پێنووس

داهاتووی هاوکێشەی هێز لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ

د. پەرویز ڕەحیم قادر– دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان و مامۆستای زانکۆ

سیناریۆکانی داهاتووی ناکۆکی و ئاڵۆزییە هەنووکەیییەکان و هەندێک جار بارگرژی و تەنانەت پێکدادان لە نێوان هەولێر و بەغدا سەرەڕای ڕواڵەت و وێنا فەرمی و میدیایییەکان، دەستووری و یاسایی نییە، بەڵکوو قۆناغ بە قۆناغ زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە پرسەکانی نێوان هەردوو لایەن لەسەر بنەمای هاوسەنگیی هێز و بەرژەوەندیی هەرێمایەتی و تەنانەت نێودەوڵەتی یەکلایی دەبێتەوە. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، کاتێک کە ئەکتەرێکی دەرەکی لە هاوکێشەکانی عێراق باڵادەست بووە، ئەوە بەپێی مەودا و دووریی هەرێمی کوردستان یان هێزە شیعە باڵادەستەکانی عێراق لە بەرژەوەندییەکانی ئەو ئەکتەرە دەرەکییانە، باڵانسی هێز لە قازانجی هەرێمی کوردستان یان حکوومەتی فیدراڵی گۆڕدراوە.

لەم نێوەندەیشدا بەپێی قۆناغەکانی پاش ساڵی ٢٠٠٣، بە پلەی یەکەم ئەمریکا و پاشان ئێران ئەو هاوسەنگییەیان پێک هێناوە یان بەپێچەوانەوە لە بەرژەوەندیی خۆیان تێک داوە. ڕاستییەکەی لە پاش ڕێککەوتن و ئامادەکاری[1] بۆ دەرچوون و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨ و پاشان جێبەجێکردنی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١١ بەپێی ڕێککەوتنی(Status of Forces Agreement)، ئەم هاوسەنگی و هاوکێشەیە بەرجەستەتر بوو و، بەم پێیەیش هەر لە پاش ساڵی ٢٠٠٨ بوو کە هەنگاو بە هەنگاو، کێشە و ململانێی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی و تاکڕەوییەکانی بەغدا بەرز بووەوە؛ چونکە فاکتەری دەرەکی، هاوسەنگییەکی نوێی خوڵقاند. تەنانەت گەڕانەوەی عێراق بۆ “ناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ” لادانی بەشێک لە سزاکان و دەرچوونی عێراق لەژێر بەندی حەفت (VII) و گواستنەوەی بۆ بەندی شەش لەرێککەوتی27ی حوزەیرانی2013، لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان كە لە ساڵی ١٩٩٠، دوای داگیركردنی كوێت بەسەریدا سەپا، دەستی عێراقی زیاتر واڵا کرد بۆ باڵادەستی لە هەمبەر هەرێمی کوردستان.

هەموو ئەم ڕووداوانە بە ڕاددەیەک گرنگ بوون کە لە لایەک وای کرد داعش و میلیشیای حەشدی شەعبی دروست بێت و لە لایەکی دیکەوە عێراق بە پاساوی فرۆشتنی نەوت بوودجەی هەرێمی کوردستان ببڕێت و هەرێمی کوردستان هەم بکەوێتە ناو جەنگ و هەمیش بژێوی ژیان بۆ هاووڵاتیان دابین بکات. تەنانەت ئەم هاوکێشەیە سەری کێشا بۆ بڕیاری بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە ساڵی ٢٠١٧ و رووداوەکانی دواتری لە ١٦ی ئۆکتۆبەر لە هەمان ساڵدا. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لەو ڕاستییە گەیشتبوو کە هاوسەنگیی هێز بەتەواوی لە عێراق لە زیانی هەرێمی کوردستان تێک چووە، بەڵام ململانێی ناوخۆیی و هەڵوێستی نەرێنیی دەوڵەتە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان وای کرد کە، هەرێمی کوردستان نەتوانێت بەسەر هاوکێشە گۆڕاوە چاوەڕوانکراوەکاندا زاڵ بێت. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، دروستبوونی داعش هەم لێکەوتەی ئەم ئاڵوگۆڕە ناوچەیی و ناوخۆیییانەی عێراق بوو و هەمیش پرۆسەی بەهێزبوونەوەی بەغدا لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و تێکچوونی هاوسەنگیی هێزی بەهۆی دەرچوونی ئەمریکا لە عێراق تەنیا چەند ساڵێک وەپاش خست. تەنانەت دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستانیش لە ڕێکەوتی (August 30, 2021) بەشێک بوو لەو ئاڵوگۆڕە جیۆسیاسییانە و گۆڕانی هاوسەنگیی هێزی هەرێمایەتی و، بەم پێیەیش گۆڕانکاری لە عێراق لە زیانی هەرێمی کوردستان.

ئەوەی کە جێگەی سەرنجە ئەوەیە، لە پاش هێرشی سەربازیی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە عێراق ڕاستەوخۆ هێزی سەربازیی لە دژی هەرێمی کوردستان بەکار هێنا، پلانی هێرشی ڕاستەوخۆی عێراق وەستێندراوە و جگە لە هێرشی میلیشیاکان و هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی کە لێکەوتەی ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکا لە ناوچەکە و تەنانەت لە عێراق و، بەم پێیەیش هێرش بۆ سەر نزیکترین هاوپەیمانی لە عێراق، کە کوردە، گوشارەکانی بەغدا فۆرم و چوارچێوەیەکی یاسایی و دامەزراوەیی و سیاسیی وەرگرتووە؛ بەڵام درێژکراوەی هەمان ستراتیژیی ڕابردووە، بە ئامراز و میکانیزمی جیاواز. چونکە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان جارێکی دیکە هەوڵی دا کە لە ڕێگەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ سوننەکان و سەدرییەکان، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ١٠-١٠-٢٠٢١ بەکار بێنێت بۆ پێچەوانەکردنەوەی ستراتیژیی ئێران و لایەنگرانی لە عێراق و ڕزگاربوون یان دەرچوون لەم گەمارۆ سەربازی، جیۆسیاسی و ئابوورییە. هەر بۆیە هەم ئێران بەڕاستەوخۆ و هەمیش میلیشیا شیعەکانی لایەنگری لە عێراق سەرەڕای هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان وەکوو پەیامێک بۆ ئەمریکا و هەولێر، هەوڵیان دا کە ڕێگە لە تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە عێراق، کە هەم زۆنی خۆڵەمێشییە و هەمیش کە کلیلی کۆنترۆڵی ئێرانە بەسەر ناوچەکەدا، بگرن. بۆ ئەم مەبەستەیش هاوتەریب لەگەڵ هەڕەشە و هێرشە سەربازییەکان، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە دژی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سەر بە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی(ICC) لە پاریس و لەمەیش گرنگتر، پرسی یاسای بودجەیان(٢٠٢٣و ٢٠٢٤و ٢٠٢٥) بەکار هێنا.

سیاسەتی هەرێمی کوردستان و ستراتیژیی ئێران و تورکیا

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق و هاوسنووربوون لەگەڵ ئەمریکا لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای ئێران، ڕووبەڕووی دۆخێکی پارادۆکسیکاڵ (پێكناكۆك/لێكدژ) بووەوە، بەم واتایە کە هەم هەڕەشەیەکی جددی بوو و هەمیش دەرفەتێک دروست بوو بەهۆی نەمانی گەورەترین دوژمنی سروشتی-سیاسیی ڕژێمەکەی. هەر بۆیە ئێران هەم یارمەتیی پاشماوەی بەعسییەکان و رێکخراوە توندرەوەکان و سوننەی دەدا دژی ئەمریکا و هەمیش یارمەتیی چەسپاندن و جێگیرکردنی دەسەڵاتی شیعەی دەدا لە عێراقی نوێ؛ هەموو ئەمانەیش یارمەتیی ئێرانی دا کە ئەمریکا لە عێراق بێکاریگەر بکات و مەترسییەکانی هێرشی هاوشێوە بۆ سەر ئێران لە خۆی دوور بکاتەوە. بۆ هێنانەدیی ئەم ئامانجەیش لە سەرەتادا ئێران پێوستیی بە هاوپەیمانێتیی کورد و شیعە هەبوو بە چەند هۆکاری سەرەکی:

 ١- شیعە ئەزموونی حوکمڕانییان نەبوو.

 ٢- شیعەکان پێویستیان بە هاوبەش هەبوو بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵی سوننەکان و مەترسیی گەڕانەوەیان بۆ سەر دەسەڵات لاواز بکەن.

 ٣- ئەمریکا بە هاوپەیمانێتیی کورد و تەنانەت سوننە میانڕەوەکان، نەتوانێت پێگەی خۆی لە عێراق قایم بکات.

٤- کوردستان نەبێتە بنکەیەکی ئەمریکا لە دژی ئێران و شیعەکانی لایەنگری ئێران و، هاوکات کوردیش نەبێتە هاوپەیمانی ئەمریکا لە هاوکێشەکانی ناوخۆیی و هەرێمایەتی لە دژی ئێران.

ئەم سیاسەتەی ئێران لە لایەک و هەڵە خوێندنەوەی ئەمریکییەکان سەبارەت بە واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەروەها هاوسەنگیی هێز لە عێراق و بەم پێیەیش نەبوونی سیاسەتێکی ڕوون بۆ داهاتووی عێراق و هاوکێشە ناوخۆیییەکانی خودی ئەمریکا، لە لایەکی ترەوە، وای کرد کە ئێران باڵادەست بێت و هەڕەشەکان بگۆڕێت بۆ دەرفەت و تەنانەت پێگەی هەرێمایەتیی خۆی زۆر بەرزتر بکاتەوە و دەست بەسەر هەموو جومگە سیاسی و سەربازی و ئاسایشی و تەنانەت ئابوورییەکانی عێراقدا بگرێت. بۆیە بە تێپەڕینی کات و هەنگاو بە هەنگاو، هاوسەنگی لە دژی هەرێمی کوردستان گۆڕدرا و ئەمریکاش بەناڕاستەوخۆ بەهۆی بێهەڵوێستی و ناڕوونی لە سیاسەتەکەیدا، یارمەتیدەر بوو بۆ لاوازیی هەرێمی کوردستان. هەر بۆیە لە پاش ساڵی ٢٠١١ کە ئەمریکا لە عێراق دەردەچێت بەتەواوی ئێران زاڵ دەبێت و تەنانەت سیاسەتی ئێران لە چوارچێوەیەکی ئایدیۆلۆژی-سەربازی بە ناوی بەرەی خۆڕاگری (Axis of Resistance) بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵ دەبێت و لەم چوارچێوەیەیشدا، هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، کە کورد سەرەکیترینیان بوو لە عێراق، لاواز دەبن.

هەوڵەکانی کورد لە پاش دەرچوونی ئەمریکا لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە لە ڕاستیدا خوێندنەوەیەکی دروست بوو، بەڵام چۆنێتیی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی بوو کە لە کۆتاییدا لە ڕووی پاڵپشتیی جەماوەری و ئابوورییەوە بەنەرێنی کەوتەوە. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، هەرێمی کوردستان لە پاش ئامادەکاریی ئەمریکا بۆ کشانەوە و دەرچوون لە عێراق، لە ڕێگەی ئەکتەرێکی هەرێمایەتی وەک تورکیا کە هەم هاوپەیمانی ڕۆژاوا بوو و هەمیش گۆڕانکاری لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەیدا ڕووی دابوو، دەیویست هاوسەنگییەکە جارێکی دیکە ڕاست بکاتەوە کە هاوکێشەکانی عێراق لە پاش دەرچوونی ئەمریکا و زاڵبوونی ئەمریکا پەراوێز نەکەوێت و بەرژەوەندییەکانی لە ڕێگەی ئەم ئەکتەرەوە بپارێزێت و تورکیاش بەهۆی گرنگیی پرسە ئاسایشییەکان (پرسی کورد لە ناوخۆی تورکیا) و پرسە جیۆسیاسییەکان و ململانێی لەگەڵ دەسەڵاتی شیعیی ئێران و تەنانەت دروستکردنی کاریگەری لەسەر سیاسەتی بەغدا، هەروەها قەرەبووکردنەوەی زیانە سیاسی و ئابوورییەکانی سیاسەتی ڕابردووی و بەتایبەتی پەراوێزکەوتنی لە هاوکێشەکانی عێراق بەهۆی ڕێگەنەدان بە هێزەکانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ڕژێمی بەعس لە خاکی تورکیاوە، هەوڵی دا کە هەرێمی کوردستان بەهێز بێت و وەکوو ئەمریکا ویستی ئەوەی هەبوو کە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر شیعەکان وەکوو هێزێکی هاوسەنگکەر (Balancer) بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕۆڵ ببینێت.

سەرهەڵدانی داعش سەرەڕای هەڕەشەکانی، دەرفەتێکی بێوێنە بوو بۆ کورد لە عێراق کە لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێگەی بەرز بکاتەوە و، لە لایەکی تریشەوە گەڕانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ عێراق جارێکی دیکە هاوسەنگیی هێزی لە قازانجی کورد گۆڕی؛ بەڵام ئێرانیش ئەم دەرفەتەی قۆستەوە و پێگەی لە عێراق قایمتر و نفووزی خۆی قووڵتر کردەوە و ئێران لەگەڵ ئەمریکا لە عێراق سەرەڕای ململانێ و دوژمنایەتییەکانیان دوژمنی هاوبەشیان بۆ دروست بوو. لە بەرامبەریشدا سیاسەتی ناڕوونی تورکیا پێویستی بە خوێندنەوەیەکی نوێی بۆ هەرێمی کوردستان هێنا ئاراوە، چونکە کورد درکی بە کاتیبوونی ئەم پێگەیە و ئەگەری ئاڵوگۆڕی جیۆسیاسی و سیناریۆکانی لە پاش نەمانی داعش و تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە عێراق و ناوچەکە کرد. هەر ئەمەیش وای کرد کە کورد بیەوێت ئەم دەرفەتە و هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترامپ کە نەیاری سەرسەختی ئێران بوو، بقۆزێتەوە و بەهۆی زاڵبوونی بەسەر هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و  کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی وزە و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ کورد لە جەنگی دژی داعش، بەرەو سەربەخۆیی بڕوات.

کاردانەوەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی تورکیا و ئێران لە پاڵ ناپاکی و ناکۆکیی ناوخۆیی، جارێکی دیکە شکستی بە هەوڵەکانی کورد بۆ زاڵبوون بەسەر دۆخەکە و هێنانەئارای هاوسەنگیی نوێ لە عێراق و ناوچەکەدا هێنا. ئەم دۆخە بەردەوام بوو تاوەکوو خۆپیشاندانەکانی عێراقییەکان لە دژی ئێران و هەروەها کوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە، جارێکی تر دەرفەتی ڕەخساند کە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوە بچێت، چونکە ئێران هەم شەقامی دۆڕاند و هەمیش لە ڕووی سیاسییەوە لایەنگرانی ڕووبەڕووی پاشەکشە و شکستێکی قورس بوونەوە. ئەمەیش هیوای دایەوە کورد کە دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لە قازانجی خۆی بگۆڕێت، کە ئەگەر ناتوانێت بەرەو جیابوونەوەی چارەساز (Remedial Secession) و بەدەستهێنانی سەروەریی دەرەکی بڕوات.

لە ئێستادا و لە دوای ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی پاش ساڵی ٢٠٠٣، باشتر دەتوانین ئەو گریمانەیە بخەینە ڕوو کە بەهۆی پاشەکشەی ئەمریکا لە عێراق و پاشان ناوچەکە و ململانێی-دانوستانی لەگەڵ ئێران لە لایەک و رکابەرایەتی و ململانێکانی تورکیا و ئێران لە لایەکی دیکەوە، تێکچوونی هاوسەنگیی هێز گەورەترین مەترسی بووە لەسەر هەرێمی کوردستان و، سیاسەتی هەرێمی کوردستانیش بەرەو ئەو ئاراستەیە بووە کە هاوسەنگیی هێز بێنێتەوە ئاراوە؛ بەڵام ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکان لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە قازانجی هەرێمی کوردستان نییە و هەر ئەمەیش وای کردووە کە بەغدا ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و زیاتر گوشار بکات بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان. لێرەدا ئامانج و سیاسەتی ئەکتەرەکان و پاشان سیناریۆکانی داهاتوو دەخەینە ڕوو.

  • حکوومەتی عێراق و کەڵکوەرگرتن لە ئەکتەرە دەرەکی و ناخۆیییەکان لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە جیۆسیاسییە هەرێمایەتییەکان

١- سیاسەتی بەغدا ئەوەیە کە لە ڕێگەی پڕەنسیپی زۆرینە و کەمینە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات و لەم ڕێگەیشەوە وەکوو کیانێکی فیدراڵی، هەرێمی کوردستان لە فەلسەفەی وجوودی و كیانی خۆی دادەماڵێت. ئەمەیش بە قازانجی هێزە شیعەکان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

٢- بەغدا بە میکانیزمی ڕاڤەی دەستوور لە ڕێگەی دادگەی باڵای فیدراڵی، لە قازانجی خۆی هاوسەنگیی هێز- کە لە دەستووری عێراقدا هاتۆتە ئاراوە- دەگۆڕێت و بەم پێیەیش هەم پاشەکشە لە بنەما و پڕەنسیپەکانی فیدراڵی دەکات و هەمیش هەرێمی کوردستان دەخاتە دۆخێکی لاوازی ئابووری و سیاسی. باشترین نموونەیش پرسی نەوت و گازە.

٣- بەغدا لە ڕێگەی یاسای بوودجەوە، هەموو جومگەکانی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ دەکات و لە هەمان کاتیشدا لەم ڕێگەیەوە کوردستان گرێ دەداتەوە بە بەغدا و، دەست بەسەر سەرچاوە دارایی و سروشتییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەگرێت.

٤- بەغدا لە پاش ساڵی ٢٠١٤، پرسی بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی بۆ لاوازکردن و تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە نێوان هەولێر و حکوومەتی فیدراڵی بەکار هێناوە، بەڵام ئامانجی شاراوەی ئەم سیاسەتە، لێسەندنەوەی دەسەڵات و متمانەی هاووڵاتیانە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە بەغدا هەم ئاستی سەرنجڕاکێشی و سەربەخۆییی ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیا بیانییەکان کە بۆتە هۆکاری گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و، بەم پێیەیش بەهێزیی سیاسی، کەم دەکاتەوە و هەمیش وا دەکات ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرز ببێتەوە و گەڕانەوەی دەسەڵاتی بەغدا وەکوو تاکە میکانیزمی چارەسەری کێشە دارایی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان، قبووڵ بکەن. ئەمە بە ڕاددەیەک گرنگە کە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن بەڕاستەوخۆ یان بەناڕاستەوخۆ کەوتنە ناو ئەم سیناریۆیەی ئێران و بەغدا کە لە ئەنجامیشدا دەرکەوت کە سیاسەتی گوشارە سیاسی و یاسایییەکان بەرەو چ ئاراستەیەکی مەترسیدار دەڕوات و، تەنانەت بەغدا ئامادە نییە پشکی پەسندکراوی ناو یاسای بوودجەی ٢٠٢٣، بە پاساوی یاسایی، بداتە هەرێمی کوردستان و بەپێدانی قەرز مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانیدا دەکات.

٥- گوشارەکانی ئێران لە ڕواڵەتدا بۆ سەر عێراق و لە ناوەڕۆک و ڕاستیدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە چەککردن و دوورخستنەوەی حزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، یارمەتیی بەغدای داوە کە بەرەو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران بڕوات و کارتێکی بەهێزی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ئێستا و داهاتووی ناوچەکە لە هەمبەر ئێران لەدەست بدات. لەم ڕێگەیەوە هەم عێراق دەرفەتی سنووردارکردنی هەرێمی کوردستانی دەست دەکەوێت و، هەمیش هەرێمی کوردستان توانا و سنووری جووڵە و مانۆڕی لاوازتر دەبێتەوە.

٦- بەغدا لەو شوێنەی کە نەتوانێت ڕاستەوخۆ گوشاری سەربازی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان، کەڵک لە میلیشیاکان وەردەگرێت؛ بۆ نموونە ڕووداوەکانی کەرکووک چ لە پاش ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ و چ لە ڕووداوەکانی ئەم دوایییەی کەرکووک لە پاش ڕێکەوتی (٢٨-٨-٢٠٢٣) و لەم ڕێگەیەوە هەم دەتوانێت دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بگۆڕێت و بەعەرەبکردن (تەعریب) لە چوارچێوە و فۆرمی نوێدا درێژە پێ بدات و هەمیش جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دوا بخات، تا ئەو کاتەی کە هەست بکات زەمینە ئامادەیە و کورد دەبێتە پێکهاتەیەکی کەمینە و، بۆ هەمیشە ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر بەغدا بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری. تەنانەت ئاسایینەکردنەوەی دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان، بۆ ئەو مەبەستەیە کە ئەو ناوچانە ببنە دەرفەتێک بۆ میلیشاکان کە لەوێوە هێرشی مووشەکی و درۆنی بکەنە سەر دامەزراوە و شوێنە مەدەنییەکان لە کاتی گوشار و ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا یان هەولێر و ئێران. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، بەغدا هەوڵی لێسەندنەوەی قووڵاییی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانی بۆ گەمارۆدان و سنووردارکردنی، کردۆتە بەرنامەی کاری خۆی. ئەمە جگە لەوەی کە ئێران لەم ڕێگەیەوە و بە دوورخستنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو ناوچانەی کە بە هاوپەیمانی ڕۆژاوا دادەنرێت، دەیەوێت کۆڕیدۆری تاران-دیمەشق-بەیروت بپارێزێت.

٧- لە پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی کە ئێران تووشی کێشەی گەورە بوو لەعێراق و ناوچەکە و تەنانەت مەترسیی لەدەستدانی نفووزی هاتە ئاراوە، هەوڵی داوە هەرێمی کوردستان لە سوننە و شیعەکان دوور بکاتەوە و لە لایەکی دیکەیشەوە بەهۆی گوشارەکان هەم ناوماڵی کورد پەرت بکات، بەڵام شیعەکان یەك بخات، باشترین میکانیزمیش بۆ ئەمە برەودان بە ناکۆکیی ئیتنییەکانە لە بری ناکۆکییە مەزهەبییەکانی ڕابردوو لە نێوان کورد و سوننە-شیعە؛ بەم واتایە هەم هێزی میلیشایی بۆ پێکهاتەکان دروست دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی پێکهاتەکان، هەروەها هەرێمی کوردستان و هەمیش لە ڕێگەی میلیشای دەرەوەی یاسا لە کاتی پێویست هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و ئەمریکا.

٨- حکوومەتی عێراق لە ڕێگەی ئێرانەوە هەم ململانێی تورکیا دەکات و بەپێچەوانەیشەوە ئێران هەوڵ دەدات عێراق بەکار بێنێت بۆ ململانێ لەگەڵ تورکیا. لەم ڕێگەیشەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێت وەکوو پارسەنگی هاوسەنگیی هێز لە نێوانیان ڕۆڵ ببینێت یان هەندێ جار ببێتە هۆکارێک بۆ ڕێککەوتنیان لەسەر سووریا.

٩- تورکیاش هەم هەرێمی کوردستان لە ڕکابەرایەتی و ململانێکانی لەگەڵ ئێران، بەکار دێنێت و هەمیش لەم ڕێگەیەوە لە عێراق هاوسەنگیی هێز دەپارێزێت؛ جگە لەمانەیش لە ڕووی ئابووری و ئاسایشییەوە بەرژەوەندییەکانی دەستەبەر دەکات. جگە لەمانەیش دەیەوێت پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان بەکار بێنێت بۆ بەستنەوەی کەنداو و عێراق بە بەرژەوەندییەکانی خۆی و پاشان دەوڵەتانی ئەوروپی و، لەم ڕێگەیەوە هەم ببێتە ناوەندی وزە (energy hub) پێگەی گەورەی جیۆستراتیژی لە هاوکێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا دەستەبەر بکات. لەم نێوەندەیشدا وزەی هەرێمی کوردستان (بەتایبەتی گازی سروشتی) یارمەتیی ئەم پلانە دەدات، بە مەرجێک بتوانێت ڕۆژاوای کوردستانیش کۆنترۆڵ بکات. هەر بۆیە هەردوو لایەنی بەغدا-ئێران و تورکیا هەوڵی باڵادەستی لە هەرێمی کوردستان دەدەن، چونکە لە ڕوانگەی ئێرانییەکانەوە هەرێمی کوردستان نابێت ببێتە بەدیلی گازی سروشتیی ئێران بۆ تورکیا و ئەوروپا. هەنگاوەکانی بەغدا و ئێران بۆ لێسەندنەوەی توانای وەبەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی گازی سروشتی، هەر لەم چوارچێوەیەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.

  • سیناریۆکانی داهاتووی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز

یەکەم-سازش و کۆتاییهاتنی لێکترازانە ناوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان:

ئەگەر سیاسەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی جەماوەریی هەبێت و لێکترازانی نێوان حکوومەت و هاووڵاتیان کەم ببێتەوە و لە لایەکی تریشەوە، حزبە سیاسییەکان و بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆتایی بە بارگرژییەکانیان بێت و بگەڕێنەوە سەر سیاسەتی پاش ٢٠٠٣ لە بەغدا و هەرێمی کوردستان، ئەوە دەتوانن هاوسەنگیی هێز لە عێراق تا ڕاددەیەکی بەرز بگۆڕن. چونکە لە ئێستادا حزبەکان بە ئەجێندای جیاوازەوە نوێنەرایەتیی کورد دەکەن و ئەمەیش پێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دابەزاندووە و لاوازی کردووە.

دووەم-ناوبژیوانی و دەستوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا:

لەم سیناریۆیەدا ئەمریکا لە ڕێگەی ئامرازە بەردەستەکانییەوە دەتوانێت بەخێرایی هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت؛ ئەمەیش هەم بە دروستکردنی گوشار لەسەر شیعەکان و حکوومەتی فیدراڵی دەبێت و هەمیش بە ڕێککەوتنێکی نافەرمی و نهێنی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کە لە ڕابردوودا ئاماژەکانی هەبووە. لە لایەکی تریشەوە، نزیکبوونەوە و دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک لە نێوان کورد و سوننە و بەشێک لە شیعەکانی دژبەری ئێران، وا دەکات کە هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت. ئەم خاڵە یەکجار گرنگە، بەو پێیەی نەخشەی سیاسیی عێراق دەگۆڕێت؛ بەڵام ئێران بەتوندی دژی دەوەستێتەوە و لە ڕابردوویشدا ئەمەی كردووە.

سێیەم- گرتنەبەری دیپلۆماسییەکی چالاک لەسەر ئاستی وڵاتانی هەرێمایەتی و ڕۆژاوایی و تەنانەت ڕووسیا:

هەرێمی کوردستان لە ئێستادا (جگە لە کاری سیاسیی یەکەم)، دوو کارتی گرنگی بەدەستەوەیە: ١- پێشمەرگە، ٢- پەیوەندییەکانی دەرەوە. بۆیە ئەگەر هەرێمی کوردستان بتوانێت کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گوشارەکانی بەغدا دروست بکات، ئەوە دەتوانێت هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت. جگە لەمانەیش، سەرهەڵدانەوەی هەر ڕێکخراوێکی توندڕەوەی هاوشێوەی داعش یان بەهێزبوونەوەی خودی داعش، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی دەوڵەتان هەبێت لە عێراق.

چوارەم ناکۆکیی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی:

لەم سیناریۆیەدا لە لایەک لەناو خودی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا لێکترازان ڕوو دەدات و لە لایەکی ترەوە، لە نێوان ئەوان و سەدرییەکان ئەگەری دروستبوونی پێکدادان بەرزە و ئەمەیش بەبێ پاڵپشتیی کورد و سوننە ناکرێت. بۆیە لەم حاڵەتەدا هەم ئێرانییەکان پاشەکشە لە گوشارەکانیان دەکەن و هەمیش لایەنە شیعەکان داواکارییەکانی کورد جێبەجێ دەکەن.

پێنجەم: فتوا یان پەیامی مەرجەعییەتی عێراق (بەتایبەت ئایەتوڵڵا سیستانی):

ئەم سیناریۆیە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ڕەفتار و سیاسەتی شیعەکان هەبێت، بەو پێیەی لانی کەم لە ڕواڵەتدا وا نیشان دەدەن کە پابەندن بە مەرجەعییەت و بڕیارەکانی؛ چونکە بەپێچەوانەوە بنکەی جەماوەری و ڕەوایەتییان لەدەست دەدەن. بۆیە کورد دەتوانێت لەسەر ئەمەیش کار بکات. هەرچەندە ئەم سیناریۆیە مەترسیی شاراوەیشی هەیە.

شەشەم- گۆڕانکاری لە هاوکێشەکان و هاوسەنگیی هێزی هەرێمایەتی:

یەکێک لە سیناریۆکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناجێگیری و لەرزۆکبوونی هاوپەیمانییەکان و سەقامگیرییە؛ هەر بۆیە هەر کاتێک کە هاوسەنگی لە زیانی کورد بووە، بەهۆی فاکتەر و ئەکتەرە هەرێمی و سەرووهەرێمییەکان ئەم هاوسەنگییە گۆڕاوە و کوردیش سودی لێ وەرگرتووە. لە ئێستادا  هاوسەنگیی هێز لە زیانی کورد بەگشتی و بەتایبەتی هەرێمی کوردستاندایە، بەڵام ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە ناکۆکی و لێکترازانی ئەکتەرەکان زۆر لەوە گەورەترە کە تەنیا لێدان لە  داهاتووی کورد لە ناوچەکە بتوانێت کۆیان بکاتەوە.

حەفتەم-گۆڕانكاری لە سیاسەتی تورکیا:

تورکیا دەتوانێت کۆی یارییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بگۆڕێت، چونکە ئێران ڕێگە نادات لە عێراق و سووریا باڵادەست بێت و بەرژەوەندنییەکانی ڕووسیا لە ناوچەکە تاوەکوو ئێستا كۆی کردوونەتەوە. بەم پێیەیش چاوەڕوان دەکرێت بەرژەوەندییەکانی تورکیا بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەکتەرەکان، هەروەها پێویستییە دارایی و ئابوورییەکانی وا بکات کە پێویستی بە گۆڕانکاری لە هاوکێشەکانی بەغدا هەبێت؛ چونکە بەردەوامیی سیاسەتی عێراق لەسەر ڕێگەی گەشەپێدان دژی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە و بەپێچەوانەکەی ئەوە، تورکیا زیاتر پێویستی بە کورد دەبێت نەک حکوومەتی بەغدا. ئەگەر هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا بگاتە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە هێڵی بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە ناو خاکی تورکیادا، هەروەها هاوتەریب کار لەسەر دروستکردنی هێڵی گواستنەوەی گازی سروشتی و هەناردەکردنی بکات، دەتوانێت هاوسەنگییەکی نوێ بێنێتە ئاراوە. هەرچەندە سەرکەوتنی ئەم سیاسەتە، پەیوەندیی بە پاڵپشتیی ئەمریکا، هەروەها کۆتاییهاتنی دوو ئاست و ڕەهەندی قەیران و لێکترازانی ناوخۆیییەوە هەیە کە لە خاڵی یەکەم خستمانە ڕوو. تەنانەت دەسپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتیش، دەتوانێت هاوسەنگیی هێز تا ڕاددەیەک لە قازانجی هەرێمی کوردستان بگۆڕێت.

هەشتەمسەرهەڵدانەوەی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا:

 ئەم سیناریۆیە سەرەڕای ئاماژە ئەرێنییەکانی ڕێککەوتنی نهێنی و نافەرمیی ئێران و ئەمریکا، بەردەوام ئەگەری ڕوودانی هەیە. چونکە ئێران ناچار بوو بەهۆی “شۆڕشی ژینا” لە ساڵی ٢٠٢١ و، هەروەها ترسی لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆی ئەو وڵاتە بەهۆی قەیرانی ئابووری و سیاسییەوە، ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بکات؛ جگە لەمانەیش ئێران بەهۆی ئەوەوە لەگەڵ وڵاتانی عەرەب و بەتایبەتی سعوودیا پەیوەندییەکانی ئاسایی کردەوە کە هەم یارمەتیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی نەدەن و هەمیش لە عێراق یارمەتیی سوننە و شیعەکانی ناڕازی نەدەن لە دژی ئێران. ئەمە جگە لە ڕۆڵی ئەو وڵاتانە لە پاڵپشتی لە کورد و سوننە لە عێراق  و سووریا، چونکە بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، ئەوە ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی بوون کە بوونە هۆی سەرهەڵدان و پاڵپشتی لە بەردەوامیی خۆپیشاندان لە دژی ئێران لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٩. بۆیە ئێران دڵەڕاوکێی ئاسایشیی هەیە سەبارەت بە لەدەستدانی هەژموونی لە عێراق؛ بەم پێیەیش بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیا و ئیمارات، ئامادەکاری دەکات بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان لە دژی هێزە سیاسی و میلیشیاکانی لایەنگری لە عێراق.

نۆیەم: پێکدادانی هەرێمایەتی وەکوو هێرشی ئیسرائیل بۆ بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران یان پێکدادانی ئەرمینیا و ئازەربایجان بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆریدۆری زەنگەزۆر:

ئەم سیناریۆیە دەبێتە هۆی ئەوەی كە ئێران بەتەواوی بکەوێتە دۆخێکی ئەستەم و پێگەیەکی لاوازەوە، چونکە ئەو کاتە مەترسیی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی ناوخۆییش لەو وڵاتە بەرز دەبێتەوە و کۆی هاوکێشەکانی عێراق و ناوچەکەیش دەگۆڕێت. هەرچەندە پریشکی ئەم جەنگە بەر هەرێمی کوردستانیش دەکەوێت، بەڵام هەر ئەم سیناریۆیە و ئامادەکاری بۆ ڕێگرتن لە لێکەوتە نەرێنییەکانی بۆ سەر ئێران لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە، وای کردووە کە ئێران گوشار بۆ چەککردنی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات.

دەیەم- قەیرانی ناوخۆیی و ئاڵۆگۆڕی سیاسی لە ئێران:

ئەم ڕووداوە هەم هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و هەمیش لە عێراق کۆتایی بە هەژموونی شیعە توندڕەوەکان دێنێت.

یازدەیەم- جووڵەی سەدر، سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق:

 ئەم سیناریۆیە پێگەی ئێران و لایەنگرانی لاواز دەکات و دەتوانێت کاریگەری لەسەر کۆی پرسەکان و هاوسەنگیی هێز لە هاوکێشە سیاسی-ئاسایشییەکانی ناوخۆی عێراق دروست بکات.

کۆبەند

لە ئێستادا و لە پاش کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی داهاتوو و ئابووریی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان لە ئاستی میکرۆپۆلیتیک، پلانی داهاتووی بەغدا ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان ناچار بکات مووچەخۆرانی بگوازێتەوە سەر بەغدا یاخود مووچەخۆران بە دەڕبرینی ناڕەزایەتی، گوشار بکەن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناچار بێت ئەم کارە ئەنجام بدات و، لێکەوتەی ئەمەیش کۆتاییهاتنە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەی ئێستا! لە ئاستی ماکرۆپۆلیتییک، کۆنترۆڵی کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان جگە لە لاوازکردنی ئەدای ناوخۆیی و لێسەندنەوەی ڕەوایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هاووڵاتیاندا، لە هەمان کاتیشدا ئامانجە گەورەکە لاوازکردنی پێگەی نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستان بوو لە هاوکێشە هەرێمایەتی و ناوخۆیییەکانی عێراق، چونکە سەرەڕای تێبینی و ڕەخنە جددییەکان لەسەر چۆنێتیی بەڕێوەبردنی کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان بە ڕێگەی وزەوە چووە ناو هاوکێشە نێودەڵەتییەکانەوە، هەر بۆیە لێدان لەم جومگەیەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە پاش جەنگی ئۆکراینا و ئەزموونی پاش ساڵی ٢٠٠٣ دەری خست کە هاوکێشە دەرەکییەکان و ئەکتەرە دەرەکییەکان ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەیە لە هاوسەنگیی هێزی نێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکی عێراق. هۆکاری ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و پاشان گۆڕانکاری و هاوسەنگییەکانی پاش ساڵی ٢٠٠٣.

لەم نێوەدا، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان جۆری پەیوەندی و ململانێی ئەمریکا و ئێران و بەناڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیا لە ناوچەکە (بەتایبەتی بەهۆی پرسی وزەوە)، بە پلەی یەکەم و پاشان تورکیا و تا ڕاددەیەک وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەکە و عێراق، سەنگ و پێگەی کورد لە عێراق نزم و بەرز دەکاتەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەمەیش دیسانەوە لە لایەک بۆ دابەشبوون و کێشە ناوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان و لە لایەکی تریشەوە، بۆ جۆری پەیوەندیی کورد لەگەڵ ئەو ئەکتەرە دەوڵەتییانە دەگەڕێتەوە. لە کۆتاییشدا، پرسی ئەوەی “کورد چی بکات؟” بابەتێکی جیاوازە و تا ڕاددەیەک پەیوەندیی بە ڕەهەندی ئاسایشییەوە هەیە، بەڵام دەتوانین بڵێین کە ئەگەر ئەم ئەگەر و سیناریۆیانە نەیەنە ئاراوە، ئەوە مەترسی و سیناریۆی بارگرژیی زیاتر و تەنانەت پێکدادانی سەربازی و جەنگ لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە ئارادایە بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی ئەم بارگرژییانە یاخود هاوسەنگکردنەوەی هێزەکان یاخود دروستبوونی پێویستیی دەستوەردانی دەرەکی و نێودەڵەتی. چونکە پێ دەچێت عێراق بەم سیاسەتەی ئێستا نەوەستێت و ئەوەی بە دەستوور و دادگەی باڵای فیدڕاڵی نەکرێت، بە زۆرینە و بەهێز لە چوارچێوەی سەپاندنی دەستوور و یاسادا یەکلایی بکاتەوە؛ بەڵام مەترسییە گەورەکە ئەوەیە کە ئەم پلانە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بە کورد جێبەجێ بکرێت!

[1]-Strategic Framework Agreement for a Relationship of Friendship and Cooperation between the United States of America and the Republic of Iraq

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

ترەمپ گەڕایەوە کۆشکی سپی: لێکەوتەکانى بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟… زیاتر

5 days ago

ئیدارەی ترەمپ و عێراق: چی بەڕێوەیە؟

نووسەر: مایکڵ نایتس وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە… زیاتر

6 days ago

بـەرەو نوێـکردنەوەى سیستـەمى دڵنیاییى جـۆرى لە زانکـۆکان

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین پێشەکى نزیکەى پازدە… زیاتر

1 week ago

مەترسی و دەرفەتەكانی بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستان لە گەڕانەوەی “ترەمپ”دا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق گەڕانەوەی دۆناڵد… زیاتر

1 week ago

کۆبوونەوەی لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) بە ئامادەبوونی کام وڵاتان بەڕێوە دەچێت؟

ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی… زیاتر

1 week ago

گەڕانەوەی ترەمپ؛ کۆتاییهاتنی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ڕێخۆشکردن بۆ ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران؟

ن: یۆرۆنیوز وەرگێڕانی: پێنووس ڕەنگە ماوەی ئێستا تا دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی… زیاتر

2 weeks ago