د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان
بیست ساڵ لەمەوبەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق پەیوەندیی وڵاتێک بوو، کە هێرشی کردە سەر خاکی وڵاتێکی دیکە و ڕژێمەکەی ڕووخاند و سەرلەنوێ ڕژێمێکی تری دروست کردووە، کە بە هەموو پێوەرەکان چاوەڕوان دەکرا ئەو ڕژێمە نوێیە هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکا بێت؛ تا ئاستێک ببێتە جێگرەوەی هاوپەیمانەکانی تری ئەمریکا لە ناوچەکەدا. بەپێچەوانەوە ئەو ڕژێمە نوێیەی دروست کرا، نەک نەبووە هاوپەیمانی ئەمریکا، بەڵکوو دواتر لە ئەمریکاش یاخی بوو؛ تەنانەت لە سەرەتای ٢٠٢٠دا پەرلەمانی عێراق بە زۆرینە (کە زیاتر شیعەکان بوون) داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایان لە عێراقدا کرد. هەرچەندە ئەمریکا دواتر بەپێی ڕێککەوتنێک لە کۆتاییی ٢٠١١ عێراقی بەجێ هێشت و دایە دەستی عێراقییەکان، یان وردتر بڵێین، دەستی شیعەکان و کورد. دواتر زۆری نەبرد، دیسان ئەمریکییەکان بەپەلە گەڕانەوە عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش؛ بە جۆرێک گەر ئەمریکا نەبوایە ئەستەم بوو دەسەڵاتی شیعەکان بەردەوام بێت. کەچی ئێستایشی لەگەڵدا بێت بە سەدرییەکان، فەتح و عەسائب و دەوڵەتی یاسا، کە لە ئێستادا نوخبەی حوکمڕانی شیعەن، دژ بە مانەوەی ئەمریکان.
مانگێک لەمەوبەر(٧/٨/٢٠٢٣) لە ئاستێکی بەرزدا، هەر یەکە لە سەرکردەکانی وەزاڕەتی بەرگریی ئەمریکا و عێراق لە پێنتاگۆن کۆ بوونەوە بۆ دیاریکردنی سروشت و ئاستی هاوکاریکردنی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات، بەڵام ئەم جارە لە چوارچێوەی شەڕی داعش نا، بەڵکوو لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی تر لە دوای داعش کە ئەرک و مافەکانی هەردوو لا ڕوونتر بکاتەوە. لەم سۆنگەیەوە، دەکرێ ئەمریکا بە دوای فۆڕمێکی تری ڕێککەوتنی ستراتیژیدا بگەڕێت، کە ئەرکی زیاتر بخاتە ئەستۆی عێراق؛ هەروەها ڕوونتر لەگەڵ عێراق قسە بکەن. ڕێککەوتنێکی لەو جۆرەیش بە ئەگەری زۆرەوە واتا گوشاری زۆرتر لەسەر عێراق کە خۆیان لە ئێران و میلیشیاکانی بەدوور بگرن. ئەمریکا ملیۆنان دۆلاری لە عێراق سەرف کردووە؛ پێ ناچێت وا بەئاسانی بۆ ئێران و میلیشیاکانی بەجێ بێڵێت، بەتایبەت کە لەم دوایییەدا هەر یەکە لە چین و ڕووسیا خەریکە ڕۆڵی بەرچاو لە عێراقدا دەگێرن؛ بە جۆرێک کە عێراق نەیوێراوە لایەنەگریی خۆی بۆ ئۆکراینا دەرببڕێت.
کاریگەرترین میکانیزمی ئەمریکا کە بتوانێت گوشار بخاتە سەر عێراق، پەیوەستە بەباری دارایییەوە؛ واتا بڕی دۆلار و دینار، هەروەها سەپاندنی سزای دارایی لەسەر بانک و کەسایەتییەکانی نزیک لە ئێران. ئێستا شیعەکان لە هەر کاتێک زیاتر هەست بەو مەترسییەی ئەمریکا دەکەن. ئەمریکا لەوە تێ گەیشتووە کە ئەرکی شەڕی داعش خەریکە کۆتایی دێت؛ لەم سۆنگەیەوە ئەمریکا دەیەوێت چوارچێوەیەکی ستراتیژی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ عێراقدا هەبێت لە دوای داعش. سەرەڕای بوونی ڕێککەوتنی ستراتیژی لە نێوان عێراق و ئەمریکا، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا تا ئێستایش ناتوانین بڵێین کە عێراق و ئەمریکا هاوپەیمانن، یان عێراق دۆستی ئەمریکایە؛ بۆ نموونە هاوشێوەی وڵاتانی کەنداو. تەنانەت پەیوەندیی عێراق و ئەمریکا وەک پەیوەندیی تورکیا و ئەمریکاش نییە؛ عێراق بەتایبەت لە ئاستی دەسەڵات و نوخبەی سیاسی، زیاتر لە وڵاتێکی دژەئەمریکای وەک ئێران یان سووریا دەچێت، نەک هاوپەیمانێکی ستراتیژیی ئەمریکا. دوای بیست ساڵ لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس، ئێستا ئەمریکا نایەوێت عێراق بۆ ئەم نوخبەیە و ئێرانییەکان جێ بێڵێت. ئەمریکییەکان ئەگەر لە بنیاتنانەوە و دروستکردنەوەی عێراقی دوای بەعسیش سەرکەوتوو نەبووبن، بەڵام حسابی ئەوەیان کردووە کە میکانیزمی کۆنتڕۆڵی نوخبەی سیاسی و حکوومەتییان لەدەستدا بێت. داڕشتنەوەی سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە عێراق، دەکرێت بە هۆکاری کۆمەڵێک فاکتەر بێت، کە هەندێکیان خەریکە ئاماژەکانیان دەردەکەون.
دیپلۆماسییەتێکی وەستاو، دانوستاندنێکی بێئەنجام
وەك دیارە دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا ( ٥ +١) لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە هیچ ئەنجامێكی نەبووە؛ لەم سۆنگەیەوە پێ دەچێت واشنتۆن هەوڵ بدات دەسەڵاتی لێدان و هەڕەشەکردن لە ئێران بسەنێتەوە، لە بوارەکانی هەڕەشەی ئەتۆمی، چەک و میلیشیاکان و پاڵپشتیی داراییی گرووپە نادەوڵەتییەکان، هەروەها توانای دروستکردنی بەربەست بۆ بازرگانی و گواستنەوە لە ئاوەکانی کەنداو و گەرووی هورمزدا. هەرچەندە ئاسان نییە بۆ ئەمریکا ئەمە بکات، بەڵام ئەگەر سەر بگرێت، گورزێکی کاریگەر دەبێت لە هێز و کاریگەریی ئێران لە ناوچەکەدا.
چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕژێمی ئەسەددا
یەکێکی تر لەو پرسانەی کە پاڵنەری داڕشتنەوەی ستراتیژیی ئەمریکایە لە عێراق، پەیوەستە بە پرسی سووریا. سووریا و عێراق وەک خاڵی بەهێزی ئێرانن لە ناوچەکەدا. بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی فوڕات بەشێکە لە ستراتیژیی درێژخایەنی ئەمریکا، کە ئامانجی دروستکردنی درزە لە نێوان هاوپەیمانییە ناوچەیییە تازە پێگەیشتووەکانی ناوچەکەدا. ئەم سیاسەتە وا دەکات ئەمریکا بتوانێت یاریزانە هەرێمییە سەرەکییەکانی ناوچەکە بکاتە ئامانج، نەک تەنیا پرۆکسییەکانیان (میلیشیاکانی تورکیا و ئێران). ئامانجی ئەمریکا ئەوەیە کە پەیامێک بگەیەنێتە یاریزانەکانی گۆڕەپانی سووریا (بەتایبەت ئێران و ڕووسیا) کە ڕەتکردنەوەی واشنتۆن لە هەر گۆڕانکارییەکی مەیدانی بەئاسانی بۆیان دەستەبەر نابێت.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە لەسەر مێزی گفتوگۆی لایەنەکان (ڕووسیا، تورکیا، ئێران، سووریا) ڕوو دەدەن، ڕەتکردنەوەی پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەریی کوردە؛ ئەمەیش بەو مانایەیە کە پڕۆژەیەکی تر هەیە، کە لە نێوان ئەم لایەنانەدا کۆدەنگیی لەسەر وەرگیراوە، کە ڕەنگە ئامانجە سەرەتایییەکانیان لە دەرکردنی هێزە کوردییەکان لە ناوچەکانی مەنبەج و تەل ڕەفعەتدا دەربکەوێت. هەرچەندە ئیدارەی ئەمریکا گرنگی بەو ناوچانە نادات، بەڵام هەستی بە مەترسییەکانی ئەو ڕێککەوتنە چوارقۆڵییە کردووە، كە کاریگەریی لەسەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات هەبێت. ئەمەیش وای کرد ئەم هێزانە خۆیان ئامادە بکەن بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو بنکە و خاڵانەی چوار ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەکانی عەین عیسا و سەرێ کانی و “عەین ئەلعەرەب” لە لادێکانی باکووری ڕەقە چۆڵیان کردبوو. هەر بۆیە لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک کێڵگە نەوتی و گازییەکانی نزیک دێرەزۆر کرانە ئامانج. فۆکس نیوز دەڵێت،”ماوەیەكە ئەگەری هەڵکشانی شەڕ لە نێوان سوپای ئەمریکا و کوتلە شیعەکان لە سووریا زۆرە.” نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوە دەکات، کە پەرەسەندنی ململانێکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە نێوان ئەمریکا و ئێران، ئێستا مەترسیدارترینە.
ئێران، ڕژێمی ئەسەد و تورکیایش ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لەو گرژییانەی کە ئێستا لە کەرکووک و دێرەزۆردا هەیە، بە مەبەستی گوشارخستنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. لە ڕۆژاوای کوردستان لە ڕێگەی هاندانی خێڵە سوننییەکانەوە دەیانەوێت لە دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات بەکارییان بێنن؛ لە کەرکووکیش دیسان لە ڕێگەی عەرەبی شیعە و سوننە و تورکمان، هەڵبەتە بە هاوکاریی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی؛ ئەمە جگە لە خۆئامادەکردن بۆ لێدان لە هێزە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە عێراق، کە ئەمەیش لە ئان و ساتدایە. هەڵبەتە ئەم سیاسەتە پاڵپشتیی تورکیا و عێراق و ڕووسیاشی لەگەڵدایە؛ بەو پێیەی ئەوان بوونی ئەمریکا لە سووریا و عێراقیش زیاتر لە ڕێگەی کوردەوە دەبینن، چونکە هێزەکانی تر (عەرب، بە شیعە و سوننەوە) هەموویان لینکێکی هەرێمییان هەیە کە ئاراستە دەکرێن، جگە لە کورد کە ئەو لینکە هەرێمییەیان نییە؛ ئەگەر هەیشبێت هەمیشە لە ناچاری و کاتییە و، جێگەی متمانە نییە.
هەڵکشانی هەژموونی چین و ڕووسیا لە عێراق و ناوچەکەدا
پرسێکی تر سەبارەت بە خۆڕێکخستنەوەی ئەمریکییەکان لە عێراقدا، دەکرێ پەیوەست بێت بە تەشەنەکردنی هەژموونی ڕووسیا و چین لە عێراق. پەیوەندییەکانی نێوان پەکكین و بەغدا لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، لە ساڵی 2019 گەشەی زۆری کرد. ئێستا عێراق بۆ چین، سێیەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتە. هەرچی تایبەت بە ڕووسیاشە ئەوا بە دوای ئەو شوێنانەدا دەگەڕێ کە ئەمریکییەکان تێیدا چەقیون. بێجگە لەوە پەیوەندیی بەهێزی ڕووسیا و ئێران، هاوکاری ڕووسیا دەبێت لە عێراقدا؛ بەتایبەت ڕووسەکان لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی ڕۆسنەفت و گازپڕۆم و لوک ئۆیل، لە هەرێمی کوردستان و عێراقن.
بە گوێرەی سەرچاوەیەک، کۆمپانیای لوک ئۆیل لە کێڵگەکانی عێراق ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا بەرهەمهێنانی لە ٤٠٠ هەزار بەرمیلەوە بۆ نزیکەی ٤٨٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد کردووە؛ بە جۆرێک کە دەتوانرێت لە ماوەی تەنیا چەند هەفتەیەکدا، بەرز بکرێتەوە بۆ سەرووی 600 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.” هەڵبەتە “بە ڕێککەوتنی ئێران و سعوودیا، دوا بەش لە هەنگاوەکانی ڕووسیا لەگەڵ چین بۆ دەستگرتن بەسەر ناوچەکە [ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست] نزیک دەبێتەوە.” “عێراقێکی یەکگرتوو ستوونێکی سەرەکییە لەم پلانەی ڕووسیادا؛ بەو پێیەی هەرسێ وڵات پێکەوە [عێراق، ئێران و سعوودیا] دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن و دڵی یەدەگی نەوت و گازی جیهانن؛ بۆیە کۆنتڕۆڵکردنی عێراق، سوودێکی گەورەی جیۆپۆلیتیکیی بۆ ڕووسیا هەیە. کۆمپانیای لوک ئۆیلی ڕووسی، لانی کەم ٨ ملیار دۆلاری ئەمریکی لە پەرەپێدانی کێڵگەی ڕۆژاوای قوڕنە- ٢ خەرج کردووە. ڕووسیا هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی دەستێکی باڵای لە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقدا هەبێت. کێڵگەی ڕۆژاوای قوڕنە- ٢، یەدەگی نەوتەکەی نزیکەی ١٣ ملیار بەرمیل دەبێت.
ئەنجام
پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا ئەوەندەی وابەستەی بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئێرانن، ئەوەندە پەیوەست نین بە بەرژەوەندیی ئەمریکا و عێراقەوە. سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا تووشی بەربەست و گوشاری زۆر بووەتەوە؛ بە جۆرێک ئەمریکا هەست دەکات کە بەرەو لاوازی دەڕوات. لەم سۆنگەیەوە پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی ستراتیژییان لە عێراقدا لە پێشینەی کارەکانیانە؛ بە جۆرێک هەندێک جار ئەمریکا وا هەست دەکات بە پشتگیریکردن لە حکوومەتەکەی سوودانی، ئەمریکا پشتگیریی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران دەکات. شەڕی داعش خەریکە بە کۆتا دێت، بەڵام هێزێکی تری دژ بە ئەمریکا ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر و مەترسیدارتر دەبێت لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، کە ئێران و میلیشیا پرۆکسییەکانی ئێرانن، کە تەواوی حکوومەت و دامەزراوە سیاسی و یاسایییەکانی دەوڵەتییان لەبەردەستە. لەم گۆشەیەوە ئەمریکا دەیەوێت ڕاشکاوانەتر لەگەڵ عێراق قسە بکات و، هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی خۆیان بۆ دابڕێژێت؛ بە جۆرێک ڕێگە نەدات کشانەوە یان سەرقاڵبوونی ئەمریکا بە شوێنی تر، ببێتە دەرفەتێک بۆ نەیارانی ئەمریکا، بەتایبەتیش ئێران و ڕووسیا و چین کە بێنە سەر میراتی دابەشکراوی ئەمریکا. ئەم پێداچوونەوەیەی ئەمریکا، تەنیا عێراق ناگرێتەوە بەڵکوو جموجۆڵەکانی ئەمریکا لە سووریا و کەنداو و دژ بە ئێرانیش دەگرێتەوە. لەم سۆنگەیەوە دوور نییە لە پێش ساڵی نوێدا ئەمریکا کردار و پەرچەکرداری زیاتری بۆ جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژییە هەبێت کە ڕوونتر بێت لە جاران. یەکێک لەو ئەگەرانەیش دووبارە پەنابردنە بۆ بەکارهێنانی کارتی سوننەکان لە دژی ئێران و ڕژێمی ئەسەد لە سووریا و عێراقدا.
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟… زیاتر
نووسەر: مایکڵ نایتس وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە… زیاتر
ئالان بههائهددین عهبدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سهڵاحهددین پێشەکى نزیکەى پازدە… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق گەڕانەوەی دۆناڵد… زیاتر
ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی… زیاتر
ن: یۆرۆنیوز وەرگێڕانی: پێنووس ڕەنگە ماوەی ئێستا تا دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی… زیاتر