پێنووس

جەنگی حەماس-ئیسرائیل: ڕۆڵ و داهاتووی ئەكتەرە نا-دەوڵەتەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

د. پەرویز ڕەحیم قادر/ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان-دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی/مامۆستای زانکۆ

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جگە لەوەی ناوچەیەكی ئاڵۆز و پڕ لە كێشە و ململانێ و تەنانەت جەنگ و توندوتیژییە، بەهۆی ئەوەی كە چەندان تایبەتمەندیی سروشتی و كەلتووری و ئایینی و جیۆسیاسی و جیۆئێكۆنۆمیی هەیە، بۆتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی ڕكەبەرایەتی و ململانێی جیۆستراتیژیی ئەكتەرە هەرێمی و سەرووهەرێمییەكان. بە واتایەكی تر، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەك لەژێر كاریگەریی ململانێ و هاوكێشە سەرووهەرێمییەكاندایە و لە لایەكی تریشەوە خۆی هەڵگری چەندان كێشە و ئاڵۆزیی كەڵەكەبووی کەلتووری و ئایینی، ئابووری، مێژوویی، ئاسایشی و سیاسییە؛ بەم پێیەیش زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین هاوكێشە و هاوسەنگیی هێز لەم ناوچەیە كاریگەریی لەسەر داهاتووی پێكهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی هەیە. بۆیە كێشە و هاوكێشەكان هەم ڕەهەندی هەرێمایەتی و بەم پێیەیش نێو-دەوڵەتییان هەیە و هەمیش ڕەهەندی ناو-دەوڵەتی و، تەنانەت بەپێچەوانەکەیشی ڕاستە و کێشە و پرسە ناوخۆیییەکانى ئەم ناوچەیە ڕەهەند و لێکەوتەی نێودەوڵەتییان هەیە.

ڕووداوەکانی ئەم دوایییەی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧-١٠-٢٠٢٣ لە ڕوانگەی جیاواز و جۆراوجۆرەوە شرۆڤە و لێکدانەوە و خوێندنەوەی بۆ کراوە، بەڵام ئەوەی کە جێگەی سەرنجە، لێکەوتە درێژخایەنەکانییەتی کە دەتوانێت پەیوەندیی بە کورد و هەرێمی کوردستانەوە هەبێت. بەم پێیە و لەم نێوەندەیشدا بەرزبوونەوەی ڕۆڵی ئەكتەرە نادەوڵەتەكان لە یەكلاییكردەوەی ئەو كێشە و ململانێیانەدا جیگەی سەرنج و تێڕامان و تەنانەت بایەخی توێژینەوە ئەكادیمی و ئاسایشییەكانە؛ چونکە لە ماوەی ڕابردوو ئێمە بینەری پاشەکشەی ئەکتەرە نادەوڵەتەکان لە هاوکێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا بووین و باس لە بەهێزبوونی دەوڵەتان و گەڕانەوەی سیاسەتی جیهانی بۆ دەوڵەت-تەوەریی ڕەق لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گەرموگوڕ بوو. بەڵام ئەم ڕووداوە دەری خست کە ئەم ئەكتەرە نادەوڵەتانە لە فاكتەرێك لە هاوكێشە جیۆسیاسی و ئاسایشییەكان، بوونەتە ئەكتەرێكی كاریگەر و شوێندانەر لە ململانێ هەرێمایەتییەکاندا.

لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین ئەو پرس و بابەتە لە ڕوانگەی ڕۆڵی ڕوولە هەڵكشانی ئەكتەرە نادەوڵەتەكان، بەتایبەتی گرووپە چەکدارە نادەوڵەتەکان (NSAGs)[1] تاوتوێ بكەین. گریمانەی ئەم نووسینەیش ئەوەیە كە پێكهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی، زیاتر خەریكە سیما و تایبەتمەندیی فرەجەمسەر وەردەگرێت، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەهۆی پێكهاتە و سروشت و واقعی نوێی بەشێک لە دەوڵەتانی ناوچەكە وەکوو: سووریا، عێراق، لوبنان، یەمەن و تەنانەت ئیسرائیل (عەرەب-عەرەب و جوو-عەرەب)، لە ئاستی ناوخۆییدا فرەجەمسەری دروست بووە و بەم پێیە، دەرفەت بۆ بەرزبوونەوەی ڕۆڵ و پێگەی ئەكتەرە نادەوڵەتەكان هاتۆتە ئاراوە. هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم گرووپ و ئەکتەرە نادەوڵەتانە تەنیا گرووپێکی چەکدار نین، بەڵکوو خاوەن باڵی سیاسی یان بەپێچەوانەوە، گرووپە سیاسییەکان خاوەن باڵی چەکدارین، وەکوو: حەماس و تالیبان و حزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن و حەشدی شەعبی و هتد. ئەمەیش لاوازکردن و لەناوبردن یان پووکانەوەیان ئەستەم دەکات و تەنانەت لە ڕووی ئابوورییشەوە دەستیان بەسەر جومگەکانی دەوڵەتدا گرتووە و هاوشێوەی دەوڵەت یان بەنوێنەرایەتیی دەوڵەت ڕەفتار دەکەن و دەوڵەتێکن لەناو دەوڵەتدا. بۆ نموونە، بارودۆخی ناوچەکە لەچاو پێشوو ئاڵۆزتر بووە.

لە ساڵی ٢٠٠٢ کاتێک کە کۆمکاری عەرەبی پلانی سعوودیای بۆ ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل پەسەند کرد. ئەم پلانە بەڵێنی بە تەلئەبیب دا کە دوای قبووڵکردنی چارەسەری دوو-دەوڵەتی، پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئاسایی دەبێتەوە و بە کۆتاییهێنان بە ململانێ لەگەڵ فەڵەستینییەکان، ئیسرائیل دەتوانێت کۆتایی بە هەموو ململانێ ناوچەیییەکانی بهێنێت. بڕیار بوو دەستپێشخەریی ئاشتیی عەرەبی هاندەرێکی بەهێز بێت بۆ ئیسرائیلییەکان، بەڵام ناوچەکە لە ساڵی ٢٠٠٢وە گۆڕاوە. هەندێک لە میلیشیاکان لە حزبوڵڵای لوبنانەوە تا حووسییەکانی یەمەن ئێستا بەهێزترن لە دەوڵەتەکانی خۆیان. بەم پێیەش، چیتر دەوڵەتە عەرەبییەکان تاکە ئەکتەر نین کە بڕیاری کۆتاییهێنان بە ململانێی لەگەڵ ئیسرائیل بدەن، بەڵکوو ئەکتەرە نادەوڵەتەکانیش دەبێ بەشدار بن و تەنانەت بەم سیاسەتە ڕازی بن.

وەرچەرخانە تیۆری و جیۆسیاسییەکان

لە ئەدەبیاتی ئەكادیمی و ڕوانگەی تیۆری لە سەردەمی جەنگی سارد، تیۆری و ڕوانگە ڕیالیستەكان و تەنانەت نیۆڕیالیستەكانیش سەربازی-ئاسایشی و دەوڵەت-تەوەر بوون؛ بەم واتایە كە لە لایەك دەوڵەتان وەكوو یەكەیەكی یەكگرتوو و تاقانە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرا و بەم پێیەیش ململانێ و هاوكاری و دۆستایەتی و دوژمنایەتی لەلایەن ئەو دەوڵەتانە سەرەڕای ئەوەی كە خاوەن هەر سیستەمێكی سیاسی یاخود پێكهاتەیی و ناسنامەیی بن بەڕێوە دەبردرا، لە لایەكی تریشەوە، لە نەبوونی هیچ حکوومەت و دەسەڵاتێكی زاڵ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەوە دووبارە هەر دەوڵەتان بوون لەو سیستەمە نێودەوڵەتییە ئەنارکییەدا (Anarchic System) لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە ڕۆڵ و پێگەی سەرەکییان هەبوو. هەرچەندە جیاوازییەكە تەنیا ئەوە بوو كە ئەولەوییەت و لەپێشینەیی بۆ بكەرایەتیی سیاسەتی دەوڵەتان (لە ڕوانگەی ڕیالیزم) یاخود سیستەمی نێودەوڵەتی (لە ڕوانگەی نیۆڕیالیزم) بوو كە ئەویش لە کۆتاییدا هەر دەوڵەت-تەوەر بوو. هەرچەندە لیبڕاڵ (ئایدیالیستەكان) و نیۆ-لیبراڵەكان هەوڵیان دا ڕۆڵی ڕێكخراو، كۆمپانیا و ئەكتەرە نادەوڵەتەكان بەرجەستە بكەن، بەڵام ئەوانیش نەیانتوانی لەژێر هەژموونی ڕیالیستەكان بەتەواوی دەربچن. كۆتاییی جەنگی سارد ئەم هاوكێشەیەی گۆڕی و پێكهاتەی سیستەمی دووجەمسەری كۆتاییی پێ هات و، هەروەها ڕووداوەكانی پاش جەنگی سارد و دروستبوونی چەندان قەیران و جەنگ، دەوڵەت-تەوەربووونی سیستەمەكەی خستە ژێر پرسیارەوە. لە گرنگترین ئەو گۆڕانكارییانەیش دەتوانین ئاماژە بە هەڵكشانی ژمارەی پێكدادان و توندوتیژییە سەربازییەكان لە ناوخۆی دەوڵەتان لە لایەك و، زیاتربوونی بابەت و كێشە و گرفتە ئاسایشییە ژێر-دەوڵەتی و پاشان سەروو-دەوڵەتی و سەروو-هەرێمییەكان و بەگشتی هاتنەئارای پرسە نوێیەكان لە لایەكی ترەوە بکەین، کە هەموو ئەمانەیش بوونە هۆی بەرزبوونەوەی ڕۆڵی ئەكتەرە نادەوڵەتەكان. هەر بۆیە ڕوانگە و تیۆریی ڕیالیستی وەكوو ڕابردوو ناتوانێت بەتەواوی وەڵامی پرسیارە ئاسایشی و جیۆسیاسییە هەرێمایەتییەكان بداتەوە و واقعی ئاڵۆزی ناوچەکەمان بۆ  شرۆڤە بكات؛ تەنانەت تیۆرییە ڕیالیستییەکان لە پێشبینیكردنی ڕووخانی سیستەمی دووجەمسەری و هەڵوەشانەوەی یەكێتیی سۆڤیەت و بلۆكی كۆمۆنیستی دەستەوەستان و بێتوانا بوون.

  • گۆڕانکاری و هاوكێشە نوێیەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

كۆتاییی جەنگی سارد و بەرزبوونەوەی ڕۆڵی ململانێ و گرفت و هاوكێشە ناوخۆیییەكانی وڵاتان لەسەر ئاسایشی خودی ئەو دەوڵەتانە و پاشان گواستنەوەی بۆ دەرەوە، وای كردووە كە ئاسایشی دەوڵەتان تەنیا لەژێر كاریگەریی هەڕەشە یاخود نەبوونی هەڕەشەی دەرەكی نەبێت و لە لایەكی تریشەوە ئاسایشی دەوڵەتان تەنیا لە ڕێگەی پاراستنی سنوورەكان و دابینكردنی پێداویستییەکانی بواری ئاسایشی سەربازییەوە دەستەبەر نەكرێت. بۆیە پاش جەنگی سارد بەپێی ئامار و پێدراوەكانی ناوەندەكانی هەواڵگری، ئەكادیمی، ئاسایشی و لیكۆڵینەوەکانی بواری ئاشتی و دیموكراسی، زۆربەی توندوتیژی و پێكدادانەكان لە نێوان دەوڵەتاندا نەبووە، بەڵكوو لە ناوخۆی دەوڵەتاندا سەری هەڵداوە. ئەمەیش لە لایەك ڕۆڵی ناسنامە لەم پێكدادانانە و لە لایەكی تریشەوە پێگەی ئەكتەرە نادەوڵەتەكان بەرز و بەرجەستە دەكات.

ململانێی توندی ناسنامەیی و تائیفی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی پاش بەهاری عەرەبی وای كردووە كە ئەكتەرە نادەوڵەتەكان وەكوو ئەکتەرێکی سەرەکی كاریگەرییان لەسەر هاوكیشەكان هەبێت یاخود پێكدادانە ناسنامەیییەكان بەڕێوە ببەن؛ بۆ نموونە: كێشەی نێوان فەڵەستینییەكان و ئیسرائیل و بەهێزبوونی حەماس و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی؛ هەروەها کێشەی نێوان حزبوڵڵای لوبنان و دەوڵەتی لوبنان و ئیسرائیل و پاشان گرووپە تیرۆریستی و توندڕەوەكان لە سووریا و حووسییەكان لە یەمەن و میلیشیا شیعەكان و حەشدی شەعبی لە عێراق و سووریا و تالیبان لە ئەفغانستان و پاكستان و ئەلقاعیدە لە وڵاتانی ئیسلامی و ئەفریقا و داعش لە ناوچەکەدا و هتد. لەم نێوەندەیشدا دەبینین هەر ئەكتەرێكی دەوڵەتیی ناوچەكە، بۆ نموونە، توركیا و سووریا و عێراق و كۆماری ئیسلامی و پاكستان و سعوودیا و وڵاتانی تری عەرەبی، پاڵپشتی لە ئەكتەرێكی نا-دەوڵەتی دەكەن.

گۆڕانكاڕییەكان لە بوار و ڕەهەندەكانی پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان وای كردووە كە چیتر هاوکێشەکان لە چوارچێوەی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتاندا قەتیس نەمێنێتەوە. ئەمەیش بۆتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆڵ، پێگە و بكەرایەتیی ئەكتەرە نادەوڵەتەكان لە بواری هاوکێشە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. بۆیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا و، هەروەها هاوكێشە جیۆسیاسی و سەربازی و ئاسایشی و سیاسییەكانی نێوان ئەكتەرەكان لە پاڵ دەوڵەتان، ئەكتەرە نادەوڵەتەكانیش هەم وەكوو ئەكتەر دەبینرێن و دانیان پێدا نراوە، هەمیش بوونەتە بكەر و پرسێكی ئاسایشی لە هاوكێشە هەرێمی و سەرووهەرێمییەكان. ئەمەیش تەنیا ئەكتەرە نادەوڵەتە دانپێدانراو و فەرمییەكان یاخود خاوەن ڕەوایەتی و یاسایییەكان ناگرێتەوە، بەڵكوو گرووپە چەکدار و میلیشایی و جیهادی و توندڕەو و تیرۆریستی و تاوانكارییەكانیش دەگرێتەوە.

جگە لەمانەیش، گۆڕانكارییەكانی بواری بەجیهانیببوون و شۆڕشەكانی زانیاری و تەكنەلۆژیا و بڵاوبوونەوەی چەك و تەقەمەنی و بەگشتی پێشکەوتنی بواری سەربازی، بۆتە هۆی هاتنەئارای چەندان پرس و بابەت یاخود مەترسی و هەڕەشەی نوێی ئاسایشی كە لە لایەك لە چوارچێوەی دەوڵەتاندا قەتیس نامێنێتەوە و لە لایەكی تریشەوە هەڕەشەكان تەنیا سەربازی و دەرەكی نین یاخود لانی كەم بەڕاستەوخۆ وەكوو ڕابردوو لەلایەن دەوڵەتانی ترەوە نییە. باشترین نموونەیش تیرۆر و پرسی تیرۆریزم و ئاسایشی سایبەری و تاوانە ڕێكخراوەكان و پیسبووونی ژینگە و پرسی لێشاوی پەنابەر و كۆچی نایاسایی و هەژاری و بڵاوبوونەوە و قاچاخی چەك و بازرگانی بە مرۆڤ و دەرکەوتنی نەخۆشییە سنووربڕەكان وەکوو کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی چەكی كۆمەڵكوژ و کیمیایی و بایۆلۆجی و ئەتۆمی و…، وای کردووە كە بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردە و پرسە نوێیانە ببێتە ئەولەوییەتی سەرەكیی ئاسایشی دەوڵەتان. هەر بۆیە ئەگەر پێشووتر سیستەمی نەریتیی بەرگریی سەربازی و تەنانەت چەکی ئەتۆمی دەیتوانی ئاسایشی وڵاتان بپارێزێت، ئیمڕۆكە چیتر ناتوانرێت بە پشتبەستن بە چەک و کەرەستە و ئامرازە سەربازییە مۆدێرنەکان (بۆ نموونە ئیسرائیل و ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، ئاسایشی ناوخۆییی دەوڵەتان بپارێزرێت. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نموونەی دیاری ئەو ناوچانەیە كە لەم بوارە و بەتایبەتی لە ڕووی سەرهەڵدان و پێكدادان و پاشان ڕەوانەكردنی تیرۆر بۆ دەوڵەتانی ناوچەكە و جیهان پشكی شێری بەردەكەوێت.

وەرچەرخان لە پرس و بابەتەكانی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا و هەوڵدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسییانە بەپێی ئەولەوییەتەكانی ئەو وڵاتە و ململانێ لەگەڵ ئەكتەرە هەرێمی و سەرووهەرێمییەكانی نەیاری ئەمریكا، بەتایبەتی چین و ڕووسیا و ئێران و پرۆکسییەکانی لە لایەك و هاتنەئارای پرسی نوێی ئاسایشی لە ئاستی جیهانی وەکوو بڵاوبوونەوەی چەكی كۆكوژ و ئەتۆمی و بەتایبەتی تیرۆر و توندڕەویی ئیسلامی لە پاش 11ی سێپتەمبەری ساڵی 2001، وای كردووە كە بكەرایەتیی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی کۆمەڵێک گرفت ببێتەوە و، بەهۆى ئەوەیشەوە هەژموونی ئەمریكا بكەوێتە ژێر پرسیارەوە.

ئەوەی كە جێگەی سەرەنجە دەوڵەتان لەو هاوكێشە جیۆسیاسییە نوێیانەدا كە رۆڵی کەلتوور و ناسنامە لە ململانێکاندا بەرز بۆتەوە، بۆ دووركەوتنەوە لە پێكدادانی ڕاستەوخۆ، هەروەها دروستكردنی هاوسەنگیی نوێ و پاراستنی ئاسایشیان لە هەمبەر ئەكتەرە نادەوڵەتە نەیارەكانیان، ناچارن پەنا بۆ ئەكتەرە نادەوڵەتەكانی هاوپەیمانیان ببەن. ئەمەیش لە لایەك لێکەوتەی پێكنەهاتنی ئۆردەر (international order) و سیستەمێكی نێودەوڵەتی (international  system)یە لە پاش جەنگی سارد و کۆتاییهاتنی سیستەمی دووجەمسەری و، بەم پێیە جۆرێكی نوێ لە ئەنارشیی نێودەوڵەتی و لە لایەكی تریشەوە ئەنارشیی ناوخۆییی دەوڵەتان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شكستی دەوڵەتانە لە نوێنەرایەتیكردنی هەموو ناسنامە و پێكهاتەكانیان.

بۆیە هاوتا و هاوتەریبنەبوونی سنوورى ناسنامەیی-جوگرافی-سیاسیی دەوڵەتانی ناوچەكە لە پاڵ شكستی ئەو دەوڵەتانە لە دابینكردنی ئاسایشی ناسنامەییی پێكهاتەكان وای كردووە كە سنووری ئاسایشی ئەو ناسنامانە هاتەریب نەبێت لەگەڵ ئاسایشی دەوڵەتەكانیان. بۆیە ئەم هاوکێشانە دەرگەی بۆ بەزاندنی سنووری دەوڵەت-نەتەوەكان و دەستێوەردانی دەوڵەتانی هەرێمی و سەروو-هەرێمیی واڵا كردووە یاخود ڕێگەی بۆ خۆش كردوون. بۆیە سەرەتای دەركەوتن و سەرهەڵدانی فەرەجەمسەری (Multipolarity) لە ئاستی سیستەمی “نێونەتەوەیی”، هاوتەریبە یاخود گواستراوەتەوە بۆ فرەجەمسەری لە ئاستی” ناو-دەوڵەتی”، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت.

لێرەدا دەكرێت/پێوستە گرنگترین ئەو پرس و هاوكێشە نوێیانە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە لە لایەك بوونەتە هۆی بەهێزبوونی ڕۆڵ و بكەرایەتیی ئەكتەرە نادەوڵەتەكان و لە لایەكی ترەوە خودی ئەكتەرە نادەوڵەتەكان، بەتایبەتی ناسنامەیییەكان، پێكهێنەر و خوڵقینەری بوونە، بخەینە ڕوو.

  • شكستی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نوێنەرایەتیکردن

شكستی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەكوو نوێنەری هەموو پێكهاتە و ناسنامەكان بەم واتایە دێت كە دەوڵەتان بەهۆی سیستەمی سیاسی و سروشت و ناسنامەیان نەیانتوانیوە نوێنەرایەتیی زۆرینەی هاووڵاتیان بکەن و بە دەوڵەتی خۆیانی بزانن و لەم چوارچێوە سیاسییەدا ئاسایشی هەموو پیكهاتەكان دابین و دەستەبەر بكەن؛ ئەمە بێجگە لە شكستی ئەو دەوڵەتانە لە پێشكەشكردنی بوارە جۆراوجۆرەكانی خزمەتگوزاری و پەروەردەیی و تەندروستی و ژینگەیی و هتد. بۆیە دەوڵەت بەردەوام سیمای سەربازی و ئاسایشیی هەیە، ئەویش نەك لە ئاستی دەرەكی وەكوو ڕیالیستەكان بانگەشەی دەكەن، بەڵكوو زیاتر بۆ ئاستی ناوخۆیی و بەڕێوەبردنی سیاسەتی یەكسانسازیی زۆرەملێ و سڕینەوە و سەركوتی پێكهاتە و ناسنامەكانی تر؛ شکستی دەوڵەتانی یەمەن و سووریا و لوبنان و عێراق و…، باشترین نموونە و بەڵگەن.

لە پاڵ شكستی دەوڵەت-سازی لە دەوڵەتانی ناوچەكە، هەروەها شكستی نەتەوە-سازی و بەم پێیەیش پرۆسەی دیموكراتیزاسیۆن بەگشتی و بەتایبەتی شكستی ئەمریكا لە دامەزراندنی سیستەمێكی دیموكراسی لە ئەفغانستان و عێراق و ناچاربوونی ئەمریکا بۆ پاشەكشە لە ساڵی 2011 لە عێراق و پاشان گفتوگۆ لەگەڵ تالیبان لە ئەفغانستان و پاشەکشە لە ئەفغانستان و ڕاگەیاندنی ئەوە لەلایەن سەرۆک “جۆ بایدن”ەوە کە ئێمە (ئەمریکا) مەبەستی نەتەوەسازیمان نەبووە لە ئەفغانستان و تەنیا بۆ جەنگی دژی تیرۆر (ئەلقاعیدە) چووبووین! وای كردووە كە ڕۆڵی ئەكتەرە نادەوڵەتەكان بەرزتر ببێتەوە. بۆیەیش ئەمریكا بەهۆی نەبوونی دیموكراسی و ناسنامەیەكی نیشتمانی لە وڵاتانی ناوچەكە و، هەروەها شكستی ئەو وڵاتانە لە نوێنەرایەتیكردنی هەموو پێكهاتە و هێزە سیاسییەكان هەوڵ دەدات كە لە ڕێگەی ئەم ئەكتەرانەوە هاوسەنگی و سەقامگیری بپارێزێت و ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسییەكان ببێتەوە و تەنانەت لە بەرامبەر ئەكتەرە نادەوڵەتەكانی نەیار و دوژمنی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بەكاریان بهێنێت. بۆ نموونە، دووبارە داڕشتنەوەی ستراتیژیی ئەمریکا لە ناوچەکە بەگشتی و لە ئەفغانستان بەتایبەتی لە دژی چین و ڕووسیا و ئێران و تەنانەت داعش لە ڕێگەی تالیبانەوە و بەپێچەوانەوە بەکارهێنانی هێزە میلیشیایییەکانی لایەنگری ئێران وەکوو حەماس و جیهادی ئیسلامی و حزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن و حەشدی شەعبی لە دژی ئەمریکا و لایەنگرانی لە ناوچەکە، هەروەها ڕۆڵی كورد لە باشوور و ڕۆژاوای كوردستان لە عێراق و سووریا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەتایبەتی لە جەنگی دژی داعش.

  • كەوتنەژێرپرسیاری باڵادەستی و هەژموونی ئەمریكا لە ئاستی جیهانی

دوو پایەی سەرەکیی تیۆرییەکانی تیۆریسیەن “گیلپین “(Robert Gilpin) بریتین لە دەوڵەت-سەنتەری و سەقامگیریی هەژموون[2]. سەقامگیریی هەژموونی ئاماژەیە بۆ ئەو هەلومەرجە لە بواری سیستەمی نێودەوڵەتیدا کە دەسەڵاتێکی هەژموونی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا باڵادەستیی هەیە؛ لە گۆڕەپانی جیهانیدا بوونیان هەیە و بە دروستکردنی ڕێسا و ڕژێمی نێودەوڵەتیی بەهێز، سەقامگیری و هاوسەنگیی سیستەمەکە دەپارێزن و دەبنە هۆی ئەوەی کە دەوڵەت و ئەکتەرە جیاوازەکان ئەو ڕێسایانە پەیڕەو بکەن. لە تیۆریی سەقامگیریی هەژموونیدا سیستەمێکی نێودەوڵەتی لەسەر سێ بناغەی سەرەکی دامەزراوە:

١- بوونی دەسەڵاتێکی هەژموونخواز: ئەم دەسەڵاتە دەبێت دەسەڵاتی باڵای ئابووریی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت پشتی پێ ببەستێت بۆ گەرەنتیکردنی ڕێسا جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبردنی سیستەمەکە و، لەلایەکی تریشەوە ڕێکخستن و پشتیوانی لە سیستەمی ئابووری-دارایی و شێوازی وەبەرهێنان و دامەزراوە ئابووری و سیاسییەکانی سیستەمەکە بکات.

٢- پابەندبوونی ئایدیۆلۆژی بە ئایدیۆلۆژیای هێزی هەژموون: لەم ڕوانگەیەوە دەسەڵاتێکی هەژموون، نابێت تەنیا پابەند بێت بە ئایدیۆلۆژیا؛ بەڵکوو پێویستە شەرعییەتێکی ئایدیۆلۆژیی هەبێت بۆ سەرکردایەتیکردنی سیستەمەکە. لە سایەی هەژموونی ئایدیۆلۆژیدایە کە دەسەڵاتی باڵادەست دەتوانێت پشتیوانی و هاوکاریی زلهێزەکانی دیکە بۆ خۆی ڕابکێشێت و لەگەڵ سیستەمەکەدا بیانگونجێنێت.

٣- بەرژەوەندیی هاوبەش: سەقامگیریی هەژموونی تەنیا بە پشتبەستن بە دەسەڵاتی باڵا و ئایدیۆلۆژیا بەدی نایەت؛ بەشێک لە پابەندبوونی ئەندامانی سیستەمی نێودەوڵەتی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پابەندبوونانەی کە لە ڕژێمە باڵادەستەکانەوە بەرامبەر بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان سەر هەڵدەدەن. ئەگەر زۆربەی ئەندامانی سیستەم، بەتایبەت لە بواری ئابووریدا، هەست نەکەن کە بەشداری لە ڕژێم و پێکهاتەکانی سیستەمدا قازانجی زیاتری بۆ ئەوان بەدواوەیە، ڕاددەی هاوکارییەکانیان کەم دەبێتەوە و تێچووی دەسەڵاتی هەژموون بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیستەمەکە زۆر زیاد دەکات. باڵادەستیی دەسەڵاتی هەژموون تەنیا بەهۆی توانای ئابوورییەوە نییە، بەڵکوو بەهۆی دەسەڵات و کاریگەریی سیاسیی ئەو وڵاتەیە کە باسی لێوە دەکرێت. دەسەڵاتی هەژموون لەسەر بنەمای دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی خۆی دەست بەسەر سیستەمی نێودەوڵەتیدا دەگرێت[3].

لەم چوارچێوەیەدا، نەبوونی هێز و ئەكتەرێكی هەژموون (دەوڵەت) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وای كردووە كە ئەم دەوڵەتانەی ناوچەكە چەندان جۆر و شێواز لە ململانێ تاقی بكەنەوە و تەنانەت بە یارمەتیی هێزە سەرووهەرێمی و ئەكتەرە نادەوڵەتەكان هەوڵی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خۆیان و پاراستنی ئاسایشیان بدەن؛ بۆ نموونە پاڵپشتی و تێكاڵاویی سێ بەرە لەگەڵ ئەم ئەكتەرە نادەوڵەتانە دەبینین:

 1- توركیا و قەتەر و ئەكتەرە ئیسلامییە نادەوڵەتەكانی هاوپەیمانیان لە سووریا و لیبیا و هتد؛

 2- سعوودیا و ئیمارات و ئەكتەرە نادەوڵەتەكانی هاوپەیمانیان لە عێراق و لوبنان و سووریا و لیبیا و هتد؛

 3- كۆماری ئیسلامی و هێزە میلیشیا و ئەكتەرە نا-دەوڵەتەكانی هاوپەیمانی لە عێراق و یەمەن و سووریا و لوبنان و فەڵەستین و هتد.

بۆیە ئەو هاوکێشەیەی کە دەبینرێت ئەوەیە كە وڵاتان بۆ دووركەوتنەوە لە پێكدادانی ڕاستەوخۆ و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، هەروەها پاراستنی ئاسایشی خۆیان، لە لایەك بارگرژی و پێكدادانەكان لە دەرەوە و دوور لە سنوورەكانیان بەڕێوە دەبەن و لە لایەكی تریشەوە كەڵك لەو ئەكتەرە نادەوڵەتانە وەردەگرن و هەوڵی بەهێزكردنیان لە ڕێگەی پشتیوانیی لۆجێستی و دارایی و ڕاهێنانیان دەدەن.

لەم چوارچێوەیەدا، دابەزین و كەوتنەژێرپرسیاری باڵادەستی و هەژموونی ئەمریكا لە ئاستی جیهانی وای كردووە كە ئەمریكا لە سەدەی ٢١ ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە ببێتەوە، چونکە لە لایەك ڕووبەڕووی چەندان پرس و بابەتی نوێ بۆتەوە و لە لایەكی تریشەوە چەندان ئەكتەری نوێ بەرهەڵستی و ڕكابەرایەتی و تەنانەت مململانێ و دوژمنایەتیی ئەمریکا و هەژموونەکەی دەکەن؛ بۆ نموونە چین و ڕووسیا لە ئاستی نێودەوڵەتی و، ئێران و هاوپەیمانەكانی لە ئاستی هەرێمی.

هەروەها قەیرانی دارایی و پرسە ئابوورییەكان لە جیهان بەگشتی و لە ئەمریكا بەتایبەتی وای كردووە، لە لایەك ئەمریكا نەتوانێت بەردەوام بێت لە دابینكردنی ئەو تێچووە زۆرە مرۆیی و دارایییەى پاراستنی هەژموونی سەربازی و ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە لایەكی تریشەوە گوشاری ڕای گشتیی ناوخۆی ئەو وڵاتە وای کرد كە ئەم ڕۆڵەی ئەمریکا وەکوو تاکە جەمسەری جیهان و پارێزەری ئاسایشی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەوێتە ژێر پرسیارەوە و نەتوانێت بەردەوام بێت لە ئەستۆگرتنی ئەو تێچووانەی هاوپەیمانەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارەكانی. بۆیەیشە بۆ نموونە سەرۆك دۆناڵد ترامپ داوای لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت وڵاتانی ئەرووپا لە هاوپەیمانیی باكووری ئەتلەسی (ناتۆ) دەکرد کە یان دەبێت وڵاتان خۆیان ئەو تێچووانەی پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتەكانیان لە ئەستۆ بگرن یاخود ئەو تێچووە بدەن بە ئەمریكا بۆ ئەركی پاراستنیان. پاشەکشە و دەرچوونی ئەمریکا لە ئەفغانستان یەکێک لەو لێکەوتانەی ئەو پرسەیە.

  • هەڵكشانی چین لە ئاستی جیهانی و ڕووسیا لە ئاستی هەرێمایەتی

ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵیی چین و ئێران و ناوبژیوانی لە نێوان ئێران و سعوودیا و، هەروەها ڕێککەوتنی فرەلایەن و فرەڕەهەند لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی ناوچەکە لە پاڵ پرۆژەی دەستپێشخەریی “یەک ڕێگە-یەک پشتێن”، تەنیا بەشێک لە گۆڕانکارییەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە چین ڕۆڵی ناوەندیی تێدا دەگێڕێت. ڕۆڵی ڕوو لە هەڵكشانی چین لە ئاستی جیهانی وا دەکات کە لە لایەك ئەمریكا ئەم گەشەسەندن و بەرزبوونەوەی ڕۆڵ و توانا ئابووری و سەربازی و سیاسییەی چین وەكوو هەڕەشەیەكی ئابووری و پاشان سیاسی و سەربازی و ئاسایشی ببینێت بۆ سەر پێگە و هەژموونە جیهانییەكەی و، لە لایەكی تریشەوە وا دەکات کە ئەمریکا هەوڵ بدات سەرنج و هێزی خۆی بۆ ڕاوەستاندن و گەمارۆدان یاخود لەخۆگرتن و كۆنترۆڵکردنی چین تەرخان بكات. هەر بۆیە ناوچەیەكى وەكوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەولەوییەتی یەكەمی ئەمریکا بۆ ڕیزبەندێكی خوارووتر لە ئەولەوییاتی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا دادەبەزێت؛ باشترین نموونە پۆلینكردنی ئەو پێگەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بەپێی هەڕەشە و مەترسییەكانی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا لە بەڵگەنامەكانی ئاسایشی نەتەوەییی سەرۆككۆمارەكانی ئەمریكا.

بەم واتایە ئێمە وەرچەرخانێكمان لە ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا بینی كە بەپێی هەڕەشە و مەترسییە نوێیەكانی سەر ئەمریكا، چینی بردۆتە ڕیزبەندی سەرەوەی ئەولەوییەتە ئاسایشییەکان و، هەڕەشەکان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هێناوەتە ڕیزبەندی خوارەوەی ئەولەوییەتەکان. بەڵام ڕووداوەکانی ئەم دوایییە وەکوو هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و بەرزبوونەوەی ڕۆڵی چین و رووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشەکانی ئێران لەسەر هاوپەیمانەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕۆژاوا، پێ دەچێت گۆڕان بەسەر ئەم ڕیزبەندییە و ئەولەوییەتدانانەدا بێنێت؛ چونکە پاراستنی هاوپه‌یمانان له‌ مه‌ترسییه‌كانی كۆریای باكوور و سنوورداركردنی چین و ڕووسیا و ڕێگه‌گرتن لێیان له‌ كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كه‌، بووه‌تە ئه‌وله‌وییه‌تی سه‌ره‌كیی ئه‌مریكا. به‌م مانایه‌ كه‌ “چین” وه‌كوو هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ره‌كیی داهاتوو و، مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر ئاسایش، پێگه‌ و هه‌ژموونی سه‌ربازی و ئابووری و، به‌م پێیه‌یش سیاسیی ئه‌مریكا له‌ جیهاندا ده‌ستنیشان كراوه‌. ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێشکەوتنە ئابوورییەکانی چین، بۆ هەژموونی سەربازی و سیاسی تەرجەمە نەکرێت.

بۆیه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری ئه‌مریكا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین كه‌ سیاسه‌ت و ستراتیژیی ئه‌مریكا له‌م ناوچه‌یه‌، گرێدراوی ستراتیژییه‌ باڵاكانی ئه‌مریكایه‌ له‌ جیهان و، چۆنێتیی تێگه‌یشتن و پێناسه‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كان بۆ سه‌ر ئه‌مریكا و گۆڕانكارییه‌كانییه‌تی له‌لایه‌ن سیاسه‌تداڕێژه‌رانی ئه‌مریكی؛ ئه‌مه‌ سه‌ڕه‌رای پرسی تیرۆر، به‌تایبه‌ت له ‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وه‌كوو گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیی پێناسه‌كراوی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌مریكا. بۆیه،‌‌ سیاسه‌ته‌كانی به‌م ئاراسته‌یه‌ ده‌ڕوات كه‌ لە ڕێگەی هاوپەیمان و هاوبەشە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و خۆجێیییەکانییەوە (بۆ نموونە هێزە کوردستانییەکان لە عێراق و  سووریا)  لەسەر زەوی، گورزی كوشنده‌ له‌و گرووپ و ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییانه‌ بدات؛ بەڵام بەو مەرجەی کە چیتر پێویستی بە لەشکرکێشی و تێوەگلانی ڕاستەوخۆ نەبێت یاخود وەکوو ئەو ستراتیژییەی کە ئەمریکییەکان پەیڕەویی لێ دەکەن و دەڵێن: “چیتر پۆستاڵی سەربازەکانیان لەسەر زەوی نەبێت ” (no boots on the ground)، بەڵکوو لە ڕێگەی پڕچەککردن و ڕاهێنان و ئامادەکردن و  هاوکاری و هەماهەنگی و چاودێری و یارمەتیی هەواڵگری و هێرشی ئاسمانی و یارمەتیی دارایی و لۆجستی و…، ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەن؛ ئه‌مه‌ سەڕەرای‌ ئامانجی ڕێگه‌گرتن له‌ بەرزبوونەوەی نفووزی ده‌وڵه‌تانی ڕووسیا و ئێران له‌ ناوچه‌كه‌.

 لێره‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمە بینەری؛ خاوی، ناڕوونی، ئاڵۆزی و بێهه‌ڵوێستیی ئیداره‌ی ئه‌مریكاین له‌ پرسه‌كانی ناوچه‌كه‌دا. لەم ڕوانگەیەوە، ئه‌مریكا هه‌وڵ ده‌دات له ‌لایه‌ك له‌گه‌ڵ وڵاتانی گرنگی سوننه‌-وه‌كوو سعوودیا، ئیمارات و میسر و ئوردن- په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵتری له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت و، له ‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئەو وڵاتانە لە ئیسرائیل نزیک بکاتەوە و هاوبەندی و هاوپەیمانێتییەک لە نێوانیاندا دروست بکات.

تەنانەت ڕووسیاش لە بۆ بەهێزبوونەوەی خۆی لە ناوچە جیابووەکانی سۆڤیەتی پێشووی وەک چیچان و ئەبخازیا و ئۆسێتیای باشوور لە جۆرجیا، ستراتیژیی جەنگی بەوەکالەتی بەکار هێناوە. هەروەها گرووپی میلیشیاکانی “ڤاگنەر” کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە سوپای ڕووسیاوە هەیە، بەشدارییان لە جەنگی ناوخۆی سووریا و دۆنباس و لەشکرکێشیی سەربازیی ڕووسیا بۆ ئۆکراینا کردووە.

بە شێوەەیەکی گشتی، ململانێ و ڕکابەرایەتیی نێوان ڕووسیا و ئەمریكا و چین و یەكێتیی ئەوروپا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وای كردووە كە وڵاتان نەیانەوێت بەئاشكرا و ڕاستەوخۆ بكەونە ئەو بەرە و ململانێیانە. هەر بۆیە ئەكتەرە هەرێمی و تەنانەت سەرووهەرێمییەكان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ئەكتەرە نادەوڵەتەكانەوە هاوكێشەكان بگۆڕن. بەهۆى ئەمەوە فرەجەمسەری لە ئاستی نێودەوڵەتی، لە ئاستی هەرێمییش دەبینرێت و لە ئاستی نا-دەوڵەتی یاخود خواردەوڵەتییەوە لە ڕێگەی ئەكتەرە نادەوڵەتەكان درێژ دەبێتەوە و پاشان دووبارە سنووری دەوڵەتان دەبەزێنێت و لە ئاستی هەرێمی ڕۆڵی بكەرایەتی دەبینێت و تەنانەت ئەکتەرە نا-دەوڵەتەکان لە ئاستی سەروو-هەرێمی (وەكوو داعش و ئەلقاعیدە) ڕۆڵ و چالاكییان دەبێت. لەبەر ئەوە ئەم ئەكتەرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سنووربەزێن یاخود بان-نەتەوەیین. بۆیە فرەجەمسەری لە ئاستی نێودەوڵەتی، هاوتەریبە لەگەڵ فرەجەمسەریی هەرێمایەتی و ژێر-دەوڵەتی؛ ئەمەیش لە ڕێگەی ئەكتەرە نا-دەوڵەتەكانەوە فۆرمی وەرگرتووە و دروست بووە.

  • کاریگەریی ئەکتەرە نادەوڵەتەکان لەسەر هاوکێشە جیۆسیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەكتەرە نادەوڵەتەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ململانێ ناسنامەیی و جیۆسیاسییەكاندا لە “فاكتەرەوە بۆ بكەر” پێگەیان بەرز و بەرجەستە بووەتەوە. هەر بۆیە دەبینین كە ئەم ئەكتەرە نادەوڵەتانە بەپێی ناسنامەكەیان و پاشان ململانێكانی نێوان دەوڵەتان لەسەر بەرە یاخود جەمسەری وڵاتانی هەرێمی و سەرووهەرێمی دابەش بوونە. ئەم ڕۆڵ و بكەرایەتییەیش لە ناوخۆی دەوڵەت (پێكهاتەكان و هێزە سیاسی و سەربازی و میلیشیایییەكانى وەكوو حەماس لە فەڵەستین و  تالیبان لە ئەفغانستان و پاكستان و حووسییەكان لە یەمەن) و لە ئاستی هەرێمی (وەكوو حەماس و حزبوڵڵای لوبنان و حەشدی شەعبی) و تەنانەت ئاستی سەروو-هەرێمییش (رێكخراو و گرووپە تیرۆریستەكان وەک داعش و ئەلقاعیدە) دەبینرێت. هەر بۆیە كورد وەكوو ئەكتەرێكی سیاسی-سەربازی، بەتایبەتی لە عێراق كە ڕەوایەتی یاسایی و دەستووریی هەیە، ڕۆڵی بكەرایەتیی بەرز دەبێتەوە. تەنانەت پەیەدە و یەپەگە (هەسەدە) لە سووریا وەكوو هاوپەیمانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپی لە جەنگی دژی داعش دەبینرێن. ئەمەیش چەند هۆكارێکی هەیە:

  • لە ڕێگەی ئەكتەرە نا-دەوڵەتەكانەوە ئەم ئەكتەرە هەرێمی و سەرووهەرێمییانە خۆیان بۆ هەر ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكارییەكی سیاسی و ئاسایشی لە داهاتوو ئامادە دەكەن. بۆ نموونە لە داهاتووی سووریا و عێراق هەم ئەمریكا و هەم توركیا و هەمیش سعوودیا و وڵاتانی عەرەبی وەكوو قەتەر و تەنانەت ئێران هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ئەكتەرە نا-دەوڵەتەكانەوە كاریگەرییان لەسەر داهاتووی پرۆسەی سیاسی و ئاسایشیی سووریا و عێراق هەبێت.
  • لە ئەگەری تێكچوونی هاوسەنگیی هێز لە ئاستی ناوخۆی خودی دەوڵەتان و هەڕەشە بۆ ئاسایش و بەرژەوەندیی ئەكتەرەكان، لەم ڕێگەیەوە هاوسەنگیی ویستراو و خوازراوی ئەكتەرە هەرێمی و سەرووهەرێمییەكان بەپێی فرەییی پێكهاتە و فرەناسنامەبوونی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەپارێزرێت یاخود دروست دەكرێتەوە. ڕۆڵی كورد لە هاوكێشەكانی داهاتووی سووریا و هەرێمی كوردستان لە عێراق و حزبوڵڵا لە لوبنان و حووسییەكان لە یەمەن و حەشدی شەعبی لە عێراق و…، باشترین نموونەن، بەڵام هەر یەكەو لە بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەكتەرێكی هەرێمی و سەرووهەرێمیدان.
  • لە بەڕێوەبردنی ململانێ جیۆسیاسییەكانی ناوچەییی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو ئەكتەرە نا-دەوڵەتییانە، دەتوانن لە بەرژەوەندیی ئەكتەرە دەوڵەتییەكاندا ڕۆڵی بكەرایەتیی كاریگەر ببینین؛ بۆ نموونە ململانێكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ڕێگەی جەنگی بەنوێنەرایەتییەوە.
  • بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەكتەرە تیرۆریستییەكان، وڵاتانی هەرێمی و سەرووهەرێمی بەپێی سروشتی هەڕەشەكان باشتر دەتوانن لە ڕێگەی ئەكتەرە نادەوڵەتەكانەوە بەرەنگاری تیرۆر لە سەرچاوەكەی ببنەوە و ڕێگە لە بەهێزبوون و تەشەنەسەندن و پەڕینەوەی بۆ ئاستی سەرووهەرێمی بگرن؛ جەنگی دژی داعش و ڕۆڵی كورد باشترین نموونەیە.
  • تێچووە مرۆیی و دارایییەكانی دەستێوەردان و جەنگی ڕاستەوخۆ لە لایەك و گۆڕینی ستراتیژی و ئەولەوییەتی ئاسایشی وڵاتان بەپێی هەڕەشە نوێیەكان، بەتایبەتی ئەمریكا و دەوڵەتانی ڕۆژاوایی لە لایەكی ترەوە، وا دەكات كە ڕۆڵی ئەم ئەكتەرە نادەوڵەتانە بەزر ببێتەوە؛ ئەزموونی ئەمریكا لە ڕووی دارایی و سەربازییەوە لە ئەفغانستان و عێراق نموونەیەكی بەرجەستەی ئەم گۆڕانكارییانەن.
  • دەوڵەتە هەرێمییەكانى وەكوو ئێران و سعوودیا و تەنانەت دەوڵەتە سەرووهەرێمییەكان، بەتایبەتی ئەمریكا و ڕووسیا نایانەوێت ڕاستەوخۆ دەستێوەردان بكەن لە كاروباری دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە باشترین فاكتەر بۆ نفووز و كاریگەری لە دەوڵەتانی ناوچەكە، ڕۆڵی بكەرایەتیی ئەكتەرە نادەوڵەتەكانە. ڕێگەگرتن لە بەكارهێنانی هەستی ئایینی و مەزهەبی و دژەبێگانە و جووڵاندنی ڕای گشتیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی دەستێوەردانی وڵاتانی هەرێمی و سەروو-هەرێمی وا دەكات کە ئەكتەرە دەوڵەتەكان لە ڕێگەی خودی ئەكتەرە نا-دەوڵەتەكانی ناو ئەو دەوڵەتانە هەوڵی دروستكردنی نفووز لە ناوخۆی دەوڵەتەكان و لە هاوكێشە هەرێمییەكاندا بدەن. ئێران باشترین نموونەیە كە هەوڵ دەدات ئەزموونی مەترسیداری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە لە ڕێگەی بەکارهێنانی جەنگی بەنوێنەرایەتییەوە (Proxy War) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە نەبێتەوە. ئێران لە ڕێگەی “حرب غير متكافئة-Asymmetric warfare” یاخود جەنگی ناهاوسەنگ لە زۆنە خۆڵەمێشییەکانی (Grey-zone) لە ناوچەکەدا دەتوانێت لە ڕێگەی هێزە پرۆکسییەکانییەوە جەنگی بەنوێنەرایەتی (Proxy war) لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت ئەمریکا بەڕێوە بەرێت، چونکە ئێران بۆ دەربازبوون لە تەنیایییە ستراتیژییەکەی (Strategic Loneliness)، پێوستی بە ئەکتەرە نادەوڵەتەکانە.
  • بەپێی بەدواداچوون و لێکدانەوەی سیاسەتی ئەمریکا لە پاش هاتنەسەرکاری ئیدارەی ئۆباما، ستراتیژیی ئەمریکا لە ئاستی جیهانی و، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر یەک تێرم ڕاوەستاوە: outsourcing. بەپێی ئەم ستراتیژییە، ئوسترالیا، کۆریای باشوور، ژاپۆن و هیندستان لە دژی چین ئەم ئەرکەیان لە ئەستۆ گرتووە؛ پۆڵەندا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئینگلتەرا و وڵاتانی سکاندیناڤیا لە دژی ڕووسیا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیسرائیل و سعوودیا ئەرکی ئێرانیان لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام بەم جیاوازییەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەکتەرە نادەوڵەتەکانیش لە هەردوو بەرەدا ڕۆڵێکی باڵایان دەبێت. تەنانەت سیاسەتی ئێران لە ناوچەکە لە ڕێی پرۆکسییەکانییەوە بە مەبەستی پێچەوانەکردنەوەی ئەم ستراتیژییەیە (بۆ نموونە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیا پێش ئەم هێرشە). هەر بۆیە هەوڵەکانی ئێران بۆ دوورخستنەوەی ئیسرائیل و سعوودیا لە ڕێککەوتن و دروستکردنی پەیوەندی و گرێدانی پەیمانی ئاشتی (ئیبراهیم)، هەر لەم چوارچێوەیەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.

کۆبەند

ئەنجامەکانی جەنگی حەماس و ئیسرائیل هەرچییەک بێت، لێکەوتەی ڕاستەوخۆی بریتییە لە هەڵکشانی ڕۆڵی ئەکتەرە نادەوڵەتەکان لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکاندا. ئەم ڕووداوەیش لە پاڵ جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا، ئامادەکارییە بۆ گواستنەوە لە نەزمی لەرزۆکی هەرێمایەتیی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو چەسپاندنی ئۆردەرێکی نوێ.

ڕووداوی هێرشی حەماس بۆ ئیسرائیل وانەیەکی گرنگی بۆ کورد بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە هەگبەدایە، ئەویش ئەوەیە کە دەوڵەتەکان هەوڵ دەدەن ناکۆکیی ناوخۆییی ئەکتەرە نادەوڵەتەکان لە ململانێ ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکاندا بەکار بێنن؛ بۆ نموونە ئێران، حەماس و جیهادی ئیسلامی بەکار دێنێت لە دژی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین کە لە ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی نزیکە و تەنانەت مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیلیش دەکات. بۆیە بەشێک لە سیناریۆکانی داهاتووی ئەم جەنگە لەسەر ئەوە یەکلایی دەبێتەوە کە ئایا دەتوانرێت فەڵەستینییەکان یەک نوێنەریان هەبێت و کەرتی غەززە بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستینییەکان؟ بەڵام ئەم سیناریۆیە بە قازانج و لە بەرژەوەندیی ئێران نییە.

 لەم چوارچێوەیەدا هەر ئەم هاوکێشەیەیش مەترسییەکی سەرەکییە بۆ هەرێمی کوردستان کە دوو هێزی سەرەکیی سیاسی ناکۆکییان هەبێت کە هەژموونی جوگرافییان هەیە و خاوەن هێزی سەربازین. هەر بۆیەیشە بەغدا و ئێران هەوڵ دەدەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن و لە بەرامبەریدا لایەنە حزبییەکان بەهێز بکەن. ئێران لە ڕێگەی شیعەکان و میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە ئەم سیاسەتە لە عێراقیش پەیڕەو دەکات، چونکە سیاسەتی ئێران ئەوەیە ڕێککەوتنی بەغدا لەگەڵ و لە نێوان حزبەکان بێت، نەک حکوومەت-حکوومەت، کە ڕەوایەتیی نیشتمانی و نێودەوڵەتیی هەیە، چونکە ئێران نایەوێت هەرێمی کوردستان و پرسی کورد لە عێراق تاکە نوێنەرێکی هەبێت کە ئەو نوێنەرەیش فەرمی-دەستووری (حکوومەت) و دانپیانراو بێت. هەر ئەمەیش نهێنیی بەرزبوونەوەی ڕۆڵی ئەکتەرە نادەوڵەتەکان و تەنانەت میلیشیاکانە لە ناوچەکەدا.

بەڵام مەترسیدارترین خاڵ بۆ ئەکتەرێکى وەکوو هەرێمی کوردستان، لاوازبوونی ئەمریکایە- بە هەموو بەها و بەرژەوەندییەکانییەوە- لە بەرامبەر نەیارە هەرێمایەتییەکانى وک ئێران و ڕکابەرە نێودەوڵەتییەکانی وەک ڕووسیا و چین؛ چونکە نەبوونی دەوڵەت بۆ ئەکتەرێکی ناسنامەییی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لەم هاوکێشە جیۆسیاسییە ئاڵۆزەی ناوچەکە و لە پاڵ پاشەکشەی ئەمریکا لە هەموو ئاستەکاندا، بە واتای گەڕێکی تر لە پێکدادان و سەرکوتی مافەکان و گەمارۆدان دێت. ئەمەیش ئەوە دەردەخات کە هەرێمی کوردستان بە بەها و نۆرمە ڕۆژاوایییەکان گەشەی کرد و بە لاوازبوونی ئەو بەها و نۆرمانەیش لە ئاستى نێودەوڵەتی، هەرێمی کوردستانیش پاشەکشە دەکات.

ئەگەر نەیارەکانی ئەمریکا بتوانن سیستەمی نێودەوڵەتی لە زیانی ئەمریکا بگۆڕن، ئەوە مامەڵەکردنی ئەکتەرەکان لەسەر بنەمای “سەروەری”، تەنیا پەراوێزێکی بچووک بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق دێڵێتەوە، چونکە بەڵگەنەویستە بەهێزبوونەوەی عێراق وەکوو دەوڵەت، لاوازبوونی هەرێمی کوردستانە وەکوو ئەکتەری نادەوڵەتی لە هاوکێشە ناوخۆیی و هەرێمییەکاندا.

[1] – non-state armed groups (NSAGs)

[2] -Gilpin, Robert (2001), Global Political Economy: Understanding the International Economic Order, Robert Gilpin with the Assistance of Jean M. Gilpin. Published by Princeton University Press, 41 William Street, Princeton, New Jersey 08540.
-Gilpin, Robert (2000), The Challenge of Global Capitalism, Princeton University Press.

[3] – حسین سلیمی‌، نظریه‌های گوناگون درباره جهانی شدن، تهران: سازمان مطالعه و تدوین کتب علوم انسانی دانشگاهها (سمت‌)،١٣٨٤.

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

ترەمپ گەڕایەوە کۆشکی سپی: لێکەوتەکانى بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟… زیاتر

5 days ago

ئیدارەی ترەمپ و عێراق: چی بەڕێوەیە؟

نووسەر: مایکڵ نایتس وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە… زیاتر

5 days ago

بـەرەو نوێـکردنەوەى سیستـەمى دڵنیاییى جـۆرى لە زانکـۆکان

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین پێشەکى نزیکەى پازدە… زیاتر

1 week ago

مەترسی و دەرفەتەكانی بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستان لە گەڕانەوەی “ترەمپ”دا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق گەڕانەوەی دۆناڵد… زیاتر

1 week ago

کۆبوونەوەی لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) بە ئامادەبوونی کام وڵاتان بەڕێوە دەچێت؟

ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی… زیاتر

1 week ago

گەڕانەوەی ترەمپ؛ کۆتاییهاتنی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ڕێخۆشکردن بۆ ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران؟

ن: یۆرۆنیوز وەرگێڕانی: پێنووس ڕەنگە ماوەی ئێستا تا دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی… زیاتر

2 weeks ago