پێنووس

تورکیا و هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق

موەفه‌ق عادل عومەر، دكتۆرا له‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و مامۆستا له‌ به‌شی سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

پێشەكی

عێراق لە دوای ساڵی 2005ەوە بە چەندان قۆناغی سیاسیی جیاواز تێ پەڕیوە و هەر قۆناغێك تایبەتمەندیی خۆی هەبووە، هەر هەڵبژاردنێكیش دەسپێكی قۆناغێكی نوێیە و هەڵبژاردنەكانیش لەم وڵاتەدا بەردەوام مشتومڕی زۆری لەبارەوە دەكرێت، چونكە تا ئێستایش كه‌لتووری دیموكراسی لەنێو دانیشتووانی ئەم وڵاتە جێگیر نەبووە. یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی هەڵبژاردنەكان لە عێراق بە هەردوو جۆرەكەیەوە (ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكان) بریتییە لە دستوەردان و كاریگەریی هێزە دەرەكییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان. توركیاش بە حوكمی ئەوەی دراوسێی عێراقە و ڕووداو و پێشهاتەكانی ئەم وڵاتە ڕاستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر توركیا دەبێت، بۆیە ئەنقەرە لە نزیكەوە چاودێریی پێشهاتی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، بازرگانی و… عێراق دەكات. لەبەر ئەم هۆكارانە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی 18ی كانوونی دووەمی ساڵی 2023یش، بەدەر نییە لەم پێشهاتانە كە گرنگییەكی زۆری بۆ ئەنقەرە هەیە.

ستراتیژییەتی سیاسەتی دەرەوەی توركیا بەرامبەر عێراق لەسەر بنەماكانی: “پاراستنی یەكپارچەییی خاكی عێراق، پاراستنی ئاسایشی توركیا و ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەكدارەكان لەسەر خاكی عێراق و پەرەپێدان بە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و توركیا و گرنگیدان بە سێكتەری نەوت و غاز لەگەڵ عێراق“، بنیات نراوە. بۆیە ئەنقەرە لە كاتی مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق، كار لەسەر بەدیهێنانی ئەم خاڵانە دەكات. هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 18ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2023 گرنگییەكی ستراتیژیی بۆ توركیا هەیە، بەتایبەت هەڵبژاردنەكانی شاری كەركووك، مووسڵ، ئەنبار، سەڵاحەددین و ئەو شارانەی كە سوننە و شیعە لەخۆ دەگرن. لە بابەتی ئەم جارەمان هەوڵ دەدەین پێگەی ستراتیژیی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە سیاسەتی دەرەوی توركیادا بخەینه‌ ڕوو.

گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە بۆ توركیا چییە؟

توركیا لە نزیكەوە چاودێریی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات، بەتایبەت هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پاریزگاكانی ئەم جارەیان، چونكە كاریگەرییان دەبێت لەسەر دیاریكردنی ئیدارەی ناوخۆییی شارەكانی عێراق و تا ڕاددەیەك لە ڕووی دیاریكردنی جۆری پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و كۆمەڵایەتییەكانی شارەكاندا ئەم ئەنجومەنانە ڕۆڵیان دەبێت؛ هەروەها دیاریكردنی پارێزگارەكان گرنگترین ئەركی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان دەبێت. جگە لە سەرجەم ئەم خاڵانە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پاریزگاكان لە كەركووك، پێگە و قورسایییەكی تایبەتی هەیە لە ستراتیژییەتی سیاسەتی دەرەوەی توركیا، چونكە ئەم جۆرە هەڵبژاردنە لە كەركووك لە ساڵی 2005ه‌وە ئەنجام نەدراوە و، ئەنجامدانیشی بۆ ئەم جارە وەك بنەمایەك تەماشا دەكرێت بۆ دیاریكردنی شێوازی بەڕێوەبردنی شارەكە لە قۆناغەكانی داهاتوودا. بۆیە ئەنقەرە، بەتایبەت لەم شارەدا پاڵپشتییەكی ڕاستەوخۆی پێشكەشی بەرەی توركمانی كردووە و بۆ ئەم مەبەستە كاری كردووە كەوا چەند حزب و لایەنێكی سیاسیی توركمانی بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی بەرەی توركمانی “حەسه‌ن توركان” لەژێر چەتری هاوپەیمانێتییه‌كدا كۆ بكاتەوە.

حكوومەت لەسەر بەرزترین ئاستدا گرنگی بەم هەڵبژاردنە دەدات و، بەتایبەت ئەوەی شاری كەركووك. لەم چوارچێوەیەدا لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی توركیا كە بە سەرۆكایەتیی “ڕەجەب تەییب ئەردۆغان” كە لە 29ی تشرینی دووەمی ساڵی  2023 ئەنجام درا، یەكێك لەو بابەتانەی كە تاوتوێ كرا هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بوو و، لە بەیاننامەی فەرمیی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا دەربارەی كۆبوونەوەكە لە خاڵی چوارەم ڕاستەوخۆ بەم شێوەیە ئاماژە بە عێراق و هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پاریزگای كەركووك كراوە: “پەرەپێدانی زیاتری هاوئاهەنگییەکانمان لە هەموو بوارێکدا، بەتایبەت لە بواری ئاسایشیدا لەگەڵ عێراقی دراوسێمان، بۆ هەردوو وڵات و ناوچەکەمان دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی دەسکەوتی بەرچاو. بەوردی هەڵسەنگاندن بۆ ئەگەرەکانی کاریگەریی ئەو پێشهاتانەی پرسی فەڵەستین کرا لەسەر سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی کەرکووک و دۆخی برایانی تورکمان کراوە. پێداگری لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنه‌ خۆجێیییەکانی پارێزگاکە کراوه‌ و تورکیا لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات“. تاوتوێكردنی بابەتەكە لەسەر بەرزترین ئاست لە توركیا، گرنگیی شاری كەركووك بۆ ئەنقەرە دەخاتە ڕوو. لە بنه‌ڕه‌تدا توركیا بە درێژاییی مێژووی سیاسیی عێراق لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئێستا، هەمیشە فاكتەری بوونی توركمانی لە عێراق زیاتر لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵاتەكەیدا مامەڵەی لەگەڵدا كردووە. واتا هیچ كاتێك توركیا تەنیا خەمە گەروەكەی، توركمان نەبووە، بەڵكوو بەردەوام كێشە و گرفتەكەی، بەرژەوەندیی باڵای بووە و لەو كاتانەیش كە ئاماژەی بۆ توركمان كردووە، ئەوە تەنیا بە مەبەستی گوشارخستنە سەر عێراق و لایەنە سیاسییەكان بووە بۆ بەدەستهێنانی تەنازولاتی زیاتر بۆ توركیا.

شارە سوننەنشینەكانی وەكوو ئەنبار و مووسڵ و ناوچەكانی دیكە كە سوننەی تێدایە، گرنگی و پێگەی تایبەتیان هەیە بۆ توركیا، چونكە توركیا نایەوێت ئەم شارانە بكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی هێزە نزیكەكانی ئێران و وڵاتانی عەرەبیی وەكوو عەرەبستانی سعوودیا و ئیمارات. بۆیە لە دوای ساڵی 2005ه‌وە تا ئێستا ئەنقەرە هەوڵی داوە هێزە سوننەكانی نزیكی خۆی لەژێر یەك چەتردا كۆ بكاتەوە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە سەركردەیەكی بەرچاو بۆ سوننەكان پێ بگەیه‌نێت و بەپێی قۆناغە جیاوازەكان هەر ماوەیەكی دیاریكراو پاڵپشتیی لە هەندێك لایەن و حزب و گرووپی سیاسی كردووە. بەڵام دەتوانین بڵێین ئەنقەرە تا ئێستا سەركەوتوو نەبووە لە گەیاندنی لایەنە نزیكەكانی سوننە لە توركیا، بۆ ئەو ئاستەی كە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی ئەنقەره‌دان.

ئەنقەرە جگە لە سوننە و توركمان، كاری لەسەر ئەوەیش كردووە پەیوەندییەكی باش لەگەڵ هەندێك هێزی شیعەیش دابنێت. هەرچەندە زۆرینەی لایەنە سیاسییە شیعەكان نزیكی ئێرانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا توركیا هەوڵی داوە سوود لە ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە شیعەكان وەربگرێت و هەوڵی داوە خۆی لە ڕەوتی سەدر نزیك بكاتەوە. سەرەڕای ئەوەی هەڵویستەكانی موقتەدا سەدر ناسەقامگیر و جێگیر نین، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێ دەچێت ئەنقەرە كار بۆ سوودوەرگرتن لەم جۆرە ناكۆكییانە دەكات.

سەبارەت بە لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن لە توركیا، بەگشتی تێڕوانین و هەڵوێستیان دەربارەی عێراق و كەركووك، بریتییە لەوەی كە پێویستە سەرجەم پەیوەندییەكانی ئەنقەرە لە ڕێگەی حكوومەتی فیدڕاڵییەوە بێت لە بەغدا. لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەت گەورە حزبی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا حزبی گەلی كۆماری (جەهەپە) دژایەتیی خۆی بۆ هەر پەیوەندییەك ڕاگەیاندووە كە لە دەرەوەی پەیوەندییە فەرمییەكان بێت لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق. بەڵام حزبی ئیی (باش)ی ئۆپۆزیسیۆن كە حزبێكی نەژادپەرستە، ئەوان هەڵوێستیان جیاوازترە بەرامبەر بە توركمانەكان و پشتگیریی هەموو جۆرە پاڵپشتییەكی حكوومەت دەكەن بۆ توركمان لە عێراق.

كۆنترۆڵ و باڵادەستیی تەواوی شیعەكان لەو هەڵبژاردنە لە ناوچە سوننەكان و توركمانەكان، چ كاریگەرییەكی دەبێت بۆ سەر توركیا؟

هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەرچەندە گرنگه‌ و پێگەی تایبەتی هەیە لەسەر ئاستی پارێزگاكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا یاسا و بڕیارە گرنگ و جەوهەرییەكان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حكوومەتی فیدڕاڵییەوە دەردەچێت. تەنانەت بەم دوایییە دادگه‌ی باڵای فیدڕاڵیی عێراقیش تا ڕاددەیەك وەكوو تەواوكەری سیاسەتی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان بەكار هێنرا. بەڵام دوای كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانەی كە لەلایەن داعشەوە داگیر كرابوون، لەلایەن هێزە چەكدارەكانی عێراق و حەشدی شەعبییەوە، پلانێكی چڕی حەشدی شەعبی و لایەنە سیاسییە شیعەكان خرایە بواری جێبەجێكردن، كە ئەویش بریتی بوو لە كۆنترۆڵكردنی شارە سوننەنشینەكانی وەكوو مووسڵ و ئەنبار؛ بەتایبەت شاری مووسڵ بەچڕی ڕووبەڕووی هەڵمەتێكی بەشیعەكردن بۆتەوە و سەرجەم جومگە ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی ئەم شارە لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی شیعە كۆنترۆڵ كراوە. بۆیە پێش هەڵبژاردنەكان لەسەر ئەرزی واقعدا جومگە سەرەكیانی زۆربەی ناوچە سوننەكان لەلایەن ئەم گرووپ و هێزانەوە كۆنترۆڵ كراوە.

سەبارەت بە شاری كەركووك، لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری یەكەمی ساڵی 2017، توركیا بە هەماهەنگیی ئێران و حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق، ئەم شارەیان كۆنترۆڵ كرد و كوردیان لە حوكمڕانیی شارەكە پەراوێز خست و شارەكە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ ڕادەستی حەشدی شەعبی و لایەنە سیاسییە شیعەكان كرایەوە. هەر یەكەم هەنگاویشیان ئەوە بوو كەسێكی نزیكی خۆیان كردە پارێزگار و، دەست كرا بە پرۆسەی تەعریبكردنێكی چڕ. بەم شێوەیە دەركەوت كەوا ئەنقەرە بەهۆی هەماهەنگیكردنی بۆ كۆنترۆڵكردنی شارەكە لەلایەن هێزە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی و لایەنە سیاسییە شیعەكان لە ساڵی 2017، هەڵەیەكی مێژوویی و ستراتیژیی كردووە. چونكە ئەمە جگە لە كورد بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ زیانێكی زۆریشی بۆ توركمانەكانی شارەكەیش هەبوو. كەواته‌ تابلۆ سیاسییەكەی پێش هەڵبژاردنەكانی كەركووك زۆر لە بەرژەوەندیی توركمان و توركیادا نەبوو. تەنانەت دوای هەڵبژاردنەكانیش پێ ناچێت لە بەرژەوەندیی توركمان و توركیا بێت، چونكە ئەو كورسییانەی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەدەستی دەهێنێت، لەوانەیە لە دژی ئەنقەرە بەكار بهێنرێت؛ هەروەها ئه‌وه‌ شاراوە نییە كەوا بەهۆی چالاكییەكانی چەكدارانی پەكەكەوه‌ لە سلێمانی، كێشەیەكی قووڵ لە نێوان بەرپرسانی توركیا و یەكێتی هەیە. بۆیە پێشبینی دەكرێت یەكێتی بە پاڵپشتیی لایەنە سیاسییە شیعەكان لە كەركووك، گوشار بخاتە سەر ئەنقەرە. كەواته‌ دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق، پێشبینی دەكرێت ڕۆژانی سەخت و پڕ لە ململانێ چاوەڕێی ئەنقەرە بكات لەگەڵ یەكێتی لە لایەك و لایەنە سیاسییە شیعەكانی نزیك تاران لە لایەكی دیكە.

ئایا تورکیا دەتوانێت لە ڕێگەی تورکمانەکان یان سوننەکان، کاریگەریی بخاتە سەر ئەم هەڵبژاردنانە؟

ئەنقەرە لە دوای ساڵی 2003، بە شێوەیەكی فراوان هەوڵی دا پەیوەندییەكی باش لەگەڵ لایەنە سوننەكان و توركمانەكان دابنێت. بێ گومان پێش ئەم وادەیەیش ئەنقەرە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندیی لەگەڵ لایەنە توركمانەكان هەبوو؛ تا ڕاددەیەكی كەمیش بێت، لەگەڵ سوننەكانیش ئەم جۆرە پەیوەندییە هەبووە، بەڵام لە ئاستێكی نزمدا بوو. كرانەوەی توركیا بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و چڕ، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بوو بەسەر لایەنە سیاسییە عێراقییەكان. جیاوازیی توركیا لەگەڵ ئێران لەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەكان، خۆی لەوەدا دەبینێته‌وه‌ كەوا ئەنقەرە هەرچەندە هەوڵیشی داوە بەڵام نەیتوانیوە وەكوو تاران میلیشیای چەكدار بۆ ئەو لایەنە سیاسییانە دابمەزرێنێت كە پاڵپشتییان لێ دەكات. بە واتایەكی دیكە، سیستەمی سیاسیی توركیا ڕێگە بە حكوومەتی توركیا نادات هەنگاوێكی لەم جۆرە بنێت. بەڵام ئەگەر تەماشایەكی سیستەمی سیاسیی ئێران بكەین، ئەوە یەكێك لە ستراتیژییەتە جەوهەرییەكانی ئەم وڵاتە بریتییە لە كاركردن بۆ دامەزراندنی گرووپی چەكدار لە دەرەوەی ئێران، بە مەرجێك ئەم گرووپانە خزمەت بە بەرژەوەندیی باڵای ئێران بكەن.

لە لایەكی تر، ئێران لە پاڵ ئەم جۆرە پاڵپشتییانە، دیپلۆماسییەتێكی زۆر سەركەوتوو پەیڕەو دەكات بۆ ڕاكێشانی گرووپ و لایەنە سیاسییەكان بۆ لای خۆی. ئەوەی بۆ تاران گرنگە هاوكاریكردنە، جا لایەنە سیاسییەكە سەر بە چ مەزهەب و نەتەوەیەك بێت، گرنگ نییە بۆی؛ ئەوەی بۆ تاران گرنگە، وەلائی گرووپەكەیە بۆ ئێران و بەرژەوەندییەكانی. بەرامبەر ئەمە، توركیا نە ستراتیژییەتێكی فراوانی لەم جۆرەی هەیە و نە بەقووڵی لایەنە سیاسییە عێراقییەكانی خوێندۆتەوە. بۆیە ئەوەی توركیا تا ئێستا پەیڕەوی كردووە، زیاتر بەپێی پێداویستییەكانی قۆناغەكە بووە و لە هەموویشیان گرنگتر، سیاسەتە پەیڕەوكراوەكان و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنیان درێژخایەن نەبووە، بەڵكوو بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بووە. ئەنقەرە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ بەغدا، زیاتر لەسەر بنەمایەكی ئەمنی و ئابووری و بازرگانیی ڕەها بنیات ناوە. بۆیە دەبینین ئەوەی بۆ ئەنقەرە گرنگە، ڕووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی پەكەكەیە و لەناوبردنیانە لە لایەك و، لە لایەكی دیكە كار بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی خۆی دەكات لەگەڵ عێراق.

ئەنقەرە لە ڕێگەی پاڵپشتیكردنی هێزە سوننەكانه‌وه‌ هەوڵی ڕێكخستنی نێوماڵی سوننە دەدات؛ تەنانەت پێش هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2021، هەر دوو سەركردەی دیاری سوننە “محەمەد حەلبووسی” و “خەمیس خەنجەر”ی بانگهێشتی ئەنقەرە كرد و هەر یەك لە “ئەردۆغان” و “حەلبووسی” و “خەنجەر” و “فیدان” بەیەكەوە دەركەوتن. ئەمەیش ئاماژەیەك بوو بۆ ئەوەی كەوا سوننەكانی عێراق بە پاڵپشتیی توركیا و لەژێر چەتری یەك هاوپەیمانیدا كۆ بوونەته‌وە. بێ گومان ئەم هەوڵەی توركیا بۆ ماوەیەكی كاتی توانیی ململانێكانی نێوان لایەنە سوننەكان سڕ بكاتەوە بەڵام نەیتوانی بەتەواوەتی بنبڕی بكات. پێش ئەم هەنگاوه‌یش لە ساڵی 2017، توركیا بە هەماهەنگی له‌گه‌ڵ قەتەر گۆنگره‌یەكی تایبەتی لە شاری ئیستانبوڵ بۆ كۆكردنەوەی لایەنە سوننەكان ڕێك خست و، ئامانجی كۆنگرەكە كاركردن بوو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی لایەنە سوننەكان لەژێر یەك چەتردا؛ هەروەها كاركردنیشی لەخۆ گرتبوو بۆ پێكهێنانی هەرێمێكی سوننە لە عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نفووز و هێزی ئێران لە عێراقدا.

سەبارەت بە توركمانەكان، كە بە كارتێكی بەهێزی توركیا دەبینرێت لە عێراق و بەتایبەت لە كەركووك، ئەنقەرە لەم بابەتەیش تووشی شكستی گەورە بووە، چونكە تاران زۆر بەوردی و وریایییەوە گەیشتۆتە نێو جەرگەی توركمانەكان و تا ڕاددەیەكی باشیش كۆنترۆڵی كردوون. باشترین بەڵگەیش بۆ ئەمە، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بۆ ساڵی 2021؛ لەم هەڵبژاردنەدا لە شاری كەركووك تەنیا سێ توركمان توانییان كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەست بهێنن، كە دوویان توركمانی شیعەن و نزیكن لە تاران. ئەوە جێگه‌ی سەرنجە بە ناوی یەكخستنی دەنگی توركمان بۆ هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2021، توركمانەكانی سوننە و شیعە یەك لیستی یەكگرتوویان پێك هێنا، بەڵام ئەنجامەكەی بۆ كاندیدانی بەرەی توركمانی، كە توركیا ڕاستەوخۆ پاڵپشتیی دەكات، زۆر خراپ بوو.

لە هەڵبژاردنەكانی ئەم جارەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، چاوەڕێ دەكرێت هەمان سیناریۆی ساڵی 2021 دووبارە ببێتەوە و دەنگی توركمانەكان پەرشوبڵاو ببێت؛ چونكە توركمانەكانی كەركووك جگە لە ململانێی مەزهەبی (سوننە-شیعە)، ململانێیه‌كی زۆر سەخت لە نێوانیان سەری هەڵداوە كە خۆی لە دوو ئاراستەی جیاواز دەبینێت، واتا توركمانە سوننەكانیش لەنێو خۆیان دابەشی سەر دوو بەرە و گرووپ بوونە: گرووپێكیان بۆچوونێكی ئیخوانی و ئیسلامی و نەتەوەیییان هەیە كە نزیكن لە حزبی داد و گەشەپێدانی توركیا و، سەرۆكی بەرەی توركمانی “حەسەن توران” سەرۆكایەتییان دەكات. گرووپەكەی دیكەیش بریتییە لەو كەسانەی كە بۆچوونێكی نەژاپەرستیی توندیان هەیە و خۆیان بە پارێزەری یەكپارچەییی خاكی عێراق دەناسێنن و، كەسایەتیی سیاسیی ناوداری كەركووك و سەرۆكی پێشووی بەرەی توركمانی “ئەرشەد ساڵحی” سەرۆكایەتییان دەكات. كەواته‌ توركمانە سوننەكان، لە لایەك ململانێی توركمانە شیعەكان دەكەن و لە لایەكی دیكەیشه‌وه‌ لەنێو خۆیاندا ناتەبان و كێشەی زۆریان هەیە. سەرەڕای هەموو ئەم كێشە و گرفتانە، ئەنقەرە هەوڵی دا لانی كەم زۆرینەی لایەنە توركمانەكانی كەركووك لەژێر چەتری یەك هاوپەیمانێتیدا كۆ بكاتەوە بە ناوی “هاوپەیمانیی بەرەی توركمانیی یەكگرتوو” كە پێك هاتووە لە نۆ لایەنی سیاسیی توركمانی و تیایدا هەم دوو ئاراستە و گرووپی توركمانە سوننەكان لەخۆ دەگرێت، هەمیش هەندێك ناوی توركمانی شیعەی تێدایە.

سەرجەم ئەم هەنگاوانەی توركیا، بە مەبەستی دروستكردنی كاریگەرییە لە ڕیگەی سوننەكان و توركمانەكان لەسەر هەڵبژاردنەكان بەگشتی و ئەم هەڵبژاردنە بەتایبەت و، دەتوانین بڵێین تا ڕاددەیەكی سنووردار توركیا پێی دەكرێت ئەم كاریگەرییە دروست بكات؛ هەروەك لە نموونەی سوننەكان بینیمان كە چۆن توانرا بە گوشاری توركیا سوننەكان بۆ ماوەیەكی كاتییش بێت هاوپەیمانیی “سیادە” پێك بهێنن و ببنە ژمارەیەكی گرنگ لەنێو هاوكێشە سیاسییەكەی عێراق و، توركیا توانیی زۆرینەی توركمانەكانیش- سەرەڕای كێشە و گرفتەكانی نێوانیان- لەژێر چەتری یەك هاوپەیمانیدا كۆ بكاتەوە.

تورکیا چۆن سیاسەتی خۆی لە نێوان کورد و سوننە و شیعەدا ڕێک دەخات؟

توركیا بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەكات كە پێویستە سەرجەم لایەن و مەزهەب و گرووپە جیاوازەكانی عێراق لە چوارچێوەی پاراستنی یەكپارچەییی خاكی عێراقدا بگەنە مافە ڕەواكانیان و ڕێزیان لێ بگیرێت. واته‌ ئەگەر تەماشایەكی سیاسەتی توركیا بكەین بەرامبەر بە عێراق، ئەوە بۆمان دەردەكەویت چوارچێوە گشتییەكە بریتییە لە ڕێزگرتن لە سەرجەم لایەنەكان، بە سوننە و شیعە و كورد و توركمانەوە، بەڵام لە چوارچێوەی بنەمای پاراستنی یەكپارچەییی خاكی عێراق. هەروەها ئەنقەرە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی توركیا، ڕەفتار لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەكان دەكات. هەرچەندە هاوكێشە سیاسییەكەی عێراق زۆر ئاڵۆزە و مامەڵەكردن لەگەڵی زۆر كارێكی قورسە، بەڵام توركیا هیچ كاتێك نەیتوانیوە خۆی لە مەزهەبگەرایی بپارێزیت، چونكە ئەم خاڵە لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانییەوە بۆی ماوەتەوە؛ بەڵام ئەگەر بەرژەوەندییەكانی وا بخوازێت كار لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی نزیك ئێران بكات، ئەوە ئەنقەرە هەردەم ئامادەیە هەماهەنگییان لەگەڵدا بكات. جوانترین نموونەیش بۆ ئەم حاڵەتە هەماهەنگیی توركیا – ئێران – عێراقه‌ لە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر. جگە لەمە ئەنقەرە هەوڵی داوە سوود لە ململانێ و ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە شیعەكان وەربگرێت و دەتوانین بڵێین ئەنقەرە ئامادە بووە تەنانەت لەگەڵ “نووری مالیكی” و هەندێك لایەنی دیكەی شیعە وەكوو “قەیس خەزعەلی”یش، كە بە توندڕەوییەكه‌یانه‌وه‌ دەناسرێن، كۆ بێتەوە و پەیوەندییان لەگەڵدا دابنێت. بۆیە دەتوانین بڵیین ئەنقەرە بەردەوام هەوڵی هەماهەنگیی داوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ گرووپە شیعەكان بكات. هەروەها دەبێ ئەوەیش لەبەرچاو بگرین كەوا وەزیری دەرەوەی توركیا “هاكان فیدان” ستراتیژییەتی كاركردنی وڵاتەكەی لەسەر بنەمای جیاوازینه‌كردن لە نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی عێراق- بە سوننە و شیعە و كورد و توركمانەوە- داڕشتووە و چوارچێوە گشتییەكەی بۆ ئامادە كردووە. هەر لەم چوارچێوەیەدا “فیدان” لە دوایین سەردانی بۆ عێراق بە شێوەیەكی فراوان لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەجیا كۆ بووەوە؛ ئەمەیش خۆی لە خۆیدا پەیامێكی گرنگ بوو لەلایەن ئەنقەرە، كەوا ئامادەیە لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان بەبێ جیاوازی پەیوەندییەكی باش دابنێت.

سەردانەكەی “فیدان” بۆ عێراق، دەكرێ ببێتە سەرەتایەك بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی ئەنقەرە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی عێراق، چونكە ئارەزووی توركیای نیشان دا بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ بۆ پەیوەندییەكانی ئەنقەرە لەگەڵ لایەنە شیعەكان، سوننەكان، كورد و توركمان. كەواته دەتوانین بڵێین لە قۆناغەكانی داهاتووی پەیوەندیی نێوان عێراق و توركیا، كرانەوەیەكی بەرچاوی توركی به‌ڕووی لایەنە سیاسییە عێراقییەكاندا دەبینین، بەهۆی گۆڕانكارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانه‌وه‌. هەروەها “فیدان” وەزیرێكی توركی بەئەزموونە لە بواری ناسینی لایەنە سیاسییەكانی عێراق، چونكە چەندان ساڵ سەرۆكی دەزگه‌ی هەواڵگریی توركیا بووە و بەم هۆیەوە شارەزایییەكی باشی هەیە لە ژیانی سیاسیی عێراقی؛ لە پاڵ ئەمەیش پەیوەندییەكی بەرچاویشی لەگەڵ زۆربەی بەرپرسە عێراقییەكان هەیە.

هەر لەم قۆناغە نوێیەی سیاسەتی توركیا بەرامبەر بە عێراق، بۆمان دەردەكەوێت كە ئەنقەرە لەمەوبەدوا كار دەكات سەرجەم پەیوەندییەكانی خۆی لە چوارچێوەی حكوومەتی فیدڕاڵی عێراقیدا بێت، چونكە ئەنقەرە نایەوێت لایەنە سیاسییە شیعەكانی عێراق لە خۆی نیگەران بكات. هەر لەبەر ئەم هۆكارەیشە، دەبینین لە قۆناغەكانی ڕابردوودا ئەنقەرە بەبێ گوێدان بە بۆچوون و هەڵوێستی حكوومەتی عێراق، پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەبەست، بەتایبەت پەیوەندییەكانی ئەنقەرە-هەولێر لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەك بوو كە نیگەرانیی بەغدای لێ كەوتبووەوە. هەر لەم چوارچێوەیەدا لە قۆناغی ئێستادا ئەنقەرە خۆی لە كێشەكانی نێوان بەغدا-هەولێر بەدوور گرتووە، چونكە نایەوێت بە شێوەیەك دەربكەوێت نیگەرانیی تاران و لایەنە سیاسییە شیعەكانی عێراقی لێ بكەوێته‌وه‌. هەروەها ئەنقەرە ئێستا گەیشتۆتە ئەم قەناعەتەی، كەوا كێشەكانی بەغدا-هەولێر خەریكە زیان بە توركیاش دەگەیه‌نێت، بەتایبەت دوای بڕیاری دادگه‌ی ناوبژیوانیی پاریس دەربارەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم. بۆیە ئەنقەرە لەمەوبەدوا نایەوێت كێشەی زیاتر بۆ خۆی دروست بكات و لە بری ئەو، ئامرازی گوشاری دیكە بەرامبەر بە عێراق بەكار دەهێنێت كە گرنگترینیان “كارتی ئاو”ە، كە بەڕاستی ئەم كارتی گوشارەی توركیا، كێشەی زۆری بۆ عێراق دروست كردووە و ئێستا ئەمە بۆتە بابەتێكی گرنگی دانوستان لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە.

كۆبەند

عێراق لە ستراتیژییەتی توركیا لە سەرجەم قۆناغەكاندا پێگە و ڕۆڵێكی گرنگی هەبووە؛ هەر ڕووداویكیش لەم وڵاتە ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر توركیا دەبێت. هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش ڕووداوێكی سیاسیی گرنگە لەسەر ئاستی حكوومەتە خۆجێیییەكان لە شارەكانی عێراق، بەتایبەت شارە سوننەنشینەكان، كه‌ گرنگییەكی تایبەتی بۆ توركیا هەیە. هەرچەندە پێشبینییەكان بە ئاراستەی ئەوەدایە كە پێ ناچێت نەخشەی سیاسی لە شارەكانی عێراقدا بە شێوەیەكی بنەڕەتی گۆڕانكاریی بەسەردا بێت، بەڵام بەهۆی بایكۆتكردنی ڕەوتی سەدر بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان، ڕێژەی بەشداریكردن تیایدا تا ئاستیكی بەرچاو نزمە، بەتایبەت لە شارە شیعەنشینەكاندا. لەوانەیە نەخشەی سیاسیی ئەم جارەیان لەبار بێت بۆ سەرهەڵدانی كێشە و گرفتی دیكە لە نێوان لایەنە سیاسییە شیعەكان لە لایەك و لە نێوان لایەنە سیاسییە شیعەكانی نزیك له‌ تاران و بەشێك لە سوننەكان لە لایەكی دیكەوه‌. هەروەها پێگەی كەركووكیش، پێ دەچێت دوای هەڵبژاردنەكان شڵەژاوتر بێت و نەتوانرێ تیایدا سەقامگیری بەرپا بكرێت، چونكە پێشبینی دەكرێت یەكێتی و هەندێك لایەنی سیاسیی دیكە كە لەوانەیە نوێنەرەكانیان بنێرنە ئەنجومەنی پارێزگا، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ دژایەتیی ئەنقەرە بكەن و گوشار بخەنە سەر توركمانەكانی نزیك ئەنقەرە. ئەمەیش لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی تێكدانی سەقامگیریی سیاسیی شارەكە. بۆیە دەتوانین بڵێین كەركووك هێڵی سووری توركیایە لە عێراق؛ زۆر ئەستەمە ئەنقەرە بە هاوكێشەیەكی سیاسیی ئاوا ڕازی بێت كە لە دژی بەرژەوەندییە باڵاكانی بێت. بۆیە لە دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پاڕێزگاكان دەتوانین بگەینە ئەم دەرەنجامەی، كەوا قۆناغێكی سەخت و پڕ لە كێشمەكێش چاوەڕێی ژیانی سیاسیی عێراق دەكات و دوور نییە بگاتە ئاستی شەڕ و پێكدادان؛ چونكە بارودۆخەكە ئەوەندە هەستیارە لەوانەیە بە بچووكترین ڕووداو بتەقێتەوە.

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ و کاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا

موەفه‌ق عادل عومەر، دكتۆرا له‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و مامۆستا له ‌به‌شی سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی… زیاتر

3 hours ago

ترەمپ گەڕایەوە کۆشکی سپی: لێکەوتەکانى بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟… زیاتر

1 week ago

ئیدارەی ترەمپ و عێراق: چی بەڕێوەیە؟

نووسەر: مایکڵ نایتس وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە… زیاتر

1 week ago

بـەرەو نوێـکردنەوەى سیستـەمى دڵنیاییى جـۆرى لە زانکـۆکان

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین پێشەکى نزیکەى پازدە… زیاتر

1 week ago

مەترسی و دەرفەتەكانی بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستان لە گەڕانەوەی “ترەمپ”دا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق گەڕانەوەی دۆناڵد… زیاتر

2 weeks ago

کۆبوونەوەی لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) بە ئامادەبوونی کام وڵاتان بەڕێوە دەچێت؟

ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی… زیاتر

2 weeks ago