پێنووس
سەردانی هاکان فیدان، وەزیرەی دەرەوەی تورکیا و ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا، بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی سیاسەتی نوێی تورکیایە لە پاش هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە چوارچێوەی ئاسایش و وزەدا. بەم واتایە تورکیا دەیەوێت سیاسەتێک لە ناوچەکەدا پەیڕەو بکات کە یارمەتیی پێگە و داهاتووی ئاکپارتی، هەروەها پێگە هەرێمایەتییەکەی بدات. هەر بۆیە ئەردۆغان هەوڵی داوە کە ناکۆکی و بارگرژییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کەم بکاتەوە و، بۆ ئەم مەبەستەیش گرنگییەکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبیی کەنداو و لەم نێوەندەیشدا عێراق دەدات. بەڵام عێراق بۆ تورکیا جگە لەوەی کە لە ڕووی ئابووری و وزەوە دەرفەتە، لە هەمان کاتیشدا هەڕەشەیە؛ بەو پێیەی کە هەم ناوچەی نفووزی ئێران و ئاڵقەی پێکگەیشتنی هیلالی شیعییە و، هەمیش لە ڕووی فاکتەری کوردییەوە تورکیا دەخاتە ژێر گوشارەوە، بەو پێیەی کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە) وەکوو فاکتەر و کارتێکی گوشار لەلایەن ئێران و شیعەکانی عێراقەوە، هەمیشە ئامادەیە لە هاوکێشە هەرێمایەتییەکان لە دژی تورکیا و لە هەمان کاتیشدا ڕۆژاوای کوردستان و باشووری کوردستانیش بوونەتە ئاڵقەی پێکەوەبەستنەوەی پرسی کورد لە تورکیا بە هاوکێشە هەرێمایەتییەکان کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر تورکیا دەبێت.
لەم نێوەندەیشدا، هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا وەکوو ئەکتەرێکی هاوسەنگکەر لە چوارچێوەی عێراق دەبینرێت کە بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەپارێزێت. جگە لە ئاستی بەرزی قەبارەی بازرگانیی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، هەڵکەوتەی جوگرافیاییی عێراق وا دەکات کە وەکوو ئاڵقەی پێگەیاندنی کەنداو بە تورکیا و ئەوروپا ببینرێت. هەر ئەمەیش وا دەکات کە تورکیا هەوڵ بدات هاوسەنگییەک لە نێوان بەغدا و هەولێر دروست بکات، بەڵام بە سیاسەت و میکانیزمی جیاواز.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە تورکیا لە ڕێگەی ئەم سەردانەی هاکان فیدان بۆ بەغدا چیی لە عێراق دەوێت؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەتوانین بڵێین کە تورکیا بە پلەی یەکەم ئاسایشی لە عێراق دەوێت؛ ئەمەیش بەو مانایە نییە کە پرسی ئاسایشی تەنیا لە پەکەکەدا بۆ تورکیا چڕ بۆتەوە، بەڵکوو ئەم پرسە چەندان ڕەهەندی هەیە کە ئەگەر نەیەتە دی، ئەوە ئابووریی تورکیاش دەکەوێتە مەترسییەوە. ئاسایش بۆ تورکیا لە چوارچێوەی عێراق هەم کۆنترۆڵکردنی پەکەکە دەگرێتەوە، کە بەشێکی پەکەکەیە، هەمیش بوونی دەسەڵاتێک لە بەغدا دەگرێتەوە کە لانی کەم لە دژی بەرژەوەندییەکانی تورکیا نەبێت. بەهۆی ئەم فاکتەرەیشەوەیە کە تورکیا وا دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان یان وا خوێندنەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەکات کە ئەکتەرێکی هاوسەنگکەرە. بۆیە، تورکیا ئەو ڕاستییە دەزانێت کە جگە لەوەی لە عێراقدا نفووزی ئێران باڵادەستە، بەڵام دەسەڵاتێکی تۆکمە و یەکپارچەیش، بوونی نییە و هەر بۆ ئەم مەبەستەیش هەوڵ دەدات کە لەگەڵ گرنگترین ئەکتەرەکان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و باشی هەبێت بۆ ئەوەی هاوسەنگیان بکاتەوە. بۆ نموونە، ھاکان فیدان لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا بەجیا لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی و سەرۆکی ھاوپەیمانیی سەروەری، خەمیس خەنجەر و سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری و سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیکی و سەرۆکی عەسائیبی ئەھلی هەق، قەیس خەزعەلی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی ڕەوتی حکیمەی نیشتمانی، عەممار حەکیم و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز و سەرکردەکانی بەرەی تورکمانی و نوێنەرانی پێکھاتەکانی تورکمان کۆ بووەوە.
هەروەها وەکوو پەیامێک بۆ بەغدا لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، هاکان فیدان سەردانی بارەگای “مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی”ی کرد. تەنانەت هەر لەم چوارچێوەیەدا، هاکان فیدان لە هەولێر سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی کرد و لە کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر پێشوازیی لە ڕابەر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کرد. تەنانەت سەرەڕای ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تورکیا سەبارەت بە فڕۆکەخانەی سلێمانی و جموجۆڵەکانی پەکەکە لە سنووری نفووزی ئەو حزبە، بەڵام هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کرد.
لە ڕاستیدا تورکیا چەند کارتێکی گرنگی لە بەرامبەر بەغدا لەبەردەستدایە، کە گرنگترینیان بریتین لە:
– فاکتەری ئاو؛ چونکە عێراق بەبێ سەرچاوە دەرەکییەکان، ئەستەمە بتوانێت ئاسایشی ئاو و ژینگە و بەم پێیەیش ئاسایشی خۆراک و تەنانەت ئاسایشی کۆمەڵایەتییەکەی بپارێزێت. هەر بۆیە، لە سەردانی وەزیرەی دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا، ئەم پرسە داواکاریی سەرەکیی بەرپرسانی حکوومی و حزبی بووە لە هاکان فیدان.
– پێگە جیۆگرافییەکەی تورکیا وا دەکات کە عێراق بەردەوام پێویستی بە تورکیا هەبێت، چونکە لە ئێستادا ئاڵقەی بەستنەوەی عێراق بە بازاڕە جیهانییەکان و بەتایبەتی ئەوروپا، تورکیایە. هەر بۆیەیش پڕۆژەی بەندەری فاوی گەورە، هەروەها ڕێگەی گەشەپێدان یان ڕێگەی وشک کە بۆ عێراق بە یەکێک لە گەورەترین پرۆژە ستراتیژییەکان دادەنرێت، بەبێ تورکیا هیچ مانا و تەرجەمەیەکی ئابووریی نابێت. ڕاستییەكەی، عێراقیش هەستی بەوە کردووە کە وەکوو تورکیا کەڵک لە پێگەکەی وەربگرێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و بەرزکردنەوەی پێگە جیۆسیاسییەکەی، هەروەها قازانجی ئابووری.
– بە شێوەیەکی گشتی بەپێچەوانەی وڵاتانی دیکە، ئەوە ئابووری-بازرگانی و پرسی وزەیە کە سیاسەتی دەرەکیی تورکیا ئاراستە دەکات، نەک ململانێ ئایدیۆلۆژییەکان؛ ئەمەیش وا دەکات کە تورکیا لە سیاسەتەی دەرەوەیدا زۆر پراگماتیست بێت و، بۆیە تورکیا لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت سەرەڕای دەسەڵاتداریی شیعەکانی لایەنگری ئێران، بەغدا وابەستەی خۆی بکات. بۆ نموونە، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەڤانییەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، وتی: “تورکیا بە شێوەیەکی زۆر داینەمیکی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق پێش دەخات. تورکیا، پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا و هەولێر هەمیشە و لە هەموو ئاستێکدا بەگرنگی دەبینێت.” لەم چوارچێوەیەیشدا تورکیا دەیەوێت جگە لەوەی ئاسایشی وزەی خۆی دەستەبەر بکات، لە هەمان کاتیشدا دەیەوێت کۆتایی بە دۆسیەی پێبژاردن، هەروەها سکاڵایەکی تری عێراق لەم بارەیەوە، لە دادگەی پاریس بێنێت.
– یەکێک لە کارتە گەورەکانی تورکیا، جگە لە پرسی سوننە و تورکمانەکانی عێراق، هەرێمی کوردستانە کە بەردەوام لە هاوکێشەکانی نێوان تورکیا و عێراق ڕۆڵی سەرەکیی هەیە لە نزیکبوونە و یاخود دوورخستنەوەیان.
– هەروەها سەرەڕای ناڕەزایەتییە ڕواڵەتییەکانی عێراق، ئامادەییی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان وا دەکات کە، تورکیا فاکتەری بەهێزی بەدەستەوە بێت. هەر بۆیە، نووسینگەی هادی عامری لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، هادی عامری لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازیی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری کرد، بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەکە، هادی عامری جەختی لە پێویستیی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق کردەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەڤانییەکەدا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، باسی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا کرد و گوتی: “لە سەردانەکەم بۆ بەغدا، بابەتی زۆر لە ڕۆژەڤدا هەبوون. بابەتەکانی ئابووری، ڕێگەی گەشەپێدان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بابەتی ئاو، هەروەها بابەتی وەکوو دووبارە نۆژەنکردنەوەی عێراق لە ڕووی ژێرخان و سەرخانمان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار؛ وەزیری دەرەوە، سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار گەنگەشە کرد. دەرفەتی دیدارمان لەگەڵ زۆر لایەن بۆ ڕەخسا. هەروەها لەگەڵ سەرۆکی ئەو حزبە سیاسییانەی لە حکوومەتدا بەشدارن، کۆ بووینەوە. دەرفەتی ئەوەمان هەبوو لەگەڵ ئەوانیشدا بابەتەکانی عێراق، ناوچەکە و جیهان تاوتوێ بکەین.” لە بەرامبەریشدا، لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە؛ ئەی عێراق لەم پەیوەندییانەیدا لەگەڵ تورکیا چیی دەوێت؟
– یەکێک لە گەورترین فاکتەرەکانی کاریگەری لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستانە؛ بەو پێیەی کە دەسەڵاتدارانی عێراق درکیان بەوە کردووە کە هەرێمی کوردستان تورکیای بەکار هێناوە بۆ بەرزکردنەوە و بەهێزکردنی پێگە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکەی لە ڕێگەی فاکتەری پەکەکە، وزە و بازرگانی و تەنانەت سوننە و تورکمانەکانیشەوە. بۆیە شیعەکانی لایەنگری ئێران ڕاستەوخۆ تورکیایان خستە ژێر گوشارەوە لە پاش ئەوەی کە دەستەی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی سەر بە ژووری بازرگانی لە پاریس، لە قازانج و بەرژەوەندیی عێراق بڕیاری دا.
هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی بەغدا، جگە لەوەی لەم ڕێگەیەوە هەوڵی لاوازکردنی هەرێمی کوردستانیان دا، لە هەمان کاتیشدا ویستیان لەم ڕێگەیەوە سەرنجی سیاسەتی تورکیا لە بری هەولێر، بۆ بەغدا وەڕسوورێنن. لە لایەکی دیکەیشەوە، عێراقییەکان پێویستیان بە بوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ دابینکردنی بڕە ئاوی پێویستیان. هەروەها عێراق پێویستی بەو پەیوەندییانە لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ بوون بە وڵاتێکی ناوەندی لە نێوان دەوڵەتانی کەنداو و تورکیا و ئەوروپا، چونکە لە ئێستا پرۆژەی شامی نوێ کە عێراق وەکوو دەوڵەتێکی ناوەندی دەردەکەوت، بە جۆرێک وەستاوە یاخود وەکوو پێویست کاری لەسەر ناکرێت و لە بری ئەوەی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانەوە پێگە جیۆسیاسی و جیۆئابوورییەکەی بەرز و بەهێز بکاتەوە.
لێرەوە دەردەکەوێت کە بۆچی شیعەکانی عێراق دەیانەوێت سەرنجی ئەنقەرە لە هەولێرەوە بۆ بەغدا بگوازنەوە و هەر ئەمەیش وا دەکات کە تاکە ڕێگە، لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و پەراوێزخستنی بێت لە هاوکێشەکانی دوولایەنەی تورکیا و عێراق. هەر بۆیە لەبارەی پڕۆژەی “ڕێگەی پەرەپێدان” و بەستنەوەی عێراق و وڵاتانی کەنداو بە تورکیا و جیهان لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لە ئەنجامدانی پڕۆژەکە بە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە؛ بە شێوەیەک کە لە “بەرژەوەندیی گشت هاووڵاتی و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا بێت.”
بەڵام لەم نێوەندەدا، پەیوەندییە پتەو و بەهێزەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، تاوەکوو ئێستا ڕێگر بووە کە پلانی دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆ پەراوێزخستنی یەکجارەكیی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەکان، بەتەواوی جێبەجێ بکرێت. تەنانەت خودی عێراقییەکانیش و بەتایبەتی ئەم کابینەیە، بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، پێویستیان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە بۆ چارەسەرکردنی چەند کێشەیەک لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە. هەر بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وهزيرى دهرهوهى توركيا لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جهختى لهوه كردهوه؛ توركيا گرنگييهكى تايبهت به پهيوهندييهكانى لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان دهدات و، بهغدا و ههولێر گرنگييهكى تايبهتيان بۆ توركيا ههيه. هەروەها ستايشى ئارامى و سهقامگيريى ههولێر و ههرێمى كوردستانى كرد و ئامادهيیی وڵاتهكهى بۆ فراوانكردنى پهيوهندييهكان و هاريكاريى هاوبهشى نێوان ههردوو لا له ههموو بوارهكاندا دهربڕى و سوپاسى ڕۆڵى “نێچيرڤان بارزانی”ى كرد له برهودان به پهيوهندييهكانى عێراق و ههرێمى كوردستان لهگهڵ توركيا.
کۆی ئەم فاکتەر و پرس و هاوکێشانە وا دەکات کە تورکیا گرنگیی تایبەت بداتە هەرێمی کوردستان؛ بەم واتایە کە هاکان فیدان بە گرنگیدان بە هەرێمی کوردستان و نیشاندانی پەیوەندییە پتەوەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەگشتی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، پەیام بداتە ناوخۆی تورکیا کە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە پەکەکە کۆنترۆڵ دەکات. هاکان فیدان لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بابەتی تیرۆر کە لە کۆبوونەوەکانیدا باسی کردووە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: “بۆ ڕزگاربوونمان لە بەڵای تیرۆر، هێشتا زۆر کار هەیە بیكەین. هەروەک دەزانن بەشێکی زۆری ئەم بابەتەمان لە تورکیا چارەسەر کرد. ئێستا لە خاکی عێراقدا ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە خۆی حەشار دەدات. پەنا بە خوا هەموومان بەیەکەوە ئەو ڤایرۆسە لە عێراق پاک دەکەینەوە. چ لەگەڵ ئیدارەی بەغدا و چ لەگەڵ ئیدارەی هەولێر، پێداگریمان لەسەر پاککردنەوەی خاکی عێراق لە تیرۆری پەکەکە بینی. هەر بۆیە خۆشحاڵین و ئامادەی هەموو جۆرە پاڵپشتییەکیشین بۆ هەردوو ئیدارەکە.”
هەر بۆیە تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی جێگیر و پتەوی هەیە و هەمیش پەیام بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا دەنێرێت کە لە ئەگەری ڕازینەبوونی بەغدا بە مەرجەکانی تورکیا و نەپاراستنی بەرژەوەندییەکانی، ئەوە تورکیا دەتوانێت لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت و دەستەبەر بکات کە خۆی لە بازرگانی-ئابووری و وزە و ئاسایشدا دەبینێتەوە.
لە ڕاستیدا ئەم هاوکێشەیە بۆ هەرێمی کوردستان هەم هەڕەشە و هەمیش دەرفەت. بە دەڕبرینێکی تر، هەڕەشەیە کە هەردوو لایەن دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بەکار بێنن بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان و ئەمەیش هەم مەترسییە و هەمیش دەرفەتە؛ بەو پێیەی کە لە پاش بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە دژی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، هەروەها بڕیاری دادگەی پاریس و لەمەیش گرنگتر، گوشارە ئابووری و یاسایی-سیاسییەکانی بەغدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەوە جووڵە دیپلۆماسی و پەیوەندییە دەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی تورکیایە کە دەتوانێت جارێکی دیکە ئەو هاوسەنگییە کە لە ئێستادا تێک چووە، ڕاست بکاتەوە. چونکە بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له تهوهرێكى كۆبوونهوهكهدا به “بايهخهوه” باس له پرسى ههناردهكردنهوهى نهوتى ههرێمى كوردستان له ڕێگهى بهندهرى جهيهانى توركييهوه كرا و لەو بارهيهوه بيروڕايان گۆڕييهوه. لە ڕاگەیەندراوەکەیشدا هاتووە، باس لە “پێویستی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و کێشەیەکی تایبەت بەم بابەتە [کراوە]، چونکە وەستانی هەناردەکردنی نەوت، زیانی بە هەموو لایەک گەیاندووە.” هەروەها بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان “باسیان لە هەناردەکردنەوەی نەوت، پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری کردووە”. بۆیە لێرەدا کامە ئەکتەر لەو سێ لایەنە (بەغدا- ئەنقەرە- هەولێر)، یارییەکی زیرەکانەی پلانبۆداڕێژراوتر بکات، دەتوانێت لە کۆتاییدا ئامانجەکانی بێنێتە دی و بەرژەوەندییەکانی دەستەبەر بکات.
کۆبەند
سەردانی هاکان فیدان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، دەكرێ وەکوو سەرەتا و ئامادەکارییەک ببینرێت بۆ سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق؛ چونکە ئەردۆغان دەیەوێت بۆ تەواوکردنی جووڵە و دیپلۆماسییە هەرێمییەکانی لە پاش هەڵبژاردنی وەکوو سەرۆککۆمار، دەستبەری بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە ڕێگەی پرسی ئاسایش و وزە و ئابووری-بازرگانی بکات. لە ڕاستیدا ئەردۆغان دەیەوێت کە هاتە بەغدا، بە دەستی پڕ بگەڕێتەوە، هەم لە ڕووی ئابوورییەوە و هەمیش لە ڕووی سیاسی و ئاسایشییەوە. چونکە ئەردۆغان پێویستی بەم دەسکەوتە هەیە؛ چ لەسەر ئاستی ئابووری و چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی لە ڕووی سیاسییەوە.
لەم نێوەندەیشدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، گەرمترین و پتەوترین پەیوەندیی هەیە لەگەڵ تورکیا لەنێو ئەکتەرە عێراقییەکاندا. هەر بۆیە دەرفەتێکی زێرینیشە بۆ هەرێمی کوردستان کە بتوانێت ئەو پەیوەندییانە بەکار بێنێت بۆ ئەوەی گوشارەکانی بەغدا کەم بکاتەوە و کەڵک لە ئاراستەی هەردوو لایەنی ئەنقەرە و بەغدا وەربگرێت بەهۆی پێویستییەکان و ئامانجەکانیان. گرنگترین بابەت لە ئێستادا بۆ هەرێمی کوردستان، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتە لە ڕێگەی تورکیا؛ بەو پێیەی دەتوانێت گوشارەکانی بەغدا لەسەر هەولێر کەم بکاتەوە. بۆیە لێرە دەبێت چاوەڕێ بکەین کە ئایا بەغدا دەتوانێت کارتەکانی باشتر بەکار بێنێت کە هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق بکاتە دەرەوەی هاوکێشەکان، یاخود ئەوە هەولێرە کە دەتوانێت لە ڕێگەی دیپلۆماسی و پەیوەندییەکانی نێچیرڤان بارزانییەوە گوشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە و هەڕەشەکانی ئەم قۆناغە بکاتە دەرفەت و هاوسەنگییەکی نوێ لە نێوان بەغدا و هەولێر بێنێتە ئاراوە؟
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟… زیاتر
نووسەر: مایکڵ نایتس وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە… زیاتر
ئالان بههائهددین عهبدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سهڵاحهددین پێشەکى نزیکەى پازدە… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق گەڕانەوەی دۆناڵد… زیاتر
ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی… زیاتر
ن: یۆرۆنیوز وەرگێڕانی: پێنووس ڕەنگە ماوەی ئێستا تا دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی… زیاتر