قەرەنی قادری
وتارنووسینیش هەروەک بەشەکانی تری ڕاگەیاندن، مەبەستی گەیاندنی پەیامە، جا ئەو پەیامە لەسەر کاغەز بێت یان بە شێوەی دیجیتاڵی. لێرەدا گرنگ ئەوەیە کە وتارنووس بتوانێت بە زمانێکی سادە و ڕەوان، هەروەها بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی نووسین، هەوڵ بدات کورت و پوخت مەبەستەکانی خۆی بە خوێنەر (پەیاموەرگر) بگه‌یه‌نێت.
وتارنووسی و کارتێکه‌ریی وتار له‌سه‌ر په‌یاموه‌رگر، مێژوویه‌کی دوورودرێژی هه‌یه. ئه‌رستۆ (384 ـ 322 پ ز) فه‌یله‌سووفی یۆنانی، یه‌که‌مین که‌س بووه له سه‌رده‌می خۆیدا به شێوه‌یه‌کی ڕێکوپێک، کاری له‌سه‌ر وتار و واتای وتار کردووه. توانایی و لێزانیی ئەرستۆ تەنیا بۆ زانست و زانیارییەکانی ناگەڕێتەوە، بەڵکوو بۆ هونەری گەیاندنی پەیامەکانیش دەگەڕێتەوە. هەر ئەمەیش ئەوی لە فەیلەسووفەکانی سەردەمی خۆی جیا دەکردەوە.
وتار، یان تێکست (دەق)، بابه‌تێکی سنووردارکراوه، که له ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندنی گشتیدا بڵاو ده‌کرێته‌وه. به ڕێگەی ئامرازی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌یه، که وتارنووس په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ په‌یاموه‌رگردا چێ ده‌کات. ده‌بێ هه‌وڵی سه‌ره‌کیی وتارنووس (په‌یامنێر) بۆ خوێنه‌ر (په‌یاموه‌رگر) ئه‌وه بێت که په‌یامه‌که‌ی کار له‌سه‌ر ئاوه‌ز و هه‌سته‌کانی خوێنه‌ر بکات و به دوای خۆیدا ڕای بکێشێت. له دۆخێکی وادایه، که وتارنووس سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت.
وتار، یان تێکست، ڕوو له په‌یاموه‌رگر (خوێنه‌ر، بینه‌ر و بیسه‌ر) ده‌کات، له‌به‌ر ئه‌وه، ئامانج لە ناردنی په‌یام بۆ په‌یاموه‌رگر ئه‌وه‌یه، که تا چ ڕادده‌یه‌ک ناوه‌ڕۆکی په‌یامه‌که، کار له‌سه‌ر هزری خوێنه‌ر بکات.
قۆناغه‌کانی وتارنووسین
بۆ نووسین و هێنانه‌دیی به‌رهه‌می نووسین، هه‌ندێک قۆناغ پێویستن که ده‌بێ له کاتی نووسیندا ڕه‌چاویان بکه‌ین و بیانبڕین، هەروەها بیرۆکه‌ی پێ پۆلێن بکه‌ین و دوایی له چوارچێوه‌ی وتاردا گه‌ڵاڵه‌ی بکه‌ین.
ئه‌و قۆناغانه‌ی کە نووسینی وتارێک پێیدا ده‌رباز ده‌بێت، بریتین له:
1ـ فکر، پێویستی، ڕووداو، ده‌نگوباس و…
2ـ به‌ڵگە کۆکردنه‌وه
3ـ ڕێکوپێککردنی به‌ڵگه‌کان
4ـ نووسینه‌وه
5ـ پێداچوونه‌وه (شوشتنه‌وه‌ی وتار یان لەڕەندەدانی وتارە)
لە قۆناغی یەکەمدا، بوونی فکر، کێشه، پرس یان پێداویستییه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ نووسینی وتار، یه‌که‌مین پله‌یه له ڕه‌وتی به‌رهه‌مهێنانی نووسیندا. مه‌به‌ست له‌م کاره‌یش ئه‌وه‌یه، که وتارنووس هه‌وڵ ده‌دات بابه‌تێک ڕوون بکاته‌وه و بیگەیهنێت.
له قۆناغی دووه‌مدا، هه‌وڵدان بۆ به‌ڵگه کۆکردنه‌وه‌یه که په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به قۆناغی یه‌که‌مه‌وه (فکر، کێشه، پرس یان پێداویستییه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی) هه‌یه، که وتارنووس که‌ڵک له زانیارییه‌کانی خۆی وه‌رده‌گرێت. که‌ڵکوه‌رگرتن له کتێب، گۆڤار، ڕۆژنامه، ئینترنێت، هه‌روه‌ها وتووێژ له‌گه‌ڵ هاووڵاتیان، دامه‌زراوه مه‌ده‌نی و حکوومییەکانیش به‌شێکی دیکەی سه‌رچاوه‌ی زانیارین، که پێویسته وتارنووس که‌ڵکیان لێ وه‌رگرێت.
له قۆناغی سێیه‌مدا، که ڕێکوپێککردنی به‌ڵگه‌کانه، پۆلێنکردنیان به گوێره‌ی ئه‌و گرنگی و بایه‌خه‌ی کە هه‌یانه، ڕێکوپێک و پله‌به‌ندی ده‌کرێن؛ هه‌روه‌ها پێویسته په‌یوه‌ندیی عه‌قڵانی له نێوان به‌ڵگه‌کانیشدا ده‌ستنیشان بکرێن، که کام به‌ڵگه له کام شوێندا جێی بۆ ته‌رخان بکرێت، تا ڕه‌وتی نووسین ئاسان بکرێته‌وه.
له قۆناغی چواره‌مدا، که نووسینه‌وه‌یه، داڕشتنی چوارچێوه‌ی وتار دیاری ده‌کرێت. فۆرمدان به گشت بابه‌ت و به‌ڵگه‌کان، قۆناغی نووسین و داڕشتنی سه‌ره‌تاییی وتاره. لێره‌دا قۆناغه‌کانی دووه‌م و سێیه‌م، باشترین که‌ره‌سه‌ن که وتارنووس ده‌بێ به‌وردی ڕه‌چاویان بکات، تا به‌رهه‌مێکی ساده و ڕه‌وان بێنێته کایه‌وه. له‌م قۆناغه‌دا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه، که به‌ڵگه‌کان که‌م یان لاواز بن. له دۆخێکی وادا، پێویسته جارێکی تر زانیاریی به‌پێزتر که په‌یوه‌ندییان به بابه‌ته‌که‌وه هه‌یه، کۆ بکرێنه‌وه.
قۆناغی پێنجه‌م، پێداچوونه‌وه یان “شوشتنه‌وه‌ی وتار”ه. نووسه‌ر، ده‌بێ به‌وردی به نووسراوه‌که‌یدا بچێته‌وه، یان داوا له یه‌کێک له هاوکاره‌کانی بکات تێڕوانینی خۆی سه‌باره‌ت به وتاره‌که ده‌رببڕێت. دەبێ به‌شێنه‌یییەوە به زمانی نووسین و ڕێزمان، ناوه‌ڕۆکی وتار، بژارکردن، ده‌ربڕینی په‌یام و خاڵبه‌ندیدا بچێته‌وه. ئه‌م به‌شه “شوشتنه‌وه‌ی وتار”یشی پێ ده‌گوترێت. له‌م قۆناغه‌ی کۆتاییدا، که کورت و چڕکردنه‌وه‌ی وتاره، ده‌بێ گرنگی به پاراویی زمان و ساده‌بوونی وتار بدرێت و بەوردی کاری له‌سه‌ر بکرێت، تا خوێنه‌ر بتوانێت بەسانایی له ناوه‌ڕۆکی په‌یامه‌که بگات.
بینا و کۆڵه‌که‌کانی وتار
دوای ئه‌وه‌ی کۆتایی به قۆناغه‌کانی وتارنووسین (ڕه‌وتی نووسین) هات، پێویسته پێودانگی ڕۆژنامه‌وانی له نووسینی وتار یان تێکستدا ڕه‌چاو بکرێت. ئه‌م پێودانگه‌یش بۆ ئه‌وه‌یه سنوورێک له نێوان پێکهاته‌کانی وتار، که کۆڵه‌که‌کانی وتارن و وتاری له‌سه‌ر بینا ده‌کرێت، ده‌ستنیشان بکرێ. به ڕێگەی ئه‌م پێودانگه‌یه که خوێنه‌ر ده‌توانێت سه‌ردێڕ، ده‌سپێک و تێکستی جووڵاو لێک جیا بکاته‌وه و به‌سانایی له مه‌به‌ستی وتارنووس بگات. ئه‌م کاره ئه‌م ده‌رفه‌ته‌یش به خوێنه‌ر ده‌دات، که بزانێت تا چ ڕادده‌یه‌ک وتارنووس، شاره‌زای کاری نووسین و پێودانگه‌کانی ڕۆژنامه‌وانییه و ڕه‌چاویان ده‌کات.
ڕه‌چاوکردن و جیاکردنه‌وه‌ی سه‌ردێڕ، ده‌سپێک و تێکستی جووڵاو له‌لایه‌ن وتارنووسه‌وه له وتاردا، یارمه‌تیده‌ره بۆ ئەوەی که نووسه‌ر به‌سانایی بتوانێت وتاری کورت، ڕه‌وان و چڕ بنووسێت، هه‌روه‌ها مه‌به‌ستی خۆی له ناردنی په‌یامه‌که‌یدا به خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێت. ڕه‌وان، ساده و کورتنووسین، سه‌ره‌کیترین هونه‌رن له وتارنووسیدا.
پێویسته وتارنووس تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی کە ده‌توانێت، حه‌ز بۆ خوێندنه‌وه له خوێنه‌ردا دروست بکات، سه‌رنجی ڕابکێشێت و تا کۆتاییی وتاره‌که له‌گه‌ڵیدا بمێنێتەوە؛ هه‌روه‌ها ناوه‌ڕۆکی وتاره‌که‌یش له زه‌ینی خوێنه‌ردا بچەسپێت. له وه‌ها دۆخێکدایه، که وتارنووس توانیویه‌تی ئامانجی خۆی بپێکێت و سه‌رکه‌وتوو بێت.
خاڵبه‌ندی له نووسیندا
دانانی نیشانه‌کانی خاڵبه‌ندی له شوێنی پێویست و دروستنووسینی وشه‌کان، یارمه‌تیی خوێنه‌ر ده‌ده‌ن زوو تێ بگات. نیشانه‌کانی خاڵبه‌ندی له نووسیندا، بۆ دابه‌شکردنی تێکست له ڕووی سینتاکس (ڕسته‌سازی) و واتاوه به‌کار ده‌هێندرێن. “ئه‌رکی دابه‌شکردنی تێکست به‌سه‌ر ڕسته‌دا و ڕستەیش به‌سه‌ر پارچه‌ی جیاوازدا ئه‌و نیشانانه به‌جێ دێنن، که به ناوی نیشانه‌کانی خاڵبه‌ندی ناسراون. نیشانه‌کانی خاڵبه‌ندی به‌ر له هه‌ر شتێک ده‌وری دابه‌شکردنی تێکست به‌سه‌ر ڕسته له ڕووی واتاوه ده‌بینن.”
کۆڵه‌که‌کانی وتار
پۆلێن‌کردنی پێکهاته‌ی وتار، دوایین و سه‌ره‌کیترین قۆناغی نووسینی وتاره، که ده‌بێ ڕه‌چاو بکرێت. وتار، یان تێکست له کاتی ئاماده‌کردنی بۆ چاپ، به سه‌ر سێ چه‌مکدا دابه‌ش ده‌کرێ:
١- سه‌ردێڕ
٢- ده‌سپێک یان سه‌ره‌تا (Preamble –Ingress)
٣- تێکستی جووڵاو (Flowing text) یان “تێکستی نان“
سه‌ردێڕ
یه‌که‌مین به‌ش له وتاردا که سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕاده‌کێشێت، سه‌ردێڕه. له ڕێی سه‌ردێڕه‌وه‌یه که خوێنه‌ر وتار ده‌بینێت و په‌یوه‌ندیی پێوه ده‌کات. سه‌ردێڕ، ڕۆڵی پێناسه‌ی وتاریش ده‌گێڕێت. سه‌ردێڕ، ده‌بێ تا ڕادده‌یه‌کی به‌رچاو باس له ناوه‌ڕۆکی وتاریش بکات. سه‌ردێڕ که کۆپله‌یه‌کی کورته و له ناوه‌ڕۆک ده‌دوێ، پێویسته ئه‌و هێز و توانایه‌ی هه‌بێت که خوێنه‌ر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. سه‌ردێڕ، تێکستێکی سه‌ربه‌خۆیه که باس له په‌یامێک ده‌کات و، پێویسته به ڕه‌نگی ڕه‌شتر و پیتی گه‌وره (زه‌ق و به‌رچاو) بنووسرێت.
ده‌سپێک یان سه‌ره‌تا (Ingress)
دووه‌مین به‌ش له وتاردا، ده‌سپێک یان سه‌ره‌تایه که به شێوه‌یه‌کی کورت و چڕ، باس له ناوه‌ڕۆکی په‌یامی وتار ده‌کات و، پێویسته به پیتی گه‌وره (زه‌ق و به‌رچاو) بنووسرێت و “چل تا پەنجا” وشە بێت. ئه‌م ده‌سپێکه، ده‌بێ کاکڵ و ناوه‌ڕۆکی وتار له‌خۆ بگرێت. به واتایه‌کی تر، ته‌واوی وتاره‌که، ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی کورت و ڕه‌وان له ده‌سپێکدا گه‌ڵاڵه بکرێت. له ده‌سپێک یان لە سه‌ره‌تادایه، که خوێنه‌ر له ته‌واوی ناوه‌ڕۆک و په‌یامه‌که‌ی وتارنووس ده‌گات. ده‌سپێک، ده‌بێ زمانحاڵی وتار بێت.
تێکستی جووڵاو (تێکستی نان)
له سه‌رده‌می یۆنانی کۆن، هه‌روه‌ها له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستیشدا، نووسه‌ران خۆیان سه‌ردێڕ و ده‌سپێکی وتار، یان نووسراوه‌کانی خۆیانیان ده‌نووسی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که وتار، یان تێکست له‌و سه‌رده‌مدا درێژ بووه، کرێکارانی پیتچن، به‌شی سێیه‌می وتار، واته تێکستی جووڵاو (تێکستی نان)یان ده‌نووسی. ئه‌م کرێکارانه له بری هه‌ر سه‌نتیمه‌ترێک کە ده‌یاننووسییه‌وه، پاره‌یان له‌و نووسه‌رانه وه‌رده‌گرت. ئه‌م پاره‌یه‌ی وه‌ریان ده‌گرت، پاره‌ی بژێوی (نان) بۆ خۆیان یان بۆ ماڵ و منداڵیان بوو. به‌ڵام له سه‌رده‌می ئێستادا به تێکستی جووڵاو ناوی ده‌رکردووه.
هۆکاره‌کەیشی بۆ ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه، یه‌که‌م: نووسه‌ر خۆی گشت بابه‌ته‌که (سه‌ردێڕ، ده‌سپێک و تێکستی نان) ده‌نووسێت. دووه‌م: ناواخنی به‌شی سێیه‌م له وتاردا (تێکستی نان) به‌هۆی ئه‌وه‌ی مه‌ودای نووسینی له دوو به‌شه‌که‌ی تر (سه‌ردێڕ و ده‌سپێک) زیاتره، گه‌لێک هۆکار، هاوکێشه و بۆچوون دێنه ناو بابه‌ته‌که‌وه، که ئه‌م هۆکارانه “تێکستی نان” وه‌کوو “تێکستی جووڵاو” لێ ده‌که‌ن.
ڕۆڵ و ده‌وری تێکستی نان (تێکستی جووڵاو)، بریتییه له باس و شیکردنه‌وه‌ی ده‌سپێکی وتاره‌که. له‌م به‌شه‌دا، پێشینه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ی له ده‌سپێکدا هاتووه، شی ده‌کرێته‌وه. وتووێژ له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه‌کان، باس له هاوکێشه و هۆکاره‌کان، هه‌روه‌ها بۆچوونی لایه‌نه جیاوازه‌کان و له کۆتاییدا، دهرەنجامی وتاره‌که، ناواخنی تێکستی جووڵاو یان بابه‌ته‌که‌ن. له‌م به‌شه‌دا به‌پێی ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک بابه‌تی جۆراوجۆر دێنه ناو وتارکه‌وه، هه‌روه‌ها مه‌یدانی نووسین له به‌راورد له‌گه‌ڵ “سه‌ردێڕ” و “ده‌سپێک”دا زیاتره، نووسه‌ر ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی ده‌بێت که به ده‌ستێکی ئاوه‌ڵاوه بابه‌ته‌که‌ی بنووسێت، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌یشی له‌بیر نه‌چێت که خۆ له درێژدادڕی بپارێزێت.
کارتێکه‌ریی وتار له‌سه‌ر خوێنه‌ر
ده‌بێ بۆ نووسه‌ری وتار، گه‌لێک گرنگ بێت که بابه‌ته‌که‌ی (په‌یام) کار له خوێنه‌ر (په‌یاموه‌رگر) بکات؛ حه‌ز بۆ خوێندنه‌وه لە لای خوێنه‌ر بخوڵقێنێ و وای لێ بکات به‌بێ ماندووبوون درێژه به خوێندنه‌وه بدات. وتارنووس، ده‌بێ له مه‌یدانی ئاوه‌ز (عه‌قڵ) و بیرکردنه‌وه‌یشدا، په‌یاموه‌رگر چالاک بکات.
له وتارنووسیندا، پێویسته که‌ڵک له زمانێکی ساده و ڕه‌وان وه‌ربگیرێت؛ ته‌نانه‌ت بابه‌ته‌که هه‌رچه‌ندە سه‌خت و ئاڵۆزیش بێت، په‌یام ده‌بێ ڕوون و ئاشکرا بێت. ئەگەر خوێنەران لە پەیامەکە (وتار) نەگەن، ئەوە کێشەی ئەوان نییە، بەڵکوو ئەوە گرفتی وتارنووسە کە نەیتوانیوە هزر و بۆچوونەکانی خۆی باش گەڵاڵە بکات و بە زمانێکی ڕەوان و “بێگرێ” بە خوێنەری بگه‌یه‌نێت. لە وتارنووسیدا بیر لە سادە و ڕەوانی، تێگەیاندن (خوێنەر یان بیسەر تێ بگات کە تۆ چی دەڵێیت) و کارتێکەری بکەره‌وە. ئەمانە کۆڵەکەی سەرەکیی سەرکەوتنن لە وتارنووسی و گەیاندنی پەیامدا.
سەرچاوە:
بە زمانی کوردی:
د. ئەوڕەحمانی حاجی مارف: بەرهەمە زمانەوانییەکانم، سلێمانی- چاپی 2002
بە زمانی سویدی:
1- ”Konsten att skriva”, Marika Tandefelt
2– Så arbetar en journalist (كۆمه‌ڵه نووسه‌رێكی سویدی)
3- https://www.ne.se Nationalencyklopedin
4- Skriv bättre texter!, Lena Holst
بە زمانی ئینگلیزی:
https://www.thoughtco.com/what-is-an-essay-p3-1691774
بە زمانی فارسی:
https://isi-isc.com/.post/mkalh-chist
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟… زیاتر
نووسەر: مایکڵ نایتس وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە… زیاتر
ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین پێشەکى نزیکەى پازدە… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق گەڕانەوەی دۆناڵد… زیاتر
ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی… زیاتر
ن: یۆرۆنیوز وەرگێڕانی: پێنووس ڕەنگە ماوەی ئێستا تا دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی… زیاتر