پێنووس

پلانی چوارچێوەی شیعی بۆ قۆناغی پاش هەڵبژاردنی پارێزگاكان

یاسین تەها، خوێندکاری دکتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاکان، هەروەها شارەزا لە کاروباری عێراق

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 18ى دیسەمبەری 2023، باڵادەستیی لایەنەكانی نێو چوارچێوەی شیعی بەسەر نوێنەرایەتی و كورسیی ئەنجومەنە خوجێیییەكانی پارێزگاكان یەكلایی كردەوە. ئەم پێشهاتەیش كە لە دوای كۆنترۆڵكردنی حكوومەتی فیدراڵی دێت، دەسپێكی قۆناغێكی نوێیە لە حوكمڕانیی ئەم هاوبەندییە شیعییە لە عێراق، پاش كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان و حكوومەت و بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پارێزگاكان. ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات لەسەر دیارترین هەنگاو و پلانەكانی چوارچێوەی شیعی بۆ قۆناغی پاش هەڵبژاردن هەڵوێستە بكات.

تەرازووی نوێی هێز لەنێو چوارچێوەی شیعی

بەپێی زانیارییە فەرمییەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، لە كۆی 16 ملیۆن و 100 هەزار كەس كە مافی دەنگدانیان لە 15 پارێزگای عێراق هەبووە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان؛ شەش ملیۆن و 599 هەزار كەس بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا كردووە كە بە پێوەری كۆمیسیۆن ڕێژەی بەشداری، 41% دەكات و بە پێوەری چاودێرانیش لە نێوان 26_ 28%دایە[1]؛ بەپێی ئەنجامە كۆتایییەكانی پرۆسەكەیش، دەنگی گرنگترین هاوپەیمانییە شیعەكان كە پاش هەڵبژاردن گەڕانەوە بۆ ژێر چەتری “چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعی” لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور بەم شێوەی خوارەوەیە:

_ هاوپەیمانیی “نبني” بە سەرۆكایەتیی هادی عامری كە چەتری كۆكەرەوەی گرووپە شیعە چەكدارەكانە و نزیكترینە لە ئێران بەراورد بە هاوتاكانیان، لە پەپلەی یەكەمدا هات. ئەم هاوپەیمانییە لە 10 پارێزگا (بەغدا، بەسرە، دیوانیە، موسەننا، نەجەف، بابل، زیقار، كەربەلا، میسان، واست) نزیكەی 616 هەزار دەنگی بەدەست هێناوە. بەمەیش لە كۆی گشتی، بووەتە خاوەن 43 كورسی لە ئەنجومەنی پارێزگاكان.

_ لە وردەكاریی دەنگەكانی هاوپەیمانیی “نبني”، لیستی “الصادقون”ی بزووتنەوەی عەسائیبی قەیس خەزعەلی، 184 هەزار دەنگی بەدەست هێناوە و بەرامبەر بووە بە 12 كورسیی پارێزگاكان؛ بە دوای ئەویشدا لە ژمارەی دەنگ، “ڕێكخراوی بەدر”ی هادی عامرییە كە 121 هەزار دەنگی بەدەست هێناوە و بەرامبەر بووە بە 13 كورسی. ئەو هێزە نوێیەيشی لەم هاوپەیمانییە كە هەڵكشاوە، لیستی “خدمات”ی ئەحمەد ئەلئەسەدی وەزیری كاری ئێستایە كە سەركردەیەكی حەشد بووە و زیاتر لە 120 هەزار دەنگی بەدەست هێناوە؛ بەمەیش بووەتە خاوەن 11 كورسی. چوارەمی لیستەكەيش “العقد الوطني”ى فالح فەیازی هەیئەی حەشدە كە بە زیاتر لە 80 هەزار دەنگ، 5 كورسيی بەركەوتووە. كۆتا براوەكانی كورسی لەم هاوپەیمانییەيش “الصدق والعطاء”ی شیعییە كە زیاتر لە 47 هەزار دەنگی هەبووە و دوو كورسيی بردووە. جگە لەمانەيش پێكهاتەكانی تری هاوپەیمانییەكە كە شەش ڕێكخراوی سیاسيی شیعین، نەبوونەتە خاوەن هیچ كورسییەك؛ دیارترینیشیان “إرادة”ی “حەنان فەتلاوی”یە كە دەوروبەری 11 هەزار دەنگی بەدەست هێناوە[2].

_ هاوپەیمانيی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتيی نووری مالیكی، پلەی دووەمی بەدەست هێناوە لە هەڵبژاردن بە زیاتر لە 576 هەزار دەنگ كە دواتر یەكسان بوو بە 35 كورسی. ئەوەيشی جێگەی سەرنجە، لە بەغدای پایتەخت پلەی یەكەمی بەدەست هێنا بە زیاتر لە 144 هەزار دەنگ و 9 كورسی. هەرچەندە ئەم هاوپەیمانییەيش 12 هێز و حزبی تێدایە بەڵام چەق و سەنتەرەكەی، حزبی دەعوە و نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی پێشووترە و لە سەرجەم هەڵبژاردنەكاندا هەر بەم ناونیشانە بەشداری دەكات[3].

_ هاوپەیمانيی “هێزەكانی دەوڵەت”ی حەكیم و عەبادی: ئەم هاوپەیمانییە كە بە سەرۆكایەتيی “عەممار حەكیم”ە و 371 هەزار دەنگی بەدەست هێناوە كە بەرامبەر 24 كورسییە، پلەی سێیەمیشی بەدەست هێناوە. ئەوەيشی جێگەی سەرنجە، لە پارێزگای بەسرە 34 هەزار دەنگ (1 كورسی) و لە بەغدا 75 هەزار دەنگ (5 كورسی)ى بەدەست هێناوە[4]. ئەم دوو شارەیش گرنگی و سەنگ و قورساییی سیاسی و ئابووریی خۆیان هەیە.

ئاماژەكانی ئەنجامەكانی چوارچێوەی شیعی

لەبەر ڕۆشناییی ئەنجامەكانی هێزەكانی نێو چوارچێوەی شیعیی حوكمڕان كە بنكەی سیاسیی حكوومەتی ئێستای محەممەد شیاع سوودانی پێك دەهێنن، دەكرێت چەند پێدراوێك ئاماژەیان پێ بكرێت:

_ پێشڕەویی هاوپەیمانیی “نبني” و بەدەستهێنانی پلەی یەكەم چاوەڕوانكراو بوو، بەهۆی ئەوەی هێزە سەرەكییەكانی شیعە لەخۆ دەگرێت كە باڵی چەكدار و دەنگدەری جێگیریان هەیە و، ژمارەیەكی زۆر لە خێزانی قوربانییەكانی جەنگی دژەداعشیان پێوە پەیوەستە. بەپێی ئامارە بەردەستەكانیش ژمارەی سوودمەندانی حەشد كە بنكەی ئەم هێزەن، 200 هەزار كەسە.

 _ لەناو هاوپەیمانیی “نبني” لەم هەڵبژاردنە ڕێكخراوی بەدر پێش عەسائیب كەوت و هاوسەنگیی گێڕایەوە بۆ هاوپەیمانییەكەی نێوانیان، بەراورد بە پاشەكشەی زۆری ئەم ڕێكخراوە لە هەڵبژاردنی 2021 لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی فەتح. ئەمەیش دەرەنجامێكی نوێیە.

_ حەكیم و عەبادی بڕێكی زۆر لە سەنگ و قورساییی لەدەستچوویان گێڕایەوە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2021 كە تەنیا 4 كورسییان لە ئەنجومەنی نوێنەران بەدەست هێنا؛ بەڵام كێشەی ئەم هاوپەیمانییە ئەوەیە، لە بەغدا و بەسرە لاوازە و كورسییەكانیشی پەرشوبڵاون.

_ مالیكی پلەی یەكەمی بەدەست نەهێنا بەپێی چاوەڕوانیی هاوپەیمانییەكەی لەو بۆشایییەی سەدر بۆ هێزە شیعەكان بەجێی هێشت، هەروەها پارێزگای كەربەلاشی لەدەست دا لە كاتێكدا بنكەی جەماوەریی ئەم لیستە بووە لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو؛ بەڵام بە كەڵكوەرگرتن لە ئەزموونی ئەم هاوپەیمانییە و دەنگدەرە جێگیرەكانی، لە پێشەنگی هێزە شیعەكاندا مایەوە، بەتایبەت یەكەمییەكەی لە بەغدا گرنگیی خۆی هەیە و مانادارە.

_ بەخشینەوە و پێگەی حكوومی، ڕۆڵی زۆری هەبوو لە هەڵكشانی لیستەكەی وەزیری كار “ئەحمەد ئەلئەسەدی” كە سەرپەرشتیی تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی و كۆمەككردنی خەڵكانی بێكار دەكات.

یەكگرتنی پاش هەڵبژاردن

باڵادەستیی هێزەكانی ناو چوارچێوەی شیعی بەسەر ئەنجومەنی پارێزگاكانی شیعەنشین و فرەچەشن، یەكێكە لە زەقترین دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی كۆتاییی 2023؛ بەشێكی زۆر لە هۆكاری ئەمەیش، زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی پلان بۆ پاش هەڵبژاردن، چونكە 12 لیستی سەر بە چوارچێوەكە، كە چواریان سەرەكی و براوە بوون، پاش هەڵبژاردن دیسانەوە هاوپەیمانییان پێك هێنایەوە. بەم هۆیەیشەوە ئێستا زیاتر لە نیوەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانیان بەدەستەوەیە. لە سایەی ئەم باڵادەستییەیشدا چاویان لە هەشت پۆستی پارێزگارە لە كۆی 15 پارێزگا، لەگەڵ هێشتنەوەی كۆمەڵێك پارێزگار لەژێر هەژموونی هاوپەیمانیی لیستەکانی چوارچێوەی شیعی. میكانیزمی نێوخۆییی چوارچێوەكەیش بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگار و ئەنجومەنەكان، زیاتر بەپێی خاڵە[5]. ئەمەیش هەمان میكانیزمی دابەشكردنی پۆستەكانی حكوومەتی فیدراڵییە لە خولەكانی ڕابردوو. هەروەها تەكنیكی دروستكردنی زۆرینەیش پاش هەڵبژاردن بۆ بەجێهێشتنی لیستە براوە و یەكەمەكان، دووبارەكردنەوەی هەمان تەكنیكی ساڵی 2010ی لیستە شیعەكانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەركەوتنی “لیستی ئەلعێراقییە”ی “ئەیاد عەلاوی” كە 91 كورسیی بەدەست هێنا بەرامبەر 89 كورسیی دەوڵەتی یاسای مالیكی، بەڵام دواتر هاوپەیمانیی نیشتمانی (شیعی) 70 كورسیی تری خستە سەر كورسییەكانی مالیكی و بە یەكگرتنی پاش هەڵبژاردن، عەللاوی بوو بە دووەم[6]. ئەم كارەیش بە پاڵپشتیی بڕیارێكی مشتومڕهەڵگری دادگەی فیدراڵی كرا، كە ڕێگەی دا زۆرینە لە پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش پێك بهێنرێت (25/ اتحادية/ 2010).

لەمپەرەكانی بەردەم چوارچێوەی شیعی

ڕاستە هێزە شیعەكان ئێستا زیاتر لە نیوەی كورسییەكانی پارێزگاكانیان بەدەستەوەیە، بەڵام باڵادەستبوونی زۆرینەی شیعی بەسەر پارێزگاكان، هەروا بێكێشە و ئاسان نییە، بەڵكوو هەندێك لەمپەری لەپێشە؛ لە لایەك گرێی پارێزگارە سەدرییەكان هەن (نەجەف و میسان و زیقار) كە نازانن چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن و، باس لەوە دەكرێت سوودانی داوای كردووە زیاتر لە پارێزگارێك بۆ سەدرییەكان بەجێ بهێڵرێت و لیستە شیعەكانیش بۆ ڕازیكردنی سەدر لارییان نییە[7]، جگە لە نووری مالیكی و قەیس خەزعەلی[8]. ئەمە لە كاتێكدا سەدرییەكان لە هەڵبژاردن بەشدار نەبوون و لە ئێستادا وەك دژێكی جۆریی چوارچێوەی شیعە دەردەكەون كە بڕوایان بە بەشداریكردنی پرۆسەی سیاسی نییە لەگەڵ هاوتا شیعەكانیان.

لە لاكەی تر ئەو پارێزگارانەی یەكەم بوون و لە پارێزگاكانی بەسرە و واست و كەربەلا زۆرینەی دەنگیان بەدەست هێناوە، بوونەتە لەمپەر لە بەردەم ئەوەی لیستەكانی چوارچێوەی شیعە بەبێ كێشە پۆستەكانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن لەو پارێزگایانە لە نێوان خۆیاندا دابەش بكەن، چونكە لە بەسرە پارێزگارەكەی “ئەسعەد ئەلعیدانی” یەكەم دەنگی لەسەر ئاستی عێراق بەدەست هێناوە (164 هەزار)؛ ليستەكەیشی (تەسمیم) زیاتر لە 281 هەزار دەنگی بەدەست هێناوە لە كۆی 630 هەزار دەنگی دروستی نێو سندووقەكان. لە كەربەلاش پارێزگار “نەسیر خەتابی”، دووەم دەنگی عێراقە (63 هەزار)؛ لیستەكەیشی (ئیبداع) زیاتر لە 108 هەزار دەنگی لە كۆی زیاتر لە 229 هەزار دەنگدەری بەشداربوو لە هەڵبژاردنی پارێزگاكە بەدەست هێناوە[9]. لە بەسرە دەرفەتی بەجێهێشتنی ئەلعیدانی نییە (12 / 23 كورسی) و، لە كەربەلاش هەروەها نەسیر خەتابی (7/ 13 كورسی)، بەڵام لە  واست كورسییەكانی “واست ئەجمەل” (7/ 15 كورسی)یە و بە هاوپەیمانێتی دەكرێت بەجێ بهێڵرێت.

مامەڵەی چوارچێوە لەگەڵ ڕكابەرەكانی

پلانی هێزە شیعەكانی چوارچێوە بۆ سەركەوتن بەسەر ڕكابەرەكەیان لە پارێزگاكان، پشت بە چەند میكانیزمێك دەبەستێت كە لە خولەكانی پێشوو لە پارێزگاكان و لە پێكهێنانی حكوومەتی فیدراڵییشدا تاقی كراونەتەوە. لە بەسرە، بۆ نموونە چوارچێوەی شیعە، لە ڕێگەی كۆمیسیۆنەوە لە پاش هەڵبژاردن براوەیەكی ئەنجومەنی بەسرەیان بە ناوی “فاهرام هایك” دوور خستەوە كە لە كۆتای مەسیحییەكانە بە پاساوی ئەوەی یاسای ڕیشەكێشكردنی بەعس دەیگرێتەوە[10]. ئەم پاڵێوراوە پێشتر مۆڵەتی پێ دراوە بەشداریی هەڵبژاردن بكات و بەبێ كێشە لە وردبینی دەرچووە، لە هەڵبژاردنیشدا 1375 دەنگی بەدەست هێناوە، بەڵام لە پاش هەڵبژاردن دۆسیەی “بەعسیبوون”ی ڕووبەڕوو كرایەوە و دوور خرایەوە لە بەرژەوەندیی كاندیدێكی بزووتنەوەی “بابلیون”ی ڕەیان كلدانی سەر بە چوارچێوەی شیعی كە تەنیا 180 دەنگی هەیە[11]. چەند ڕۆژێك پاش ئەوەيش ئەلعیدانی، براوەی یەكەمی بەسرە، لەسەر پێشێلكاریی هەڵمەتی هەڵبژاردن سزا درا؛ بە تۆمەتی دابەشكردنی زەوی لە سەروبەندی هەڵمەتی هەڵبژاردن و هەندێك سەرپێچیی تر، دۆسیەی یاساییی بۆ كرایەوە[12].

شان بە شانی ئەمەیش قسەوباسی زۆر لەبارەی هەوڵی كڕینی هەندێك لە براوەكانی هەڵبژاردن هەیە، بەتایبەت ئەوانەی لە چوارچێوەی كۆتای هەڵبژاردن سەركەوتوون و ژمارەیان لە 15 پارێزگاكەی عێراق، 10 پاڵێوراوی براوەیە. ئەمانە پشت و پەنای وەهایان نییە و نوێنەرایەتیی كەمایەتییەكان دەكەن و نێچیرێكی ئاسانترن بۆ ئینتیماگۆڕین. هەر لەم نێوەیشدا هەندێك قسە هەن لەسەر ئەوەی نرخی هەر براوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە، چووەتە سەروو ملیۆنێك دۆلار بۆ ئەوەی بچنە ڕیزی چوارچێوەی شیعی. ئەوەيشی چاوی لەسەر پارێزگاكەیە و شەڕی لەسەر دەكات، زیاتر بزووتنەوەی عەسائیبی قەیس خەزعەلییە[13]؛ بەدیاریكراویش خوازیاری پۆستەكە، عودەی عەوادی پەرلەمانتاری عەسائیبە كە بەر لە هەڵبژاردن چووە كێشمەكێشی میدیایییەوە لەگەڵ ئەسعەد ئەلعیدانی، پارێزگاری شارەكە.

سەرباری ئەمانەیش پەناگەیەكی تری چوارچێوەی شیعی بۆ گەمارۆدانی ئەلعیدانی، پارێزگاری بەسرە، دادگەی فیدراڵییە و لەم نێوەندەیشدا داوای شرۆڤەی دادگاكە كراوە دەربارەی چەمكی زۆرینە و كەمینە[14]. باوەرێكیش هەیە ئەنجامی هەوڵی چوارچێوە لە دادگە لە بەرژەوەندیی لایەنە شیعەكان دەبێت و ئەلعیدانی ناچارە دەستبەرداری پۆستی پارێزگار ببێت، یان بەهۆی گەمارۆدانییەوە دۆخەكەی وا دەخوازێت خۆی یەكلایی بكاتەوە بۆ سەرۆكایەتیكردنی لیستەكەی (12 كورسی) لەناو ئەنجومەنی پارێزگا[15].

گرێی بەغدا و دەركەوتنەوەی مالیكی 

هەرچەندە ئەنجامەكانی هاوپەیمانییەكەی مالیكی لە ئاستی چاوەڕوانی و پێشبینییەكاندا نەبوو، بەڵام لە بەغدا بوونە هۆی دەركەوتنەوەی بەهێزی مالیكی لە حكوومەتى خۆجێیى پایتەخت كە دەوروبەری 9 ملیۆن كەس دانیشتووانی هەیە. بەپێی ئەو زانیارییانەیشی لە گفتوگۆ نێوخۆیییەكانی چوارچێوەی شیعییەوە دزەیان كردووە، نووری، چاوی لەسەر ئەوەیە لیستەكەی پارێزگاری بەغدا و شیعەكانی تریش سەرۆكی ئەنجومەنەكەیش ببەن. ئەم پێداگرییەیش بە دوای ئەوەدا دێت لیستەكەی لە بەغدا لە كۆی 879 هەزار دەنگی دروستی بازنەی پایتەخت، 144 هەزار دەنگ و 9 كورسیی بەدەست هێناوە؛ براوەی دووەمی شیعەیش “نبني”ى هادی عامری و خەزعەلی 142 هەزار دەنگ و 9 كورسییان هەیە. ئەمەیش ئەگەر بچێتە سەر، پێچەوانەیە لەگەڵ عورفی سیاسی و پڕەنسیپی سازان، چونكە سەرۆكی ئەنجومەنەكە لە پاش 2003 هەمیشە بۆ پێكهاتەی سوننە بووە.

 پاساوی هەندێك لە لیستە شیعەكان بۆ وەرگرتنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی بەغدایش ئەوەیە، لە كۆی 49 كورسیی تەرخانكراو بۆ ڕكابەری لە ئەنجومەنەكە، ئەوان 26_30 كورسییان بردووە. بەم پێیەیش چیتر سازانیان پێویست نییە و زۆرینەن. هەندێكی تریشیان ڕایان جیایە و پاراستنی سازانیان پێ باشە[16]، چونكە لیستە سوننەكانیش ڕێژەیەكی بەرچاو دەنگ و كورسییان لە پایتەخت هەیە؛ بۆ نموونە: “تەقەدوم”ی حەلبووسی 140 هەزار دەنگ و 8 كورسی، “سیادە”ی خەنجەر 74 هەزار دەنگ و 4 كورسی، “عەزمی عێراق” 62 هەزار و 4 كورسی، “حەسمی وەتەنی” 43 هەزار دەنگ و 3 كورسی. كۆی گشتیی كورسییە سوننەكانیش لە پایتەخت دەكاتە 19 كورسی لە كۆی 49 كورسیی تەرخانكراو بۆ كێبركێ[17]. بەپێی سیستەمی باوی تەوافوقیش ئەم ئەنجامانەی هێزە سوننەكان ڕێژەیەكی باشە، چونكە دەكاتە نزیكەی 40%ی دەنگ و كورسییەكانی بەغدا.

ناكۆكییە نێوخۆیییەكانی چوارچێوەی شیعی

بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن،ی چوارچێوەی شیعی بەنیازن پێكهێنانی حكوومەتە خۆجێیییەكان بكەن بە یەك پاكێج، هەروەها بڕیاریشیان ئەوەیە سەرجەم پارێزگارەكان بگۆڕن بەبێ ڕەچاوكردنی ئەوەی هەندێكیان دەنگی زۆریان بەدەست هێناوە[18]. بەهۆی ئەوەيشی ساڵی ئاییندە بڕیارە هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمان لە عێراق ئەنجام بدرێت،ی دابەشكردنی پۆستەكانی ئێستا و پشك و بەركەوتەكان كاریگەریی لەسەر ئەو وێستگەیەیش هەیە. ڕێككەوتن لەسەر دابەشكارییە نێوخۆیییەكانی شیعە قورستر بووە؛ بۆ ئەو مەبەستەیش بەشێك لەو ناوانەی دەخرێنە ڕوو بۆ پۆستی پارێزگار، یان پەرلەمانتار یان وەزیری پێشوون؛ ئامانج لەمەیش پێویستییە بە كەسایەتیی دەركەوتوو و خاوەن پێگە. بۆ چارەسەری ناكۆكییەكانیش چوارچێوەی شیعە پەنا بۆ هاوپەیمانێتیی سیاسی دەبات[19]، بەتایبەت هەندێك لایەنی ناو چوارچێوەی شیعی لەگەڵ بەشداركردنی هەموو براوەكاندان لە پۆستەكان[20]. سەرباری ئەمەیش هێشتا درز و كەلێنی ناكۆكی هەر دەمێنن، بەتایبەت لە بەغدا. باوەرێكی زاڵیش هەیە كە لایەنە شیعەكانی چوارچێوە، ئاسوودە نین لەوەی بزووتنەوەی عەسائیب پارێزگاری بەسرە ببات كە پایتەختی ئابووریی عێراقە و سنووری لەگەڵ كوێت و ئێران هەیە و لەسەر كەنداوی عەرەبییە؛ ئەم شارە جگە لە داهات و دەرامەتی نەوت و سنوورە ئاوی و وشكانییەكان، پێگەیەكی جیۆسیاسیی گرنگیشی هەیە. هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا پێدراوە سیاسییەكان باس لەوە دەكەن، لەسەر ئاستی گشتی هەندێك لە لایەنەكانی چوارچێوەی شیعی، بێزارن لە خۆسەپاندنی مالیكی بەسەر بڕیاری چوارچێوەكە و بەسەر حكوومەتی سوودانییشدا؛ بەو پێیەی خۆی وا دەبینێت خاوەن ئەزموونترە لە ئەو. بەپێی ئەم دزەپێكردنانەیش درز و كەلێنی چوارچێوەی شیعی لە قۆناغی داهاتوودا زیاتر دەردەكەوێت، بەتایبەت كە كار گەیشتە سەر دابەشكردنی كێكی پارێزگاكان بەسەر براوەكانی هەڵبژاردن لەناو هێزە شیعە براوەكان[21].

لێكەوتەی هەنگاوەكانی چوارچێوە لەسەر ڕەوشی عێراق

خواستی چوارچێوەی شیعی بۆ كۆنترۆڵكردنی پارێزگاكان لەسەر ئاستی جیاجیا لێكەوتەی جۆراوجۆرای دەبێت، كە دەكرێت بەم جۆرە ئاماژەی پێ بكرێت:

لەسەر ئاستی شیعی: ئەنجامەكانی هەڵبژاردن یارمەتیدەری چوارچێوەی شیعی دەبێت بۆ پەراوێزخستنی ڕكابەرە سەرەكییەكەیان كە “سەدر”ە لە مەودای كورت و ناوەڕاستدا، بە مەرجێك پێشهاتی نوێ نەیەتە پێشەوە. هەروەها ئەم باڵادەستییە دەبێتە هۆی ئەوەی بڕیاری شیعی زیاتر لەدەستی چوارچێوەكەدا كورت ببێتەوە؛ ئەمە جگە لەوەی گوژمە تەرخانكراوەكانی بوودجە دەكەوێتە بەرەست هێزە شیعەكان لە پارێزگاكان و، دەتوانن بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو كەڵكی لێ وەرگرن. هەروەها ئەم بارودۆخە زیاتر هاندەری مالیكی دەبێت بۆ ئەوەی هەوڵی گێڕانەوەی پێگەی جارانی بدات، بەتایبەت كە پەرلەمانتار عەبدولكازم جبووری لە لیستی مالیكی، نەیشاردۆتەوە كە “مالیكی خولیای ئەوەی ئەوەی هەیە جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ سەر كورسیی سەرۆكایەتیی وەزیران لە ڕێگەی هەڵبژاردنی 2025.”[22]

لەسەر ئاستی سوننە: چوارچێوەی شیعی لەناو هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت لە ڕووی یاسایی و عورفییەوە، ناچارن مامەڵە لەگەڵ حەلبووسی و لیستەكەی (تەقەدوم) بكەن؛ بەو پێیەی ژمارەی یەكەمی لیستە سوننەكان بوو لە ئەنبار و بەغدا و، لە تێكڕای ئەو شەش پارێزگایەی بەشداریى تێدا كردووە زیاتر لە 500 هەزار دەنگی بەدەست هێناوە كە هاوتایە لەگەڵ 21 كورسی، ئەمە لە كاتێكدا بەر لە هەڵبژاردن ناوبراو لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دوور خرایەوە و حزبەكەیشی خرایە ژێر لێپێچینەوەی یاسایی. نزیكترین ڕكابەری ئەویش كە دۆستی هێزە شیعەكانە، عەزمی “موسەننا سامەڕایی”یە كە نیوەی حەلبووسی دەنگی هەیە (255 هەزار) و كەمتریش لە نیوەی لیستەكەی ئەو كورسیی هەیە (10 كورسی). بەڵام گومان و دڕدۆنگیی زۆر هەیە چوارچێوەی شیعی ئەمە بكەن؛ بەتایبەت هەندێك ناوەندی پەرلەمانی نایشارنەوە پاش هەڵبژاردن قۆناغی پەراوێزخستن و دوورخستنەوە دەستی پێ كردووە[23]. ئەگەر ئەمەیش وابێت قەیرانی سیاسی زیاتر قووڵ دەبێتەوە و ئاییندەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت دەكەوێتە ژێر پرسیار كە بنكەی فراوان و دووەمی حكوومەتی سوودانییە لە پاش بازنەی چوارچێوەی شیعی.

لەسەر ئاستی نیشتمانی: دیموكراسییەتی سازان (التوافقیة) لە بەردەم دووڕێیانێكی یەكلاكەرەوەدایە ئەگەر هات و چوارچێوەی شیعی میكانیزمەكانی كۆمیسیۆن و دادگە بەكار بهێنن بۆ دوورخستنەوەی ڕكابەرەكانیان و خۆیان بەپێی لێكدانەوە و پاساوی خۆیان پۆستی پارێزگارەكان و ئەنجومەنی پارێزگاكان یەكلایی بكەنەوە؛ بەتایبەت پاش ئەوەی هاوتای “سوننەی مالیكی” لەنێو هێزە مەدەنییەكانیش پشتیوانیی هاوپەیمانییەكیان بە ناوی “الأساس” كرد بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و، هەمان گوتار و دروشمەكانی هاوپەیمانیی “قیم”ی بەكار دەهێنا و سەرەنجامیش 150 هەزار دەنگ و هەشت كورسیی بەدەست هێنا لە پرۆسەكە، ئەمە لە كاتێكدا سەرۆكی هاوپەیمانییەكە “محسن المندلاوي” كە كوردێكی فەیلییە و جێگری سەرۆكی پەرلەمانە، لە هەڵبژاردنی 2021 پێنج هەزار دەنگی هەبوو. بەم پێیەیش گومانێك هەیە كە هێزە شیعەكانی نێو چوارچێوە لە ڕێگەی جێگرەوە و كۆپییەوە هەوڵی تێپەڕاندنی فیگەرە سیاسییە سوننی و مەدەنییەكان بدەن؛ ئەمەیش لێكەوتەی لەسەر مامەڵەكردنیان لەگەڵ كورد دەبێت.

سەرچاوە و پەراوێزەكان:

[1]  https://2u.pw/cqEYYwu  ؛ https://2u.pw/aVON671

[2]  https://2u.pw/BOjvjaG

[3]  https://2u.pw/rYHl3AC

[4]  https://2u.pw/AEmLGBm ؛ https://2u.pw/Nd43c3c

[5]  https://2u.pw/vFPauMT

[6]  https://2u.pw/1a5Mhd

[7]  https://2u.pw/SPVZMCz ؛ https://2u.pw/Gqa4Pzv

[8]  https://2u.pw/o6F6IEy

[9]  https://2u.pw/IS9k1np

[10]  https://2u.pw/TKpBelS

[11]  https://2u.pw/xw2zGxy

[12]  https://2u.pw/75UwRYw

[13]  https://2u.pw/xw2zGxy

[14]  https://2u.pw/vFPauMT

  https://2u.pw/mS0URXB[15]

[16]  https://2u.pw/vFPauMT

[17]  https://2u.pw/IS9k1np

[18]  https://2u.pw/UjSj4Eo

[19]  https://2u.pw/90iGaXp

[20]  https://2u.pw/ZZORjAv

  https://2u.pw/1f7ZrUd[21]

[22]  https://2u.pw/jW0jOOv

[23]  https://2u.pw/Z4H4kTv

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

ترەمپ گەڕایەوە کۆشکی سپی: لێکەوتەکانى بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟… زیاتر

5 days ago

ئیدارەی ترەمپ و عێراق: چی بەڕێوەیە؟

نووسەر: مایکڵ نایتس وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە… زیاتر

6 days ago

بـەرەو نوێـکردنەوەى سیستـەمى دڵنیاییى جـۆرى لە زانکـۆکان

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین پێشەکى نزیکەى پازدە… زیاتر

1 week ago

مەترسی و دەرفەتەكانی بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستان لە گەڕانەوەی “ترەمپ”دا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق گەڕانەوەی دۆناڵد… زیاتر

1 week ago

کۆبوونەوەی لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) بە ئامادەبوونی کام وڵاتان بەڕێوە دەچێت؟

ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی… زیاتر

1 week ago

گەڕانەوەی ترەمپ؛ کۆتاییهاتنی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ڕێخۆشکردن بۆ ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران؟

ن: یۆرۆنیوز وەرگێڕانی: پێنووس ڕەنگە ماوەی ئێستا تا دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی… زیاتر

2 weeks ago