پێنووس

مافی مرۆڤ و مافی هاووڵاتی

قەرەنی قادری

ناسینی ماف، سەرەتای هەوڵدانە بۆ ژیان و ئازاد بیرکردنەوە، هەروەها دەستپێکیشە بۆ چڤاکێکی گەشەسەندوو. دەستەبەرکردنی مافەکان، گەشەی تاک و هەڵدانی کۆمەڵە. جڤاکێکی بەهێز، لە گرەوی تاکە بەهێز و وشیارەکانیدایە.

ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان سەبارەت بە ماف و ئەرکەکانیان، هەروەها پاراستن و بەرگریکردنیان لەلایەن حکوومەتەوە، پلەی ئاسایشی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و تاک لە وڵاتدا بەرز و بەرزتر دەکاتەوە. هەردوو چەمکی “مافی مرۆڤ” و “مافی هاووڵاتی”یش، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە مافی ژیان و ئازادییەکانەوە هەیە.

“مافی مرۆڤ” (Human rights)، کۆمەڵە مافێکن کە ژیانی مرۆڤایەتی دەگرنەوە؛ ئەمەیش ڕەنگ، چین، نەتەوە، ئایین و، تەنانەت بیر و هزریش ناناسێت و پانتاییی جیهانیشی داگیر کردووە. لە هزرە بنەڕەتییەکانی لیبراڵیزمدا، مافی ژیان و ئازادبوون، بە مافی سروشتی ئەژمار دەکرێن. حکوومەتەکان بەرپرسن لە دابینکردن و پاراستنی ئەو مافانە، هەروەها ئەرکی هاووڵاتیانیشە کە بەرگری لەو مافانە بکەن و پەرەیان پێ بدەن.

مافی دەربڕین و نووسین، خۆپیشاندان، خوێندن، مافی ژیان، مافی پۆشینی ئازادانەی جلوبەرگ و گەڵاڵەکردنی شێوازی ژیان، هەندێک لە مافە بنەڕەتی و سەرەتایییەکانی مافی مرۆڤن. بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤیش لەسەر ئه‌م چوار کۆڵەکەیه‌ بنیات نراوه‌: ١– “سەروەریی یاسا” (بەرامبەریی مرۆڤەکان لە بەردەم یاسا)دا، ٢– “سەروەریی عەقڵ و ئاوەز” (نەک ئایدیۆلۆژییەکان)، ٣– “مرۆڤتەوەری” (مرۆڤ سەرچاوەی دەسەڵاتە) و ٤گرنگی و دەوری تاک، کە لە دەنگی زۆرینەدا خۆی دەدۆزێتەوە، بەڵام “مافی کەمینە”یش پارێزراو دەبێت.

لەبەر ئەوە، مافی مرۆڤ ناوچەیی نییە و سنووربەزێنە، چونکە شتێک نییە بە ناوی مافی مرۆڤی ڕۆژاوایی، مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی، مافی مرۆڤی ئیسلامی، یان مافی مرۆڤی مەسیحی. لە جیهانی ئەمڕۆدا، ژیان و ئازادیی مرۆڤەکان، تەنانەت دیموکراسییش، بەپێی پێوەری مافی مرۆڤ هەڵدەسەنگێندرێن. هەندێک لە توێژەرانی مافی مرۆڤ دەڵێن: “بەیاننامەی جیهانیی مافی مرۆڤ باس لە مافی مرۆڤ دەکات، نەک لە به‌هاکان.

مافی مرۆڤ گەرچی جیهانییە و سنوور ناناسێت، بەڵام دەکرێت و پێویستە لە چوارچێوەیەکی نەتەوەییشدا ڕەچاو بکرێت و، هەم هاووڵاتیان فێری مافەکانی مرۆڤ بن و هەمیش دامەزراوەکانی حکوومەت ڕابهێندرێن، کە بەرگری لەو مافانە بکەن.

“مافی هاووڵاتێتی” (Citizenship rights کۆمەڵە مافێکن کە لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی سیاسیدا لێک دەدرێنەوە و، هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەیش بە گوێرەی یاسا دەبنە خاوەنی مافی وەکوو: مافی ژیان، کارکردن، ڕادەربڕین، خوێندن، مافی ژنان، زمان، بەشداری لە پرۆسەی سیاسی، گەشەی تاک و گرووپ- کە لە چوارچێوەی مافە مەدەنی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا جێگەیان دەبێتەوە. کۆمەڵناسان لەو بوارەدا، بەردەوام باس لە دەستووری گشتیی وڵاتان دەکەن. لە جیهانی سەردەمدا، ناکرێ باس لە دەستوورێکی گشتیی عەقڵانی و دیموکراتیک بکرێت، بەڵام باسی بنەماکانی مافی مرۆڤی تێدا نەکرێت. گەرچی وێکچوون لەو دوو چەمکە (مافی مرۆڤ و مافی هاووڵاتی)دا گەلێک زۆرە، بەڵام بواری کاری مافی هاووڵاتی، دەوڵەتێکی دیاریکراو دەگرێتەوە.

دەستووری گشتیی وڵاتێک، گرێبەستێکە لە نێوان دەوڵەت و هاووڵاتیی وڵاتێکی دیاریکراودا، کە بەپێی یاساکانی وڵات ڕێک دەخرێت. مافی هاووڵاتێتی، باسی سەرەکیی سیستەمی حوکمڕانییە و پەیوەندیی بە هاووڵاتیان و دەستووری گشتییەوە هەیە، بەڵام مافی مرۆڤ، ڕەهەندی جیهانیی هەیە و تەنانەت دەوری “سەیوانەی یاساکان” لە یەکە نەتەوەیییەکانیشدا دەگێڕێت. کۆچبەران لە وڵاتانی پەنابەروەرگر، هەر لە سەرەتادا لە هەندێک مافی هاووڵاتێتی بێبەشن (ناتوانن لە دەنگدانەکاندا بەشداری بکەن)، بەڵام لە چوارچێوەی مافی مرۆڤدا ژیان بەسەر دەبەن.

شارەزابوونی هاووڵاتیان (تاک) بە ماف و ئەرکەکانیان، کە دەبێ ئەوانیش بەیاسایی بکرێن و یاسا پارێزگارییان لێ بکات، هەم کەسایەتیی تاک دەستەبەر دەکات، هەمیش بنەمای چڤاکێکی دیموکراتیک، ڕۆ دەنێت. ئەمە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی حكوومەتی یاسا و سەروەریی یاسا. بۆ گەیشتن بەمەیش، دەبێ حکوومەت و دامەزراوەکانی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، ڕۆڵی سەرەکی ببینن.

هاووڵاتیانی خاوەن مافی یاسایی، کە پەیڕەوی لە یاسایش دەکەن، بناغەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و عەقڵانین کە تێیدا کێشە و گرفتەکان بە ڕێگەیەکی هێمنانە چارەسەر دەکرێن، هەروەها مەودای نێوان هاووڵاتیان و دەسەڵاتیش کەمتر و کەمتر دەبێتەوە و، ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتیش بەهێزتر و بەرزتر دەبێتەوە.

ئازادی و یاسا، لە بنەماکانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتین، کە دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو واتای مافی مرۆڤ و مافی هاووڵاتی. هاوسەنگی لە نێوان ئازادی و یاسادا، لە کارە هەرە گرنگەکانە و، ئەوەیش ئەرکی حکوومەتەکانە کە هاوسەنگییەکی عەقڵانی لە نێوان ئەو دوو چەمکەدا چێ بکەن.

بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت بەپلانەوە لەو بوارەدا هەنگاو هەڵێنێت، پێویستە هەر لە سەرەتادا زانیاری سەبارەت بە مافی مرۆڤ و بەیاننامەی جیهانیی مافی مرۆڤ بە شێوەیەکی سیستە‌ماتیک و بەرفراوان بڵاو بکاتەوە و کاری بۆ بکات، هەروەها کارمەندانی دامودەزگە حکوومییەکانیشی (لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بگرە تا دەگاتە کارمەندانی ئاسایی) ڕابهێنێت کە بەرگری لە مافی هاووڵاتیان  و مافی مرۆڤ بکەن.

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی بە گشت لقەکانییەوە، کۆڕ و کۆمەڵی ڕۆشنبیری و ئەکادیمی، هەروەها دامودەزگە هزرییەکان، دەتوانن ڕۆڵی گەلێک جددی لە ناسینی ماف لە هەرێمی کوردستاندا بگێڕن.

هاوسەنگی لە نێوان “یاسا” و “ئازادی”دا لە ئەرکە هەرە قورسەکانی حکوومەتە، چونکە “یاسا” بەبێ “ئازادی”، چڤاک دەخنکێنێت و، “ئازادی”یش بەبێ “یاسا”، کۆمەڵ بەرەو هەڵدێر دەبات؛ بۆیە ئەم دووانە (یاسا و ئازادی) دووانەن و پێكەوە مانا دەدەن!

 

سەرچاوەکان:

https://fa.amnesty.org/

https://ir.voanews.com

https://www.sida.se

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

سوودانی و مالیکی… جەنگی سارد و زیاتریش

(دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، "ویلایەتی دووەم" یاساکانی جەنگەکە دەگۆڕێت)   ن: عەلی سەرای و:… زیاتر

1 week ago

حكوومەتی سوودانی: دوو پێشهاتی گەورە و كۆمەڵێك ئەگەر و سیناریۆ

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق كابینەی محەمەد… زیاتر

1 week ago

11 کەسایەتیی کاریگەر لە سیاسەتی دەرەوەی ترامپ

نووسەر: فۆریەن پۆلیســـی (foreignpolicy) وەرگێڕان: پێنووس ئەگەر دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جارێکی دیکە بگاتە… زیاتر

2 weeks ago

یەکەم گەشتی سیسی بۆ ئەنقەرە؛ پەیوەندیی نێوان میسر و تورکیا دوای ١١ ساڵ چۆن گۆڕا؟

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس بڕیارە ڕۆژی 4ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، بە مەبەستی… زیاتر

2 weeks ago

سیناریۆ و ئەگەرەکانی پێکدادانی ئیسرائیل و ئێران: هاوکێشەکانی پاش کوژرانی ئیسماعیل هەنییە

د. پەرویز ڕەحیم قادر\ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان- دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی\ مامۆستای زانکۆ هەرچەند… زیاتر

3 weeks ago

ئاییندەى گۆڕاوە ستراتیژییەکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئەگەرى گەڕانەوەى ترامپ

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران ترامپ وەک مەتەڵێک بۆ… زیاتر

4 weeks ago