هەرێمی كوردستان لە هاوكێشەكانی بوودجەی سێ ساڵەی فیدراڵی

یاسین تەها، خوێندکاری دکتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاکان، هەروەها شارەزا لە کاروباری عێراق

تێپەڕاندنی بوودجەی سێ ساڵە لە حوزەیرانی 2023 ئەگەرچی زیاتر لە شەش مانگ لە ساڵی دارایی دوا كەوت، بەڵام ڕووداوێكی بێپێشینە بوو لە مێژووی عێراقدا. بە گوێرەی ئەم یاسایە تا سێ ساڵی تر حكوومەتی سوودانی دەبێتە خاوەن بوودجە و، لە مشتومڕ و سازشەكانی تێپەڕاندنی ڕزگاری دەبێت كە سیمای زاڵی بوودجەكانی ئەم ساڵانەی دوایییە. بۆ دوو ساڵی ئاییندە (2024 و 2025) ئەنجومەنی وەزیران تەنیا خشتەی نوێی داهات و خەرجیی پێش کۆتایهاتنی ساڵی دارایی دەنێرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بە مەبەستی پەسەندکردنی. سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش بوودجەكە لایەنی باش و لێكەوتەی خراپیشی هەیە. ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات ئاماژە بە گرنگترین لێكەوتە سیاسی و ئابوورییەكانی تێپەڕاندنی یاساكە لەسەر هەرێمی كوردستان بكات.

هەرێم لە ژمارەكانی بوودجەدا

پرۆژەی بوودجەی گشتیی فیدراڵی عێراق لە 13ی ئازاری 2023 ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كرا. لە پرۆژەكەی حكوومەتی سوودانی، ڕەچاوی بەرنامەی کاری پەسەندكراوی كابینەكە و ڕێككەوتنی حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێم كرابوو لەبارەی نەوت و پشكی هەرێم و شایستە دارایییەكانی([1])، بەڵام لە ماوەی سێ مانگ تاوتوێكردنی پرۆژەكە لە لیژنەی دارایی و فلتەرەكانی پەرلەمان و لە شەوەكانی دەنگدان لەسەر ماددەكان و لە دوا خولەكەكانی پەسەندكردندا لە سپێدەی 12ی حوزەیرانی 2023، گۆڕانكاریی جۆراوجۆر بەسەر بڕگە و ماددەكانی پرۆژەكەی حكوومەتدا هات؛ چ ئەوانەی پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان و چ ئەو بڕگە و ماددانەی تری پەیوەست بە حكوومەتی فیدراڵ. لە یاساكەدا بوودجەكە بۆ ئەمساڵ (2023) لەسەر 196 ترلیۆن دینار و كورتهێنانی 64 ترلیۆن خەمڵێنراوە، لەسەر بنەمای نرخی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بە هەناردەی 3.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا؛ لەنێو ئەو بڕە نەوتەیش 400 هەزار بەرمیلی، دەبێت لە هەرێمی كوردستانەوە بێت، ئیتر چ بە هەناردەكردن یان بەكارهێنانی بۆ پاڵاوتنی ناوخۆ([2]).

پشكی هەرێمی كوردستان لە بوودجە لە ڕووی ڕێژەوە بە 12.67% دیاری كراوە، بەڵام به‌شێكیشی به ‌پاره‌ نییه، بەڵكە لە شێوەی به‌شه‌خۆراك و ده‌رمان و كۆمه‌ڵێك بڕ‌گه‌ی دیكەی خەرجی جۆراوجۆرە كە لەسەر هەرێمی کوردستان ئەژمار كراوە و “خەرجیی سیادی”یە. بە گوێرەی داتاكانی لیژنەی داراییی پەرلەمان، بڕیارە ساڵانه‌ ترلیۆنێك و نزیكه‌ی 250 ملیار دینار بگاتە هەرێمی كوردستان كە بەشێكی شتومەكە و پارەی كاش نییە و، ئەوەی پارەیە دەچێتە سەروو 15 ترلیۆن؛ لەم بڕەیش دەوروبەری 9 ترلیۆنی دەڕوات بۆ مووچە. بە گوێرەی یاساكەیش حكوومەتی هه‌رێمی کوردستان، ده‌بێت ئه‌وله‌وییه‌ت بدات به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان؛ هه‌روه‌ها پشكی پارێزگاكان به‌پێی بوودجه‌ی پڕ‌ۆژەكان و به‌پێی ئه‌و پێوه‌رانه‌ی له‌ناو پرۆژه‌یاسای بوودجه‌دا دانراون دابەش بكات كە ڕێژه‌ی دانیشتووان و ئاستی هه‌ژارییە‌([3]). بەپێی وردكردنەوەی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیش، بڕی شایستە دارایییەكانی هەرێم بەم جۆرەی خوارەوە دەبێت([4]):

ـ 9 ترلیۆن و 300 ملیار دینار بۆ مووچەی 681 هەزار و 979 فەرمانبەر بە مانگانەی 775 ملیار دینار

ـ  ترلیۆنێك و 346 ملیار دینار بۆ خانەنشینی هەرێم بە مانگانەی 112 ملیار دینار كە كەمترە لە 2021.

ـ 228 ملیار و 304 ملیۆن دینار بۆ پێشمەرگە بە مانگانەی 19 ملیار دینار و، ئەمەیش پاڵپشتییەكی یاسایییە، لەبەر ئەوەی پێشمەرگەی هەرێم بەشێكە لە سیستەمی بەرگری.

شایستە دارایییەكانی هەرێم مەرجدار كراوە بە كۆمەڵێك پابەندی كە بریتین لەمانەی خوارەوە:

ـ باركردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، چ بۆ هەناردە یان پاڵاوتن.

ـ گیڕانەوەی 50%ی داهاتی خاڵە سنوورییەكان بۆ خەزێنەی فیدراڵی.

ـ گیڕانەوەی قەرزەكانی بانكی بازرگانیی عێراقی (TBI) بە شێوەی قیست.

ـ وردبینیی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییی بەغدا و هەرێم و ڕاسپاردنی كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی بۆ وردبینیی داهات و خەرجیی هەرێم.

 

گرێی بڕگەی 8ی ماددەی 13

لە یاسای بوودجەدا ئەو ماددە و بڕگانەی پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان، بریتین لە 11 و 12 و 13. یەكێك لە بڕگەكانی ماددەی 13 بە دەق باس لەوە دەكات؛ ئه‌گه‌ر حكوومەتی هه‌رێمی کوردستان لە دابەشكردنی بوودجەدا یەكسانی و دادپەروەریی پەیڕەو نەكرد، ئه‌وا سه‌رۆكوه‌زیرانی حكوومەتی فیدراڵی دەستوەردان دەكات بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژە‌یاساكه،‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به ‌پێدانی پاره‌یش بێت (تمویل) به‌و پارێزگایەی هەرێم كە ناڕ‌ازییە. ئەم بڕگەیە كە زیادكراوی ناو لیژنەی دارایییە و هەموو پاڵپشتییەكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی هەبووە لە ئەنجومەنی نوێنەران، كێشمەكێش و مشتومڕی زۆری دروست كردووە لەبارەی گونجانی لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی و دژوەستانەوەی لەگەڵ دەسەڵاتەكانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان؛ تا ئەو ئاستەی سەرۆكوەزیران، هەڵوێستی پشتیوانانی تێپەڕاندنی ئەم بڕگەی، پەیوەست كردەوە بە “ناپاکیی نیشتمانفرۆشی” و بە هەوڵی لاوازكردنی هەرێمی کوردستان و پێشێلكردنی مافە دەستوورییەکانی لە قەڵەم دا([5])، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان پێی وایە لەم بڕگەیەدا “کوردستانی دیموکرات و کوردایەتیی ڕاستەقینە بەسەر مەیلی جیاکاری و ناوەندێتیی حوکمڕانیدا سەر کەوت”([6]). هەروەها فراكسیۆنەكەیشی پێ دادەگرێت لەسەر ئەوەی هیچ مەترسییەك لەم بڕگەیەدا نییە، چونكە “ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایە لە دادپەروەری، ئەم بڕگەیە هیچ مانایەكی نامێنێت بەڵكوكۆتاییی پێ دێت”([7]). لە كاتی تێپەڕاندنی ئەم بڕگەیەیشدا لە پەرلەمان، هەرا و بشێوی هۆڵەكەی گرتەوە بەهۆی ناڕەزاییی پەرلەمانتارانی پارتییەوە؛ لە دەمی تێپەڕاندنیشیدا فراكسیۆنی پارتی چوونە دەرەوەی هۆڵەكە و پەرلەمانتارە شیعە ڕكابەر و نەیارەكانیشیان دەستیان كردە چەپڵەڕێزان و خۆشیدەربڕین و دواتریش “سەركەوتنیان بەسەر هەرێمی كوردستان” ڕاگەیاند([8]).

داوە دارایییەكانی بوودجە

لەسەر ئاستی فەرمی  لە كوردستان تێپەڕاندنی بوودجە وەك دیفاكتۆ قبووڵ كرا؛ بەهۆی ئەوەیشی پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وایە پلانگێڕیی گەورەتر لە بوودجەدا هەبووە، خێرا پەڕییەوە بۆ قۆناغی پاش پەسەندكردنی بوودجە و چاودێریكردنی چۆنێتیی جێبەجێكردنی([9]) و، پاشان سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەولێر تانەی دا لە ماددەكانی (2، 11، 12، 13)ی بوودجە([10]). لە دەرەوەی ئەم هەڵوێستە فەرمییە و ڕازیبوونی فراكسیۆنە كوردییەكان بە كۆی بوودجەكە، هێشتا هەر مەترسی و نیگەرانی و بەدگومانیی زۆر هەن لە “مینەكانی بوودجە” كە هەندێك بە “تەڵە” ناوی دەبەن لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە([11]):

ـ  لە ماددەی 12یشدا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ڕاده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم، خه‌رجكردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌سه‌ر هەمان پشكی تەرخانكراو بۆ هه‌رێم ئەژمار كراوە.

ـ واڵاكردنی دەستی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە دەستوەردان لە خەرجییە دارایییەكانی هەرێمی کوردستان و ئەگەری گۆڕانی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق بۆ فیدراڵیزمی پارێزگاكان لە ڕووی دارایییەوە لانی كەم.

ـ حیسابنەكردن بۆ گرانیی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە نەوتی بەغدا و قورسكردنی باری بەشە بوودجەی هەرێم بە خستنەئەستۆی تێچوونی بەرهەمهێنانی نەوت كە دەگاتە نزیكەی 4 ترلیۆن و 500 هەزار دینار لە كۆی 16 ترلیۆن كە كۆی گشتیی پشكی هەرێم.

ـ هەرزانیی نرخی نەوتی بەكارهاتووی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆ بەراورد بە هەناردە، پاش ڕاگرتنی بۆڕیی توركیا. ئەمەیش كۆمپانیاكان تووشی مایەپووچی و زیانی زۆر و ئەگەری دەستبەرداربوون لە نەوتی هەرێم دەكاتەوە و، سەرەنجامیش دەبێتە شكست بۆ كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستان.

هەندێكی تر لە شارەزایانی كارگێڕی و دارایی لەوە زیاتر ڕەشبینن و پێ دادەگرن لەسەر ئەوەی تەنانەت یەك ماددە و بڕگەیش نییە لە بوودجەكە كە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان بێت، لەبەر هۆكارێكی سەرەكی ئەویش ئەوەیە كە، لە سەرجەم ماددە و بڕگەكانی پەیوەست بە داهات و كۆكردنەوەی، هەرێمی كوردستان خراوەتە پاڵ پارێزگاكانی سەر بە حكوومەتی فیدراڵ و ناچار كراوە بە بەشداریكردن لە پارەداركردنی خەزێنەی گشتی، بەڵام بەپێچەوانەی ئەمەوە لە خەرجییەكان و تەرخانكردنەكان هەرێمی كوردستان هەڵاواردە كراوە و وەك پارێزگاكانی سەر بە حكوومەتی فیدراڵی سوودمەند نابێت لە خەرجییەكان([12]). بەپێی زانیارییە فەرمییەكانیش ئەگەر نەوتی هەرێم بە نرخی كۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشرێت، زیاتر لە 13 ترلیۆن دینار دەكات بۆ ساڵی 2023 ([13])؛ جگە لە داهاتەكانی ناوخۆ كە بەپێی بوودجە، دەبێت 50% بگەڕێتەوە بۆ بەغدا وەك پێشتر ئاماژەی پێ كرا.

لێكەوتە سیاسییەكانی ناوەندگەراییی دارایی

گەڕانەوەی داراییی هەرێمی کوردستان بۆ ژێر دەستی حكوومەتی فیدراڵی لە بوودجەی سێ ساڵە، تەنیا دۆسیەی نەوت ناگرێتەوە، بەڵكوو هەموو ئەو داهاتانەی دەست هەرێمی کوردستان دەكەون ملكەچ دەبن بۆ وردبینی و چاودێریی داراییی بەغدا. جگە لەوەیش دەسەڵاتی خەرجكردنیش لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دیسانەوە ملكەچە بۆ ئەگەری دەستوەردان، كە ئەمەیش لێكەوتەیەكی سیاسیی هەیە كە مافی دەستوەردانە لە كێشە و سكاڵا كوردییە ناوخۆیییەكان؛ ئەمە لە كاتێكدا كۆی دۆسیە دارایی و ئابوورییەكانی هەرێمی کوردستان ملكەچە بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی كە جگە لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم (شوباتی 2022) دوا داوا كە دادبینیی تێدا كردووە، سكاڵای پەرلەمانتارێكی بەسرەی سەر بە “بزووتنەوەی عەسائیب”ە لەبارەی هەژماری بانكیی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان لە Citibank و، سەرنەگرتنی سكاڵاكەیش بەهۆی ئەوە بووە ئەم ڕێكارە لە یاسای بوودجەدا هەڵگیراوە و دادگەكەیش دەڵێت “تەنیا دادبینی لە یاسا و ڕێنماییی بەركاردا دەكات” ([14]).

لە یاسای بوودجەدا و لە ماددەی 13 كە لە پەرلەمان داڕێژرایەوە، دوو هەژماری بانکی دەکرێنەوە: هەژماری یەكەم تایبەتە بە حیسابی داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم؛ ئەم هەژمارە سەر بە وەزارەتی دارایی دەبێت لە بانکی ناوەندیی عێراق و، كەسی تر مافی نییە هیچ بڕەپارەیەکی لێ گل بداتەوە، تەنانەت بۆ هەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجیی گواستنەوەكەیشی. هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا سەرجەم هەژمارەکانی ئێستای حکوومەتی هەرێمی کوردستان دادەخرێن، لەناویشیاندا هەژماری Citibank کە تاوەکوو 25-03-2023 داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو بانکە نێودەوڵەتییە گل دەدرایەوە([15]).

بەپێی هەندێك هەڵسەنگاندیش كە لە ناوەندی ئەمریكییەكان بڵاو كراونەتەوە، كۆی ئەم پاشەكشەی لە بوودجەدا بەسەر دەسەڵاتی هەرێمدا هات، بە دیوێكی تردا پاشەكشەیە لە حوکمڕانی و گەشەپێدان؛ هەروەها لاوازیی توانای هەرێم پیشان دەدات لە بنیاتنانی دامەزراوەی بەهێز. لەمەیش خراپتر، متمانە و پێگەی حکوومەتی هەرێم لە ئاستی نیشتمانی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دەخاتە بەر مەترسی، بەتایبەت كە لە کاتی مشتومڕی بوودجەدا كە زۆر هەستیارە، لایەنە کوردییەکان نەیانتوانی سیاسەتێکی هاوسەنگ دابڕێژن و لەسەر بنەما و نەگۆڕەكانی پەیوەست بە پێگە و دۆخی هەرێمی کوردستان ڕێك بكەون؛ بگرە بەپێچەوانەوە “خەریكی زیانگەیاندن بوون بە خۆیان”. ئەمەیش هەرێمی لە هەموو كات لاوازتر كرد([16]).

هەندێكی تر لە شارەزایانی ئەمریكی باس لەوە دەكەن، ڕەنگە بوودجەی ئێستای عێراق ببێتە هۆی ئەوەی حكوومەتی فیدراڵ زیاتر كۆنترۆڵی نەوتی هەرێمی كوردستان بكا. لەم نێوەیشدا ئیمیلی هاوسۆرن، گەورە شرۆڤەكاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌و باكووری ئەفریقا لە كۆمپانیای  RANE دەڵێت: “نەوت بەرامبەر بە پێدانی پارە لە بوودجەكەدا زیاتر كۆد كراوە.” هەروەها ڤلادیمیر ڤان ویلگنبێرگ، پسپۆڕی كاروباری كورد، باسی لەوە كردووە ڕەنگە ئەو بوودجەیە پلانی بووژاندنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ڕاوەستاویش لە هەرێم ئاڵۆزتر بكات”([17]).

دیوە سیاسییە پشتپەردەكانی بوودجەكە

ئەگەرچی ئامادەكردن و پەسەندكردنی بوودجە پرۆسەیەكی ئابووری و دارایییە، بەڵام بەدەر نییە لە هەژموونی سیاسەت و هەڵوێستی هێزە حوكمڕانەكان. لە تێپەڕاندنی بوودجەی سێ ساڵەدا ئاماژەكانی هەوڵی كەمكردنەوەی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووری لەسەر حسابی ناوەند، تا ڕاددەیەكی زۆر ڕوون بوون، بەتایبەت لە ڕێگەی گرووپێكی بچووككراوە لە پەرلەمانتارانی هێزە شیعەكانەوە كە لە میدیادا بە “هەڵۆكانی لیژنەی دارایی” ناسران. ئەم پەرلەمانتارانە بەشی زۆریان لینكی بەهێزیان لەگەڵ هێزە ڕاستڕەوەكانی حەشدی شەعبی هەیە([18])؛ هەندێكیشیان بەكردەیی هەر ئەندامی گرووپ و هێزە شیعەكانن وەك: بزووتنەوەی عەسائیب (عودەی عەواد)، كەتیبەكانی حزبوڵڵا (حسێن موئنیس)؛ هەیشیانە پێشتر بەرپرسیارێتیی لە حەشدی شەعبی هەبووە (یوسف كیلابی)، ئەوانی تریش كە لەم گرووپە پەرلەمانییەن یان پاڵپشتییان لێ دەكەن، هەر لە بەرەی حەشدن (مستەفا سەنەد) یان لەو بازنەیەن كە لە ئەدەبیاتی شیعیدا ناو نراوە “أمە الحشد”. ئەم گرووپە پەرلەمانتارە شیعەیە كە دوا خولەكی تێپەڕاندنی بوودجە خۆیان وەك ڕكابەر و نەیاری هەرێمی كوردستان ناساند، كەڵكی زۆریان لە دابەشبوون و پەرتەوازەییی هێزە كوردییەكان لە هۆڵی پەرلەمان وەرگرت. ئەم گرووپە ئەگەر بە ئاراستەكردنی ڕاستەوخۆی چوارچێوەی شیعە كاریان نەكردبێت، ئەوە بەناڕاستەوخۆ خزمەتی زۆریان بە سیاسەتەكانی چوارچێوەی شیعەی حوكمڕان كردووە لە بەهێزكردنی ناوەندگەرایی و سنوورداركردنی توانا و پێگە و دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان كە سەرباری هەموو كێشە كەڵەكەبووەكانی ناوخۆی، لە ئێستادا تەنیا قەوارەی خۆبەڕێوەبەرە لە چوارچێوەی سیستەمێكی شلۆق و نەمەییوی فیدراڵی لە عێراق.

یارمەتیدەر و هاندەری ئەم گرووپە و چوارچێوەی شیعەیش لە سنوورداركردنی توانای جموجۆڵی هەرێم، جگە لە پلانە شیعییەكان دوو فاكتەری تر بوون كە یەكەمیان كێشە ناوخۆیییەكانی هەرێم و دابەشبوونی قووڵی هەردوو جەمسەری حوكمڕانی (پارتی و یەكێتی) بوو لەناو پەرلەمان؛ دووەمیشیان كەڵكوەرگرتنی پەرلەمانتارانی شیعەیە لەو ناڕەزایی و گلەیی و ڕەخنە ناوخۆیییانەی هەرێم كە لە شێوازی حوكمڕانی و سیاسەتی نەوت و كێشە و لێكەوتە خراپەكانی ئابووریی سەربەخۆ هەبوون و، لەم چوارچێوەیەیشدا ئەو پەرلەمانتارە شیعانە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان لەگەڵ ناڕازییەكانی هەرێم كردووە و پێشوازییان لێ كردوون و لە گوتار و بەیاننامەكانیشیاندا هەوڵیان داوە بیاندوێنن و سەرنجیان ڕابكێشن([19]).

ئەگەر بارودۆخە سیاسییە شڵۆقەكەیش نەبێت، لە ڕووی یاسایییەوە لیژنەی داراییی پەرلەمان و هیچ گرووپێكی تری پەرلەمانی بەپێی دوو بڕیاری پێشووی دادگەی فیدراڵی (25/2012) و (35/2021)، دەسەڵاتی ئەوەی نییە هەمواری جەوهەری لە پرۆژەیاسای بوودجەی ڕەوانەکراو لە حکوومەتەوە بکات. هەر بەهۆی ئەم پڕەنسیپە یاسایییەیشەوە، حەیدەر عەبادی لە كابینەی خۆیدا (2017) کۆمەڵێک تانەی یاساییی دژی هەمواری بوودجە لە پەرلەمان بردەوە و جێبەجێكردنی ئەو ماددانەیشی ڕاگرت كە پەرلەمان بۆ پرۆژەكەی حكوومەت زیادی كردبوو([20]).

تانەی بەغدا و تانەی هەرێم

وەك چاوەڕوان دەكرا حكوومەتی فیدراڵی تانەی لە یاسای بوودجە دا، پاش بڵاوبوونەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی، بەڵام سەرباری ئەوەی ماددەكانی پەیوەست بە هەرێم (11، 12، 13) جیاواز لە كارنامەی پەسەندكراو تێ پەڕێنران و ناڕەزاییی توندی وەزارەتی دارایی و سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی کوردستانی بەدوادا هات، بەڵام هیچ لە تانەكانی حكوومەتی سوودانی، كە سێ هەفتە پاش پەسەندكردنی بوودجە پێشكەش كران، بە لای پشكی هەرێمدا نەچوون و بەڵكوو 12 ماددەی پەیوەست بە گرێبەست و دامەزراندن و قەرەبووکردنەوە و لێبڕینی مووچەی لەخۆ گرتبوو كە خۆیان لە ماددەكانی 2، 16، 20، 28، 62، 63، 65، 70، 71، 72 و 75دا دەبیننەوە([21]). ئەمەیش گومانی ئەوە دروست دەكات كە سەرجەم دەستكارییەكانی پشكی هەرێم، كاری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە بێت. تانەكانی سوودانییش تەنیا لەو ماددانەیە كە بارگرانیی بوودجە زیاتر دەكەن؛ ئەمەیش پێچەوانە و دژ نییە لەگەڵ خواست و سیاسەتی چوارچێوەی شیعە كە لەگەڵ كەمكردنەوەی خەرجیدان و، ئەمەیش بەڕوونی لە لێدوانی سەركردەكانیاندا دیارە و لەم چوارچێوەیەیشدا عەممار حەكیم لە وتاری نوێژی جەژنی قوربان باسی لەوە كرد؛ دامەزراندنی زۆر لە كەرتی گشتی، بۆمبێكی چێنراوە لەناو بوودجە و كاتێك دێت بتەقێتەوە([22]).

باوەڕێكیش هەیە لە پەرلەمان كە حكوومەت تانەكەی بباتەوە چونكە دادگەی فیدراڵی بە فرمانی سالاری (ولائي) جێبەجێكردنی هەڵپەساردوون تا یەکلاییکردنەوەیان؛ ئەگەریش ماددەكان جێبەجێ بكرێن، ئەوە بوودجە كورتهێنانی زۆری دەبێت و بە ڕاگرتنیشیان دەستكارییەكانی لیژنەی دارایی و فراوانكردنی خەرجی كەم دەبنەوە([23]). ئەوەیشی پەیوەندیی بە هەرێمەوە هەیە، هەر ئەوەی كە هیچ تانەیەكی حكوومەت گۆڕانكارییەكانی ماددەكانی پەیوەست بە هەرێم ناگرێتەوە، ئاماژەیەكە كە ئەگەرچی چوارچێوەی شیعە و حكوومەتی سوودانی بەڕواڵەت پشتیوانی “هەڵۆكانی داراییی پەرلەمان” نەبوون، بەڵام لە ناوەڕۆكدا ئەم گرووپە بەرنامەی پشتپەردەی چوارچێوەی شیعەیان جێبەجێ كردووە یان خزمەتی گەورەیان پێشكەش كردوون بەبێ ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە لەسەریان بكەوێت.

پوختە

ـ بوودجەی سێ ساڵە هەنگاوێكی بێپێشینە بوو لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەشپرزەییی زۆرەوە چووە ناو ئەم نەخشەڕێ ئابووری و دارایییەی، كە بارودۆخی پاش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەسەربەخۆ ڕێك دەخات و سەردەم و قۆناغێكی جومگەیی و نوێیە.

ـ دۆخی خراپی هەرێمی كوردستان لەم بوودجەیەدا بەرەنجام و ڕەنگدانەوەی دابەشبوون و كێشە ناوخۆیییەكانی هەردوو جەمسەری حوكمڕانین لە كوردستان. جگە لەوەیش لێكەوتەی كێشە كەڵەكەبووەكانی دۆسیەی نەوت و هەبوونی ناڕەزایین لە ناوخۆی كوردستان؛ بە جۆرێك دەنگێكی بیستراو هەیە لەبەر بێهیوایی بە ناوخۆ، بەغدا وەك چارەسەر و فریادڕەس دەبینێت و بە دوای ئۆقرەییی دارایی و ئابووریدا دەگەڕێت كە نزیكەی 10 ساڵە شلۆق و شێواوە.

ـ ئەم بوودجەیە سیاسەتی پشتپەردە و ڕاستەقینەی چوارچێوەی شیعەی بۆ حوكمڕانیی عێراق و مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێم ئاشكرا كرد لە ڕێگەی بێدەنگی لە هەموارەكانی لیژنەی دارایی و مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەنجامی بوودجە؛ لە كاتێكدا حكوومەتەكەی، تانەی لەو ماددە و بڕگانە دا كە بارگرانی بوون بۆ بوودجەی فیدراڵی لەسەر ئاستی ناوەند.

ـ ماددە و بڕگەكانی بوودجە پێشینە و بنەما دەبن بۆ یاسای نەوت و گازی فیدراڵی كە بڕیارە لە وەرزی نوێی یاسادانان لە چوارچێوەی ئەو یاسایانەدا بێت كە تێ دەپەڕێنرێت.

ـ بوودجەی سێ ساڵی لێكەوتەی سیاسیی دەبێت لەسەر دۆخ و پێگەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە كاتی جێبەجێكردن. ئەمەیش وریایی و پەیوەندیی بەردەوامی پێویستە لەگەڵ بەغدا بۆ زاڵبوون بەسەر كەند و كۆسپەكانی ئەو “داو”انەی لە بوودجەدا هەن لەم ڕێگەیانەی خوارەوە:

– چڕكردنەوەی هەوڵ بۆ چارەسەركردنی تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لەسەر بنەمایەكی گونجاو بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی شكستهێنانی پیشەسازیی نەوت.

– هەوڵدانی بەردەوام بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و كەڵكوەرگرتن لە نرخەكانی سۆمۆ. دەستپێكردنەوەی هەناردە بە میكانیزمی نوێ، كوردستان دەخاتەوە سەر نەخشەی وزە لە لایەك و، نرخە نوێیەكانیش چارەسەری ناڕەزایی و كێشە كەڵەكەبووەكانی فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ دەكات.

– هەوڵدان بۆ جیاكردنەوەی ڕەوشی داراییی هەرێم لە ململانێ سیاسییە ناوخۆیییەكانی هەرێم و لە ناكۆكییە درێژخایەنە كەڵەكەبووەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەو پێیەی دۆسیەی دارایی هۆكارێكە بۆ ڕاگرتنی ئۆقرەییی سیاسی و كۆمەڵایەتی.

([1])https://2u.pw/EoLJHyt

([2])https://moj.gov.iq/view.7273/

([3])https://2u.pw/8Zqfv3M

([4])https://2u.pw/52PjdJR

([5])https://2u.pw/OyqNn26

([6])https://2u.pw/RDuliwu

([7])https://2u.pw/uXmkCXj

([8])https://2u.pw/bOeSZYo

([9])https://2u.pw/rJ8psXV

([10])https://2u.pw/uJMlyq4

([11])https://2u.pw/B8cFPLs

([12])https://2u.pw/mFEty7X

([13])https://2u.pw/GwOlJNu

([14])https://2u.pw/hm4zE0z

([15])https://2u.pw/GwOlJNu

([16])https://2u.pw/iSc7TxY

([17])https://2u.pw/ZyXZJhI

([18])https://2u.pw/bOeSZYo

([19])https://2u.pw/HhCY0PR ؛ https://2u.pw/yBGfmaJ ؛ https://2u.pw/uGm7qge ؛ https://2u.pw/tqIGDVe

([20])https://2u.pw/FuexlyU

([21])https://2u.pw/cnXeFsN

([22])https://2u.pw/MTaHyQu

([23])https://2u.pw/odKUchJ

پێنووس

بابەتی پەیوەندیدار

ترەمپ گەڕایەوە کۆشکی سپی: لێکەوتەکانى بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟… زیاتر

5 days ago

ئیدارەی ترەمپ و عێراق: چی بەڕێوەیە؟

نووسەر: مایکڵ نایتس وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە… زیاتر

6 days ago

بـەرەو نوێـکردنەوەى سیستـەمى دڵنیاییى جـۆرى لە زانکـۆکان

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین پێشەکى نزیکەى پازدە… زیاتر

1 week ago

مەترسی و دەرفەتەكانی بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستان لە گەڕانەوەی “ترەمپ”دا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق گەڕانەوەی دۆناڵد… زیاتر

1 week ago

کۆبوونەوەی لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) بە ئامادەبوونی کام وڵاتان بەڕێوە دەچێت؟

ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی… زیاتر

1 week ago

گەڕانەوەی ترەمپ؛ کۆتاییهاتنی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ڕێخۆشکردن بۆ ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران؟

ن: یۆرۆنیوز وەرگێڕانی: پێنووس ڕەنگە ماوەی ئێستا تا دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی… زیاتر

2 weeks ago