پرسی ڕۆژ

نێچیرڤان بارزانی و گەڕانەوە بۆ ڕۆحی ده‌ستوور

پێنووس

به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ به‌غدا به‌شداریى له‌ ڕێوڕه‌سمى يادى بيست و يه‌ك ساڵه‌ى شه‌هيدكردنى “ئايه‌توڵلا محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌كيم”دا كرد، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆکكۆمار، سه‌رۆكوه‌زيران، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق و، ژماره‌يه‌كى به‌رچاوى سه‌ركرده‌ سياسييه‌كانى عێراق و ديپلۆماتكاران و ميوانان به‌ڕێوه‌ چوو. نێچیرڤان بارزانی وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم دەرفەتەی قۆستەوە؛ بۆیە لەو ساڵیادەدا گوتی: “باشترین وەفاداری بۆ یاد و ڕۆحى شەهیدان، دابینکردنی دواڕۆژێکی گەشە بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو.” ئەمەیش وەکوو ئاماژەیەک بۆ ئەزموونی خەباتی هاوبەشی ڕابردوو و کاری پێکەوەیی لە نێوان کورد و عەرەب و لایەنەکانی دیکە، لە دژی ستەم و زۆرداری.

لە لایەکی تریشەوە، نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی دیکەی خستە ڕوو و داوای “دوورکەوتنەوەی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان، لە گواستنەوەی ڕکابەری و ناکۆکيى سیاسیى نێوانیان، بۆ ناو کۆمەڵگە و نەتەوە و پێکهاتەکانی تری عێراق“ی کرد؛ ئەمەیش دەکرێت بە بەشێکی گرنگ لە ناوەڕۆکی دۆکترینی سیاسیی نێچیرڤان بارزانی وێنا بکرێت، کە هەم کاری بۆ هاتنەدیی کردووە و هەمیش پێی وایە کە ئەگەر جێبەجێ نەکرێت، ئەوە وێرانکاری و جەنگ و ناکۆکییەکان هەر بەردەوام دەبێت و، ئەو کاتە ڕکابەرایەتیی سیاسی دەبێتە ململانێ و پێکدادانی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئایینی؛ وەک چۆن ئەم کێشەیە لە ناوچەکە بۆتە هۆکاری ماڵوێرانی و وەپاشکەوتنی دەوڵەت و کۆمەڵگەکان و زەمینەیەکی گونجاوی بۆ توندڕەوی و گرووپە تیرۆریستییەکان ڕەخساندووە و، بۆتە هەڕەشەیش بۆ ئاسایشی هەموو جیهان. جگە لەوەیش پەیامێکە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق کە زۆرینەبوونی پێکهاتەیەک (شیعە) لە دژی پێکهاتەکانی دیکە بەکار نەهێنرێت؛ وەکوو لە ماوەی ڕابردوو ئاماژەکانی دەرکەوتووە.

هەروەها ڕای گەیاند: “ڕۆحی ده‌ستوور بریتییە لە دروستکردنی دیموکراسی، دادپەروەری و دابەشکردنی دەسەڵات و سیستەمی فیدراڵی  و، “داوا دەکەم هەموومان پێکەوە پابەندی دەستوور بین.” ئەم ڕستانەیش دەری دەخات کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەبیر سەکردە سیاسییەکانی عێراقی هێنایەوە، کە تاکە ڕێگە گەڕانەوەیە بۆ دەستوور و، پابەندبوون بەم دەستوورە دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و بەم دەربڕینە ڕەخنەی لە سیاسەتی ئێستای دەسەڵاتدارانی بەغدا گرت، کە هەنگاو بە هەنگاو لە ڕۆحی دەستووری نوێی عێراق، کە فیدراڵی و دابەشکردنی دەسەڵات و دیموکراسی و دادپەروەرییە دوور دەکەونەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان پێشێلی ئەو بنەمایانە دەکەن، کە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە. جێگەی ئاماژەیە کە لووتکەی قسەکانیشی ئەو بەشە بوو کە وتی: “نابێ ژيان و گوزه‌رانى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان تێكه‌ڵ به‌ كێشه‌ سياسييه‌كان بكرێت.” ئەم ڕستەیەیش لایەنە سیاسییەکانی عێراقی خستۆتە بەردەم بەرپرسیارێتی، چونکە بەڕوونی ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم کێشەیە بەسیاسى کراوە و بەغداش بەرپرسە لە چارەسەرکردنی و، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەکەی ڕوون بوو. بۆیە سەبارەت بە پرسی مووچەیش قسەکانی ڕووی لە بەرپرسە باڵاکانی عێراق بوو، کاتێک گوتی: “ئێستا لەبەر نەبوونی بوودجە و مووچە لە هەرێمی کوردستان، فەرمانبەران و خەڵک لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین و ئەوە کاریگەرییەکی خراپی کردووەتە سەر هەموو کەرتەکان لە هەرێمی کوردستان. زۆر پێویستە ئەو کێشە گەورەیە بەزوویی چارەسەر بکرێت؛ ئەوەیش بەرپرسیارێتیی هەموومانە، چونکە هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرەکانی بەشێکن لە عێراق.” 

لە لایەکی تریشەوە پرسەکانی ئاسایشی و هەڕەشە سەربازییەکان لە هەرێمی کوردستان وای کرد کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵێت: “هێرشە درۆنییەکان و به‌ئامانجگرتنى پێشمه‌رگه‌ زيان به‌ سه‌قامگيريى عێراق ده‌گه‌يه‌نێت“؛ ئەمەیش دووبارە لایەنە سیاسی و پەیوەندیدارەکانی عێراق دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەوە، بەو پێیەی کە ئەگەر هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە عێراق و هێزی پێشمەرگەیش هێزێکی دەستووری و دانپێدانراوی فەرمی بێت، ئەوە ئەم هێرشانە وەکوو هێرش بۆ سەروەری و هێزەکانی عێراق هەژمار دەکرێت. هەر بۆیە لە داهاتوودا هەر لایەنێک هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەوە بەرپرسیارێتییەکەی زیاتر و مەترسیدارتر دەبێت. بۆیە دوو تەوەری “ئابووری، هەروەها سیاسی- ئاسایشی کرۆکی قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوون لەم ڕێورەسمەدا، کە کێشەی گەورەن لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان.

تەوەرێکی تری گوتارەکەی نێجیرڤان بارزانی، بریتی بوو لە گەیاندنی پەیامێک بۆ نوخبەی ئێستای حوکمڕانی شیعەکان کە لە دوای ٢٠٠٣ کورد ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لە دروستکردنەوەی ئەو عێراقەی ئێستا؛ بەڵام نوخبەی سیاسیی ئێستا وەک نوخبەی پێشوو هاوکاری یەکتر نین. سەرۆکی هەرێم زۆر بەڕوونی ئاسایش و سەقامگیریی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی لە هەرێمی کوردستان، بەستەوە بە عێراق.

هەر لەم چوارچێوەیەیشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندان دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە حکوومی و حزبییەکانی عێراق، بە هەردوو لایەنی شیعی و سوننە، ئەنجام دا کە بە بەرفراوانترین دیدار و کۆبوونەوەی فەرمی دادەنرێن و دەرخەری ئیرادەی جددیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بە نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان و  لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان . تەنانەت دیداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا و گرووپەکانی نزیک لە ئێران، ئەو ئاماژە و پەیامەی هەڵگرتبوو کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە کە ململانێى ناوخۆیی و ناوچەیییەکان و، لەگەڵ هەردوو بەرە و لایەندا هەوڵ دەدات کە پەیوەندییەکی بەهێز و پتەوی هەبێت. جگە لەمانەیش، ئەو  گفتوگۆ و دیدارانە دەری دەخات کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نایەوێت هەرێم بچێتە ناو جەمسەربەندییەکانەوە، بەڵکوو دەیەوێت بە دیپلۆماسی لەگەڵ ئەکتەرە کاریگەرەکانی عێراق لە ڕووی سیاسی و ئاسایشییەوە پەیوەندییەکی ئاسایی و یاساییی هەبێت.

هەروەها کێشە و “پرسی دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان”ی لە عێراق خستە ڕوو و باسی لەوە کرد کە هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر داوای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هاتوون. پێویستە دەرفەت بدرێتە حکوومەتی فیدراڵی و به‌ڕێز سەرۆکوەزیران سوودانى، بەپێی پلانێکی هاوبەش و له‌ زه‌مينه‌يه‌كى ئارام و بێكێشه‌دا گفتوگۆيان له‌‌گه‌ڵدا بكات، بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر داهاتووى هاريكاريى نێوان هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان و عێراق. بەم پێیەیش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەوردی باسی گفتوگۆی بۆ درێژەدانی هاوکاریی نێوان هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانان کرد؛ کە ئەمەیش پەیامێک بوو بۆ هێزە توندڕەوەکان و، هەروەها ئەمریکییەکانیش. سەبارەت بە ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش دووبارە سەرۆکوەزیرانی خستە بەرامبەر ئەو گرووپە میلیشیایانەى، کە هێرش دەکەنە سەر پێشمەرگە و نێردە دیپلۆماسییەکان و وتی: “پێشێلکردنی دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە هێرش بۆ سەر نێرده‌ ديپلۆماسييه‌كان و هێزه‌كانى هاوپەیمانان و پێشمەرگە، کاری حکوومەت تێک دەدات و ئاڵۆزییەکی زۆر و هەمەلایەنە لە عێراق دروست دەکات.” ئەوەی کە جێگەی سەرنجە، نێچیرڤان بارزانی هێزی پێشمەرگەی، هاوشان و هاوتای نێرده‌ ديپلۆماسييه‌كان و هێزه‌كانى هاوپەیمانان بەرز کردەوە و لە هەمان کاتیشدا ئەم هێرشانەی وەکوو هەڕەشە لە هەموو عێراق وێنا کرد و بەستییەوە بە سەرهەڵدانەوەی داعش. ئەمەیش وەکوو پەیامێک بۆ ئەمریکا و ڕۆژاوایییەکان کە ئەگەر هێرش دەکرێتە سەر پێشمەرگە، بۆ ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە پاڵ ئێوە وەستاوە. بۆیە وتی: ئەو هێرشانە زیانێکی زۆریان بە ئاسایش و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى دڵەڕاوکێ بە هەموو بازاڕی عێراقدا بڵاو ببێته‌وه و‌، هەروەها دەرفەتی داوەتە تیرۆریستانی داعش کە هێرشەکانیان زۆرتر بکەن.

هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، دەکرێت بەرچاوڕوونییەکی زیاترمان بداتێ لەسەر شێوازی کارکردن لەگەڵ نوخبەی حوکمڕان لەبەغدا، کە دەکرێت لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت بکرێتەوە:

یەکەم/ وەک دەزانین عێراق دەوڵەتێکی دامەزراوەیی و دەستووریی تۆکمە نییە تاکوو کێشەکانی هەرێم و بەغدا لە ڕێگەی دامەزراوە سیاسی و یاسایییەکان چارەسەر بکرێن، بەڵکوو کەسایەتییە سیاسییەکان کاراکتەری سەرەکیی پڕۆسەی دروستکردنی بڕیارن و هێزیان لە هێزی دامەزراوەکان گرنگترە. نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئەم تەوەرە کاری کرد و هەموو کاراکتەرە سەرەکییەکانی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق کردە ئامانج و، داوای لێ کردن کە هاوکار بن لە کۆتاییهێان بە کێشەکانی هەرێم و بەغدا، بەتایبەت لە هەمواری یاسای بوودجە، کە بڕبڕەی پشتی ئاسایشی ئابووری و سیاسیی هەرێمی کوردستانە. بۆیە دەکرێت بڵێین، کە ئابووری بڕبڕەی پشتی سیاسەتە.

دووەم/ سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی پێمان دەڵێت کە کۆمەڵێک کێشەی هەرێم و بەغدا، دەکرێت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەت و پەیوەندیی کەسیی تایبەت لەگەڵ نوخبەی سیاسیی حوکمڕان لە بەغدا چارەسەر بکرێن. بەتایبەت کە ئێمە وەک کورد، دەبێت کەلتووری سیاسیی نوخبەی حوکمڕان لە بەغدا بناسین؛ هەروەها مەراسیمە تایبەتەکان دەوریان لە کردنەوەی دەرگە بەڕووی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی هەندێک لە کیشەکاندا هەیە.

سێیەم/ دیپلۆماسییەتی سەرۆکی هەرێم، پێمان دەڵێ کە هەمیشە دەرگەیەک هەیە بۆ پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، بەو مەرجەی لە عەقڵییەتی نوخبەی سیاسیی حوکمڕان لە بەغدا تێ بگات. دۆزینەوەی میکانزمێک بۆ کارکردن لەگەڵ بەغدا، بەتایبەت لەگەڵ ئەو فرەجەمسەرییەی لە بەغدا هەیە، زێدە گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەوەی کە جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆبوونەوەی ئەنجام داوە و، ئەمەیش وەکوو ئامادەکارییەک دەبینرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەروەها هەموارکردنەوەی یاسای بوودجە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و بوودجەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق. هەر بۆیە لە وتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانی داوای لە گشت سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان، فراکسیۆنەکان و هه‌موو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، پشتیوان بن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى بوودجه‌ و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. تەنانەت کۆبوونەوەی لەگەڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق، کە دەوترێت دەسەڵاتێکی باڵای هەیە لە هاوکێشە یاسایی و تەنانەت سیاسییەکانی عێراق، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەم مەبەستە. لەبەر گرنگیی دۆخەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو ڕۆژدا توانیی نزیکەى بیست دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و حوکمڕانانی عێراق هەبێت.*

لە کۆتاییدا خاڵێکی سەرنجڕاکێش کە پێویستە ئاماژەی پێ بکرێت و دەربڕی کەسایەتیی نێچیرڤان بارزانییە، لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیدا دەسکەوتەکانی بەتەنیا نەگەڕاندەوە بۆ پێگە و هەوڵەکانی خۆی، بەڵکوو دوو جار دووپاتی کردەوە کە ئەوە بەرهەمی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵی ئەو شاندانەی حکوومەتە کە پێشتر بەجددی کاریان لەسەر ئەم بابەتە کردووە.

شک لەوەیشدا نییە کە دەرفەتەکان هەمیشە بەشێکن لە سیاسەت و بە گوێرەی دەرفەت و سروشتەکەی، هەروەها ناسین و شارەزایی لە کات و بۆنەکاندا و، “گرینگیدان بە ئەولەوییەتەکان”، هەوڵەکان بەگەڕ دەکەون؛ پەیام دەنێردرێت و قسەی جددیی تێدا دەکرێت!

تێبینی:

* سەرجەم کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بریتی بوون لە:

سه‌رۆكوه‌زيرانی عێراق، محەمەد شیاع ئه‌لسوودانى (دوو جار)، هەروەها محه‌مه‌د حه‌لبووسى، سه‌رۆكى پێشووری پەرلەمانی عێراق و حزبى ته‌قه‌دوم و فايه‌ق زێدان، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق و شێخ قه‌يس خه‌زعه‌لى، سه‌رۆكى عه‌سائيبى ئه‌هلى هه‌ق و نوورى ئه‌لمالیكى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى ده‌وڵه‌تى ياسا و خاتوو ئالينا ڕۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مريكا له‌ عێراق و فالح فه‌يياز، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى ‌شه‌عبى و د. عه‌بدولله‌تيف ڕه‌شيد، سه‌رۆکكۆمارى عێراقى فيدراڵى و حه‌يده‌ر ئه‌لعه‌بادى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى نه‌سر و محسن مه‌نده‌لاوى، جێگرى يه‌كه‌مى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و هادى ئه‌لعامرى، سه‌رۆكى ڕێكخراوى به‌در و سه‌يد عه‌مار ئه‌لحه‌كيم، سه‌رۆكى ڕه‌وتى نيشتمانيى حيكمه‌ و، سه‌رۆكوه‌زيرانى پێشووترى عێراقى فيدراڵى د. عادل عه‌بدولمه‌هدى و عه‌بدولساده‌ ئه‌لفرێجى، ئه‌ميندارى هاوپه‌يمانيى نه‌هجى عێراقى و هومام حه‌مموودى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئيسلاميى عێراق و موسه‌ننا ئه‌لسامه‌ڕائى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى ئه‌لعه‌زم و شێخ جەمال ئەلزاری، ئەمینداری گشتیی پڕۆژەی نیشتمانیی عێراقی.

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

ترەمپ گەڕایەوە کۆشکی سپی: لێکەوتەکانى بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟… زیاتر

4 days ago

ئیدارەی ترەمپ و عێراق: چی بەڕێوەیە؟

نووسەر: مایکڵ نایتس وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە… زیاتر

4 days ago

بـەرەو نوێـکردنەوەى سیستـەمى دڵنیاییى جـۆرى لە زانکـۆکان

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین پێشەکى نزیکەى پازدە… زیاتر

7 days ago

مەترسی و دەرفەتەكانی بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستان لە گەڕانەوەی “ترەمپ”دا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق گەڕانەوەی دۆناڵد… زیاتر

1 week ago

کۆبوونەوەی لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) بە ئامادەبوونی کام وڵاتان بەڕێوە دەچێت؟

ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی… زیاتر

1 week ago

گەڕانەوەی ترەمپ؛ کۆتاییهاتنی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ڕێخۆشکردن بۆ ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران؟

ن: یۆرۆنیوز وەرگێڕانی: پێنووس ڕەنگە ماوەی ئێستا تا دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی… زیاتر

2 weeks ago