جیك لینچ و دیتریش فیشێر
وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: ته‌حسین ته‌ها
ئایا ڕۆژنامه‌وانی ده‌توانێ له هه‌ناوی هه‌واڵی په‌یوه‌ندیدار به جه‌نگ و كوشتنه‌وه، جیهانی ئێمه هه‌نگاوێك له ئاشتی نزیكتر بخاته‌وه؟ ئایا له ته‌ك لاپه‌ڕه پڕ لایه‌نگره‌كانی كایه‌ی ته‌ندروستی له ڕۆژنامه‌كاندا، پێویستیمان به لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌ت به ئاشتی نییه؟ دوو یاداشتی خواره‌وه، وه‌ڵامگه‌لێك بۆ ئه‌م پرسیارانه ده‌خه‌نه ڕوو.
یاداشتی یه‌كه‌م
جیك لینچ
ڕۆژنامه‌وانیی ئاشتی، كاتێ دێته دی كه سه‌رنووسه‌رانی ڕۆژنامه‌كان و په‌یامنێران-له‌باره‌ی ئه‌و شته‌ی كه ڕاپۆرت ده‌كه‌ن و چۆنێتیی ڕاپۆرته‌كه‌یان- به هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كۆمه‌ڵه ده‌رفه‌تێك بۆ گشت كۆمه‌ڵگه بخوڵقێنن، تاكوو كاردانه‌وه‌كانی به‌دوور له توندوتیژی به‌نیسبه‌ت كێشهوبهره (شه‌ڕ و ناكۆكی) له‌به‌رچاو بگرن و به هه‌ندی وه‌ربگرن.
ئه‌گه‌ر خوێنه‌ران و موخاتهبهكان هه‌ل و ده‌رفه‌تی له‌م شێوه‌یان ده‌ست بكه‌وێ كه‌چی هێشتایش بڕیار بده‌ن كه جه‌نگ باشتره له ئاشتی، ئیتر ڕۆژنامه‌وانی، تا ئه‌و شوێنه‌ی كه ڕۆژنامه‌وانییه، كارێكی له‌ده‌ست نایه. له لای دیكه‌وه، لانی كه‌م به‌م هۆیه‌وه كه زۆربه‌ی جار كاردانه‌وه توندوتیژئامێزهكان به‌ئاسانی ده‌خه‌نه نێو هه‌واڵه‌كانه‌وه، دهروهستهیییهكیش كه له‌گه‌ڵیدا بگونجێ بوونی نییه، كه هه‌ڵسه‌نگاندنی دادپه‌روه‌رانه‌ی ئه‌م كاردانه‌وانه گره‌نتی بكات.
بۆچی وایه؟ ڕاپۆرتكردن به مانای ههڵبژاردنییهتی. بانگه‌شه‌ی ڕۆژنامه‌وانان ئه‌مه‌یه كه “ئێمه ته‌نیا واقعه‌كان ڕاپۆرت ده‌كه‌ین”، لێ ئه‌م واقعانه ته‌نیا كۆمه‌ڵێكن له گشت ئه‌و واقعانه‌ی كه له كرده‌وه‌دا هیچ سنوورێكیان نییه. ته‌نانه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌ی زۆری و بۆریی میدیای په‌یوه‌ندیی به‌كۆمه‌ڵدا، ئه‌و ده‌سته‌یه‌یش، ده‌بێ ئه‌وه‌نده كورت و بچووك بكرێته‌وه، تا له‌گه‌ڵ به‌شی هه‌واڵه‌كاندا بگونجێ. ڕۆژنامه‌وانان وه‌ك ئه‌و “گۆڵپارێزانه”ن كه ده‌بێ ڕێگه بده‌ن هه‌ندێ لایه‌نی واقع تێ په‌ڕن، تا ئه‌وان ده‌ركه‌ون، خۆیان نمایش بكه‌ن و بێنه به‌رچاوی خه‌ڵكی و؛ ئه‌وانی تر له تاریكی‌دا بهێڵنه‌وه.
ئه‌مه پڕۆسه‌یه‌كی به‌ڕێكه‌وت نییه. ئه‌و پارچانه‌ی كه وه‌لا ده‌نرێن هه‌میشه، یان به‌گشتی، جۆرێكن له قوماشێك، یان چه‌ند جۆرێكن له قوماشێك. هه‌واڵه‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌رچاوه فه‌رمییه‌كانیان پێ باشتره له سه‌رچاوه‌یه‌كی ناو “جه‌ماوه‌ر” و، ڕووداویان پێ باشتره له پرۆسه و، ڕكابه‌رییه‌كی دوولایه‌نه بۆ وه‌ده‌ستهێنانی باڵاده‌ستی وه‌كوو سه‌رمه‌شقی سه‌ره‌كیی كێشهوبهره، زیاتر په‌سه‌ند ده‌كه‌ن.
كاتێ كه ڕۆژنامه‌وانی وه‌كوو كاڵایه‌ك، به به‌رهه‌مهێنانی فراوان له كۆمه‌ڵگه به‌كاربه‌ره‌كاندا فرۆشرا و ڕووبه‌ڕووی ئه‌م گوشاره بووه‌وه كه خۆی وه‌ك “شتێك بۆ هه‌موو كه‌س” بنوێنێ، واته شتێك كه بتوانرێ پێشكه‌ش به خوێنه‌ران، بیسه‌ران و بینه‌رانی چاوه‌ڕوانكراو به هه‌ر ڕوانگه‌یه‌كی سیاسییه‌وه بكرێ، ئه‌م لهپێشتردانانانه (ئه‌وله‌وییه‌تانه)، یان لایه‌نگرییانه (ئاراستهوهرگرتنانه)، بووه به‌شێك له عورفی پیشه‌سازیی ڕۆژنامه‌وانی.
گواستنه‌وه له سه‌رچاوه فه‌رمییه‌كان – ده‌سته‌یه‌ك له سه‌رچاوه‌كان كه ڕێبه‌ری سیاسیی وڵاتێك له سه‌ره‌وه‌یدا جێی گرتووه- هه‌ر خۆی هه‌ڵبژاردنێك و ئهولهوییهتێكه، به‌ڵام پشتی به هۆیه‌ك به‌ستووه. “خه‌تا”ی ئێمه نییه كه ئه‌م كه‌سه له لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدایه: ئه‌و له لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا”یه” و، ته‌واو. “پێڕستكردن”، یان خووی باوی ڕۆژنامه‌وانی، به سنوورداركردنی ئاستی مشتومڕه‌كه بۆ بیروڕای جیاوازی نێوان حكوومه‌ت و به‌رهه‌ڵستكاران (ئۆپۆزیسیۆن)ی فه‌رمی – “ناته‌باییی ده‌سته‌بژێره‌كان”- ئه‌نجامه‌كه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌و كاته‌یه كه هه‌ڵبژاردنه‌كان به واقع پیشان ده‌ده‌ین.
ڕاپۆرتكردنی توندوتیژی به‌بێ به‌ده‌سته‌وه‌دانی پێشینه و بهستێنهكهی، خراپ ناساندنییه‌تی.
ئه‌ی سه‌باره‌ت به ڕووداو و پڕۆسه چی؟ ئه‌و هه‌واڵانه‌ی كه باس له ورده‌كاریی مردن و وێرانی به هۆی بۆمبێكه‌وه ده‌كه‌ن، جێی چۆن و چلۆن نییه. بێ گومان بۆمب ته‌قیوه‌ته‌وه. ژماره‌ی كوژراو و برینداره‌كان، له لایه‌ن سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراوی وه‌ك نه‌خۆشخانه و پۆلیسه‌وه پشتڕاست و دووپات كراونه‌ته‌وه. ئه‌و شته‌ی هه‌ر خۆی جێی مشتومڕه، لێكۆڵینه‌وه‌یه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه بۆمبچێنهران بۆچی ده‌ستیان بۆ كارێكی وا بردووه، چ پڕۆسه‌یه‌ك له كاروباره‌كان ئه‌وانیان بۆ ئه‌م كاره ڕاكێشاوه، چ ناعهداڵهتییهكیان ده‌رهه‌ق كراوه و چ پاڵنهرێكیان هه‌بووه.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به دوالیزمی ڕكابه‌رییه‌كه، كاتێ من په‌یامنێری بی بی سی بووم، هه‌موومان ده‌مانزانی كه كاری سه‌ركه‌وتووانه پێڕه‌وی ئه‌م ڕێسا و میتۆده‌یه: “له لایه‌ك…له لای تره‌وه…دواجار، ته‌نیا كات ده‌ری ده‌خات”. “هاوسهنگیڕاگرتن” و “گوێگرتن له هه‌ر دوو لا” شێوازێكی دروستی كاركردنه كه له گله‌یی و گازنده له “تاكلایهنهبینین”، یان هه‌بوونی مه‌یل بۆ لایه‌ك ده‌مانپارێزێ.
ڕۆژنامه‌وانیی جه‌نگ و دژهژههرهكهی
كه‌واته، به‌ڵگه‌ی به‌هێز هه‌ن كه بۆچی ئه‌مانه قه‌وڵ و قه‌راری زاڵن به‌سه‌ر ڕۆژنامه‌وانییه‌وه، به‌ڵام به‌گشتی ما‌نایان ئه‌وه ده‌بێت كه چوارچێوه‌ی باسوخواسه گشتییه‌كانی ڕۆژنامه‌وانی له‌باره‌ی پرسه مشتومڕئامێزهكانهوه، به شێوه‌یه‌كی گشتی ڕوویان له كاردانه‌وه توندوتیژئامێزهكانن. جا بۆیه “ڕۆژنامه‌وانیی جه‌نگ” ناوێكی شایسته‌یه بۆ ئه‌و.
بۆچی وایه؟ با یه‌كه‌مین دوالیزمی ڕكابه‌رییه‌كه له‌به‌رچاو بگرین. ئه‌گه‌ر كێشهوبهره وه‌ك پێشبڕكێی “پهتڕاكێشان” له نێوان دوو ڕكابه‌ر دابنێین، له‌و حاڵه‌ته‌دا هه‌ر جۆره گۆڕانێك له په‌یوه‌ندییه‌كانیاندا-هه‌ر جووڵه‌یه‌ك- ته‌نیا له درێژیی تاكه هێڵێكدا جێ ده‌گرێ. به‌م پێیه ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له پێشبڕكێیه‌كی پهتڕاكیشاندا كاتێ لایه‌ك مه‌ترێك به‌ده‌ست ده‌هێنێ، لایه‌كه‌ی تر مه‌ترێك له‌ده‌ست ده‌دات، هه‌ر جۆره فراوانكردنێكی نوێ له ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌و كێشهوبهرهیهی كه به‌م شێوه‌یه لێك ده‌درێته‌وه، بێ دواكه‌وتن، ده‌بێ له قاڵبی “ئاڵووێر و دابه‌شكردن”ێكدا له ته‌رازوو بدرێ. هه‌ر شتێ كه به‌ڕوون و ئاشكرایی “بردن” نه‌بێ، له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌ترسییه‌دا به‌ره‌وڕوویه كه وه‌ك “دۆڕان” ڕاپۆرت بكرێت. به‌م شێوه‌یه پاڵنه‌رێكی گونجاو دروست ده‌بێت كه هه‌وڵه‌كان بۆ بردنه‌وه زیاتر بن، یان توندتر ببن. خه‌ڵكی، كاتێ كه پێ ده‌نێنه نێو بازاڕێكه‌وه كه میدیاكان گه‌رمیان كردووه، له كێشهوبهرهیهكدا تێوه ده‌گلێن كه تێیدا “به‌توندوتیژی خۆیان هه‌ڵده‌كێشن و ده‌ترسێنن” و، به‌زۆری “كرده‌ی توند” ده‌نوێنن.
ئه‌گه‌ر كرده‌وه‌ی توندوتیژانه‌ی سیاسی له به‌ستێن و پێشینه‌كه‌ی جیا بكه‌ینه‌وه، له‌م حاڵه‌ته‌دا ته‌نیا توندوتیژیی زیاتر، وه‌ك كاردانه‌وه‌ی مومكین به‌جێ ده‌هێڵین. هۆی ئه‌وه‌ی كه بۆچی هه‌واڵه‌كانی په‌یوه‌ست به ده‌ستپێشخه‌ری بۆ ئاشتی ئه‌وه‌نده كه‌من، ئه‌مه‌یه: ئه‌گه‌ر هۆكاره ژێرخانییهكان شیاوی بینین نه‌بن، شتێكیش بۆ “چاره‌سه‌ركردن” له ئارادا نییه. ته‌نیا له‌م فۆرمه‌ی ڕاپۆرتكردندایه كه مانادار و مه‌عقووڵ ده‌بێت كه، بۆ نموونه، “تیرۆریزم” به شتێك دابنێین كه هه‌ڵگیرساندنی “جه‌نگ” له‌به‌ر ئه‌و، مومكین یان مهعقووڵه.
ئه‌گه‌ر بۆ به‌رهه‌ڤكردنی ڕاپۆرتێك ده‌رباره‌ی هۆكاره ژێرخانییهكان، یان دهستپێشخهربوونی كه‌سانێك بۆ ئاشتی، چاوه‌ڕێ بكه‌ن تاكوو سه‌ركرده سیاسییه‌كان له كاتی گونجاو‌دا قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن یان بێنه ناوییه‌وه، دهرفهتهكهتان له‌ده‌ست داوه و ڕه‌نگه ماوه‌یه‌كی زۆریش چاوه‌ڕێ بكه‌ن. تامه‌زرۆیی له پێناو ئاشتیدا، تا ڕادده‌یه‌ك هه‌میشه له چین و توێژه‌كانی خوارتری كۆمه‌ڵگه‌وه ده‌ست پێ ده‌كرێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش، كارتێك به‌ده‌ست حكوومه‌ته‌كانه‌وه كه كه‌سی تر نییه‌تی و، ئه‌ویش به‌كارهێنانی “شه‌رعی”ی هێزی سه‌ربازییه. به‌پێی هه‌موو ئه‌م هۆیانه، ئه‌وله‌وییه‌تی سه‌رچاوه فه‌رمییه‌كان و، هه‌روه‌ها ئاراستهوهرگرتن له ئاست به‌رژه‌وه‌ندییه هه‌میشه‌یییه نهتهوهیییهكان له زۆربه‌ی میدیاكانی په‌یوه‌ندیی به‌كۆمه‌ڵدا، چه‌واشه‌كردنی وێنه‌ی جه‌نگ و كێشهوبهرهكان له قازانجی قبووڵكردنی ئاشكرای به‌رگریكردن له توندوتیژیدا، ده‌كاته شتێكی ناچاری.
ڕاپۆرتكردن به مانای هه‌ڵبژاردنه.
به‌م پێیه، ڕۆژنامه‌وانیی ئاشتی، وه‌كوو ستراتیژییه‌كی چاره‌سه‌ری و هه‌وڵێكه بۆ كامڵكردنی په‌یماننامه‌كان و ڕێككه‌وتننامه هه‌واڵییه‌كان بۆ پێدانی ده‌رفه‌تێك به ئاشتی.
ڕۆژنامه‌وانیی ئاشتی:
واقع و وێناكردن
ڕۆژنامه‌وانیی ئاشتی، زیاتر واقعگهرایه، به مانای ئه‌مه‌كداری بۆ ئه‌و واقعه‌ی كه ئێستا بوونی هه‌یه، جیا له ناسین، یان وێنای ئێمه بۆ ئه‌و. ڕاپۆرتكردنی توندوتیژی به‌بێ به‌ده‌سته‌وه‌دانی پێشینه و بهستێنهكهی، خراپ ناساندنییه‌تی، چونكه هه‌ر كێشهوبهرهیهك له بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌ندیی ئه‌و حزبانه‌یه كه ئامانجه ناتهباكان دیاری ده‌كه‌ن و به‌دوایاندا ده‌چن. كه‌مته‌رخه‌می له ئه‌نجامدانی هه‌ر جۆره باس و گفتوگۆیه‌ك له‌باره‌یانه‌وه، جۆرێكه له‌چه‌واشه‌كاری.
له هه‌مان كاتدا ڕۆژنامه‌وانیی ئاشتی، دووپاتی ده‌كاته‌وه كه هیچ تاكه گێڕانه‌وه‌یه‌كی ڕاست له‌م واقعه له ئارادا نییه كه هه‌مووان له‌سه‌ری بگه‌نه ڕێككه‌وتن. ئێمه دونیای خۆمان له ڕێگه‌ی ئه‌و په‌یام و وێنانه‌ی كه وه‌ریان ده‌گرین –له‌وانه په‌یامه‌كان و وێنه بڵاوكراوه‌كانی نێو هه‌واڵه‌كان- ده‌ناسین و، له‌و كۆده ڕهمزبۆدانراوانهدا دایان ده‌نێین كه به درێژاییی ژیانمان فراوانمان كردوون و له مێشكی خۆماندا هه‌ڵیان ده‌گرین. “واتا” ته‌نیا له ساتی به‌رهه‌مهێنان، یان كۆدشكاندندا دروست نابێت؛ كرداری نیشاندانه‌وه تا كاتێ كه وه‌رنه‌گیراوه یان كۆدی نه‌كراوه‌ته‌وه، كامڵ نابێت.
كۆدشكێنی، كارێكه كه ئێمه زۆربه‌ی جار ئۆتۆماتیكی ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، چونكه زۆربه‌ی ئه‌و شته‌ی كه ده‌یخوێنینه‌وه، ده‌یبیستین و ده‌یبینین، بۆ ئێمه ناسراوه. ئه‌مه هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه پڕۆپاگه‌نده پشتی پێ ده‌به‌ستێ –سه‌ددام حوسێن به “پیاوێكی شه‌ڕه‌نگێز” جێگیر ده‌كات، یان “چه‌كه كۆكوژه‌كان” به “هه‌ڕه‌شه” له قه‌ڵه‌م ده‌دات و، جاڕنامه‌یه‌ك دروست ده‌كات كه گشت واقع، واقعه‌كانی پێشوو و پاشتر هه‌ردووكیان، به‌نێویدا تێ ده‌په‌ڕێت تا بێته پێش چاو.
ڕۆژنامه‌وانی، زۆربه‌ی جار پاروویه‌كی ئاسانه بۆ ئه‌م جۆره كارانه، چونكه به‌و هۆیانه‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌یان بۆ كرا، به شێوه‌یه‌كی گشتی وامان لێ ناكات بیر له‌و هه‌ڵبژاردن (و ئه‌و نوكتهفڕێدانانهی) كه ده‌یكات، بكه‌ینه‌وه. بێژه‌ری هه‌واڵی به‌ناوبانگی ئه‌مریكی، ڤالتێر كرانكایت به‌رنامه‌ی هه‌واڵه‌كانی شه‌وانه‌ی سی بی ئێس، هه‌موو شه‌وێ به‌م قسه‌یه كۆتایی پێ دێنێ: “ئاوایه نه‌ریتی دونیا.” ئه‌گه‌ر بكرابایه له‌م باره‌وه قسه بكه‌ین كه “نه‌ریتی دونیا” كه‌ی و چۆن وای لێ هاتووه، ده‌بووه باسێكی سه‌رنجڕاكێش، به‌ڵام مخابن به‌رنامه‌ی هه‌واڵ گوێی له‌مه نییه.
خوێندكارانی زانستی په‌یوه‌ندییه‌كان دواتر ده‌زانن كه ئه‌م چه‌ند په‌ره‌گرافه‌ی دوایی، پوخته‌ی تیۆریی وه‌رگرتن (موخاته‌ب)ه. من له نووسینی ئه‌م پێشهكییهدا خۆم ڕاگرت و نه‌چوومه‌وه سه‌ر سه‌رچاوه زانكۆیییهكان، چونكه هه‌ق لای جه‌ماوه‌ره، كڵێشه‌كان ڕاستن، پسپۆڕانی میدیاكانی په‌یوه‌ندییه به‌كۆمه‌ڵه‌كان به‌زۆری جلوبه‌رگی تاریك ده‌پۆشن و له ژێست و پۆزلێداندان (كه نامانه‌وێ له‌م ڕووه‌وه بیانوویان پێ بگرین) و له كه‌لله‌ی به‌یانییه‌وه سه‌رقاڵی ده‌ركردنی ڕه‌گی وشه‌كانن و له‌گه‌ڵ ده‌ست له سه‌ر و بنی وشه‌كان وه‌رده‌ده‌ن (كه ڕه‌نگه ئه‌مه‌یان كارمان پێ بێ). به هه‌ر حاڵ، جێی خۆیه‌تی لێره‌دا گوڵبژێرێكی به‌ناوبانگ له توێژه‌ری زیره‌ك و داهێنه‌ر، گێی تاكمهن، بگوازینه‌وه: “قبووڵكردنی قه‌وڵ و قه‌رار و ڕێككه‌وتنی وێناكراو (تصوری) به‌ناوی شتێكی واقعی، وا ده‌كات به‌نیسبه‌ت دهستێوهردانییهوه، واقع زیانی پێ بگات.”
كاتی ئه‌وه هاتووه كه “ڕۆژنامه‌وانانی ئاشتی” نه‌ك به‌س له‌باره‌ی جه‌نگ، به‌ڵكوو هه‌روه‌ها له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی، ڕێگه‌لێگرتنی و، ڕێگه‌كانی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاشتییه‌وه بنووسن.
به‌م پێیه بێ، ڕۆژنامه‌وانیی ئاشتی، پشتیوانی هه‌قیقه‌ته، وه‌ك چۆن هه‌ر ڕۆژنامهوانییهك پێویسته وا بێت. بێ گومان په‌یامنێران، ده‌بێ ئه‌و ڕاستییانه‌ی كه له‌گه‌لیاندا ڕووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه تا ئه‌و شوێنه‌ی كه له‌ده‌ستیان دێ ڕاستگۆیانه ڕاپۆرت بكه‌ن (بگوازنه‌وه)؛ باشه به‌س بپرسن كه ئه‌وان چۆن ئه‌م واقعانهیان بینیوه و، ئه‌م واقعانه چۆن گه‌یشتۆته ده‌ستیان. ئه‌گه‌ر هه‌میشه هه‌ر ئه‌م واقعانه، یان واقعگهلێكی له‌م چه‌شنه‌ن، سیاسه‌تێك (شێوازێك) بۆ به‌دواداچوونی به‌سه‌رهاته گرنگه‌كان و، پارچهگهلێكی گرنگ له به‌سه‌رهاته‌كان بگرنه به‌ر، كه به‌پێچه‌وانه‌وه له‌ده‌ست به‌رنامه‌ی هه‌واڵه‌كان ده‌رده‌چێ و، بیر له‌و ڕێگه‌یانه بكه‌نه‌وه كه ئه‌وان بگه‌ڕێننه‌وه شوێنی خۆیان تاكوو ماناكه كامڵ بكه‌ن. هه‌وڵیش بده‌ن ڕێگه بده‌ن كه ئه‌وانه‌ی دیكهیشمان له‌م پڕۆسه‌یه‌دا پشكمان به‌ركه‌وێ. ڕۆژنامه‌وانیی ئاشتی، ئه‌و ڕۆژنامهوانییهیه كه پڕه له‌و سه‌ره‌داو و ئاماژانه‌ی كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه ئێمه ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و شته‌ی كه ده‌یخوێنینه‌وه بێین و به ئامرازه‌كانی ئه‌م كاره پڕچه‌ك ببین، گرێی مانا تێكچڕژاوانهكان بكه‌ینه‌وه و چاو به‌و پرۆپاگه‌نده و وێناكردنه ده‌ره‌كییانه‌ی كه به‌دوای ئامانجه‌كانیاندا ده‌چن، بخشێنینه‌وه.
ئایا ڕۆژنامه‌وانان به‌ڕاستی ده‌توانن كارێكی وا بكه‌ن و، ئایا ئه‌م كاره ده‌كه‌ن؟ به‌م دوایییه توێژه‌ران ده‌ستیان كردووه به هه‌ڵسه‌نگاندنی گشت ئه‌و ڕۆژنامه‌وانییه‌ی له ئارادایه. پێده‌چێ هیچ كام له ڕاپۆرته‌كان ئه‌و پێنج تایبه‌تمه‌ندییه‌ی له سه‌ره‌وه باس كران له خۆیان نیشان ناده‌ن، كه‌چی له كاتێكدا كه خۆیان له هه‌ر جۆره زمانێك كه له‌وانی تر ئه‌هریمه‌ن دروست بكات، تۆمه‌ت له كه‌سێك بدات و كاری له‌م جۆره، ده‌بوێرن. لێ جیاوازییه‌كان بوونیان هه‌یه و، ئه‌وان خراونه‌ته ژێر نرخاندن و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه. ڕاپۆرتكردن له فیلیپین، به‌تایبه‌ت له ڕۆژنامه گرنگه‌كانی ئه‌و وڵاته، فیلیپین ده‌یلی ئینكوایرێر (Philippine Daily Inquirer)، له‌م ڕووه سه‌رنجڕاكێشه كه به شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر له به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا وه‌ستاوه‌ته‌وه كه تێ ده‌كۆشێ ئایدیۆلۆژیی “جه‌نگی دژ به تیرۆریزم” له ده‌ره‌وه هاورده بكات و ده‌رهه‌ق به سه‌رهه‌ڵدانێكی ناوخۆیی كه درێژه‌ی كێشاوه، به‌كاری بهێنێت. ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ی كه من به‌گشتی كارم بۆیان ده‌كرد، ئیندیپێندێنت (Independent)ی له‌نده‌ن، قه‌باره‌یه‌كی به‌رچاو له بابه‌ته‌كانی، ده‌چێته خانه‌ی ڕۆژنامه‌وانیی ئاشتییه‌وه.
بێ گومان ئێستاكه ژماره‌ی میدیا سه‌ربه‌خۆكان له‌چاو جاران زیاد بووه؛ ئه‌و میدیایانه‌ی كه له ئه‌نته‌رنێت و له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ریتی دێرینی ڕۆژنامه‌كان و وێستگه ڕادیۆیییه كۆمه‌ڵایه‌تییه سه‌ربه‌خۆكان شێوه‌یان گرتووه.
یاداشتی دووه‌م
دیتریش فیشێر
زۆربه‌ی جاران داوا له جۆن گالتۆنگ ده‌كرێ تا ڕۆژنامه‌وانیی ئاشتی پێناسه بكات. ئه‌و ده‌ڵێ كه ئه‌وه، به‌كورتترین شێوه‌ی مومكین، بریتییه له خسته‌ڕووی ئه‌م دوو پرسیاره (جگه له پرسیاره باوه‌كانی وه‌كوو ئه‌مه‌ی كه چه‌ند بۆمب هاوێژران، چه‌ند باڵه‌خانه وێران بوون، كێ سه‌ر ده‌كه‌وێ و پرسیاری له‌م جۆره):
” شه‌ڕه‌كه له‌سه‌ر چییه و، ڕێگه‌چاره‌كان، ده‌كرێ كامانه بن؟”
ئه‌گه‌ر پرسیاریان له “جۆرج ده‌بلیۆ بۆش” كردبا كه “جه‌نگ له‌گه‌ڵ عێراق له‌سه‌ر چییه؟”، له‌وانه بوو بڵێ: “ئه‌و جه‌نگه له نێوان خێر و شه‌ڕ (خراپه)دایه”. “ئایا حه‌ز ده‌كه‌ن زیاتر ڕوونی بكه‌نه‌وه؟” “نه‌خێر”. ڕێگه‌چاره چییه؟ “تهفروتووناكردنی شه‌ڕ (خراپه)!” “ئایا حه‌ز ده‌كه‌ن زیاتر ڕوونی بكه‌نه‌وه؟” “نه‌خێر”. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یان، بیست جار لێ پرسیبا و، هه‌ر جاره‌و گوته‌كه‌ی ئه‌ویان گوازرابایهوه، ئیتر نهیدهوتوانی “له مه‌نجه‌ڵ بگه‌ڕێته‌وه”. ده‌بووایه حیسابێكی زیاتریان بۆ بۆش كردبایه و زیاتر پرسیاریان لێ بكردایه.
له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م، ئێمه “ڕۆژنامه‌وانانی نه‌خۆشی”مان هه‌بوو كه به ورده‌كارییه‌وه چۆنێتیی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه درمه‌كان و خهسارهكانییان ڕاپۆرت ده‌كرد، به‌ڵام له‌باره‌ی چارهسهركردنهكانهوه شتێكی ئه‌وتۆیان نه‌ده‌زانی و كه‌متر له‌م بواره‌دا ڕاپۆرتیان ده‌كرد. ئێمه ئه‌مڕۆكه “ڕۆژنامه‌وانانی ته‌ندروستی”مان هه‌یه كه سه‌باره‌ت به لێكۆڵینه‌وه نوێیه‌كان له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كان و، ستایله‌كانی ژیانی ساخله‌م و ته‌ندروست بابه‌ت ده‌نووسن كه ڕێگه له نه‌خۆشی ده‌گرێت.
كاتی ئه‌وه هاتووه كه “ڕۆژنامه‌وانانی ئاشتی” نه‌ك به‌س له‌باره‌ی جه‌نگ، به‌ڵكوو له‌باره‌ی هۆیه‌كانی، ڕێگه‌لێگرتنی و، ڕێگه‌كانی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاشتییه‌وه بنووسن. پێویست ناكات خۆیان ڕێگهچارهگهلێك بۆ جه‌نگه‌كان دابهێنن- هه‌روه‌ك چۆن ڕۆژنامه‌وانانی ته‌ندروستی و ساخله‌می، پێویست نییه خۆیان چاره‌سه‌ر (یان داوده‌رمان) بۆ نه‌خۆشییه‌كان دابهێنن- به‌ڵكوو بۆ ئه‌مانه، پرس به پسپۆڕان ده‌كه‌ن.
به‌م شێوه‌یه، ڕۆژنامه‌وانانی ئاشتی ده‌توانن له‌باره‌ی بیرۆكه‌كانیان بۆ ڕێگه‌گرتن له جه‌نگێكی توند‌وتیژئامێز، یان كۆتاییپێهێنانی، له ڕێكخراوه جیاجیاكان و نێوبژیوانانی ئاشتی بپرسن و ڕاپۆرت بده‌ن (بگوازنه‌وه). لاپه‌ڕه‌كانی تایبه‌ت به ته‌ندروستی و ساخله‌می له ڕۆژنامه‌كاندا زۆر لایه‌نگریان هه‌یه و، ده‌توانین پێشبینی بكه‌ین كه هه‌ر ئه‌م دۆخه بۆ ڕاپۆرتكردن و په‌یامنێری له‌باره‌ی پێشنیاره‌كانی ئاشتی بێته پێش، ئه‌گه‌ر ئه‌م لاپه‌ڕانه به‌رهه‌ڤ بكرێن. مرۆڤه‌كان تینووی ئاشتین. داواكاریی ئێمه ته‌نیا ئه‌مه‌یه: “لاپه‌ڕه‌یه‌ك بۆ ئاشتی ته‌رخان بكه‌ن.”
سه‌رچاوه سه‌ره‌كییه‌كه:
Jake Lynch and Dietrich Fischer, ‘What Is Peace Journalism?’, Transcend Media Service
سەرچاوە:
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟… زیاتر
نووسەر: مایکڵ نایتس وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە… زیاتر
ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین پێشەکى نزیکەى پازدە… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق گەڕانەوەی دۆناڵد… زیاتر
ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی… زیاتر
ن: یۆرۆنیوز وەرگێڕانی: پێنووس ڕەنگە ماوەی ئێستا تا دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی… زیاتر