پێنووس

لێکەوتەکانی کۆتاییپێهێنان بە يونیتاد لە عێراق

پڕۆفيسۆر دکتۆر بڕیار شێرکۆ بابان

“ڕێکخراوی داعش” بە بەرچاوی هەموو دنیا کوردانی ئێزیدی و چەندان پێکهاتەی تری عێراقی کردە ئامانج. خراپترین و بەرفراوانترین شاڵاوی لەناوبردن لە سەدەی بیست و یەکەمدا لە عێراق ڕووی داوە؛ لەسەردەمێکدا هەواڵەکان بە کلیکێك دەگاتە هەموو جیهان. تاوانەکان هێندە قێزەون بوون، ویژدانی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتیی هەژاند. دەوڵەتی داعش بۆ ماوەیەکی کەم بەردەوام بوو، بەڵام جووڵە لابەلاکان و ئايدیۆلۆژییەکەیان ئێستایش ماون.

لەو ماوە کورتەی خەلافەتی داعش لە ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٧ لە عێراق و سووریا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە توندترین شێوەی سەربازی، ئابووری و سیاسی ڕووبەڕوویان بووەوە. هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە، وەکوو بەشداربوویەكی سەرەکی لە هاوپەیمانیی جیهانیی دژی داعش، ئەکتەری یەکلاکەرەوە بوو بۆ لەناوبردنی حوكمڕانیی ئەم دەسەڵاتە تيرۆریستییە. هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، تاوانەکانی داعش بۆ پێش نۆ ساڵ زیاتر دەگەڕێتەوە، کەچی نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نە نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوێکی ڕاستەقینەیان بۆ دادگه‌ییکردنی ئەم تاوانە نێودەوڵەتییانە نەهاوێشتووە؛ جگە لەوەی لە ساڵی ٢٠١٧دا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری پێکهێنانی “تیمی لێکۆڵينەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاڵپشتیکردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش” – کە کورتکراوەکەی يونیتاد  (UNITAD)ه‌، دەدات.

دەسەڵاتە سنووردارەکەی يونیتاد

لە ڕێکەوتی ٩/٨/٢٠١٧ وەزیری دەرەوە عێراق بەفەرمی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە به‌ مەبەستی دادگه‌ییکردنی سەرانی داعش، سوود لە شارەزایان وەرگرێت. دواتر بریتانیا و عێراق پێکەوە پرۆژەبڕیارێکیان ئامادە کرد و لەم سۆنگەیەوە لە ٢١/٩/٢٠١٧ بڕیاری ژمارە (٢٣٧٩) لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەرچوێندرا. ئامانج لە بڕیارەکە، پێکهێنانی  تیمێکی نێودەوڵەتی- عێراقی بوو بۆ لێکۆڵينەوە لە تاوانەکانی داعش و پاڵپشتیکردنی لێپرسینەوە لەم تاوانانە.

دواتر، چۆنێتیی کارکردن و دەسەڵاتەکانی يونیتاد لە چوارچێوەی ڕێنمایییەكی (٥١) بڕگەیی بە ڕەزامەندیی عێراق داڕێژرا. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان “ئەنتۆنیۆ گۆتاريش” لە ڕۆژی ٣١/٥/٢٠١٨، بڕیاری دا بە دەستنیشانکردنی “کەریم ئەسعەد ئەحمەد خان”ی بریتانی وەکوو ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوە بۆ یارمەتیدانی هەوڵەکانی عێراق بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی بەڵگەکان. دوای ئەوەی “کەریم ئەسعەد خان” یەکێك لە هەستیارترین پۆسته‌ نێودەوڵەتییه‌كانی وەرگرت، وەکوو داواکاری گشتیی دادگه‌ی تاوانکاریی نێودەوڵەتی دەستبەکار بوو؛  لێكۆڵەری دادی ئەڵمانی “کریستیان ڕيچەر”  وەکوو سەرۆکی یونیتاد دیاری کرا.

دەسەڵاتەکانی يونیتاد خۆی لە چەند بابەتێکی دیاریکراودا دەبينێتەوە، کە بریتین لە گەڕان و کۆکردنەوە و بەئەرشيفکردنی تاوانەکانی داعش كه‌ لە دژی پێکهاتە جیاوازە ئەنجام دراون. کاریان لەسەر گەڕان بە دوای گۆڕە بەکۆمەڵەکان کردووە و بەشێکیان هەڵدراونەتەوە و ڕووفاتەکان دراونەتەوە دەستی خانەوادەکانیان. هەروەها لە ڕووی بابەتییەوە ئەرکەکانیان پەیوەست کراوە بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان (جينۆساید، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ). لەم دەروازەیەوە چەندان بابەتی تر لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کراوە؛ بۆ نموونە بەدەستهێنان و بەکارهێنانی چەکی کيمیایی و بايۆلۆژی لەلایەن داعش و، کار لەسەر ڕێڕەوی پارەدارکردن (تمويل)ی داعش کراوە، کە چۆن لە دەرەوە و ناوەوە ئەم بابەتە ئەنجام دراوە؛ هەرچەندە بابەتی پارەدارکردن لە بنەڕەتدا ڕاستەوخۆ ناچێتە چوارچێوەی بابەتی تاوانە نێودەوڵەتییەکان. يونیتاد ئامادەیە کە ئەم بەڵگەنامانه‌ لەگەڵ عێراق و وڵاتانی تر -وڵاتانی سێیەم- بەش بکات بە مەبەستی دادگه‌ییکردنی سەرانی داعش؛ هەروه‌ك بۆ نموونە لە پێش دادگه‌ی باڵای هەرێمی لە “کۆبلنز”ی ئەڵمانیا لە مانگی ٦ی ٢٠٢٣ سوود لەم بەڵگەنامانە وەرگيرا. شایەنی گوتنە، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هاوکار و یارمەتیدەری سەرەکیی يونیتاد بووە، هەروەکوو لە ڕاپۆرتە یەک لە دوای یەکەکانی يونیتاد دەردەکەوێت.

هەرچەندە پرسەکان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر مەترسیدارن، کەچی لە ئاستە یاسایییەکەی، نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر بەخەمساردییەوە ئەم بابەتەی ورووژاند؛ يونیتادی دامەزراندووە بە دەسەڵاتێکی کەمەوە و لەژێر چاودێری و هەژموونی عێراق کارەکانی ئەنجام دەدات. دەبوایە وەکوو يۆگوسلاڤیای پێشوو و ڕوواندا مامەڵەی لەگەڵ پرسەکان بکردایە. بۆ نموونە، بە بڕیاری ژمارە (٧٨٠)ی ساڵی ١٩٩٢ی ئەنجومەنی ئاسایش لە ٦/١٠/١٩٩٢ لێژنەیەکی هاوشێوەی يونیتادی پێک هێنا بۆ لێکۆڵینەوە؛ دوای چەند مانگێك بە بڕیاری ژمارە (٨٢٧)ی ساڵی ١٩٩٣ لە ٢٥/٥/١٩٩٣ دادگه‌ی تاوانکاریی نێودەوڵەتیی تایبەت بە يۆگوسلاڤيا لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا. هەروەها دامەزراندنی دادگه‌ی تاوانکاریی نێودەوڵەتیی تایبەت بە ڕوواندا بە هەمان ڕێچکەدا تێ پەڕی.

کەچی سەبارەت بە تاوانە نێودەوڵەتییەکانی داعش، دوای شەش ساڵ لە کارکردنی يونیتاد و خوێندنەوەی ١٠ (دە) ڕاپۆرتی جیاواز سەبارەت لێکۆڵینەوە و بەڵگەنامە و ڕاستییەکان لە ئەنجومەنی ئاسایش، بڕیاری ژمارە (٢٦٩٧)ی ساڵی ٢٠٢٣ باس لە کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی يونیتاد دەکات، بێ ئەوەی بزانرێت ئەو هەگبە پڕ لە بەڵگەنامە و شایەتییەی يونیتاد، چیی بەسەر دێت و چۆن دادگه‌کانی عێراق و وڵاتان سوودی لێ وەردەگرن. ئاراستەی عێراق ئەوەیە کە ئەم بەڵگەنامانە وەکوو بەڵگەنامەی ناوخۆییی عێراقی تۆمار بکرێن و دەوڵەتی سێیەم ناتوانێ بەبێ ڕەزامەندیی عێراق سوودی لێ وەرگرێ. ئەمەیش بەڵگەیەکە کە پرۆسەی دادگه‌ییکردنی داعش لە عێراق و لە تەواوی جیهانیش، بەسستی بەڕێوە دەچێت و پرۆسەکانی دادگه‌ییکردنی سەرانی  داعش بەناوخۆیی بکرێت.

بەناوخۆییکردنی دادگه‌ییکردنی سەرانی داعش

هەر لە سەرەتای دامەزراندنی يونیتادەوە نیشانەکانی بەناوخۆییکردنی دادگه‌ییکردنی سەرانی داعش  بەدەرکەوتن، کە گشت ئەو ئەرکانەی لە سەرەوە باس کراون بە ڕەزامەندی و هەماهەنگیی حکوومەتی عێراق ئەنجام دەدرێت؛ بۆ نموونە يونیتاد لە پێدانی بەڵگەنامەکان بە وڵاتی سێیەم بۆ دادگه‌ییکردن سەرانی داعش، پێویستە ڕای دەسەڵاتدارانی عێراق وەرگرێت.

يونیتاد خراوەتەوە ژێر دەسەڵاتی عێراقی: وەکوو ئاماژەمان پێ دا، بە داواکاریی عێراق، يونیتاد دامەزرا و نيوەی پێکهاتەکەی هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقین و، کۆتاییپێهێنانیشی بە داواکاریی عێراق دەبێت. کەواتە عێراق دەیەوێ دەرەنجامی کارەکانی يونیتاد بکات بە بابەتێکی عێراق؛ ئاراستەکان زیاتر لەوەی بەرەو بەنێودەوڵەتیکردن بڕوات، بەرەو بەناوخۆییبردن ده‌ڕوات.

بە شێوەیەکی گشتی عێراق دوورەپەرێز (متحفظ) بووە لە پرسی یاسای نێودەوڵەتی و دادگه نێودەوڵەتییەکان. بە واتایەکی تر، کاتێك دەستوور و یاساکانی عێراق باس لە پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان دەکەن، مەبەستیان زیاتر داڕشتنی سیاسەتی دەرەکیی عێراقە نەوەک یاسایەکی نێودەوڵەتیی پابەندکار جێبەجێ بکەن. عێراق زۆر بەدەگمەن لە به‌رده‌م دادگه نێودەوڵەتییەکان- بۆ نموونە دادگه‌ی دادی نێودەوڵەتی و دادگه‌ی تاوانکاریی نێودەوڵەتی لە لاهای- ئامادە بووە. بەڵام لە پرسی ڕەوانەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگه‌ی تورکیا، عێراق هیچ کارتێکی سیاسی و سەربازیی لەدەست نەمابوو، بۆیە بەناچاری پەنای بردە به‌ر دادگه‌ی نێودەوڵەتی بۆ ناوبژیوانی لە پاریس و، سكاڵای دژی تورکیا بەرز کردەوە. عێراق تا بۆی کراوە خۆی بەدوور گرتووە و دوورەپەرێز بووە لە ناوەندە یاسایی و دادوەرییە نێودەوڵەتییەکان.

له‌ ڕوانگەیەکی تره‌وه‌ باسی بکەین؛ عێراق لە جیاتی “بەنێودەوڵەتیکردن”ی پرسی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی، کە لە بەرژەوەندیی پرسی ئێزیدییەکانه‌ بەتایبەتی، هەوڵی “بەناوخۆییکردن”ی ئەم پرسە دەدات؛ واتا بچووکكردنەوەی بابەتەکە؛ واتا دووبارەکردنەوەی دادگه‌ی باڵای تاوانکاریی عێراقی بەڵام بە شێوەیەکی تر. هەروەکوو بينیمان، دادگه‌ی باڵای تاوانکاریی عێراق کە بۆ دادگه‌ییکردنی سەرانی بەعسی دانرا، تاوانە نێودەوڵەتییەکانی دژی کوردستانی تێدا، کران بە کەیسی ناوخۆیی، کاریگەرییەکەی سنووردار کرا بە ناوخۆی عێراق و نەتواندرا ئەو تاوانە گەورانەی کە دژی میللەتەکەمان ئەنجام درابوو، بکرێت بە پرسێکی نێودەوڵەتی و کاریگەریی لەسەر گشت کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی دروست بکات؛ هاوشێوەی هۆلۆکۆست و تاوانەکان لە ڕوواندا و یۆگوسلاڤيای پێشوو و هتد.

مەترسییەکەیش لەوەدایە کە دادگه‌ی ناوخۆیی دابمەزرێت و دوور لە چاودێریی نێودەوڵەتی کارەکانی ئەنجام بدات. لەوانەیە ئەم دادگه‌یە بکرێت بە ئامرازێك لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە و تۆڵە لە نەیارە سیاسییەکانیان لە کوردستان و سوننە بکەنەوە. دادگه‌ییکردنی پرسێکی گرنگی وەکوو جينۆساید، پێویستیی بە دادوەر و لێكۆڵەری دادی و شارەزای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ ئه‌وه‌ی لە پرۆسە جۆربەجۆرەکانی دادگه‌یییەکە بەشدار بن. يونیتاد ئەرشيفێکی گەورە لە بەڵگەنامە و شایەت دژی سەرانی داعش پێشکەش بە عێراق دەکات؛ پێویستە بەلاڕێدا نەبرێت و، يونیتاد و نەتەوە یەکگرتووەکان نەکرێنە دەرەوە پرۆسەی دادگه‌ییکردنی داعش.

سیاسەتی گەڕاندنەوەی سەروەری بۆ عێراق

لە ساڵی ١٩٩١ەوە عێراق “کێشەی سەروەری”ی هەیە. لە ماوەی نێوان ١٩٩١ – ٢٠٠٣ خرايە ژێر گەمارۆیەکی توندی نەتەوە یەکگرتووەکانه‌وه‌. عێراق نەيدەتوانی لە ڕووی ئابووری و سیاسی و یاسایییەوە سەروەریی خۆی وەکوو دەوڵەتێکی ئاسایی پيادە بکات. دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ کەوتە ژێر دەسەڵاتی سەربازی و سیاسیی توندی وڵاتان، بەتایبەتی ئەمریکا و ئێران، کە تاوەکوو ئەمڕۆش دەستێوەردانی ئەم دوو وڵاتە لە حوکمڕانیی عێراقدا ئاشکرایە.

سیاسەتێکی فرەلایەن و فرەڕەهەند هەیە بۆ گەڕاندەوەی سەروەریی عێراق، کە لە ساڵانی حوکمڕانیی نووری مالیکی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦-٢٠١٤ هەستی پێ کراوە و بەتایبەتی دوای  واژۆکردنی ڕێکكەوتننامەی نێوان عێراق و ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٨ و کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١١. کەچی دواتر دوای داگيرکردنی ڕووبەرێکی فراوان لە خاکەکەی لەلایەن ڕێکخراوی داعشه‌وه‌، عێراق مەجبوور بوو ڕێگه‌ بە گەڕاندنەوەی هێزە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی جیهانیی دژی داعش بدات و، لە سەرووی هەموویانەوە هێزەکانی ئەمریکا.

لایەنگرانی سیاسەتی گەڕاندنەوەی سەروەری، ڕەنگدانەوەی بەسەر ناوی هاوپەیمانیی دروستکردنی حکوومەتی “محەمەد شياع سوودانی” هەبووە و ناوی لێ نراوە “هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت”. ئیدارەی دەوڵەت و سەروەری، هاوواتان، چونکە ئیدارەی دەوڵەت کارێکی هەرە ئاساییی هەموو حکوومەتێكە لە جیهان؛ بەڵام نەدەکرا ناوی لێ بنرێت “هاوپەیمانیی سەروەری (تحالف السيادة)، لەبەر ئەوەی سوننەکان کە بەشدارن لە حکوومەتەکەی ئێستا، ئه‌و ناوه‌یان له‌ هاوپەیمانێتییەکەیان ناوه‌.

هەروەها لە ٥/١/٢٠٢٠ وەکوو کاردانەوەیەك لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای دەرکردنی هاوپەیمانان لە عێراق و گەڕاندنەوەی سەروەریی عێراقی کرد. نیشانەیەکی تری سیاسەتی گەڕاندنەوەی سەروەری، بریتییە لە بڕیاری دادگه‌ی باڵای ئیتحادی، تایبەت بە نادەستووریبوونی ڕێکكەوتننامەی عێراق و کوێت دەربارەی “خۆر عەبدوڵڵا” کە لە ڕێکەوتی ٤/٩/٢٠٢٣ دەرکرا و، تاكلایه‌نه‌ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێکكەوتننامەی دوولایەنەی نێوان کوێت و عێراقی لە ٢٩/٤/٢٠١٢ ڕاگەیاند؛ واتە دادگه داوای گەڕاندنەوەی سەروەریی خاکی عێراق بۆ سەر خۆر عەبدوڵڵا دەکات.

هەندێ جار هەست دەکرێت لایەنگرانی سیاسەتی گەڕاندنەوەی سەروەری، زیادەڕەویی تێدا ده‌کەن:  لە ئاستی ناوخۆیی بە شێوەی دژەفيدراڵییەت کار ده‌کەن و لە جیاتی جێبەجێکردنی فيدراڵییەت، داوای بەناوەندیکردنی توند لە بەغداوە دەکەن. هەروەها سیاسەتی گەڕاندنەوەی سەروەری لە ئاستی نێودەوڵەتی بەو شێوەیە کاری لەسەر ده‌کرێت کە بابەتێکی وەکوو جينۆساید کە سروشتێکی تەواو نێودەوڵەتیی هەیە، بچووك بکرێته‌وه‌ و بەناوخۆیی بکرێت، یان بە شێوەی کاردانەوەیەکی توند دژی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم سیاسەتە دەرکەوێت.

کاردانەوەکانی عێراق بەرامبەر نەتەوە یەکگرتووەکان

جياواز لەو لێژنە نێودەوڵەتییانەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەسەر عێراقدا سەپێنران، يونيتاد لەسەر داوای عێراق دامەزراوە و چوارچێوەی کارکردنی بۆ داناوە. لێرەدا چەند نموونەیەك دەخەینە ڕوو: بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسەکانی دوای جەنگی کوێت لە ساڵی ١٩٩١ و چەكداماڵینی عێراق، دوو کۆمیسيۆن لە نەتەوە یەکگرتووەکان دروست بوون: یەکەم، کۆمیسيۆنی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (ناسراو بە يونسکۆم UNSCOM) لە نێوان ساڵانی ١٩٩١-١٩٩٩ دامەزرا؛ دووەم، کۆمیسيۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردن و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون (ناسراو بە يونمۆڤيک UNMOVIC) لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩-٢٠٠٧ دامەزرا.

 هەروەها  کۆمیسيۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەرەبووکردنەوە (ناسراو به‌ UNCC) لە نێوان ساڵانی ١٩٩١-٢٠٢٢ بەسەر عێراق سەپێنرا؛ لەم ڕێگه‌یەوە بڕی زیاتر لە (٥٢) مليار دۆلاری قەرەبووی زەرەرمەندی جەنگی کوێت (١٩٩٠-١٩٩١)، خرایە سەر ئەستۆی عێراقییەکان و بەشە بوودجەی عێراق. لە پرۆسەیەکی (٣١) ساڵیدا قەرەبووەکان درانەوە بە کەس و کۆمپانیا و دەوڵەتانی زەرەمەند لە جەنگی کوێت لە ڕەگەزنامە جياوازەکان.

ئەمانەی سەرەوە چەند نموونەیەکن لەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان چۆن خۆی بەسەر عێراقدا سەپاند؛ ئێستایش وای کردووە کە ئەم وڵاتە بە هەستێکی کاردانەوە بەرامبەر نەتەوە یەکگرتووەکان کار بکات. لە نامەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق (بڕوانە بەڵگەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە (S/2023/654) لە ڕێکەوتی ٧/٩/٢٠٢٢) بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر بەڕوونی داوای کۆتاییهێنان بە يونیتاد دەکات لە ماوەی ساڵێكدا؛ لە هەمان کاتدا داوایان لێ دەکات کە ئەو بەڵگەنامانەی يونیتاد بەدەستیان کەوتووە، نەدرێت بە دەوڵەتی سێیەم بە مەبەستی دادگه‌ییکردنی داعش. ئەم جۆرە داواکارییانه‌، ئاماژەن بۆ نەمانی متمانەی عێراق بە يونیتاد لە لایەک و، لە لایەکی ترەوە نیشان دەدات کە يونیتاد لەژێر ڕکێفی عێراق کار دەکات. بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە ٢٦٩٧ی ساڵی ٢٠٢٣ داوای لە يونیتاد کردووە کە بە ڕەزامەندیی عێراق ئەم بەڵگەنامانه‌ پێشکەشی دەوڵەتی سێیەم بکات. عێراق دەیەوێت بەڵگەنامەکانی يونیتاد، بکات بە بەڵگەنامەی ناوخۆییی عێراقی، دواتریش تەنیا لەلایەن دادگه ناوخۆیییە عێراقییەکانەوە بەکار بێت.

کاردانەوەکانی عێراق بەرامبەر نەتەوە یەکگرتووەکان لەوانەیە بگاتە ڕاددەیەك کە داوای کۆتاییهێنان بە نێردراوی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (ناسراو بە یونامی UNAMI)، ببێتە بەشێکی تر لە سیاسەتی داهاتووی عێراق. يونامی زیاتر لە (٢٠) ساڵه‌ چالاکە لە بوارە جیاجیاکانی ژیانی سياسی و یاساییی عێراقییەکان. ڕاستە يونیتاد، لە ئاستی چاوەڕوانی و ئاوات و خەمی قوربانیان نەبووە، بەڵام با نەتەوە یەکگرتووەکان فۆرمێکی تری کارکردن پەيڕەو بکات، یان دەسەڵاتەکانی يونامی بەرفراوان بکات و بابەتی دادگه‌ییکردنی سەرانی داعش لە ئەستۆ بگرێت.

کۆبەند

کۆتاییهێنان بە نێردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، مەترسیی شاراوەی هەیە بۆ هەرێم و پێکهاتەکانی تری عێراق. ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە لە ساڵی ٢٠٠٣وە وەکوو چاودێرێك بۆ پرسە عێراقییەکان و وەکوو ناوبژيکارێك لە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەرکەوتووە. ئامادەبوونیان، گەرەنتییەكە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، چونکە پرسه‌ ناوخۆیییە گرنگەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە، بە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانه‌وه‌ گرێ دراون. پێویستە هەرێمی کوردستان بەهەستیارییەوە لە پچڕانی هێڵی پەیوەندیی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان بڕوانێت و، کار لەسەر ئەوە بکرێت کە ئەم هێڵە بمێنێتەوە و زیاتر پەرەی پێ بدرێت.

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

سوودانی و مالیکی… جەنگی سارد و زیاتریش

(دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، "ویلایەتی دووەم" یاساکانی جەنگەکە دەگۆڕێت)   ن: عەلی سەرای و:… زیاتر

1 week ago

حكوومەتی سوودانی: دوو پێشهاتی گەورە و كۆمەڵێك ئەگەر و سیناریۆ

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق كابینەی محەمەد… زیاتر

1 week ago

11 کەسایەتیی کاریگەر لە سیاسەتی دەرەوەی ترامپ

نووسەر: فۆریەن پۆلیســـی (foreignpolicy) وەرگێڕان: پێنووس ئەگەر دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جارێکی دیکە بگاتە… زیاتر

2 weeks ago

یەکەم گەشتی سیسی بۆ ئەنقەرە؛ پەیوەندیی نێوان میسر و تورکیا دوای ١١ ساڵ چۆن گۆڕا؟

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس بڕیارە ڕۆژی 4ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، بە مەبەستی… زیاتر

2 weeks ago

سیناریۆ و ئەگەرەکانی پێکدادانی ئیسرائیل و ئێران: هاوکێشەکانی پاش کوژرانی ئیسماعیل هەنییە

د. پەرویز ڕەحیم قادر\ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان- دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی\ مامۆستای زانکۆ هەرچەند… زیاتر

3 weeks ago

ئاییندەى گۆڕاوە ستراتیژییەکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئەگەرى گەڕانەوەى ترامپ

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران ترامپ وەک مەتەڵێک بۆ… زیاتر

4 weeks ago