وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس
حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری پێشووی میانڕەو (٢٠١٣-٢٠٢١) ڕەخنەی لە هەندێک لە توندڕەوەکان گرتووە کە لە دیبەیت یاخود مشتومڕەکانی ئەم دوایییەی سەرۆکایەتیدا هێرشیان کردووەتە سەر سیاسەتەکانی. هەروەها محەمەد جەواد زەریف، دیپلۆماتکاری باڵای ڕۆحانی، بە بەرگریی ئاگرینانەی لە سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی، بووەتە جێگەی سەرسوڕمان. هەرچەندە ئەم لێدوانانە لەلایەن لایەنگرانی ڕیفۆرمخوازییەوە پشتیوانییان لێ کراوە، بەڵام توندڕەوەکان و نەریتخوازەکانی زۆر توڕە کردووە.
گەڕانەوەی زەریف بۆ سیاسەت بۆ پشتیوانیکردن لە تاکە کاندیدی ڕیفۆرمخواز، بەئاشکرا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بەڕوونی دەزانێت کە ڕەنگە هەڵبژاردنی ٢٨-٦-٢٠٢٤ دوا دەرفەت بێت بۆ پڕۆژەی ڕیفۆرمخوازی لە ئێران.
ڕووماڵی هەواڵ: نووسینگەی ڕۆحانی، لە بەیاننامەیەکدا، بەشێک لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتیی تۆمەتبار کرد، بەوەی كە لە ماوەی سەرۆکایەتیی کۆماریدا بە “بڵاوکردنەوەی درۆ و بوختان” سیاسەتەكانی ئەویان كردۆتە ئامانج. لەم بەیاننامەیەدا داوا لە بەرپرسی تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی (صداوسیما) کراوە کە دەرفەتێک بۆ ڕۆحانی یان یەکێک لە نوێنەرانی لە تەلەڤزیۆن بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی “وەڵامی ئەو گومان و بوختانانە” بداتەوە.
زەریف کە لە ١٨ی حوزەیران لە گفتوگۆیەکی تەلەڤزیۆنیدا وەک ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی پزیشکیان دەرکەوت، لە وتەیەكی پڕسۆز و گەرموگوڕدا، ڕوونتر وەڵامی ئەم تۆمەتبارکردنانەی دایەوە. زەریف بەرگریی لە پێشینەی ئابووریی ڕۆحانی کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو باشتربوونانەی لە سەردەمی ئیبراهیم ڕەئیسی (٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٤) هەستیان پێ کراوە، دەرەنجامی سیاسەتەکانی ڕۆحانی بووە.
وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران ڕای گەیاند کە ئەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بوو کە “سیاسەتەکەی شلکردنەوەی سزاکان بوو” و ڕێژەی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی بەرز کردەوە. ئاماژەی زەریف بۆ جێبەجێکردنی سووكتری سزاکان بوو. شایانی باسە سەعید جەلیلی، کاندیدی توندڕەوی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، لە 11ی حوزەیران بانگەشەی ئەوەی کرد کە حکوومەتی سەرۆککۆمار ڕەئیسی سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا، نەوتی زیاتری فرۆشتووە و ڕای گەیاندووە کە پێشنیارەکانی “حکوومەتی سێبەرەکەی” ڕێگەی بۆ ئەم کارە خۆش کردووە.
زەریف هەروەها بەرگریی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان کرد – کە خۆی دانوستانی لەسەر کردبوو. ئەم ڕێککەوتنە بەفەرمی بە پلانی کاری گشتگیری هاوبەش (JCPOA/بەرجام) ناسراوە.
لە دیبەیتی تەلەڤزیۆنیی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە 18ی حوزەیران، کاندیدە توندڕەوەکان سزاکانی ڕۆژاوایان بە بێکاریگەر ناو بردبوو. زەریف ئەم ڕوانگەیەیشی ڕەت کردەوە. ئەم دیپلۆماتکارە باڵایەی پێشوو، گرافەکانی نیشان دا و گوتی کە کاریگەرییە ئابوورییە ئەرێنییەکانی ڕێککەوتنی JCPOA – کە سزاکانی هەڵوەشاندبووەوە – و کاریگەرییە نەرێنییەکانی سزاکان، تێیدا دەبینرێت. زەریف هەروەها باسی لەوە کرد کە لە شەش مانگی یەکەمی سەرۆکایەتیی بایدن لە ساڵی ٢٠٢١ کە هاوکات بوو لەگەڵ مانگەکانی کۆتاییی سەرۆکایەتیی ڕۆحانی، دەرفەتێک بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) هەبوو.
هەروەها مەسعوود پزیشکیان لە وتارەکەی خۆیدا پشتگیریی لە دانوستانەکان کرد بۆ لابردنی سزاکانی ڕۆژاوا، “بۆ ئەوەی خەڵک بەئاسوودەییی زیاتر” بژین. ئەم کاندیدە ڕیفۆرمخوازە گوتی کە هیچ شەرمێک نییە بۆ ڕێکكەوتن لەگەڵ ڕۆژاوا لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە، بەڵکوو ڕێگەیەکی کردەیی و کاریگەرە بۆ بنیاتنانی کەڕامەت. هەروەها پزیشکیان وتی: لە کاتێکدا بەدڵنیایییەوە “مانەوەی” ئێران لەژێر گەمارۆکانیش هەر گەرەنتیکراوە، بەڵام ئەو پێشکەوتنانەی کە لە پلانەکانی گەشەپێدانی نیشتمانیدا دانراون، بەدی نایەت.
لە بۆنەیەکی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگای ئیسفەهان لە ١٩ی حوزەیران، پزیشکیان هەوڵی دا بە قازانجی خۆی کەڵک لە جەماوەریبوون و خۆشەویستیی زەریف وەربگرێت. ئەم کاندیدەی سەرۆکایەتییە لەو بۆنەیەدا هانی خەڵکی دا کە “دەنگ بدەن بۆ ئەوەی ڕوانگەی زەریف و زەریفەکان زاڵ بێت” (وەکوو ئاماژەیەک بە میانڕەوەی و ڕیفۆرمخوازی و بەتایبەتی سیاسەتی زەریف-ڕۆحانی لە دانوستانەکان و گەیشتن بە ڕێککەونتی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٥ و لابردنی سزا و ئابڵووقەکان).
لە بەرامبەردا، کاندیدەکانی توندڕەو و نەریتخواز بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران ڕەخنەیان لە زەریف گرت بەهۆی لێدوانەکانی لە بەرژەوەندیی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ ناسراو بە JCPOA.
محەممەد باقر قالیباف، کاندیدی بناژۆخوازەکان و سەرۆکی پەرلەمان لە ١٨ی حوزەیران ڕەخنەی لە وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران گرت، چونکە زەریف لە قسەکانیدا یاسای ساڵی ٢٠٢٠ی پەرلەمانی ئێرانی بۆ فراوانکردنی بەرنامەی ئەتۆمی بە فاکتەری ڕێگر یاخود هۆکاری زیندوونەبوونەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) لە دوای دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری ئەمریکا (بایدن) زانیوە.
هاوکات مەهدی کەڕووبی، یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی سەوز کە لەژێر چاودێری و لە “دەستبەسەریی ماڵەوە”دایە، دوایین ڕیفۆرمخواز بوو کە پشتیوانیی لە پزیشکیان کرد.
بەستێن/ شرۆڤە: یەکەم دیبەیتی ڕاستەوخۆ پێش هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی 28ی حوزەیران، لە 17ی حوزەیران بەڕێوە چوو و تیشکی خستە سەر چارەسەرەکان بۆ گرفتە ئابوورییەكانی ئێران.
پزیشکیان و پوورمحەمەدی لەلایەن هەندێک کاندیدی دیکەوە ڕەخنەیان لێ گیرا. بۆ نموونە:
جێگەی ئاماژەیە، ئابووریی ئێران کە ساڵانێکە بەدەست خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵییەوە دەناڵێنێت، لەگەڵ سزاکانیشدا خەریکی ململانێیە.
ئاسۆی داهاتوو: زەریف لەو کاتەوەی لە ساڵی ٢٠٢١دا وەزارەتی دەرەوەی جێ هێشتووە و لە زانکۆی تاران دەستی بە وانەوتنەوە کردووە، تا ڕاددەیەکی زۆر لە پەراوێزدا بووە.
سەرچاوە:
وەرگێڕانی: پێنووس مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە یەکەم سەفەری دەرەوەی وڵات دوای دەستبەکاربوونی لە پۆستی… زیاتر
(دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، "ویلایەتی دووەم" یاساکانی جەنگەکە دەگۆڕێت) ن: عەلی سەرای و:… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق كابینەی محەمەد… زیاتر
نووسەر: فۆریەن پۆلیســـی (foreignpolicy) وەرگێڕان: پێنووس ئەگەر دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جارێکی دیکە بگاتە… زیاتر
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس بڕیارە ڕۆژی 4ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، بە مەبەستی… زیاتر
د. پەرویز ڕەحیم قادر\ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان- دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی\ مامۆستای زانکۆ هەرچەند… زیاتر