ئالان بههائهددین عهبدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سهڵاحهددین
پێـشەكی
بونيادنانى سيستەمێكى ئابووریى بەهێز لە هەر وڵاتێكدا، پێويستى بە هەبوونى چەند بنەمايەكى ئابووریى تـۆكمە هەيە تاوهكوو هێز و توانست و سەركەوتنى ئەو سيستەمەى لەسەر بونياد بنرێت. بازاڕى كاغەزە دارایییەكان (بۆرسـه) يەكێكە لەو بنەما سەرەكييانەى كە يارمەتيدەرى هێـنانەدیى سيستەمێكى ئابووریى بەهێزە و هۆكارێكه بۆ بەردەوامبوون و سەركەوتنی. بۆيە، هەبوونى ئەم بازاڕە زۆر پێویسته، چونكە بازاڕى كاغەزە دارایییەكان سەرچاوەيەكى گرنگى پێدانی پارهیه به كۆمپانيا پشكدارەكان و كاريگەریى ڕاستەوخۆى هەيە لەسەر ڕێـژە و قەبارەى وەبەرهێنانى بيانى و نێوخۆيى لە وڵاتدا و فاكتەرێكى سەرەكييە بۆ كرانەوەى ئابوورى بەرامبەر جيهانى دەرەوەدا.
ئەمە لە لايەك، لە لايەكى ترەوە ئەم بازاڕە سەرچاوەيەكى گرنگى كۆكردنەوەى داهاتە بۆ دەوڵەت لە ڕێگهى ئەو ڕسووماتانەى كە دەوڵەت بەسەر كۆمپانيا پشكدارەكانى نێو ئەم بازاڕە دەيسەپێنێت لە بەرامبەر ئەو خزمەتگوزاریيانەى كە ئەم بازاڕە پێشكەشى دەكات؛ ئەمە جگە لەوەى ئەم بازاڕە هۆكارێكە بۆ دەرهێنانى ئەو پارانەى كە لە لاى تاكەكانى نێو كۆمەڵگەدا نووستووە و ئامرازێكە بۆ وەگەڕخستنى ئەو پارانە لە ڕێگەی كڕين و فرۆشتنى پشك و قەواڵە دارایییەکانى ئەو كۆمپانيا پشكدارانەى كە خۆيان لەم بازاڕەدا تۆمار كردووە و ئەمەیش بە شێوەيەكى ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆى زيادبوونى ڕێژەى داهاتى تاك لە وڵاتدا لە ئەنجامى ئەو قازانجەى كە لەم پڕۆسەيەدا دەيكات و، بە شێوەيەكى ناڕاستەوخۆش دەبێتە هۆى زيادبوونى ژمارەى كۆمپانيا پشكدارەكان لە وڵاتدا. ههروهها ئەم بازاڕانه ئەوپەڕى شەفافیيەت لە بوارى بازرگانيكردندا فەراهەم دەكەن، چونكە گشت ئەو زانيارييە دارايیيانەى كە تايبەتن بە كۆمپانيا پشكدارەكان، بە شێوەيەكى ئاشكرا و ناوبەناو و ڕێكخراو لەو بازاڕەدا بڵاو دەكرێنەوە بۆ جهماوهر و ئهوانهی مامهڵه به پشك و قەواڵە دارایییەکانى ئهم جۆره كۆمپانیایانه دهكهن.
بۆ هێنانەدیى هەموو ئەو باشییانەى سەرەوە، لە ساڵى (2007) هەنگاو نرا بەرەو دامەزراندنى بازاڕى کاغەزە دارایییەکان لە هەرێمى کوردستان؛ ئەم هەنگاوەیش دامەزراندنى “بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان”ى وەک قەوارەیەکى یاسایى لێ کەوتەوە. بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم قەوارە یاسایییە کارا نەبووە و بە فیعلى دەستى بە کارەکانى نەکردووە لەبەر چەندان هۆکارى سەرەکى کە لەم وتارەدا تیشکى دەخرێـتە سەر.
دامەزراندنى بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان
بیرۆکەى دامەزراندنى بازاڕێک لە هەرێمى کوردستان بۆ ئاڵوگـۆڕکردنى کاغەزە دارایییەکان و ئەو ڕێکارە پراکتیکییانەى لەم بارەیەوە گیرانە بەر، بووە هۆى دامەزراندنى بازاڕێک بە ناوى “بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان”. خاوەندارێتیى ئەم بازاڕە دەگەڕێتەوە بۆ “کۆمپانیاى بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان” کە کۆمپانیایەکى پشکدارى تایبەتە (شرکة مساهمة خاصة) و نزیکەى 57 (پەنجا و حەفت) لە گەورە کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەتى هەرێمى کوردستان و بانکە ڕێگەپێدراوەکان و دەزگە بازرگانییە متمانەپێکراوەکان و دوو وەزارەتى حکوومەتى هەرێم لەم بازاڕەدا خاوەن پشکن و، سەرمایەى ئەم کۆمپانیایە لە کاتى دامەزراندنیدا بریتى بوو لە 10 (دە) ملیار دینارى عێراقى و، سەرەتا لە بەغدا دامەزرا بە فەرمانى کارگێڕیى ژمارە (م.ش./01/74710) له ڕێکەوتى (16/05/2010) و، لە پاشاندا لە هەرێمى کوردستان لقى کردەوە بە فەرمانى کارگێڕیى ژمارە (9671) لە ڕێکەوتى (22/11/2012) و لەژێر ژمارە (1603) تۆمار کراوە. ئەم بازاڕە مۆڵەتى کارکردن و دەستکردن بە ئاڵوگۆڕکردنى کاغەزە دارایییەکانى لەلایەن دەستەى کاغەزە دارایییەکانى عێراقییەوە (هیئة الأوراق المالیة العراقي) بە نووسراويان ژمارە (13/17) له ڕێکەوتى (21/04/2014) پێ دراوە و، ئەم دەستەيە سەر بە ئەنجومەنى وەزيرانى عێراقە و بارەگاکەى لە شاری بەغدايە.
دامەزراندنى بازاڕێک بۆ كاغەزە دارایییەكان لە هەرێمى كوردستان لەسەر شێوەى كۆمپانياى پشكدارى تايبەتەوە بە سەرمايەى تایبەت و لەلایەن كەرتى تايبەتەوە بەڕێوە ببردرێت، هەنگاوێكى گرنگ و بوێرانە بووە لە سەردەمى خۆیدا و، پێویستییەكی حەتمى بوو بۆ تەواوكردنى نەخشەى سەربەخۆبوونى ئابووریى هەرێمى كوردستان کە لە نێوان ساڵانى (2007 – 2014) لەلایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە کارى لەسەر دەکرا؛ بەڵام ئەمانە هیچى نەهاتنە دى، بەهۆى ئەو قەیرانە دارایییەى کە لە ساڵى (2014)وە بەرۆکى هەرێمى کوردستانى گرتووە لە ئەنجامى ململانێى سیاسى و ئابووریی نێـوان و هـەولێر و بەغدا.
بنەماى یاساییى کردنەوەى بازاڕى کاغەزە دارایییەکان لە هەرێمى کوردستان
لە عێراقدا كار بە یاسای كاتیى بازاڕەكانى كاغەزە دارایییەكان دەكرێت و، ئەم یاسایە لە ساڵى (2004) بە فەرمانى ژمارە (74) لەلایەن دەسەڵاتى كاتیى هاوپەيمانان (هەڵوەشێنراو) له عێراقدا دەركرا و لە ڕۆژنامەى وەقايعى عێراقى ژمارە (3983) لە حوزەيرانى ساڵی (2004) بە هەردوو زمانى عەرەبى و ئينگليزى بڵاو كرايەوە. سەرەڕاى ئەو هەموو تێبينی و ڕەخنانەى كە ئاراستەى شێوازى نووسيـن و داڕشتن و ناڕێكیى دەڕبڕين و ناڕوونیى دەستەواژەكانى ئەم یاسایە كراوە، كەچى تاوەكوو ئێستا لە عێراقدا كار بەم یاسایە دەكرێت و بە تاكە چوارچێوەى یاسایی دادەنرێت بۆ ڕێكخستنى كارەكانى بازاڕەكانى كاغەزە دارایییەكان لە چوارچێوەى دەوڵەتى عێراقـدا.
بەپێى بڕگە (4)ى بەشى (دووەم)ى ئەم یاسایە، ياسادانەر ڕێگهی داوە، جگە لە بازاڕى عێراق بۆ كاغەزە دارایییەكان کە بارەگاکەى لە شاری بەغدایه، بازاڕى تر بۆ كاغەزە دارایییەكان لە شارەكانى ترى عێراقدا هەبێت و، دەسەڵاتى پێدانى مۆڵەتى كردنەوەى ئەم بازاڕانەیشى داوە بە “دەستەى كاغەزە دارایییەكانى عێراقى” و کردوویەتى بە بەرزترین دەسەڵاتى کارگێڕى لەم بارەیەوە.
ئەمە لە لایەک، لە لایەکى ترەوە ئەم بڕگە یاسایییەى كە لە سەرەوە ئاماژەى پێ دراوە، بێدەنگیى نواندووە سەبارەت بە دياريكردنى خەسڵەتى ئەو لایەنەى كە بازاڕێكی نوێ بۆ كاغهزه دارایییهكان دەكاتەوە و بەڕێوەی دەبات؛ ئايا ئەم لایەنە كەرتى دەوڵەتە؟ ياخـود كەرتى تايبەتە؟ یاخود به هاوبهشییه لە نێوان هەردوو كەرتدا؟
بۆیه، بە پشتبەستـن بە بڕگە (4)ى بەشى (دووەم)ى یاسای كاتیى بازاڕەكانى كاغەزە دارایییەكانى ساڵى (2004)، مۆڵەت دراوە بە “كۆمپانياى بازاڕى ئەربيل بۆ كاغەزە دارایییەكان – پشكداریى تايبەت” بۆ ئەوەى بازاڕێك لە “هەولێر”ى پايتەخت بكاتەوە بە نـاوى “بازاڕى ئەربيل بۆ كاغەزە دارایییەكان”. ئەم كۆمپانيايە، کۆمپانیایەکى کەرتى تایبەتە و هەر لەلایەن کەرتى تایبەتەوە بەڕێوە دەبردرێت، ئەگەرچى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە ڕێژەى (20%) لە سەرمایەکەى بەشدارە.
ئەزموونى هەبوونى دوو بازاڕ بۆ كاغەزە دارایییەكان لەنێو يەك وڵاتدا ئەزموونێكى ئەمريكيیە و هەر ئەوانيش لە ڕێگهى دەسەڵاتى كاتیى هاوپەيمانان (هەڵوەشێنراو) هێنايانە نێو سيستەمى ئابوورى و یاساییى عێراقى و، ئەم سیستەمە لە چەندان وڵاتى تر پەیڕەو دەکرێت؛ بۆ نموونە هەبوونى بۆرسەى ئەبوزەبى و بۆرسەكانى تر له دوبەى لە وڵاتى ئیمارات، ياخود هەبوونى بۆرسەى قاهیرە و بۆرسەى ئەسکەندەرییە لە وڵاتى میسر.
لە هەرێمى کوردستان بۆ کاغەزە دارایییەکان کار بە چ یاسایەک دەکرێت؟
بۆ ئەوەى بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان لە هەرێمى کوردستان دەست بە کارەکانى بکات، پێویستى بە چوارچێوەیەکى یاسایى هەیە، کە بەداخەوە لە ئێستادا ئەم چوارچێوە یاسایییە بوونى نییە و ئەمەیش لە کاتى دەستبەکاربوونى ئەم بازاڕە کێشەى یاساییى لێ دەکەوێتەوە، چونکە پەرلەمانى كوردستان لە ڕێكهوتی (31/8/1992) بڕيارى ژمارە (11)ى دەركردووە؛ بەپێى ئەم بڕيارە هەر یاسایەك ياخود پەیڕەوێك ياخود ڕێنمایییەک كە لەلایەن دەسەڵاتدارانى حكوومەتى مەركەزیى عێراقەوە لە دواى ڕێكهوتی (23/10/1991) دەركرابێت، ئەوا پێويستیى بە ڕەزامەندیى پەرلەمانى كوردستان دەبێت بۆ ئهوهی له ههرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێن و كاریان پێ بكرێت. ئەم بڕيارەى پەرلەمانى كوردستان شەرعیيەتى دەستووریى وەرگرت بەپێى ماددە (141) لە دەستوورى كۆمارى عێراق بۆ ساڵى (2005) كە دانى نا بە گشت بڕيار و یاساكانی پەرلەمانى كوردستان كە لە نێوان ساڵانى (1992-2005) دەركراوه. هەر بۆيە، بڕيارى ژمارە (11) تاوەكوو ئێستا كارى پێ دەكرێت.
بە بۆچوونى من، كردنەوە و دەستبەكاربوونى “بازاڕى ئەربيل بۆ كاغەزە دارایییەكان” لە هەرێمى كوردستان، پێويستى بە چوارچێوەيەكى یاسایی هەيە كە خۆى لە یاسای كاتیى بازاڕەكانى كاغەزە دارایییەكانى ساڵى (2004) دەبينێتەوە كە دەسەڵاتى كاتیى هاوپەيمانان (هەڵوەشێنراو) لە ساڵى (2004) لە عێراق دەريان كردووە. ئەم یاسایە و گشت یاساكانی ترى دەسەڵاتى كاتیى هاوپەيمانان (هەڵوەشێنراو)، بوونە بەشێك لە سيستەمى یاساییی عێراقى بەپێى بڕگە (ج) لە ماددە (26) لە یاسای بەڕێوەبردنى دەوڵەتى عێراقى بۆ قۆناغى گواستنەوە بۆ ساڵى (2004) كە دانى نا بە گشت ئەو یاسایانەی كە دەسەڵاتى كاتیى هاوپەيمانان لە عێراق لە نێوان ههردوو ساڵى (2003-2004) دەرى كردبوو و گشتيان بوون بە بهشێك له یاسای عێراقى.
لەبەر ئەوەى دەسەڵاتى كاتیى هاوپەيمانان لە عێراق لە نێوان ههردوو ساڵى (2003-2004) وهك جێگرەوەى دەسەڵاتدارانى ناوەند له عێراقدا ڕەفتارى دهكرد، ههروهك ئاماژهی بۆ كراوه لە بڕگە (1) لە بەشى (1) لە فەرمانى ژمارە (1)ی ساڵى (2003) كە دەسەڵاتى كاتیى هاوپەيمانان خۆیان دەريان كردووە، تيايدا هاتووە: “لە عێراقدا، دەسەڵاتى كاتیى هاوپەيمانان گشت دەسەڵاتەكانى حكوومهت ڕایی دەكات بە شێوەيەكى كاتى بۆ بەڕێوەبردنى كاروبارى عێراق…” هەروەها لە بڕگە (2)ى هەمان بەش و هەمان فەرماندا هاتووە: “لە عێراقدا، دەسەڵاتى كاتیى هاوپەيمانان گشت دەسەڵاتەكانى جێبەجێكردن و ياسادانان و دادوەرى ڕایی دەكات بۆ گەيشتـن بە ئامانجەكانى…”
كەواتە، دەسەڵاتى كاتیى هاوپەيمانان لە عێراق لە نێوان ههردوو ساڵى (2003-2004) جێگرەوەى دەسەڵاتەكانى ياسادانان و جێبەجێكردن و دادوەرى بووە لەسەر ئاستى عێراقدا و، وەك حكوومەتى ناوەند و پەرلەمان و دەسەڵاتى دادوەرى لەسەر ئاستى عێراقدا كاری كردووە. ئەمەیش ماناى ئەوەيە كە یاسای كاتیى بازاڕەكانى كاغەزە دارایییەكانى عێراقى (2004) كە لەلایەن دەسەڵاتى كاتیى هاوپەيمانان (هەڵوەشێنراو) دەرچووە وەك ئەوە وايە لەلایەن پەرلەمانى عێراقهوه دەرچووبێت. بۆیە بڕيارى پەرلەمانى كوردستان ژمارە (11)ى ساڵى (1992) ڕێگر دەبێت لە بەردەم ڕاستەوخۆ جێبەجێكردنى یاسای بازاڕەكانى كاغەزە دارایییەكانى عێراقى (2004) لە هەرێمى كوردستان، بەڵكوو ئەم یاسایە پێويستى بە بهركاركردن هەيە لەلایەن پەرلەمانى كوردستانەوە بۆ ئەوەى لە هەرێمی كوردستان جێبهجێ بكرێـت. كەواتە، بهركاركردنی یاسای كاتیى بازاڕەكانى كاغەزە دارایییەكانى عێراقى ساڵی (2004) لە هەرێمى كوردستان لەلایەن پەرلەمانى كوردستانەوە مەرجێكى سەرەكييە بۆ كردنەوە و دەستبەكاربوونى بازاڕى ئەربيل بۆ كاغەزە دارایییەكان، تاوەكوو چوارچێوەيەكى یاساییی دروست ببەخشێت بە گشت ئەو مامەڵە یاسایییانەی كە لەنێو هۆڵەكانى ئەم بازاڕەدا ئەنجام دەدرێت.
پەیوەندیى حکوومەتى هەرێم بە بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان
بیرۆکەى کردنەوەى ئەم بازاڕە، دەگەڕێـتەوە بۆ کابینەى هەشتەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، چونکە بە هەماهەنگیى ئەم کابینەیە لە ساڵى (2007) کۆنفرانسێک بەسترا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کردنەوەى بازاڕێک بۆ ئاڵوگۆڕکردنى کاغەزە دارایییەکان لە هەرێمى کوردستان وەک پێویستییەکى حەتمیى بەدیهێنانى سەربەخۆییى ئابوورى لە هەرێمى کوردستان. ڕێکارەکان و هەنگاوەکان لەم بارەیەوە بەردەوامییان هەبوو تا ئەو کاتەى ئەنجومەنى ئابووریى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەى ژمارە (5)یدا بە بڕیارى ژمارە (14) لە ڕێکەوتى (09/03/2008) بە فەرمى بڕیاری دا بە دامەزراندن و کردنەوەى بازاڕێک لە هەرێمى کوردستان بۆ ئاڵوگۆڕکردنى کاغەزە دارایییەکان.
لەژێر ڕۆشناییى ئەم بڕیارەى سەرەوە، کۆمپانیاى بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان دامـەزرا و حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى دوو وەزارەتەوە بە ڕێـژەى (20%) بەشدارە لە سەرمایەى ئەم کۆمپانیایە و، هەروەها ئەنجومەنى ئابووریى هەرێمى کوردستان بە فەرمانی ژمارە (1710) لە ڕێکەوتى (12/07/2012) بڕیاری دا بە پێکهێنانى لێژنەى حەوکەمە بە مەبەستى سەرپەرشتى و چاودێرى و بەڕێوەبردنى کارەکانى بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان.
واقـعی ئێستاى بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان
لە دواى ئەوەى دەستەى کاغەزە دارایییەکانى عێراقى لە ساڵى (2014) مۆڵەتى کردنەوەى بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکانى بەخشى، پڕۆسەى کردنەوەى ئەم بازاڕە هەر زوو ڕووبەڕووى چەندان کێشە و ئاڵنگارى بووەوە کە ڕێگر بوون لە بەردەم کردنەوەى ئەم بازاڕە و، تاوەکوو ئێستایش بەشێک لەم ئاستەنگانە هەر ماون، سەرەڕاى تێپەڕبوونى دە ساڵ بەسەر پێدانى مۆڵەتى کـردنەوەى ئەم بـازاڕە.
هەر لە سـەرەتاوە، ئەم بازاڕە کەوتە بەردەم دوو ئاڵنگاریی بەهێز: یەکەمیان بریتى بوو لە كردنەوە و بەڕێوەبردنى ئەم بازاڕە لەلایەن كەرتى تايبەتەوە لە هەرێمى كوردستان، چونکە ئەمەیان خۆى لە خۆيدا تاقيكردنەوەيەكى بەهێز بوو بۆ توانستى ئەو كەرتە بۆ بەڕێوەبردنى پڕۆژەیەکى ستراتیژیى ئابوورى لەم شێوەیە. دووەمیان بریتى بوو لە نەبوونى شارەزايى و پسپۆریى پێويست لە هەرێمى كوردستان لە بوارەكانى تايبەت بە کارەکانى بازاڕى كاغەزە دارایییەكان، وەك بوارەکانى یاسایی و ژمێركارى و چاودێريكردن و بەڕێوەبردن و چۆنێتیى كڕين و فرۆشتـن تيايدا و، ههروهها نێوهندگیری (التحكیم) و بنبـڕكردنى ياريكردن بە نرخەكانى پشك و قەواڵە دارایییەکان و هتد. بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم دوو ئاڵنگارییە، کۆمپانیاى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان چەندان ڕێککەوتننامەى لەگەڵ لایەنى دەرەکى بەست بۆ کڕینى سیستەمى کارکردنى بازاڕ و بوارى پێدانى ڕاوێژکارى و هەروەها ڕاهێنان بۆ پێگەیاندنى کادیرى پسپۆر و، هەموو ئەمانەیش بە مەبەستى پەلەکردن بوو بۆ زوو کردنەوەى ئەم بازاڕە.
بڕیار وابوو ئەم بازاڕە لە ڕێکەوتى (20/10/2014) بکرێـتەوە، بەڵام سەرەڕاى هەموو هەوڵەکان، نەتوانرا ئەم بازاڕە بکرێتەوە، چونکە لە ساڵى (2014) قەیرانى دارایى و جەنگى داعش بەرۆکى هەرێمى کوردستانى گرت و سەرەنجام حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە نووسراوى ژمارە (7624) لە ڕێکەوتى (27/11/2014) بڕیاری دا كەوا پەلە نەکرێت لە کردنەوەى ئەم بازاڕە و، دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم پڕۆژەیە بکرێتەوە بە مەبەستى دۆزینەوەى چارەسەرى گونجاو و ڕەخساندنى ژینگەیەکى لەبار بۆ بەڕێوەبردن و کردنەوەى بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان بەپێى پێوەرە جیهانییەکان و بەرزکردنەوەى پێشنیار بۆ ئەنجومەنى ئابوورى بۆ دیاریکردنى کاتى کردنەوەى بازاڕەکە. ئامانج لەم بڕیارە ڕوون بوو: پاراستنى هاووڵاتى و کۆمپانیاکان؛ چونکە ژینگەى ئابووریى هەرێمى کوردستان لەبار نەبوو بۆ کردنەوەى ئەم بازاڕە لە ساڵى (2014)دا.
لەم سۆنگەیەوە، پوختەى واقعى بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکانى هەرێمى کوردستان لە ئێستادا بەم شێوەى خوارەوەیە:
ئەگەرەکانى بەردەم بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان
لە ئێستادا ئەگەرەکانى بەردەم کۆمپانیاى بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان زۆر نین بەهۆى ئەو کێشە و ئاڵنگارییانەى کە ڕووبەڕووى پڕۆژەى کردنەوەى بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان لە هەرێمى کوردستان دەبێتەوە. بە شێوەیەکى گشتى ئەگەرە سەرەکییەکان بەم شێوەى خوارەوەن:
کردنەوى ئەم بازاڕە لە ئێستادا ڕووبەڕووى گرفتى قەیرانى دارایى و بێمتمانەییى هاووڵاتیان و سەرمایەداران دەبێتەوە و، هەروەها ڕووبەڕووى گرفتى هێنانى وەبەرهێنەرى نوێ دەبێتەوە، چونکە لەوانەیە خاوەن پشکەکانى کۆمپانیا ئامادەیییان تێدا نەبێت سەرمایەى زیاتر لەم پڕۆژەیە خەرج بکەن بۆ هێنانى سیستەم و پێداویستییەکانى ترى کردنەوەى ئەم بازاڕە؛ چونکە پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا وەبەرهێنەرى نوێ ئارەزووى هەیە وەبەرهێنان لە پڕۆژەیەک بکات کە نەیتوانیوە لە ڕابردوودا لەسەر پێى خۆى بوەستێت؟
ئەمەیان لە ڕووى یاسایییەوە ناکرێت، چونکە نابێت کۆمپانیا دابمەزرێت و دەست بە کارەکانى نەکات، ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەى (14) ساڵ بەسەر دامەزراندنى کۆمپانیا تێپەڕ بووە، بێ ئەوەى دەست بە کارەکانى بکات. بێ گومان مانەوەى کۆمپانیاى بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان بە سـڕکراوى و بێ ئەوەى هەنگـاوى ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى بهاوێــژرێت، دەبێتە هۆى لەدەستدانى زیاترى سەرمایەى ئەم کۆمپانیایە.
ئەمەیان یەکێکە لە ئەگەرەکان و لەم حاڵەتەدا پێویستە کۆمپانیاى بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان پاکتاو بکرێت پاڵپشت بە بڕگە (یەکەم) لە ماددە (147) لە یاساى کۆمپانیاکانى عێراقى ژمارە (21)ى ساڵى (1997)، چونکە زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر دامەزراندنى کۆمپانیا تێپەڕ بووە و نەیتوانیوە دەست بە کارەکانى بکات. دەرکردنى بڕیارى پاکتاوکردن پێویستى بە ڕەزامەندیى خاوەنى (51%)ى پشکەکانى کۆمپانیا دەبێت لە کۆبوونەوەى دەستەى گشتیى کۆمپانیا، پاڵپشت بە بڕگە (دووەم) لە ماددە (98) لە هەمان یاسادا و، ئەمە جگە لەوەى پێویستە تۆمارکارى کۆمپانیاکان بڕیارى پاکتاوکردن پەسند بکات.
جێبەجێکردنى ئەم ئەگەرە ئەوەندە ئاسان نییە، چونکە ڕووبەڕووى چەندان کێشە و ئاڵنگارى دەبێتەوە، لەوانە: بەزەحمەت وەرگرتنى ڕەزامەندیى خاوەن پشکەکان، یاخود ڕازینەبوونى خاوەن پشکەکان بە هەڵگرتنەوەى ئەو زەرەر و خەرجییانەى کە کۆمپانیاى بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان کردوویەتى لە نێوان ماوەى 2010 – 2024، یاخود هەڵنەگرتنى بەرپرسیارێـتیى دانەوەى قەرزەکانى کۆمپانیا – ئەگەر هەبێت- ياخود ڕوودانى کێشەى یاسایى لە ڕێگەى بەرزکردنەوەى داواى یاسایى لە دادگەى تایبەتمەند و هتد.
ئاڵنگارییەکانى بەردەم کاراکردنى بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان
لە ئەنجامى هەموو ئەو گرفت و کێشانەى کە لە ماوەى (14) چواردە ساڵى ڕابردوو ڕووبەڕووى کۆمپانیاى بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان بووەتەوە، دەتوانین بڵێین کە کردنەوەى ئەم جۆرە بازاڕە لە هەرێمى کوردستان لە ئێستادا سەرکێشییەکى گەورەیە و ڕووبەڕووى چەندان ئاڵنگارى دەبێتەوە کە ئەمانەى خوارەوە گرنگترینى ئەم ئاڵنگارییانەن:
کۆبەنـد
بە بۆچوونى من، دامەزراندن و کردنەوە و بەڕێوەبردنى بازاڕى کاغەزە دارایییەکان پێویستى بە زەمینەسازى و ئامادەکاریى پێشوەختە هەیە و لە ئێستا هەرێمى کوردستان ئەو ئامادەسازییە و زەمینەسازییەى تێدا نییە لە ڕووەکانى هونەرى و دارایى و لۆجستى و سەرچاوەى مرۆیى و کەلتوورى و هتد.
لەم سۆنگەیەوە، بە پەسندى نازانین لە ئێستادا بازاڕى ئەربیل بۆ کاغەزە دارایییەکان یاخود هەر بازاڕێکى ترى هاوشێوە لە هەرێمى کوردستان بکرێتەوە، چونکە بارى ئابوورى و دارایى و سیاسى و ژینگەى بازرگانى و عەقڵییەتى تاک لە هەرێمى کوردستان لەبار نییە بۆ کردنەوەى ئەم جۆرە بازاڕانە؛ ئەمە جگە لەوەى کردنەوەى ئەم بازاڕە لە ئێستادا ڕەنگە ئاسایشى هەرێم بخاتە مەترسییەوە لە ڕێگەى یاریکردن بە نرخى پشک و قەواڵە دارایییەکان و، لەوانەیە حکوومەتى فیدڕاڵى و دەوڵەتانى دراوسێ دەستیان لەم یاریکردنە هەبێت بۆ ئەوەى زیاتر زەرەر بە ئابووریى هەرێم بگەیەنن.
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟… زیاتر
نووسەر: مایکڵ نایتس وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە… زیاتر
ئالان بههائهددین عهبدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سهڵاحهددین پێشەکى نزیکەى پازدە… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق گەڕانەوەی دۆناڵد… زیاتر
ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی… زیاتر
ن: یۆرۆنیوز وەرگێڕانی: پێنووس ڕەنگە ماوەی ئێستا تا دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی… زیاتر