توێژەرانی دامەزراوەی نێودەوڵەتیی توێژینەوەکانی ئێران: د. موعتەسەم سەدیق عەبدوڵڵا / د. محەمەد ئەلسەید ئەلسەیاد
وەرگێڕانی (لە فارسییەوە): ساماڵ ئەحمەدی
پێشەکی
ئەمڕۆ ئێران کەوتووەتە هەستیارترین و چارەنووسسازترین قۆناغەوە لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینییەوە تاکوو ئێستا. ئایەتوڵڵا خامنەیی لەدایکبووی ١٩٣٩ی زایینی، ئێستا تەمەنی گەیشتووەتە ٨٤ ساڵ و ئاشکرایە کە کۆمەڵێک هەوڵ بۆ چنینی پازڵێک بۆ ڕۆژی دوای مەرگی ئەو لەگەڕدایە. بۆ جێگرەوەی خامنەیی چەندان سیناریۆ هەیە و چاوەڕێ دەکرێت لەم بێنەوبەردەیەدا نەوەی دووەمی شۆڕش جێی نەوەی یەکەم بگرێتەوە. کەواتا گۆڕان تەنیا لە نووکی قووچەکی دەسەڵاتدا نابڕێتەوە، بەڵکوو پەل دەهاوێژێ بۆ کاروباری ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییش. لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دەدەین بە دیدێکی واقعبینانەوە سیناریۆکانی پاش خامنەیی تاوتوێ بکەین بۆ ئەوەی نەخشەی فکری و سیاسیی ئێران بەو جۆرەی کە هەیە بناسین و سەبارەت بە چییەتی و داهاتووی سیستەمی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بگەین بە تێگەیشتنێکی دروست.
یەکەم: مەرجەکانی هەڵبژاردنی ڕێبەر لە دەستووردا
دەستوور کۆمەڵێک مەرجی بۆ ڕێبەر دیاری کردووە و نوخبەکانی بواری حەوزە و سیاسەتیش ئەو مەرجانەیان بۆ وەلیی فەقیھ پەژراندووە. ڕێبەری، پلە و پۆستێکی زۆر هەستیارە؛ چونکە سەری سیستەمی سیاسیی ئێرانە و بۆ دانان و هەڵوەشاندنەوەی هەموو بڕیار و یاسایەک دەسەڵاتی تەواوی هەیە و بەپێی بەرژەوەندی، دەتوانێت هەموو بڕیارێک بخاتە باری جێبەجێکردنەوە، یان هەڵی پەسێرێت. پۆستی ڕێبەری لەنێو هەموو شیعەکاندا پێگەیەکی تەوەرەییی هەیە، چونکە کاریگەریی ڕێبەر –ئەرێنی بێت، یان نەرێنی بێت- هەموو شیعەکان دەگرێتەوە. هەڵبەت وەلیی فەقیھ لە دەرەوەی ئێرانیش هاوکات کە چەندان لاساییکەرەوە (موقەللید)ی هەیە، دوژمن و خەنیمیشی زۆرە.
یەک.دەستوور و پرۆسەی هەڵبژاردنی ڕێبەر: دەستووری ئێران ڕەوتی هەڵبژاردنی ڕێبەری دیاری کردووە و کۆمەڵێک سیفەت و مەرجی بۆ وەلیی فەقیھ داناوە. لە ماددەی پێنجەمی دەستووردا ڕوون کراوەتەوە کە “لە سەردەمی دیارنەبوونی حەزرەتی وەلیی سەردەم (وەلیی عەسر)دا…، لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ویلایەتی ئەمر و ئیمامەتیی ئۆمەت لە ئەستۆی فەقیهی دادپەروەر، خۆپارێز (بەدین و لەخواترس)، سەردەمناس، ئازا، بەڕێوەبەر و بەبیرە، کە بەپێی ماددەی١٠٧ (ی دەستوور) لە ئەستۆی دەگرێت.” ئەو ماددەیە ڕوونی دەکاتەوە کە لە سەردەمی دیارنەبوونی “ئیمامی مەعسووم”دا ویلایەتی ئەمر تەنیا لە دەسەڵاتی فەقیهێکدایە کە دادپەروەر و خۆپارێز و سەردەمناس بێت. بەڵام دەربارەی ئەو مەرجانەی کە پێویستە کەسێک وەکوو ڕێبەر هەیبێت، ماددەی ١٠٩ی دەستوور ئاماژە بە مەرجەکان و سیفەتەکانی ڕێبەر دەکات کە بریتین لە: “خاوەنی شیاوێتیی زانستیی پێویست بێت بۆ فتوادان (افتا) لە بوارە جیاوازەکانی فیقھ و دادپەروەریدا، هەروەها خاوەنی خۆپارێزیی پێویست بێت بۆ ڕێبەرایەتیی ئۆمەتی ئیسلام و، ڕوانگەی دروستی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەبێت و، بەتەگبیروڕا بێت و، ئازایی و بەڕێوەبەری و دەسەڵاتی پێویستی بۆ ڕێبەرایەتی هەبێت.” دەستوور دیاریی کردووە کە ئەگەر بێت و ژمارەی ئەو کەسانەی مەرجەکانی ڕێبەری دەیانگرێتەوە زۆر بێت، ئەوە “ئەو کەسەی کە خاوەنی ڕوانگەیەکی فیقهی و سیاسیی بەهێزتر بێت، لەپێشترە.” واتا لە ڕوانگەی دەستوورەوە لەپێشینەیی (ئەولەوییەت) بەو کەسەیە کە لە باری فیقهی و سیاسییەوە زاناتر بێت.
دوو.دەسەڵاتەکانی ڕێبەری و ویلایەتی ڕەهای فەقیھ: دەستوور لە هەموو کاروبارەکانی وڵاتدا -بەبێ ئاوارتە- ویلایەتی ڕەهای بە ڕێبەر داوە. بەپێی ماددەی ١١٠ی دەستوور کاروباری وەکوو: دیاریکردنی سیاسەتە گشتییەکانی نیزام، فەرماندەییی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتی، دانان و لادانی یەکە بە یەکەی ئەندامەکانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور و بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەری و فەرماندە گشتییەکانی سوپای پاسداران و فەرماندە باڵاکانی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان و واژۆی فرمانی سەرۆکایەتیی کۆمار دوای هەڵبژاردنی لەلایەن خەڵکەوە و لادانی سەرۆککۆمار بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی وڵات، لە ئەرک و دەسەڵاتەکانی ڕێبەرین. لە بواری ئایینیدا ڕێبەر پێشنوێژ و وتاربێژی هەموو پارێزگاکان دیاری دەکات. بڕیاری ئەو لە ڕیزی بڕیاری یەکەمدایە و لە بڕیاری دووەم لەپێشترە و لەوانەیە لە بڕیاری یەکەمیش لەپێشتر بێت. ڕێبەر دەتوانێت بەپێی بەرژەوەندی، ڕێگری لە نوێژکردن بکات و مزگەوتەکان دابخات و بەجێهێنانی فەرزەکانیش هەڵپەسێرێت.[١]
سێ. بۆشاییی ڕێبەری و لادانی ڕێبەری: دەربارەی لادانی ڕێبەری لەبەر نەبوونی توانای بەجێهێنانی ئەو ئەرکانەی لە دەستووردا بۆی دیاری کراون، یان بێت و یەکێک لەو مەرجانە لەدەست بدات کە لە ماددەکانی ٥ و ١٠ی دەستووردا هاتوون، ماددەی ١١١ی دەستوور ڕوونی کردووەتەوە کە لەو بارەدا ڕێبەر لەلایەن ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەرییەوە لە پۆستەکەی لا دەدرێت. هەروەها ئەگەر بێت و ڕێبەر بمرێت، یان دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە، یان لا بدرێت، پێویستە ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری بە زووترین کات ڕێبەری نوێ دیاری بکات و بیناسێنێت. تاکوو ئەو کاتەی ڕێبەر دەناسێنرێت، ئەنجومەنێکی پێکهاتوو لە سەرۆککۆمار و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و یەکێک لە فەقیهەکانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور لەلایەن ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامەوە ڕادەسپێردرێن بۆ ئەوەی بە شێوەی کاتی هەموو ئەرکەکانی ڕێبەری لە ئەستۆ بگرن. ئەگەر بێت و لەو ماوەیەدا یەکێک لەو کەسانە بە هەر هۆکارێک نەتوانێ ئەرکەکانی خۆی بەجێ بێنێت، ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکان، وێڕای پاراستنی زۆرینەی فەقیهەکانی ناو ئەنجومەن، کەسێکی دیکە لە جێی ئەو دادەنێت. بەپێی ماددەی ١١١ی دەستوور هەر کاتێک ڕێبەر بەهۆی نەخۆشی، یان ڕووداوێکی دیکە بە شێوەی کاتی توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکانی نەبێت، ئەوە ئەنجومەنی ناوبراو لەم ماددەیەی دەستووردا ئەرکەکانی لە ئەستۆ دەگرێت.
جێی ئاماژەیە کە ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، دەستەیەکی ڕاوێژکارییە لەژێر چاودێریی ڕێبەردا کار دەکات و وەکوو ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری نییە کە سەربەخۆیییەکی ڕێژەییی هەبێت؛ بۆیە ئەوەی کە وەها دەسەڵاتێک بە ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام دراوە و بە ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری نەدراوە، جێی لێوردبوونەوە و تێڕامانە.
لە ماددەی ١٠٧ی دەستووردا باسی بابەتی هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێ دوای مردنی ڕێبەری ئێستا هاتووە: “دوای وەفاتی مەرجەع (لێڤەگەڕ)ی قەدرگران و ڕێبەری مەزنی شۆڕشی جیهانیی ئیسلام و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، حەزرەتی ئایەتوڵڵا ئەلعوزما ئیمام خومەینی کە لەلایەن زۆرینەی یەكلاكەرەوەی خەڵکەوە بە مەرجەع و ڕێبەر ناسراوە و قبووڵ کراوە، دیاریکردنی ڕێبەر لە ئەستۆی شارەزایانی هەڵبژێردراوی خەڵکە. شارەزایانی ڕێبەری دەربارەی هەموو ئەو فەقیهانە ڕواێژ دەکەن کە مەرجە دیاریکراوەکانی ناو ماددەکانی پێنجەم و سەد و نۆیەمی دەستوور دەیانگرێتەوە و، ئەگەر یەکێکیان لە حوکمەکان و بابەتە فیقهییەکاندا، یان لە بوارەیلی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بە زاناتر بزانن، یان پێیان وابێت کە بە لای ڕای گشتییەوە پەژراوترە، یان لە یەكێک لەو سیفەتانەدا کە لە ماددەی سەد و نۆیەمدا هاتوون لێهاتوویییەکی تایبەتی هەیە، ئەوەیان بە ڕێبەر هەڵدەبژێرن. لە غەیری ئەوەیش یەکێکیان وەکوو ڕێبەر هەڵدەبژێرن و دەیناسێنن.” بەڵام لە ماددەی ١٠٧ی دەستوورە کۆنەکەدا، بەر لە پێداچوونەوەی، ڕوون کرابووەوە کە: “هەر کاتێک شارەزایان بزانن یەکێک لە مەرجەعەکان جیاوازییەکی تایبەتی بۆ ڕێبەری هەیە، ئەو کەسە وەکوو ڕێبەر بە گەل دەناسێنن. دەنا سێ، یان پێنج کەس لەو موجتەهیدانەی کۆی مەرجەکانیان هەیە، وەکوو ئەنجومەنی ڕێبەری بە گەل دەناسێنن.” ئەو هەمواركردنەی ساڵی ١٩٨٩ لە دەستووردا كرا، ئەنجومەنی ڕێبەریی لا برد؛ تەنانەت ئەگەر یەک کەسیش خاوەنی مەرجەکانی ڕێبەری بۆ وەئەستۆگرتنی ئەو پۆستە نەبێت. لە کاتی هەموارکردنەوەی دەستووردا مەرجی مەرجەعییەتیش بۆ ڕێبەری لا درا؛ واتا دەستوور ئەگەری دەستەوەستانیی فیقهیی ڕێبەری پەژراندووە و ئەگەری دانانی ئەنجومەنی ڕێبەریی لا داوە کە دەیتوانی دەستەوەستانیی فیقهیی ئەو ڕێبەرە قەرەبوو بکاتەوە کەوا بە پلەی ئیجتیهاد (پلەی هەڵهێنجانی بابەتە شەرعییەکان لە قورئان و فەرموودەکان) نەگەیشتووە!
دووەم: بابەتی زاناتربوونی فیقهی و تەنگژەی جێنیشینیی ڕێبەر
ئایەتوڵڵا خومەینی (2190-1989ز) زاناتربوونی فیقهیی وەکوو مەرجی ویلایەتی فەقیھ قبووڵ نەبوو، بەڵکوو بە گوێرەی ئەوەی کە ئایەتوڵڵا مەحموود هاشمیی شاهڕوودی لێی دەگێڕێتەوە، سێ مەرجی “فەقیهبوون، دادپەروەری و شیاوێتی”ی بۆ ڕێبەری، بە کیفایەت زانیوە. شاهڕوودی دەڵێت: ویلایەتی فەقیھ لە پێویستییەکانی مەزهەب نییە؛ لەبەر ئەمە، کەسێک كە ویلایەتی فەقیهی قبووڵ نەبێت، بە کافر دانانرێت. هۆکاری ئەوەی کە خومەینی زاناتربوونی بە مەرجی وەلیی فەقیھ نەدەزانی، بە لەبەرچاوگرتنی کەشی سیاسی و حەوزەییی ئەوکات شیاوی لێتێگەیشتنە. خومەینی لەو سەردەمەدا لە نووکی قووچەکی مەرجەعەکانی شیعەدا نەبوو، بەڵکوو ژمارەیەک خەنیمی بەهێزی وەکوو ئایەتوڵڵا شەریعەتمەداری، ئایەتوڵڵا مەرعەشیی نەجەفی و ئایەتوڵڵا گوڵپایەگانی لە پێگەی مەرجەعییەتی شیعەدا لە خومەینی باڵاتر بوون و خومەینی لە پلەی چوارەمدا بوو. وا دەردەکەوێت کە خومەینی بە نەبوونی مەرجی زاناتربوون لە ڕێبەریدا، مەودای خۆی و پۆستی ڕێبەریی نەهێشت. ئەو کاتەی خومەینی بوو بە ڕێبەری ئێران، پشتی بە پشتیوانیی بێ ئەملاوئەولای خەڵک لە سەرەتای شۆڕشدا و ئەو ڕیفراندۆمە بەست کە سەبارەت بە ئیسلامیبوونی حکوومەت بەڕێوە چوو. سەرباری ئەوەی کە لەو سەردەمەدا چەند مەرجەعی گەورەی وەکوو شەریعەتمەداری و گوڵپایەگانی و مەرعەشیی نەجەفییش هەبوون کە ڕەنگە بۆ ڕێبەریی شیعەکان شیاوتر بوون، بەڵام هیچیان بەقەدەر خومەینی خاوەنی کەسایەتیی کاریزماتیک نەبوون و بەو ڕاددە زۆرەیش لەلایەن خەڵکەوە پشتیوانییان لێ نەدەکرا؛ لە ئەنجامی ئەوەدا ناکوکی کەوتە نێوان ئەوان و خومەینییەوە. سەرەنجام، شەریعەتمەداری تا ئەو کاتەی مرد، لە ماڵەکەی خۆیدا بە دەستبەسەری ژیا و، خەنیمەکانی دیکەی خومەینییش هەر یەکەو بە جۆرێک لاواز کران.
سەرباری ئەوانەیش، بەپێی دەستووری ئێران و دابودەستووری شیعی و حەوزەیی، زاناتربوون مەرجێکی سەرەکیی هەڵبژاردنی ڕێبەرە. بنەماخوازەکان (واتا زانایانی زانستی بنەماکانی فیقھ) لە بەشەکانی ئیجتیهاد (هەڵهێنجانی بابەتە شەرعییەکان لە قورئان و فەرموودەکان) و لاساییکردنەوە (تقلید) بە تێروتەسەلی دەربارەی هەڵبژاردنی ڕێبەر باسیان کردووە و هەر ئەم بابەتە لە بەشەکانی (قیاس؛ syllogism؛ deduction) و کۆدەنگی (اجماع)یشدا خراوەتە ڕوو. هەرچەند جەماوەری بنەماخوازەکانی ئەهلی سوننەت سەبارەت بە زاناتربوون قسەیان کردووە، بەڵام لای ئەوان لاساییکردنەوە لە کەمزان سەرباری بوونی زاناتریش بە ڕێپێدراو زانراوە و، ئیجتیهادی فیقهیی لاوەکییان لە ڕیزی بەرگومانەکان (مظنونات) داناوە کە بە بەرییەوە هەیە “واقع” زۆر بەڵگەی جیاوازی بۆ سەلماندن هەبێت. ئەوان “هەقیقەت”یان لە یەک شتدا کورت نەکردووەتەوە، بگرە ددان بە فرەییی هەقیقەتدا دەنێن. لەم ڕووەوە، یەکەم، دەرگەی ئیجتیهادە جیاوازەکانیان بەکراوەیی هێشتەوە ئەگەر ناکۆکییان لەگەڵ بابەتە بڕاوە و نەگۆڕەکان نەبێت و، ڕەوایییان بە فرەییخوازیی فیقهی و پەژراندنی ئەوی دی بەخشی و، گەیشتن بەو ماددەیەی کە لەبەر ئەوەی “زۆر هەق (ڕاستی)ی جیاوازمان هەیە”، کەواتا بڕیاری شەرعیی لاوەکی، ڕاستەوڕێ فەرمانی خوداوەند نییە.[٢]
بەڵام لە فیقهی شیعەدا، زانایانی زانستی بنەماکان زاناتربوونی فیقهییان بە مەرجی ئیجتیهاد و فتوا داناوە و لاساییکردنەوە لە موجتەهیدی “زاناتر”یان بۆ هەموو خەڵکی ئاسایی بە واجب (ئەرکی زۆر پێویست) زانیوە. دەگوترێت بۆ ناسینی موجتەهیدی زاناتر چەندان ڕێگە هەیە، لەوانە بەناوبانگبوون و شایەدی لەسەردانی چەند کەسی ئەهلی زانست و هتد. لێرەدا زاناتربوونی ڕێبەر تەنیا لە فیقهدا نابڕێتەوە، بەڵکوو دەستوور بازنەی زاناتربوونی بە هەراوتر زانیوە و ئاگاداربوون لە سەردەم و شیاوێتیی تێگەیشتن لە بابەتەکانی سەردەمیشی بە مەرج داناوە. هەرچەند لە دەستووردا زاناتربوون لە تێگەیشتنی بابەتەکانی سەردەم وەکوو مەرج باس نەکراوە، بەڵام ڕوونکردنەوەی ماددەی ١٠٩ی دەستوور لەسەر بابەتگەلی وەکوو: “هەبوونی ڕوانگەی ڕاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەتەگبیربوون، ئازایەتی، بەڕێوەبەرێتی و دەسەڵاتی تەواو بۆ ڕێبەری” لە بابەتی زاناتربوون و لەبەرچاوگرتنی ئەوەوە پەیدا دەبن. وێ دەچێت کە دەستوور ویستوویەتی لە واتا تەکنیکییە فیقهییەکەی زاناتربوون واوەتر بچێت و بازنەی زاناتربوون بە هەراوتر بزانێت بۆ ئەوەی تێگەیشتنی دروست لە بارودۆخ و هەبوونی توانایی لە بەڕێوەبردن و سیاسەتیش بگرێتەوە، نەکا فەقیهە نەریتییەکان (کە زۆرینەیان لە وردەکاریی زانستی فیقهدا لە خەڵکی دیکە زاناترن) چاو ببڕنە ئەوەی کە بگەن بە پێگەی ڕێبەری.
یەک. ئەزموونی دوای مردنی خومەینی و تێپەڕبوون لە زاناتربوون: دوای مەرگی ئایەتوڵڵا خومەینی، ڕێبەری ئێستا، ئایەتوڵڵا خامنەیی، لەنێو فەقیهەکانی شیعەدا زاناتر نەبوو، بەڵکوو پلەکەی حوجەتولئیسلام بوو. بۆ هەڵبژاردنی ئەو وەکوو ڕێبەر، بابەتی ئیجتیهادیان وەپشتگوێ خست و بۆ ئەو کارە دوو ڕێکاریان بە هاوتەریبی یەکتر ڕەچاو کرد.
یەکەم: هەموارکردنەوەی دەستوور و لادانی مەرجی زاناتربوون؛ ماددەی ١٠٩ی دەستووری پێشوو دەربارەی مەرجەکان و سیفەتەکانی ڕێبەر بەڕوونی دەستەواژەی: “مەرجی ڕێبەر، یان ئەنجومەنی ڕێبەری: شیاوێتیی زانستی و خۆپارێزیی پێویست بۆ فتوا و مەرجەعییەتی”ی تێدا هاتبوو. بەڵام دوای پێداچوونەوەی دەستوور لە ماددەی ١٠٩دا سەبارەت بە “شیاوێتی و مەرجەکانی پێویست بۆ ڕێبەری: شیاوێتیی زانستیی پێویست بۆ فتوادان سەبارەت بە باسە جیاوازەکانی فیقھ” هاتووە. واتا دوای هەموارکردنەوەی دەستوور، دەستەواژەی “ئەندامانی ئەنجومەنی ڕێبەری” لا دراوە و تەنیا بە هێنانی “ڕێبەر” بڕاوەتەوە. هەروەها لە دەستووری هەموارکراودا مەرجی مەرجەعییەت لا دراوە و بە هێنانی شیاوێتیی زانستی بڕاوەتەوە.
پێداچوونەوەی دەستوور ڕووداوێکی زۆر گرنگ و چارەنووسسازە لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا. چونکە هەرچەند بەڕواڵەت ئەوە هەموارکردنەوەیەکی نەرم بوو بە لادانی هەندێک لە مەرجەکانی ڕێبەری، بەڵام بە لێکدانەوەی ئایەتوڵڵا مونتەزیری، لە ناوەرۆکدا بەو هەموارکردنەوەیەی دەستوور، زۆرداری لە وڵاتدا بەهێز کرا. ئایەتوڵڵا حسێنعەلیی مونتەزیری ئەو هەموارکردنەوەیەی دەستوور بەپێچەوانەی دەستوور و شەرع دەزانێ.[٣] بەڵام لە ڕوانگەی شەرعەوە مونتەزیری زاناتربوون بە مەرجی ڕێبەر دادەنێت کە لەو کاتەدا خامنەیی ئەو مەرجەی نەبوو بۆ ئەوەی ببێ بە ڕێبەر. دەبینین ئەگەری گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی ڕێبەری لە کاتی نەبوونی مەرجەکانی ڕێبەری لە یەک کەسدا، کە لە دەستووری پێشوودا هەبوو، لا درا. هەروەها وەکوو ئەوەی کە پێشتر باسی لێوە کرا، لە دەستوورە هەموارکراوەکەدا ڕێبەری بە شێوەی تاکەکەسییە، نەک ئەنجومەنی.
دووەم: گەورەکردنەوەی زاناتربوونی خامنەیی و بانگەشەی بەربڵاو بە کەڵکوەرگرتن لە دەزگەکانی وڵات؛ بە شێوەیەک کە دەکرێ بە پرۆسەی “لاساییکردنەوەی زۆرەملێ” باس بکرێت و، هەر کەسێک كە لاساییکەرەوەی خامنەیی نەبوو، بە شێوەیەک ناچار دەکرا لاساییی بکاتەوە؛ دەنا بەرژەوەندییەکانی خۆی لەدەست دەدا و لە دامودەزگەی حکوومەتی بێبەری دەکرا. جاری واش بوو لایەنگرانی خامنەیی بە توندوتیژی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ مەرجەعەکانی دیکەی خەنیمی خامنەیی دەکرد. بۆ نموونە، هەڵیان کوتایە سەر نووسینگەی ئایەتوڵڵا مونتەزیری و وەبەر بەردیان دا و دەرک و پەنجەرەیان شکاند و سووکایەتییان بەو تەڵەبانەیش کرد کە لەوێ بوون.[٤] دەکرێ بەو پرۆسەیە بڵێین پرۆسەی مەرجەعسازی کە بەرهەمەکەی مەرجەعی فەرمییە، نەک مەرجەعی جەماوەری. واتا بنەمای بەناوبانگبوون و هەڵبژرادنی خەڵک لە بەمەرجەعبوونی ئەودا ڕۆڵی نەبووە و بێ گومان ئەوە گۆڕانێکە لە ڕەوتی مەرجەعییەتدا کە سەربەخۆییی مێژووییی مەرجەعییەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
دوو. مەرجەعسازی: کە دەگەڕێینە بۆ سەردەمانی سەرەتای شۆڕش، دەبینین کە خومەینی (1902-1989ز) لە کاتی سەرکەوتنی شۆڕشدا لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی گەورەترین مەرجەع نەبوو، بەڵکوو مەرجەعە بەناوبانگەکانی دیکەی وەکوو ئایەتوڵڵا شەریعەتمەداری (1906-1986ز)، ئایەتوڵڵا گوڵپایەگانی (1899-1993ز) و ئایەتوڵڵا مەرعەشیی نەجەفی (1897-1991ز)ش هەبوون. بەڵام کەسایەتیی شۆڕشگێڕی خومەینی و لڤینی لە بواری سیاسیدا و بەدەستەوەگرتنی کاروباری وڵات، بووە هۆی ئەوەی کە ئەو وەکوو ڕێبەری ئایینی و سیاسی ناو دەربکات. لەو سەردەمەدا ئایەتوڵڵا شەریعەتمەداری لە باڵاترین مەرجەعە ئایینییەکانی ئێران بوو کە لەگەڵ دوو هاوتاکەی دیکەی، واتا ئایەتوڵڵایان مەرعەشیی نەجەفی و گوڵپایەگانی، سەرقاڵی بەڕێوەبردنی حەوزە بوو. بەڵام چونکە ئەو بەپێچەوانەی دوو هاوتاکەی دیکەی، ئەهلی سیاسەت و لایەنگری حکوومەتی مۆدێرن و یاساتەوەر بوو، نوخبە دەسەڵاتدارەکان لێی وەخۆ کەوتن و لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەریان کرد. هەندێک لە قوتابییەکانی دەستگیر کران و هەڵکوترایە سەر نووسینگەکانی نوێنەرایەتییشی. دواتر مەرجەعی ئایینی، محەمەد شیرازی (1928- 2001ز) و چەند مەرجەعی دیکەیش هەر بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کرا و، بەو شێوەیە بوو کە خومەینی ڕێبەرایەتیی ئایینی و سیاسیی بۆ خۆی پاوان کرد.
بۆ ئەوەی درکێکی باشترمان سەبارەت بە بابەتەکە هەبێت، خستنەڕووی ئەم ماددەیەیش پێویستە کە ئەو سەردەمەی خامنەیی دوای خومەینی بوو بە ڕێبەر، هێشتا بە پلەی مەرجەعییەت و ئیجتیهاد نەگەیشتبوو. بەڵام حوجەتولئیسلام هاشمیی ڕەفسەنجانی کە لەو سەردەمەدا بەبڕشتترین کەسایەتی بوو، پێی وابوو ئەگەر خامنەیی ببێت بە ڕێبەر، ئەوە دۆسیەی جێنشینی وەلانراوی ڕێبەری، ئایەتوڵڵا مونتەزیری، کە ماوەیەکی کورت پێش مەرگی خومەینی لە پۆستەکەی لا درابوو، بەڵام دەسەڵات و بڕشتی هەر هەبوو، کۆتاییی پێ دێت. بڕیاردەران لەو سەردەمەدا پێیان وا بوو هەڵبژاردنی خامنەیی وەکوو ڕێبەر، بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزێت. ڕەنگە ڕەفسەنجانییش پێی وا بووبێ لەبەر ئەوەی خۆی خامنەییی گەیاندووەتە پۆستی ڕێبەری و، بەپێی ئەو بڕشتە سیاسی و ئیدارییەی هەیەتی، دەتوانێت لە پشت پەردەوە بارودۆخەکە کۆنترۆڵ بکات. پێیشی وا بوو دەتوانێت بە شێوەیەکی نەرم دەسەڵات دابەش بکات؛ واتا خۆی هەر لە پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماردا بمێنێتەوە کە دوای هەموارکردنەوەی دەستوور لە ساڵی ١٩٨٩ دەسەڵاتی بەربڵاوی پەیدا کردبوو، ڕێبەرایەتیی وڵاتیش بۆ خامنەیی بێت. هەڵبەت ئەم لێکدانەوەیە لە دەرەوەی جەماوەری شیعە نییە، بەڵکوو بیرمەندانی وەکوو “هانی فەحس”یش (1946- 2014ز) هەمان بۆچوونیان هەیە. ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە خامنەیی بوو بە ڕێبەر، مەرجەکانی ڕێبەریی نەبوو. دەشڵێت: “خامنەییی ئەو سەردەمە لەگەڵ خامنەییی ئێستا جیاواز بوو. ئەو کەسێکی ڕۆشنبیر بوو کە زانیاریی زۆری دەربارەی بەرهەمە کەلتوورییەکانی جیهان هەبوو، هەروەها توانای ئەو لە بواری کەلتووریدا زۆر لە بواری فیقهی بەهێزتر بوو. ئیجتیهادی فیقهی و شیاوێتیی ئەو بۆ وەئەستۆگرتنی ویلایەتی فەقیھ نەسەلمێنراوە. ڕەفسەنجانی بە گێڕانەوەی بیروەرییەک، کردی بە ڕێبەر و گوتی لە خومەینیی بیستووە کە خامنەیی شیاوی ڕێبەرییە. بەڵام سەرباری ئەوەیش، زۆر کەس لە ئیجتیهادی خامنەیی بەگومان بوون.[٥]”
لە ئەنجامدا، بۆ ئەوەی مەرجەعییەتی خامنەیی چار بکرێت، لە ساڵی ١٩٨٩ی زایینی دەستوور هەموار کرایەوە. لەو سەردەمەدا هەندێک لە مەرجەعە گەورەکان وەکوو ئایەتوڵڵا گوڵپایەگانی، ئایەتوڵڵا ئەراکی و ئایەتوڵڵا مونتەزیری کە بەر لە شۆڕش مامۆستای خامنەیی بوو، لە ژیاندا مابوون. ئەو مەرجەعانە هەوڵیان دەدا ڕێبەری بە شێوەی ئەنجومەنی بێت، لەبەر ئەمە، “پێویستیی ڕاوێژکردن لەگەڵ ئایەتوڵڵا مەزنەکان سەبارەت بە کاروباری گرنگ”یان وەبیر خامنەیی هێنایەوە.[٦] نیزام وەکوو گەورەترین مەرجەع ڕاوێژی لەگەڵ ئایەتوڵڵا گوڵپایەگانی دەکرد تاکوو لە ساڵی ١٩٩٣ی زایینی کۆچی دواییی کرد. دوای ئەو ڕاوێژی لەگەڵ ئایەتوڵڵا ئەراکی دەکرد تاکوو ئەویش لە ساڵی ١٩٩٤ی زایینی کۆچی دواییی کرد. ئیتر هیچ مەرجەعێکی گرنگ نەما کە نیزام حیسابی بۆ بکات. بەڵام کەسانی گەورەی دیکەی وەکوو ئایەتوڵڵا ئازەریی قومی تاکوو کاتی وەفاتی لە ساڵی ١٩٩٩ی زایینی لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر بوون.[٧] بەم شێوەیە بوو کە وەکوو ئەوەی مونتەزیری ئاماژەی پێ دەدات، خامنەیی تەنانەت دوای هەموارکردنەوەی دەستووریش شیاوی ڕێبەری نەبوو. چونکە ماددەی ١٠٩ی دەستووری هەموارکراو لەسەر “پێویستیی شیاوێتیی زانستی و توانای دەرکردنی فتوا لە باسە جیاوازەکانی فیقھ” ڕوونکردنەوەی تێدایە، کەچی خامنەیی بەکردەوە ئەو مەرجەی نەبوو.[٨]”
دەتوانین بڵێین ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی دوای مەرگی خومەینی دوو ڕێگە زیاتریان لەبەر نەبوو. یەکەم: یان زانایەکی ئایینی کە پێوانە باوەکانی پێویست بۆ مەرجەعییەتی نەبوو وەکوو ڕێبەر هەڵبژێرن. دووەم: یان ئەوەی کە ڕێگە بدەن کەسێک لە دەرەوەی بازنەی خۆیان کە مەرجەکانی مەرجەعییەتی هەیە، پۆستی ڕێبەری وەئەستۆ بگرێت. زۆر ڕوونە کە ئەم هەڵبژاردنە بۆ نوخبە ویلایەتخوازە دەسەڵاتدارەکان مەترسی بوو، بۆیە ئەم بژارەیە بەکردەوە بەتاڵ بوو. لەبەر ئەوە، نیزام چاوی بڕییە هۆکاری کات، چونکە بە تێپەڕبوونی کات مەرجەعە گەورەکان لە گۆڕەپانەکە چوونە دەرەوە و بەرە بەرە بوار بۆ پەژراندنی خامنەیی وەکوو مەرجەعی ئایینی و سیاسی ڕەخسا. دوای وەفاتی گوڵپایەگانی لە ساڵی ١٩٩٣ی زایینی، نیزام پشتیوانیی لە محەمەدعەلیی ئەراکی (1894- 1994ز) کرد کە کەسێکی بەساڵاچوو بوو. کۆنترۆڵی ئەو کە کەسێکی بەساڵاچووی لایەنگری نیزام بوو، بۆ نیزام زۆر ئاسان بوو. ساڵێک دوای مەرگی گوڵپایەگانی، ئایەتوڵڵا ئەراکییش لە ساڵی ١٩٩٤ی زایینی مرد. لەو کاتەدا نیزام بەوەی زانی کە هەلومەرج بۆ ناساندنی خامنەیی وەکوو مەرجەعی گەورە لەبارە، بۆ ئەوەی دامەزراوەی ئایینی و ڕێبەریی سیاسی لێک بدرێن. کۆمەڵەی وانەبێژانی حەوزەی قوم لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی ١٢ی سێپتامبەری ١٩٩٤ی زایینی بڵاوی کردەوە، لیستی ناوی ئەو فەقیهانەی ڕاگەیاند کە مەرجەکانی مەرجەعییەتییان هەبوو، ناوی عەلی خامنەییشی تێدا بوو. هاوتەریب لەگەڵ ئەو هەوڵانە، نیزام لە کەرەستە ئەمنییەکانیش خافڵ نەبوو. لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٥ی زایینیدا لەو کەسانەی داوای دامەزراندنیان لە کارە حکوومییەکاندا دەکرد، سەبارەت بە مەرجەعی لاساییکردنەوەیان پرسیار دەکرا و زۆر ڕوونە کە وەڵام خامنەیی بوو. “لیندا ئێس واڵبێرگ” باوەڕی وایە حکوومەتی باش دەزانێت چۆن شوێنکەوتووان و پشتیوانانی ئەو مەرجەعانە ئازار بدات کە لەگەڵ حکوومەت ناسازگارن و سەر بە حکوومەت نین. لێرەدایە وەڵامی ئەو پرسیارە فیقهی و فەلسەفییە دەردەکەوێت کە کێ وەلیی فەقیھ هەڵدەبژێرێت؟ یەکێک لە ڕۆحانییە گەنجەکان زۆر بەڕوونی وەڵامی پرسیارەکە دەداتەوە و دەڵێت: “كڵاشینکۆف”[٩]. واتا دەسەڵات ڕێبەر دیاری دەکات و هەر کەسێک دەسەڵاتی هەبێت دەتوانێت بۆچوونی خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنێت.
سێیەم: ئەو دامەزراوانەی کاریگەرییان لە هەڵبژاردنی ڕێبەردا هەیە
بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەری داهاتوو چەندان دامەزراوەی سیاسی و ئایینی ڕۆڵیان هەیە کە بەپێچەوانەی ئەنجومەنی شارەزایان کە دەستوور بەڕوونی باسی کردووە، ناوی هیچ کام لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکەی نەهێناوە و، ڕاستییەکە لەوەیش پێچەڵپێچترە. کۆمەڵێک دامەزراوەی ئەمنی و هەواڵگری و سەربازیی گرنگ و هەستیار هەن کە لە کاتی سەرهەڵدانی هەر چەشنە ڕووداوێکدا ڕەوشی ناوخۆ کۆنترۆڵ دەکەن و ئەو دۆسیە و بەڵگەنامانەیشیان لەبەردەستدایە کە پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەوە هەیە. لەگەڵ ئەوانە، دامەزراوەگەلی دیکەی وەکوو ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور و ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامیش هەن کە گرنگییەکەیان لە ئەنجومەنی شارەزایان کەمتر نییە. لەوەیش بەو لاوە، نابێ ململانێی نێوان ئەو دامەزراوانە، هەروەها ململانێی نێوان یاریکەرانی حەوزەیی و سیاسی و سەربازییش لەبەرچاو نەگیرێن. بێجگە لەوانە، هاوپەیمانیی پچڕپچڕیش لە نێوان لایەنەکان و کەسایەتییەکانی ئەو دامەزراوانەدا هەیە. مەبەستی ئێمە لە پچڕپچڕ ئەوەیە کە هیچ یەکپارچەیییەک لە نێوانیاندا نییە و ماکەکان و ڕوانگەکانیان لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ کۆی هەموویان و پێکهاتەکە کۆمەڵیک جیاوازیی هەیە و، ئەگەری ئەوە لە گۆڕیدایە کە نەبوونی ڕێبەر ببێتە هۆی تەقینەوەی ئەو ناکۆکییانە. بۆ نموونە، لە ناوخۆی ڕەوتی کۆنەپارێزیشدا کۆمەڵێک ناکۆکی هەیە. دەستەیەک خۆیان بە شوێنکەوتووی موڕتەزا موتەهەری دەزانن و دەستەیەکی دیکە خۆیان بە شوێنکەوتووی میسباحی یەزدی و هی تر لە قەڵەم دەدەن. هەر یەک لەوانە تێگەیشتنی تایبەتی خۆیان لە خومەینی هەیە. لێرەدا چاوێک بە کاریگەری و ڕۆڵی ئەو دامەزراوانەدا دەخشێنین:
یەک. ئەنجومەنی شارەزایان: بەپێی دەستوور، ئەنجومەنی شارەزایان، هەڵبژاردن و لادانی ڕێبەری لە ئەستۆدایە. تا ئێستا ئەو ئەنجومەنە ئایەتوڵڵا مونتەزیریی لە جێنشینیی ئیمام خومەینی لا داوە و حوجەتولئیسلام عەلیی خامنەییی لە جێی ئەو داناوە. هەروەها ئەم ئەنجومەنە دوای مەرگی خومەینی، خامنەیی وەکوو وەلیی فەقیھ هەڵبژارد. ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە ٨٨ فەقیهن کە دوای ئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە شاوێتییان پەسند دەکرێت، بە دەنگی خەڵک هەڵدەبژێردرێن. ئەندامەکانی ئەنجومەنی شارەزایان دەربارەی هەموو ئەو فەقیهانەی کۆی مەرجەکانیان هەیە ڕاوێژ دەکەن و ئەگەر مەرجەکانی چەندان بەربژێر یەکسان بوو، “ئەو کەسەی ڕوانگەی فیقهی و سیاسیی بەهێزتری هەبێت، ئەو لەپێشترە.”(اصل 109).[10] سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی شارەزایان “ئەحمەد جەننەتی”یە.
هەرچەند بەڕواڵەت ئەنجومەنی شارەزایان لە دەزگەکانی دیکە سەربەخۆترە، بەڵام وا باوە کە ڕێبەر دەست لە کارەکانی وەردەدات. ئەو لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنەکەدا دەڵێت: “ئەنجومەنی شارەزایان دەبێ هەر بە شۆڕشگێڕی بمێنێتەوە. بەشۆڕشگێڕی مانەوە و بیرکردنەوەی شۆڕشگێڕانە و کردەوەی شۆڕشگێڕانە. ئەم سێ تایبەتمەندییە لە هەڵبژاردنی ڕێبەری داهاتووی وڵاتدا لە بنەڕەتیترین ئەرکەکانی ئەنجومەنی شارەزایانە. پێویستە لە شێوەی هەڵبژاردنی ڕێبەری داهاتوودا تێبینییەکان، ڕووبینییەکان و بەرژەوەندیخوازییەکان بەلاوە بنرێن و تەنیا خودا و پێویستیی وڵات و بنەمای ڕاستی لەبەرچاو بگیرێت. ئەگەر لەو ئەرکەدا کەمتەرخەمی بکرێت، بەبێ ئەولاولا بناغەی کاری نیزام و وڵات گرفتی تێ دەکەوێت.”[١١]
بێجگە لەوە، ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایان بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنەکانی شارەزایان، دەبێ سەرەتا شایانبوونیان لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسند بکرێت. ئەوەیش دەری دەخات کە ئەم ئەنجومەنە سەربەخۆ نییە و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەلایەن ڕێبەرەوە بەڕێوە دەبردرێت. ئایەتوڵڵا مونتەزیری لەم بارەیەوە دەڵێت: “سپاردنی ئەرکی دیاریکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایان بە فەقیهەکانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور کە لەلایەن ڕێبەرەوە دیاری کراون، بۆ ئەوەیە کە هەڵبژاردنی ڕێبەر و مانەوەی لە پۆستی ڕێبەریدا بەهۆی خۆیەوە سەر بگرێت. ئەو سووڕەیش بەتاڵە و کەموکورتی دەخاتە ڕەوابوونییەوە.”[١٢]
دوو. ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور: بەپێی ماددەی ٩١ی دەستوور، ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور بۆ “پاراستنی بڕیارە ئیسلامییەکان و دەستوور” و دڵنیابوون لە “ناتەبانەبوونی بڕیارە پەسندکراوەکانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی (پەرلەمان) لەگەڵ ئیسلام” دامەزراوە. ئەم ئەنجومەنە ١٢ ئەندامی هەیە کە “ڕێبەر شەش فەقیهی دادپەروەر و ئاگاداری پێویستییەکانی سەردەم و کاروباری ڕۆژ هەڵدەبژێرێت و شەش یاسازانیش لە بوارە جیاوازەکانی یاسا لەنێو یاسازانانی موسڵماندا لەلایەن سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەرییەوە بە مەجلیسی شوورای ئیسلامی دەناسێنرێن و بە دەنگی ئەندامانی مەجلیس هەڵدەبژێردرێن” (ماددەی ٩١ی دەستوور). ئەرکی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور (یان ئەنجومەنی چاودێریی یاساکان) بریتییە لە شرۆڤەی دەستوور، یەکسانکردنی ئەو یاسایانەی لە مەجلیسدا پەسند دەکرێن لەگەڵ دەستوور و بڕیارەکانی شەرع، چاودێریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری، سەرۆکایەتیی کۆمار، مەجلیسی شوورای ئیسلامی و گەڕانەوە بۆ ڕای گشتی و بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم (ماددەی ٩٩ی دەستوور).
بە سەرنجدان بەو ڕۆڵانەی لە ئەستۆی ئەنجومەنی شارەزایاندان، دەکرێ بە ئەنجومەنێکی هاوتەریبی مەجلیسی شوورای ئیسلامی، یان چاودێری ئەو مەجلیسە دابنرێت. بگرە ئەنجومەنی شارەزایان لە ڕۆڵی مەجلیسی شوورای ئیسلامی واوەتر هەنگاوی ناوە و بە لادانی کەسایەتییەکان و لایەنە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنەکان و پەسندنەکردنی شیاوێتییان و دانانی لیستی بەربژێرەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمان، هەروەها لە ڕێگەی دانانی کۆمەڵێک یاسا و ڕێنوێنییەوە کە لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی کەسانێک، یان چەند گرووپێکی تایبەتدان، داڕشتنی پێکهاتەی پەیوەندییە سیاسییەکانیش بەڕێوە دەبات. بەتایبەتی کە لە دەستووردا ڕوون کراوەتەوە، بەبێ بوونی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور مەجلیسی شوورای ئیسلامی ڕەواییی نییە (ماددەی ٩٣ی دەستوور). سکرتێری ئێستای ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور، ئایەتوڵڵا “ئەحمەد جەننەتی”یە[١٣] کە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەرییشی لە ئەستۆدایە و، ئەمەیش بەباشی دەری دەخات کە دامەزراوە کاریگەرەکان بە چەشنێک ئەندازیاری دەکرێن کە لە کاریگەریدانان و یاساتەوەری بەتاڵ بکرێنەوە. لە ئەنجامدا، یەکەم: بە لەدەستدانی بەشی هەرە گەورەی سەربەخۆیییەکەی، ناتوانێت لە هەڵبژاردنی ڕێبەردا کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبێت و، دووەم: ئەو دامەزراوانە دەکەونە ژێر کاریگەرییەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنیان لەگەڵ خواستەکانی ڕێبەر و ئەو گرووپانەی لەگەڵی هاوبەرژەوەندین یەک بگرێتەوە. کەواتا، ئەو دامەزراوانە ناتوانن بەو شێوەیەی پێویستە ئەرکی یاساییی خۆیان جێبەجێ بکەن.
هەرچەند ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور ڕاستەوخۆ لە هەڵبژاردنی ڕێبەردا ڕۆڵی نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە پەسندکردن، یان پەسندنەکردنی بەربژێرەکانی ئەنجومەنی شارەزایانی لە ئەستۆدایە، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەوەیشدا ڕۆڵی هەیە. چونکە هەڵبژاردن، یان لادانی ڕێبەر لەلایەن ئەنجومەنی شارەزایانەوە دەکرێت.
سێ. سوپای پاسداران: بەشی زۆری توێژەران لەسەر ئەو باوەڕەن کە سوپای پاسداران لە چنینی پازلەکانی ڕۆژی دوای خامنەییدا ڕۆڵی تەوەرەییی دەگێڕێت. تا ڕاددەیەکی وا کە کەسانێک پێیان وایە قسەی سەرەتا و بنەتا دەبارەی جێنشینیی خامنەیی، سوپای پاسداران دەیکات. بە بڕوای ئێمەیش سوپای پاسداران لەنێو هۆکارە کاریگەرەکانی دیکەدا یاریکەرێکی زۆر گرنگە، بەڵام تاکە یاریکەر نییە و، لەم بارەیەیشەوە چەندان هۆ هەیە. یەکەم: پێگەی “سوپای پاسداران” و “ئەڕتەش”ە لە پێکهاتەی سیستەمی ئێستادا (دوای ١٩٧٩ی زایینی). چونکە هێزەکانی ئەڕتەش و سوپای پاسداران، کەسانێکی عەقیدەیی و ئایدیۆلۆژیکن؛ باوەڕیان بە ویلایەتی فەقیھ هەیە و بەتەواوی پەیڕەوی لە نوخبە ئایینییە دەسەڵاتدارەکان دەکەن. ئامانج لە دامەزراندنی سوپای پاسداران پاراستنی شۆڕش و نیزامی ئاخوندییە. تا ئێستایش ئەندامانی سوپای پاسداران لە نێوان ئەو کەسانەدا هەڵدەبژێردرێن کە بەتوندی وەفاداری ویلایەتی فەقیھ و نوخبە ئایینییەکان و شۆڕش و ئیسلامیبوونی وڵاتن. لە ئەنجامدا ئەوە دروست نییە کە سوپای پاسداران لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەی دەرەوەی ئێران، یان لە ئێرانی پێش شۆڕشدا بە یەکسان بزانین.[١٤]
کەواتا ناکرێت لە ڕووی کارنامەی سوپای وڵاتانی دیکەی ناوچەکەوە، وەکوو پاکستان، سووریا، ئەلجەزایر، میسر و سوودان لەبارەی چالاکییەکانی سوپای پاسدارانەوە بیر بکەینەوە. چونکە سوپا لەو وڵاتانەدا کە باسمان کردن، زیاتر لە نیو سەدەیە بەڕێوەبەرایەتیی کەشی سیاسییان کۆنترۆڵ کردووە و هەموو کاروباری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و تەنانەت ئایینیی وڵات بەڕێوە دەبات. بەڵام لە ئێرانی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی زایینی، ڕۆحانییەکان لە ناوەندی دەسەڵاتدا جێیان خۆش کردووە و لادان و دانانی فەرمەندەکانی سوپای پاسداران و ئەڕتەشیش لەلایەن ئەوانە دەکرێت. هەروەها پێکهاتەی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران بە جۆرێکی وایە کە هەموویان توێژێکی یەکپارچە نین کە بە فەرمانی وەزیری بەرگری، یان فەرماندەی ئەڕتەش کار بکەن. بگرە لە کۆمەڵێک توێژی پەرتوبڵاو پێک هاتوون کە سەرباری ململانێکانیان لەگەڵ یەکتر، هەموویان لەژێر فەرمانی ڕێبەردان. لە ئەنجامدا هەر گرووپێکیان هەنگاوێک هەڵێنێتەوە، لەگەڵ دژایەتیی گرووپەکەی دیکە بەرەوڕوو دەبێتەوە و تێکهەڵچوونی لێ دەکەوێتەوە. لەم ڕووەوە، بۆ پێشگرتن لە هەر چەشنە کودەتایەک دژی ئەو نیزامەی کە بەرهەمی شۆڕشی ١٩٧٩ی زایینییە، لە نێوان یەکە سەربازییەکاندا هاوسەنگییەک وەک لەمپەر دروست کراوە. ڕێبەر بە ئامرازی دانان و لادان کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر هەموو دامەزراوە ئەمنییەکاندا هەیە. هەروەها ڕێبەر لە هەموو یەکەکانی دەزگەکان و دامەزراوە ئەمنییەکاندا نوێنەرایەتیی هەیە کە ئەو نوێنەرایەتییانە ڕەوتی کاروبارەکان بەڕێوە دەبەن و ڕاستەوخۆ ڕاپۆرتی ڕەوشەکە بە ڕێبەر ڕادەگەیەنن.[١٥]
فەرماندە سەربازییەکان بۆ بەرزکردنەوەی پلەکانیان، یان بەدەستهێنانی کۆمەڵێک پشکی دیکە، هەوڵ دەدەن ڕەزامەندیی ڕۆحانییەکان بەدەست بێنن. ئەو فەرماندە سەربازییانە هەر لە سەرەتاوە بەپێی ڕاددەی وەفاداری، نەک بەپێی لێهاتووییی خۆیان هەڵبژێردراون. واتا وەفاداری لە پێش لێهاتوویییەوەیە. لە لایەکی دیکەوە، بەرژەوەندییەکانی کاربەدەستانی پلەباڵای سەربازی، لەگەڵ هەبوون و مانەوە و بەردەوامیی ڕەوشی ئێستا لێک گرێ دراون. لەبەر ئەوەی کە ئێرانی پێش شۆڕش چەندان کودەتای بەسەر هاتووە، نوخبە ئایینییەکان سەبارەت بە هەر چەشنە ڕۆڵێک، یان تەوەرەییبوونی پێگەی دامەزراوە ئەمنییەکان لە حکوومەتدا نیگەرانن.
بەڵام سەرباری هەمووی ئەمانە، ئەوە بەو واتایە نایە کە بەشێک لە فەرماندەکانی سوپا کە لە نوخبە ئایینییەکان نزیکن، لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ڕێبەردا ڕۆڵی ڕاوێژکارییان نەبێت و بۆچوونی خۆیان بەو نوخبە ئایینییانە نەڵێن کە جڵەوی کاروبارەکانیان لە دەستدایە. یان بەشێک لە ڕۆحانییە بەنفووزەکان بۆ ئەوەی وەپێش خەنیمەکانی خۆیان بکەون، یان بەشێک لە دامەزراوەکان لە بەرانبەر دامەزراوەکانی دیکەدا و زاڵبوون بەسەر خەنیمەکانیاندا پەنا بۆ سوپای پاسداران نەبەن. ماددەی ١٠٥ی دەستوور ڕوونی کردووەتەوە: “سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی کە لە یەکەمین ڕۆژانی دوای سەرکەوتنی ئەم شۆڕشەدا پێک هات، بۆ درێژەدان بە ڕۆڵی خۆی لە پاراستنی شۆڕش و دەستکەوتەکانیدا بەردەوام دەبێت. سنووری ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئەم سوپایە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەرک و سنووری بەرپرسیارێتیی هێزە چەکدارەکانی دیکە، بە جەختکردنەوە لە هاوکاری و هەماهەنگیی برایانە لە نێوانیاندا بە یاسا دیاری دەکرێت.” کەواتا ئەرکی سوپای پاسداران پاراستنی شۆڕش/نیزام و نوخبە ئایینییەکانە. لە ئەنجامدا، ئەمە دەرفەت بە سوپای پاسداران دەدات تاکوو بە بیانووی پاراستنی شۆڕش و دەستکەوتەکانییەوە، یان لانی کەم بۆ پشتیوانی لە کەسێک لە بەرانبەر کەسێکی دیکەدا کار بکات.
هاوکات نابێ ئەم خاڵەیش لەبیر بکەین کە نەتوانینی سوپای پاسداران بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات تەنیا لە هەلومەرجی ئاساییدا وەڕاست دەگەڕێت. بەڵام ئەگەر نافەرمانی بێتە گۆڕێ، یان بشێوی زاڵ بێت و ڕەوشەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت و ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بکەوێتە مەترسییەوە، ئەوە سوپای پاسداران بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو لە هەڵبژاردنی ڕێبەردا ڕۆڵ دەگێڕێت و، تەنانەت وا دەبێت کە کۆنترۆڵی وڵاتیش بەدەستەوە بگرێت؛ چونکە زۆر جار لە هەلومەرجی بشێوی، یان کودەتا، دەسەڵاتی ڕەق، تەنیا دەسەڵاتێکە دەتوانێت ڕەوشەکە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە و، لە وەها هەلومەرجێکدا کە وڵات دەکەوێتە مەترسییەوە، دەستوور و مەرجەکانی هەڵبژاردنی ڕێبەر زۆر لەبەرچاو ناگیرێت.
چوار. دامەزراوەی سەرۆکایەتیی کۆمار: سەرباری ئەوەی کە دەستوور ڕوونی دەکاتەوە کە: “دوای پۆستی ڕێبەر، سەرۆککۆمار باڵاترین پۆستی فەرمیی وڵاتە و بەرپرسیارێتیی جێبەجێکردنی دەستوور و سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی جێبەجێکار، بێجگە لەو بابەتانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ڕێبەرەوە هەیە، لە ئەستۆی ئەودایە” (ماددەی ١١٣ی دەستوور). هەروەها سەرۆککۆمار “لە بەرانبەر گەل و ڕێبەری و مەجلیسی شوورای ئیسلامیدا بەرپرسیارە” (ماددەی ١٢٢ی دەستوور). “کارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکار، بێجگە لەو بابەتانەی کە لەم یاسایەدا ڕاستەوخۆ خراوەتە ئەستۆی ڕێبەری، لەلایەن سەرۆککۆمار و وەزیرەکانەوە جێبەجێ دەکرێن” (ماددەی ٦٠ی دەستوور). بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە سەرۆککۆمار لە ئێران بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکان و ڕوانگەکانی خۆی دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نییە. چونکە هەموو دامەزراوە کاریگەرەکان لەژێر چاودێریی ڕێبەردا کار دەکەن و سەرۆککۆمار هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر دامەزراوەکانی وەکوو پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەری، ئەنجومەنی شارەزایان، ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور و ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامەوە نییە و هەمووی ئەو دامەزراوانە کە لە وڵاتدا خاوەنی دەسەڵات و نفووزن، بە شێوەی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ لەژێر چاودێریی ڕێبەردا کار دەکەن. تەنانەت بەشێک لە وەزیرەکان کە بەڕواڵەت لەژێر چاودێریی سەرۆککۆماردان، لە ڕاستیدا فەرمان لە ڕێبەر وەردەگرن و لەژێر ئەمری ئەودا کار دەکەن. فەرماندەکانی ئەڕتەش و سوپای پاسداران ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕێبەرەوە دادەنرێن. وەزیری کاروباری دەرەوە و وەزیری ناوخۆ و وەزیرەکانی دیکە، کاتێک دەبنە وەزیر کە لەلایەن مەجلیسی شوورای ئیسلامییەوە دەنگی متمانەیان پێ بدرێت، زۆریش ڕوونە کە ئەندامانی مەجلیس بە ڕەزامەندیی ناڕاستەوخۆی ڕێبەری لە ڕێگەی بەرنامەی ئەندازیاریکراوی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە هەڵدەبژێردرێن و ڕەوتی یاسادانانیشیان بەردەوام لەلایەن ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامەوە کۆنترۆڵ دەکرێت.
تەنانەت سەرۆککۆماریش دوای ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت، نابێتە سەرۆککۆمار تاکوو لەلایەن ڕێبەرەوە بڕیاری پەسندکردنی بۆ دەرنەکرێت. تەنانەت دوای ئەوەی بوو بە سەرۆککۆماریش، بەردەوام ئەگەری لادانی لەلایەن ڕێبەرەوە هەر هەیە. “ئەگەر بێت و زۆرینەی دوو لەسەر سێی هەموو نوێنەران متمانە لە سەرۆککۆمار وەربگرنەوە، پرۆسەکە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەی ١٠ی ماددەی ١١٠، ڕێبەری لێ ئاگادار دەكرێتەوە.” (ماددەی ٨٩ی دەستوور). سەرۆککۆمار دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە ڕێبەر دەکات و تاکوو ئەو کاتەی دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسند نەکرێت، ئەرکەکانی خۆی ڕادەپەڕێنێت. ئەگەر سەرۆککۆمار بمرێت، یان لا بدرێت، یان دەست لە کار بکێشێتەوە… هەروەها ئەگەر جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار بمرێت، ڕێبەر کەسێکی دیکە لە جێی ئەو دەدانێت (ماددەی ١٣٠-١٣١ی دەستوور).
هەرچەند سەرۆککۆمار هیچ ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆی لە هەڵبژاردنی جێنشینی ڕێبەردا نییە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی پێگەکەی لە قووچەکی دەسەڵاتی نیزامی سیاسیی ئێراندا، سەرۆککۆمار خۆی دەتوانێت یەکێک لەو بەربژێرانە بێت کە ئەگەری بوون بە ڕێبەریان هەیە؛ بەتایبەت ئەگەر ئەو مەرجانەی هەبێت وا دەستوور بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەر دیاریی کردوون. ئەم سیناریۆیە بەکردەوە لە ساڵی ١٩٨٩ی زایینیدا بۆ هەڵبژاردنی عەلی خامنەیی بە ڕێبەر ڕووی دا. خامنەیی لەو کاتەدا سەرۆککۆمار بوو، دوای مەرگی خومەینی هەڵبژێردرا بۆ ڕێبەری. ئەو ئەگەرەیش هەیە کە لە داهاتوودا هەمان سیناریۆ بۆ سەرۆککۆماری ئێستا، ئیبراهیم ڕەئیسی، دووپات بێتەوە.
پێنج. ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام: ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام وەکوو ئەنجومەنێکی ڕاوێژکاری لە ٦ی فێبریوەریی ١٩٨٨ی زایینی دامەزرا و لە گرنگترین ئەرکەکانی ڕەواندنەوەی کێشەکانی نێوان مەجلیسی شوورای ئیسلامی و ئەنجومەنی شارەزایانە و، بڕیارەکانی ئەم ئەنجومەنە دوای ئەوەی کە لەلایەن ڕێبەرەوە پەسند دەکرێ، پێوستە بەبێ ئەولاولا جێبەجێ بکرێن. پێشکەشکردنی ڕاوێژ بە ڕێبەری لە بواری گرفتەکانی سیاسەتە گشتییەکانی وڵاتدا ئەرکێكی دیكەی ئەم ئەنجومەنەیە. ئەندامی ئەم ئەنجومەنە ٣١ کەسن کە نوێنەرایەتیی دامەزراوەکانی وڵاتیان لە ئەستۆیە. ئەندامانی هەمیشەیی و کاتیی ئەم ئەنجومەنە لەلایەن ڕێبەرەوە دیاری دەکرێن. دوای ئەوەی یاسای ئەنجومەنەکە هەموار کرایەوە، سەرۆکی سێ دەسەڵاتەکەیش بە ئەندامی ئەم ئەنجومەنە دانران و لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامدا بەشداری دەکەن.[١٦] ئەندامانی ئەنجومەن پێک هاتوون لە کەسایەتییە جۆراوجۆرەکانی وەکوو کەسایەتییە ئایینی، یاسایی، سیاسی و سەربازییەکان، هەروەها سەرۆکی هەرسێ دەسەڵاتەکەی وڵات و فەقیهەکانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور و سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان و سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و، وەزیر، یان سەرۆکی دەزگەیەک کە ئەو بابەتەی باسی لێوە دەکرێت پەیوەندیی بەو دەزگەیەوە هەبێت، هەروەها سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیداری مەجلیسی شوورای ئیسلامی.[١٧]
ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام لە دەستووریشدا ناوی هاتووە. بەپێی ماددەی ١١٢ی دەستوور: “ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام بۆ دیاریکردنی بەرژەوەندی لەو بابەتانەدا کە ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور [بڕیار و یاسا] پەسندکراوەکانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی بە ناکۆک لەگەڵ پێوەرەکانی شەرع، یان دەستوور بزانێت و مەجلیس بە گوێرەی بەرژەوەندیی نیزام بۆچوونی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور بەجێ نەیەنێت و ڕاوێژکردن لەو بابەتانەدا کە ڕێبەری بۆیان دەگەڕێنێتەوە و هەموو ئەرکەکانی دیکەی کە لەم یاسایەدا هاتوون، بە فەرمانی ڕێبەر پێک دێت. ئەندامانی نەگۆڕ و بگۆڕی ئەم ئەنجومەنە لەلایەن ڕێبەرەوە دادەنرێن. ئەو ڕێنوێنییانەی پەیوەندییان بە ئەنجومەنەوە هەیە، لەلایەن ئەندامەکانییەوە ئامادە و پەسند دەکرێن و لەلایەن ڕێبەریشەوە دووپات دەکرێنەوە.”[١٨] لە ئەنجامدا، ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام لەژێر فەرمانی ڕێبەریدایە و دامەزراوەیەکی سەربەخۆ نییە؛ بەتایبەت لەوەدا کە زۆرینەی ئەندامەکانی لەلایەن ڕێبەرەوە دیاری دەکرێن و دادەنرێن. بەڵام سەرباری ئەوانەیش، بڕیاری کۆتایی دەربارەی ناکۆکییەکانی نێوان مەجلیسی شوورای ئیسلامی و ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور لەلایەن ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامەوە دەدرێت.
بەپێی ماددەی ١١١ی دەستوور، ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام کۆمەڵێک دەسەڵاتی دیکەیشی هەیە کە پێشتر لە باسی مەرجەکانی هەڵبژاردنی ڕێبەردا ئاماژەیان پێ کرا. لەبەر ئەوەی کە ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام دامەزراوەیەکی وایە کە ئەرکەکەی دیاریکردنی بەرژەوەندیی سەرلەبەری نیزامە، لە هەڵبژاردنی ڕێبەردا ڕۆڵێکی دیاریکەری هەیە؛ بەتایبەت کە ئەندامەکانی لە گرنگترین کەسایەتییەکان و دامەزراوەکانی نیزام پێک هاتوون کە بریتین لە: سەرۆککۆمار، سەرۆکی مەجلیسی شوورای ئیسلامی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، فەقیهەکانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی.
چوارەم: ئەو سیناریۆیانەی بۆ دوای خامنەیی ئەگەری پەیدابوونیان هەیە
بۆ ڕۆژی دوای مەرگی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، چەندان سیناریۆ هەیە کە لێرەدا باسیان دەکەین:
یەک. دەستاودەستکردنی ئاشتییانە و ئارامی دەسەڵات: بەپێی ئەم سیناریۆیە، ئەنجومەنی شارەزایان لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا جێنشینی خامنەیی هەڵدەبژێرێت و دەستاودەستکردنی ئارامی دەسەڵات سەر دەگرێت و، لە بێدەنگیی گەلدا، دامەزراوە کاریگەرەکانی نیزامی ئێران پشتیوانی لەو هەڵبژاردنە دەکەن. ئەم سیناریۆیە لەسەر ئەو گریمانەیە هەڵدەچنرێت کە هیچ ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو ڕوو نەدات، بە جۆرێکی وا کە ببێتە هۆی پشتگوێخرانی دەستوور. واتا ئەم سیناریۆیە لەسەر گریمانەی مانەوە و درێژبوونەوەی ڕەوشی ئاسایی ڕادەوەستێت و ئەوەی کە بۆ دیاریکردنی ڕێبەری نوێ پشت بە دەستوور ببەسترێت.
دوو. وەسیەتکردن: واتا ئەوەی کە عەلی خامنەیی خۆی جێنشینی خۆی هەڵبژاردبێت: بەو واتایەی کە ڕێبەری ئێستا، عەلی خامنەیی، بەکردەوە جێنشینی خۆی دیاری کردووە و لەم بارەدا، ئەنجومەنی شارەزایان بۆ ڕاگەیاندنی ناوی ڕێبەری نوێ کۆ دەبێتەوە. بەڵام ئەو ئەگەرەیش هەیە کە ئەگەر بێت و خامنەیی سەبارەت بە کەسێک وەسیەت بکات، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کارتی شانسی ئەو کەسە بسووتێنێت. هەروەها ئەمە دەتوانێت چەندان ڕووبڕکێ (ئاڵنگاری)ی دیکەیشی بەدوودا بێت، بۆ نموونە، لەوانەیە بۆچوونی دامەزراوە پڕنفووزەکانی نیزام، لەوانە سوپای پاسداران بگۆڕێت و بۆ بەدەسەڵاتگەیاندنی ئەو کەسەی خۆی مەبەستیەتی، وەخۆ بکەوێت. هەروەها لەوانەیە ئەنجومەنی شارەزایانیش پەرچەکرداری هەبێت و بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەر، لە جیاتی ئەوەی کە وەسیەتی عەلی خامنەیی جێبەجێ بکات، یان مل بۆ گوشارەکانی سوپای پاسداران کەچ بکات، دەسەڵاتە یاسایییەکانی خۆی بەکار بێنێت. بەڵام بەگشتی و ئەگەر ڕەوتی کارەکان بە شێوەی ئاسایی بڕواتە پێشەوە، ئەم سیناریۆیە لە سیناریۆی یەکەم “دەستاودەستکردنی ئاشتییانە و ئارامی دەسەڵات” نزیکە. جیاوازیی ئەم دوو سیناریۆیەیش لەوەدایە کە سیناریۆی یەکەم لەسەر گریمانەی گەڕانەوەی ڕاستەقینە بۆ دەستوور و هەڵبژاردنی ڕێبەر دوای ڕاوێژ و گفتوگۆی ڕاستەقینە دەربارەی کەسێک کە شیاوێتیی شەرعی و سیاسیی پێویست بۆ ڕێبەری هەیە، داڕێژراوە. بەڵام لە سیناریۆی دووەمدا هەرچەند دەستاودەستکردنی ئاشتییانە و ئارامی دەسەڵات دوای کۆبوونەوە و گفتوگۆکان سەر دەگرێت، بەڵام ئەو گفتوگۆیانە ڕواڵەتی دەبن و تەنیا بۆ کارکردن بە وەسیەتەکەی ڕێبەر بەڕێوە دەچن.
سی. دەستێوەردانی سوپای پاسداران: ئەو ئەگەرەیش هەیە کە بەهۆی (بێتوانایی، مەرگ، دەستلەکارکێشانەوە، یان لادانی خامنەیییەوە) بە ملیۆنان خەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ کۆتاییهێنان بە نیزامی ویلایەتی فەقیھ و هێنانەسەرکاری نیزامێکی دیکە؛ بەتایبەتی لەبەر ئەوەی کە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک لە نیزام هەڵکشاوە و لەو ناڕەزایەتییانەدا کە لەم دوایییەدا سەرانسەری وڵاتی گرتەوە، خەڵک وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لە نیزام، پەردەیان لەسەر ئیرادەی خۆیان بۆ لەناوبردنی ئەو نیزامە لا دا. ئەگەر ئەم سیناریۆیە بێتە گۆڕێ و سوپای پاسداران بەو ئەنجامە بگات کە نیزام گەییوەتە سەر لێواری ڕووخان، لەوانەیە لە ڕێگەی یەکێک لەم دوو شێوەیەوە دەستێوەردان بکات:
ئا. کودەتای نەرم: واتا سوپای پاسداران دەستبەکار بێت و کەسایەتییەکی ئایینی کە پلەی مەرجەعییەتیی هەبێت، بەڵام کاریزمای سیاسیی نەبێت، وەکوو ڕێبەر دیاری بکات. هەر سوپای پاسدارن خۆی لە پشت پەردەوە ئەم ڕێبەرە کۆنترۆڵ بکات؛ بە چەشنێک کە مانەوەی نیزام بەردەوام بێت و نەهێڵێت ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ببێت بە شۆڕشێکی بەرفراوان دژی نیزام و، ئەزموونی ساڵی ١٩٧٩ی زایینی دووپات بێتەوە کە بوو بەهۆی لەناوچوونی نیزامی پاشایەتی.
ب. کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات: واتا سوپای پاسداران لە ڕێی کودەتای سەربازییەوە حکوومەتی وڵاتەکە بەدەستەوە بگرێت، ئەمەیش بەو واتایە دێت کە نیزامی ویلایەتی فەقیھ کۆتایی هاتووە و سوپا بووەتە دەسەڵاتداری وڵات. پێشتر حسێن دێهقان، وزیری پێشووی بەرگری و ڕاوێژکاری فەرماندەییی گشتیی هێزەکان لە بواری پیشەسازیی بەرگری و پشتیوانی لە هێزە چەکدارەکان، بە ئاماژە درکاندبووی کە ئەگەر نیزام تووشی ڕووخان ببێت، لەوانەیە هێزە سەربازییەکان کودەتا بکەن. هەرچەند جەختی کردبووەوە کە ئێران تووشی ڕووخان و چەندبەرەکی نابێت تاکوو پێویستی بە دەستێوەردانی هێزی چەکداری هەبێت، بەڵام ئەم وتانە ئەوەمان نیشان دەدات کە ئەگەر نیزام بکەوێتە بەردەم هەڕەشەی ڕووخانەوە، ئەگەری کودەتای سەربازی هەیە.
بەڵام ئەگەر وای دابنێین کە سوپای پاسداران بۆ کۆنترۆڵی ڕەوشەکە دەست بۆ کودەتای سەربازی ببات، هیچ ئایدیۆلۆژییەکی سیاسی و هزریی دیکەی بێجگە لە ئایدیۆلۆژیی ئایینی نابێت کە فەرماندەکانی سوپا لە سەردەمی سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩ی زایینییەوە پێی ڕاهێنراون. بەڵام ئەگەر ئەم ئایدیۆلۆژییە بەلاوە بنێت و کۆماری ئیسلامی ببێت بە نیزامێکی دیکتاتۆریی سەربازیی وەکوو دیکتاتۆرییە سەربازییەکانی دیکە، ئەوە بەلاوەنانی بەها و بنەما ئایینییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە سوپا پشتیوانیی خەڵک و دامەزراوە ئایینییەکان، هەروەها پشتیوانیی لایەنگرانی ویلایەتی فەقیھ لەدەست بدات. بابەتێکی دیکەیش ئەوەیە کە بێت و سوپای پاسداران حکوومەتێکی سەربازی پێک بێنێت، ئەوە بێ گومان ئەم کارە سوپا دەخاتە بەرەی بەرانبەری هەموو توێژەکانی خەڵکەوە، هەروەها ئەو ئەگەرەیش هەیە کە ئەڕتەش ڕێگە نەدات سوپا دەسەڵات بۆ خۆی پاوان بکات، لەوەوە تێکهەڵچوونی سەربازی لە نێوان ئەو دوو دامەزراوە سەربازییەدا ڕوو دەدات. لە ئەنجامدا هێزە سەربازییەکان ڕەواییی خۆیان تەنیا لە دەسەڵاتی خۆیان وەردەگرن و هیچ پشتیوانییەکی جەماوەرییان نابێت.
ج. بۆشاییی ڕێبەری بۆ ماوەیەک: ئەگەرێکی تر کە نابێ لێی خافڵ بین ئەوەیە کە لەوانەیە بەهۆی ئەگەری ناکۆکییەکانی نێوان ئەنجومەنی شارەزایان و سوپای پاسداران، یان ناکۆکیی ناوخۆی ئەنجومەنی شارەزایان دەربارەی جێنشینیی موجتەبا خامنەیی، وڵات لە بۆشاییی ڕێبەریدا بمێنێتەوە و تاکوو ئەو کاتەی کە هەموو لایەنەکان سەبارەت بە هەڵبژاردنی ڕێبەر ڕێک بکەون، بەپێی ماددەی 111ی دەستوور، ئەنجومەنێکی پێکهاتوو لە کۆمەڵێک فەقیھ ئەرکەکانی ڕێبەری لە ئەستۆ بگرن.
سەرباری ئەوەی کە ئەگەری دووەم و سێیەمیش زۆر دوور نییە، بەڵام سیناریۆی یەکەم بە چەندان هۆ بەهێزترە و گرنگترین هۆیشی لێکگرێدراویی بەرژەوەندییەکانی دامەزراوە کاریگەرەکانی ناوخۆ لەگەڵ یەکترە و، گشتیان دەزانن کە هەر چەشنە هەڕەشەیەک بەرژەوەندییەکانی هەموویان بەدەم بادا دەدات، چونکە جێگرەوە بۆ ئەو نیزامەی ئێستا کە بەرهەمی شۆڕشی ١٩٧٩ی زایینییە، هەیە. هەروەها کۆنەپارێزەکان بۆ لەدوودانی هێڵی شۆڕش و پاراستنی ناوەندێتیی ئایدیۆلۆژی، هەروەها پاراستنی سیاسەتەکان و دامەزراوەکان و لێڕوانییە ئایدیۆلۆژی-تەوەرەکان، هاوڕان لەسەر پاراستن و مانەوەی ڕەوتی بنەماخوازیی کۆنەپارێز.
هەڵبەت ئەمە لە حاڵێکدا دەبێت کە ڕووداوێک لە دەرەوەی ئەگەرە عەقڵانییەکان ڕوو نەدات و ڕەوتی ئەگەرەکان بە شێوەیەکی گشتی نەگۆڕێت. ئەگەر سیناریۆی دەستاودەستکردنی ئاشتییانە و ئارام تووشی شکست ببێت، شانسی سیناریۆی چوارەم زیاترە کە هەمان بۆشاییی ڕێبەرییە بۆ ماوەیەک تا لایەنە پەیوەندیدارەکان دەربارەی هەڵبژاردنی ڕێبەر بە ڕێککەوتنێکی گشتی دەگەن.
پێنجەم. جێنشینەکانی خامنەیی و کارنامەکەیان
بێ گومان، بە مەرگی خامنەیی دەورەی ڕێبەرانی پڕنفووز و بەبڕشت کە دامەزرێنەرانی نیزامی کۆماری ئیسلامی بوون، کۆتایی دێت. ئەو ڕێبەرانە فەلسەفە و خوێندنەوەی ئایینیی تایبەت، هەروەها ڕوانگەی تایبەتی خۆیان دەربارەی پەیوەندییە دەرەکییەکان و تیۆریی سیاسیی یەکپارچە هەبوو، دوای دامەزرانی نیزام هەر لە سەرەتاوە لەگەڵی بوون و شۆڕش و نیزامیان تا ئێرە هێناوە. هیچ کەسایەتییەکی ئایینیی پێشەنگی دیکەی وەکوو دوو ڕەێبەرەکەی یەکەم نییە کە هەمان کاریزما و هێزی ڕاکێشانی سیاسیی هەبێت و هەموو دامەزراوەکانی ئێرانیش لەسەری ڕێک بکەون.
لەمەوە دەتوانین بڵێین ئەو ناوانەی بە ناوی جێنشینی خامنەیی دێنە گۆڕێ، ئەو دەسەڵات و دەسەڵاتدارییەی خامنەیی و ئەو نفووزەی کە ئەو لەنێو نوخبە ئایینی و سیاسی و سەربازییەکاندا هەیەتی –لانی کەم لە قۆناغی یەکەمدا- نایانبێت. ماوەیەکە ڕاپۆرتەکان و توێژینەوەکان سەرنجیان خستووەتە سەر جێنشینە شیمانەیییەکانی خامنەیی و لەو پەیوەندییەدا کۆمەڵێک ناو دێنە گۆڕێ. ئێستا بەشێک لەو ناوانە لە دنیادا نەماون و بەشێکیشیان هێشتا زیندوون. لەم ڕووەوە، ئەو لیستەی کە ئێستا وەکوو جێنشینانی خامنەیی هەیە، لەگەڵ لیستی چەند ساڵ لەمەوبەر جیاوازە، چونکە بەشی زۆریان بەساڵداچوون و بەشێکیشیان لە دنیادا نەماون.
یەک. ئیبراهیم ڕەئیسی: ئیبراهیم ڕەئیسی (1960ز-…)، سەرۆککۆماری ئێستای ئێران و یەکێک لە گرنگترین بەربژێرە شیمانەیییەکانی جێنشینیی خامنەیییە. هەرچەند ئەو هێشتا بە پلەی ئیجتیهاد نەگەیشتووە، بەڵام میدیاکانی سەر بە لایەنی کۆنەپارێز هەر لە سەرەتای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری لەلایەن ڕەئیسییەوە، بەردەوام وەکوو “ئایەتوڵڵا” ناوی دێنن. بەشێکی دیکەیان بەوە پاساو بۆ بەکارهێنانی ناسناوی ئایەتوڵڵا بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی دێننەوە کە ئەو ڕێگەی زانستیی خۆی لە تاران بڕیوە. بێجگە لەوەیش، هەروەکوو چۆن دەکرێ بە خوێندن لە حەوزە کەسێک بە پلەی ئیجتیهاد بگات، بوون بە موجتەهید لە ڕێگەی چالاکی لە دەزگەی دادوەرییشدا دەشێت. بەپێی بۆچوونی ئەو کەسانە، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانە، کەواتا موجتەهیدە و دەبێ بە ئایەتوڵڵا ناوی ببرێت؛ تەنانەت ئەگەر ئەو ئیجتیهادەی لە حەوزە بەدەست نەهێنابێت؛ بەتایبەت کە ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی ئیجتیهادی ئەوی پەسند کردووە و توانیویەتی لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەزایاندا بەشداری بکات.[١٩] بەڵام دەبێ ئەوەیش بڵێین کە ئەم پاساوە لە ڕوانگەی بنەماکانی فیقهەوە دروست نییە. چونکە ئەو پێش ئەوەی دادوەر، یان سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بێت، دەبوو بە پلەی ئیجتیهاد بگات، ئەگینا تووشی سووڕێكی بەتاڵ[٢٠] دەبین، کە ئەویش لە توانا بەدەرە (مەحاڵە).
ڕەئیسی، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە. لەو ماوەیەدا کە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بوو، بە مستی پۆڵایین بەرەنگاری چالاکانی کرێکاری و پیشەیی بووەوە. باس لەوە دەکرێت کە ئەو لەگەڵ دوژمنان و دژبەرانی نیزام زۆر بەتوندی هەڵسوکەوتی دەکرد بۆ ئەوەی متمانەی ڕێبەر و سوپای پاسداران بۆ لای خۆی ڕاکێشێت و وا نیشان بدات کە دەتوانێت لەو قۆناغەدا ڕۆڵی “ڕزگاریدەر” بگێڕێت. هەروەها ئەو لەسەر ڕێبازی شۆڕش بەردەوام بووە و هەنگاوێک لێی دوور نەکەوتووەتەوە. ئەو بەو هەڵسوکەوتە لێبڕاوانەیەی خۆی، ئەو پەیامەیشی بۆ بەردەنگانی دەرەوە و ناوەوە ناردووە کە هیچ جێگرەوەیەک بۆ نیزام نییە و، نیزام دەتوانێت بەبەهێزییەوە وڵات بەڕێوە ببات و دژبەرانی نیزام هێندە لاواز و بەرخەسارن کە ناکرێ وەکوو بژارەی جێگرەوە حیسابیان لەسەر بکرێت.[٢١] هەروەها ڕەئیسی سەر بە کۆنەپارێزانی ڕێبازی “میسباحی یەزدی”یە (1935- 2021ز) کە یەکێک لە مەرجەعە ویلایەتخواز و توندئاژۆکانە. لە ئەنجامدا، ئەو بژارەیەکی جێی پەسندی زۆرینەی فەقیهە کۆنەپارێزەکان و دامەزراوەکانی نیزامە. خامنەیی زۆری هەوڵ دا تا ڕەئیسی، کە بە توندڕۆیی و وەفاداری بە ئامانجەکانی خومەینی و شۆڕشی ١٩٧٩ی زایینی بەناوبانگە، ببێت بە سەرۆککۆماری ئێران و گیانی شۆڕشگێری لە ئێراندا بپارێزێ. لەم ڕووەوە، لە حاڵەتی سەرهەڵدانی هەر ڕووداوێکدا کە بۆشاییی ڕێبەریی لێ بکەوێتەوە، بوار بۆ جێنشینیی ئەو و پاتبوونەوەی ئەزموونی ساڵی ١٩٨٩ی زایینی بەتەواوی بڕەخسێت. لەو کاتەدا خامنەیی سەرۆککۆماری ئێران بوو، دوای مردنی خومەینی، خێرا بوو بە جێنشینی ئەو. ئەگەر ڕەئیسی ببێت بە ڕێبەر، بە ئەگەری زۆرەوە بۆ درێژەدان بە هێڵی شۆڕش و خوێندنەوەی خومەینی دەربارەی ئایین، هەمان شێوازی توندڕۆیانە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەگرێتە بەر.
دوو. موجتەبا خامنەیی و ئەگەری بەمیراتیبوونی ڕێبەری: موجتەبا خامنەیی (1969ز-…)، کوڕی عەلی خامنەیی، یەکێکە لەو گرنگترین کەسانەی وەکوو ڕێبەری داهاتووی نیزام ناوی دێت. لە سەرەتای شۆڕشدا تەنانەت ئەگەری بەمیراتیبوونی ڕێبەری لە گۆڕێ نەبوو، بەڵام لەم دوایییانەدا ئەم سیناریۆیە بەهێز بووە؛ چونکە مانەوەی درێژماوەی خامنەیی لە پێگەی ڕێبەریدا ئەو دەرفەتەی بۆ موجتەبا ڕەخساندووە کە نفووزی خۆی بەهێز بکات و تۆڕێکی بەهێزی پەیوەندی لە نێوان خۆی و دامەزراوە ئەمنی و کاریگەرەکانی وڵاتدا دابمەزرێنێت. هاوکات خۆیشی وەکوو زانایەکی ئایینی دەناسێنێت کە شایستەییی سیاسی و فیقهیی هەیە و لەلایەن باوکیشییەوە بەبێ ئەولاولا پشتیوانیی لێ دەکرێت. ئەو، قوتابیی میسباحی یەزدییە (1935- 2021ز) کە لە هەموو ڕۆحانییە توندڕۆکانی دیکەی ئێران توندئاژۆترە. بەڵام خاڵی جێی هەڵوەستە ئەوەیە کە موجتەبا خامنەیی هێشتا بە پلەی “ئایەتوڵڵایی” نەگەیشتووە. ئەو لە چەندان ڕێکخراوی نهێنێدا کار دەکات و نووسینگەی ڕێبەرییش بەڕێوە دەبات کە ئێستا زۆر بەرفراوان بووە. نووسینگەی ڕێبەری لە سەردەمی خومەینیدا نزیکەی ٨٠ فەرمانبەری هەبوو، بەڵام ئێستا نزیکەی چوار هەزار فەرمانبەری هەیە. بە گوێرەی ئەوەی کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ باوکی هەیە، بەشێكی زۆری چاودێرانی ئێرانی بەدووری نازانن کە موجتەبا بەهێزترین و نزیکترین بژارە بێت بۆ جێنشینیی خامنەیی و، خامنەییش دەیەوێت سۆکانی ڕێبەرایەتیی وڵات بەدەستی کەسێک بسپێرێت کە هەم خوێنی خۆی لە دەماریدایە و هەم درێژە بە ڕێگەکەیشی دەدات.
بەڵام ئاخۆ ئیمکانی ئەوە هەیە کە موجتەبا پۆستی ڕێبەری لە باوکییەوە بەمیرات پێ ببڕێت؟ سەرباری ئەوەی کە موجتەبا دەسەڵات و نفووزێکی باڵای هەیە، بەڵام جێنشینیی ئەو دوای باوکی لەنیو دامەزراوە بڕیاردەرەکانی ئێراندا گەلێک گرفتی بۆ پەیدا دەبێت و وڵات دەباتە قۆناغی ململانێی نێوان دەزگەکان و دامەزراوەکان و ڕۆحانییەکانەوە. چونکە ئەو، یەکەم، لەبەر ئەوەی کە هەمیشە لە سایەدا بووە و دەرنەکەوتووە، لەناو خەڵکدا لایەنگری نییە. بێجگە لەوەیش، چونکە ئەو پۆستی فەرمیی نەبووە کە دەری بخات چەندە توانای بەڕێوەبەریی هەیە و لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکاندا ئەزموونێکی کەمی هەیە. لەوانەیش بترازێ، ئەو هێشتا بە پلەی ئیجتیهاد نەگەیشتووە و پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ جەماوەری حەوزەیدا نییە کە بتوانێت لە ململانێی لەگەڵ دیتراندا پشت بە پشتگیریی جەماوەری ناو حەوزە ببەستێت.
بەڵام لە هەمووی گرنگتر، گەورەترین بەربەستی ئەو بۆ ئەوەی ببێ بە ڕێبەر ئەوەیە کە کوڕی ڕێبەری ئێستایە. ئەوەیش زیان بە ڕەواییی ئەو دەگەیەنێت. چونکە گەورەترین جیهادی نوخبە ئایینی و شۆڕشگێرەکانی نەوەی یەکەم ئەوەیە کە کۆتایییان بە کەلتووری میراتیبوونی حکوومەتی پاشایەتی هێنا. ڕۆحانییەکان هەر بەهۆی ئەو میراتیبوونەی حکوومەتەوە خەڵکیان دژی شا هان دا. خومەینی گەلێک ڕەخنەی بێپەردەی لە میراتیبوونی حکوومەت گرتووە. لە ئەنجامدا، جێنشینیی موجتەبا دوای باوکی، زەربە لە ڕەوابوونی دەدات و ئەو پەیامەیش بە خەڵکی دەگەیەنێت کە ئەمانە بۆ ئەوە ڕاپەڕین و شۆڕشیان کرد کە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان دابین بکەن و بناغەی حکوومەتی خێزانیی خۆیان تەنانەت لەوەیش پتەوتر بکەن کە لە سەردەمی شادا هەبوو.[٢٢]
بەڵام سەرباری هەمووی ئەم هۆیانەیش، بێت و ترپەی گۆڕانکارییەکان خێراتر بێت، سیناریۆی ئەگەری بەمیراتیبوونی پۆستی ڕێبەری هەروا لە گۆڕێ دەمێنێت. لەم حاڵەتەیشدا، بۆ قەرەبووکردنەوەی نەبوونی ڕەوایی و بۆ کۆنترۆڵکردنی تووڕەییی خەڵک و ناڕەزایەتیی کۆڕ و کۆمەڵە زانستی و حەوزەیییەکان، سیناریۆی زۆرداری و سەرکوت بەتوندی دێتە پێشەوە و لە ئەنجامدا، بارودۆخەکە خراپتر دەبێت. وێ دەچێت سیناریۆی بەمیراتیبوونی ڕێبەری هەرچەند بەدوور نییە، بەڵام دژوار بێت. تەنانەت “میرحسێن مووسەوی”یش سەبارەت بەو بابەتە هۆشداریی داوە. مووسەوی لە وتارێکیدا باس لەوە دەکات کە: “قسە و قسەڵۆک دەربارەی بەمیراتیبوونی ڕێبەری دەبیسترێت. زمانیان لاڵ بێت! مەگین زنجیرە حکوومەتەکانی ٢٥٠٠ ساڵە گەڕاونەتەوە کە کوڕ ببێتە جێنشینی باوکی؟” ئەو لەو بێدەنگییەی نوخبەکانی ناو دەسەڵاتیش سەبارەت بە ڕەتنەکردنەوەی ئەو دەنگۆیە ڕەخنە دەگرێت و دەڵێت: “سێزدە ساڵە هەواڵی ئەم پیلانە (دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی وەکوو جێنشینی باوکی) بەرگوێ دەكەون. ئەگەر بەڕاستی بەتەمای ئەوە نین، بۆچی یەک جاریش وەها نییەتێکیان بەدرۆ نەخستەوە؟”[٢٣]
بەمیراتیبوونی ڕێبەری نەک هەر ئایدیۆلۆژیی تیۆریی ویلایەتی فەقیھ تووشی شکست دەکات، بگرە چییەتیی ئەو تیۆرییە، هەروەها بێکەڵکییە سیاسییەکەیشی دەسەلمێنێت. لەمەوە، بابەتی هەڵبژاردنی ڕێبەر، پەیوەستە بەوەی کە نوخبە دەسەڵاتدارەکان بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەر تاکوو چ ڕاددەیەک ڕوو لە کردەوەی عەقڵانی دەکەن. ئاخۆ لە ڕێگەیەکی عەقڵانییەوە دەست بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەر دەبەن کە کەمترین ڕێژەی عەقڵانی و ڕەوایی و پەژراوییی بە لای خەڵکەوە لەبەرچاو دەگرن، یان بەبێ سەرنجدان بە هۆکارەکانی ڕەوایی، خەڵک و پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ناوچەیییەکان، بژارەیەکی ستراتیژی دەگرنە بەر.
سێ. سادق لاریجانی: سادق لاریجانی (1961ز-…) لە گرنگترین ڕۆحانییە توندڕۆکانە. ئەو لە ساڵی ١٩٨٨ی زایینی بە ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری هەڵبژێردرا. لە ساڵی ٢٠٠١ی زایینی بە ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور هەڵبژێردرا. لە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینی، کرا بە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری. دوایی لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینی، کرا بە جێنشینی مەحموود شاهڕوودی و بوو بە سەرۆکی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام. سادق لاریجانی کەسێکی توندڕۆیە و هەوڵ دەدات لەو بوارەدا وەپێش هەموو خەنیمەکانی خۆی بکەوێت. لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی بەڕوونی گوتی، ئەنجومەنی شارەزایان مافی ئەوەی نییە چاودێریی کارەکانی ڕێبەر بکات. لە جێیەکی دیکەیشدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە حکوومەت ڕەواییی خۆی لە خەڵک وەرناگرێت.
بەڵام وێ دەچێت کە بە چەند هۆیەک شانسی بۆ جێنشنیی عەلی خامنەیی کەم بێت. گرنگترین هۆ ئەوەیە کە ئەویش وەکوو فەقیهەکانی دیکەی حەوزە بە پلەی فەقیهی و ئیجتیهاد نەگەیشتووە. هۆکاری دیکەیشی، بوونی ململانێ و ناکۆکییەتی لەگەڵ بەشێک لە کۆڵەکەکان و دامەزراوەکانی نیزام. ئەویش دوای براکەی (عەلی لاریجانی) لە بەربژێری بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار بێبەش کرا. ڕەخنەی لە دەزگە ئەمنییەکان گرت. بێجگە لەوە، لەو ماوەیەدا کە سەرۆکی دەزگەی دادوەری بوو، بە گەندەڵی تۆمەتبار کرا.[٢٤]
چوار. ڕێبەر پێش ئەوەی ماڵاوایی لە ژیان بكات جێنشین بۆ خۆی هەڵبژێرێت، کە دەشێت لە یەکێک لەو حاڵەتانەی خوارەوەدا ئەم خاڵە بێتە گۆڕی:
ئا. ئایەتوڵڵا خامنەیی لەناو ئەو کەسانەدا کە ناویان برا، یەکێکیان بۆ جێنشینیی خۆی هەڵبژێریت و داوا لە ئەنجومەنی شارەزایان بکات هەڵبژاردنەکەی پەسند بکەن. دوایی لەبەر نەخۆشی و بێتوانایی دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە. بە گوێرەی ئەو کاریگەری و نفووزەی خامنەیی لەناو ئەنجومەنی شارەزایاندا هەیەتی، ئەنجومەنی شارەزایان داواکەی دەپەژرێنن.
ب. هەروەکوو لە سەردەمی خومەینیدا، حسێنعەلی مونتەزیری –پێش لادانی- جێنشینی خومەینی بوو. خامنەییش جێنشینێک بۆ خۆی هەڵبژێرێت تاکوو لە ئەگەری مەرگ، یان بێتواناییی خامنەییدا ئەنجومەنی شارەزایان ئەو جێنشینە بە ڕێبەری نوێی ئێران هەڵبژێرێت. هەڵبەت نابێ ئەوەیش لەبەرچاو نەگیرێت کە بەشێک لە سەرچاوە ئێرانییەکان پێیان وایە پۆستی جێنشینی لە یاسا و شەرعدا نەماوە و، دووریشە لەوەی کە ئیمکانی زیندووکردنەوەی هەبێت.[٢٥]
جیاوازیی نێوان ئەو سیناریۆیە و سیناریۆی وەسیەت (سیناریۆی دووەم) کە پێشتر باسی کرا، ئەوەیە کە لە وەسیەتدا، ناوی ئەو کەسەی لەلایەن ڕێبەرەوە هەڵبژێردراوە تاکوو دوای خامنەیی بەنهێنی دەمێنێتەوە و دوای مەرگی خامنەیی، ئەنجومەنی شارەزایان و دامەزراوە بڕیاردەرەکانی دیکە ناوەکەی ئاشکرا دەکەن. بەڵام ئەم سیناریۆیە لەسەر ئەو گریمانەیە هەڵچنراوە کە خامنەیی پێش ئەوەی ماڵاوایی لە ژیان بكات ، جێنشینەکەی خۆی دەناسێنێت و پاشان بەهۆی بەساڵاچوونەوە، یان نەبوونی توانای ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی، یان بە هەر هۆیەکی دیکە دەست لە پۆستی ڕێبەری دەکێشێتەوە.
پێنج. لە دەرەوەی سیستەم: ئەم ئەگەرەیش لە گۆڕێیە کە ئەنجومەنی شارەزایان کەسایەتییەکی کۆنەپارێز کە لە باڵباڵێنە سیاسییەکانی وڵاتدا بەشدار نەبووە، بۆ نموونە، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایان، یان یەکێک لەو ڕۆحانییە دیارانەی کە مەرجە دیاریکراوەکانی ناو دەستووری هەبێت و، هاوکات پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ نوخبە ئایینییەکان و دامەزراوە ئەمنییەکان هەبێت، وەکوو ڕێبەر هەڵبژێرێت. بەڵام ئەوەی کە شانسی ئەم سیناریۆیە کەم دەکاتەوە ئەوەیە کە کەسێک كە لە باڵباڵێنی سیاسی و ململانێکاندا بەشدار نەبووبێت، مەرجی شیاوی و تێگەیشتوویی و ڕوانگەی فیقهی و سیاسییشی نییە. هەروەها کەسایەتییە پڕنفووزەکان، یەکەم، بۆ پاراستنی هێڵی شۆڕش و، دووەم، بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییە کەسییەکان و هێڵی هزریی خۆیان، قبووڵی ناکەن کەسێکی پێشتر لە تیمی خۆیاندا نەبووبێت، بێتە ناو ئەو گۆڕەپانەوە.
بەکورتی، ڕێبەری داهاتووی ئێران لە دەرەوەی باڵی بنەماخواز و دامەزراوە لایەنگرەکانی نابێت. ئەگەر ڕووداوەیلی چاوەڕواننەکراویش سەر هەڵنەدەن، شایەدی هیچ گۆڕانێکی بەرچاو لە ستراتیژیی دامەزراوەکانی ئێراندا نابین. چونکە هەر کەسەو بۆ بەهێزکردنی ڕەواییی ئایینی، ئایینزایی و سیاسیی خۆی، هەوڵ دەدات لەگەڵ ویلایەتی فەقیھ و گرووپە هاوبەرژەوەندییە ئایینی و سەربازییەکان هاوهەنگاو بێت و ڕەنگە هەوڵی ئەوەیش بدات کە لەو نێوانەدا شانسی خۆی زیاد بکات.
شەشەم: گۆڕانی کەش.. مشتومڕ لەسەر دەستوور
دەستوور لە بابەتی پێویستدا پێشبینیی پێداچوونەوەی کردووە: “پێگەی ڕێبەری دوای ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام بەپێی بڕیارێک بۆ سەرۆککۆمار ئەو خاڵانە بە ئەنجومەنی پێداچوونەوەی دەستوور پێشنیار دەکات کە پێویستیان بە هەموارکردنەوە، یان تەواوکەری دەستوور هەیە” (ماددەی ١٧٧ی دەستوور).
بەپێی ماددەی ١٧٧ی دەستوور پێکهاتەی ئەنجومەنی پێداچوونەوە بریتین لە: “ئەندامانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور، سەرۆکی هەرسێ دەسەڵاتەکە، ئەندامانی نەگۆڕی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، پێنج کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری، ١٠ کەس بە هەڵبژاردنی ڕێبەر، سێ کەس لە ئەنجومەنی وەزیران، سێ کەس لە دەسەڵاتی دادوەری، ١٠ کەس لە ئەندامانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی (پەرلەمان) و سێ کەسایەتیی زانکۆیی.” بەڵام بڕیارە پەسندکراوەکانی ئەو ئەنجومەنە “دوای پەسند و واژووکردنی ڕێبەر” دەخرێتە ڕیفراندۆمەوە.
کەواتا دەکرێ بڵێین ئەندامانی ئەنجومەنی پێداچوونەوەی دەستوور لەژێر فەرمانی ڕێبەردان و تەنانەت ئەنجومەنەکە بە فەرمانی ڕێبەر دوای ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام پێک دێت. تەنانەت بڕیارەکانی ئەو ئەنجومەنە پێش هەموو شتێک دەبێ لەلایەن ڕێبەرەوە پەسند بکرێن. سەرباری ئەوانە، هاوکات دەستووریش کۆمەڵێک سنووری بۆ هەر چەشنە هەموارکردنەوە و گۆڕانێک لە ناوەرۆکەکەیدا سەبارەت بە ئیسلامیبوونی وڵات، چییەتیی ئیسلامیبوونی نیزامی سیاسی و بنەمای ویلایەتی فەقیھ و هتد داناوە. “ناوەرۆکی بنەما پەیوەندیدارەکان بە ئیسلامیبوونی نیزام، دانانی بنیادی هەموو یاساکان و ڕێنوێنییەکان بەپێی پێوانە ئیسلامییەکان و پایەکانی باوەڕمەندی و ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماریبوونی حکوومەت و ویلایەتی ئەمر و ئیمامەتیی ئۆمەت و… نەگۆڕە.”
تێبینی دەکەین کە دەستوور، یەکەم، دەرگەی لەسەر هەموو دامەزراوەکان و لایەنەکان و ئەو کەسانە داخستووە کە خوازیاری پێداچوونەوەی دەستوورن و لەم بابەتەدا بڕیاری کۆتایی، لای ڕێبەرە. دووم، دەرگەی لەسەر هەر چەشنە هەموارکردنەوەیەکی ئەو ماددانە داخستووە کە پەیوەنددییان بە چییەتیی نیزامی سیاسی، لەوانە ویلایەتی فەقیھ و ئیمامەتییەوە هەیە.
بەهۆی ئەو قەیرانەوە کە ئێستا ئێران لەگەڵیدا دەستەویەخەیە؛ لەناوچوونی نەوەی یەکەمی شۆڕش و، نزیکبوونەوەی نەوەی دووم لە نووکی هەڕەمی دەسەڵات و، بە سەرنجدان بە گەورەبوونەوەی بارستاییی دامەزراوە چاودێرییەکان، لە ڕوانگەی ڕیفۆرمخوازان و لایەنگرانی حکوومەتی یاساتەوەرەوە، ئێران پێویستی بە ڕیفۆرمی ڕیشەیی لە دەستووردا هەیە. بەڵام دەستوور مافێکی وایان پێ نادات و لەو بارەیەوە دەبێ پێش هەموو شتێک، ڕێبەر ڕەزامەندی دەرببڕێت.
ئێستا لە ئێران سێ ڕوانگەی جیاواز دەربارەی دەستوور هەیە. ڕوانگەی یەکەم: نوخبە دەسەڵاتدارەکانن کە بەتەواوی دژی هەر چەشنە گۆڕانێکی دەستوورن. ڕوانگەی دووەم: خوازیاری گۆڕانی ڕیشەییی دەستوورن. ڕوانگەی سێیەم: لەناو نیزامدان، بەڵام خوازیاری گۆڕانی حەکیمانەی دەستوورن، بە چەشنێک کە لەگەڵ هزری ڕیفۆرمخوازانەیان یەک بگرێتەوە.
یەک. ڕیفۆرم لە ناوەوە: محەمەد خاتەمی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، یەکێک لە تیۆریدانەران و بناغەداڕێژانی لایەنی ڕیفۆرمخوازە. خاتەمی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە باشترین ڕێگەی گۆڕانی بارودۆخ و باشکردنی ڕەوشەکە، لەناو نیزامەوەیە و پێویستی بە گۆڕانی دەستوور نییە. بە باوەڕی خاتەمی “بە گەڕانەوە بۆ ڕۆح (و تەنانەت دەق)ی هەمان دەستوور، ڕیفۆرمێکی زۆر مەیسەر دەبێت.” ئەو، نەک هەر دژی هەموارکردنەوەی دەستوورە، بگرە سەبارەت بە ڕووخاندنی نیزامیش هۆشداری دەدات. چونکە ڕووخاندن گەلێک مەترسیی بۆ گەل و وڵات لێ دەکەوێتەوە. بەڵام دەکرێ تەنیا شێواز و ڕەفتار بگۆڕدرێت. پەیامی خاتەمی ڕۆژێک دوای ئەوە بڵاو بووەوە کە میرحسێن مووسەوی پەیامێکی بۆ پێویستیی گۆڕینی دەستوور و پێکهێنانی ئەنجومەنی دامەزرێنەران بڵاو کردەوە.”[٢٦]
بەڵام هاوکات، خاتەمی کۆمەڵیک پێشناری زانستیی بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور خستووەتە ڕوو و، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەو ڕێکارانە دەتوانن لە قەیرانی ئێستای وڵاتدا کرانەوەیەک بەدی بێنن؛ پێشنیارەکانی خاتەمی بریتین لە گرنگیدان بە یەکپارچەییی نیشتمانی، لەبەرچاوگرتنی هەموو ڕوانگەکان و سەلیقەکان و پێکهاتە ئیتنییەکان (ئەقوام) و کۆتاییهێنان بە ململانێکان و هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر ڕێبەرانی بزووتنەوەی سەوز و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و ڕاگەیاندنی لێبووردنی گشتی و چاکسازی لە میکانیزمی پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەزایان و چاکسازی لە ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور.[٢٧]
ئەو لایەنەی کە ویلایەتی فەقیھ و پێکهاتەی ئێستای حکوومەتی قبووڵە، هەوڵ دەدات لە ناوەوە ڕەفتاری نیزام بگۆڕێت و بەتەمای ئەوە نییە بەگژ حکوومەتدا بچێتەوە و باوەڕی بەوە هەیە کە هەر چەشنە هەنگاوێکی شۆڕشگێرانە، ئەگەری ئەوەی هەیە کە یەکپارچەییی وڵات و ئاسایشی نیشتمانی بخاتە بەردەم مەترسییەوە.
دوو. چاکسازیی ڕیشەیی و گۆڕینی دەستوور: لە هەمان ساڵی ١٩٨٩ی زایینییەوە کە هەموارکردنەوەیەک لە دەستووردا کرا، کەسانێک خوازیاری گۆڕانی دەستوور و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ڕێبەر بوون؛ چونکە لە دەستووری هەموارکراودا دەسەڵاتێکی زۆر بە ڕێبەر درابوو و وشەی “ڕەها” لە دەستەواژەی ویلایەتی فەقیھ زیاد کرابوو. بێجگە لەوە، دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور، ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام و دەسەڵاتی دادوەری کە هەموویان لەژێر چاودێریی ڕێبەریدا بەڕێوە دەبرێن، زیاد کرابوو. لە ئەنجامدا، بەکردەوە هیچ دامەزراوەیەک دەسەڵاتی چاودێریی بەسەر ڕێبەری و دامەزراوەکانی ژێر چاودێریی ئەوییەوە نەبوو. لەسەر ئەم بنەمایە، بەشێکی زۆری بیرمەندان و سیاسەتکارانی ئێرانی بەو ئەنجامە گەیشتن کە نیزامی ویلایەتی فەقیھ بەبێ گۆڕانی دەستوور و دیاریکردنی ساڵانی خولی ڕێبەری و کەمکردنەوەی دەسەڵاتە ڕەهاکانی کە دەستووری ئێستا پێی بەخشیوە، خۆی بەدەست هەموارکردنەوەوە نادات.
لەم بوارەدا، بەشێکیان، لەوانە مستەفا تاجزادە داوا دەکەن دووبارە پێداچوونەوە بە دەستووردا بکرێت و ناوی پێگەی ڕێبەری لە دەستووردا لا ببەن. مستەفا تاجزادە، کەسایەتییەکی ڕیفۆرمخوازە کە لە سەردەمی خاتەمیدا جێگری ئەمنی و سیاسیی وەزارەتی ناوخۆی لە ئەستۆ بوو. ئەو، پێشنیار دەکات پێگەی ڕێبەری و سەرۆکایەتیی کۆمار تێکەڵ بکرێن و ڕێبەر ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێت و بە لانی زۆرەوە دوو خول بتوانێت لە پێگەی ڕێبەریدا بمێنێتەوە. تاجزادە لە وەڵامی بەشێک لەو توندڕۆیانەدا ئەم باسەی هێنایە گۆڕێ کە داوایان دەکرد نیزامی سەرۆکایەتی بۆ نیزامی پەرلەمانی بگۆڕدرێت.[٢٨]
تاجزادە لە وتارێکی دیکەدا خاڵە لاوازەکانی دەستووری ئێستا دەخاتە ڕوو و بەو ئەنجامە دەگات کە ئەو کەموکوڕییانەی دەستوور بەبێ لادانی پێگەی ڕێبەری مەیسەر نابێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە، خاڵە لاوازەکانی دەستووری ئێستا بریتین لە: ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان، لەوانە مافە سیاسی و مەدەنییەکان، هەروەها مافە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و، مافی کەمینەکانیش بەدروستی لە دەستووردا گەرەنتی نەکراوە. هەروەها نەبوونی ئەو شێواز و یاسایانەی کە ئازادیی حزبەکان، ڕێکخراوەکان، سەندیکاکان و کۆبوونەوە دوور لە توندوتیژییەکانی خەڵک گەرەنتی بکات. دەزگەی دادوەری لە ئێران سەربەخۆییی نییە و وەکوو کەرەستەیەک لەژێر دەسەڵاتی ڕێبەردایە. چاودێریی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور کە ئەندامەکانی لەلایەن ڕێبەرەوە هەڵدەبژێردرێن لەسەر هەڵبژاردنە جیاوازەکان؛ لە کاتێکدا دەبێ ئەم کارە بە کۆمیسیۆنێکی نیشتمانیی هەڵبژاردن بسپێردرێت. جیاکاریی ئایینزایی، ڕەگەزی و زایەندی (جسنیەتی) لە بەدەستهێنانی مافە سیاسییەکان هەیە و لە دەستووردا بەربەست بۆ دەستێوەردانی هێزە سەربازییەکان لە کاروباری سیاسی و ئابووری و کەلتووریدا دانەنراوە و سزای بۆ دیاری نەکراوە. کاروباری پەیوەندیدار بە یاسادانانەوە، دەبێ لە دەسەڵاتی مەجلیسی شوورای ئیسلامیدا بێت؛ نەک بکرێتە بەرپرسیارێتیی دامەزراوە یاسادانەرەکانی وەکوو ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور و ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام کە لەلایەن ڕێبەرەوە دیاری دەکرێن. دانانی سیاسەتە گشتییەکانی نیزام، دەبێ لە دەسەڵاتی مەجلیسی هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵک و حکوومەتدا بێت. بەڵام لە نیزامی ئێراندا ئەو دەسەڵاتانە بە ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام سپێردراوە و ئەم کارەیش لەگەڵ بنەما دیموکراتیکەکان ناکۆکە.[٢٩]
لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینی، مەهدی کەڕوبی، یەكێک لە ڕێبەرانی ڕیفۆرمخواز کە لە ساڵی ٢٠١١وە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر كراوە، جەختی لەسەر پێداچوونەوەی دەستوور کرد تاکوو پاوانکردنی دەسەڵات کۆتایی بێت و هاوبەشیی گەل گەرەنتی بکرێت. ئەو هۆشداریی بە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایان دا کە کەمتەرخەمیی ئەوان لە چاودێریکردن بەسەر ڕێبەریدا خیانەتە لە ئامانجەکانی شۆڕش. کەڕوبی هەروەها داوای لە ئەنجومەنی شارەزایان کرد، بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەی سێ دەیە حکوومەتی خامنەیی بارودۆخی ئێرانی تووشی ئاڵۆزی کردووە، لێپرسینەوەی لەگەڵ بکەن.[٣٠]
میرحسێن مووسەوی، ڕێبەری بزووتنەوەی سەوزیش لە ٤ی فێبریوەریی ٢٠٢٣ بەیاننامەیەکی لەژێر سەرناوی “بۆ ڕزگاریی ئێران” بڵاو کردەوە و تێیدا نوخبە دەسەڵاتدارەکانی لە بەرانبەر “شێوازە سەرکوتکەرەکان لە جیاتی گفتوگۆ و ڕازیکردن”، “درزی چینایەتی”، “گەندەڵیی بەربڵاو لە دامەزراوەکانی پارە و داراییدا”، “زەبروزەنگی بەربڵاوی کەلتووری” و “سەرکوتی دڕندانەی ژنان”دا بە بەرپرس لە قەڵەم دا. مووسەوی لە نامەکەیدا بەو ئەنجامە گەیشتووە کە ئەم ستراتیژییە “بۆ خەڵکی ئێمە دەری خست کە جێبەجێکردنی دەستوور بەبێ هیچ سازشێک، وەکوو دروشمێک کە سێزدە ساڵە دڵی پێ خۆش دەکرا، ئیتر کارساز نییە و دەبێ هەنگاوێک لەوە بەولاوەتر بنرێت.”
مووسەوی بەپێچەوانەی خاتەمی و هاوفکرەکانییەوە کە ڕیفۆرمخوازیی هەنگاو بە هەنگاو بە ڕێگەچارە دەزانن، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئێران پێویستی بە کۆمەڵێک ڕێگەچارەی بنچینەیی هەیە.
“ئێران و ئێرانییەکان پێویستیان بە گۆڕانێکی بنچینەیی هەیە و بۆ ئەوەیش ئامادەن و هێڵە سەرەکییەکانیشی لەلایەن بزووتنەوەی بێگەردی “ژن، ژیان، ئازادی”یەوە دیاری دەکرێت. ئەم سێ وشەیە تۆوی داهاتوویەكی ڕووناکن؛ داهاتوویەکی هەڵپاچراو لە ستەم و هەژاری و سووکایەتیپێکردن و جیاکاری. ئەمانە سێ وشەن کە لەگەڵ خۆیان مێژوویەک لە جموجۆڵ و هزرین و خەبات و ئارەزوو هەڵدەگرن؛ لەنێویاندا “ژن” لە گشتی هیوابەخشترە، چونکە لەنێو ئێمەدا بەختەوەری و خێری گشتی بەدەست ناکەوێت و خەباتە گەورە کۆمەڵایەتییەکان سەر ناکەون، مەگین ئەوەی کە ژن و پیاو شان بە شانی یەک هەوڵی بۆ بدەن، هیچ خەباتێکیش نییە کە بەم مەرجەوە سەر نەکەوێت.” لێرەدا مووسەوی هەوڵ دەدات ڕاپەڕینی ئێستای ژنانی ئێرانی کە چەند مانگێك لەمەوپێش بۆ وەلانانی حیجابی زۆرەملێ دەستی پێ کردەوە، بەکار بێنێت و ویستی خۆی دەربارەی گۆڕانی بنچینەیی لە چییەتیی نیزامدا بێنێتە گۆڕێ. وا دیارە بیرکردنەوەی سیاسیی ئەو لەگەڵ شێوازەکەی خاتەمی بەتەواوی جیاوازە. خاتەمی ڕەوشی گفتوگۆ و چاکسازی لە ناوخۆدا پێشنیار دەکات، کەچی مووسەوی ڕێگەی شۆڕشگێڕانە و ڕاپەڕین و گۆڕانی بنچینەیی بە کارساز دەزانێت.
پاشان ئەو بۆ دەرچوونی ئێران لەو قەیرانەی ئێستای، کۆمەڵێک پێشنیار دەخاتە ڕوو کە بریتین لە: بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم بۆ پێویستیی پێداچوونەوەی دەستوور، یان دانانی دەستوورێکی نوێ و پێکهێنانی ئەنجومەنی دامەزرێنەران لە نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵک لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاکدا[٣١]. مووسەوی نەک هەر داوای پێداچوونەوە، یان گۆڕانی دەستوور دەکات، بگرە بە هیچ شێوەیەک ئەنجومەنی پێداچوونەوەی دەستووری ئێستای قبووڵ نییە و خوازیاری پێکهێنانی ئەنجومەنی دامەزرێنەرە “لە نوێنەرانی ڕەستەقینەی گەل”!
بەڵام دەستوور جێبەجێکردنی هەمووی ئەم کاروبارەی، بەستووەتەوە بە ویستی ڕێبەر و نوخبە ئایینییە دەسەڵاتدارەکانەوە. کەواتا هەر چەشنە گۆڕانێکی بنچینەیی تەنیا لە ڕێگەیەکی بەدەر لە چوارچێوەی دەستوورەوە دەلوێت و ئەمەیش لە داهاتوویەکی نزیکدا زۆر بەدوور دێتە بەرچاو.
ئەنجام
دەتوانین بڵێین لە ڕۆژی دوای خامنەیی کە نوخبە دەسەڵاتدارەکان دەگۆڕدرێن و بەڕێوەبردنی وڵات لە نەوەی یەکەمی شۆڕشەوە بە نەوەی دووەمی شۆڕش دەسپێردرێت، نەوە نوێیەکان، واتا نەوەکانی دووەم و سێیەم و نەوەی سەرەتای هەزارەی سێیەمی زایینی خۆیان دەردەخەن و، ئێران لە ئاستی بیرکردنەوەکان و سیاسەتەکاندا گۆڕانێکی بەرفراوان ئەزموون دەکات. بەڵام هاوکات نوخبەکانی داهاتوو بۆ بەهێزکردنی ڕەواییی خۆیان و دانانی هاوسەنگی لە ململانێی نێوان دامەزراوە جیاوازەکان و بەڕێوەبردنی دەزگەی بیرۆکراسی کە لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینییەوە گەشەی کردووە و تا ئێستا تێربەز بووە، هەوڵ دەدەن شێوازی بناغەدانەرانی نیزام، بکەن بە سەرمەشقی خۆیان. بەڵام ئەو ئەگەرەیش هەیە کە لە ئەنجامی گۆڕانی بیرکردنەوەکان و سیاسەتەکاندا نوخبە نوێیەکان هەوڵ بدەن لە ئاستی ناوچەکەدا شێوازێکی کردەوەخوازانەتر [پڕاگماتیكتر] ڕەچاو بکەن و تێکهەڵچوونی ئێران لە ناوچەکەدا کەم بکەنەوە و، هەوڵ بدەن ڕەزامەندیی توێژە پەراوێزخراوەکانی ناوخۆ، وەکوو ژنان، لاوان، پێکهاتە ئیتنییەکان (ئەقوام) و ئایینزا جیاوازەکان بەدەست بێنن. ئەگەری ئەوەیش لە گۆڕێیە کە ئەو سیاسەتانە بۆ ماوەیەکی درێژ پەیڕەو بکرێن، واتا نیزام ئەو بابەتانە بپەژرێنێت و ئەوە بکاتە ستراتیژیی خۆی. لە لایەکی دیکەیشەوە لەوانەیە ئەم بابەتانە لە ڕووی کردەوەخوازی و بەرژەوەندیخوازییەوە لە ماوەیەکی دیاردا پەیڕەو بکرێن تاکوو بارودۆخی ناخۆیی و دەرەکی، خۆی دەگرێتەوە.
بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕی، کە ئاخۆ تیۆریی ویلایەتی فەقیھ وەکوو تیۆریی حکوومەتی ئێران هەر دەمێنێت؟ لە وەڵامدا بەبێ ئەوەی تەنیا ئەگەرەکان بینینە گۆڕێ، دەڵێین، بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی ئێستا، بە ئەگەری زۆرەوە ویلایەتی فەقیھ وەکوو تیۆریی حکوومەتی لە ئێراندا هەروا دەمێنێتەوە. چونکە ویلایەتی فەقیھ بەشێکە لە جەوهەر و چییەتیی شۆڕش و لە دەستووریشدا ڕوون کراوەتەوە و، بگرە بنەمای ویلایەتی فەقیھ لە سەرووی دەستووریشەوەیە. ئەگەر کاتێک بێت و نوخبەکان دەست بۆ پێداچوونەوەیەکی بچووکیش لە دەستووردا ببەن، بنەمای ویلایەتی فەقیھ قابیلی گۆڕان نییە. حەوزەی زانستیی شیعەیش لەسەر ئەو بنەمایە چڕ بووەتەوە و زۆر باسی لەسەر کردووە. لە دەیەکانی ڕابردوودا، لە سایەی ویلایەتی فەقیھدا و بەپێی هەمان تیۆری، تۆڕێکی پەیوەندیی ئایینی، سیاسی و ئەمنی پێک هاتووە و دوای ساڵی ١٩٧٩ی زایینی، ویلایەتی فەقیھ وەکوو هێمای ڕەوایی (شەرعییەت) باسی لێوە کراوە. لە ئەنجامدا، دەتوانین بڵێین تاکوو ئەو کاتەی دەربارەی ئەو بژارە عەقڵانییانە دەدوێین کە ئەگەری هاتنەگۆڕێیان هەیە، ویلایەتی فەقیھ لە جەرگەی ئەو بژارانەدایە. بەڵام ئەگەر باسی ڕووداوی چاوەڕواننەکراو و پێشبینینەکراوی وەکوو شۆڕش دژی نیزامی ئێستا، یان کودەتا بێتە گۆڕێ، ئەوە بابەتەکە بەتەواوی جیاوازە و لە چوارچێوەی ئەو سیناریۆ عەقڵانی و ڕاستەقینە بەردەستانەی بابەتی ئەم توێژینەوەیەدا ناگونجێت. ناشبێت ئەوەمان لەبەرچاو نەبێت کە تیۆریی ویلایەتی فەقیھ سەرەکیترین پێوەری هەڵبژاردنی ڕێبەری داهاتوو و دیاریکردنی شێوازی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی ئەوە و، پێوەریشە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕێژەی وەفاداریی ئەو بە شۆڕش و پابەندبوونی بە ناسنامە و شوناسی نیزامی سیاسیی دوای شۆڕش. بەڵام دەربارەی ڕێبەری داهاتووش، دەبێ ئەوە بڵێین کە بە ئەگەری زۆرەوە یەکێک لەو کەسانەی کە لەم توێژینەوەیەدا ناومان هێنان، وەکوو ڕێبەر هەڵدەبژێردرێت و درێژە بە هەمان شێوازی سیاسیی ئێران دەدات کە لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینییەوە تا ئێستا بەردەوام بووە و، بێ گومان، ڕێبەری داهاتوو بە هەمان شێوازی خومەینی و خامنەیی وەفادار دەبێت. هەروەکوو پێشتریش ئەزموون کراوە، لانی کەم لە خولی یەکەمدا هەوڵ دەدات دەوڵەتمەداری بکات بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی وڵات –وەکوو ئەوەی کە پێشتر ڕووی داوە- کەسایەتییەکی لێ دروست بکەن و بانگەشە بۆ زاناتربوونیشی بکەن.
سەرچاوە:
[1] – بڕیارە شەرعییەکان بەسەر سێ بەشدا دابەش دەبن. یەکەم: بڕیاری یەکەم کە بڕیاری سەرەکییە. دووەم: بڕیاری دووەم کە بڕیاری لاوەکییە و، تەنیا کاتێک کار بە بڕیاری دووەم دەکرێت کە پەیڕەوی لە بڕیاری یەکەم مومکین نەبێت. بڕیاری دووەم درێژەی بڕیاری یەکەمە و، هەر کاتێک جێبەجێکردنی بڕیاری یەکەم تووشی گرفت ببێت، نۆرەی بڕیاری دووەم دێت. جیاوازیی نێوان بڕیاری یەکەم و بڕیاری دووەم لەوەدایە کە بڕیاری یەکەم تاهەتایی و هەمیشەیییە، کەچی بڕیاری دووەم کاتییە. بەڵام بڕیاری سێیەم، بڕیاری ویلایی، یان هەمان بڕیار (حوکم)ی حکوومەتییە و مەبەست لە هەمووی ئەو بڕیارانەیە کە وەلیی فەقیھ بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی موسڵمانان دەریان دەکات. ئەو بڕیارانە بریتین لە دانانی یاساکان و ڕێنوێنییە گشتییەکانی وڵات، جێبەجێکردنی بڕیارەکان و یاسا شەرعییەکان لە بواری کاروباری کۆمەڵایەتیدا. خومەینی بڕیاری حکوومەتی (حوکمی حکوومەتی)ی لە ڕێزەی بڕیاری یەکەمدا داناوە: “ویلایەتی فەقیھ و بڕیارە ویلایییەکان لە بڕیاری یەکەمن.” ر.ک : علي حب الله، دراسات في فلسفة أصول الفقه، (بيروت: دار الهادي، 2005م)، ص516.
[2] -ر.ک: القاضي أبو بكر الباقلاني، جزء من التقريب والإرشاد، تحقيق عدنان العبيات، (الكويت: أسفار لنشر نفيس الكتب، 2022م)، ص397. والجويني: كتاب التلخيص في أصول الفقه، (بيروت: دار البشائر الإسلامية، 1996م)، 3/ 466. والغزالي، المستصفى من علم الأصول، (بيروت: مؤسسة الرسالة، 2015م)، 2/ 405.
[3] – ر.ک: سعيد منتظري، نقد الذات، مترجم: فاطمة الصمادي، بازنگری: صادق العبادي، (بيروت: المركز العربي للأبحاث ودراسة السياسات، 2019م)، ص128- 129.
[4] -همان، ص139- 140، وص150.
[5] -ر.ک: محمد الصياد، نظرية الأعلميَّة في الفكر الشيعي وأزمة اختيار الولي الفقيه، 18 جولای 2018م (تاريخ بازدید: 03 آوریل 2023م). https://bit.ly/40TYbHJ
[6] -سعيد منتظري، همان، ص130.
[7] -لندا س. والبرج ”تحري”، الأعلم بين الشيعة دارسة في مؤسسة مرجعية التقليد، (بيروت: المركز الأكاديمي للأبحاث، 2017م)، ص400- 401.
[8] -نقد الذات، 129.
[9] – القدس العربي، أوليفييه روا في شوارع طهران.. صور من العالم الدنيوي، 09 جولای 2021م (تاريخ بازدید: 04 آوریل 2023م). https://bit.ly/3lWCzMf
[10] -الشرق الأوسط، قراءة في الدستور الإيراني، همان.
[11]-مجلس خبرگان باید انقلابی بماند/ مقایسه رفتار نجیبانه رای نیاورندگان انتخابات اخیر با رفتار نانجیبانه فتنه گران ۸۸/ نبودن آقایان مصباح ویزدی برای مجلس خبرگان خسارت است، (20 اسفند 1394 هـ. ش)، تاريخ بازدید: 28 می 2023.
https://cutt.us/1voHX
[12] -نقد الذات، همان، ص131.
[13] -الشرق الأوسط، قراءة في الدستور الإيراني (2- 3)، 10 ژانویه 2016م، (تاريخ بازدید: 19 مارس 2023م). https://bit.ly/3ToIqpO
[14] -ر.ک: محمد الصياد، ّ أيدولوجيا الحرس الثوري: الأدوار والتوجهات وتحولات البنية العقدية، مجله الدراسات الإيرانية، سال سوم شماره ده، اکتبر 2019م، الرياض، ص29- 48.
[15] – ر.ک: الشرق الأوسط، قراءة في الدستور الإيراني (1-3)، 09 ژانویه 2016م، (تاريخ بازدید: 19 مارس 2023م). https://bit.ly/40kj5zo
[16] -الجزيرة نت، مجلس تشخيص مصلحة النظام، 20 آوریل 2015م، (تاريخ بازدید: 07 می 2023م)،https://bit.ly/3M0nALc
[17] -الجزيرة نت، لهذه الأسباب بقي نجاد واستبعد روحاني من تشكيلة مجمع تشخيص مصلحة النظام بإيران، 22 سپتامبر 2022م (تاريخ بازدید: 07 می 2023م)، https://bit.ly/3NLGSp9
[18] -الشرق الأوسط، قراءة في الدستور الإيراني، همان.
[19] -إيران واير، گزارش: آیت الله شدن یک شبه رئیسی وانتظار برای القاب بعدی، 23 ژوئن 2021م (تاريخ بازدید: 23 مارس 2023م). https://bit.ly/409r2rE
[20] -دور منطقی: دور، از اصطلاحات علم منطق بوده و به معنی توقف وجودى دو چيز بر همديگر می باشد. مانند توقف الف بر باء و توقف باء بر الف.
[21] -ر.ک: راديو فردا، رئیسی؛ «سیاست مشت آهنین» وتلاش رای نزدیکی به کرسی رهبری، 08 سپتامبر 2019م (تاريخ بازدید: 04 آوریل 2023م). https://bit.ly/2m678Qc
[22] -راجع: iran-tc: آیا مجتبی خامنه ای در جانشینی رهبر ایران نقش خواهد داشت؟، 14 فوریه 2021م (تاريخ بازدید: 28 مارس 2023م). https://bit.ly/42Ntztm
[23] -بی بی سی فارسی، میرحسین موسوی درباره موروثی شدن رهبری در ایران هشدار داد، (18 مرداد 1401ه.ش)، تاريخ بازدید: 29 می 2023. https://cutt.us/Nj3Yn
[24] -رصانه، کنار زدن برادران لاریجانی از رقابت بر سر نفوذ در ایران، 01 ژوئن 2021م (تاريخ بازدید: 27 مارس 2023م). https://bit.ly/3FPEZ5Z
ر.ک: رصانة، صراعات رجال الدين في إيران.. اتهامات متبادلة بالفساد، 25 آگست 2019م (تاريخ بازدید: 27 مارس 2023م). https://bit.ly/2Zp04jM
[25] -انصاف نيوز، عضو خبرگان پاسخ می دهد: قائم مقامی رهبری قابل احیاست؟، 02 ژون 2020م (تاريخ بازدید: 08 ژوئن 2023م).
bit.ly/3CjCZAK
[26] – بي بي سي فارسي، محمد خاتمی: برای اصلاحات نیازی به تغییر قانون اساسی نیست، مردم حق دارند نومید شوند، 03 فوریه 2023م (تاريخ بازدید: 20 می 2023م). https://bbc.in/3YkHML8
[27] -صدای آمریکا، خاتمی: اصلاح طلبی به «صخره» برخورد کرده؛ مردم از نظام ناامید شده اند، 05 فوریه 2023م (تاريخ بازدید: 10 می 2023م). https://bit.ly/3DDJCib
–[28] پیشنهاد تاج زاده برای ادغام ریاست جمهوری و رهبری راديو فردا، (3 فررودين 1398هـ.ش)، تاريخ بازدید: 31 می 2023 https://cutt.us/YmEsd
[29] – زيتون، تاجزاده و لزوم بازنگری قانون اساسی با حذف ولایت فقیه، (15 بهمن 1401هـ.ش)، تاريخ بازدید: 31 می 2023م. https://cutt.us/JnNBK
[30] – کروبی: کوتاهی در مقابله با خودکامگی رهبر خیانت است، (11 شهريور 1397هـ.ش)، تاريخ بازدید: 31 می 2023م.
https://cutt.us/wxO5g
[31] -وبسايت كلمة در تلگرام، “برای نجات ایران” (4 فوریه 2023م)، تاريخ بازدید: 29 می 2023. https://bit.ly/3HBMzRN
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟… زیاتر
نووسەر: مایکڵ نایتس وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە… زیاتر
ئالان بههائهددین عهبدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سهڵاحهددین پێشەکى نزیکەى پازدە… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق گەڕانەوەی دۆناڵد… زیاتر
ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی… زیاتر
ن: یۆرۆنیوز وەرگێڕانی: پێنووس ڕەنگە ماوەی ئێستا تا دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی… زیاتر