پرسی ڕۆژ

کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن؛ هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدا

پێنووس

“کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی ٢٠٢٤” (لە ١٦ تا ١٨ی ئەم مانگە) هەروەکوو جاران شوێنی باس و گفتوگۆی ئاستبەرز بوو، کە لەنێوان بەرپرسە باڵاکان و کاربەدەستە دەستڕۆیشتووەکانی جیهان بەڕێوە چوو. گەرچی کۆنفرانسی میونشن شوێنی بەیەکگەیشتنی حوکمڕانان و کارناسانە، هەروەها جێی ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە پرسە سەرەکییەکانی ئێستا و داهاتووە، بەڵام وەکوو “بازاڕی ئایدیاکان”یش سەیری دەکەن. کۆنفرانسی میونشن سەرەڕای بەرنامە و پلانی سەرەکی بۆ کاروبارە سێ ڕۆژییەکەی خۆی، بە دانیشتن و چاوپێکەوتنە پەراوێزەکانی، هەروەها بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ڕاگەیاندنە جیهانییەکانیش بەناوبانگە، کە هەم دەرفەت چێ دەکەن بۆ گەیاندنی پەیامە سەرەکییەکان و هەمیش مەیدانێکی کراوە، بەرفراوان و پڕ لە دەرفەتە بۆ بەشداربووە ڕەسمییەکان تا “لۆبیگەری”ی تێدا بکەن. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو کۆنفرانسە ڕێک ئەوەیە کە دەڵێت: “ئێمە میوانەکانمان هان دەدەین کە لەناو کۆنفرانسەکە یان لە دەرەوەی کۆنفرانسەکەدا پەیوەندییان پێکەوە هەبێت و لێک فێر بن.” بۆیە “کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی ٢٠٢٤”، لەو ڕوانگەیشەوە دەرفەتێکی جیهانییە بۆ هەرێمی کوردستان وەکوو هاوکێشە و یەکەیەکی نادەوڵەتی کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی دەکات، هەر لەوێوە و ڕاستەوخۆ دەستی بە نوێنەری زلهێزەکان و دەوڵەتان ڕادەگات و، باس لە پرسە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

“هه‌ينى” (١٦-٢-٢٠٢٤) به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئه‌نتۆنيۆ گۆتێرێس، سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان كۆ بووه‌وه‌.

هەرچەندە بەشداری و بانگهێشتی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان بۆ کۆنفرانسە ئابووری، ئاسایشی، سیاسی و تەنانەت دامەزراوە، کۆنگرە و کۆنفرانس و ڕووداوە نێودەوڵەتییەکان لە هەموو بارودۆخێکدا گرنگیی تایبەتی هەیە لە سیستەمێکی جیهانیی دەوڵەت-تەوەردا، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان کە بە چەندان هۆکار لە ئێستادا ئەم کۆنفرانسە- کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار بوو- واتایەکی تایبەتی هەبوو، بۆ نموونە:

١- جەنگی ئۆکراینا-ڕووسیا هێشتا کۆتایی نەهاتووە و ئاسۆی چارەسەرییەکان بۆ ئەمریکا و ڕۆژاوایییەکان ناڕوون و مەترسیدارن. لەم نێوەندەیشدا ئەم جەنگە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە سەرنجی ئەو ئەکتەرانەی کە بەشدار بوونە لە دروستکردن و پاراستنی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئەم جەنگە بێت و هەر ئەمەیش دەرفەتی بۆ ئەکتەرە نەیارەکانی کورد لە ناوچەکە هێناوەتە ئاراوە کە گوشارەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەرز بکەنەوە و هەڕەشە لە دەسکەوت و مانەوەی بکەن، یان لانی کەم لاواز و لەرزۆکی بکەن. بۆیە بەشداری لەم کۆنفڕانسەدا دەتوانێت جارێکی دیکە ئەو دەرفەتە بداتە هەرێمی کوردستان کە وەک بەشێک لە سیستەمی ئاسایشی هەرێمایەتی لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشە و پێکداداندا بتوانێت خۆی گرێ بداتەوە بەو سیستەمەوە و، سەقامگیرییەکەی ببێتە بەشێک لە بەرژەوەندیی ئەکتەرە هەرێمی و سەرووهەرێمایەتییەکان. ڕووداوەکانی پاش ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ لەنێوان ئیسرائیل-حەماس، ئەوەی سەلماند کە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان دەتوانن مەترسیی گەورە بۆ ئەکتەرە دەوڵەتییە بەهێزەکانیش دروست بکەن و ڕۆڵیان لە تێکدانی پەیوەندییەکان و هاوسەنگیی هێز هەبێت. بۆیە ئەم ڕووداوە هەم دەرفەتە و هەمیش هەڕەشە؛ بەو پێیەی کە دەتوانێت هەستیاریی دەوڵەتان بۆ یەکلابوونەوەی ئەکتەرەکان لە جەمسەرگیرییە هەرێمایەتییەکان بجووڵێنێت.

٢- پاش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دۆخی ناوچەکە زیاتر ئاڵۆز بووە و پێکدادانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان هاتۆتە ئاراوە؛ بەم پێیەیش هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی، هەروەها پێگە سیاسی و ئاسایشی و تەنانەت ئابوورییەکەیەوە، بەناڕاستەوخۆ بۆتە بەشێک لەم جەنگە لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە لایەک و ئیسرائیل و ئێران و پرۆکسییەکانی لە لایەکی دیکەوە. ئەم جەنگەیش دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا بگۆڕێت و، هەر بۆیە گوشارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان هاوتەریب لەگەڵ هێرشەکان بۆ سەر ئەمریکییەکان لە ناوچەکە بەرز بۆتەوە؛ چونکە هەردوو بەرەی سەرەکیی ناوچەکە دەیانەوێت کۆتاییی جەنگەکەی نێوان میلیشیاکانی لایەنگری ئێران و ئیسرائیل بە قازانجی پێگە جیۆسیاسییەکەی خۆیان کۆتاییی پێ بێت و، هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوا و ئەمریکا هەژمار کراوە. لەم چوارچێوەیەدا، بەشداری لە کۆنفرانسی میونشن دەرفەتی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕەخساند کە کۆمەڵە دیدار و کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی هەرێمی و ڕۆژاوایی ئەنجام بدات بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک لە نێوان ئەم جەنگە بەنوێنەرایەتییە دروست بکات و ئاسایشی خۆی بە سیستەمە هەرێماتییەکەوە گرێ بدات.

٣- ڕووداو و ئاڵوگۆڕە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان ئەوە دەردەخەن کە دەوڵەتان لەم ئاڵۆزییەی ئێستای ناوچەکە و جیهان کەڵک وەردەگرن بۆ ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان، هەروەها ناکۆکییەکانیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بە ڕێگەی سەربازی یەکلایی بکەنەوە و لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی سڵ ناکەنەوە. هەر بۆیە یان پشت بە هێزی سەربازیی خۆیان دەبەستن یان دەکەونە ناو هاوپەیمانی و جەمسەرگیرییەکان. لەم نێوەیشدا بۆ هەرێمی کوردستان کە دەوڵەت نییە، دروستترین ڕێگە ئەوەیە کە هەم تا بۆى دەکرێت نەبێتە بەشێک لە بەرەکان و هەمیش وەکوو ناوچەیەک بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان جەمسەرەکان بمێنێتەوە. بۆیە ڕۆژاوایییەکان پێویستیان بە ئەکتەرێکی لە شێوەیەی هەرێمی کوردستان دەبێت کە هەم بەشدار بێت لە پرۆسەی سیاسی و ئاسایشی عێراق و هەمیش جێگەی متمانەی ڕۆژاوایییەکان بێت. بۆیە ئەم کۆنفڕانسە دەرفەتە بۆ داڕشتنی ئەم ستراتیژییەی هەرێمی کوردستان.

٤- هەڕەشە و مەترسییە نوێ و بەردەوامەکان کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئاراستەی ڕۆژاوایییەکان-ئەوروپا دەکرێت، سەرەڕای هەڕەشەکانی بۆ خودی هەرێمی کوردستان، لە هەمان کاتیشدا دەرفەتێکە بۆ هەرێمی کوردستان، کە لەم ڕێگەیەوە پاراستنی ئاسایش و مانەوەی خۆی گرێ بداتەوە بە بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەوروپییەکان و ئەمریکا. بۆ نموونە، پرسی ئاسایشی وزە، هەروەها ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییە هاوشێوەکان، پرسی کۆچ و پەنابەران، پرسی ژینگە و لێکەوتەکانی و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و…، دەتوانێت بەشێک لەو بوار و پرسانە بن کە وا دەکات کۆنفرانسەکە گرنگی بە هەرێمی کوردستان بدات.

“شه‌ممه”‌ (١٧-٢-٢٠٢٤) به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئامۆس هۆکستا‌ين، گه‌وره‌ ڕاوێژكارى به‌ڕێز جۆ بايدن سه‌رۆککۆماری ئه‌مريكا بۆ كاروبارى وزه‌ و وه‌به‌رهێنان، كۆ بووه‌وه‌.

٥- قەیرانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان وایان کردووە کە بەشێکی زۆر لە دەوڵەتانی جیهان و بەتایبەتی دەوڵەتانی ئەوروپی پەیڕەوی لە دیپلۆماسییەتێک بکەن بە ناوی Checkbook diplomacy. ئەمەیش بەو واتایە دێت کە بە هۆکاری جۆراوجۆری ناوخۆیی و دەرەکی یان بوونی ئەولەوییەتی جیاواز، نایانەوێت لە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تێوە بگلێن، بەڵام یارمەتییەکانیان -تەنیا دارایی و ئابووری نییە- بە شێوازی جیاواز بۆ ئەکتەرە هاوبەشەکانیان بەردەوام دەبێت. هەر بۆیە ئەم کۆنفڕانسە دەرفەتە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەڵک لەو دیپلۆماسییەی ئەوروپییەکان وەربگرێت.

لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، کاتێک کە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی سیاسی و ئاسایشیی لە عێراق و بەم پێیەیش ناوچەکەدا هەیە، ئەوە دەتوانێت خۆى گرێ بداتەوە بەو دیپلۆماسییەتە و ببێتە بەشێک لە ئامانجەکانی ئەو دیپلۆماسییەتەی ڕۆژاوایییەکان؛ لەم ڕێگەیشەوە  بەرژەوەندیی دوولایەنە و چەندلایەنە دروست دەبێت. چونکە هەرێمی کوردستان لە ڕووی جەنگی دژی تیرۆر و بوونی هێزی پێشمەرگە (تەوەری سەبازی-ئاسایشی) و پێگە دەستوورییەکەی لە عێراق و بەشداری لە هاوسەنگیی هێز لە بەغدا (تەوەری سیاسی)، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر هاوکێشەکان هەبێ و ئەکتەر و هاوکێشەکان هاوسەنگ بکاتەوە و “ڕۆڵی هاوسەنگکەر” بگێڕێت. ئەمەیش بە بەشداریی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپی و ناوچەیییەکانی ناکرێت.

کورد لەو کۆنفرانسەدا دەتوانێت چی بکات؟

به‌شداریكردنی كورد له‌م کۆنفرانسەدا دووپاتكردنه‌وەیە كه‌ كورد به‌رده‌وام به‌شێك بووه‌ له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان. ئاسایشی جیهان هه‌ر كاتێك ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی بێته‌وه،‌ ئه‌وه‌ كورد ئاماده‌یه‌ و ئاماده‌ بووه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌م مه‌ترسییانه‌ (جەنگى دژی داعش/ دەوڵەتی ئیسلامی لە شام و عێراق) و وه‌كوو ئه‌كته‌رێكی ناده‌وڵه‌تی و هاوپه‌یمانێكی دڵسۆزی وڵاته‌ هه‌رێمی و جیهانییه‌كان، هه‌میشه‌ له‌ گۆڕه‌پاندا و له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌دا بووه‌. هه‌روه‌ها بانگهێشتكردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان له‌و کۆنفرانسەدا په‌یامێكی گرنگه‌ بۆ كورد، كه‌ ئه‌ویش بریتییه‌ له‌وه‌ی “كورد له‌ هاوكێشه‌ ئه‌منییه‌كانی قۆناغی داهاتوودا له‌ ناوچه‌كه‌دا ڕۆڵ و پێگه‌ی تایبه‌تی هه‌یه.‌” سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان له‌و کۆنفرانسەدا ئەو پەیامەی گەیاند: “كورد هه‌میشه‌ هاوپه‌یمانێكی ستراتیژییه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كرده‌ تیرۆرییه‌كان و به‌شێكه‌ له‌ سه‌قامگیریی عێراق و ناوچه‌كه‌ و جیهان.” له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان هه‌وڵی داوه‌‌ له‌ ڕووى‌ ئه‌منی و سه‌ربازی و سیاسییه‌وه‌ پاڵپشتیی وڵاتانی جیهان به‌ده‌ست بهێنێت و تا ڕادده‌یه‌كیش له‌ لێدوانه‌كانی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی كه‌ چاویان پێیان كه‌وتووه‌، پاڵپشتیی وڵاته‌كانیان ڕاگه‌یاندووه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان. 

هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغی ئێستادا ڕووبه‌ڕووی گوشارێكی بێوێنه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ شیعه‌كان بۆته‌وه‌ و، به‌تایبه‌ت له‌ ڕێگه‌ی دادگەی باڵاى ئیتحیادییه‌وه‌ هه‌وڵ دراوه‌ سه‌رجه‌م ده‌رگەكان به‌ڕوویدا دابخرێت؛ به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌م گوشارانه‌ی به‌غدا بنه‌ما و مۆركێكی یاساییی پێ دراوه‌. بۆ نموونه‌ چه‌ند بڕیارێكی دادگەی ئیتیحادی (په‌رله‌مانی كوردستان، كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێم و چه‌ندان بابه‌تی دیكه)،‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ لاوازكردن یان كۆتاییهێنان به‌ قه‌واره ده‌ستوورییه‌كه‌ی هه‌رێمی کوردستانی كردۆته‌ ئامانج. جا له‌ كات و ساتێكی ئاوادا (کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن)‌ ده‌رچه‌یه‌كی گرنگە‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌م قه‌یران و كێشه‌یه‌، کە ئه‌ویش به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی كه‌یسی هه‌رێمی كوردستانه‌.

هەروەها سه‌قامگیریی عێراق، به‌نده‌ به‌ سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان، بۆیە چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كانی نێوان به‌غدا-هه‌ولێر یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ به‌رپاكردنی سه‌قامگیری له‌ عێراق. له‌م سونگه‌یەوە به‌شداریكردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان له‌م کۆنفرانسەدا پاڵپشتیی نێوده‌وڵه‌تی دابین ده‌كات بۆ سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ باڵاكانی وڵاتانی جیهان و گه‌ره‌نتیكردنی درێژه‌دان به‌ پاڵپشتییه‌ نێوده‌وڵه‌وتییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا. هەوڵدانی ئاشکرای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییە لە کۆبوونەوەی گەڵ به‌ڕێز ئه‌نتۆنيۆ گۆتێرێس، سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان جێی ئاماژەیە، کە بەڕێز نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان “ستايشى ئاماده‌يى و ڕۆڵى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و هاوكارى و يارمه‌تييه‌كانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و، كار و چالاكييه‌كانى تيمى UNى له‌ عێراق به‌رز هه‌ڵسه‌نگاند. هەروەها به‌ڕێز گۆتێرێس سوپاسى ڕۆڵى ئه‌رێنيى بەڕێز نێچيرڤان بارزانى له‌ پرۆسه‌ى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرد.”

 

“شه‌ممه”‌ (١٧-٢-٢٠٢٤) به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز جۆزێپ بۆرێل، جێگرى سه‌رۆك و به‌رپرسى باڵاى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ و سياسه‌تى ئه‌منيى كۆمسيۆنى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا، كۆ بووه‌وه‌.

دەسکەوتەکانی ئەم کۆنفرانسە بۆ دەوڵەتان و کورد دەتوانێت چی بێت؟

گرنگترین ده‌سكه‌وت له‌م کۆنفرانسە بریتییه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و قه‌یرانه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و لێكتێگه‌یشتن؛ هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م کۆنفرانسە كۆكردنەوەی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانه‌، به‌ یار و نه‌یاره‌وە و، ده‌رفه‌تێكی گرنگه‌ بۆ ئاڵوگۆڕكردنی بۆچوونی لایه‌نه‌كان و كاركردن بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ڕاسته‌قینه‌ له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و كه‌ناڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانه‌وه‌. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان له‌ دوا لێدوانیدا ئاماژه‌ی به‌وه ‌دا كه‌ په‌یامه‌كه‌یان له‌ کۆنفرانسەکەدا بریتییه‌ له‌وەى كه‌ “هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر سیاسه‌تی گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵیی عێراق بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان به‌رده‌وامه‌” و، ئامانجی سه‌ره‌كیی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌م په‌یامه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ڕاستییه به‌ جیهان و ناوچه‌كه‌ و ئه‌و سه‌ركردانه‌ی به‌شداربوو له‌ کۆنفرانسەکەدا بگه‌یەنێت كه‌وا پێویسته‌ یارمه‌تیی هه‌رێمی کوردستان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی گرفته‌كانی له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات و بۆ سه‌رخستنی ئه‌م هه‌نگاوه‌یش، ده‌بێ گوشارێكی نێوده‌وڵه‌تی بخرێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كان و گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا سه‌ر كه‌وێت.

ئەو ئامانجانەى کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە “کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن”دا پێکای:

  • دیپلۆماسییەتێکی سەرکەوتوو بوو؛ زۆرترین جووڵە و چالاکی لە کەمترین ماوەدا.
  • ئەوەى کە پێشتر لە هەوڵەکانیدا چاندبووى، بەرهەمەکەى بینییەوە.
  • هەرێمی کوردستان وەک بکەرێکى نادەوڵەتیى کاریگەر مامەڵەى لەگەڵدا کرا.
  • هەرێمی کوردستان ئەژمار کرا لە بەرەى ئاشتى و دژى توندوتیژى و تیرۆر و جەنگ.
  • پشتیوانییەکى نێودەوڵەتى بوو بۆ سەرلەنوێ ڕەوایەتیدان بە سەرۆکایەتیى هەرێم و دامەزراوەکانى.
  • گەیاندنى پەیامی نەتەوەیی و کۆکردنەوەى پشتیوانیی نێودەوڵەتى بۆ هەرێمی کوردستان.
  • ماندووبوون و قۆستنەوەى دەرفەتەکان؛ کە ئەمەیش تایبەتمەندیی کەسانی سەرکردە و دەوڵەتمەدارە.
  • هەوڵێکی نێودەوڵەتى بوو بۆ دەرهێنانى هەرێمی کوردستان لەو هەڵمەتە عێراقییەى کە دەیەوێ لە ڕەهەندى نێودەوڵەتییەوە هەرێمی کوردستان گۆشەگیر بکات.

کۆبەند

کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن پێناسەیەکی گشتگیر بۆ ئاسایش لەخۆ دەگرێت، کە نەک تەنیا سەرنج دەخاتە سەر چەمکە کلاسیکییەکەی ئاسایش- کە زیاتر پرسە سەربازییەکان دەگرێتەوە- بەڵکوو گرنگی بە ڕەهەندە ئابووری، سیاسی، ژینگەیی و مرۆیییەکانی ئاسایشیش دەدات. جگە لەمانەیش، بەشێکی زۆر لەو قەیرانانەی کە بۆ کۆنفڕانسەکە گرنگە و ئەولەوییەتیان هەیە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەر هەڵدەدەن یان تایبەتن بەم ناوچەیە، وەکوو: جەنگی حەماس-ئیسرائیل و داهاتووی ئاسایشی ناوچەکە، ئاسایشی وزە، ئاڵوگۆڕە جیۆسیاسییەکان، تیرۆر، میلیشیا و چەکدارەکان،  گۆڕانی کەشوهەوا و پرسە ژینگەیییەکان، ئاسایشی ڕێڕەوە دەریایییە بازرگانییەکان، پرسی ماددە هۆشبەرەکان، پرسی کۆچبەران و تەنانەت پرسی ئەتۆمیی ئێران و هەناردەکردنی درۆن و مووشەک بۆ ڕووسیا. لەم چوارچێوەیەدا بەرێز نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت کەڵک لە هاوکێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت و پەرە بە هاوبەشییە دوولایەنە و چەندلایەنەکان بدات و لە هەمان کاتیشدا هەرێمی کوردستان وەکوو بەشێک لە سیستەمی ئاسایشی هەرێمایەتی بۆ گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان ئامادە بکات.

بۆ زانیاریی زیاتر، سەردانی ئەم لینکانە بکە:

https://securityconference.org

https://presidency.gov.krd/news

https://securityconference.org

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

ترەمپ گەڕایەوە کۆشکی سپی: لێکەوتەکانى بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟… زیاتر

4 days ago

ئیدارەی ترەمپ و عێراق: چی بەڕێوەیە؟

نووسەر: مایکڵ نایتس وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە… زیاتر

4 days ago

بـەرەو نوێـکردنەوەى سیستـەمى دڵنیاییى جـۆرى لە زانکـۆکان

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین پێشەکى نزیکەى پازدە… زیاتر

7 days ago

مەترسی و دەرفەتەكانی بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستان لە گەڕانەوەی “ترەمپ”دا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق گەڕانەوەی دۆناڵد… زیاتر

1 week ago

کۆبوونەوەی لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) بە ئامادەبوونی کام وڵاتان بەڕێوە دەچێت؟

ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی… زیاتر

1 week ago

گەڕانەوەی ترەمپ؛ کۆتاییهاتنی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ڕێخۆشکردن بۆ ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران؟

ن: یۆرۆنیوز وەرگێڕانی: پێنووس ڕەنگە ماوەی ئێستا تا دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی… زیاتر

2 weeks ago