(لۆژیکی دادگە: ئەوەى کە من دەیبینم بۆ ئێوە، هەر ئەوەیە)
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران
دیباجەى بڕیارەکە لە حوکمەکانى کۆتایی مەترسیدارترن
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق ڕۆژى 21/2/2024 حوکمى دەرکرد سەبارەت بە هەردوو سکاڵاى ژمارە 224 و 269 لە ساڵی 2023 کە بۆ هەمان مەبەست لاى دادگە بەرز کرابوونەوە و پەیوەست بوون بە گرفتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان. هەردوو داواکە تایبەت بوون بە مووچەى مانگى تەممووز و ئابی ساڵی 2023 هەروەک لە لاپەڕە یەکی بڕیارى دادگەکەدا هاتووە. بڕیارەکە لە دووتوێی 20 لاپەڕەدایە؛ ئەوەى کە سەیرە دیباجەى بڕیارەکە هەژدە لاپەڕە و نیوە. ئەگەر بەوردی دیباجەکە بخوێنیتەوە لە ناواخندا یان لە هەندێ شوێنی، ڕاستەوخۆ لە بڕیارەکە مەترسیدارترە بۆ هەرێم. گەرچی ناتوانین بەتێروتەسەلى باس لەو دیباجەیە بکەین، بەڵام دەتوانین لەم چەند خاڵانەى خوارەوەدا پوختى بکەینەوە و ئاماژەیش بە ژمارەى لاپەڕەکانى بڕیارەکە بدەین:
لە سەرەتادا باس لە بێبەشکردنى هەردوو مووچەى مانگى تەممووز و ئابی 2023 دەکات، نەک تەواوى مووچەکانى فەرمانبەرانى هەرێم (ل1). هەر لەو نێوانەدا ئاماژە بەوە دەکات کە نابێ فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان باجی ململانێ سیاسییەکان بدەن لە ئێستا و لە داهاتوودا (ل1و2)؛ ئەمەیش هەمان گوتارى سیاسیی حکوومەتى هەرێمە بۆ ئەو حاڵەتە و ئەوان جەختیان لەسەر کردۆتەوە. دادگە جەخت لەسەر ئەوەیش دەکاتەوە کە دەسەڵاتى ئەوان تەنیا لەسەر دەستووریبوونى یاساکانە نەک پابەندکردنى دەسەڵاتى جێبەجێکردن بۆ ئەوەى کارێک ئەنجام بدات (ل2). بەمەیش خۆى بێبەرى دەکات لەوەى کە ڕووی داوە و کە ڕوو دەدات. تەواوى جێبەجێنەکردنى یاساى بوودجەى ساڵی 2023ى، خستۆتە ئۆباڵی حکوومەتى هەرێم؛ ئەوەیشى بە دەرچوون لە یاسا و پێشێلی دەستوور ناوزەد کردووە. لە لایەکی تریشەوە بەناڕاستەوخۆیی هەرێم بەوە تاوانبار دەکات کە بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵیی جێبەجێ نەکردووە کە بڕیارەکانى پابەندکەر و یەکلاکەرەوەن. ئاماژەیش بەوە دەکات کە: بەپێی ماددەى 36 لە پەیڕەوى دادگەى فیدراڵی، ئەوەى کە ڕێگرە لە جێبەجێکردنى بڕیارەکانى، خۆى تووشى لێپرسینەوەى یاسایی دەکات.
ئەمە یەکێک بوو لە بڕیارە دەگمەنەکانى دادگە کە لە دیباجەکەیدا بۆ سەلماندن پەناى بۆ شیکردنەوەى ئایینى بردووە سەبارەت بە یاسا و فەرمانڕەوایی و، باس لە ژیانی شایستە دەکات بۆ مرۆڤەکان، بەڵام تەواوى شیکردنەوە ئایینییەکە، مەزهەبییانەیە و هەر لەو ڕوانگەیەوە باس لە فەلسەفەى دەوڵەتدارى و حوکم دەکات (ل10). دواتر باس لەوە دەکات ئەگەر فەلەسەفەى دەوڵەتدارى بەو شێوەیە نەبێ، هەستى دژایەتى بۆ دەوڵەت دێنێتە ئاراوە و یەکپارچەییی وڵاتیش دەخاتە مەترسییەوە (ل 10)، بەڵام دوور و نزیک باس لە واقعی دەوڵەتداریى ئێستاى عێراق ناکات. دواتر هەوڵی داوە هەست و سۆزى گەلی کورد ببزوێنێ و واى دەرخستووە کە دادگە لە بەرەى ئەواندایە دژ بەو ستەمەى کە لە هەرێم لێیان دەکرێ (ل10) و، ئەو واقعەى کە ئێستا لە هەرێم کەوتۆتەوە لە بڕینى مووچە و بوودجە و قووتبڕین، ئەوان لێی بەرپرسیار نین و هەموو بەرپرسیارێتییەکەى خستۆتە سەر حکوومەتى هەرێم، بەوەى کە حکوومەتى هەرێمە ناهێڵێ گەلی کورد ژیانێکی شایستەى هەبێ بەپێی ماددەى 30 دەستوور (ل11) و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆیش ئەوەمان پێ دەڵێ کە حکوومەتى هەرێمە دەستى داوەتە تاڵانکردنى دەرامەت و داهاتى هەرێم و گەلی کوردیان لێ بێبەش کردووە (ل 12).
هەر بەو شێوازە ناڕاستەوخۆیە بە هەرێمی کوردستان دەڵێ و تاوانبارى دەکات کە حکوومەتى هەرێم بەربەستى ڕاستەقینەیە لە بەردەم جێبەجێکردنى دادپەروەرى و ئاسایشی کۆمەڵایەتى. لەو بارەیەوە دادگە پابەندیى خۆى بە بەرژەوەندیى گشتیى گەلەوە بەستۆتەوە هەروەک ئەوەى کە خۆى وێناى دەکا و لە سەروو ئامانجە دەستوورییەکانەوە دەیبینێ. ئەوەیش هەوڵێکی جددییە بۆ هەموارکردنەوەى دەستوور، بەوەى کە دەستوورەکەى ئێستا، هەرچەندە لە چەند شوێنێکی دیباجەکە وەسفی دەکات، بەڵام بە دەستوورێکی بێکەڵکی دەزانێ و بەناڕاستەوخۆ ئاماژەیە بۆ پێویستبوون بە هەموارکردنى؛ ئەویش بەو بیانووەى کە ئەو ئامانجانەى لە دەستووردا هاتوون، ناتوانن بەرژەوەندیى گشتى بێننە دی.
سەبارەت بە سامانى نەوت و گازیش، بەدەر لە هەرێم وەک یەکەیەکى فیدراڵی، یەکلایی دەکاتەوە کە سامانێکی گشتیى گەلی عێراقە و دەبێ لەلایەن دەسەڵاتى فیدراڵییەوە بەڕێوە ببردرێ؛ ئەمەیش پێچەوانەى خودی دەستوورە. هەر بەناڕاستەوخۆیش ئاماژە بەوە دەکات کە هەرێم یەکەیەکى فیدراڵی نییە و لە دەستوور دەرچووە و بونیادەکانى هەرێمێکی تەواوى تێدا نییە؛ لە چەندان شوێنیش پێشێلی دەق و دەسەڵاتە دەستوورییەکانى کردووە.
لەوە زیاتر، جەخت دەکاتەوە لەسەر دەسەڵاتە دیپلۆماسییەکان، بەوەى کە لە تایبەتمەندیى دەسەڵاتى فیدراڵیدان و هەرێم ئەو مافەى نییە. دادگە دەیەوێ وای دەربخات کە هەرێم ئەوەندەى وەک دەسەڵاتێکی هاوتەریب لە تەک دەوڵەتى عێراق ڕەفتار دەکات، ئەوەندە وەک هەرێمێکی فیدراڵی ڕەفتار ناکات؛ ئەوەیش مەقبووڵ نییە و، پێویستە پەرلەمان و دەسەڵاتى ڕاپەڕاندن ئەو حاڵەتە چارەسەر بکەن (ل 15). لە لایەکی تریشەوە بۆ کەمکردنەوەى دەسەڵات و پێگەى هەرێم و هیچ حیسابنەکردنێک بۆ هەرێم وەک یەکەیەکی ناو دەوڵەتى فیدراڵی، باس لەوە دەکات کە دامودەزگە حکوومییەکانى هەرێم دەتوانن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و دوور لە نوێنەرایەتیى هەرێم لە بەغدا پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتى داراییی عێراقی ببەستن (ل 15). لە ئاکامیشدا ئەوەمان پێ دەڵێ کە ئەوە تێگەیشتنى تەواو و یاسایییانە و دەوڵەتەمەدارییە لە دەستوور و هەر حیسابیش بۆ ئەو تێگەیشتنەمان دەکرێ و هەر بەو دیدگەیەیشەوە دەستوور جێبەجێ دەکەین (ل 15).
لە بڕیارەکەدا زۆر جەخت لەسەر وەزارەتى داراییی عێراقی کراوەتەوە و، کراوەتە سەنتەرى دارایی و هیچ حیسابێک بۆ هەرێم نەکراوە؛ واتە لە پڕەنسیپی فیدراڵییەتەوە خزاوە بۆ سێنترالیزم. بەو پێیەیش لەم بارودۆخە سەختەى عێراق ئەوەى کە لەناو حکوومەت حوکم دەکات، وەزارەتى دارایییە و بەس، وەزارەتى داراییش لەلایەن “مالیکی”یەوە ئاڕاستە دەکرێ، مالیکیش یەکێکە لە بکەرە سیاسییە ئەکتیڤەکانى ئێران لە عێراق. لەوەیش زیاتر، دادگە لە دیباجەکەیدا بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو چەند گوژمە پارەیەى کە لەلایەن حکوومەتى فیدراڵییەوە وەک قەرز دراوەتە هەرێم، پێچەوانەى یاساى بوودجەى ساڵێ 2023یە.
ئەگەر سەرنجێکی ورد لە تەواوى دیباجەى بڕیارەکە بدەین: تەواوى بەرپرسیارێتیى خستۆتە سەر هەرێم و ئەوى بە گرفت بۆ چارەسەرى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا داناوە، بێ ئەوەى دوور و نزیک باس لە حکوومەتى فیدراڵ بکات، بەوەى کە تا چەند بەرپرسیارێتیی دەکەوێتە سەر؛ بەڵکوو لەو دیباجەیەدا بەمەبەست و ئەنقەست دادگە و حکوومەتى فیدراڵییان لە بارودۆخەکە بێبەرى کردووە. لە کۆتاییشدا بەناڕاستەوخۆ دەیەوێ سەرۆکی وڵات بێنێتە ناو هاوکێشەکەوە، بەوەى کە ئەو وەک پارێزەرى دەستوور و جێبەجێکردنى و یەکڕیزیی وڵات، دەبێ ڕۆڵی دەستووریى خۆى ببینێ؛ ئەویش بەو مەبەستەی کە لەو ڕێگەیەوە درزێکی تر بخاتە ناو یەکڕیزیی کورد و، سەرۆککۆماریش سیماى کوردی لێ بسەنێتەوە.
ئەی دیباجەى بڕیارى دووەم سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانى هەرێم دەبێ چۆن بێت؟
بێ گومان ئەویش بە هەمان شێوەى بڕیارى دادگە سەبارەت بە مووچە باس لە چەند تەوەرێک دەکات: فەلسەفەى دەوڵەتدارى- ئەوەى کە خۆیان لێی حاڵین، دەسەڵاتە فیدراڵییەکان لەوانە دەستوەربدەنە کاروبارەکانى هەرێم، بیانووهێنانەوە بۆ زیاتر لە قاڵبدانی هەرێم، شیکردنەوەى دەقەکان لە ڕوانگەى ماف و ئازادییە کەسییەکانەوە لە ماددەى 15 – 46 نەک پرنسیپە فیدراڵییەکان، کە هەرێم تایبەتمەندیى خۆی هەیە، ئەوەشمان پێ دەڵێ کە هەرێم لە دەستوور دەرچووە…هتد. دواکەوتنى بڕیارەکە لە ڕاگەیاندنى، بەو شێوە تێروتەسەلەى بڕیارەکەى مووچە، دەگەڕێتەوە بۆ ئامادەکردنى پێشەکیی بڕیارەکە، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێ کە حوکمەکانى کۆتاییی بڕیارەکەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، ڕاگەێندراون پێش نووسینەوەى بڕیارەکە بە تەواوى، کە ئەمە بابەتێکی دی گەرەکە، چونکە حوکمەکانى بڕیارەکەى مووچەیش پێش هەفتەیەک لە نووسینەوەى بڕیارەکە بە تەواوى و ڕاگەیاندنى.
کەواتە ئامانجی ڕاستەقینەى هەردوو بڕیارەکە چی بوو؟
بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵى؛ پرۆسەیەکی بەردەوامى مەترسیدار
ئەوە جەوهەرى بابەتەکەیە، تا پرسیار لەوە بکرێ: ئایا ئەو بڕیارانەى دادگە، هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ دەبات؟ ئایا پیرۆزبایی بکەین؟ دەستخۆشی لە دادگە بکەین؟ یان وەک هەندێ “سیاسەتمەدارۆکە”ى دی دەڵێن، دەبێ ڕۆژى دەرکردنى بڕیارەکە بکەینە پشوو لە هەرێم، گوایە وەک پرسەیەکی نەتەوەییی لێ هاتووە؟
بەڵام جەوهەرى بڕیارەکان بە دەورى دوو بابەتى گرنگدا دەسووڕێنەوە و بەپێی کات کارى لەسەر دەکەن، ئامانجیش نەهێشتنى قەوارەى هەرێمە، ئەوانیش دوو ڕەگەزەکەى فیدراڵین: سەربەخۆیی (الاستقلال)ى هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەى دەوڵەتى عێراقی فیدراڵ وەک یەکەیەکی فەرمانڕەواییی فیدراڵی؛ دووەمیش وەک بەشداربوو (المشارکة) لە حکوومەت و ئیدارەى فیدراڵیی وڵات وەک هەرێم. بۆ یەکەمیان دادگە کار لەسەر ئەوە دەکات لە تەواوى دەسەڵاتە تایبەتەکانى هەرێم بدات و بەرەو مەرکەزیان بەرێتەوە؛ بەو پێیەیش هەرێم وەک پارێزگایەکی گەورەى عێراق دواى بەغدا مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت و هیچ بەهایەک بۆ هەرێم و نوێنەرایەتییەکەى لە بەغدا دانانرێ و، دەتوانن دامەزراوەکان ڕاستەوخۆ بچنەوە بەغدا. سەبارەت بە دووەمیان: ئەوەیە کە هەرێم لە یەکەیەکی بەشداربووى هەرێمییەوە لە عێراق، بکەنە دامەزراوەیەکی شوێنکەوتە و پاشکەوتەى عێراق و، ڕاستەوخۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وەزارەتى داراییی عێراق. ئێستا بەرەو ئەوە دەچن کە زۆربەی کارەکانى هەرێم، کە پەیوەندیدارن بە دارایییەوە، لەلایەن وەزارەتى داراییی عێراقەوە کۆنترۆڵ کراون.
ئەو بارودۆخەی کە دەگوزەرێ، بەریەککەوتنى هەردوو لا نزیکتر دەکاتەوە، کە دوور نییە شەڕی ناوخۆى سەرتاسەریى عێراقی لێ بکەوێـتەوە، چونکە دادگەى فیدراڵی هیچ دەرچەیەکی بۆ ڕێککەوتن نەهێشتۆتەوە؛ هەر ئەوەیە کە ئەو دەیبینێ و بانگەشەى ئەوە دەکات کە دەبێ هەرێم پێیەوە پابەند بێ و لە دیدگەى دادگەوە تازە گەڕانەوە بۆ پڕەنسیپی فیدراڵییەت نەماوە و ڕێگەیش لە هەر بانگهێشتێک دەگرێ ئەگەر بۆ فیدراڵییەت بکرێ، بەوەى بانگەشەى تائیفەگەرییە و دەرچوونە لە دەستوور.
لێکەوتەى بڕیارەکە لەسەر هەرێمی کوردستان
لەو بارەیەوە دەتوانین ئاماژە بۆ چەند ڕەهەندێک بکەین:
ئایا لایەنە نەرێنییەکانى بڕیارەکە لەسەر هەرێم کەم دەکرێنەوە؟
ئەمە تا بڵێی بابەتێکی ئاڵۆزە. هەندێ ڕێکارى دەستوورى و یاسایی و سیاسی هەن، بەڵام دەبێ حکوومەتى هەرێم بزانێ کە لەگەڵ کێدا مامەڵە دەکات، ئایا بژاردەکان کامانەن؟
ئایا بڕیارەکانى دادگە یەکلاکەرەوەن و هیچ گازەندەیەک هەڵناگرن؟
ئەمە پڕەنسیپە گشتییەکەیە کە بۆ دادگە دانراوە و دەبێ بڕیارەکانى بەو شێوەیە وەربگیرێن و جێبەجێ بکرێن، بەڵام حکوومەتى هەرێم مافی خۆیەتى تێبینیی لەسەر بڕیارەکان هەبێت و داواى پێداچوونەوەیان بکات.
بەڵام لە کوێ؟ لاى کام دەسەڵات؟ بەپێی کام یاسا؟
وەڵامەکە بەم شێوەیەیە: هەر لاى خودی دادگەى باڵاى فیدراڵی و هەر بەپێی دەسەڵاتەکانى خودی دادگەکە، دەتوانێ پێداچوونەوە بکات. ئەویش بەپێی یاساى پەیڕەوی ناوخۆى دادگە ژمارە 1 ساڵی 2021 کە لە ڕۆژنامەى وەقائعی عێراقی ژمارە 4679 لە 13/6/2022 بڵاو کراوەتەوە.
لەو یاسایەدا لە ماددەى ژمارە 45یدا هاتووە: “دادگە لە کاتى پێویستدا بۆى هەیە و هەر کاتێک بەرژەوەندیى دەستووری و گشتى وای خواست، هەموارى پڕەنسیپێک بکاتەوە کە پێشتر لە دووتوێى یەکێک لە بڕیارەکانییەوە حوکمی دەرکردووە؛ بەو مەرجەى کە سەقامگیریی پێگەى یاسایی و مافە بەدەستهاتووەکان نەخاتە مەترسییەوە.” ئەمەیش تەواو بەسەر حکوومەتى هەرێمدا دەگونجێ. بەڵام دادگە لە دیباجەى بڕیارى مووچەدا تەواو ئەو ڕێگەیەیشی بەڕووی هەرێمدا داخستووە، بەوەى هەر سکاڵایەک لاى دادگە بەرز بکاتەوە سوودی نییە، چونکە پێشتر هەڵوێستەکان دژ بە هەرێم وەرگیراون.
کورد دەبێ چی بکا؟
https://www.iraqfsc.iq/krarid/224_fed_2023.pdf
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟… زیاتر
نووسەر: مایکڵ نایتس وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە… زیاتر
ئالان بههائهددین عهبدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سهڵاحهددین پێشەکى نزیکەى پازدە… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق گەڕانەوەی دۆناڵد… زیاتر
ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی… زیاتر
ن: یۆرۆنیوز وەرگێڕانی: پێنووس ڕەنگە ماوەی ئێستا تا دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی… زیاتر