(هونەری نووسین)
قەرەنی قادری
بۆچی دەنووسین؟ لەوانەیە ئاساییترین وهڵامی ئەو پرسیارە ئەوە بێت، کە فکر و هزری خۆمان گەڵاڵە دەکەین و بەوانی دیکەی ڕادەگەیەنین. ئەم ڕستەیە هاوکات کە باس لە فەلسەفەی ئازادیی ڕادەربڕین (ئازادیی ڕادەربڕین و نووسین، یانی گەیاندنی پەیامی خۆت بەوانی دیکە) دەکات، هەڵگری دوو خاڵی زۆر گرینگە: یەکەم باس لە پەیام دەکات، هەروەها هاوکات لەگەڵ ئەوەیش باسی پەیوەندیکردن (communication) دێتە گۆڕێ. خاڵی سەرەکی لەو واتایە ئەوەیە کە ئاخۆ ئەوەی دەینێرین وەردەگیرێت، تا کوێ بڕ دەکات و کاتێکەریی لەسەر خوێنەر چۆن دەبێت، هەروەها دەور و گرینگیی زمان (کوردی) لەو پەیوەندییەدا چۆن و چی دەبێت؟
توانایی بۆ پەیوەندیگرتن (نووسین و قسەکردن)، لە بنەما سەرەکییەکانی کاری گەیاندنی پەیامن. لە جیهانی دیجیتاڵی و زانیاریدا، کە ئێمەیشی گرتووەتەوە، کەرەسەکانی ڕاگەیاندن بوونەتە بەشێکی گرینگ و دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەی ئێمە. بۆیە پەیوەندیکردن دەوری گرینگ لە ژیانی ئێمەدا دەگێڕێت، هەر لەبەر ئەوە، گرینگە کە چۆن ئێمە بتوانین پەیامی خۆمان، جا چ بە نووسین بێت یان ئەوەتا بە قسەکردن، بەڕوونی و ڕەوانی بەوانی تر بگەیەنین، کە هەم پەیامەکە ڕوون و ڕەوان بێت، هەمیش تێگەیشتن دروست بکات و، لە کۆتاییدا کارتێکەریی خۆیشی هەبێت. دیارە ئەمە بێکێشە نییە و ئاسانیش نییە، بەڵام دەکرێت.
مرۆڤ دەبێ چی بکات کاتێک دەیهوێ بنووسێت؟ چۆن بابەتەکەی گەڵاڵە بکات، دای بڕێژێت و بینووسێت تا خوێنەر تێی بگات و بتوانێت پەیاموەرگر بە دوای خۆتدا ڕابکێشێت. سیڤ سترۆمکویست دەڵێ: “دەبێ بە شێوەیەکی باش خۆت دەرببڕی، بەبێ ئەوەی تووشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بیت، جا بە نووسین بێت یان ئەوەتا بە ڕێگەی پەیڤینەوە.” بەڵام بەر لە هەموو شتێک، دەبێ بزانین کە نووسین وزەیەکی زۆری دەوێت، چونکە دەبێ بە ڕەوتێکی عەقڵانیدا دەرباز بێت تا بێتە بەرهەم. بۆیە زمان دەوری سەرەکی لەو بوارەدا دەگێڕێت. سیڤ دەڵێت، “دروستیی زمان، دەوری گرینگ دەگێڕێت”؛ کە ئەمەیش پەیوەندیی بە پێکهاتەی ڕستە و وشەوە هەیە، کە چۆن ڕستە دادەڕێژیت و چ وشەیەک هەڵدەبژێریت تا پەیامێکی ڕوون و ڕەوان بگاته دەست پەیاموەرگر (خوێنەر، بیسەر و گوێگر).
ماریکا تەندێفێلت سەبارەت بە نووسینێکی “باش” دەڵێت: “دەقێکی باش بە شێوەیەکی سادە و ئاشکرا زانیاری دەگەیەنێت.” نووسین واتە بیرکردنەوە، داڕشتنی ڕستە و پەرەگرافی ڕوون، هەروەها گەیاندنی بەوانی دیکە. ئەمە هاوکات کە باس لە پرۆسەی نووسین دەکات، باس لە پەیوەندیکردنیش دەکات، چونکە لە ڕستەکەدا ئاماژە بە گەیاندن کراوە. ئەمە ڕێک باس لە زمان دهكات، کە هەم ئامرازی بیرکردنەوەیە و هەمیش دەسەڵات، ئەوە هەم پەیام دەگەیەنێت و هەمیش کارتێکەرە و هێز و دەسەڵات دروست دەکات. بۆیە نووسینێکی “باش” کە دەبێ سادە، ڕەوان و بەبەڵگە بێت، حەز لە خوێنەردا دروست دەکات و تا کۆتاییی نووسینەکە هاوسەفەری نووسەرەکە دەبێت.
دەوری وشە لە چێکردنی ڕستە و گەیاندنی پەیامدا
ڕستە، یەکەیەکی ڕێزمانییە کە لە چەند وشە یان زیاتر پێک دێت، کە بە ڕێگەی ئەوەوە پەیامنێر (نووسەر، ڕۆژنامەوان، سیاسەتوان و…) پەیامی خۆی بە پەیاموەرگر (خۆێنەر، بیسەر و بینەر) دەگەیەنێت. ئەو پەیامە یان پەیامەکان بە ڕێگەی کۆمەڵە وشەیەکەوە چێ دەبن و لە کۆتاییدا ڕستە دروست دەکەن. بۆیە زۆر گرینگە کە نووسەر، ڕۆژنامەوان و سیاسەتوان زۆر ورد بن لە هەڵبژاردنی وشەدا، چونکە هەر وشەیەک مانایەکی تایبەت بە خۆی هەیە و، لە هەمان کاتیشدا ئەو کۆمەڵە وشەیە کە ڕستە دروست دەکەن، دەبێ واتا و پەیامی ڕوونیان پێ بێت.
کۆی وشەکان کە دەبنە ڕستە، تەنیا فکر یان بیرۆکەیەک بە پەیاموەرگر نادات، بەڵکوو لە هەمان کاتیشدا وزە و هێزی هەیە و کارتێکەریشە. بۆیە هەڵبژاردنی دروست و گونجاوی وشە و ڕستە، دەتوانێت دەوری گرینگ لە پەیوەندیدروستکردن و گەیشتن بە ئامانج (کارتێکەری)دا بگێڕێت.
هەروەها هەڵبژاردنی دروستی وشە و چێکردنی ڕستەی ڕەوان و گونجاو، یارمەتیی باشتربوونی پەیوەندی دەدات، کە ئەمەیان باس لە دروونی باش و هاوسەنگیی نووسەر دەکات؛ بەڵام پێچەوانەکەی بە هەڵبژاردنی وشەی ڕەق، ڕقاوی و ڕستەی ناڕێک، ئاماژە بە دەروونێکی ناڕێک، ناهاوسەنگ و شێواو دەدات. “کۆنفۆشیۆس” (٥٥١- ٤٧٩ پ ز) دەڵێت: له بهکارهێنانی وشهدا ههستیار و ورد به، چونکه لهوانهیه وشهیهک عاقڵمان بکات و وشهیهکی تر عەقڵمان کهم کاتهوه.
“ئوورساڵا کرووبێر لێ گوێن”ی نووسەر دەڵێت: “نووسەر کەسێکە کە وشە بۆ ئەو گرینگە؛ بۆی گرینگە کە هەر وشەیەک چ پەیامێکی هەیە و، ئەو پەیامەیش بە چ شێوەیەک دەگەیەنێت. نووسەر دەزانێت کە وشە دەتوانێت ئەو لە فکر و ئازادی نزیک بکاتەوە یان ئەوەتا دووری بخاتەوە. هەر لەبەر ئەوە بەوردی، کەیفخۆشی و هەندێ جاریش بەترسەوە وشە هەڵدەبژێرێت.”
هەڵبژاردنی وشەی پڕمانا و دروست، هەروەها ڕستەی ڕەوان و گونجاو بۆ گەیاندنی پەیام، دهربڕی لێهاتوویییه لە بواری پەیوەندیکردندا. ئێمە لە هێڵی سەرەکیدا بۆ چێکردنی پەیوەندی و پەیام، کەڵک لە ڕستە وەردەگرین؛ کەواتە دەبێت زۆر وریا و ورد بین، هەروەها شازەرای زمانی کوردی، وشە و پەیوەندیکردنی وشەیی (کەڵکوەرگرتن لە وشە بۆ پەیوەندیکردن) بین.
کارتێکەری، تەکووز و گرینگیی زمان
ئەگەر وتار (سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەلسەفی و…) ڕەچاوی سێ خاڵی ڕەواننووسی، تێگەیاندن و کارتێکەری بکات و ڕێنووس و خاڵبەندییشی دروست بێت، بێ شک ئامانجی خۆی دەپێکێت. تەنانەت نووسینی ڕاپۆرت یان نامەیەکی سوپایی (سهربازی)، هەروەها نامیلکەی ئیداری، وتاری ڕۆژنامەوانی یان پەرلەمانی، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی “ڕێنووس، ڕێزمان و خاڵبەندی”یش دەتوانێت پێوەر بێت بۆ ناسینی حوکمڕانان، ڕۆژنامەوانان، داڕێژەرانی سیاسەت و یاسا، هەروەها ئاست و گرینگیی زمانیش لەو دامەزراوانەدا.
“لە کۆتایییەکانی تەمەنی ٤٠٠ ساڵەی ئیمپراتۆریی هان (٢٢٠ پ ز – ٢٢٠ی زایین) لە چیندا، فەرماندە کایمائۆ بە ٣٠٠ هەزار هێزی دەریایی و ٢ هەزار کەشتیی جەنگیی جۆراوجۆرەوە، خۆی ڕادەستی “کائۆ کائۆ” (١٥٥-٢٢٠ی زایینی)، سەرۆکوەزیرانی بنەماڵەی هانی ڕۆژهەڵات- کە بە “سوڵتانی جەنگ”یش ناسراوە- دەکات و نامەی خۆبەدەستەوەدانیش بە کائۆ کائۆ دەدات.
کاتێک کائۆ کائۆ سەیری نامەکە دەکات، ڕوو لە فەرماندەکە دەکات و دەڵێت: “فەرماندە! لە بواری ڕێزمانییەوە نامەکەت هەڵەی زۆری تێدایە؛ هیوادارم کاری سوپایی و ڕێکخستنی هێزەکانیش وەکوو ئەدەبیاتەکەتان نەبێت!“
“ئێمانوێل جێمز ڕان” (جیم ڕان) (١٩٣٠-٢٠٠٩) کە کاری لەسەر زمان و گوتاربێژی (گوتاربێژیی هاندەرانە/ گوتاربێژی هاندەر/ Motivational speaker) دەکرد، ئەویش زۆر بەدروستی باسی لە پەیوەندیی نێوان تەکووز و دسیپلین لەگەڵ “ئامانج”دا دەکات و دەڵێت: “تەکووز و دسیپلین پردی نێوان ئامانج و دەسکەوتەکانن.” واتە دامەزراوە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان، زانکۆ، قوتابخانە، ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتیی وڵات، حزب و لایەنە سیاسییەکان و… کە دەوری تێکدەرانە دەرهەق بە زمانی کوردی دەگێڕن، بێ شک پەیوەندیی نێوان تەکووز و دسیپلین لەگەڵ “ئامانج”یشدا تێک دەدەن و زمانی کوردی بۆ ئەوان تەنیا دەوری کەرەسەیەکی ڕووتوقووت دەگێڕێت و شتێک بە ناوی ئەوەی کە “زمانی کوردی نەک تەنیا کەرەسە بەڵکوو دەبێ ئامانجیش بێت”، نامێنێتەوە و، هەر بەو پێیەیش بوار بۆ تێکدانی زمانی کوردی- کە یەکێک لە پێناسە سەرەکییەکانی نەتەوەی کوردە- خۆشتر دەکەن!
ڕێکخستنی دروستی هێزی سهربازی (هێزی ڕەق) کە بۆ سەرکەوتنە، هەر ئاواش ڕێکخستنی دروستی چەند وشە و ڕستە بۆ گەیاندنی پەیام و کارتێکەرییەکەی، کە ئامانجەکەی بەهێزبوونی زمانە، باس لە ڕێکخستنی هێزی نەرم و داهاتووەکەی دەکات! زمانی کوردی، (کورد نەتەوەیەکی زمانییە) یەکێکە لە پێناسە سەرەکییەکانی نەتەوەی کورد؛ با ڕێزی لێ بگرین، بیپارێزین و بەهێزی بکەین!
نووسینی لاواز و ناڕوون
لاوازبوون یان خراپبوونی نووسین (وتارێک)، تەنیا ئەوە نییە کە کێشەی ڕێنووسی هەبێت یان ئەوەتا نووسەرەکە وشەدانی هەژار بێت، بەڵکوو دەتوانێت و بۆی هەیە نووسەر سەرکەوتوو نەبێت لە گەڵاڵەکردنی پەیامەکانیدا؛ کە ئەمەیان کێشەکە چەندقات دەکاتەوە. بۆیە ئەوە ئەرکی خوێنەر نییە کە هەڵەی وتارنووسێک ڕاست بکاتەوە، یان خەریکی دروستکردنی مەبەست بێت بۆ نووسەرەکە، یان ئەوەیا نووسراوەیەک (نووسینێك) بەهۆی ناڕێکیی زمان و ناڕوونیی پەیامەکانی، خوێنەر ماندوو بکات. ئەو کێشەیە ڕێک بۆ نووسەرەکە دەگەڕێتەوە، کە هەم بەسەر بابەتەکەی خۆیدا زاڵ نییە و ههم بەتەواوی بۆی ساخ نەبۆتەوە کە چی دەڵێت. لاوازی لە نووسین و باش گەڵاڵەنەکردنی مەبەست لە نووسیندا، تەنیا بواری نووسین ناگرێتەوە؛ ئەو جۆره کێشانە دەتوانن لە بواری ئاخافتن و گوتاربێژییشدا ڕوو بدەن.
لە دەڤەری ئێمەدا بۆتە باو، کاتێک حزبییەک، نووسەر یان سیاسەتوانێک لە گەیاندنی پەیامەکەیدا بەهۆی گەڵاڵەنەکردنی ڕوون و ڕەوانی پەیامەکانی، سەرکەوتوو نەبێت و لەلایەن پەیاموەرگرانەوە چەند خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بکرێت، خێرا دەڵێت: “مەبەستم ئەوە نەبوو”، یان “ناحەزانی خراپی لێک دەدەنەوە”؛ ئەوە ڕێک یانی ئەو سیاسەتوانە نازانێت قسە بکات، هەروەها نازانێت پەیامەکانی خۆی بە شێوەیەکی باش گەڵاڵە بکات، یان ئەوەتا سەری لە بابەتەکە دەرناچێت. لە هەمووی گرینگتر، کاتێک حزبییەک، سیاسەتوان، نووسەر یان ڕۆژنامەوانێک قسێ دەکات، دەبێ لێکدانەوە و شیکردنەوەی قسەکانی خۆی بۆ گوێگر، بینەر و خوێنەر بهێڵێتەوە، چونکە ئەو پەیام دەنێرێت و پەیاموەرگرەکانیشی بەپێی قسەکانی ئەو، لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکەن. جا ئەگەر سیاسەتوان یان بەرپرسێکی حزبی وا بیر بکاتەوە، کە لێکدانەوەی هاووڵاتیان دەبێ بەدڵی ئەو بێت، ئەمە هەر لە بنەڕەتەوە هەڵەیە. بۆیە بەر لە نووسین یان گوتاربێژی، سەرەتا بیر لە بابەتەکە بکەوە، لە مێشکتدا بیکوڵێنە و دوایی لە ڕەندەی بدە و لە کۆتاییدا وتارەکەت بشۆرهوە.
ئەوانەی قسێ دەکەن یان دەنووسن، کاتێک پەنا بۆ دەستەواژەی “مەبەستم ئەوە نەبوو” یان “ناحەزان خراپیان لێک داوەتەوە” دەبەن، سەرەڕای ئەوەی کە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری هەڵەکان لە دەرەوەی خۆیاندا دەگەڕێن و هۆکاری دەرەکیی بۆ دەدۆزنەوە و، ئامادە نین بڵێن هەڵە و کەموکورتی لە لای منەوە بووە، گرفتیان لە دەربڕینی بابەت و زماندا هەیە، هەروەها ناتوانن بەباشی پەیامەکانیان گەڵاڵە بکەن و بینێرن؛ بۆیە ئەوە گرفتی پەیاموەرگر (گوێگر، بینەر و بیسەر) نییە کە تێ ناگەن، بەڵکوو هەڵەکە بۆ کەسایەتییە حزبییهكان، نووسەران، ڕۆژنامەوانان و سیاسەتوانان دەگەڕێتەوە، کە نازانن چی دەڵێن. ئەوە زۆر گرینگە کە سیاسەتوان، حزبی، ڕۆژنامەوان، باسکار و… بەر لەوەی قسە بکات یان بنووسێت، دەبێ بزانێت چیی دەوێت؛ هەر لەبەر ئەوە دەبێ ئەوەیش بزانێت، کە چۆن پەیامەکانی گەڵاڵە بکات و بیگەیهنێت!
سێ کۆڵەکەی سەرەکی بۆ نووسین
تایبەتمەندیی بەشێکی زۆر لە سیاسەتوانانی ئەورووپی ئەوەیە، کاتێک قسە دەکەن یان دەنووسن، زۆر بەوردی و ڕوونی وشە هەڵدەبژێرن و لە ڕستەی کورت، ڕوون و پوختدا پەیامەکانیان دەگەیهنن. هەر لەبەر ئەوەیە دوای گوتار، وتووێژ لە ڕاگەیاندن یان لە نووسیندا، پەنا بۆ ئەوە نابەن کە “مەبەستم ئەوە نەبوو” یان “ناحەزان خراپیان لێک داوەتەوە”، هەروەها ئەوان لە لێکدانەوەی جۆراوجۆریش ناترسن!
هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كه، هەم شارەزای سیاسەتن، هەمیش زمانی خۆیان باش دەزانن، هەروەها ئاگاداری مانای وشەکانیشن کە لە کوێدا بەکاریان بێنن، هەمیش ڕاوێژکار (شتزان)ی وریا، قسەلەڕوو، عاقڵ، باش و کارتێکەریان هەن و قسەیان بڕ دەکات و، هەر بەو پێیەیش دەبنە بەشێک لە بڕیار و پەیام.
بەر لەوەی قسێ بکەیت یان وتار بنووسی، سەرەتا بابەتەکە لە مێشکی خۆتدا هەڵشێلە، بیکوڵێنە، بیشۆرهوە و کەفوکوڵەکانی لێ بگرە، بابەتەکە لە ڕەندە بدە و، دوایی ئەگەر پێویست بوو لەگەڵ چەند کەسێکدا ڕا و ڕاوێژ بکە و، لە کۆتاییدا بڵاوی بکەوە، هەروەها لە بۆچوون و لێکدانەوەی جیاوازیش مەترسە.
نووسین و قسەکردن هونەرە، چونکە ئامانجەکەی گەیاندنی پەیامە. جا بۆ ئەوەی خوێنەر، بینەر و گوێگر (پەیاموەرگر) لە پەیامەکە بگات و پەیوەندیچێکردن دروست ببێت، پێویستە ڕەچاوی سێ خاڵی سەرەکی بکرێت: ڕەوانبێژی/ سادەنووسی، تێگەیاندن و کارتێکەری. هەر بۆیە پێویستە نووسین ڕەوان (بێگرێ) بێت بۆ ئەوەی پەیاموەرگر لێی تێ بگات، کە نووسەر چی دەڵێت و بە دوای چیدا دەگەڕێت؛ ئەمەیش سەرەتایەکە بۆ تێگەیشتن، تێگەیشتنیش دەسپێکە بۆ کارتێکەری لەسەر خوێنەر، بینەر و بیسەر.
١- سادە یان ڕەواننووسین/ ڕەوانبێژی: بۆ ئەمە دەبێ وشەدان دەوڵەمەند بێت، هەروەها ئەو بابەتەی کە دەبێ کاری لەسەر بکرێت، بێگری و سادە بێت و بەسەریدا زاڵ بیت. ڕەوانبێژی بریتییە لەوەی، کە بتوانی مەبەستەکەت بەڕوونی بە پەیاموەرگران بگەیەنیت تا ئەوان چێژی لێ وەرگرن و لە مێشکیاندا بچەسپێت. کاتێک نووسەرێک نەتوانێت مەبەستەکەی بە خوێنەر بگەیەنێت، خوێنەر چۆن بتوانێت لە پەیامەکە بگات؟
٢- تێگەیاندن: خوێنەر یان پەیاموەرگر بۆ ئەوە وتارێک دەخوێنێتەوە کە بزانێت نووسەر چی دەڵێت و چی دەخوازێت. دیارە تێگەیشتن بە مانای قبووڵکردنی فکر و بۆچوونی نووسەر نییە، بەڵکوو بەو مانایەیە کە خوێنەر دەبێ بزانێت نووسەر چیی دەوێت و بە دوای چیدا دەگەڕێت، تا له ڕێگەی تێگەیشتنەوە پەیوەندییەکی عەقڵانییش لەگەڵ نووسەر (بابەتەکە)دا چێ بکات. دیوێکی تری ئەو چەمکەیش (تێگەیشتن)، باس لەوە دەکات کە ئەگەر ئاستی تێگەیاندن و تێگەیشتن بەرز بوو، بوار بە عەقڵ دەدرێت. هەر لەبەر ئەوە کۆبوونەوەکان کورت دەبنەوە، وتووێژ و دانوستانەکان دەکەونە سەر ڕاستەڕێی خۆیانەوە، کێشە و پرسەکان خێرا چارەسەریان بۆ دەدۆزرێتەوە و ئاکامی گفتوگۆکانیش بەڕوونی خۆیان دەردەخەن، هەروەها مەوداکانیش کەمتر و کەمتر دەبنەوە.
سیما یی” (Sima Yi) ناسراو بە “ژوونگدا” (١٧٩-٢٥١ زایینی)، فەرماندەی سهربازی و ڕاوێژکار لە سەردەمی حوکمڕانیی “کائۆ کائۆ” (١٥٥-٢٢٠ زایینی)دا سەبارەت بە تێگەیشتن دەڵێ: “ئەگەر دۆستەکانیش له یهك تێ نەگەن، دەبنە دوژمنی یەکتر.” مەرجیش بۆ لێکتێگەیشتن، گەیاندنی پەیامی ڕوون، هەروەها گوێگرتنە. کە تێگەیاندن و تێگەیشتن مەبەست بێت، ئەوە دەرگە بە ڕووی گفتوگۆی عەقڵانیدا دەکرێتەوە و، گرفتەکانیش کەڵەکە ناکرێن.
“هێگل”یش (١٧٧٠-١٨٣١) بە چەشنێکی تر باس لە پرسی لێکتێگەیشتن دەکات و تەنانەت ئەو چەمکە لە “ناسین” گرێ دەدات: “ناسینی کێشەکان و تێگەیشتن لێیان، سەرەتایەکە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان.” تێگەیشتن باشترین دەرمانە بۆ ئەوەی ئێمە لەناوخۆی خۆماندا گرینگیی پێ بدەن تا بتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین؛ هەر بەو پێیەیش مەودای نێوان هێزەکانیش کەمتر و کەمتر دەبێتەوە و، بێ شک ئاستی پەنابردنه بەر توندوتیژی و گرژییش کەمتر و کەمتر دەبێتەوە. کە تێگەیاندن و تێگەیشتن هەبوو، بێ شک دڕدۆنگی و نەبوونی متمانە کەمتر و کەمتر دەبێتەوە و، هەر بەو پێیەیش بوار بۆ کارتێکەری و کاری هاوبەش و هاوڕایی دێتە کایەوە.
٣- کارتێکەری بە ڕێگەی نووسین لەسەر زەینی خوێنەر: ئەمەیان بەشێکی دانەبڕاوە لە نووسین و گوتاربێژیی سەرکەوتوو، کە بێ شک ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ سادە یان ڕەواننووسین/ ڕەوانبێژی و تێگەیاندن. سادەنووسین و گەڵەڵاکردنی باشی نووسینێک، هەروەها شارەزایی لە زمانی کوردیدا دەوری سەرەکی لە پرسی تێگەیاندن و تێگەیشتندا دەگێڕن.
کۆبەند
جا بۆ ئەوەی ئەم سێ خاڵە (١- سادە یان ڕەواننووسین/ ڕەوانبێژی. ٢- تێگەیاندن. ٣- کارتێکەری بە ڕێگەی نووسین لەسەر زەینی خوێنەر) بگهنه ئامانج، نووسەر دەبێ بەسەر بابەتەکەیدا زاڵ بێت و دەبێ بەبێ گرێ و بەڕوونی بزانێت باس لە چی دەکات؛ هەروەها لە پاڵ ڕەواننووسییەکەیشی (کوردییەکی ڕەوان)، بەڵگە و مەنتقی ئەوەندە بەهێز بن، کە خوێنەر بە دوای خوێدا ڕابکێشێت. ئەگەر لەمەدا سەرکەوتوو بێت، ئەوە نووسەر ئامانجی خۆی پێکاوە؛ دەنا کێشەکە بۆ نووسەرەکە دەگەڕێتەوە!
سەرچاوەکان:
Siv Strömquist, Konsten att tala och skriva
Marika Tandefelt, Konsten att skriva
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟… زیاتر
نووسەر: مایکڵ نایتس وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە… زیاتر
ئالان بههائهددین عهبدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سهڵاحهددین پێشەکى نزیکەى پازدە… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق گەڕانەوەی دۆناڵد… زیاتر
ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی… زیاتر
ن: یۆرۆنیوز وەرگێڕانی: پێنووس ڕەنگە ماوەی ئێستا تا دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی… زیاتر