شرۆڤە

هێزه‌ پڕۆكسییه‌كانی ئێران لە سووریا بەرەو گرژی لەگەڵ ئیسرائیل هەنگاو دەنێن

نووسەران: کەسرا ئەعرابی (Kasra Aarabi) و جەیسۆن م برادسکی (Jason M. Brodsky)

و: پێنووس

لەو کاتەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 7ی مانگی 10 دەستی پێ کرد، ئه‌و نیگەرانییه‌ هەیە کە ڕژێمی ئێران لەوانەیە هێرشێکی بەرەیی لە ڕێگەی تۆڕی میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا دەست پێ بکات؛ ئەمەیش هەڕەشەیەکە کە بەردەوام دروستی کردووە. هەتا ئێستا زۆربەی سەرنجەکان تیشکیان خستۆتە سەر حزبوڵڵای لوبنان، کە کۆنترین و کوشندەترین نوێنەری سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە. لەگەڵ ئەوەیشدا ڕەهەندێکی دیکە هەیە بۆ پرۆکسییەکانی تاران کە کەمتر سەرنجی لایەنەکانی دیکەی بۆ خۆی ڕاکێشاوە: ئەو گرووپە میلیشیایانەی کە لە سووریا و عێراق لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن.

دوای هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەم، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران کە بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی تۆڕی میلیشیاکانی ڕژێمی ئێران، چەندان گەشتی بۆ سووریا کردووە بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ نوێنەرەکانی سوپای پاسداران لەوێ و لە عێراقی دراوسێی ئێران. سەردانەکەی قائانی دوای زیاتر لە 40 هێرشی مووشەکی یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەلایەن نوێنەرەکانی تارانەوە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق بەڕێوە چوو، بە ئامانجی تاقیکردنەوەی هێڵە سوورەکانی ئەمریکا و کۆنترۆڵکردنی ڕێگه‌ی زیادکردنی هێرشە مووشەکییەکان. ئەم هێرشانە هاوکات بوون لەگەڵ چەندان ڕاپۆرت کە ئاماژە بەوە دەکەن کە نوێنەرەکانی سوپای پاسداران لە سووریا، دەستیان کردووە بە جووڵە بەرەو سنووری ئیسرائیل. هەروەها میدیاکانی سووریا ئاماژەیان بەوە کردووە کە یەکەی ڕەزوان (Radwan Unit)ی حزبوڵڵا لە مانگی تشرینی یەکەمدا گەیشتوونەتە سووریا و لە نزیک ئیسرائیل بڵاو کراونەتەوە. بەڵام لەوانەیە ڕوونترین ئاماژە دەربارەی ڕۆڵی تەواوی بەرەی سووریا لە بەرزبوونەوەی ئەگەری جەنگێکی فرەبەرەی سوپای پاسداران لە دژی ئیسرائیل چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بێت، بەدیاریکراوی لە 22ی تشرینی یەکەم؛ کاتێک قائانی سەردانی باشووری سووریای کرد و “ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی” بۆ سوپای پاسداران و هێزە پرۆکسییەکان لە تەنیشت بەرزایییەکانی جۆڵان (گۆڵان) دامەزراند.

پێ دەچێت ئێرانییەکان بەوریایییەوە بەکارهێنانی هێزە پرۆکسییە لایەنگر و هاوبەشەکانیان لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ئیسرائیل لە هەڵمەتی لەناوبردنی حەماس لە کەرتی غەززەدا پێوانە بکەن. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی سەربازیی ئیسرائیل، چڕیی وەڵامدانەوە لەلایەن ئەوەی پێی دەوترێت میحوه‌ری خۆڕاگری (محور مقاومت)ی سوپای پاسداران زیاد دەکات. ئەمە بەتایبەتی ڕاستە ئەگەر حەماس لە لێواری شکستدا بێت لە غەززە و، بەم پێیەیش وڵامدانەوەی میلیشیاکان لە عێراق و سووریا زۆر بەرچاو دەبن (لە هەمبەر ئیسرائیل).

ڕاستییه‌كه‌ی، ئێران هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل وەک سەرەتای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن لەگەڵ ئیسرائیل دەبینێت. لە بنەڕەتدا، ئەو بیرۆکەیە (دۆكترینه‌)ی کە سوپای پاسداران لە دەوری ئەم جه‌نگە درێژخایەنەدا بنیات ناوە، هەوڵ دەدات ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی درێژ بەهێواشی تووشی خوێنبەربوون بكات. هەروەک فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران ڕایان گەیاندووە، “ئۆپەراسیۆنی فەڵەستین سەرەتای پرۆسەی بەرە (میحوه‌ر)ی بەرخۆدانە بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل.” بە واتایەکی دیکە، تەنانەت کاتێک کە ناکۆکییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەرەو کۆتاییی خۆی دەچێت، ئەوە تاران خۆی بۆ بەرزکردنەوەی گرژییه‌کان ئامادە دەکات، هەرچەندە لە بەرەی جیاوازەوە- ئەمەیش ئەو شوێنەیە کە پێگەی سووریا زۆر گرنگ دەبێت.

لە کاتێکدا تاران فەرماندەی چەندان میلیشیای لە سەرانسەری سووریا لەئەستۆدایە، بەڵام دوو هێزی پرۆکسیی تایبەت کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دروست کراون، هەن کە چەکدارن و فێر دەکرێن و  هەر لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی دیاریکراو دروست کراون بۆ بەئامانجکردنی ئیسرائیل: فاتیمیۆنی شیعەی ئەفغان و میلیشیاکانی شیعەی زەینەبیۆنی پاکستان.

بۆ تێگەیشتن لە سروشت و ئامانج و تواناکانی ئەم دوو گرووپە، کەمتر لێکۆڵینەوە کراوە و ئەم هێزانە پشتگوێ خراون، بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ چۆنێتیی پێکهێنانیان لە ماوەی جه‌نگی ناوخۆی سووریا. دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی سووریا لە ساڵانی ۲۰۱۱-۲۰۱۲ دژی ڕژێمی بەشار ئەسەد، دەبێتە گرنگترین قۆناغ لە پەرەپێدانی بیروباوەڕی میلیشیاکانی سوپای پاسداران. سووریا بڕبڕەی پشتی ئەو بەرە یاخود میحوەرەی تاران بوو کە پێی دەگوترا میحوه‌ری بەرخۆدان (محور مقاومت)، کە شاده‌ماری پشتیوانیی حزبوڵڵا بوو و، گرنگ بوو بۆ پرۆژەی فراوانکردنی ناوچەی هەژموونی سوپای پاسداران. هەروەها بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، لە ساڵی 2013ەوە سوپای پاسداران ناچار کرا ڕێچکەی خۆی لە سووریا بگۆڕێت.

یەکەم هەنگاو بەرەو بەدیهێنانی ئەمە کاتێک دەست پێ ده‌كات کە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، شێوازی ده‌ستێوه‌ردان و ئامادەییی سوپای پاسداران لە سووریا دەگۆڕێت؛ لە پاراستنی ئەسەدەوە بۆ ئەنجامدانی جیهادێکی شیعە و “بەرگریکردن لە مەزارگە پیرۆزەکانی شیعە” کە وتی لەژێر هێرشدان لەلایەن میحوه‌ری “کەنداوی عەرەبی-زایۆنی-ڕۆژاواوە.”

ئەم بانگەشەیە بۆ جیهادی شیعە، کە لە ڕۆژاوا پشتگوێ خرا (گرنگیی پێ نەدرا)، ڕێگە بە ڕژێمی ئێران دەدات کە ڕەگەز یاخود توخمێکی ئایدیۆلۆژی بخاتە ڕوو بۆ ناکۆکییەکە کە تیشک دەخاتە سەر دژایەتیکردنی توندڕەوی و تائیفەگەری، بۆ ئەوەی پشت بە کاریگەریی ئایدیۆلۆژیی ڕژێمەکە لە ناوچەکەدا ببەستێت بە مەبەستی دژایەتیی ئایدیۆلۆژی بۆ ئیسرائیل-جوولەکە. بۆ خامنەیی و فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، وەک حوسێن هەمه‌دانی، ئەدای لاواز و خراپی سوپای سووریا و گرووپەکانی دیکەی سەر بە ئەسەد بەهۆی نەبوونی پابەندبوونی ئایدیۆلۆژییانەوە بوو وەک هێزێکی شەڕکەر. ئەم گرووپانە وەک بەکرێگیراو سەیر دەکران کە پابەندبوون و دڵسۆزیی ئایدیۆلۆژیی پێویستیان نەبوو.

بانگەشەی جیهادی شیعە پاساو و بیانوویەک بوو بۆ سوپای پاسداران بۆ بنیاتنانی میلیشیای گوێڕایەڵی ئایدیۆلۆژی. لە ڕووی سەرمایەکانی پرۆکسیی سەر بە سوپای پاسداران، میلیشیاکانی دروستکراوی سوپای پاسداران کوشندەترینن و لەژێر فەرماندەیی و کۆنترۆڵی تەواوی سوپادان. ئەم گرووپانە نەک تەنیا پشتیوانیی سەربازی و دارایی و لۆجستی لە تاران وەردەگرن، بەڵکوو سوپای پاسداران کات و سەرچاوەیەکی بەرچاویش خەرج دەکات بۆ ڕادیکاڵکردنی (توندڕەوکردنی) هەموو ئەو کەسانەی کە لەلایەن سوپاوە دامەزراون بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەوان چەکدارێکی ئایدیۆلۆژین نەک مووچەخۆر و بەکرێگیراو.

بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە نوێیە، سوپای پاسداران بەتەواوی ژێرخانی دەسەڵاتی نەرمی ڕژێمی ئێرانی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەدا بەکار دەهێنێت بۆ ڕاکێشان و ڕادیکاڵکردنی گەنجانی شیعە بۆ دروستکردنی گرووپی میلیشیای نوێ. فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە نووسینگەی خامنەیییەوە هەیە، وەک سەعید قاسمی، کە سەرکردایەتیی ئەو هەوڵانەیان کرد.

قاسمی، کە ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕابوو لە بەرنامە فەرمییەکانی دامەزراندنی سوپای پاسداران و ڕاهێنانی ئەو گرووپانە، دەستبەجێ چاوی خستە سەر ژمارەیەکی بەرچاوی پەنابەرانی شیعەی ئەفغان لە ئێران. ماوەیەکی زۆرە باسی لەوە کردووە کە دەیەوێت حزبوڵڵای ئەفغانستان دامەزرێنێت. بۆ ئەم مەبەستە بەخێرایی هەزاران خوێندکاری شیعەی ئەفغان و پاکستانی کە لە زانکۆی نێودەوڵەتیی ئەلموستەفای سەر بە سوپای پاسداران دەیانخوێند، کرانە ئامانج بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ ناو ئەم هێزه‌وه‌. ئەم خوێندکارانە بەکار هێنراون بۆ پێکهێنانی دوو یەکەی سوپای پاسداران لە ساڵانی 2014-2015: یەکەی فاتیمیۆنی ئەفغان کە لە نزیکەی 1000 چەکدار پێک دەهات و شانە بچووکەکەی زەینەبیۆن کە لە سەرەتادا لە 24 چەکدار زیاتر نەبوون. لەگەڵ ئەوەیشدا، سیاسەتی ڕۆژاوا بەرامبەر ئێران لەم ماوەیەدا بەبێ مەبەست سەرچاوەکانی داراییی بۆ ئێران ئازاد کرد کە ڕێگەی بە سوپای پاسداران دا بۆ پارەدارکردنی میلیشیاکان لە ڕووی توانا و قەبارەوە. لەگەڵ لابردنی هەندێک لە سزا نێودەوڵەتییەکان لەسەر تاران وەک بەشێک لە ڕێککەوتنە ناوکییە کاتییەکەی ساڵی 2013 و دواتر ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ٥+١ لە ساڵی 2015، سوپای پاسداران پارەی پێویستی دەست کەوت بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەندامانی ئەو هێزە پرۆکسییانە و تەنانەت خێرا زیادکردنی ژمارەی میلیشیاکانی سوپای پاسداران لە دەرەوەی ئەو دوو گرووپە. ئەوە بووە هۆی ئەوەی کە تەنیا لە ماوەی چەند ساڵێکدا، فاتیمیۆن هێزی شەڕکەری خۆی بۆ زیاتر لە 15،000 چەکدار و زەینەبیۆن ژمارەی هێزەکانی زیاد کردووە بۆ نزیکەی 5000 چەکدار.

تاران کات و سەرچاوەیەکی بەرچاوی خەرج کرد بۆ ڕادیکاڵکردن (توندڕەوکردن)ی ئەو چەکدارانە و ڕێک وەکوو بەرنامەی ڕاهێنان و مەشقپێکردنی خودی ئەندامانی سوپای پاسداران کە زیاتر لە سەدا 50ی ڕاهێنانەکان بۆ ئەندامانی خۆی پێک دەهێنێت. ئەوەیش لە چوارچێوەی ئەو بۆچوونە ئیسلامییە توندڕەوانەیە کە ئەفغان و پاکستانییه‌كانیان لەگەڵدا ڕاهێناوە کە وایان لێ دەکات بەتایبەتی ئیسرائیل بکەنە ئامانج. ئەم سەربازانە لەژێر بیروباوەڕی سەربازیی سوپای پاسداران لە چوارچێوەی دۆکترینی مەهدەوییەت (Mahdism) ڕاهێنراون و پەروەردە کراون؛ ئەم عەقیدە یاخود دۆکترینە دەڵێت، گەورەترین بەربەست لە بەردەم گەڕانەوەی ئیمامە شاراوەکەی ئیسلامی شیعە (ئیمام مەهدی)، بوونی دەوڵەتی ئیسرائیلە.

بەپێی هەندێک گێڕانەوەی مێژووییی شیعەکان، پێش دەرکەوتنی ئیمامی مەهدی،  جەنگێکی کۆتایی (final battle) ڕوو دەدات کە ئیسرائیل و جوولەکەکان لە هەموو جیهاندا لەناو دەبات. وەک بەشێک لە بەرنامەی دامەزراندنی سوپای پاسداران، چەکدارەکان لەسەر ئەوە پەروەردە کراون بۆ ئەوەی باوەڕ بەوە بکەن کە سوپای پاسداران و چەکدارە میلیشیایییەکان ئامرازی سەربازین بۆ خێراکردن و ئامادەکردنی زەمینە بۆ  دەرکەوتن و گەڕانەوەی ئیمامی مەهدی. وەک یەکێک لە کەسایەتییە ئایینییەکانی سوپای پاسداران کە بەرپرسیارە لە چالاکییە ئایدیۆلۆژییەکانی فاتیمیۆن دەڵێت: “فاتیمیۆن نموونەیەکه‌ لە بزووتنەوەیه‌ک بۆ ئامادەکردنی زەمینە و بەستێن بۆ دووبارە دەرکەوتنەوەی ئیمامە شاراوەکە.”

لەگەڵ جه‌نگی سووریا کە بە پێشەکیی جه‌نگی کۆتایی بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل پێناسە کرا، ئەم عەقیدە یاخود بیرۆکەیە لە پێشەوەی هەوڵەکانی سوپای پاسداران بوو بۆ ڕاکێشان و ڕادیکالیزەکردن و ڕاهێنانی ئەندامانی فاتیمیۆن و زەینەبیۆن، هەروەک لە بیرەوەرییەکانی فەرماندەیەکی کۆچکردووی فاتیمیۆن لە ساڵی 2015 نووسراوە دەڵێت: “ئاواتی فاتیمیۆنی ئێمە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ ڕژێمی ئیسرائیل. فاتیمیۆن لە سووریا ڕاهێنان دەکات و دواتر بەڵێنی خودایی [ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران ڕۆحوڵڵا خومەینی] جێبەجێ دەکەین؛ “دەبێت ئیسرائیل لەسەر ڕووی زەوی بسڕدرێتەوە.” هەروەها چەند هەژمارێکی دەستی یەکەم لەلایەن دامەزرێنەرانی فاتیمیۆن هەمان پەیام دووبارە دەکاتەوە: ئەوەیە کە هانیان دەدات و پاڵنەریانە بۆ جەنگ، ئەوەیە کە پێی دەوترێت “جه‌نگی کۆتایی” دژی ئیسرائیل.

 لە زۆر ڕووەوە، سوپای پاسداران ڕاستگۆ بوو بەرامبەر بەڵێن (قسە) و ئەرکەکانی بە بەکارهێنانی ئەو گرووپانە بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی سووریا بە شێوەیەکی دڕندانە و، زۆری پێ نەچوو تا سوپای پاسداران پێگەی سەربازیی بە درێژاییی سنووری لەگەڵ ئیسرائیل دامەزراند بۆ کردنەوەی بەرەیەکی نوێ- کە هەموویان ڕاستەوخۆ لەژێر چاو و سێبەری ڕۆژاوادا ڕوویان دا.

ئیسرائیل بەدڵنیایییەوە ئاگاداری ئەم هەڕەشەیە بووە، بۆیە هەڵمەتێکی ئاسمانیی شەڕانگێزانەی لە دژی ئەنجام داوە بۆ به‌ئامانجکردنی ئەو سامانانەی سوپای پاسداران. بەڵام ئەم هێرشانە لە وەستاندن و ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی سوپای پاسداران شکستیان هێناوە. لەو کاتەوە ڕژێمی خامنەیی لە ئێران جەختی لەسەر پتەوکردنی پێگەکانی سوپای پاسداران لە سووریا و فراوانکردنی هێزە شەڕکەرەکانی فاتیمیۆن و زەینەبیۆن کردووە. کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و دەستبەسەرداگرتنی کابوڵ لەلایەن تاڵیبانەوە، کە بووە هۆی کۆچی بەکۆمەڵی پەنابەرانی شیعەی ئەفغان بۆ ئێران، بووە هۆی ئەوەی سوپای پاسداران بەتەواوی سوود لە بەرزبوونەوەی ژمارەی پەنابەرەکان وەربگرێت بۆ وەرگرتنی شەڕکەری نوێ لە یەکەی فاتیمیۆن و زیادکردنی ژمارەیان. هەروەها چەکدارانی ئەو گرووپانە دەستیان کردووە بە ڕۆڵێکی چالاکتر لە ئۆپەراسیۆنە (تیرۆریستییەکانی) هێزی قودسی سوپای پاسداران لە دەرەوەی وڵات کە هاووڵاتیانی ئیسرائیلی و ئەندامانی کۆمەڵگەی جوولەکەیان کردۆتە ئامانج. بۆ نموونە، لە تشرینی یەکەمی ۲۰۲۱، پۆلیسی دژەتیرۆر لە قوبرس پیلانێکی تیرۆریستیی پەیوەندیدار بە سوپای پاسداران لە دژی هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی پووچەڵ کردەوە کە لەلایەن شانەیەکی پاکستانیی سەر بە زەینەبیۆنەوە ڕێک خرابوو. هەروەها ئیسرائیل ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی خستە خوارەوە کە لە کۆتاییدا ئیسرائیل گەیشتبووه‌ ئەو دەرەنجامەی کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە سووریاوە بە ئامانجی ئیسرائیل هەڵدراون.

عێراق گۆڕەپانێکی دیکەیە کە ڕژێمی ئێران دەتوانێت سوودی لێی وەربگرێت لە جیاتی ئەوەی حزبوڵڵا بۆ کردنەوەی بەرەی باکوور دژی ئیسرائیل بەکار بهێنێت. هەروەها سوپای ئەمریکا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەسەر عێراقدا خستە خوارەوە کە بڕیار بوو هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل؛ لەوانە دوو فڕۆکە کە لە سەرەتای ساڵی 2022 دا خراونەتە خوارەوە.

هەر لە ئێستاوە زانیاری و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە میلیشیاکانی عێراق گەیشتوونەتە لوبنان. ئەم داینامیکییەتە، نەرمی و توانای گواستنەوەی هەندێک لە میلیشیاکانی میحوه‌ری بەرگری (محور مقاومت)ی ڕژێمی ئێران نیشان دەدات. لەگەڵ ئەوەی حزبوڵڵا ڕۆڵێکی گەورەتر دەگێڕێت لە بەڕێوەبردنی ئەو میحوه‌ره‌دا لە دوای مردنی فەرماندەی سوپای قودس، قاسم سولەیمانی، ئەمە دەکرێت ڕێگه‌یەک بێت بۆ سکرتێری گشتی، حەسەن نەسروڵڵا، بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی وەڵامدانەوەی حزبوڵڵا و، لە جیاتی ئەوە بەرپرسیارێتی بۆ بەشەکانی دیکەی بەرەی بەرخۆدان بڵاو بکاتەوە.

لەوانەیە لە ئێستادا بۆ هەردوو سوپای پاسداران و حزبوڵڵا، هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل لە بەرەی سووریا یان عێراق باشتر بێت، چونکە هەر دەستێوەردانێکی حزبوڵڵا پێگەی گرووپەکە لە لوبنان دەخاتە مەترسییەوە. لە سووریای ژێر دەسەڵاتی ئەسەد، نە فاتیمیۆن و نە زەینەبیۆن هەمان کێشەی ناوخۆیان نییە، ئەمەیش لە ئەگەری بەشدارییان لە جه‌نگ مەترسی بۆ سەر تاران زۆر کەمتر دەکاتەوە. ئەمە بۆ میلیشیا عێراقییەکانیش هەر ڕاستە، هەرچەندە لە هاوتا سوورییەکانیان کەمتر تێچوویان هەیە؛ هەرچەندە بەهۆی بارودۆخی سیاسیی هەستیاری عێراق، واشینتۆن دەسەڵاتی زیاتری هەیە بەسەر بەغدا وەک لە دیمەشق.

بەم پێیە، لە ڕوانگەی سەربازییەوە، تێچووی بەشداری لە سووریا و عێراق، زۆر کەمترە لە دەستێوەردانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنانەوە. حزبوڵڵا هێشتا بەهادارترین سەرمایەی سوپای پاسدارانە لە ناوچەکەدا و گرووپەکەی بە ژێرخانێکی زۆر پێشکەوتووی سەربازی، چەکدار کردووە. بۆ سوپای پاسداران بەکارهێنانی چەکدارانی فاتیمیۆن و زەینەبیۆن زۆر کەمتێچووتر و ئاسانترە لە مەترسیی زیانگەیاندن بە حزبوڵڵا لە لوبنان.

ئەو ڕەوتەی کە سوپای پاسداران میلیشیاکانی وەک فاتیمیۆن و زەینەبیۆنی پێدا تێپەڕ کردووە، هاوشێوەی ئەو پرۆسەیەیە کە حزبوڵڵای لوبنان پێدا تێ پەڕیوە. سوپای پاسداران توانیویەتی دوو ڕێکخراوی تیرۆریستیی ئیسلامیی چەکدار و پەروەردەکراو دروست بکات کە لە چەکدارانی دژە-جوو و ئیسرائیل پێک هاتووە بە ئامانجی لەناوبردنی تاکە وڵاتی جیهان کە زۆرینەی جوولەکەی تێدایە و تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە سنووری ئیسرائیلەوە دووری ڕاگرتوون. هەر لەبەر ئەم هۆیەیشە کە نابێت بەرەی سووریا و عێراق پشتگوێ بخرێت لە هەڵسەنگاندنەکانی هەڕەشەی هێرشی فرەبەرەیی بۆ سەر ئیسرائیل. لە 7ی تشرینی یەکەمەوە، سوپای پاسداران پەیامی دۆکترینی مەهدەوییەتی خۆی دوو هێندە زیاتر کردووە لە پەیوەندی بە هێرشە تیرۆریستییەکانەوە بۆ سەر ئیسرائیل وەک پێشەکییەک بۆ لەناوچوونی ئیسرائیل و گەڕانەوەی ئیمامە شاراوەکە (ئیمام مەهدی). ئەمە دەبێت زەنگی ئاگادارکەرەوە بێت. دەوڵەتان و سیاسەتوانان بەبەردەوامی ڕەهەندی ئایدیۆلۆژیی سوپای پاسداران و تۆڕە جاڵجاڵۆکەیییەکەی بە کەم هەژمار دەکەن. هەرچەندە بەهۆی ئاڵۆزییەکانییەوە ئەم بابەتە پشتگوێ خراوە، بەڵام بەشێکی لەبەر ئەوەیە کە لەگەڵ ئەجێندا سیاسییەکانی دەوڵەتاندا ناگونجێ.

لەگەڵ ئەوەیشدا، لە کاتێکدا چەکدارانی فاتیمیۆن و زەینەبیۆن بە لێدانی تەپڵی عەقیدەی مەهدەوییەتی سوپای پاسداران، بەرەو سنووری ئیسرائیل جووڵە دەکەن، هەڵەیەکی کوشندەیه‌ ئەگەر ئەم هەڕەشەیە لە سووریا و دوورتریش لە سووریا، بە کەم هەژمار بکرێت. سوپای پاسداران بە ئامانجی دژایەتی و جه‌نگی دژی ئیسرائیل ئەو میلیشیایانەی ڕێک خست و پاشان لەسەر بنەمای تائیفی و توندڕەوی ڕاهێنانی پێ كردن. بەم پێیە، ئەوەی کە نزیکەی دەیەیەک لەمەوبەر زیاتر وەک پڕوپاگەندەیەک دەردەکەوت، لەوانەیە ئەمڕۆ زۆر نزیکتر بێت لە واقع.

سەرچاوە:

https://foreignpolicy-com

 

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

“شنگنی ئیسلامی”… چی لە پشت بانگەوازەکەی سەرۆککۆماری ئێرانەوەیە بۆ “سڕینەوەی سنوورەکان”؟

وەرگێڕانی: پێنووس مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە یەکەم سەفەری دەرەوەی وڵات دوای دەستبەکاربوونی لە پۆستی… زیاتر

10 hours ago

سوودانی و مالیکی… جەنگی سارد و زیاتریش

(دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، "ویلایەتی دووەم" یاساکانی جەنگەکە دەگۆڕێت)   ن: عەلی سەرای و:… زیاتر

1 week ago

حكوومەتی سوودانی: دوو پێشهاتی گەورە و كۆمەڵێك ئەگەر و سیناریۆ

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق كابینەی محەمەد… زیاتر

1 week ago

11 کەسایەتیی کاریگەر لە سیاسەتی دەرەوەی ترامپ

نووسەر: فۆریەن پۆلیســـی (foreignpolicy) وەرگێڕان: پێنووس ئەگەر دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جارێکی دیکە بگاتە… زیاتر

2 weeks ago

یەکەم گەشتی سیسی بۆ ئەنقەرە؛ پەیوەندیی نێوان میسر و تورکیا دوای ١١ ساڵ چۆن گۆڕا؟

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس بڕیارە ڕۆژی 4ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، بە مەبەستی… زیاتر

2 weeks ago

سیناریۆ و ئەگەرەکانی پێکدادانی ئیسرائیل و ئێران: هاوکێشەکانی پاش کوژرانی ئیسماعیل هەنییە

د. پەرویز ڕەحیم قادر\ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان- دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی\ مامۆستای زانکۆ هەرچەند… زیاتر

3 weeks ago