پێنووس

پۆلێنکردن و ڕێکخستنی کار بەپێی لێهاتوویی و کارزانیی مرۆڤەکان

قەرەنی قادری

پۆلێنکردن یان بە واتایەکی دیکە ڕێکخستنی ئەرک و کار بەپێی لێهاتوویی و لێزانیی کەسەکان، دەگەڕێتەوە بۆ هزرێکی ئاسۆیی، کە بنەمای کارەکان لەسەر سیستەمێکی ئاسۆییی ئاستبەرز ڕۆ دەنێت. بۆ ئەمەیش دەبێت کۆمەڵگە وەکوو پازڵێکی ڕەنگاوڕەنگ و هەزار بە هەزار بدیترێت، ڕێکیان بخات و لە ئاڕاستەی بەرژەوەندیی وڵاتدا وەگەڕیان بخات. ئەم ڕەوتە “بەڕێوەبەری” (ئیدارەدان)یشی پێ دەڵێن. بەڕێوەبەری، بریتییە لە “کەڵکوەرگرتنێکی عەقڵانی لە سەرچاوە، دەرفەت و هێزی مرۆڤی بۆ گەیشتن بە ئامانجکی دیاریکراو.” یان بە واتایەکی تر “هەماهەنگی لە نێوان سەرچاوە ماددی و مرۆڤییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانج”، کە ئەمەیان وه‌ك “هونەری بەڕێوەبەری”یش باسی لێوە دەکەن.

شک لەوەدا نییە کە ناوەڕۆکی ئەو چەشنە بەڕێوەبردنە، بۆ پۆلێنکردنی توانا، لێهاتوویی و لێزانیی مرۆڤەکان دەگەڕێتەوە. بۆیە بەڕێوەبردن و سیستەمی بەڕێوەبەری (Management system) دەبێ بخوێندرێت، بەڵام بۆ فێربوونی هونەری بەڕێوەبردن، دەبێ ڕوو لە مەیدانی کردەوە بکرێت تا خۆی تاقی بکاتەوە. کاتێک ئەو هونەرە سەرکەوتوو بوو، ئەوە جارێکی تر بە ڕێگەی هاوکێشەی هزرییەوە گەڵاڵە دەکرێت و لە ڕەندە دەدرێت. لەو شێوە سیستەمەدا کارەکان بەهۆی سیستەمی بەڕێوەبەریی ئاسۆیییە کە بەڕێوە دەچن نەک گرێدراوی کەسەکان بێت، یان ئەوەتا بە چەندان کەسەوە هەڵبواسرێت؛ واتە هەر کەسەو به‌ کار و ئەرکی خۆیەوە سەرقاڵ بێت، کە بێ شک دەبێ لەسەر بنەمای لێهاتوویی و کارزانی بێت.

“کۆنفۆشیۆس” (٥٥١- ٤٧٩ پ ز) دەڵێت: “شمشێر مەدەنە دەست کەسێک، کە نازانێت سەما بکات.” واتە کار مەدەن بە کەسێک کە لێی نازانێت. شمشێروەشێن لە کاتی شەڕدا، دەبێ ئەوە بزانێت کە شمشێرەکەی بە لای ڕاست و چەپ (بە دەوری خۆیدا) هەڵسووڕێنێت. ڕێک لەبەر سەمای شمشێرەکەیە، کە دەبێ شمشێروەشێنه‌كه‌یش وەکوو شمشێرکەی سەما بە جەستە و عەقڵی خۆیەوە بکات تا لەگەڵ شمشێرەکەی، ببن بە یەک و ئامانج بپێکن. سەمای شمشێر و سەمای شمشێروەشێن بۆ ئەوەیە، کە لە مەیدانی هزر و کاردا هەماهەنگی، ڕێککەوتن و لێهاتوویی هەبێت، تا پێکەوە کاری خۆیان بکەن و شمشێرەکە بتوانێت بڕ بکات. سەمای شمشێر، یان سەما بە شمشێر، لە مێژووی ژاپۆن، کۆریا، تایلەند، چین و … مێژوویەکی کۆنی هەیە  و وەکوو هونەری سەما و یەکگرتن لەگەڵ شمشێردا ناوی دەرکردووە؛ کە ئەمە باس لە لێهاتوویی و شارەزایی لە کاردا دەکات.

ئەگەر شمشێربەدەست بە جەستە و عەقڵ ڕەق بێت و نەتوانێت لە کاتی پێویستدا بچەمێتەوە یان هەڵسووڕێت، ناتوانێت بە شمشێرەکەی سەما بکات. ئەوی سەما یان سەمای شمشێر نەزانێت، ناتوانێت شمشێر بەدەستەوە بگرێت، یان ئەوەتا لەوانەیە ملی خۆی پێ ببڕێت.

ئەم خۆگونجاندنە بۆ تیر و کەوانیش هەر دروسته‌؛ تیر و کەوان، دووانەن و بەبێ یەکتر (هەماهەنگی) هیچ مانایەکیان نییە. بێ شک ئەمەیش قسەی کۆتایی نییە، بەڵکوو کەوان دەبێت بچەمێتەوە تا هێز وەربگرێت و تیرەکەی لە ئامانج بدات. نهێنی و هێزی کەوان، هەروەها بڕشتی تیرەکەیش هەر لە چەمینەوەی کەوانەکەدایە و، هەر ئەمەیش وا دەکات کە تیرەکە خاڵ بپێکێت. کەوان کە نەچەمێتەوە، تیر دەرناچێت، چونکە کەوان یانی چەمینەوە (داهاتنەوە)؛ بۆیە ناکرێت تیر و کەوان لێک جیا بکەیتەوە. ئەگەر چەمینەوەی کەوان بۆ مەیدانی سیاسەت بگوازینەوە، نەرمونیانی، وریایی، بەهێزی، بەبڕشتبوون و جددیبوون لە سیاسەتدا، ڕێک وەک چەمینەوەی کەوانە.

ئینسان کە لە کاری خۆیدا شارەزا و لێزان بوو، دەتوانێت هێز و وزەی خۆی و دەوروبەری بەباشی دابەش بکات و ڕێکیان بخات. لە دۆخێکی وادا خۆگونجاندن، هەماهەنگی، لێهاتوویی و شارەزایی لە کار، لەوانە لە حوکمڕانی و تەنانەت لە کاری ڕۆژانەیشدا خۆ دەنوێنێت. واتە ڕێک پەیڕەوی لەو بۆچوونە فەلسەفییەی پێشینانمان دەکات، کە دەڵێت: “نان بۆ نانەوا و گۆشتیش بۆ قەساب”، یان “پێمەڕە، بەدەست پێمەڕەدارەوە جوانە”؛ ئەمە ئاستێکی زۆر بەرزە لە تێگەیشتنی کەسە بەئەزموونەکانمان، ئەویش پۆلێنکردنی هزر و توانا بەسەر کار و پیشەدا. کێ لە چی شارەزایە، با سەرقاڵی ئەو بێت و خۆ دە شتی ترەوە هەڵنەقورتێنێت. کاتێک کار و ئەرکەکان پۆلێن بکرێن و بە گوێرەی سروشتی کار، پێویستە کەسی خۆی بۆ بدۆزرێتەوە. ئەمە یەکێکە لە ڕێگە سەرەکییەکانی گەشەی تاک و پێشکەوتنی کۆمەڵگە و حوکمڕانییەک کە لەسەر بنەمای عەقڵ دەستی یارمەتی بۆ گشت هێز، وزە و توانای کۆمەڵگە درێژ دەکات و دەرفەت و کاتیش بەفیڕۆ نادات.

“هەر کەسەو بە کارێکەوە سەرقاڵ بێت”؛ ئەمە دەچێتە خانەی ڕێکخستنی ژیانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەوه‌. هەر ئەو پۆلێنکردنە لە ڕەوتی کاردا، کەسانی لێهاتوو و لێزان بەرهەم دێنێت، کە هاوکوفی پیشەکانیان دەبن. جا ئەوکات دەتوانین بڵێین، کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو؛ واتە کار بە کارزان و کارناس دەسپێردرێت.

ڕێک لێرەدایە کە مرۆڤەکان تا ئەو جێگەیەی بگونجێت بەپێی حەزی خۆیانەوە کار دەکەن، هەروەها بەڕێوەبەری کارەکانیش شێوازی کارکردن وا ڕێک دەخات، کە هاوکارانی کار دەبنە بەشێک لە کار و پڕۆسەی بڕیاردان. کۆنفۆشیۆس” (مامۆستای گەورە) دەڵێت: “کارێک هەڵبژێرە کە خۆشت دەوێت، ئیتر ناچار نابیت یەک ڕۆژیش کار بکەیت.” حەز لە کار، بوونی کەلتوور و ئەخلاقی کار، هەروەها سیستەمی بەڕێوەبەری و سەرکردایەتیکردنی عەقڵانیی کار و کات، وا لە ئینسانەکان دەکات، کە لە کار و کارکردندا ماندوو نەبن و تەنانەت خۆیان بە خاوەنی کارەکەیش بزانن. لە دۆخێکی وادا باس لە عەقڵ، چۆنایەتی و ئاستبەرزیی کار و بەرهەمی کار دێتە گۆڕێ. ئەمە پێشمەرجە بۆ بەهێزبوونی کۆمەڵگە، چونکە هەم “تاک”ی بەهێز و بەرپرس بەرهەم دێنیت و، هەمیش بەڕێوەبەرانی لێهاتوو، شارەزا، بەرپرس و وڵامدەر لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا دروست دەکات.

کۆمەڵگەیەکی وشیار و بەهێز لە گرەوی تاکی بەهێز و سەرکردایەتیکردنێکی عەقڵانیدایە، کە چۆن بتوانێت کەڵک لە هەموو هێز، وزە، توانا و دەرفەتەکانی کۆمەڵگە وەربگرێت و، هەڕەشەکانیش کەوی بکات و بیانکاتە دەرفەت.

کە سەیری پاشخانی مێژووییی نەتەوەی کورد دەکەیت، پەند، قسە و ئیدیۆمی زۆر بەهێز لە پێشینانەوە بۆی بەمیرات ماوەتەوە، کە گشتیان سەرچاوەکەیان بۆ ژیان و ئەزموون دەگەڕێتەوە. لە ژیانی ڕۆژانەیشدا بە قسەکردن ئەو پەند، پەیڤ و ئیدیۆمانە بەردەوام دووبارە و چەندبارە دەکرێنەوە. کەواتە وا باشە بۆ ڕێکخستنی کار، پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها بۆ خزمەتکردنی وڵات بۆیان بگەڕێینەوە.

هەرێمی کوردستان بەقەد تەمەنی حوکمڕانیی خۆی، لە قەیرانی بەڕێوەبەری و پۆلێنکردنی کار و کارکردن، هەروەها ڕێکخستنی کاتدا دەژیت؛ ئەو قەیرانەیش نەك تەنیا لەناو حزب و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵکوو سەرتاپای حکوومەت و دامەزراوەکانی گرتۆتەوە.

هونەری پەیوەندیکردن و دەربڕین (لێزانی)

پێشینانی ئێمە فەرموویانە، “بە قسەی خۆش، مار لە کون دەربێنە.” ئەمە باس لە مەنتق، هێزی پەیڤین و نەرمونیانی (هێزی نەرم/ soft power) دەکات. واتە ڕووکردنە هونەری دیالۆگ و پەیڤین تا کۆمەڵگە لەگەڵ یەکتردا بپەیڤێت. هەر ئەو پەیڤینەیە کە کۆمەڵگە بەهێز دەکات و تەنانەت بەر لەوەیش دەگر‌ێت کە پێکدادان و گرژی بێتە کایەوە، هەروەها پێشی ئەوەیش دەگرێت کە جیاوازییەکان نەکرێنە ناکۆکی. ئەم کارە گرنگە دەتوانێت لە ڕەوتی خۆیدا بەدامەزراوەیی بکرێت و وەکوو یەکێک لە پێناسەکانی کۆمەڵگەی ئێمەی لێ بێت. ئەگەر پێشینانی ئێمە بە قسەی خۆش، ماریان لە کونی خۆیانەوە دەردێنا، کەواتە حزب و لایەنە سیاسییەکانی ئێمە، هەروەها گرووپە ڕەنگاوڕەگەکانی کۆمەڵگەیش دەبێ بتوانن و بیر لەو کانیاوە زێرینەی پێشینانمان بکەنەوە و، ڕوو لە دیالۆگ بکەن و کێشەکان لە ئاڕاستەی بەرژەوەندیی وڵاتدا چارەسەر بکەن. “ئابراهام لینکۆڵن”  (١٨٠٩-١٨٦٥) دەڵێت: “دیالۆگ جوانترین لایەنی مرۆڤە.” ئەم “جوانی”یە کارێکی وا دەکات کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ خۆیدا بپەیڤێت، چونکە هەر ئەمەیە کە هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات.

لەو بوارەدا دەیان و سەدان نموونەی دیکەمان هەن، کە بەرهەمی ژیان و تاقیکردنەوەن و، پێشینانی ئێمە فەرموویانە، بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو کەڵکی لێ وەربگرێت، تا خاوەنی هزرێکی دەوڵەمەند و وشیار بێت. بە گەڕانەوە بۆ ئەو پەند و ئیدیۆمانە لە کردەوەدا، هەم ژیان تەکوزبەخش دەبێت و هەمیش زەین چالاک دەبێت. هەر بۆیە پۆلێنکردن و ڕێکخستنی کار و ئەرک بەپێی لێهاتوویی و کارزانیی مرۆڤەکان، دەگەڕێتەوە بۆ هزرێکی کراوە و بەبڕشت و، هەڵگری کۆمەڵە پەیامێکی ڕەنگاوڕەنگە تا کۆمەڵگەیەکی بەهێز ڕۆ بنێت.

ئەم شێوە کارکردن و ڕێکخستنە (پۆلێنکردن و ڕێکخستنی کار بەپێی لێهاتوویی و کارزانیی مرۆڤەکان) لە توانایدایە کە ئاستی قەیران لە وڵاتدا دابەزێنێت، کۆتایی بە “دیاردەی بندیوار” بێنێت، گەرووی چەشنەکانی گەندەڵی بگوشێت و بەر بە بەفیڕۆدانی سامانی وڵاتیش بگرێت. شک لەوەیشدا نییە کە ئەم شێوە لە ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە، مەودای نێوان حکوومەت و دامەزراوەکان، هەروەها حزب و لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ هاووڵاتیاندا کەمتر و کەمتر دەکاتەوە و، هیوایش بە هاووڵاتیان دەبەخشێت و متمانەیشیان بۆ دەگەڕێنێتەوە!

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

سوودانی و مالیکی… جەنگی سارد و زیاتریش

(دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، "ویلایەتی دووەم" یاساکانی جەنگەکە دەگۆڕێت)   ن: عەلی سەرای و:… زیاتر

1 week ago

حكوومەتی سوودانی: دوو پێشهاتی گەورە و كۆمەڵێك ئەگەر و سیناریۆ

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق كابینەی محەمەد… زیاتر

1 week ago

11 کەسایەتیی کاریگەر لە سیاسەتی دەرەوەی ترامپ

نووسەر: فۆریەن پۆلیســـی (foreignpolicy) وەرگێڕان: پێنووس ئەگەر دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جارێکی دیکە بگاتە… زیاتر

2 weeks ago

یەکەم گەشتی سیسی بۆ ئەنقەرە؛ پەیوەندیی نێوان میسر و تورکیا دوای ١١ ساڵ چۆن گۆڕا؟

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس بڕیارە ڕۆژی 4ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، بە مەبەستی… زیاتر

2 weeks ago

سیناریۆ و ئەگەرەکانی پێکدادانی ئیسرائیل و ئێران: هاوکێشەکانی پاش کوژرانی ئیسماعیل هەنییە

د. پەرویز ڕەحیم قادر\ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان- دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی\ مامۆستای زانکۆ هەرچەند… زیاتر

3 weeks ago

ئاییندەى گۆڕاوە ستراتیژییەکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئەگەرى گەڕانەوەى ترامپ

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران ترامپ وەک مەتەڵێک بۆ… زیاتر

4 weeks ago