پێنووس

ھێزە شيعەكان و  كورد: پێشێلكردنی ڕێككەوتننامەكان، گەمارۆدان و لێدان لە پێگەی ھەرێم

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر- پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

١٤-٩-٢٠٢٣

پێشەكی: ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت و داواكارییەكانی كورد

دوای ئەوەی ھاوپەیمانیی سێقۆڵیی نێوان پارتی، ھاوپەیمانیی سیادەی سوننەكان بە سەرۆكایەتیی حەلبووسی و تەیاری سەدری، شكستی ھێنا و نەیانتوانی حكوومەتی زۆرینە دروست بكەن، لە گۆڕانێكی كتوپڕ و چاوەڕواننەكراودا، لە 26ی ئەیلوولی 2022، پارتی و ھاوپەیمانیی سیادەی سوننەكان، ھاوپەیمانێتییەكی نوێیان لەگەڵ لایەنە شیعەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی ڕاگەیاند، كە بە “ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت” ناسراوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، لایەنە شيعەكان وەرەقەی سپییان خستە بەردەم كورد بۆ ئەوەی حكوومەت پێك بهێنن. دوای ڕازیكردنی كورد و دروستبوونی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، لە ئۆكتۆبەری 2022 حكوومەتێكی نوێ بە سەرۆكایەتیی سوودانی پێك ھات. ھەرێم توانیی زۆربەی داواكارییەكانی لە رێككەونتی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیدا جێگیر بكات و دواتریش لە بەرنامەی وەزاریی حكوومەتی سوودانیشدا جێگیر كرابوون، لەوانە:

  • لە ماوەی 6 مانگدا لە دوای پێكهێنانی حكوومەت، یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمان دەربكرێت بە ڕێككەوتن لەگەڵ كورد و پشتبەستن بە دەستوور.
  • پشتبەستن بە یاسای بوودجەی 2021 بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان، ھەورەھا لە داڕشتنەوەی یاسای 2023؛ بە شێویەك مافی ھەرێم پارێزراو بێت و، نابێت بەبێ ڕێككەوتن لەگەڵ كورد یاسای بوودجەی 2023 پەسەند بكرێت.
  • ڕێككەوتنی شنگال بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ناچەكە بخرێتە بواری پراكتیكییەوە.
  • ئیدانەكردنی ھەر دەستدرێژییەك بۆ سەر ھەر ناوچەیەكی عێراق و ئیدانەكردنی ھەر لایەنێك كە ھێرش دەكاتە سەر ھەرێمی كوردستان.
  • پێویستە بەندی 140ی دەستوور، تایبەت بە كەركووك  و ناوچە دابڕاوەكان كارا بكرێت و قەرەبوووی زیانلێكەوتووەكان بكرێت.
  • كار بكرێت بۆ دەركردنی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی.
  • ڕێگەدان و كارئاسانیكردن بۆ ئەوەی ھەموو ھێزە سیاسییەكان بارەگایان لە كەركووك و ناوچەكادانی دیكەدا ھەبێت.

پاڵنەرەكانی ڕازیبوونی چوارچێوەی ھەماھەنگی بە داواكارییەكانی كورد

بێ گومان زۆر ھۆكار ھەبوون بۆ ئەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی ئەو ڕێككەوتنانە واژۆ بكەن و، ئامادە بن لە ھەمبەر كورد و سوننە نەرمی بنوێنن؛ تەنانەت ئامادە بن وەرەقەی سپی بخەنە بەردەم كورد بۆ  ئەوەی بە ھەر شێوەیەك بێت حكوومەت پێك بھێنن. گرنگترین ھۆكارەكان ئەمانە بوون:

  • سوودوەرگرتن لەو ڕێككەوتنە بۆ بەھێزكردنی پێگەكەیان لە حكوومەتی داھاتوودا. دیارە لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی پێیان وا بوو كە دەرفەتێكی گرنگ ھەیە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دروستكردنی حكوومەت، پێگەكەیان لەناو حكوومەت و دامەزراوەكانی دەوڵەتدا زیاتر بەھێز بكەن؛ بەتایبەت دوای ئەوەی لە ھەلبژاردنەكانی ئوكتوبەری 2021 تووشی شكستێكی گەورە ھاتن و ھەڕەشەی گەورەیان لەسەر بووە لەوەی لە پرۆسەی سیاسی دوور بخرێنەوە.
  • كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان دەرفەتێكی زێڕینی داوەتە لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دروستكردنی حكوومەتەوە كار بۆ لاوازكردنی پێگەی نەیارەكانیان بكەن. دیار بوو كە شەقامی عێراقی و شيعە لە ھێزەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی ناڕازین و پێگەی جەماوەرییان زۆر لاواز ببوو. ئەوان ھەستیان بەوە دەكرد كە  ئەگەر حكوومەتی داھاتوو سەر بەوان نەبێت، ئەگەری زۆرە تووشی شكستێكی گەورە ببن. كەواتە ئەوان مەبەستیان بوو بە ھەر نرخێك بێت- ئەگەر بە سازشكردنیش بێت بۆ كورد و سوننە- دووبارە جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست و لە ڕێگەی دروستكردنی حكوومەت، گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە عێراقدا دروست بكەن؛ بەتایبەت كە عێراق داھاتێكی زۆری لەبەردەست بووە و نرخی نەوت زۆر بەرز بووە و لایەنەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی مەبەستیان بووە سەروەت و سامان و دەسەڵاتی دەوڵەت بەكار بھێنن بۆ كڕینی دەنگی خەڵك، گوشاردروستكردن و زیاتر كۆنترۆڵی دامەزراوەكانی دەوڵەت و گۆڕینی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن.
  • دروستكردنی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی لە نێوان سەدر، پارتی و سوننەكان زەنگی مەترسیدار بووە بۆ لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی. ئەوان ترسێكی گەورەیان لێ نیشتبوو كە ئەگەر لەگەڵ پارتی و سوننەكان ڕێككەوتن نەكەن، نەك ھەر دەرفەتی دروستكردنی حكوومەت لەدەست دەدەن، بەڵكوو لەوانەیە لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا پێگەیان زیاتر دابەزێت و لە دەسەڵات دوور بخرێنەوە. بەتایبەت لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی بە ھاوپەیمانێتییان لەگەڵ یەكێتی و ھاوپەیمانیی عەزم، نەیاندەتوانی ڕێژەی یاسایی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، دواتریش پێكھێنانی حكوومەت، تەواو بكەن. بۆیە بەناچاریش بێت پێویستیان بە پارتی و ھاوپەیمانیی سیادە ھەبووە.
  • دابەشبوونی ناوماڵی شیعە، یەكێكی تر بوو لە ھۆكارەكانی سازشكردن بۆ كورد و سوننەكان. لە دوای 2003، ئەمە یەكەم جار بووە شیعەكان بەو شێوەیە دابەشبوون لە نێوانیاندا ڕوو دەدات. تەنانەت ھەموو ھەوڵەكانی ئێران و ھاوپەیمانەكانی شكستی ھێنا، لەوەی بتوانن ناوماڵی شیعە ڕێك بخەن. بۆیە بۆ ڕێگرتن لە بەھێزبوون ھەژموونی سەدر و لاوازكردنی، پەنایان بردۆتە بەر سازشكردنە بۆ كورد و سوننە.
  • لایەنەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی ڕاھاتوون لەسەر بەڵێندان بە كورد و دواتر پاشگەزبوونەوەیان لەو ڕێككەوتنانەی كە كراون. زۆربەی ئەو حكوومەتانەی لە ماوەی پێشوودا دروست بوون، سەر بە چوارچێوەی ھەماھەنگی بوون و لەسەروبەندی دروستكردنی حكوومەت لەسەرەتادا  زۆر نەرم بوونە و بە زۆربەی داواكارییەكانی كورد ڕازی بوونە؛ بەڵام دوای پێكھێنانی حكوومەت، لە ھەموو ڕێككەوتنەكان پاشگەز بوونەتەوە. بۆیە لە كاتی پێكھێنانی حكوومەتی سوودانییشدا زۆر ئاسایی بوو ئەوان ھەمان تەكتیك و سیاسەت پراكتیزە بكەن.

پاشگەزبوونەوە لە بەڵێن و ڕێككەوتنەكان

ھەرچەندە لە پێكھێنانی حكوومەتی سوودانی، لایەنەكان، بەتایبەتیش كورد و سوننەكان تا ڕاددەیەك گەشبین بوون بەوەی حكوومەتی نوێ پابەندی ڕێككەوتنەكان دەبێت و خواست و داواكارییەكانیان- كە ڕێككەوتنیان لەسەر كراوە- جێبەجێ دەكرێن، بەڵام لە دوای پێكھێنانی حكوومەتی سوودانی لە ئۆكتۆبەری 2022دا لە ڕووی پراكتیكییەوە ھیچ ھەنگاوێكی گرنگ بە ئاراستەی پراكتیزەكردنی بەندەكانی ڕێككەوتنی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت نەھاوێژراوە. ئەوەی تاكوو ئێستا دیارە، ئەو ڕێككەوتنە تەنیا لە خزمەتی لایەنە شیعەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی و ئێراندا بووە؛ كورد و سوننەكان شتێكی ئەوتۆیان لەو ڕێككەوتنەكە دەست نەكەوتووە.

بڕیار بوو دوای دروستكردنی حكوومەتی سوودانی لە ماوەی 6 مانگدا یاسای نەوت و گاز بە ڕێككەوتن لەگەڵ ھەرێم پەسەند بكرێت، بەڵام ئەمە نزیكەی 11 مانگ دەرباز بوون، ھیچ ھەنگاوێك نەھاوێژراوە بۆ ئەوەی بەھابەشی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمان دەربكەن.  تەنانەت ڕەشنووسێكیان ئامادە كردووە، كە ھەرێم و نوێنەرەكانی ئاگایان لە زۆربەی خاڵەكانی ئەو ڕەشنووسە نییە و، ئەگەر پەسەند بكرێت زیانی گەورە بەر ھەرێم دەكەوێت. تەنانەت مەترسیی ئەوە ھەیە ڕەشنووسەكە بەبێ ڕەزامەندیی كورد و بە زۆرینە لە پەرلەمان پەسەند بكەن. ھەروەھا، لە یەكەم تاقیكردنەوەدا شیعەكان پشتیان لە ڕێككەوتنەكانیان كرد، بەتایبەت سەبارەت بە پەسەندكردنی بوودجە و، ھەوڵیان دا لە پێگەی ھەرێم بدەن و بوودجەیەكی 3 ساڵییان پەسەند كرد، كە وێڕای  ئەوەی  زۆر لوغمی تەوقیتكراوی دژی ھەرێم تێدایە، زۆربەی بەندەكانیش بە عەقڵییەتێكی ناوەندگەرایی نووسراون.

ئەمە بەدەر لەوەی تاكوو ئێستا زۆربەی بڕگەكانی پەیوەست بە ھەرێم جێبەجێ نەكراون و ئامادە نەبوونە شایستە دارایییەكانی ھەرێم بنێرن. بەغدا لە جیاتی ئەوەی شایستە دارایییەكانی ھەرێم ڕەوانە بكات، لە 9ی ئەیلوولی 2023 گوتەبێژی حكوومەتی سوودانی باسی ئەوەی كرد، كە ھەرێم 3 ملیار دۆلار قەرزداری بەغدایە و، دەبێت ئەو پارەیە بداتەوە عێراق. بە ھەمان ئاراستەیش، لە پرێس كونفرانسێك لە 11 ئەیلولدا سودانی باسی ئەوەی كرد ناتوانین لە دەرەوەی یاسای بوودجە پارە بدەینە ھەرێم و، لە بوودجەدا ھیچ شتێك نییە بە ناوی “مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم”. ھەروەھا باسی ئەوەی كرد كە  ئێمە ھەمووو پابەندبوونێكمان سەبارەت بە شایستە دارایییەكانی ھەرێم جێبەجێ كردوون و ئەگەر ھەرێم ڕازی بێت، ئامادەین قەرزیان پێ بدەین. وەك ئاماەژمان پێ كرد ھەموو ئەم لێدوانانە لە كاتێكدایە كە بەغدا شایستە دارایییەكانی ھەرێمی نەناردووە و زیاتر لە دوو مانگە فەرمانبەرانی ھەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە.

لە لایەكی تریشەوە، سەبارەت بەندی 140، ڕێككەوتننامەی شنگال و دەركردنی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی، نەك ھەر ھیچ ھەنگاوێك نەنراوە، بەڵكوو ڕێك بەپێچەوانەی ڕێككەوتنەكان، ھەنگاو دەنێن. لە كەركووك ھەموو ڕۆژێك سوپای عێراق دەچێتە سەر ماڵە كوردەكان و ھەوڵی داگیركردنی زەوییەكانیان دەدات. لەوەیش خراپتر، لە كاتێكدا لە ڕێككەوتنەكاندا جەخت لەسەر ئەو خاڵە كرابوو، دەبێت ڕێگە بدرێت بارەگاكانی ھێزە كوردییەكان لە كەركووك و ھەموو ناوچەكانی دیكەی عێراق بكرێنەوە، بەڵام گرووپە میلیشیاكانی سەر بە ئێران ڕێگەیان نەداوە پارتی، بارەگاكانی لە كەركووك بكاتەوە و لە رێگەی دادگای دەستووریشەوە كێشەیان بۆ گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك دروست كردووە.

تەنانەت دوای خۆپیاشاندانی كوردانی كەركوك لە 3ی ئەیلوولی 2023 دژی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی بەغدا و و ڕێگەنەدان بۆ كردنەوەی بارەگاكانی پارتی لە كەركووك، ھێزە عێراقییەكان و گرووپە میلیشیاكان، بە ھێز ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و ژمارەیەك ھاووڵاتیی كورد شەھید و بریندار بوون و كەركووكیش كراوەتە سەربازگە. لە شنگال بارودۆخەكە زۆر خراپترە. لە نوێترین ھەنگاودا بەرپرسانی حەشدی شەعبی دەستیان كردووە بە دروستكردنی لیوایەكی تری چەكداری سەر بە میلیشیا شيعەكان  لە ناوچەكەدا و  بۆ ئەم مەبەستە ڕەزامەندیی حكوومەتی سوودانییان وەرگرتووە. ئەمە لە كاتێكدایە كە بەپێی ڕێككەوتنی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، دەبوایە ھەموو میلیشیا چەكدارەكان لە شنگال دەركرابان. بە ھەمان ئاراستەیش، ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانیان ڕاگرتووە و، بە پاساو و بیانووی جیاوازەوە مەبەستیانە گرفت بۆ ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم دروست بكەن.

بۆچی لایەنە شيعەكان ڕێككەوتنەكان جێبەجێ ناكەن؟

لە ڕاستیدا زۆر جاران ئەو پرسیارە دەكرێت: بۆچی لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی تا دێت گوشارەكانیان لەسەر ھەرێمی كوردستان زیاتر دەكەن و، ئامادە نین ڕێككەوتنەكان جێبەجێ بكەن و بەتایبەتیش بۆچی ئامادە نین لەم قۆناغەدا بەپێی بڕگەكانی یاسای بوودجە، شایستە دارایییەكانی ھەرێم ڕەوانە بكەن و، مووچەی فەرمانبەران بدەن یان خود یاسای نەوت و گاز بە تەوافوق لە پەرلەمان دەربكەن یان ڕەوشی كەركووك و ناوچە دابڕاوكان ئاسایی بكەنەوە؟ بێ گومان ئەگەر بەوردی لە ھاوكێشەكان ورد ببینەوە، دەكرێت ئاماژە بە زۆر خاڵ بكەین كە بە بنەمای سەرەكیی سیاسەتی لایەنە شيعەكان دادەنرێت بەرامبەر ھەرێم و پارتی، بەتایبەتیش لەم قۆناغەدا:

  • دیارە وەك زۆر جاران ئاماژەمان پێ كردووە، ھەر لە بنەڕەتەوە بەغدا و دەسەڵاتدارانی شيعە باوەڕیان بە سیستەمی فیدراڵی و بەندەكانی دەستوور نییە و، ھەموو ھەوڵەكانیان بەو ئاراستەیەیە كە ھەموو دەسەڵاتەكان لە بەغدا كۆ بكەنەوە و ھەرێمیش ببێتە پاشکۆیان و وەك پارێزگایەك مامەڵەی لەگەڵدا بكەن. ئەم سیاسەتە دەمێكە دەستی پێكردووە و ئەوەندەی پێیان دەكرێت درێخی ناكەن لە لێدان لە پێگە و مافە دەستوورییەكانی ھەرێم.
  • بەغدا لەگەڵ ئەوە نییە ھەرێم لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە سەقامگیر بێت. بۆیە مەبەستیەتی ھەلومەرجێكی وا دروست بكات كە نەك ھەر ھەرێم لە ڕووی ئابوورییەوە گەشە نەكات، بەڵكوو ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە ببێتەوە؛ بە شێوەیەك نەتوانێت خۆی لەسەر پێی خۆی بگرێت و خۆی بەتەواوەتی ڕادەستی بەغدا بكات.
  • كاركردن بۆ ئەوەی شەقامی كوردی لە دژی حكوومەتی ھەرێم و بەتایبەتیش پارتی ھان بدرێت. بەتایبەت لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی و ئێران زۆر مەبەستیانە لە ڕێگەی لاوازكردنی پارتی، كار بكەن بۆ ئەوەی ھاوپەیمانەكانی لە كوردستان باڵادەست بن، بەتایبەت یەكێتی و ھێزەكانی تری نزیك لە ئێران. كەواتە ئەوان پێیان وایە نەدانی مووچە دەبێتە فاكەرێك بۆ لاوازكردنی پێگەی پارتی، چونكە پارتی بەرپرسی یەكەمە لە ھەرێم.
  • دیارە لە 18ی دێسەمبەری 2023 وادەی ھەڵبژاردنەكانی پاریزگاكانە لە عێراقدا. لەم ڕووەوە، لە چەند ڕوویەكەوە چوارچێوەی ھەماھەنگی دەیانەوێت گوشارخستنە سەر ھەرێم وەك بانگەشەیەك بۆ بەھێزكردنی پێگەكەیان بەكار بھێنن. لە لایەك، بە گوشارخستنە سەر كورد و پشتگوێخستنی ڕێككەوتنەكان، مەبەستیانە ھیچ بیانووێك بۆ ڕكارەبەكانی لە شەقامی شيعە نەھێڵن كە دژیان بەكار بێنن یان تاوانبار بكرێن؛ بەوەی گوایە سازش بۆ كوردەكان دەكەن. ھەروەھا مەبەستیانە لە ڕێگەی ئەو سیاسەتەوە زیاتر دەنگدەری عێراقی، بەتایبەت شیعەكان بە لای خۆیاند ڕابكێشن. لە لایەكی تریشەوە، پێیان وایە ئەم سیاسەتە دەتوانێت لە كەركووك و ناوچە دابڕاوەكان و تەنانەت لە كوردستانیش پێگەی پارتی لاواز بكات.
  • خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەوەیە كە لە 25ی شوباتی 2024 لە كوردستان ھەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت. یەكێكی تر لە ئەگەرەكان ئەوەیە كە لایەنە شيعەكان مەبەستیان ئەوە بێت تاكوو لە ھەڵبژاردنەكانی كوردستان زۆرترین گوشار لەسەر ھەرێم دروست بكەن، بۆ ئەوەی لە لایەك ھەرێم ناسەقامگیر بێت، شەقام تووڕە بێت و خەڵك حكوومەت و پارتییش سزا بدەن. ئەمەیش لایەنە شيعەكان وای لێكی دەدەنەوە كە ڕاستەوخۆ دەبێتە ھۆی بەھێزكردنی پێگەی ھاوپەیمانەكانی لە كوردستان.
  • ئەو سیاسەتەی بەغدا بەرامبەر ھەرێم پراكتیزەی دەكات، ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەكرێت و تەنیا پەیوەندیی بە پرسی بوودجە و مووچەوە نییە. وەکوو ئاماژەمان پێ دا، زۆربەی ئەو خاڵانەی ڕێككەوتنیان لەسەر كراوە، یان پێشێل كراون یان جێبەجێ نەكراون. بێ گومان لەم گەمەی بەغدادا، ئێران ئەكتەرێكی سەرەكییە. ئێران لە ڕێگەی ئەو گوشارەوە مەبەستیەتی ھەرێم ناچار بكات دژی ھێزە كوردییەكانی ئێران بوەستێتەوە یان چەكیان بكات، وەك ئەوەی ئێران باسی دەكات. ئەگەر ھەرێم ئەو ھەنگاوە نەھاوێژێت، لەوانەیە ئێران ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدات یان بەو بیانووە ھێزی عێراق و میلیشیا شيعەكان بھێنێتە سنووری نێوان ھەرێم و ئێران. لە لایەكی تریشەوە ئێران بەو گوشارانە مەبەستیەتی ھەرێم ناچار بكات لە عێراق و ناوچەكەدا بە گوێرەی سیاسەت و ئەجێنداكانی ئێران سیاسەت و ڕەفتار بكات.
  • ھەروەھا دەبێت ھەرێم، حسابی ورد بۆ ئەوە بكات لەوانەیە لەم قۆناغەدا بەغدا بە زۆرینە یاسای نەوت و گازیش تێ پەڕێنێ؛ ئەمەیش بۆ ئەوەی چەند ئامانجێك بپێكێت: لە لایەك، دوورخستنەوەی ھەرێم وەك ئەكتەرێكی كاریگەر لە ڕووی ھەناردەكردنی نەوت-چاوەڕێ دەكرێت لە ڕووی گازیشەوە لە چەند ساڵی ئاییندەدا ڕۆڵی كاریگەر ببینێت- لەسەر ئاستی دەرەكی و لێدان لە پێگەكەی. بە ھەمان ئاراستەیش بۆ ئەوەی كەرتی وزە لە ھەرێم تووشی شكست بكات؛ بە شێوەیەك چیتر كۆمپانیا نەوتییەكان لە ھەرێم كار نەكەن. واتە گومانی ئەوە ھەیە كە بەغدا لە بەرنامەیدا بێت كە گوشار دروست بكات بۆ ئەوەی كۆمپانیا نەوتییەكان ھەرێمی کوردستان جێ بێڵن؛ ھەروەھا دەرھێنانی مەلەفی نەوت و گاز لەدەست ھەرێم. بڕیاری دادگەی فیدراڵی و دواتریش دادگەی پاریس، ھەنگاوێك بووە بەو ئاراستەیەدا.

ھەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر ھەرێم و بێدەنگیی ئەمریكا

لە مانگی ئاداری 2023 رێككەوتنێكی ئەمنی لە نێوان عێراق و ئێران واژۆ كراوە سەبارەت حزبە كوردییەكانی ڕۆژھەڵات. ھەرچەندە تەواوی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكە ئاشكرا نەكراوە، بەڵام یەكێك لە خاڵە گرنگەكان بریتییە لە چەكداماڵینی ھێزە كوردییەکان كە لە ھەرێم نیشتەجێن و، ڕۆژی 19ی ئەیلوولی 2023 دوا دەرفەت دانراوە بۆ ھەرێم و بەغدا بۆ چەكداماڵینی ھێزە كوردییەكان. لەم ڕووەوە، لە مانگی ئابی 2023 محەمەد حوسێن باقری، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران ھەڕەشەی ئەوەی كرد، كە ئەگەر ھێزە كوردییەكان چەك نەكرێن توندترین ھەڵوێستیان دەبێت. لە ڕاستیدا ئەوەی ئێران دەیكات، لەبەر ئەوە نییە كە ھێزە كوردییەكان ھەڕەشەی جددین لەسەر ئاسایشی ئێران- لەبەر ئەوەی ئەو ھێزانە دەمێكە وازیان لە خەباتی چەكداری ھێناوە و  پابەند بوونە بە داواكارییەكانی ھەرێم بە ھێرشنەكردنە سەر ھیزەكانی ئێران- بەڵام، ئەم داواكارییەی ئێران لەم كاتەدا، دەكرێت لە چەند ڕوانگەیەكەوە خوێندنەوەی بۆ بكرێت: یەكەم، بێ گومان بەدەر لەوەی لەوانەیە ئێران وەك جارانی پێشوو بە مووشەك و درۆن ھێرش بكاتە سەر حزبە كوردییەكان لەناو خاكی ھەرێم، بەڵام لەوەیش مەترسیدارتر ئەوەیە كە لەوانەیە ئێران مەبەستی بێت لاساییی توركیا بكاتەوە و سنوورەكانی ھەرێم ببەزێنێت و ھێزەكانی بھێنێتە ناو قووڵاییی خاكی كوردستان. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، دیارە ئێران مەبەست و ئامانجی خۆی ھەیە؛ دەیەوێت لەژێر پەردەی ئەمەوە، شەڕی ھێزە كوردییەكان بكات.

دووەم، سیناریۆیەكی تر ئەوەیە، لەوانەیە ئێران مەبەستی بێت ئەو ڕێككەوتنە بكاتە كارتێكی گوشار لەسەر ھەرێم بۆ ئەوەی ناچاری بكات ڕازی بێت بەوەی ھێزە عێراقییەكان و بەتایبەتیش ھێزەكانی سەر بە حەشد لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێم و ئێران جێگیر بكات. بێ گومان دەكرێت ئەمەیش لە لایەك بۆ ئەوە بێت تاكوو زیاتر بتوانن گەمارۆی ھەرێم بدەن. لە لایەكی تریشەوە، بۆ ئەوەی زیاتر دەستێوەردان لە كاروباری ھەرێمدا بكەن. بە ھەمان ئاراستەیش، دەكرێت ئەمە وەك كارتێكی گوشار دژی ھەرێم بەكارت بھێنن بۆ ئەوەی زیاتر بچێتە ژێر داواكارییەكانی ئێران لە عێراق و ناوچەكەدا. بەپێی سەرچاوەكانی ھەوال  بافڵ تاڵەبانی سەردانی ئێرانی كردووە؛ بێ گومان یەكێك لە تەوەرە ھەرە گرنگەكان پرسی چەككردنی ھێزە كوردییەكانە. بۆیە دوور نییە بەو بیانووە  ئێران زۆنی سەوز پڕ بكات لە ھێزی حەشد و ھێزە عێراقییەكان.

لە بەرامبەر ئەم گوشارانەی بەغدا و ئێراندا، ھیشتا دیار نییە ھەڵوێستی ئەمریكا چییە و چی دەبێت. لە 11ی ئەیلوولی 2023 باڵیۆزی  ئەمریكا لە عێراق، ئەلینا ڕۆمانۆسكی، سەردانی ھەرێمی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم كۆ بووەوە. لە سەردانەكەیدا  لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم باسی كێشەكانی ھەرێم و بەغدا و شایستە دارایییەكانی ھەرێم كراوە. لە دیدارەكەدا مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت، باسی ھەوڵەكانی بەشێك لە ھێزە شيعەكان كردووە بۆ ئەوەی لە پێگەی ھەرێم بدەن و لە دەرەوەی یاسای بوودجە مامەڵە لەگەڵ ھەرێمدا بكەن. ئەم دیدارە لە كاتێكدایە كەسایتی ئەلمونیتور بڵاوی كردۆتەوە كە لە 5ی ئەیلوولی 2023 مەسروور بارزانی نامەیەكی تایبەتی بۆ “جۆ بایدن” ناردووە و داوای لە ئەمریكا كردووە گوشار بخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی ڕێز لە مافە دەستوورییەكانی ھەرێم بگرێت.

ئەوەی تێبینی دەكرێت، سەرەڕای ئەوەی ھەرێم ھاوپەیمانێكی گرنگی ئەمریكایە و، ئێستایشی لەگەڵدا بێت ھەرێم بۆ ئەمریكا گرنگە، بەتایبەت لە عێراقدا، بەڵام وەك پێویست پاڵپشتیی ھەرێمی نەكردووە. دیارە ئەمریكا گلەییی زۆری لە ھەرێم ھەیە؛ بەتایبەتیش نەبوونی سیاسەتێكی ھاوبەش و یەكگرتوو لە نێوان ھێزە كوردییەكاندا، بووەتە مایەی نیگەرانیی ئەمریكا. بەتایبەت ئەمریكا زۆر ھانی كورد دەدات كە دەبێت لەسەر ئاستی بەغدا یەكگرتوو بن. ھەروەھا لاوازیی دامەزراوەكانی ھەرێم و ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیدا، دیسان دۆستەكانی كوردی نیگەران كردووە و زیانی زۆری بۆ پێگەی ھەرێم ھەبووە.

لە لایەكی تریشەوە، سەرەڕای گوشارەكانی ئەمریكا، بەڵام ھەرێم سەركەوتوو نەبووە لەوەی كە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ھێزێكی پێشمەرگەی سەرتاسەری و یەكگرتوو  و دوور لە كاریگەریی حزب دروست بكات. لەم رووەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 13ی ئەیلوولی 2023 لە لێدوانێكدا باسی ئەوەی كرد، ئەمریكا نیگەرانە لەوەی وەك پێویست ھەرێم، بەتایبەتیش پارتی و یەكێتی، ھەنگاویان نەھاوێشتووە بۆ یەكخستنی ھێزەكانی پێشمەرگە. بە ھەمان ئاراستەیش لە ڕووی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤەوە، ھەرێم وەك پێویست ھەنگاوەی نەھاوێشتووە. بێ گومان ھەموو ئەمانەیش، دەكرێت بە شێوەیەك لە شێوەكان كاریگەریی ھەبێت لەسەر ھەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر ھەرێم. وەك یەكێك لە بەرپرسەكانی ئەمریكا لە ئیدارەی بایدن سەبارەت گلەییی كورد باسی ئەوە دەكات كە، پێش ئەوەی كوردەكان گلەیی لە ئێمە بكەن یان داوای یارمەتیی لە ئێمە بكەن، دەبێت لە خۆیان بپرسن و بەتایبەت ئەو ناكۆكییانەی كە پارتی و یەكێتی ھەیانە، بووەتە ھۆكاری سەرەكیی لاوازبوونی پێگەی كورد.

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

سوودانی و مالیکی… جەنگی سارد و زیاتریش

(دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، "ویلایەتی دووەم" یاساکانی جەنگەکە دەگۆڕێت)   ن: عەلی سەرای و:… زیاتر

7 days ago

حكوومەتی سوودانی: دوو پێشهاتی گەورە و كۆمەڵێك ئەگەر و سیناریۆ

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق كابینەی محەمەد… زیاتر

1 week ago

11 کەسایەتیی کاریگەر لە سیاسەتی دەرەوەی ترامپ

نووسەر: فۆریەن پۆلیســـی (foreignpolicy) وەرگێڕان: پێنووس ئەگەر دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جارێکی دیکە بگاتە… زیاتر

1 week ago

یەکەم گەشتی سیسی بۆ ئەنقەرە؛ پەیوەندیی نێوان میسر و تورکیا دوای ١١ ساڵ چۆن گۆڕا؟

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس بڕیارە ڕۆژی 4ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، بە مەبەستی… زیاتر

2 weeks ago

سیناریۆ و ئەگەرەکانی پێکدادانی ئیسرائیل و ئێران: هاوکێشەکانی پاش کوژرانی ئیسماعیل هەنییە

د. پەرویز ڕەحیم قادر\ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان- دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی\ مامۆستای زانکۆ هەرچەند… زیاتر

3 weeks ago

ئاییندەى گۆڕاوە ستراتیژییەکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئەگەرى گەڕانەوەى ترامپ

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران ترامپ وەک مەتەڵێک بۆ… زیاتر

4 weeks ago