حكوومەت. گرنگیی ئەم بابەتەیش هەر لە پرسی شەفافییەت و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی تاوەكوو پلاندانان بۆ پەرەپێدان و گەشە لە بوارە خزمەتگوزاری و ژێرخانە پیشەسازی و ئابوورییەكان و بەم پێیەیش ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی بۆ ئەم بوارانەدا لەخۆ دەگرێت. خستنەڕووی ئەم بەرهەمە هەوڵێكی جددییە بۆ پڕكردنەوەی ئەم بۆشایییە لە هەرێمی كوردستان. بۆیە ئەم كتێبە یارمەتیدەری هاووڵاتیان لە ئاگابوونیان بە پەرەسەندن و پێشكەوتنەكان و، هەروەها پاڵپشتیی سیاسەتداڕیژەران و توێژەران دەدات بۆ هەماهەنگیی نێوان كەرتە جۆراوجۆرەكان و دەستنیشانكردنی لاوازی و كەموكورییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، بەم پێیەیش پێداچوونەوە بە خاڵە لاوازەكان و بەهێزكردن و بەره‌وپێشبردنی كەرتە بەهێزەكان بۆ گەشەپێدانی ئابووری و پەرەپێدان لە هەموو سێكتەرەكاندا. لێرەدا هەوڵ دەدەین پوختەیەك لە ئامانج و ئایدیای ئامادەكاران لە ڕێگەی گەڕانەوە  بۆ پێشەكی و ناوەرۆكی ئەم بەرهەمە گرنگ و پێویستە بۆ كوردستان بخەینە ڕوو.

لە پێشەكیی كتێبەكەدا هاتووە: حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 لە لایەن ئەنجومەنی نیشتیمانیی کوردستانه‌وه‌ دامەزراوە. ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ یەکەمین پەرلەمانی هەڵبژێردراو بووە بە شێوەیەکی دیموکراتی لە کوردستان و عێراق لە دوای دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین، بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە توندوتیژیيەکانی ڕژێمی بەعسی شۆڤینیى عێراق لە ساڵی 1991. حكوومەتی هەرێمی کوردستان شارەزایی و لێهاتووییی لە ماوەی کابینە یەک لە دوای یەکەکانيدا بەدەست هێناوە، بەتایبەتی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی 2003دا. دوو ئيداره‌ی جیای حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2006دا یەکیان گرته‌وه‌ بۆ پێکهێنانی کابینەی پێنجەم، کە سەرۆکوەزیرانی ئێستا، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی ڕابەرایەتیی دەکرد. کابینەی پێنجەم ڕێگەخۆشکەری چەندین پرۆژە و سیاسەتی بێهاوتا بووه،‌ کە پێشتر بوونیان نەبووه‌ وەک: دروستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی، گرتنه‌به‌رى سياسه‌تێكى ده‌ستپێشخه‌رانه‌ له‌ بوارى نه‌وت و گازدا، بنیاتنانەوەی ژێرخانی هەرێم، هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بانگهێشتكردنی سەرمایە و وەبەر‌هێنانی نێودەوڵەتیی زیاتر بۆ پڕۆژەکانی ئابووری، دارايى و گەشتوگوزار.

کابینەی شەشەم، حەوتەم و هەشتەم (سەرەڕای قەیرانی ئابووری و بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی بەغداوە و جەنگی دژی داعش) چەندین دەستکەوتی ستراتیژييان بەدەست هێناوە، کە گرنگترینیان پەرەپێدانی چەندین کەرتی ناوخۆن‌ وەك: نیشتەجێبوون، خوێندنی باڵا، پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز و گەشەی خێرای وەبەر‌هێنانی دەرەکی. کابینەکانی پێشوو چەندین پێشکەوتنی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە و خزمەتگوزاريیە سەرەتایییەکانيان بۆ هاووڵاتیان فەراهەم كردوون وه‌ك: دابینکردنی بڕێكى باشى کارەبا، پەرەپێدانی ژێرخان و چاکسازی لە کەرتی تەندروستی و پەروەردە، بەرزبوونەوەی بێوێنەى بەشی داهاتی تاکەکەس لە بەرهەمی خۆماڵيی گشتی و گەشەسەندنی ئاستی بژێوی ژیانى كوردستانيان.

هەروەها ئامادەكارانی ئەم كتێبە دەڵێن: ئامانجی ئەم كتێبە لە خستنەڕووی ئەم ئامار و زانیاریيانە ئەوەیە كە لە لایەك هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئاگاداری ڕاست و دروستی پلان و هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بن كه‌ له‌ بوارى ئاوەدانكردنەوەی كوردستاندا هه‌ڵێنراونه‌ته‌وه‌. سەرباری ئەوەیش، گرنگیی ئەو ئامار و زانیاریيانە ئەوەیە بە بەراوردێكی ساكار و سادە لە نێوان ئامار و زانیاریی ساڵەكانی دروستبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تاكوو ساڵی 2003، پاشان له‌ 2003‌وه‌ تا ئێستا، ئاستی ستەم و بێبەشكردنی گەلی كوردستان لە ڕابردوو بخرێتە ڕوو و، نیشان بدرێت كە له‌ سايه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا چ پێشكەوتن و گەشەسەندن و پەرەپێدانێكی پێوانەیی له بوار و كەرتە جۆراوجۆرەكانی ژیانی هاووڵاتیاندا و لە مەوادیەكی زەمەنیی كورتدا ڕووی داوه ‌و بە چ شێوەیەك وێنە و سیمای ژیانی گشتی و تایبەتیی كوردستانى گۆڕیوە.

پرۆژەی ئەم كتێبە كە لە لایەن "سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەكادیمیای پارتی" ئامادە كراوە، بە "میتۆدی بەراوردكاری" هەوڵی داوە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992 تاوەكوو ساڵی 2018، لە كەرتە جیاجیاكاندا بەراوردێك لە نێوان ئەم كەرتانە لەگەڵ پێش دامەزراندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پاشان گەشەسەندنە جۆراوجۆرەكان بەپێی ئامار و زانیارییەكان بخاتە ڕوو. بۆ ئەم مەبەستە دوو مامۆستای زانستە سیاسییەكان و ئامادەكارانی ئەم كتێبە (د. حیسامه‌دین عه‌لی گلی و پەرویز ڕەحیم قادر) هەوڵیان داوە كە پێشكەوتنەكان لە ڕێگەی خستنەڕووی ئامار و زانیارییەكانی هەرێمی كوردستان بەراورد بكەن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و، هەروەها پێوەر و ستاندارە نێودەوڵەتی و جیهانییەكان بۆ كەرتە جۆراوجۆرە خزمەتگوزارییەكان، وەكوو پیشەسازی و كشتوكاڵ و پەروەرەدە و تەندروستی و ڕۆشنبیری و ئاوەدانكردنەوە و شارەوانی و گەشتوگوزار و هتد. لێرەدا بەكورتی پوختەیەك لە دوو نموونە لە سێكتەرەكانی ئەم كتێبە لە كەرتی پەروەردە و تەندروستی دەخەینە ڕوو.

یەكەم: كەرتی پەروەردە

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌گوێره‌ی یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی 1992ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی هه‌رێمی كوردستان دروست بووه‌. له‌ ساڵانی ڕابردوو، ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ چه‌ندین هه‌نگاوی گەورەی ‌له‌ بواری به‌ره‌وپێشبردنی په‌روه‌رده ‌و فێركردن ناوه. بۆ نموونە، كاری سه‌ره‌كیی هه‌ر دوو كابینه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بریتی بووه‌ له‌ به‌رده‌وامبوونی خوێندن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستانى دوای كێشانه‌وه‌ی ده‌زگه‌ ئیدارییه‌كانی ڕژێمی به‌عس له ساڵی 1991؛ به‌ڵام كاری هه‌ر دوو كابینه‌ی سێیه‌م و چواره‌م به‌ هه‌ر دوو ئیداره‌ی هه‌ولێر و سلێمانی، بریتی بووه‌ له‌ ڕه‌خساندنی هه‌لی خوێندن بۆ هه‌موو منداڵێكى‌ هه‌رێمی كوردستان، هەروەها‌ گرنگیدان به‌ هه‌ر دوو پرۆژه‌ی خوێندنی ته‌وزیمی و نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری. له‌ سه‌رده‌می كابینه‌ی پێنجه‌مدا كاری سه‌ره‌كيی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده،‌ گۆڕانكارى بوو له‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و فێركردندا؛ گۆڕانكارى بوو له‌ پرۆگرامی خوێندن. له‌ كۆتاییی ساڵی 2009دا كە كابینه‌ی شه‌شه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى تێدا ده‌ستبه‌كار بوو، كاری سه‌ره‌كيی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بریتی بوو له‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ گۆڕانكاریى سیسته‌م و پرۆگرامی خوێندن و دانانی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ په‌روه‌رده‌ و فێركردن و ده‌ستنیشانكردنی كه‌موكوڕییه‌كانی بواری په‌روه‌رده‌ و هه‌ڵمه‌تی نیشتمانی بۆ دروستكردنی بینای قوتابخانه‌ و گرنگیدان به‌ بواری خوێندنی پیشه‌یی.‌ له‌ كابینه‌ی حه‌وته‌می هه‌رێمی كوردستاندا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ دڵنیاییی جۆریی خوێندنی كرده‌ دروشمی سەرەكیی خۆی و، چه‌ندین هه‌نگاوی گرنگی  بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خوێندن نا‌يه‌وه‌. لێرەوە چەند نموونەیەك لە ئامار و زانیارییەكانی كەرتی پەروەردە بە مەبەستی بەراوردكردنی پێشكەوتنەكان لەم كەرتەدا دەخەینە ڕوو.

لە ساڵی 1991دا ژمارەی مامۆستايان لە قۆناغی بنەڕەتی و دواناوەندی (21,389) مامۆستا بوو، بەڵام ئەم ژمارەیە له‌ ساڵی خوێندنی 2003-2004دا گەیشتە (44,956) مامۆستا و، پاشان ساڵی 2016 ژمارەی مامۆستایان بووه‌ (126,112). ئەم ئامارە دەربڕی ئەوەیە كە پەرەپێدان لە كەرتی پەروەردە و فێركردن، يه‌كێ بووه‌ له‌و كه‌رتانه‌ى كه‌ جێگەی بایەخی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە.

هەروەها ژمارەی بینای قوتابخانە لە نێوان ساڵانی 1991-1992دا لە هەرێمی كوردستان (842) قوتابخانە بووە، بەڵام له‌ ساڵی 2003- 2004دا بە شێوەیەكی زۆر بەرچاو بەرز دەبێتەوە بۆ (2,972) قوتابخانە. پاشان بەرزترین ژمارەی دروستكردنی بینای قوتابخانە لە كوردستان تۆمار دەكرێت كە لە ساڵی خوێندنی 2015-2016دا بووە و، ژماره‌يان بووه‌ به‌ (5,275) قوتابخانە. جا ئەگەر ئەم ئامارانه لەگەڵ پارێزگه‌كانی تری عێراقدا بەراورد بكەین، دەبینین ئامارەكانی ڕاپۆرتی گەشەپێدانی مرۆییی وەزارەتی پلاندانانی عێراق كه له ساڵی 2014 دەرچووە، قووڵاییی قەیرانی پەروەردەی عێراق نمایش دەكات:

  • پارێزگه‌كانی عێراق پێويستيان به (3762) قوتابخانه هه‌يه‌.
  • دوو دەوامى و سێ‌ دەوامى له (7111) قوتابخانه‌دا هه‌يه‌.
  • (791) قوتابخانه به قوڕ دروست كراون. ئه‌مه‌یش مشتومڕێكی ئێگجار زۆری‌ لەسەر ئاستی سیاسی و ڕاگەیاندن و وەزارەتی پەروەرده خۆى ناوه‌ته‌وه‌.
  • زیادبوونی ڕێژەی ئه‌و قوتابخانانه‌ى كه به‌كه‌ڵكى خوێندن نايه‌ن و گونجاو نين بە هۆی خراپی و نيمچه‌داته‌پينى بيناكانيانه‌وه‌ و، ژماره‌يان له ساڵی خوێندنی 2010- 2011دا (1972) قوتابخانه بووه‌.

بۆ شیكردنەوەی ئەم قەیرانه قووڵەی پەروەردەی عێراق، دەكرێت ئاماژە بۆ بەشە بوودجەی ساڵانەی پەروەرده و خوێندن بكه‌ين كه‌ له (4%) تێپەڕ ناكات له تێكڕای بوودجەی گشتيى عێراق لە دوای ساڵی 2003وه، بەرانبەر به گرنگیدانێكی ئێكجار زۆر به هەر دوو كەرتی "بەرگری" و "ئاسایشی ناوخۆ" كه بەشە بوودجەكەيان دەگاته زیاتر له (50%) له بوودجەی گشتيى ساڵانەی عێراق. هەروەها دەكرێت بڵێین كە زیادبوونی بەشە بوودجەی خوێندن و پەروەرده له عێراق دوای ساڵی 2003، كاریگەرییەكی ئه‌وتۆی لەسەر باشتركردنی جۆر و ئاستی خوێندن بە بەراورد لەگەل جۆر و ئاستی خوێندن پێش ساڵی 2003 نەبووە، بەڵكوو دواكەوتنی عێراق خێراتر بووە؛ چونكه بەشه بوودجەی پەروەردە خۆى بە شێوەیەكی كارا و زانايانه بۆ ئەنجامدانی پرۆژەكانی پەروەرده و خوێندن بەپێی ستراتیژیی بەروەرده‌ و خوێندنى حكوومەتی عێراق بەكار نه‌هێنراوه ‌و ناهێنرێت.

دووەم: كەرتی تەندروستی

ئامانجی سەرەكیی ئەم كەرتە‌، پێشکه‌شکردنی چاودێريی ته‌ندروستی و شیکردنه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ی ته‌ندروستی و بڵاوکردنه‌وه‌ی هۆشیاریی ته‌ندروستی و ژینگه‌یی و دابینکردنی ده‌رمان و پێداویستییه‌کان و ئامێره‌کانی پزیشکيی پێویسته،‌ بۆ پێشکه‌شکردنی خزمه‌تگوزاريی ته‌ندروستی و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی زانستيی کارمه‌ندان له‌ که‌رتی ته‌ندروستی و په‌ره‌پێدانی خوێندنی پزیشکی و ته‌ندروستی و هاندانی توێژینه‌وه‌ی زانستی.

سیسته‌می ته‌ندروستی پشت به‌ ته‌ندروستيی سه‌ره‌تایی ده‌به‌ستێت وه‌کوو بنکه‌یه‌کی سه‌ره‌کی و، خزمه‌تگوزاريی ته‌ندروستی دابین ده‌کات و پێداویستیی تاک و کۆمه‌ڵ به‌گوێره‌ى ستانداردى ته‌ندروستيی جیهانی و به‌پێی توانا ئاماده‌ ده‌کات، له‌ ڕێگه‌ی به‌رده‌وامبوون له‌ پێشکه‌شکردنی خزمه‌تگوزاريی ته‌ندروستييه‌وه‌ بۆ هه‌موو ئاستێک (یه‌که‌م و دووه‌م و سێیه‌م) به‌ جۆرێکی به‌رز و کارکردنی به‌ شێوازی ته‌واوکاری له ‌نێوان هه‌ر دوو که‌رتی گشتی و تایبه‌تدا.

لەم بوارەدا، بەپێی داتا و ئامارەكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان و بە هۆی باشتربوونی بارودۆخی سیاسی و ئاسایش و ئابووری و خوشگوزەرانیی خەڵك لە پاش ساڵی 2003وە لە هەرێمی كوردستان، ڕێژەی هیوا بە ژیان كە یەكێكە لە پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی خوشگوزەرانی و پێشكەوتنی هه‌ر وڵاتێك بەرز بۆتەوە، بۆ نموونە لە ساڵی 2009دا لە هەرێمی كوردستان تێكرای ته‌مه‌ن (74.2) ساڵ بووه‌، بەڵام پێشبینی دەكرێت له‌ ساڵى 2020دا بەرز بێتەوە و بگاتە (75.4) ساڵ بۆ هەر دوو ڕەگەزى نێر و مێ. سەرەڕای ئەوەیش تێبینی دەكرێت بەرزبوونەوەی هیوا به‌ ژیان بۆ ڕەگەزی مێینە، كه‌ له‌ 2009دا (75.5) ساڵ بووه‌، له‌ 2020دا ببێته‌ (76.8) ساڵ. هه‌رچى ڕەگەزی نێرینەيه‌، تێبینی دەكرێت كە بەرزبوونەوەی پێشبینیی ژیان كه‌ 72.8 ساڵ بووه‌ له‌ 2009دا، بگاتە (73.9) ساڵ له‌ 2020دا. له‌ بەرانبەردا، دەبینین نیشاندەر (ئيندێكس)ەكانی بارودۆخی كۆمەڵگه‌ی عێراق به گشتی كەمترن به بەراورد لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا. بۆ نموونه، دەبینین له عێراق تێكڕای پێشبینیی ژیان (69) ساڵ بووه‌ له ساڵى 2011دا.

پێشكەوتنە تەندروستییەكان و هەڵمەتەكانی كوتان و پلانگه‌لى تەندروستی وایان كردووه،‌ ژمارەی لەدایكبووان بە بەراورد بە ژمارەى مناڵانی لەبارچوو ئێكجار به‌رز بێته‌وه‌؛ هەروا ڕێژەی ژیان و مانەوەی مناڵان بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوودا بگاتە بەرزترین ئاست. بۆ نموونە لە ساڵی 2010دا كۆی لەدایكبووانی منداڵانی تەندروست و ساغ لە هەرێمی كوردستان (138,393) منداڵ بووە، بەڵام (20,383) منداڵ بەنادروستی لەدایك بوون و مردوون یاخود نەژیاون. هەروەها پێشبینی دەكرێت تا ساڵی 2020 كۆی لەدایكبووان بەدروستی و بەزیندوویی بگاتە (148,169) منداڵ و، كۆی منداڵانی مردوو بگاتە (23,921) منداڵ. كەواتە پێشبینی دەكرێت كۆی لەدایكبووان (6) جار زیاتر بێت لە منداڵە مردووەكان. ئەم پێشاندەرە دەرخەری بەرزبوونەوەی پێوانەییی پێشكەوتنەكانە لە بواری چەندایەتی و چۆنایەتيی كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستاندا كە كاریگەريی لەسەر هەموو بوار و كەرتەكانی دیكەدا دەبێت. بۆ نموونە، لە كۆی هه‌ر 1000 منداڵى تازه‌ له‌دايكبوودا، ژماره‌ى منداڵى نادروست و مردوو لەسەر ئاستی جیهانییشدا ده‌وروبه‌رى (40)ه‌، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەم ژماره‌يه‌ (28)ه. بەڵام لە عێراق ژماره‌ى مردنی منداڵ دەگاته (32)، هەرچەنده مردنی منداڵ لەنێو منداڵه تازە لەدایكبووەكاندا له (37 بۆ 32) منداڵ دابەزيوه‌ له هەر (1000) منداڵێكی تازە لەدایكبوو له نێوان ساڵانی (2007- 2011)دا.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە نێوان ساڵانی 1991 تا ساڵی 2017 گرنگیی تایبەتی بە كەرتی تەندروستی لە هەر دوو بواری تایبەت و گشتی داوە. دەكرێت لەم بوارەدا بەراوردێكی بەرچاو لە نێوان ساڵی 1991 و ئێستادا بكرێت. بۆ نموونە ژمارەی نەخۆشخانەكان، ساڵی 1991، (26) نەخۆشخانە بووە، بەڵام لە ساڵی 2017دا ئەم ژمارەیە بۆ (76) نەخۆشخانە زیادی كردووە. ژمارەی بنكه‌ ته‌ندروستييه‌كان (PHCs) لە ساڵی 1991دا،‌ (178) بنكه‌ بووه ‌و بۆ (961) بنكه‌ بەرز بۆتەوە. ژمارەی قەرەوێڵەی نەخۆشخانەكان لە ساڵی 1991دا (3731) قه‌ره‌وێڵه‌ بووە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2017دا دەگاتە (7805) قەرەوێڵە. لە لایەكی ترەوە، ژمارەی قه‌ره‌وێڵه‌كانی كەرتی تایبەت (15) قه‌ره‌وێڵه‌ بووە لە ساڵی 1991دا، لە كاتێكدا له‌ 2017دا بووه‌ به‌ (1158) قه‌ره‌وێڵه‌. سەرباری ئەوەیش، ژمارەی ژووری نەشتەرگەری، لە (45) ژووری نەشتەرگەرییه‌وه‌ بۆ (240) ژووری نەشتەرگەری زیادی كردووە. هەروەها ساڵى 1991 ژماره‌ی پزیشكان (826) پزیشك بووه‌ و، له‌ 2017دا بووه‌ته‌ (6693) پزیشك. بێجگە لەمانەیش ژمارەی پزیشكەكانی ددان لە ساڵی 1991دا (144) پزیشك بوون، بەڵام لە ساڵی 2017دا ئەم ژمارەیە بۆ (1701) پزیشكی ددان بەرز بۆتەوە. لە هەمان كاتدا ژمارەی دەرمانسازەكان لە ساڵی 1991دا (48) بووە، بەڵام ساڵی 2017 ژمارەی دەرمانسازەكان بووه‌ته‌ (1035). جێگەی ئاماژەیە كە تاوەكوو ساڵی 1991 لە هەموو كوردستاندا تەنیا (1) نەخۆشخانەی 15 قه‌ره‌وێڵه‌ییی تایبەت هەبووه‌، بەڵام ساڵی 2018 ژمارەی نەخۆشخانە تایبەتییەكان لە هه‌رێمى كوردستاندا، بووه‌ به‌ (49) نەخۆشخانە.

سەبارەت بە نەخۆشخانە و سەنتەرە پسپۆرییەكان دەتوانین ئاماری گەشەكردنێكی سەرنجراكێش و جۆری بخەینە ڕوو؛ بەم واتایەى كە لە ساڵی 1991دا لە هەرێمی كوردستان هیچ سەنتەرێكی پسپۆری بوونی نەبووە، بەڵام ساڵی 2018 ئەم سەنتەرە پسپۆڕییانە ژمارەیان بەم شێوەیەیە: بۆ نموونە سەنتەرەكانی "چاندنی گورچیلە" و "سەنتەری شێرپەنجە" و "سەنتەری تەلاسیمیا" و "سەنتەری نەخۆشییەكانی شەكرە" و "سەنتەری شیانەوە" و "نەخۆشخانەی دەروونی" و "سەنتەری دڵ" لە پارێزگه‌كانی هەرێمی كوردستاندا دامه‌زراون و به‌سه‌ريه‌كه‌وه‌ ژماره‌يان دەكاتە (21) سەنتەری پزیشكيی پسپۆریی حكوومی یاخود گشتی. لە لایەكی ترەوە، لە ساڵی 1991دا هیچ سەنتەرێكی نا-حكوومی لە كوردستاندا نەبووە، بەڵام ساڵی 2018 ژمارەی سەنتەرە تایبەتەكان بووه‌ته‌ (68) سەنتەر.

ناوی کتێب: ديوانی زەینەب خان – کچە کورد (١٩٠٠-١٩٦٣)

ئامادەکردنی: حيکمەت حەمید مەلا ڕەئووفەفەندی خادم سوجادە

پێشەکی و پێداچوونەوە و ڕێکخستن: عەبدوڵڵا زەنگەنە

پێنووس

ئەو ديوانەی لێرەدا باسی دەکەین ديوانێکی شيعری ئاسایی نییە؛ بەرهەمێکی هزری نیشتمانی و نەتەوەیییە، پێش ئەوەی بەرهەمێکی ئەدەبی بێت. ئەم ديوانە لە لایەن زەینەب خانی کچی مەلا ڕەئووفەفەندی مەحموودەفەندی خادم سوجادەوە نووسراوە، پێش زیاتر لە نیو سەدەیە. ئەم ئافرەتە لە ساڵی ١٩٠٠ لە کۆیە لەدایك بووە و لە قەڵای هەولێر زۆربەی ژیانی بەسەربردووە و خێزانی کەسێکی ناوداری شاری هەولێر بووە؛ هەر لە هەولێریش لە ساڵی ١٩٦٣ کۆچی دوایی کردووە. خوشکی گەورە و بەخێوکەری شاعيری گەورەی گەلەکەمان "دڵدار"ە، کە ئەم لە ساڵی ١٩١٨ لەدایك بووە وخاوەنی دەقی سروودی نیشتمانیی "ئەی ڕەقیب"ە. بنەماڵەیەکی ئەوەندە ڕۆشنبيربوونە، باوکیان لە ساڵی ١٩٠٦ زەینەبی کچی بە تەمەنی (٦) ساڵییەوە ناردووە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی لە قوتابخانەی ڕوشدییەی کچان بخوێنێت.

ئەم ئافرەتە ڕۆشنبيرە چەندین زمانی زانیوە، لە سەردەمێکدا کەم پیاو هەبووە خوێندەوار و زمانزان بووبێت. زەینەب خان بۆتە قوتابخانەیەك بۆ دڵداری شاعير. لە خوێندنەوەی ئەم ديوانە، بۆمان دەردەکەوێت سەرچاوەی بيری دڵداری مەزن لە کوێوە هەڵقووڵاوە. هەر دڵدار خۆی دەڵێت: "زرووفی ئەوساکەی عائیلەوی، مامۆستای هەرە گەورەم بووە، هەروەها سوڵتەی دایکم و خوشکی لە خۆ گەورەترم، مورشیدم بوون." دەڵێن "لە دوای هەر پياوێکی مەزن، ئافرەتێك هەیە"؛ دڵدار خێزانی پێكنەهێنابووو لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا جوانەمەرگ بوو؛ پێمان واییە زەینەبی "کچە کورد" وخوشکە گەورەی لە پشتی بووە.

ئەم ديوانە شيعرە، چەندین ساڵە ونبوو ئەمدەست و ئەودەستی دەکرد و نەگەیشتبوو بەر ديدی خوێنەری کورد. دوای دەیان ساڵ، بە هەوڵ و هیممەتی نووسەر "عەبدوڵڵا زەنگەنە" و بنەماڵەی ئەم خانمە بەڕێزە، ئەم بەرهەمە ساغکرایەوە و نەفەوتا و بڵاوکرایەوە. ئەم خانمە ڕۆشنبيرە توانیویەتی چەندین دەقی خۆی لە گۆڤاری گەلاوێژ لەژێر نازناوی "کچە کورد" به‌ چاپ بگه‌یه‌نێت. دەقه‌ شيعرییەکانی ئەوەندە نیشتمانپەروەرانە بووە، خانەوادەکەی لە ترسی حکوومەتە سەرکوتکەرەکانی عێراق نەیاندەتوانی بڵاوی بکەنەوە.

خوێندنەوەی ئەم ديوانە شيعرە سەرسامت دەکات. پرسیارت لا دروست دەکات چۆن ئافرەتێکی کورد لە کونجێکدا کە خەریکی ماڵ و منداڵی خۆی بووە لە ساڵی ١٩٤٠ شيعری بۆ "سەربەخۆییی کوردستان" نووسیوە. بۆ کەرکوك لە ساڵی ١٩٥٠ هەڵبەستێکی نووسیوە؛ بۆ کۆچی شێخ مەحموودی حەفيد لە ساڵی ١٩٥٦ هۆزانێکی پڕ لە سۆزی نووسیوه‌؛ بۆگەڕانەوەی  بارزانیی نەمر لە ساڵی ١٩٥٨ بە جوانترین دەقی شيعری بەخێرهاتنەوەی دەکات.

 لە ساڵی ١٩٣٢"بە فيدای نيشتمان بم"ی داڕشتووە و، بێ دوودڵی دەڵێت "کورد ميللەتێکی خاوەن عيزەتە - هەقی خۆیەتی دەوڵەتی هەبێ – خەياڵیان خاوە دوژمنانی کورد – کورد هەر دەمێنێ وقەت نابڕێتەوە- ئەگەر بمانکەن بە چەند پارچەی تر – وەدەرمان بنێن بۆ ديوی مۆسکۆ-پشتيوان بە خوا وبەهێزی ميللەت - ئەم کوردستانە یەك دەگرێتەوە."

ئێمە لێرەدا شيکارییەکی ئەدەبی و زمانەوانی ناکەین، بەڵام ئەو زمانەی ئەم ئافرەتە بەکاریهێناوە زمانێکی کوردیی یەكجار پاراو بووە؛ لە هاوشانەکانی پيرەمێرد و فایەق بێکەس و گۆران کەمتر نەبووە.

ديوانەکەی کە چاپکراوە، لە (١٩٠) پارچەشيعری کورت و درێژ و(٢٧) چوارين و (١٠) پارچەشيعری بۆ منداڵان پێکهاتووە. زۆربەی زۆری شيعرەکان مۆرکێکی نيشتمانپەروەری و سياسیی پێوە ديارە و، هەندێکیان ئایينی و ڕۆحانین و هەندێكیان بۆ کۆچی کەسانی خۆشەویستی خۆی و ناسراو داڕێژراون.  کۆتاییی ئەم ديوانە، چەندین وێنە و یادگاریی مێژووی خانەوادەی "دڵدار" و "زەینەب خان" لەخۆ دەگرێت.

شيعرەکان لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠-١٩٦٣ بڵاو کراونەتەوە. گومانی تێدا نییە کە چەندین دەقی شیعریی تری فەوتا بێت یان هێشتا نەدۆزرابێتەوە. ئەم کتێبە لە (٣٣٦) لاپەڕە پێک هاتووە؛ ئێمە تەنیا لێرەدا هەندێكی کەم لە دەقە شيعرییەکانی دەخەینە ڕووی خوێنەر. ئەمانەی خوارەوە تەنیا چەند نموونەیەکن. لەبەر کەمیی پانتاییی نووسینمان، شيعرەکانیش هەندێکیان پارچە دەکەین:

یەکەم نموونە: لە "زەنگی تێکوشان" لە ساڵی ١٩٤٧، سۆزێکی لەڕاددەبەدەر دەردەبڕێت بۆ پێشمەرگە و کوردستان. منداڵ و هاوسەرگيریی خۆی لەو پێناوەدا بە لاوە دەنێت و دەنووسێت:

...

کوڕ و کچی کوردەواری، گوڵشەنی مێرگی وڵاتن

لە خەبات و تێکۆشانا، خوایە بۆنیان هەردەم خۆش بێ

هەتا مردن، قەت نەبيستم، شکستی هێزی پێشمەرگە

نیشانەی شەهيدبوونیانە، ئەو بەرگەی بە خوێن سوورپۆش بێ

چ شەرەفێکی گەورەیە، مردن لە ڕێی ئازادییا

کەسێ نییە، حاڵی نەبێ، مەگە بێفام و بێهۆش بێ

هەردەبێ بيستێنینەوە، خاکی زەوت و داگيرکراو

سەربەخستی قەت نایەتەدی، بەو کەسەی، سەری لە کۆش بێ

"زەینەب" بڕۆ چەك  هەڵگرە، شان بە شانی براکانت

منداڵ و شوو بە لاوە نێ، وڵات نابێ فەرامۆش بێ

دووەم نموونە: بە وشە جوان و کوردییەکەی، وێنەیەکی کوردایەتیی تێکۆشان دەکێشێت لە شيعری "سڵاو بێ سڵاو". ئەم شيعرە لە ساڵی ١٩٣٩، هەر دەڵێی لە ڕۆژێ ئەمڕۆ نووسراوە:

سڵاو بێ لەو لاوانەی کورد، خاوەن بيری ئينسانی بێ

دەستێکی کتێب و قەڵەم، دەستێکی چەکی شانی بێ

کوورەی ئاگر، نەیسووتێنێ و ئەبەد بە ئاگر نەڵێ ئۆف

بەرەو لووتکە، چيا ببڕی و بە هەورازی زریان و ئۆف

بۆ ڕزگاریی قەومی کوردان، پەنجەی لەسەر سێرەی تفەنگ

بە شەو و ڕۆژی بەپێوە بێ، بۆ هەر لەحزە، ئامادەی جەنگ

سڵاو بێ لە لاوانی کورد، لاوانی ئازا و کۆڵنەدەر

لاوانی مەرد و بەجەرگ و نيشانەشكێنی تێکۆشەر

ئەوانەی ڕۆحيان دەبەخشن، تا کوردستان سەربەرز بێ

وەکوو نەتەوەی ئاریایی، کورد نموونەی سەر ئەرز بێ

"زەینەب" ببە، بەو پێڵاوەی لە پێی دەکەن بۆ ڕێی خەبات

ئەوانە نووری چاوی تۆن، کوردستانت دەدەن نەجات

سێیەم نموونە: شاعيرێکی دانسقەیە، هەستی بە ئازارەکانی کورد کردووە. ئەوەتا لە پێناوی کوردایەتی و کوردەواریدا،سڵی نەکردۆتەوە وئينگليزی بە داگيرکەر شوبهاندووە؛ لە ساڵی ١٩٢٨ ناونیشانی هۆزانەکەی "ئينگليزی داگيرکەر"ە. لە ساڵی ١٩٤٣ شيعرێکی نووسییەوە لەسەر "دەمکوژێ خەمی کورد"؛ یان لە ساڵی (١٩٤٧) باسی خۆخۆری و پارچەپارچەیی کورد دەکات لە هەڵبەستی "ئازاین بەڵام...".چەند ڕۆژێك پێش مردنی بە شێرپەنجە لە ساڵی ١٩٦٣، بۆ "کوردی بێکەس" دەنووسێت. کەم کەس هەبووە لەو چەرخەدا بيری لە "کوردبوون" کردۆتەوە، کە هەڵبەستێکی تری شاعيرە لە ساڵی ١٩٤٦ نووسراوە. لە ساڵی ١٩٤٣ بۆ "ئاڵای کوردستان" بەم شێوەی هۆنيوەتەوە:

ئەو کوردستانەی بە خوێنی کوردان

ناڵەی گەیشتە عەرشی يەزدان

قبووڵی ناکا ديلی و ژێردەستی

گيانی دەبەخشێ لە ڕێی سەربەستی

ڕەوڕەوەی مێژوو چەندە پێش کەوێ

ئەو کوردستانە ئازادیی دەوێ

خاکی بەپيت وبەرەکەت وجوان

نەوت کانزایە بۆ خۆشیی ژیان

کەچی کوردستان خۆی لێی بێبەشە

ئازادیی ئێمە زەوت کراوە

ئەو مافەی  خودا بە ئێمەی داوە

لەوەتەی هەینە دەچەوسێینەوە

وەکوو ئەم مۆمەین قەت ناکوژێینەوە

باوەڕمان بە خودا وقودرەتی گەلە

دوژمن دەچێتە مێژووی مەزبەلە

ڕۆژێ دەبینین ئاڵای کوردستان

دەشەکێتەوە لە هەیبەت سوڵتان

چوارەم نموونە: هەڵبەستڤانێکی ئافرەت، هزرێکی ژنانە و نیشتمانپەروەرانەی هەبووە، دەگمەنە لەو سەردەمەدا نموونەی وەکوو زەینەب خان بدۆزينەوە. بەرپرسانە و نەبەردانە باسی لە پرسی ئافرەت کردووە کە دەگمەنە ئافرەتێک بەو شێوەیە تێکۆشابێت نەك لە کوردستان بەڵکوو لە هەموو جیهان، لە سەردەمێکدا ژیاوە لە زۆربەی زۆری وڵاتانی ديموکراسی ژنان مافی دەنگدانیشیان لە هەڵبژاردنەکاندا نەبووە. یەكێكە لەو ژنانەی کە سڵی نەکردۆتەوە کە شان بە شانی براکانی لە پێناوی وڵاتەکەی تێ بکۆشێت. چەندین شيعری بۆ کچ و ژنی کورد تەرخان کردووە. لە ساڵی ١٩٣٠ پەیامێك بۆ "ژنانی مەرد" دەنێرێت:

ئەگەر دەتەوێ، گوڵی عومرت بم

خەمی نیشتمان، بخە سەرشانت

جێژوانی، چيا و چۆڵم ئی تۆ بێ

تفەنگ هەڵبڕە بۆ کوردستانت

ئەو کوردستانەی لە هەر چوار پارچە

بە چەقۆی دوژمن، لەتلەت کراوە

خەون و ئازادی ومافی ژیانمان

بێ دەستی خۆمان لە گۆڕ نراوە

دەبێ مشورێ بۆ حاڵمان بخۆین

دەست  لەناودەست ومردن بۆ ژیان

بە زەبری دوژمن، نابێ بڵێین ئۆف

چۆڕاوگەی خوێنمان بڕوا لە زيندان

چ گەمژەیەکە، دەڵێ بە تەنیا

هەر بەرخی نێرە بۆ سەربڕینە

ئەگەر مێ نەبێ، نێر لە کوێ دەبێ؟

ئەسڵی ئەم قسە، پڕ لە برينە

ژن شەوق و نووری، ئەم دونیایەیە

بەبێ ژن دونیا تاريك وچۆڵە

ئەوەی حورمەتی دایکی خۆی نەگرێ

یان خوشک و هاوسەر، بێگومان زۆڵە

ژن هەتاوێکە، ڕووناکی ئەدا

بە ئێرەو ئەوێ، بە هەموو زەمین

ئەگەر گەورەییی دڵی ژن نەبێ

بۆ مەرگی پیاوان، کێ دەگێڕێ شین

...

پێنجەم نموونە: "کچە کورد"ی شاعير خۆشەویستییەکی ڕاددەبەدەری بۆ سروشت و شار و گوندەکانی کوردستان هەبووە و، نموونەیەکی زۆر جوان لە پێکەوەژیانی ئایینی باس دەکات، لە "هەرمۆتە"ی گەڕەکی کريستیاننشینی کۆیە و لە ساڵی ١٩٣٠ دەنووسێت:

ئەگەر هەرمۆتە نەبێ، بەهار نایە لە کۆیە

بۆ کەنیسەی وێ دەڕۆین، هەم ئی من و ئی تۆیە

کچان بۆ بەزم و سەیران، دێن و دەسووڕێنەوە

هەموو بۆ بەختی خۆیان، لە خوا دەپاڕێنەوە

چەندە خۆشە هەرمۆتە، لە سەیران و بەهاری

هەموو یەك خانەوادەین، لە خاکی کوردەواری

...

شەشەم نموونە: زەحمەتە لێرەدا، هەموو کتێبەکە بخەینە ڕوو، بەڵام بێ گومان چەندین هەڵبەستی بەهێزی تری تێدا هەیە کە نەماتوانیوە بيخەینە پێش خوێنەران. پێشنيار دەکەین چەندین لەو هەڵبەستانە بخرێنە ناو وانەکانی خوێندنی قوتابیانی کورد و، هەندێکیان شایەنی ئەوەن بکرێنە سروودی نیشتمانی و، ئاوازی شياوی بۆ دابنرێت. لە کۆتاییدا دەڵێین، ئەم ئافرەتە هۆزانڤانە دەڵێی لە شيعری "ئەمڕۆ و بەیانی"دا داهاتووی کوردی خوێندۆتەوە، کە لە ساڵی ١٩٤٦نووسيویەتی. ئێمە لێرەدا دەیخەینە پێش خوێنەرانی ئازیز:

بەفيڕۆ مەدە گەنجی ئەو عومرە

پێشینان دەڵێن: بۆ ژیان بمرە

...

...

ئەم کوردەوارییەی ساڵەهای ساڵە

خەمی ورگیەتی ومێشکی بەتاڵە

ئەمڕۆکەم هەبێ شوکر و سابيرم

دەخۆم ودەنووم خۆم پاشا و ميرم

بير لە داهاتووو سبەينێ ناکا

بۆ سەربەخۆیی شۆڕش بەرپاکا

دەڵێ قەدەر ونەسيب وەهایە

هەرچی ڕوودەدا وا داندرایە

ئەگەر قەدەریش بيکا بە دەوڵەت

ئيتیفاق نەبن، دەبن بە دوو لەت

بەعزێ لەشکری دوژمن دەهێنن

هەتاکوو پشتی یەکتر بشکێنن

خيانەت نابڕێ لە خوێنی کوردان

بۆیە قەت نابنە هەتاوی ئاسمان

کێ دێ ئەم سيحرە بۆ من بەتاڵ کا

برا کە خوێنی برا حەڵاڵ کا؟!

|

شوێن و مێژووی بڵاوبوونەوە: هەولێر – ٢٠١٨- چاپخانەی ڕۆژهەڵات

نووسەر: سەیدعەبدولعەلی قەوام

چەمكی ‌به‌جیهانیبوون ((globalization كە لە دەیەی 1960دا هاتووەتە ناو فەرهەنگی وشەكانەوە، پاش كۆتاییی جه‌نگی سارد بۆ بواری فراوان و جۆراوجۆر بەكار دێت؛ تا ئەو ڕاددەیەی كە زۆربەی خاوەن تیۆرییەكان بارودۆخی پاش ئەو سەردەمە لەسەر بنەمای ئەم پارادایمە ڕوون دەكەنەوە. وێڕای ئەوەی كە ڕووخانی سیستەمی دووجەمسەری، خێراییی پرۆسەی به‌جیهانیبوونی هێناوەتە كایەوە، سەرەڕای ئەوەیش دەتوانین بڵێین كە سەرچاوەی ڕووخانی ئەم دوو بلۆكە دەگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی به‌جیهانیبوون.

 لەژێر كاریگەریی ئەم هەلومەرجەدا دەتوانین بڵێین كۆتاییهاتنی جه‌نگی سارد نەمانی گرنگیی زۆربەی بەها و پارادایمە ڕەفتاریییه‌كانی سەردەمی ڕۆشنگەریی لێ كەوتەوە. كەواتە دەبینین ناكۆكیی فراوان وەك: لەیەكچوون، بڵاوەخوازی، هەڤگری، تایبەتخوازی، گشتیخوازی، ناوەندسڕینەوە و...، دروست بووە. بۆیەیشە زۆربەی ئەو بەها ڕەفتارییانە كە لەسەر بنەمای داب و نەریتی ڕۆشنگەری دانراون، ناتوانین لێكدانەوەی بۆ بكەین و ئیمڕۆكە پێویستە له‌ ڕوانگه‌ی پۆستمۆدێرنیسته‌كانه‌وه‌ باسی بكەین. بەم جۆرە، به‌جیهانیبوون ناكۆكیی فراوانی خستە بەرچاوی ئێمە. بەم واتایە، لە كاتێكدا كە ئەم پرۆسەیە فراوانبوونی دۆستایەتی، هاولایەنییەكان و ڕەگەزەكانی هاوبەشی مرۆیی پیشان دەدات، سەرەڕای ئەمەیش دەبێتە هۆی گرژبوونی ناكۆكییەكان، جیاوازییەكان، نایەكسانییەكان، فراوانبوونی لێكترازانی مەودای هەژاری و دەوڵەمەندی.

لە تایبەتمەندییە دیارەكانی به‌جیهانیبوون، ناتوانین تەنیا ئاماژە بە "خێرایی" بكەین، چونكە لەگەڵ ڕەگەزی خێرایی، جۆری هەڵسوكەوتە ئابووری، سیاسی، كه‌لتووری، كۆمەڵایەتی و ئاسایشییەكان تووشی گۆڕانكاریی بنەڕەتی هاتوون. پێشكەوتنی تەكنەلۆژی، بووەتە هۆی بچووكبوونی جیهان، كە ئەم خۆ-ئاگایییەی بەدواوە بووە. لەژێر ئەم هەلومەرجەدا ڕای گشتی كە لە ڕێگەی پێكهاتەكانی مەجازی و كەناڵەكانه‌وه‌ فۆرم دەگرن، لەڕاددەبەدەر لە بەرامبەر ڕووداوەكان هەستیار بوون. لەژێر ئەم هەلومەرجه‌دا بە هۆی چڕیی كات، شوێن و فەزا، ئیتر ناتوانین خۆمان لە چوارچێوەیەكی داخراوی جوگرافیدا پێناسە بكەین. لە كەشێكی وەهادا كە بەتوندی ناوەند-سڕینەوە ڕووی داوە، نابێ چاوەڕوانی توانای بەرزی ناسنامه‌سازیمان هەبێت، چونكە به‌جیهانیبوون، توانای فەزامەندبوونی ژیانی كومەڵایەتی هەموار دەكات؛ بە شێوەیەك كە ناسنامه‌ لە ڕەوتی كاتدا، واتا و چەمكی دۆزیوەتەوە و، هەروەها لە ڕوانگەی كاته‌وه‌ پەیوەندیی نێوان ڕابردوو و هەنووكە لەناو دەچێت.

 لە بارودۆخێكی وەهادا دەوڵەت-نەتەوەكان ناتوانن وەك مۆدێلی وێستفاڵیایی كار بكەن و بە هۆی بەشداربوونی زۆربەی ئەكتەرە ناحكوومییەكان لە دەسەڵاتدا، دەوڵەت-نەتەوەكان ئیتر ناتوانن ببن بە ناوەندی توێژینەوەی پەیوەندییە نێونەتەوەیییه‌كان. ئەم گۆڕانكارییانە لە پرۆسەكانی هەڤگری و لە كۆنكریتیبوونی سنوورەكان و دیاریكردنی دەسەڵاتەكاندا دەبینین. لەسەر ئەم بنەمایە به‌جیهانیبوون تێچووی كۆنترۆڵ و هاتووچۆی، لە سەردەمی زانیاریدا بۆ دەوڵەتانی نادیموكراتیك بردووەتە سەرەوە.

هەرچەند دیاردەی به‌جیهانیبوونمان بە درێژاییی مێژوو لە چوارچێوەی ئایین و قوتابخانە جیاوازەكانی ئایدیۆلۆژیدا بینیوە، بەڵام لە ئێستادا دەبێت لە سەرهەڵدانی سەرمایەداری و بە دوای ئەو ڕووداوە جۆراوجۆرانە و گۆڕانكاریی تەكنەلۆژی، ئابووری و پەیوەندیدا بە دوای ڕیشەی به‌جیهانیبووندا بگەڕێین. لە كاتێكدا فیۆداڵیتە لە كەشێكی بەستراو و داخراو و بەگشتی ناوخۆیی بوو، بەڵام بەپێچەوانەوە ناسنامه‌ی سەرمایەداری، دەرەكی بووە؛ بە جۆرێك كە مانەوە و بەردەوامیی سیستەمی سەرمایەداری، پەیوەندیی توندوتۆڵی بە بازاڕەكان، ناردنی كاڵا و سەرمایە، ئامادەكردنی ماددەی خاو، هێزی هەرزانی كار و پێشبركێوه‌ هەیە. جێگەی ئاماژەیە كە گشت ئەم چالاكییانە بە شێوەیەكی پڕاكتیكی لە ژینگەیەكی نێودەوڵەتیدا ڕوو دەدەن. لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین كە سەرمایەداری، نێودەوڵەتیترین سیستەمە تاوەكوو ئێستا مرۆڤ بەخۆیەوە دیویەتی.

به‌جیهانیبوونی ئاسایش پەیوەندیی نزیكی لەگەڵ قەیرانی "دەوڵەت- نەتەوە"دا هه‌یه‌، بە واتا وێستفاڵیایییه‌كه‌ی. لەم ڕوانگەوە ڕوخساری نوێی ئاسایش لە سەردەمی به‌جیهانیبوون تەنیا بە واتای كەمبوونی توانای دەوڵەتان بۆ دروستكردنی ئاسایشی عورفی نییە، بەڵكوو بەپێچەوانەوە، دەبێت باس لە ئاسایشی دەوڵەتان لە چوارچێوەی ئاسایشی جیهانیدا بكەین. هەروا كە "كلارك" دەڵێت: به‌جیهانیبوون بە مانای گۆڕان لە تێكستی دەرەكی كە دەوڵەتان ئاسایشی لێ دروست دەكەن نییە، بەڵكوو پرۆسەی به‌جیهانیبوون سەرهەڵدانی گۆڕانكارییه‌كی بناغەهەڵكەنە لە پێكهاتەكانی دەوڵەتانی مۆدێرندا.

 كەواتە تەنیا ناتوانین لەسه‌ر قەیرانێك قسە بكەین كە سەروەریی دەوڵەتانی لە ڕەهەندی سەربازییه‌وه‌ خستووەتە ژێر پرسیار، بەڵكوو وا دیارە دەوڵەت- نەتەوە وەك پاڕادایمی سیاسیی زاڵی سەردەمی مۆدێرنیتە لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێوده‌وڵه‌تیدا تووشی قەیرانی بنه‌ڕه‌تی هاتووە. هەروەك "ڕۆبێرتسۆن" دەڵێت: "به‌جیهانیبوون تەنیا دیاردەیەكی پەیوەندیدار بە پێكهاتەكان، ڕێكخراوەكان و تۆڕەكان (networks) نییە، بەڵكوو ڕێگەیەكە كە ئێمە لەوێوە سەبارەت بە ژیانی كۆمەڵایەتی و جێگەی خۆیان بیر دەكەینەوە."

هەروەها لەم كتێبەدا باس لە قەیرانەكانی جیهانی سێیەم دەكرێت كە سەرهەڵدانی دەوڵەتانی دەسەڵاتخواز، هەژاری، بێكاری، نەتەوەخوازی، لاوازیی كۆمەڵگه‌ی مەدەنی، بەستراوەییی ئابووری، سەرهەڵدانی وردە-ناسێونالیزمی ناكۆكخواز لەگەڵ ئه‌نارشیزمی ناوچەیی و دواجار بارودۆخی نالەباری ئاسایش وەك بەرهەمی جه‌نگی سارد و ململانێی ئایدیۆلۆژیكی دوو زلهێزەكە، لەگەڵ ئەم بیرۆكەیەدا كە وڵاتانی جیهانی سێیەم لە كێبركێی جیهانی نوێدا بە سەركەوتوو دەژمێردرێن، یەك ناگرێته‌وه‌. لە ماوەی جه‌نگی سارددا، سەرەڕای ئەوەی كە دیموكراسی لە ڕوانگەی هانتینگتۆن لە زۆربەی بەشە پێشنەكەوتووەكانی جیهاندا فراوان بووە، دەسەڵاتخوازی وەك فۆڕمی بنەڕەتیی حكوومەت لەم ناوچانە هێشتا هەر ماوە. یەكێك لە گرنگترین باسەكانی ئەم كتێبە سەبارەت بە پرۆسەی دیموكراسی لە جیهانی سێیەم، پەیوەندی لەگەڵ هێزی دەوڵەتە. لەسەر بێروكەی مێژووی دەوڵەتسازیی ئەوروپا، دیموكراسی وەك قۆناغی كۆتاییی دەوڵەتسازی دادەنرێت. بەم واتایە بۆ زۆربەی وڵاتان كە قۆناغە سەرەتایییەكانی دەوڵەتسازی بەڕێوە دەبەن، دیموكراسی وەك فاكتەرێك بۆ لاوازی و پەرتبوونی ناسنامه‌ی نەتەوەیی دادەنرێت. لەم ڕووەوە بۆ زۆربەی دەوڵەتانی دەسەڵاتخواز، گرنگیی هەڤگری لە سنوورەكانی ناسنامه‌یی وەك ناسنامه‌ی نەتەوەیی و یان سەروەریی نەتەوەیی، لە سەرووی دیموكراسییەوەیە.

 جگە لەمانە، سیاسەتەكانی كۆلۆنیالیزم-سڕینەوە و پەرەسەندن كە لە ماوەی جه‌نگی سارد لە نێوان نوخبەكانی وڵاتانی جیهانی سێیەمدا هەبوو، فاكتەرێك بوو بۆ دەستێوەردانی زیاتری دەوڵەتانی دەسەڵاتخواز بەسەر ڕووبەرەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووریی كۆمەڵگەدا. لەم ڕوانگەیەوه‌، دەستێوەردانی دەوڵەت فاكتەرێك بوو بۆ دیاریكردنی گەشەكردنی ڕێكخراوە دیموكراتییەكان. ئەم دۆخە ساڵانێك لە ماوەی جه‌نگی سارد وەك كێشەی بنه‌ڕه‌تیی دەوڵەتانی جیهانی سێیەم مابوو، بەڵام بە نەمانی بیرۆكەی سەروەری، وا دیارە كە لە پرۆسەی به‌جیهانیبووندا دەوڵەتانی دەسەڵاتخواز نەتوانن بەبەردەوامی دیموكراسی بخەنە دواوە.

 بۆ باسكردنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتخوازیی دەوڵەتان و پرۆسەی دیموكراسی، دەتوانین لە سێ پێوەر كەڵك وەربگرین: پێشكەوتنە ئابوورییه‌كان، ڕاددەی تێپەڕاندنی لە پرۆسەی دەوڵەتسازی و سیاسەتە ئایدیۆلۆژییه‌كان.

بۆیە پێویستە ئەم وتەی "دانیێل بێل" دووپات كەینەوە كە: "لە سەردەمی به‌جیهانیبووندا دەوڵەت بۆ جێبەجێكردنی كارە بچكۆڵەكان زۆر گەورەیە و، هەروەها بۆ جێبەجێكردنی كارە گەورەكان زۆر بچكۆڵه‌یه‌." بەم شێوەیە لە ئاستی ناوخۆییدا لە ڕێگەی بەخشینی زۆربەی بەرپرسیارێتییەكان بە كەرتی ناحكوومی و، هەروەها لە ئاستی نێودەوڵەتییش لە ڕێگەی بەشداریكردنی ئەكتەرگەلی ناحكوومی وەك NGOكان، لە هەندێك بواردا وەكوو لەناوبردنی نەخۆشییە كوشندەكان، ماددە بێهۆشكەرەكان، پیسبوونی ژینگە، پەرەنەسەندوویی، هەژاری و...، دەكرێت كارایی و دەسەڵاتی دەوڵەت زیاد بكرێت و ڕێگری لە پێكدادانەكان بكرێت.

لەم كتێبەدا كە لە دە بەشی سەرەكی و دوا وتار پێك هاتووە، هەوڵ دراوە تا ڕەهەندە جۆراوجۆرەكانی به‌جیهانیبوون و قەیرانەكانی بەردەمی ئەم پرۆسەیە بخرێتە ژێر لێكۆڵینەوە و، لێكدانەوەی لەسەر بكرێت و پێگەی باكوور و باشوور لە لایەنە جیاوازەكان و لە ڕوانگەی كاریگەریی ئەم پرۆسەیە بخرێتە ژێر خوێندنەوە و توێژینەوە.

پێكهاتەی ئەم كتێبە

بەشی یەكەم: چاوخشاندنێك بەسەر به‌جیهانیبووندا

بەشی دووەم: قەیرانی واتا لە سەردەمی به‌جیهانیبوون

بەشی سێیەم: پێگەی دەوڵەت و هاووڵاتیان لە سەردەمی به‌جیهانیبوون

بەشی چوارەم: هاوكارییە نێونەتەوەیییەكان لە سەردەمی به‌جیهانیبووندا

بەشی پێنجەم: ڕۆڵی ئەكتەرە ناحكوومییەكان لە سەردەمی به‌جیهانیبوون

بەشی شەشەم: ئاسایش و به‌جیهانیبوون

بەشی حەوتەم: به‌جیهانیبوون و بابەتی پەرەسەندن

بەشی هەشتەم: بارودۆخی ناسێونالیزم لە سەردەمی به‌جیهانیبوون

بەشی نۆیەم: پێگەی دەوڵەتانی دەسەڵاتخواز لە سەردەمی به‌جیهانیبوون

بەشی دەیەم: به‌جیهانیبوون و گوتاری جیهانی ئیسلامی

وەرگێڕانی كتێبەكە بۆ سەر زمانی كوردی:

سەید عەبدولعەلی قەوام، به‌جیهانیبوون و جیهانی سێیەم و ئاسایشی نەتەوەیی، وەرگێڕانی: سەڵاح جەعفەری، هەولێر: دەزگای توێژینەوە و بڵاوكردنەوەی موكریانی، چاپخانەی هاوسەر، 2009.

بۆ دابەزاندنی كتێبەكە:

https://www.kurdipedia.org/files/books/2011/63339.PDF?ver=129817460319285780

 

پەڕەى 1 لەکۆى 8 پەڕەدا