بەرهەمی هزری

حکوومەت و نیشتمان تێکەڵ بە یەکدی مەکەن!

نووسینی: “ڕابێرت فێسک” (١٩٤٦-٢٠٢٠)*

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: د. سەردار قادر

 ئایا دەزانن کە ماڵی عەرەبەکان لەوپەڕی پاکژیدان، بەڵام شەقامەکانیان پێچەوانەى ماڵەکانیانە. هۆکارەکەى ئەوەیە کە عەرەبەکان هەست بەوە دەکەن کە خانوو و ماڵێکیان هەیە، بەڵام هەست بەوە ناکەن کە نیشتمانێکیان هەبێت. ئایا هەر بەڕاست بۆیە شەقامەکانمان پیس و بۆگەنن، چونکە هەست ناکەین کە نیشتمانێکمان هەیە؟

ئەى باشە هۆکارەکە چییە؟

ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار:

یەکەم: ئێمە چەمک و تێگەیشتنمان بۆ نیشتمان و حکوومەت تێکەڵی یەکدی کردووە، وای دەبینین کە هەردووکیان یەکن؛ ئەمەیش لە خۆیدا کارەساتە. حکوومەت بریتییە لە کارگێڕییەکى سیاسی بۆ وادەیەکی کورت لە تەمەنى نیشتمان؛ هیچ حکوومەتێک تا سەر نامێنێتەوە، بەڵکوو دەڕوا و دەگۆڕێت. بەڵام نیشتمان بریتییە لە مێژوو، جوگرافیا و ئەو خاکەى کە ئێسک و پروسکی باوان و باپیرانمانى لەخۆ گرتووە؛ ئەو درەختانەیە کە بە ئارەقەى ئەوان پاراو بوون. نیشتمان هزر و كتێبە؛ نەریت و ئاکارە.

هەر بۆیە هەموو کەس مافی ئەوەى هەیە کە ڕقی لە حکوومەت بێتەوە و خۆشی نەوێت، بەڵام مافی ئەوەى نییە کە ڕقی لە نیشتمان بێتەوە. کارەساتی لەوەیش گەورەتر ئەوەیە، کاتێک حکوومەت و نیشتمان تێکەڵی یەکدی دەکەین، وای بۆ دەچین کاتێک نیشتمان خەسارەت و تەلەف بکەین، بەو کارەمان گوایە تۆڵە لە حکوومەت دەکەینەوە؛ بە شێوەیەک بڵێی کە نیشتمان هیی حکوومەتە و هیی ئێمە نییە.

باشە پەیوەندیى حکوومەت بەو شەقامەوە چییە کە من و تۆ پێیدا دەڕۆین و تێ دەپەڕین؟ پەیوەندیی حکوومەت چییە بەو زانکۆیەى کە تێیدا مناڵەکەى من و تۆ فێرى زانست دەبن؟ پەیوەندیی چییە بەو نه‌خۆشخانە‌ی کە چارەسەرى خێزانەکەى من و تۆى تێدا دەکرێ؟ ئەو شتانە موڵکی ئەوانە نییە کە بەڕێوەى دەبەن و سەرپەرشتى دەکەن، بەڵکوو موڵکی ئەوانەیە کە بەکاری دەهێنن و لێی سوودمەند دەبن. ئێمە لە ڕاستیدا بەو شێوەیە تۆڵە لە نیشتمان دەکەینەوە، نەک لە حکوومەت؛ حکوومەتەکان بە شێوەیەکی تر سزا دەدرێن، ئەگەر ئێمە بەڕاستى نیشتمانمان خۆش دەوێت.

دووەم: هۆکارى دووەم ئەوەیە، کە کەلتوورى خاوەندارێتى و موڵکی گشتی لامان ونە و نیمانە؛ تەنانەت بەو شێوەیەى کە جۆرێک لە شیزۆفرینا و دژوارى لە کەسێتیماندا هەیە. هەر ئەو کەسەى کە تەنانەت ئاودەستى ماڵەکەى زۆر بە پاکژى ڕادەگرێ، هەر ئەو کەسەیە کە خۆڵ و خاشاک فڕێ دەداتە ناو ئاودەستى گشتى لەسەر شەقامەکان و فەرمانگەکان. هەر ئەو کەسەى کە لەسەر مێز دادەنیشێ لە ماڵەوە و دەیپارێزێ، کەچى هەر ئەو کەسەیە کە ناوى خۆى لەسەر کورسیی دانیشتنى قوتابخانە و زانکۆ هەڵدەکۆڵێ.

ئەو باوکەى کە داوا لە کوڕەکەى دەکات بەوەى بە سیسته‌مى ماڵەوە پابەند بێت، هەر خۆیشیەتى کە تاقەتى نییە و پابەند نابێ لە ڕیزێکدا بوەستێ تا نۆرەى دەگاتێ. ئەو دایکەى کە ڕازی نییە تەنیا یەک وانەیش لە کوڕەکەى بە زایە بڕوات لە زانکۆ، هەر ئەویشە کە لە دەوامى فەرمانگەکەى، خۆى دەدزێتەوە و ڕا دەکا!

پوختەى گوتە ئەوەیە:

پێمان خۆش بێت یان نا، حکوومەت نیشتمان نییە؛ گرفتەکانیشمان بە وێرانکردنی نیشتمان، لەگەڵ حکوومەت چارەسەر نابن. ئەو گەلەى کە تۆڵە لە نیشتمان دەکاتەوە بەوەى کە حکوومەتێکی خراپی هەیە، شایەنى حکوومەتێکی باشتر نییە. پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونمان بەوە پێوانه‌ ناکرێ، کە ئێمە تا چەند باخچەى ماڵەکانمان پاکژن، بەڵکوو بەوە پێوانە دەکرێ و دەردەکەوێ کە تاچەند پاکژیى باخچە گشتییەکان دواى دانیشتن و حەسانەوەمان تێیاندا، دەپارێزێن.

ئەگەر لە حاڵى خۆمان تێڕامێنین، دەبینین کە خۆمان دوژمن و ناحەزى خۆمانین، بەوەى کەس هێندەى خۆمان خراپە دەرهەق بە نیشتمانەکەمان ناکات، بەقەدەر ئەوەى کە خۆمان دەیکەین. بەڕاستى دروستیان گوتووە: مرۆڤ پێویستى بە شەقامى پاکژ نییە، تا ڕێزلێگیراو بێ، بەڵام ئەوە شەقامەکانن کە پێویستیان بە خەڵکانى بەڕێز هەیە تا بە پاکژى بمێننەوە.

* “ڕابێرت فێسک” (Robert Fisk) لە 28ى کانوونی یەکەمى ساڵی 2018 ئەو وتارەى بڵاو کردۆتەوە. یەکێکە لە ڕۆژنامەنووسە هەرە بەناوبانگەکانى جیهان؛ ئەوەى کە زۆر باش خەڵکی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەناسێ، سی ساڵ لەناویاندا ژیاوە و لە بەیرووت نیشتەجێ بوو. ئەو پەیامنێرى ڕۆژنامەى ئیندپێندێنتى بریتانی بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێکیشە لە ڕۆژنامەنووسە دەگمەنەکان. لە ساڵى 1983 لە زانکۆى ترینیتی لە دیبلن لە پسپۆریى زانستە سیاسییەکاندا بڕوانامەى دکتۆراى وەرگرتووە، لە هەمان کاتدا چوار بڕوانامەى دکتۆراى فەخرى لەلایەن هەر یەک لە زانکۆکانى: Kent، Trinity College، Ghent، St Andrews، پێبەخشراوە. خەڵاتى ڕێزلێنانى Lannan Cultural Freedom Prize ، Premi Godó de Periodisme وەرگرتووە. ئەو لە 12/7/1946 لە شانشینی یەکگرتووى بریتانیا لەدایک بووە و لە 30/10/2020 لە دبلن کۆچی دواییی کردووە.

سەرچاوە:

https://www.albawaba.com/ar

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

ڕێبەری یان مەرجەعییەت؟ داهاتووی شیعە لە تاقیکردنەوەی پاش خامنەییدا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق دەسپێک نەمانی "ئایەتوڵڵا… زیاتر

5 days ago

سووریای ئومەوی و عێراقی شیعی؛ ململانێی مێژوو لە ئاوێنەی جیۆپۆلیتیكی نوێدا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق دەسپێک کەوتنی ڕژێمی… زیاتر

2 weeks ago

شکاندنی دیوارەکان؛ عێراق لەبەردەم گۆڕانکارییە نوێیەکانی سووریادا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق ئاڵوگۆڕە خێرا… زیاتر

2 weeks ago

سعوودیا لە بەرامبەر ئیماراتدا؛ ڕەهەندە نادیارەکانی قەیرانی کەنداو

نووسەر: "محەمەد ئەیوب" (Mohammed Ayoob)* وەرگێڕان و ئامادەکردن: پێنووس لە کاتێکدا ئەگەری بەرپابوونی پێکدادانی سەربازیی… زیاتر

3 weeks ago

ئەگەر جەنگ لەگەڵ ئێران ڕوو بدات، چۆن دەبێت؟

نووسەران: ئارەش ڕەئیسی نژاد و ئارشام ڕەئیسی نژاد ڕەنگە واشنتۆن و تاران لە هەموو کاتێک… زیاتر

3 weeks ago

کاریگەریى هاوکێشە سیاسییەکانى سووریاى 2026 لەسەر هەرێمی کوردستان

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران جووڵەیەکی دیپلۆماسیی خێرا و… زیاتر

4 weeks ago