شرۆڤە

نیکۆلاس باڤرێز: “ڕووخانی ڕژێمی ئێران، حەتمییە؛ ڕۆژاوا دەبێ ئامادە بێت”

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس

“نیکۆلاس باڤرێز” (Nicolas Baverez)، نووسەر و شرۆڤەکاری بەناوبانگی فەڕەنسی، لە وتارێکدا لە دوایین ژمارەی هەفتەنامەی “Le Point” لە کاتی لێکۆڵینەوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە بەوەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا، بارودۆخی ئێستای سیستەمی ئیسلامیی ئێرانی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەراورد دەکات و دەڵێت: ڕژێمی ئێران نە توانای بەردەوامیی هەیە و نە چاکسازیی تێدا دەکرێت. داڕمانی ئەم دەسەڵاتە، حەتمییە. بە وتەی باوەرز، ڕژێمی ئیسلامیی ئێران لە ناوەوە ڕزیوە. چونکە خەڵکی ئێران باوەڕیان بە ئیسلامی شیعە نەماوە و بەرەنگاری سیاسەتی تیرۆری ڕژێم دەبنەوە. بۆیە ڕۆژاوا پێویستە خۆی بۆ دەرەنجامە وێرانکەرەکانی ئەو توندوتیژییە ئامادە بکات کە بەهۆی ڕووخانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران و هێزە پرۆکسییەکانی دێتە ئاراوە.

“نیکۆلاس باڤرێز”، نووسەر و شرۆڤەکاری بەناوبانگی فەڕەنسی، لە وتارێکدا لە دوایین ژمارەی هەفتەنامەی “Le Point” لە کاتی لێکۆڵینەوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە بەوەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا نووسیویەتی: ئامانجی ئێران زیاتر لە هەموو شتێک، وەڵامدانەوەیە بۆ کوشتنی سەرکردەکانی حەماس و سوپای پاسداران لە لوبنان و سووریا لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی جێگیرکردنی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی لە دەریای ناوەڕاست و کەنداوی عەدەن.

باڤرێز نووسیویەتی، حکوومەتی تاران یەکێکە لە براوە سەرەکییەکانی جەنگی ئۆکراینا و غەززە. بە گوتەی باڤرێز، ڕژێمی مەلاکان بە پشتبەستن بە نزیکبوونەوەى خۆی لە ڕووسیا و چین و وڵاتانی باشوور، کۆتاییی بە گۆشەگیریی نێودەوڵەتیی خۆی هێناوە و وەک ڕێبەری “میحوەری بەرخۆدان” لە دژی ئیسرائیل، پشتیوانیی ڕاى گشتیى عەرەب و، هەروەها پاڵپشتیی بەشێکی فراوانی کۆمەڵگەی جیهانی کە مەیلیان بۆ دژەجوولەکەگەرایی هەیە، بەدەست هێناوە.

نیکۆلاس باڤرێز لە درێژەدا ئاماژەی بەوە داوە کە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بە سووڕانەوە لە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان تواناى داراییی خۆی زیاد کردووە. ئاماژەی بەوەیش کردووە، داهاتی حکوومەتی ئێران لە هەناردەکردنی نەوت و گاز لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەتی بۆ چین و وڵاتانی دیکەی ئاسیا، هەروەها فرۆشتنی مووشەک و درۆن بە ڕووسیا، چوار هێندە زیادی کردووە. هاوکات کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هاوکاریی حەماس و حزبوڵڵا و حووسییەکانی یەمەن، کاریگەریی هاوپەیمانیی گرووپە میلیشیایییەکان و مووشەکەکانی لە ناوچەکەدا نمایش کرد، لە کاتێکدا بەرنامەی مووشەکی و ئەتۆمییەکانی خۆیشى بە شێوەیەکى نائاسایى خێراتر  کردووە.

بەڵام بە وتەی ئەو شرۆڤەکارە فەڕەنسییە، ئەولەویەتی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر، مانەوەی ڕژێمی مەلاکانە. بە گوتەی باڤرێز، حکوومەتی ئێران لە بەردەم قەیرانی جێنشینیی ڕێبەری بەساڵاچوو و نەخۆشی کۆماری ئیسلامی، دابڕانی زۆرینەی خەڵکی ئێران لە نیزامی ئایینی و، هەروەها قەیرانی درێژخایەنی ئابووریدایە کە لە سەدا حەفتاى دانیشتووانی وڵاتەکەی، لەژێر هێڵی هەژاریدا نوقم کردووە.

نیکۆلاس باڤرێز ڕاشکاوانە دەڵێ، ڕژێمی ئیسلامیی ئێران هیچ شەرعییەتێکی نییە و تەنیا بە پشتبەستن بە تیرۆر و سەرکوتی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی، ماوەتەوە. هەر بۆیە بە گوتەی نیکۆلا باوەرز کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پشتبەستن بە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی و پاڵپشتیی سەربازی و دارایی بۆ گرووپە میلیشیاکانی ناوچەکە، دەیەوێت لە ناوەوە گەرەنتیی مانەوەی خۆی بکات. بەڵام به ئەنجامدانی ئەم کاره به وتەى باوەرز، ڕژێمی ئیسلامیی ئێران فراوانخوازیی خۆی له ناوچەکەدا زیاد دەکات. زۆربەی بوودجەی وڵات، بۆ هێزە ئەمنییەکان و پیشەسازییە سەربازییەکان و دامەزراوە ئاینییەکان تەرخان کراوە. ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، بە وتەی ئەو شرۆڤەکارە فەڕەنسییە، مەترسییەکانی گرژی و ململانێی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات – بە تایبەت ململانێی سەربازیی ڕاستەوخۆی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل. بەم شێوەیە، بە گوتەی نیکۆلا باوەرز، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەگەری گەڕانەوەی ستراتیژیی ئەمریکا بۆ ناوچەکە زیاد دەکات، کە هەر ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی بەرپەرچدانەوەی فراوانخوازییەکانی حکوومەتی ئیسلامی، بەتایبەتی ئەگەر کۆتاییهاتنی جەنگی غەززە ببێتە هۆی نزیکبوونەوەی ئیسرائیل لە سعوودیا و میسر و ئوردن.

نیکۆلاس باڤرێز لە کۆتاییی وتارەکەیدا نووسیویەتی، کۆماری ئیسلامیی ئێران خاڵی هاوبەشی زۆری لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا هەیە، لە پشت فراوانخوازییەکەی و بەهێزیی هێزە پرۆکسییەکان لە ناوچەکەدا. بەو مانایەی کە دۆخی سیستەمى ئێستا لە ئێراندا، تواناى بەردەوامبوونى نییە و چاکسازی لەم سیستەمەیشدا ڕێى تێ ناچێت. بە بڕوای باڤرێز: هەرچەندە شکستی سەربازیی ڕژێمی ئێران بەدوور دەزانرێت، بەڵام داڕمانی ئەو ڕژێمە، شتێکى حەتمییە. باوەرز دەڵێت: سەرەڕای دەسەڵاتی ناوچەیی، ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوەوە ڕزیوە، چونکە خەڵکی ئێران باوەڕیان بە ئیسلامی شیعە نەماوە و بەرەنگاری سیاسەتی تیرۆری ڕژێمی ئیسلامی دەبنەوە. پاشان باڤرێز هۆشداریی بە وڵاتانی ڕۆژاوا و بەتایبەتی ئەورووپا داوە کە لەمەودوا پێویستە خۆیان بۆ دەرەنجامە وێرانکەرەکانی توندوتیژی ئامادە بکەن کە بەهۆی ڕووخانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران و میلیشیاکانی دێتە ئاراوە و،  هەروەها  لە ئێستاوە خۆیان ئامادە بکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو لێکەوتانە.

سەرچاوە:

https://www.rfi.fr/fa

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

دوورگەکانی باشووری ئێران؛ لە دڵی هەناردەکردنی نەوتەوە تا هێڵی پێشەوەی جەنگ

نووسەر: سایە ڕەحیمی (سایه رحیمی) ماڵپەڕ: ئیندیپێندنت فارسی (Independent Persian) لەم ڕۆژانەدا کە شریتی باشووری… زیاتر

5 hours ago

جه‌نگی ئێران چۆن کۆتایی دێت؟

جه‌نگی ئێران چۆن کۆتایی دێت؟ نووسەر: مایکڵ فرۆمان (Michael Froman) ماڵپەڕ: ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان (Council… زیاتر

1 day ago

دیدگه‌یەکی ئێرانییانە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ

نووسەر: محەمەدجەواد زەریف  (M. Javad Zarif) ماڵپەڕ: فۆڕن ئەفێرز (Foreign Affairs) ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی… زیاتر

4 days ago

پەیوەندییەکانی واشنتۆن و بەغدا لە سەردەمی عەلی زەیدی: دەستپێکی قۆناغێکی نوێ یان چەقین لە بازنەی ڕابردوودا؟

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر- پرۆفیسۆری یاریدەدەر… زیاتر

5 days ago

لە ڕێزلێنانەوە بەرەو هاوبەشیی ستراتیژی:  بۆچی میداڵیای “ئەستێرەى ئیتاڵیا” بەخشرایە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی؟

پێنووس پێشەکی میداڵیا نیشتمانییەکان پێگەیەکی تایبەتیان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکاندا هەیە، چونکە ئەم جۆرە میداڵیانە… زیاتر

1 week ago

عێراق وەک کێشە بۆ دراوسێکانی: چۆن دەیەیەک لە دیپلۆماسییەتی کەنداو لە کاتی جه‌نگی ئێراندا هەرەسی هێنا؟

نووسینی: یەریڤان سەعید دوای سێ ڕۆژ لە سوێندخواردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، عەلی زەیدی، لە 14ی… زیاتر

1 week ago