شرۆڤە

ئایا “جۆ بایدن” تووشی چارەنووسی “جیمی کارتێر” دەبێت؟

نووسەر: ویلیام مەکگێرن- William McGurn

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس

جۆ بایدن لە گەرمەى گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠٢٤  نزیک دەبێتەوە. ویلیام مەکگێرن لە وتارێکیدا لە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا دەنووسێت، ئەگەر هەوڵی دووبارە هەڵبژاردنی جۆ بایدن شکستی هێنا، ڕەنگە بتوانرێت پەنجەی تاوانبارکردن بۆ تاران ڕابکێشرێت. پێشتر شتێکی لەم شێوەیە ڕووی دابوو. لە ٤ی تشرینی دووەمی ١٩٧٩ قوتابیانی شۆڕشگێڕ دەستیان بەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاراندا گرت و ٥٢ ئەمریکییان بەبارمتە گرت بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ- ڕاستییەکەى، لە ماوەی تەواوی ساڵی هەڵبژاردن. ئەم ڕووداوە وەک ئەوە وابوو بێتواناییی جیمی کارتێر بە هەموو جیهان ڕابگەیەنێت.

جۆ بایدن لەو کاتەدا لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران کاری دەکرد. بۆیە لەنزیکەوە بینیی کە کۆماری ئیسلامی چۆن ڕێگەى بۆ شکستی کارتێر بەرامبەر ڕۆناڵد ڕێگان لە ساڵی ١٩٨٠ خۆش کرد. بابەتگەلێکی تری سەرەکی کە کارتێریان وەک سەرۆکێکی لاواز نیشان دەدا،  بریتی بوون لە هەڵاوسان و لەشکرکێشیی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ ئەفغانستان کە بەتەواوی کارتێری ڕاچڵەکاند.

مەکگێرن لە درێژەی وتارەکەی سەبارەت بە سێ پرسی سەرەکیى بایدن- ئێران و ئەفغانستان و هەڵاوسان- دەڵێت، هەرچەندە تایبەتمەندییەکانی کێشەکان گۆڕاوە، بەڵام سەرچاوەی کێشەکە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش وەک یەکە. مەکگێرن دەڵێت بۆ نموونە، هەڵاوسان لەبەرچاو بگرن. بەڵێ کەم بۆتەوە. بەڵام ئەمریکییەکان لەبیریانە کە سەرەتا بایدن ئەوەى ڕەت کردەوە هەڵاوسان هەبێت، دواتر خەڵکی دڵنیا کردۆتەوە کە “کاتی”یە. مەکگێرن دەڵێت: ئێستا کە هەڵاوسان وەک جاران بەخێرایی بەرز نابێتەوە، پێ دەچێت لایەنگرانی بایدن بێزار بن لەوەی خەڵک قەدریان نازانن بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک کە لە پلەی یەکەمدا خۆیان دروستیان کردووە و نکۆڵییان لێ کردووە. “ئەمەیش لەبەر ئەوەیە کە ئەمریکییەکان خۆیان دەبینن هەر جارێک کیسەیەک خواردن لە فرۆشگاکان دەکڕن، پارەی زیاتر دەدەن”.

مەکگێرن دەڵێت، یان سەیری ئەفغانستان بکەن. لە مانگی ئابی ٢٠٢١، بایدن فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ئەفغانستان دەرکرد. مەکگێرن دەنووسێت: “پێ دەچێت پاڵنەرەکەی بایدن بۆ کشانەوەی بەپەلە و کارەساتبارانە لە ئەفغانستان، شانازیکردن بووبێت بە یادی بیستەمین ساڵیادی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر بۆ ئەوەی بڵێت ئەو سەرۆکە بوو کە [سەربازەکانی] ئەمریکای لە ئەفغانستان کشاندەوە. بایدن ئەمەی کرد و پێگە جەماوەرییەکەی لەگەڵ دەرچوون لە کابول دابەزی و هەرگیز نەگەڕایەوە دۆخی جارانی.”

مەکگێرن دەڵێت ئێستا دێینە سەر باسی کۆماری ئیسلامیی ئێران. کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لە بۆردوومانی درۆنى کەتائیبی حزبوڵڵا، بایدنی ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی سیاسیی ناخۆش کردەوە. پێشتر ڕەخنەگران هۆشدارییان دابوو کە وەڵامدانەوەی لاوازی بایدن بۆ زیاتر لە ١٦٠ هێرشی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، ژیانی سەربازانی ئەمریکی لە ناوچەکە دەخاتە مەترسییەکی زیاترەوە. مەکگێرن بە ئاماژەدان بە هێرشە تۆڵەسێنەرەکانی ئەمریکا دەنووسێت، پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا کاردانەوەی بایدن ئەوەندە بەهێز دەبێت کە تاران ڕازی بکات کە هێرشەکان ڕابگرێت؟ بە بڕوای ئەو نووسەرە، جەختکردنەوەی دووبارەی بەرپرسانی ئیدارەی بایدن، لە سەرەوە بۆ خوارەوە، بەوەی کە ئەمریکا بەنیازی ئەوە نییە گرژییەکە پەرە پێ بدات، هیچ یارمەتیدەر نییە، لە بری ئەوە دەبێ بڵێن کە ئەمریکا هەرچی پێویست بێت دەیکات بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامەکەی ئەمریکا وەرگرێت.

مەکگێرن دەڵێت لە کاتێکدا ڕەخنەگران ئیدارەی بایدن بە لاواز دەبینن، بەڵام ڕەنگە بایدن بێباکانەترین کەس بێت لە ئیدارەکەدا. بەرپرسانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی بایدن بەئاشکرا ڕەخنەیان لە پشتیوانییەکانی بۆ ئیسرائیل گرتووە. ئەگەر کۆماری ئیسلامی ململانێکان پەرە پێ بدات و ئەمریکا وەڵامی بداتەوە، هاوارەکانی “جۆ بکوژن” (وەکوو ئاماژەیەک بۆ وەلانانی جۆ بایدن)، لە حزبەکەی خۆیەوە بەرز دەبێتەوە.  ئەگەریش ململانێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە کۆتاییدا کاریگەریی لەسەر بازاڕی جیهانیی نەوت هەبێت، ئەوا هەموو ئەمریکییەکان باجەکەی دەدەن. هەرچەندە لە کۆتاییدا نرخی بەنزین دادەبەزێت، بەڵام قەیرانی جیهانیی نەوت، ئەو بابەتەیە کە بایدن بە هیچ شێوەیەک نایەوێت ڕوو بدات.

مەکگێرن دەڵێت، قوماری بایدن لەسەر ئێرانییەکان هەمیشە هەمان قوماری باراک ئۆباما بووە: ئەگەر کۆماری ئیسلامی ناچار بکەین ڕێککەوتنی ئەتۆمی واژۆ بکات، ڕێگری دەکەین لەوەی بۆمبێکی دەست بکەوێت و وردە وردە ئێرانییەکان دەخەینە ناو دۆخێکی ئاسایی (رەفتاریان ئاسایی دەبێتەوە). ڕەنگە بایدن هێشتا باوەڕ بەم شتە بکات. بەڵام مەکگێرن دەڵێت لە کۆتاییدا جۆ بایدنیش وەک جیمی کارتێر ئەو وانەیە وەردەگرێت و بەو ئەنجامە دەگات، کە ئەم جۆرە ڕژێمانە بە شێوەیەکی ئاسایی ڕەفتار ناکەن، چونکە ئەولەوییەتەکانیان جیاوازە.

سەرچاوە: independentpersian

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

نامۆبوونی که‌لتووری لە کۆمەڵگه‌ی کوردستانیدا: قەیرانی شوناس لەنێوان نەریت و مۆدێرنیتەدا

کاربین عەبدوڵڵا/ ماستەر لە کۆمەڵناسی -زانکۆی کازان – ڕووسیا پێشەکی    کۆمەڵگه‌ی کوردستانی، بەهۆی ئەو… زیاتر

2 days ago

عێراق و قەیرانی هورمز: کاتێک گوشارەکان پێچەوانە دەبنەوە

نووسینی: The National Context بۆ عێراق، هورمز وەکوو بوومەڕەنگێکە (Boomerang) بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە نزیکەی… زیاتر

3 days ago

جه‌نگی ئێران چی لەبارەی داهاتووی شێوازەکانی جەنگەوە دەردەخات؟

ماڵپەڕ: ڕیەڵ کلیر دیفێنس (RealClearDefense) نووسەرەکان: لیوا چارڵز کۆرکۆران ( Maj. Gen. Charles Corcoran) و… زیاتر

3 days ago

پێنتاگۆن هەست بە هەڵکشانی مەترسیی سیخوڕی لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکات

وەزارەتی بەرگری (Defense Department)ی ئەمریکا، هەڵسەنگاندنی هەڕەشەی دژەهەواڵگریی بۆ بەرزترین ئاست بەرز کردووەتەوە و، باوەڕ… زیاتر

5 days ago

ستراتیژی نوێی ئەمریکا لە ناوچەکەدا؛ بۆچی ڕۆڵی تۆم باراک فراوانتر دەبێت؟

  نووسینی: Analysis Center   کۆتاییهاتنی ماوەی ئەرکی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، تۆم باراک، وەک… زیاتر

5 days ago