پێنووس

ڕەهەندەكانی بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەربارەی مووچەی فەرمانبەران

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

لە ئێستادا چ بەكردەیی و چ بەپێی دەستوور، هیچ دەسەڵاتێك لە سەروو دەسەڵاتی دادگەی فیدراڵییەوە نییە. ئەم دادگەیە لە پاش 2005 هەمان ئەم دەسەڵاتانەی ئێستای هەبووە، بەڵام هیچ كات وەك بارودۆخی پاش هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021، نەچووەتە نێو وردەكاریی دۆسیە یاسایییەكان و نەبووەتە لایەنێكی هەرە كارا لە قەیران و پێشهاتە سیاسی و كارگێڕییەكان. ئەم شرۆڤەیە لەبارەی باكگراوند و پێكهاتە و دەسەڵاتەكانی دادگەكە هەڵوێستە دەكات و هەوڵ دەدات ڕەهەندەكانی بڕیارەكەی دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بخوێنێتەوە.

شەرعییەت و پێكهاتەی دادگەی فیدراڵی

دادگەی فیدراڵی لە عێراق لە بنەڕەتدا بیرۆكە و پرۆژەیەكی ئەمریكییە و دامەزرێنەرەكەی “پۆڵ بریمەر”ی حاكمی مەدەنیی ئەمریكایە[1]، بەڵام شەرعییەتی یاساییی دادگەكە بەستراوەتەوە بە فەرمانی ژمارە 30ی 2005ی ئەنجومەنی وەزیران و دەستەی سەرۆكایەتیی ئەوكاتی كۆماری عێراق. ئەم دوو لایەنەیش لەو كاتەدا شەرعییەتیان لە یاسای كاتیی ئیدارەی دەوڵەت وەرگرتبوو كە بریمەر ئەندازیاری تێپەڕاندنی بوو. سەرباری ئەم بنەما یاسایییەیش هێشتا ئەم دادگەیە هەمان ئەو دادگە فیدراڵییە نییە كە دەستووری هەمیشەیی (2005) لە بەندەكانی ماددەی 92دا چەسپاندوویەتی؛ هەروەها ئەو دادگەیەیش نییە كە مەرجە پێكهاتەكەی لە چەند دادوەر و پسپۆرێكی شەریعە و یاسا پێكەوە پێك بێت و پەیكەر و پێكهاتەكانی بە 2/3ی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند بكرێت[2].

هۆكاری پێكنەهێنانی دادگە دەستوورییەكەیش دەگەڕێتەوە بۆ لەمپەرەكانی بەردەم كۆكردنەوەی دەنگی 2/ 3ی پەرلەمانتاران لە ئەنجومەنێكی فرەچەشنی فرەجەمسەردا، هەروەها ناكۆكیی زۆری هێزە پەرلەمانییەكان لەسەر دەسەڵاتی پسپۆڕەكانی شەریعە. بەم هۆیەیشەوە تەنیا 18 ماددە لە كۆی 24 ماددەی یاسای دادگەكە لە ساڵی 2021 بە دەنگی 2/3 پەسەند كرا؛ دواتر كە گەیشتنە بنبەست، لە پێناو ڕێگەخۆشكردن بۆ هەڵبژاردن، لە 18ى ئادارى 2021 گیان بەبەری دادگەكەدا كرایەوە و بۆشایییەكانی پڕ كرایەوە[3]. لەم هەموارەدا پێكهاتەی دادگەكە بەم جۆرە چەسپێنرایەوە: سەرۆك و جێگرێك لەگەڵ حەوت ئەندام لە دادوەرانی پلە یەك و، چوار ئەندامی یەدەگ؛ بە جۆرێك لە دەزگە دادوەرییەكانی فیدراڵی و هەرێمەكانەوە كاندید بكرێن.

هەر لە هەموارە یاسایییەكەی 2021دا (ژمارە 25) دەسەڵاتەكانی دادگەكە بەم جۆرە چەسپێنرانەوە:

– چاودێریی دەستووری بەسەر یاسا و پەیڕەوە بەركارەكان و تەفسیركردنی دەقەكانی دەستوور.

– یەكلاییكردنەوەی ئەو كێشانەی لە جێبەجێكردنی یاسا و بڕیارە فیدراڵییەكانەوە سەر هەڵدەدەن.

– یەكلاییكردنەوەی كێشمەكێشەكانی حكوومەتی فیدراڵی و دەسەڵاتە خۆجێیییەكان.

– یەكلاییكردنەوەی كێشمەكێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمەكان و پارێزگاكان.

– پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.

– یەكلاییكردنەوەی كێشەی دەزگە دادوەرییەكانی فیدراڵی و هەرێم و پارێزگاكان.

– دادبینی لەو تانانەی لە بڕیارەكانی پەرلەمان دەدرێن.

– دادبینی لەو تۆمەتانەی ئاراستەی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران دەكرێن[4].

بە گوێرەی ڕێوشوێنەكانی دادگەكەیش، دەرگەی داواتۆمارکردن بۆ هەموو كەس كراوەیە، بە مەرجی ئەوەی داواکار لایەنێكی كێشە (خصم)، یان زەرەرمەند بێت لە بڕیار و جێبەجێكردنەكانی یاسا و ڕێنمایییەكان[5]. بەم پێیەیش دەرگەی بۆ هەموو هاووڵاتیانی عێراق واڵایە داوا بەرز بكەنەوە؛ لەو بڕیارانەیشی لەم دوو ساڵەی دواییدا دژی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان دەرچوون، جاری وا هەیە خاوەنی داوا هاووڵاتیی ئاسایی، یان ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگایەكی عێراق بووە (بەسرە).  

بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەربارەی مووچە

پاش چەندان مانگ دادبینی لە داواكانی ژمارە 224 و 269ی ساڵی 2023 كە لەلایەن دوو گرووپى مووچەخۆری هەرێمەوە بەرز كرابووەوە، دادگەی فیدراڵی لە 21ی شوباتی 2024 بڕیاری كۆتاییی خۆی لە دۆسیەی مووچە و بوودجەی هەرێمدا ڕاگەیاند. بڕیارەكە 20 لاپەڕەیە و وردەكاریی یاسایی و تەنانەت سیاسیی زۆریشی تێدایە و لە پەنا بڕگە و ماددەكانی دەستووردا هەندێ پاساوی لە شەریعەتی ئیسلامیشى بۆ هێناوەتەوە. زەقترین و دیارترین تەوەرەكانی بڕیارەكەیش بریتییە لە پابەندکردنى سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێم بە “بەبانکیکردن”ى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتیى هەرێم لەگەڵ گواستنەوەى بۆ سەر بەغدا لە ڕێگەى بانکە حکوومییە فیدراڵییەکانى دەرەوەى هەرێمەوە. ئەم مووچەیەیش لە پشکى هەرێمى کوردستان لە بوودجەی فیدراڵی دەبڕدرێت.

بۆ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدراڵ لە جێبەجێكردنی بڕیاری “بەبانكیكردن”ی مووچەی فەرمانبەران، دادگەكە ڕۆڵی “نوێنەرایەتیی حکوومەتى هەرێمى کوردستان”ی لە بەغدا لەكار خستووە. میكانیزمی دابەشكردنی مووچەیشی فرەچەشن كردووە بۆ دەروازەکانى پارەدارکردن لە هەرێمى کوردستان، یان ئەو بانکانەی لە كوردستانن و لەلایەن بانکى ناوەندییەوە مۆڵەتیان هەیە [6].

لایەنە ئەرێنییەكانی بڕیارەكە 

بڕیارەكەی دادگە بە شێوەیەكی گشتی پشتی بە چەند بنەمایەكی دەستووری بەستووە كە دەشێت بەئەرێنی لێك بدرێنەوە، لەوانەیش:

– جەختكردنەوە لە ماددەی 14ی دەستوور كە تایبەتە بە یەكسانیی عێراقییەكان بەرامبەر یاسا بەبێ جیاكاری. هەر لەم سۆنگەیەیشەوە مووچەخۆرانی مەدەنی و سەربازیی هەرێمی كوردستانی، هاوتا كردووە لەگەڵ مووچەخۆرانی تری فیدراڵی.

– ستایشی گەلی كوردی كردووە كە “خاوەن بەهای مرۆیی و مۆڕاڵی نیشتمانیی بەرزە”، هەروەها “قوربانیی داوە و خەباتی دوورودرێژی كردووە دژی ڕژێمی پێشوو.”

– جەختكردنەوە لەوەی بێبەشكردنی فەرمانبەرانی هەرێم لە مافەكانی، دژی ماددەكانی (22_36)ی دەستوورە و، بێبەشكردنیان جیاكارییەكی بێبنەمایە.

– ناچاركردنی هەردوو دەسەڵاتە فیدراڵی و هەرێمییەكان بۆ گێڕانەوەی ماف بۆ  هاووڵاتیانی هەرێم؛ ئەمەیش لە بنەڕەتدا داواكاریی هەردوو گرووپی خاوەن داوا بووە.

– پشتڕاستكردنەوەی ئەوەی كە مووچەخۆرانی هەرێم لە كاتی خۆیدا مووچەیان وەرنەگرتووە وەك هاوتا فیدراڵییەكانیان (2023)؛ ئەمەیشی بەپێچەوانەی ماددەكانی 14 و 16 و 22 و 36ی دەستوور لە قەڵەم داوە. بۆ ئەمەیش دەسەڵاتی فیدراڵیی ڕاسپاردووە كە لەمپەرەكان لا ببات.

– جیاكردنەوەی دۆسیەی شایستەیی و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە سیاسەت و بڕیارەكانی حكوومەت[7]. بەپێی ئەمەیش چیتر نابێت پاساوەكانی پابەندنەبوونی هەرێم ببنە لەمپەر لە بەردەم هەناردەكردنی مووچە، بەتایبەت كە دیوانی چاودێریی داراییی بەغدا لە ڕاپۆرتی خۆیدا جەختی كردووەتەوە كە هەرێم بڕی نەوتی هەناردەكراوی بۆ توركیا ئاشكرا نەكردووە، هەروەها داهاتی نانەوتیی ڕاده‌ستی خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دیوانی چاودێریی دارایی وردبینیی تێدا بكات [8].

– لە دواى بەبانکیکردنى مووچە، ئەو مووچانە دەدرێن و نابێت بەقەرز بدرێت. ئەمەیش حكوومەتی هەرێم ڕزگار دەكات لە مۆتەكەی دووبارەكردنەوەی قەرزكردن كە ڕەزامەندیی زۆری پێویستە و كێشەی “سووهاتنەسەر”یشی هەیە.

– جەختكردنەوەی دادگە لەوەی “هەرێمی كوردستان” هەرێمێکی دەستوورییە، مافی لەسەر حکوومەتی فیدراڵ هەیە و داهاتەكان دەبێت بە شێوەیەکی دادپەروارانە دابەش بکرێت.

لایەنە نەرێنییەكان بۆ حكوومەتی هەرێم

لە بڕیارەكانی دادگەدا چەند بنەما و لایەنێك هەن لە بەرژەوەندیی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمیش نین، كە دەشێت ئەمانەی خوارەوە دیارترینیان بن:  

– سەركۆنەكردنی حكوومەتی هەرێم بەوەی ئەو قەرزانەی كردوونی، بەكاری نەهێناوە بۆ مووچەی فەرمانبەران، بەبێ خستنەڕووی بەرچاوڕوونیی زیاتر لەم بارەیەوە. ئەمەیش وەك ئیدانە وایە بۆ حكوومەتی هەرێم.

– پەلهاوێشتن بۆ باسكردنی دەسەڵاتە فیدراڵی و هەرێمییەكان و باسكردنی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی كە دەسەڵاتی تایبەتی فیدراڵییە و بیرخستنەوەی ئەوەی، نابێت دەسەڵاتە دەستوورییەكان پێشێل بكرێن. ئەم سەرنجەیش هەرچەندە هاوتایە لەگەڵ دەستوور (ماددەی 110)، بەڵام تێكەڵكردنی لەگەڵ بابەتی مووچە و بیرهێنانەوەی، دەشێت ببێتە دەرفەت بۆ بەرزكردنەوەی داوای نوێ لەو بارەیەوە.

– بڕیارەكە لە زۆر جومگەدا بازی داوە بەسەر وەزارەتی داراییی هەرێم. بۆ ڕێكخستنی لیستی مووچەیش ڕێوشوێنێكی پەسەند كردووە كە بەم جۆرەیە:

بەرپرسی باڵاى فەرمانگە و دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان بەرپرسیارێتیى دروستیى زانیارییەكانی فەرمانبەران دەگرنە ئەستۆ، لە پرۆسەی بەبانکیکردنى مووچەى فەرمانبەران و گواستنەوەى بۆ سەر بەغدا لە ڕووى ژمارە و پلە و بڕى مووچەکانیان. هەروەها  دەبێت ئەو لیستى مووچانە لەلایەن سەرۆکى باڵاى دامەزراوەکە و بەڕێوەبەرانى وردبینیى دارایی، بەشی دارایی، سەرچاوە مرۆیییەكان واژۆ کرابێت. لەم میكانیزمەیشدا خۆلادان و خۆبواردن لە ناوهێنانی “وەزارەتی دارایی” هەیە؛ لە بەرامبەردا وەزارەتی داراییی فیدراڵی، كراوە بە سەنتەر و مەرجەعی وردە فەرمانگەكانی هەرێم.

 لێكەوتەكانی بڕیارەكە لەسەر حكوومەتی فیدراڵ   

بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی دەربارەی مووچە، چەند جۆرە لێكەوتەیەكیان هەیە، لە مەودای نزیك و مەودای دووردا:

١- لە مەودای نزیكدا خەرجی و بارگرانیی زۆری كارگێڕی و دارایی بۆ حكوومەتی فیدراڵی دروست دەكات، لە كاتێكدا قسەوباسی زۆر هەیە كە كێشەی سیولەی نەختینەییی هەیە، چونكە بڕیارەكە حكوومەتی پابەند كردووە بە ڕەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە هەموو بارودۆخێكدا؛ تەنانەت ئەگەر هەرێمیش پابەند نەبێت بە یاسای بوودجە.

بەم هۆیەوە و لەم سەروبەندەدا پارێزەرەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، لە 11ی شوباتی 2021 دا جەختیان لەوە كردووەتەوە “حکوومەتی فیدراڵی تایبەتمەند نییە بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و دوور لە پشکی هەرێمی کوردستان. بۆچوونی پارێزەرەكان ئەوە بووە بە گوێرەی ماددەی 121 لە دەستوور، حکوومەتی فیدراڵی پابەندە بە تەرخانکردنی پشکێکی دادپەروەرانە لە داهاتە فیدراڵییەکان بە گوێرەی ڕێژەی دانیشتووان”. هەروەها پارێزەرەکانی سوودانی گوتوویانە، حکوومەتی فیدراڵی بە گوێرەی یاسای بوودجەی فیدراڵیی (2023، 2024 و 2025) پابەند نییە بەوەی ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات، چونکە ماددەی 13ی بوودجە (2023) پشکەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکەیەک دادەنێت و، ئەویش لە چوارچێوەی بوودجەی گشتیی فیدراڵی یەک دەخرێت. لە نووسراوێكی دادگەکەدا هاتووە، “پارێزەرەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەیان بە  چەندان بڕگەی یاسای بوودجەی فیدراڵیی عێراق کردووە بۆ بەرگریکردن لە بۆچوونەکەیان، لەوانەیش: بەشێك لە ماددەی 12 کە دەڵێت، “وەزارەتی داراییی فیدراڵی شایستەکانی هەرێمی کوردستان دەدات بە شێوەیەکی مانگانە دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان بڕگەکانی (ا.ب.ج.د) لەو بەندە جێبەجێ دەکات.” ئەو بڕگانەیش تایبەتن بە ڕادەستكردنی داهاتی نەوتی بە ڕێژەی 400 بەرمیلی ڕۆژانە، لەگەڵ پاكتاوكردنی بوودجەی ساڵانی ڕابردوو.

ئەو پارێزەرانە ئەوەیشیان ڕاگەیاندووە، هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە بڕگەکانی یاسای بوودجەی فیدراڵییەوە؛ بۆیە سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەند کراوە بە گوێرەی دەقە یاسایییەکان و بەتایبەتی بڕگەی یەکەم لە ماددەی 13 لە یاسای بوودجەی فیدراڵی، شایستەکانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت؛ لەنێویدا شایستەی فەرمانبەران.[9]

٢- بڕیارەكە لە مەودای دووردا زەبری گەورە لە فیدراڵیزمی دارایی دەدات ئەگەر كۆتاییی پێ نەهێنێت، چونكە حكوومەتی فیدراڵ دەكاتە سەرچاوەی مووچەی خەڵكی كوردستان. هەندێك بۆچوونیش پێیان وایە ئەم بڕیارە بەکردار کۆتایی بەو سەربەخۆیییە دارایییە دەهێنێت كە لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێم كەڵكی لێ بینیوە و لەسەری وەستاوە؛ بەر لەوەی ئەو سەربەخۆیییە دارایییە تووشی ئیفلیجی ببێت لە پاش 25ی ئاداری 2023 كە تێیدا فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بە بڕیاری دادگەی ناوبژیوانیی پاریس وەستا[10]. ئەم پێشهاتەیش خزمەت بە ناوەندگەرایی و بیرۆكەی “عێراقی بەهێزی یەكگرتوو” دەكات كە ئەجێندای زۆر لە هێزە سیاسییە حوكمڕانەكانی شیعەیە.

لێكەوتەكان لەسەر حكوومەتی هەرێم

بڕیاری دادگە لەبارەی مووچە، بەشێكە لە زنجیرەیەك بڕیاری تری جومگەیی دەربارەی هەرێم (دۆسیەی نەوت، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، هەمواری یاسای هەڵبژاردن و…) كە بەدەرە لە سازان و ڕێكکەوتنە سیاسییەكانی جاران لەگەڵ بەغدا. بڕیارەكانیش بەشێكن لە هاتنەسەرهێڵی بەردەوامی دادگەكە بۆ نێو وردەكارییەكانی ژیانی سیاسی و ئابووری و كارگێڕیی هەرێم، هاوشێوەی ناوچەكانی تری بندەستی حكوومەتی فیدراڵ.

بەپێی ئاماژەكانی ئەم دوو ساڵەی دوایی، لە قۆناغی داهاتوودا دادگە دەبێتە بكەرێكی سیاسیی كارا لە سیستەمی سیاسیی كوردستان و عێراق، بەم هۆیەیشەوە لە سەرجەم یاسا و  ڕێنمایییەكاندا لەبەرچاوگرتنی بڕیار و بۆچوونەكانی، دەكاتە پێویستی، بەتایبەت لە پەرلەمانی داهاتووی هەرێمدا. ئەمەیش گۆڕاو و پێشهاتێكی نوێیە لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەم دادگەیە لە پاش 2005 هەمان ئەم دەسەڵاتانەی ئێستای هەبووە، بەڵام لە قۆناغ و ستافی پێشوویدا  دەرگەی نەكردووەتەوە بۆ ئەوەی ببێتە ناویژیوان و لایەن لە كێشە ناوخۆیییەكانی كوردستان یان كێشەكانی هەولێر و بەغدا؛ لە كاتێكدا پێشهاتی زۆر هەستیار هەبوون لە چەشنی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم  (حوزەیرانی 2013) و قەیرانی سەرۆكایەتیی هەرێم (2015) و زۆر پێشهاتی تری سیاسی و یاسایی.

بەلایەنبوونی دادگەی فیدراڵی لە پرسە ناوخۆیییەكانیش پێشهاتێكی ناسازە بۆ حكوومەت و لایەنی جێبەجێكردن لە كوردستان، چونكە سروشتی بڕیاری دادگەیی وەهایە کە، بنجبڕە، تیژە، گوێ بە سازان و ڕێككەوتن نادات، نەرمكێشیی تێدا نییە و بەپێی دەستووریش میكانیزمێك نییە بۆ تانەدان لە بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی و، دوا قسە لە لای ئەوە (ماددەی 94).

سیستەمی سیاسی و حیزبیی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی تری عێراق زۆرتر پشت بە بەرخۆری (الريعية) و بەخشینەوە (الزبائنية) دەبەستێت، لەم سۆنگەیەیشەوە سەرچاوەی مووچە و بوودجە لە هەر کوێوە بێت، پشتیوانی و سۆزی خەڵکیش بۆ خۆی ڕادەکێشێت. گەڕانەوەی مووچە لە هەرێمەوە  بۆ ناوەند بەتەنیا و لەكارخستنی كردەیییانەی وەزارەتی داراییی هەرێم، دەشێت كاریگەری و لێكەوتەیش لەسەر نەخشەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دروست بكات لە بەرژەوەندیی هێزی تری نوێ.

خوێندنەوە یاسایییەكانی كۆی بڕیارەكانی دادگە

بۆچوونێكی یاسایی هەیە پێی وایە، بڕیارەكانی دادگە دەربارەی هەرێمی كوردستان لە دوو ساڵی دواییدا، لەنێویشیاندا دەربارەی مووچەی فەرمانبەران و یاسای هەڵبژاردن، قۆناغێكی نوێیە لە ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەقە دەستوورییە پەتییەكان دوور لە ڕێككەوتنە سیاسییەكان و “پڕەنسیپی شەراكەت و هاوسەنگی” كە جاران بنەما بوون لە دیموكراسییەتی تەوافوقیدا. بەپێی ئەم بۆچوونە پێشتر سازان و پێكهاتنی سیاسی لەسەروو دەستوورەوە دادەنرا، بەڵام دادگەكە ئێستا دەیەوێت ئەم بنەمایە هەڵوەشێنێتەوە و پەیوەندییەكە بگێڕێتەوە بۆ چوارچێوەی دەقەكان[11]. ئەم هاوكێشە نوێیەیش لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان نییە، چونكە دەسەڵات و پێگەكەی، لە دەستوور و هەرێمێكی فیدراڵ زیاتر و بەرینترە؛ ئەگەریش بگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەی دەستوور، ئەوە زۆر لە دەسەڵاتە دیفاكتۆكانی لەدەست دەدات، لە چەشنی: نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی لە وڵاتان و زۆر ئیمتیازی تری لەو چەشنە.

بۆچوونێكی تر پێی وایە دادگە ئێستا بەكردەیی دەستوور هەموار دەكاتەوە و لە ڕێگەی شرۆڤەكانییەوە، مانای نوێ بە دەقەكانی دەستوور دەبەخشێت، بەتایبەت پاش ئەوەی دەركەوتووە هەمواری دەستوور بە ڕێگە باوە نەریتییەكەی، كە ڕاپرسییە (ماددەی 142)، لە ئێستادا ئەستەمە و هەندێك لەمپەری جددیشی لەپێشە[12].

ئەم هەموارە ڕانەگەیەنراوەی دەستووریش ئەگەر گریمانەیەكی ورد و دروست بێت، ئەوە لە كاتێكدایە كە بكەری سیاسیی كورد لە دۆخی لاوازی و قەیرانی دارایی و پەرتەوازەییدایە و بەشێكی زۆر لە هێزی پاش 2005ی لەدەست داوە؛ جگە لەمەیش ئەمریكییەكان كە خاوەنی دەستوورەكە و باوكی دامەزرێنەری ڕژێمەكەن، وەك جاران ناچنە نێو وردەكاریی پرسە سیاسییەكانی عێراق و لە هەمبەر زۆر بڕیاری دادگەی فیدراڵیدا كە پێگە و دەسەڵاتی هەرێمی كەم كردووەتەوە، بێدەنگیان هەڵبژاردووە (هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گاز بە نموونە). لە ناوەندی سیاسیی كوردییشدا داننان هەیە بەوەی بڕیارەكانی دادگە دوو دیویان هەیە: لە ڕواڵەتدا پاڵنەری سیاسیییان پێوە دیار نییە و یاسایی و وردن، بەڵام لە سێبەردا لێكەوتەی سیاسییان هەیە[13]. ئەمەیش بە مانای ئەوە دێت شارەزایانە دادەڕێژرێن و كۆكن لەگەڵ گیانی پابەندیی دەستووری، كە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان نییە.

تۆمەتە سیاسییەكانی سەر دادگەكە

ئامانجی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە پێكهێنانی دادگەی باڵای فیدراڵی، دروستكردنی هێڵێكی بەرگری بوو لە سەروەریی یاسا لە عێراقی پاش سەددام (2003). ئەم دادگەیەیش لە سەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتی دادوەری دانراوە كە ئەویش لە چەند جومگەیەكی تری سەرەكی پێك دێت[14]. بەڵام زۆر جار دادگەكە تۆمەتبار كراوە بەوەی بەرگری لە تائیفەگەری دەكات، بەو پێیەی ئەندامەكانی بەپێی نەخشەی تائیفی پێك دێن (شیعە، سوننە، كورد)؛ هەروەها دادگەكە دەرچەی یاساییی كردەوە بۆ ئەوەی نووری مالیكی بۆ جاری دووەم بە سەرۆكوەزیران ڕابسپێردرێت[15]، لە كاتێكدا ئەیاد عەلاوی و لیستەكەی (العراقیة) براوە بوون (2010).

لە ئێستایشدا دادگەكە بەوە تۆمەتبارە كە فەرمان لە “فایەق زەیدان” وەردەگرێت كە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەرییە و هاوپەیمانی بەرەی ئێرانییە لە عێراق. ئەوەیش دەگوترێت، ناوبراو بەهۆی هەموارە یاسایییەكان و دەسەڵاتە زۆرەكانییەوە كۆنترۆڵی دادگەی باڵای فیدراڵیی كردووە، بەتایبەت هی سەرۆكەكەی (جاسم محەمەد عەبود). هەر لەم ڕێگەیشەوە زنجیرەیەك بڕیاری لە بەرژەوەندیی “چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعی” و دژی ڕكابەرەكانی (ڕەوتی سەدر، حەلبووسی، پارتی) دەرکردووە[16]. ئەوەیشی نیگەرانییەكان لە دادگەكە زیاتر دەكات ئەوەیە، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری، فایەق زەیدان لە چەند لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا، بۆچوونی سیاسیی خۆی ئاشكرا كردووە و، نەیشاردووەتەوە کە دژی پێكهێنانی هەرێمە لە عێراق و ئاماژەی كردووە كە ڕێگەی پێ نادات؛ لە كاتێكدا ئەمە مافێكی ڕێگەپێدراوی یەكلاییکراوەى پارێزگاكانە لە دەستووردا (ماددەی 119). زەیدان بەوە پاساوی هێناوەتەوە بۆ ئەم قسەیەی، كە بارودۆحی ئێستا لەچاو “دۆخی داڕشتنی دەستوور گۆڕاوە”. هەروەها پاساوێكی تری ئەوەیە زۆربەی ئەوانەی لەگەڵ پێكهێنانی هەرێمەكان بوون؛ “ئێستا بۆچوونیان گۆڕاوە”، بەبێ ئەوەی ناوبراو ئاماژە بە هیچ داتا و ڕاپرسییەك بكات.

بە لای فایەق زەیدانەوە هەرێمی كوردستان “دۆخێكی تایبەتی دانپێدانراوی هەیە” چونكە “واقعێكی جوگرافی و نەتەوەییی بەر لە بەركاربوونی دەستوورە”؛ هەروەها “لە 1991 لە دەرەنجامی گرتنی كوێت و لێكەوتە خراپەكانی سیاسەتی شكستخواردووی ڕژێمی پێشوو دروست بووە” [17]. بەم پێیەیش سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری، یان خۆی لا داوە یان بێئاگایە لە پێشینەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و شۆڕش و بزووتنەوەكانی؛ شەرعییەتی هەرێمی كوردستانیشی كورت كردووەتەوە بۆ یەكێك لە دەرەنجامەكانی داگیركردنی كوێت و “سیاسەتە شكستخواردووەكانی ڕژێمی پێشوو”. ئەم لێدوان و خوێندنەوەی “زەیدان”یش ڕەخنە و كاردانەوەی سیاسی و دادوەریی جۆراوجۆری بە دوای خۆیدا هێنا، بەو پێیەی ڕادەربڕینی سیاسیی سەرۆكی دەزگەی دادوەری و ڕەتكردنەوەی مافە دەستوورییەكان، جگە لە نەگونجانی، “ڕووداوێكی بێپێشینە”یشە، لانی كەم لە عێراقی پاش 2003[18]

بۆچوونێكی تر هەیە پێی وایە لە ئێستادا دادگە لایەنێكی سیاسییە و ئەركی پاراستن و چەسپاندنی “سیستەمی ئۆلیگارشی”ى حوكمڕانە لە عێراق لەبەر ڕۆشناییی هاوكێشەی هێز؛ ئەم ئەركەیش هاوشێوەی ئەركی هێزەكانی “حەشدی شەعبی”یە كە ئەركی “پاراستنی سیستەمی سیاسی”ى خراوەتە ئەستۆ[19]. نزیك لەمەیش هەندێ چاودێرى تری بڕیارەكانی دادگەكە، سوورن لەسەر ئەوەی بڵێن دادگەی فیدراڵی لە ئێستادا “لەسەر خواستی كارەكتەری بەهێزی شیعی بڕیاری دیلیڤەری دەردەكات!”[20] لەسەر ئەم تۆمەتەیش دادگەكە هاتە سەر هێڵ و تۆمەتەكەی بە “نائەخلاقی” دایە قەڵەم و نووسراوی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كە بەرەنگاری خاوەنەكەی و ئەو مینبەرانەیش ببنەوە كە لێوەی بڵاو دەكرێتەوە[21].

بژاردە بەردەستەكان

لەو دۆخی بەدگومانی و ڕەخنانەی هاتوونەتە پێشەوە لە دادگەكە و بڕیارەكانی، بژاردەی دەستووری و بەردەست، هەوڵدانە بۆ دەركردنی یاسای دادگەی فیدراڵی بە دەنگی 2/ 3 پەرلەمانتاران و دروستكردنی دادگەیەكی دەستووری كە زیاتر جێگەی متمانە بێت و میكانیزمەكانی پێكهێنانی، زیاتر جێگەی ڕەزامەندی بێت؛ هەروەها دادوەرەكانیشی زیاتر پسپۆڕی یاسای دەستووری بن وەك لەوانەی ئێستا.

لەسەر ئاستی بڕیاری مووچەیش دادگە چەند دەرگەیەكی بۆ چارەسەركردن كردووەتەوە؛ بۆ وردەكارییەكەیشی جگە لە دانوستانی ورد و هەوڵدان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ لەبارەی میكانیزمەكان، چارەیەكی تر بەردەست نییە، چونكە لە كوردستان ژیانی سیاسی و یاسایی كێشەی زۆری هەیە؛ لە لایەك پەرلەمانی نییە، لە لاكەی تر دابەشبوونی سیاسی هەیە.

بۆ گێڕانەوەی سەنگ و هێزیش بۆ بژاردەی فیدراڵیزم، جگە لە هەوڵدان لەگەڵ وڵاتانی ئەمریكا و ئەو ئەوروپییانەی پەیوەندیدارن بە هەرێم، ڕێكخستنەوەی ناوخۆی كوردستان و دروستكردنی كۆدەنگی لەسەر خاڵە نەگۆڕە گشتگیرەكان یەكێكە لەو ڕێگەیانەی دەشێت هێز بداتەوە بە قەوارەی دەستووریی هەرێم، ئەگەرنا نزیكترین سیناریۆ لە هەرێمی كوردستانەوە دۆخی پارێزگا سوننەنشینەكانە كە جگە لە بزربوونی پرسی ناوەندیی پێكهاتەكەیان، وردە وردە خەریكە پێگە و پۆستەكانیشیان  لەدەست دەچێت و مانەوەی ماوەدرێژی “كورسیی سەرۆكایەتیی پەرلەمان”یش بەچۆڵی، نموونەیەكی زەقە.

[1]  https://www.iraqfsc.iq/news.1518/

[2]  https://bit.ly/3Po6Grt

[3]  https://www.iraqfsc.iq/news.4663/

[4]  https://bit.ly/49Tijy8

[5]  https://bit.ly/430v4VE

[6]  https://bit.ly/3UYiK6m

[7]  https://bit.ly/48yxAU6

[8]  https://bit.ly/435QBft

[9]  https://bit.ly/4bVHdyV

[10]  https://bit.ly/3wBIvPH

[11]  https://bit.ly/3ThqqPO

[12]  https://bit.ly/3V0rskw

[13]  https://bit.ly/3URAgci

[14]  https://bit.ly/3P2fF10

[15]  https://www.ina.iq/99360–.html

[16]  https://bit.ly/4c63qL0

[17]  https://www.ina.iq/203350–.html

[18]  https://bit.ly/3TefcLU ؛

 https://bit.ly/3TfMtpO
https://bit.ly/49S2WpP

[19]  https://bit.ly/3V0apPk

[20]  https://bit.ly/3P66Tz9

[21]  https://bit.ly/3uNWGk5

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

ترەمپ گەڕایەوە کۆشکی سپی: لێکەوتەکانى بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟… زیاتر

6 days ago

ئیدارەی ترەمپ و عێراق: چی بەڕێوەیە؟

نووسەر: مایکڵ نایتس وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە… زیاتر

6 days ago

بـەرەو نوێـکردنەوەى سیستـەمى دڵنیاییى جـۆرى لە زانکـۆکان

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین پێشەکى نزیکەى پازدە… زیاتر

1 week ago

مەترسی و دەرفەتەكانی بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستان لە گەڕانەوەی “ترەمپ”دا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق گەڕانەوەی دۆناڵد… زیاتر

2 weeks ago

کۆبوونەوەی لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) بە ئامادەبوونی کام وڵاتان بەڕێوە دەچێت؟

ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی… زیاتر

2 weeks ago

گەڕانەوەی ترەمپ؛ کۆتاییهاتنی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ڕێخۆشکردن بۆ ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران؟

ن: یۆرۆنیوز وەرگێڕانی: پێنووس ڕەنگە ماوەی ئێستا تا دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی… زیاتر

2 weeks ago