پێنووس

کورد، مەکیاڤێللی و ڕێوی

قەرەنی قادری

نیکۆڵۆ مەکیاڤێللی (1469-1527): “شێر بن، گورگان بڕەوێننەوە؛ ڕێوی بن، تەڵان بناسن! “

لە ئەدەبیاتی کوردیدا، تەنانەت لە ئاخافتنی ڕۆژانەیش لە نێوان بەشێکی زۆر لە کوردەکاندا، کاتێک باس لە ترسنۆکیی کەسێک دەکەن، دەیخەنە ڕیزی “ڕێوی”یەوە: “چەند ترسنۆکە دەڵێی ڕێویە”، “شێرە یان ڕێوی؟”، یان “هەی زەندەقت چی، دەڵێی ڕێویی”؛ زۆر بەدەگمەن ئەوە دەبیسی کە ڕێوی بە ئاژەڵێکی زیره‌ک و وشیار ناو ببه‌ن؛ هەندێک جار بە فێڵبازیش ناوی دەبەن. تەنانەت خۆ لەوەیش دەپارێزن کە ڕێوی بە ئاژەڵێکی وریا و بەردەوام لەسەر هەست ناو ببه‌ن: “ڕێویی فێڵبازە”؛ کە “فێڵباز”یشی دەخەن پاڵییەوە، بەبێ شک لایەنی نەرێنیی هەیە، چونکە لە کۆمەڵگەی کوردیدا “فێڵباز” شتێکی خراپە.

ڕاستییەکەی زۆر لە چەمکەکان لە کۆمەڵگه‌ی ئێمەدا شێوێندراون؛ بەشێکی پەیوەندیی بە چەمکی “غیرەت”ەوە هەیە و هەر لە ڕوانگەی غیرەتەوە سەیری زۆربەی شتەکان دەکەن: “پیاوێکی ئازا و بەغیرەتە”، “زۆر مەردە”، “بەدەستوبردە” و … بەڵام زۆر زۆر بەدەگمەن دەستەواژەی وریا و زیرەک دەبیسین. وریا و زیرەک، پەسنێکی عەقڵانین، هەر لەبەر ئەوە، کەمتر پەسنی یەکتر دەدەین و زۆریش حەزمان لە دەوروبەری خۆمان نییە، کە لە کارەکانیاندا سەرکەوتوو بن.

لەناو ئێمەدا ڕێوی، نوێنەر و پێناسەیە بۆ ترسنۆکی و بێغیرەتی. دەستەواژەی غیره‌ت، ئازا، شێر و… لەناو ئێمەدا زۆر باوە: کابرایەکی بەغیرەتە، یان زۆر ئازایە. زۆر بەکەمی گوێت لەوە دەبێت کە بە کەسێک بڵێن “وشیار” و “زیرەک”. یەکێک لە هۆکارەکان ڕێک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، زۆر پابەندی غیرەتین و، هەر بە پێوەری غیرەتەوە ڕووبەڕووی کێشەکان دەبینەوە. لە پاڵ ئەمەیشدا دەستەواژەی پێچەوانەی غیرەته‌، کە ئەویش “ترس” و “ترسنۆکی”یە؛ زۆریشی بەکار دێنین. بەپێچەوانەی مەکیاڤێللییەوە، لە لای ئێمە “شێڕ، زۆر ئازایە و، ڕێوییش زۆر ترسنۆکە!”

مەکیاڤێللی بۆ خەبات دوو جێگره‌وه‌ (بەدیل) پێشنیاز دەکات: یەکەمیان، ڕێگەی یاسایە و دووەمیان هێزە. بۆ بەهێزبوونەکەیش نموونەی شێر و ڕێوی دێنێتەوە. “میر دەبێ بزانێت کە چۆن بە شێوەیەکی عاقڵانە، کەڵک لە سروشتی ئاژەڵ وەربگرێت، دەبێ لەناو ئاژەڵەکانیش شێر و ڕێوی هەڵبژێرێت؛ چونکە شێر ناتوانێ خۆی لە بەرامبەر ئەو داوانەدا بپارێزێت کە لەسەر ڕێیدا دادەنرێن و، ڕێوییش ناتوانێ لە بەرامبەر گورگەکاندا بەرگری لە خۆی بکات.”

لە لای مەکیاڤێللی، ڕێوی، وشیار و وریایە چونکە فرتوفێڵ و تەڵان دەناسێت و ناکەوێتە داوەوە، بەڵام لە لای ئێمە، ڕێوی ترسنۆکە و زوو ڕا دەکات. لە کن مەکیاڤێللی گەرچی شێر بەهێزە، بەڵام زوو دەکەوێتە داوەوە؛ لە وڵاتی ئێمەیشدا شێر زۆر ئازایە و بەردەوام سەر دەکەوێت: “وەکوو شێر بەسەریدا نەڕڕاندی”، بەڵام لە مەیدانی سیاسەتدا، نەڕڕاندنی شێرانە تەنیا بەشێکە لە پرسەکە، بەشەکەی تری، وریایی و ناسینی تەڵەکانە و، بۆ ناسینی تەڵەکانیش پێویستە وشیار و زیرەک بین، هەروەها دەبێ مەبەست، تەما و پلانە نهێنییەکانی دوژمنیش بخوێنینەوە بۆ ئەوەی بەتەڵەیەوه‌ نەبین؛ بەداخەوە، کوردیش ڕێک لەو خاڵەدا زۆر لاوازە.

مەکیاڤێللی بەم ڕستە گرینگەی، سیاسەتوانان وریا دەکاتەوە و، فێریان دەکات لە مەیدانی سیاسەت و لە کەڵەوکێشیی دانوستاندا: “شێر بن، گورگان بڕەوێننەوە؛ ڕێوی بن، تەڵان بناسن!” بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ئەقڵ لەژێر سێبەر، پەراوێز و هەڕەشەی چاوچنۆکی و غیرەتی لە ڕاددەبەدەردا، دەبێ گەشە بکات و بژیت!

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

دوورگەکانی باشووری ئێران؛ لە دڵی هەناردەکردنی نەوتەوە تا هێڵی پێشەوەی جەنگ

نووسەر: سایە ڕەحیمی (سایه رحیمی) ماڵپەڕ: ئیندیپێندنت فارسی (Independent Persian) لەم ڕۆژانەدا کە شریتی باشووری… زیاتر

5 hours ago

جه‌نگی ئێران چۆن کۆتایی دێت؟

جه‌نگی ئێران چۆن کۆتایی دێت؟ نووسەر: مایکڵ فرۆمان (Michael Froman) ماڵپەڕ: ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان (Council… زیاتر

1 day ago

دیدگه‌یەکی ئێرانییانە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ

نووسەر: محەمەدجەواد زەریف  (M. Javad Zarif) ماڵپەڕ: فۆڕن ئەفێرز (Foreign Affairs) ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی… زیاتر

4 days ago

پەیوەندییەکانی واشنتۆن و بەغدا لە سەردەمی عەلی زەیدی: دەستپێکی قۆناغێکی نوێ یان چەقین لە بازنەی ڕابردوودا؟

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر- پرۆفیسۆری یاریدەدەر… زیاتر

5 days ago

لە ڕێزلێنانەوە بەرەو هاوبەشیی ستراتیژی:  بۆچی میداڵیای “ئەستێرەى ئیتاڵیا” بەخشرایە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی؟

پێنووس پێشەکی میداڵیا نیشتمانییەکان پێگەیەکی تایبەتیان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکاندا هەیە، چونکە ئەم جۆرە میداڵیانە… زیاتر

1 week ago

عێراق وەک کێشە بۆ دراوسێکانی: چۆن دەیەیەک لە دیپلۆماسییەتی کەنداو لە کاتی جه‌نگی ئێراندا هەرەسی هێنا؟

نووسینی: یەریڤان سەعید دوای سێ ڕۆژ لە سوێندخواردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، عەلی زەیدی، لە 14ی… زیاتر

1 week ago