پێنووس

سیناریۆ و ئەگەرەکانی پێکدادانی ئیسرائیل و ئێران: هاوکێشەکانی پاش کوژرانی ئیسماعیل هەنییە

د. پەرویز ڕەحیم قادر\ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان- دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی\ مامۆستای زانکۆ

هەرچەند لەپاش کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە سەرەتادا بە شێوەیەکی توند و یەکلاکەرەوە باسی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی ئیسماعیل هەنییەیان دەکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە پێ ناچێت ئەم جارە هێرشە گریمانەکراوەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ڕووبەڕووی بەرپەرچدانەوە و وەڵامدانەوەی توندی ئیسرائیل نەبێتەوە و، ئەمریکاش جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر فڕۆکە و کەشتیی جەنگی و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ڕەوانەی ناوچەکە کردووە، ئەمریکا و بریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیاش بەئاشکرا رایان گەیاندووە و هۆشدارییان داوەتە ئێران، کە ئەم هێرشە نەکات و لە ئەگەری  هەر هێرشێکیشدا بەرگری لە ئیسرائیل دەکەن، وای کردووە کە ئێران پێداچوونەوە بە پلانەکەیدا بکات و ترسی لە هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەری هەبێت کە بە تەڵەی ستراتیژی (strategy trap) یاخود وردتر بڵێین، بە پیلان و تەڵەی ناتانیاهۆی دەزانێت.

لە ڕاستیدا دۆخی سیاسیی ناوخۆیی و باری دارایی و ئابووری و تەنانەت توانای سەربازیی ئێران زۆر لەوە لاوازتره کە بچێتە جەنگێکەوە کە ئەمریکای تێوە بگلێنێت و دەرەنجامەکەیشی هەر لە سەرەتادا دیار و ڕوونە کە بۆ ئێران چی دەبێت. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەم هێرشە ڕوو دەدات؟ وەڵامەکەی بە ئەگەرێكی زۆرەوە ئەرێنییە، بەڵام ئەوەی کە ناڕوونە، شێواز و چۆنێتی و کات و ئاستی تۆڵەسەندنەوەکەیە، چونکە ئێران بە چەند هۆکاری سەرەکی ناتوانێت\ناکرێت کوشتنی هەنییە بێوەڵام بهێڵێتەوە؛ بەڵام ئەوەیش ڕوونە کە ڕووداوەکان لە قازانجی ئێران نییە.

ئەم نووسینە ئەو هۆکارانە دەخاتە ڕوو کە وا دەکات ئێران نەتوانێت هێرشەکە بێوەڵام بهێڵێتەوە، بەڵام لەوەیش گرنگتر، سیناریۆکانی هێرشەکە و ئەگەرەکانی پاش هێرشەکە تاوتوێ دەکات.

  • بۆچی ئێران ناچارە و دەبێت وەڵامی ئەم هێرشە بداتەوە؟

یەکەم– کوشتنی هەنییە لە تارانی پایتەخت، هەروەها لە سەروبەندی مەراسیمێکی فەرمیی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری نوێی ئێران کە بە بەشداریی بەرپرسانی ٨٦ وڵات و ئامادەبوونی ١١٤ شاندی بیانی بەڕێوە چوو و، هەنییەیش بە بانگهێشتی کۆماری ئیسلامی لەو ڕێورەسمەدا ئامادە بووە، وا دەکات کە کۆماری ئیسلامی هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و تەنانەت ئەو کوشتنە پاساوی کردەوەیەکی تۆڵەسەندنەوەی سەربازی بداتە ئێران؛ هەرچەندە ئیسرائیل بەرپرسیارێتییەکەی هەڵنەگرتووە و لێدوانی لەم بارەیەوە بە ڕەتکردنەوە یان قبووڵکردنی نەداوە.

دووەم– ئەم ڕووداوە و چۆنێتیی کوشتنی هەنییە لەناو جەرگەی تاران و لە میوانخانەیەکی سەربازی لەناوچە و کۆمەڵگەیەکی تا ڕاددەیەک نهێنی و پارێزراوی سوپای پاسدارن، وا دەکات کە ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک سووکایەتی بە کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی سیستەمی هەواڵگری و لاوازیی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەربکەوێت.

سێیەم– ئەم هێرشە دەری خست کە ئەگەر ئێران دەتوانێت ئیسرائیل بە ستراتیژیی ئەڵقەی ئاگر (Ring of Fire) کە لە هێزە پرۆکسییەکان و ناوچە نائارامەکان لە لوبنان و غەززە و سووریا و عێراق و یەمەن گەمارۆ بدات، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل دەتوانێت ئەو ئاگرە بباتەوە ناوخۆی ئێران. هەر بۆیە ئەم هێرشە جگە لەوەی شکستێکی هەواڵگری و ئاسایشییە بۆ ئێران، لە ڕووی ستراتیژیی سەربازی و بەرگرییشەوە، بۆ ئێران وەکوو مەترسییەکی گەورە دەبینرێت کە توانا و جووڵەی ڕابردووی ئێران لە ڕێگەی هێزە پرۆکسییەکانییەوە سنوردار دەکات.

چوارەم– وەڵامنەدانەوەی هێرشەکە وێنا و پێگەی ئێران جگە لە بەرامبەر ئیسرائیلدا، لەناو گرووپە پرۆکسییەکان لاواز و ناکاریگەری دەکات؛ چونکە ئێران ئەو ڕاستییە دەزانێت کە نەمانی متمانەی پرۆکسییەکان بە ئێران یاخود لانی کەم لاوازبوونی هێزە پرۆکسییەکان، دەستی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە واڵا دەکات.

لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ئەوەی کە وا دەکات هێرش نەکرێتە سەر ئەو دامەزراوانە، هێزی بەرگری و تەنانە بەرگریکارانەی سەربازیی ئێران نییە، بەڵکوو سەرچاوەی لە هێزی پرۆکسی و تواناکانی ئێرانە لە جەنگی ناهاوتەریب یاخود ناهاوسەنگ (asymmetric warfare). هەروەها کاتێک کە ئێران وەڵامی دەستدرێژییەکانی بەردەوامی ئیسرائیل نەداتەوە، ئەو ئەم پەیامە دەداتە لایەنگرانی لە ناوچەکەدا کە جگە لەوەی لە هەمبەر هێرشەکانی ئیسرائیل توانای خۆپاراستنی نییە، بەڵكوو ناتوانێت ئەوانیش بپارێزێت و تەنیا وەکوو ئامراز بۆ پاراستنی خۆی بەکاریان دێنێت.

 لە لایەکی دیکەیشەوە، ئیسرائیل مێژوویەکی درێژی لە کوشتن و تیرۆرکردنی کەسایەتی و زانا ئەتۆمییەکانی ئێران هەیە کە هیچ کاتێک ئێران نەیتوانیوە بەڕاستەوخۆ وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە و تەنانەت وەڵام و هێرشی ئێران بە  درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) و مووشەکی کرووز و بالیستی (١٨٥ درۆن و ٣٦ مووشەکی کروز و زیاتر لە ١١٠ مووشەکی بالیستی) لە ١٤-٤-٢٠٢٤ لەپاش هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل لە ١-٤-٢٠٢٤ بۆ سەر بینایەک لە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق و کوژرانی چەند پلەدار و فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران (محەمەدڕەزا زاهدی)، ئێران نەیتوانی وەکوو ئەوەی کە بانگەشەی دەکرد سیاسەتی ڕێگریکردن (deterrence policy)ی ئێران بگەڕێنێتەوە دۆخی ئاساییی خۆی. بەم پێیەیش بێت ئێران هەست دەکات کە ناچارە بۆ ئەوەی سیاسەتی ڕێگریکردن (deterrence policy)ی زیندوو بکاتەوە و هاوسەنگییەکی نوێ بێنێتە ئاراوە، وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە.

پێنجەم– کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی لەپاش ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی ساڵی ٢٠٢٢ی شۆڕشی ناسراو بە “ژن، ژیان، ئازادی” لە ڕووی ڕەوایەتی (شەرعییەت)ەوە لە دۆخێکی لاوازدایە و تەنانەت هەر ئەمەیش وای کرد کە بەپێچەوانەی پێشبینییەکان، سەرۆککۆمارێکی جیاواز بێنێتە سەرکار و باس لە کرانەوە بۆ دەرەوە بکات. هەموو ئەمانەیش وا دەکات کە ئەگەر ئێران وەڵامی ئیسرائیل نەداتەوە لە ئاستی ڕای گشتی و لانی کەم لایەنگرانی ناخۆییی خۆی و بنکە جەماوەرییە توندڕەوەکەی، ئەو وێنایەیش بشکێت کە تاوەکوو ئێستا بە سیاسەتی دژایەتیی ئەمریکا و ئیسرائیل خۆی پێناسە دەکرد و تەنانەت ڕەوایەتیی بە سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی دەدا، یاخود بەشێک لە کێشەکانی وەکوو نالەباریی دۆخی ئابووریی دەخستە پاڵ ئەو سیاسەتەی لە هەمبەر ئەمریکا و ئیسرائیل. هەر بۆیە ئەگەری هێرش و وەڵامدانەوەی ئێران، بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ گوشارە ناوخۆیییەکان.

  • ئامانجی ئیسرائیل لەم هێرشە چی بوو؟

یەکەم– هەرچەندە ئیسرائیل ڕای نەگەیاندووە کە ئەم هێرشەی ئەنجام داوە و هەنییەی کوشتووە، بەڵام یەکەمین ئامانجی ئیسرائیل لە وەڵامی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ی حەماسە کە هەنییە وەکوو بەرزترین بەرپرسی سیاسیی حەماس بە بەرپرسیاری ئەم هێرشە دەزانێت. هەر بۆیە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل چەندان جار و بەئاشکرا ڕایان گەیاندووە کە هیچ بەپرسێکی بەشدار لەم هێرشە بەزیندوویی ناهێڵنەوە و لە ڕابردوویش ئیسرائیل سەلماندوویەتی کە ئەو هەڕەشەیە جێبەجێ دەکات.

دووەم– ئەم هێرشە تەنیا کوشتنی هەنییە و بەرپرسێکی باڵای حەماس نەبوو، بەڵکوو هێرشی ڕاستەوخۆ بوو بۆ سەر سوپای پاسداران، هەروەها کۆماری ئیسلامی، وەکوو تۆڵەکردنەوەیەک لە ئێران کە پاڵپشتی لە حەماس و هێزە پرۆکسییەکانی دیکەی وەکوو حزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکان و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل. بەم پێیەیش هەم تۆڵەی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر بوو لە حەماس و هەمیش لەپاڵپشتیکارە سەرەکییەکەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. لە لایەکی دیکەوە، ئیسرائیلییەکان ئەم جارە باس لە لێدان لە سەری هەشتپێ (octopus) لە بری قاچ و دەستەکانی دەکەن، کە مەبەستیان کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

سێیەم– شوێن و شێوازی هێرشەکە (هەرچەندە چەندان سیناریۆ بۆ شێوازی هێرشەکە لە ئارادایە) وەکوو نیشاندانی باڵادەستیی ئیسرائیل لە ڕووی سەربازی و تەکنەلۆژی و هەواڵگری و…، وا دەکات کە ئیسرائیل بەشێک لە سیاسەتی ڕێگریکردن (deterrence policy)ی خۆی کە لەپاش هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس لاواز ببوو، جارێکی دیکە لە ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی بەرز بکاتەوە. تەنانەت ڕەخنەکان لە شکستی دامەزراوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل قەرەبوو دەکاتەوە[1]. بۆیە پێ دەچێت بەشێک لە ئامانجەکانی ئەم هێرشە پەیوەندیی بە هاوکێشە سیاسییە ناوخۆیییەكانی ئیسرائیلەوە هەیە، بەتایبەتی ناڕەزایەتییەکان لە هەمبەر حوکمڕانی و سەرکردایەتی و گەندەڵییەکانی ناتانیاهۆ و، بەم پێیەیش ئەم هێرشە بەهێزکردنی پێگەی ناتانیاهۆیە لە ناوخۆی ئیسرائیل و، هەروەها ڕازیکردنی توندڕەوەکانی کابینە و تەنانەت ڕای گشتی و بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی شکۆی سوپا و دامەزراوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل.

چوارەم– ئەم هێرشە پەیامێک بوو بۆ بەپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیی ئێران کە ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت یاخود ئاسایش و مانەوەی ئیسرائیل بکەوێتە مەترسییەوە، ئەوە دەتوانێت هەستیارترین و پارێزراوترین شوێنەکانی پایتەختی ئێران بیانکاتە ئامانج. ڕاستییەكەی، ئەمە مەترسیدارترین پەیامە بۆ ڕێبەری باڵا و فەرماندەکانی سوپای پاسداران کە لە ئێستا و داهاتوودا لە هەر هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل دوو جار بیر بکەنەوە.

پێنجەم– ئەم هێرشە ئاست و قەبارەی نفووز و تواناکانی هەواڵگریی ئیسرائیلی لە ناوخۆی سنوورەکانی ئێران و لەناو هێزە هەواڵگری و ئاسایشی و سەربازییەکانی ئێران دەرخست و، هەر ئەمەیش جگە لە دەسکەوتی کوشتنی کەسایەتییەکی وەکوو هەنییە بۆ ئیسرائیل، بەتەواوی دەزگە و دامەزراوە هەواڵگری و سەربازی و ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت بەپێی بنەما ئایدیۆلۆژییەکان کە لە کەسایەتیی خاوەن بیروباوەڕەکان بە ڕێبەری باڵا و نیزام پێک هاتووە، پووچەڵ دەکاتەوە. تەنانەت وتەی باڵاترین بەرپرسی هەواڵگری و ئاسایشی ئێران (ئیسماعیل خەتیب) بە ناڕاست دەردەخات کە چەند ڕۆژ پێش ئەو هێرشە، لەناوبردنی تۆڕەکانی هەواڵگریی مۆسادی ئیسرائیلی لە ناوخۆی ئێران بە گەورەترین دەستکەوتی “وەزارەتی ئیتڵاعات” دانابوو و ئێستایش لە کابینەی “مەسعوود پزیشکیان” وەکوو وەزیری ئیتڵاعات دانراوەتەوە. هەروەها ئەم ئۆپەراسیۆنە، سەلماندنی وتەی وەزیری پێشووتری ئیتڵاعاتی ئێران لە سەردەمی خاتەمی (عەلی یونسی)یە کە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی جەماران رای گەیاندبوو: “لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، نفووزی مۆساد لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتدا ئەوەندە گەورە بووە کە دەبێت هەموو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ گیانی خۆیان نیگەران بن.” تەنانەت ئەو هێرشە قسەکانی مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، پشتڕاست دەکاتەوە کە لە چاوپێکەوتنێکدا ڕای گەیاندبوو: بەرزترین کەسی بەرپرسی دژەسیخوڕی دێسکی ئیسرائیل لە وەزارەتی ئیتلاعاتدا خۆی سیخوڕێکی ئیسرائیلی بوو.

شەشەم– پێ دەچێت یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئیسرائیل هەر ئەو تەڵەیە بێت کە ئێرانییەکان باسی لێوە دەکەن کە بۆ تێوەگلاندنی ڕاستەوخۆی ئێران لە جەنگ و پاشان بەشداریی ئەمریکا و ئەوروپییەکان لە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بێت؛ چونکە ئێرانییەکان لە ڕێگەی دۆکترینی نەریتی بەرگری و سەربازیی خۆیان لە ناوچەکە، هیچ کات ڕاستەوخۆ بەشدار نابن لە جەنگ و، هەڕەشە  و مەترسییەکان لە خۆیان دوور دەخەنەوە. هەر بۆیە ئیسرائیل دەیەوێت ئەم جارە جەنگەکە بباتە ناو سنوورەکانی ئێران و شکست بە سیاسەتی ڕێگریکردن (deterrence policy)ی ئێران و “حرب غير متكافئة-Asymmetric warfare” یاخود جەنگی ناهاوسەنگ لە زۆنە خۆڵەمێشییەکانی (Grey-zone) لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی هێزە پرۆکسییەکانییەوە بێنێت کە بە جەنگی بەنوێنەرایەتی (Proxy war) دەناسرێت. لە لایەکی دیکەیشەوە، ئیسرائیل بە تیرۆرکردنی هەنییە ئەو پەیامەی نارد کە سەرکردەکانی هێزە پرۆکسییەکانی ئێران، ئەگەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بکەنە ئامانج، تووشی چارەنووسی هەنییە دەبن.

  • بۆچی تاوەکوو ئێستا ئێران وەڵامی ئیسرائیلی نەداوەتەوە؟

یەکەم– میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە کە ئەم وڵاتە پەیامێکی بۆ ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپی ناردووە کە هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل، دەبێتە هۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. هەر ئەمەیش وای کرد کە ئایەتوڵڵا خامنەیی لە یەکێک لە دوایین وتەکانیدا بەئاشکرا ئامادەکاری بۆ ئەو درەنگکەوتنە بکات و، هەروەها ئەگەری پاشەکشە لە سیاسەتەکانی لە هەمبەر ئەمریکا و ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە بکات و بڵێت: “ئەگەر لە بەرامبەر دوژمنێکی هێرشبەردا پاشەکشەیەکی نا-تاکتیکی بکەیت، ئەوا تووشی تووڕەییی خودا دەبیت، بەڵام هەندێک جار پاشەکشەکە تاکتیکییە؛ ئەوەیش شتێکی خراپ نییە.” بەم پێیەیش ئێران ترسی زۆری هەیە کە ئەم جارە وەکوو هێرشەکەی ڕێکەوتی ١٩-٤-٢٠٢٤ کە دەنگی تەقینەوەیەکی قورس لە ئاسمانی شاری ئیسفەهان بیسترا و پاشان دەرکەوت کە ئیسرائیل هێرشی کردۆتە سەر بنکەی “هشتم شکاری”ی سوپا کە بە بنکەی “شەهید عەباس بابایی” ناسراوە، وەڵامی ئیسرائیل سنوردار نەبێت، بەڵکوو ئەم جارە ئیسرائیل دەرفەتەکە بقۆزێتەوە و هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازی-مووشەکییەكان و تەنانەت ژێرخانەكانی ئابووریی ئێران، بەتایبەتی پاڵاوگە و دامەزراوەکانی نەوت و گاز، کە بە بڕبڕەی دارایی و ئابووریی ئێران دادەنرێت؛ چونکە لە وەڵامی هێرشەکەی پێشووتری ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئیسرائیل پەیامێکی بەهێزی دایە ئێران کە دەتوانێت هەموو دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکان بەبێ هیچ گرفتێکی تەکنیکی بکاتە ئامانج.

دووەم– ئێران دوای هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بەردەوام ترسی لەوە هەبووە کە ڕاستەوخۆ لە جەنگەکەدا تێوە بگلێت و تەنانەت ڕێگەی لەوە گرتووە کە حزبوڵڵای لوبنانیش بەڕاستەوخۆ بچێتە ناو ئەو جەنگەوە. بۆیەیش ئێران ئەوە بە تەڵەیەک دەزانێت کە ئیسرائیل دەیەوێت ئێران بەڕاستەوخۆ بەشداری لەم جەنگەدا بکات و ئەمە دەبێتە دەرفەتێک بۆ ناتانیاهۆ. هەر بۆیە لەم بارەیەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە ٢٣-٨-٢٠٢٤دا وتی: “ئێمە ناکەوینە ناو ئەو تەڵانە کە ڕەنگە بۆ ئێمە بڵاو کرابنەوە، بەڵکوو ئەم تۆڵەسەندنەوەیە لە کاتی گونجاو و بە شێوەی گونجاو ئەنجام دەدرێت و هیچ گومانێک لە پڕەنسیپەکەیدا نییە (تۆڵەسەندنەوەکە).”

سێیەم– بەرپرسانی ئێرانی ئەو ڕاستییە دەزانن کە لە ئەگەری جەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل- هەرچەندە سنورداریش بێت- ئەوە ئەمریکا و تەنانەت وڵاتانی ئەوروپییش بەرگری لە ئیسرائیل دەکەن و، لەم سیناریۆیەیشدا ئێران ناتوانێت هیچ دەستکەوتێکی لە جەنگێکی بەرفراواندا هەبێت، چونکە سنووری جوگرافیی لەگەڵ ئیسرائیل نییە، بەڵکوو ئامادەییی ئەمریکا و هێزەکانی وڵاتانی ئەوروپی لە ناوچەکە لە سنوورەکانی ئێران وا دەکات کە جەنگەکە ببێتە جەنگی ئێران و ئەمریکا و، لەم حاڵەتەیشدا ئێران دەکەوێتە خراپترین بارودۆخی خۆی. تەنانەت ئەو سناریۆیە هەمان تەڵەی ستراتیژییە، کە ئێرانییەکان وا بیر دەکەنەوە کە ناتانیاهۆ بۆ ئێران و تەنانەت بۆ ئەمریکییەکانی داناوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە، جگە لە هێزە پرۆکسییەکان، ئێران هیچ هاوپەیمانێکی ستراتیژیی نییە کە بەرگری لە ئێران بکات؛ بۆ نموونە ڕووسیا و چین بە چەندان هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی و جیۆستراتیژی و…، پشتیوانی لە جەنگێکی لەم شێوەیە لە ناوچەکەدا- کە ئەوانیش تێوە بگلێن- ناکەن.

چوارەم– ئێرانییەکان زۆر لەوە نیگەرانن کە کۆتایی بە توانا سەربازی و ئەتۆمییەکانیان بێت لە یەک کاتدا؛ بەم واتایەی کە لە ئەگەری هێرشی بەرفراوان بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامی سەربازیی ئێسرائیل و تەنانەت ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران، ئێران چیتر کارتێکی ئەوتۆی لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل نەمێنێت. ئەمەیش جگە لەوەی ئاسایشی ئێران دەخاتە مەترسییەوە، بەتەواوی دۆکترینی سەربازی و بەرگریی ئێران لەناو دەبات. هەروەها بە لەناوچوونی توانا مووشەکی و درۆن-یەکانی ئێران، ئەوە هەژموون، سیاسەتی ڕێگریکردنی مووشەکی و درۆنی، سەرنجڕاکێشی و بەگشتی هێزی ئێران بۆ ڕووسیا و وڵاتانی ناوچەکە کۆتایی دێت.

لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، بەهۆی بەشداریی ئێران لە دابینکردنی مووشەک و درۆن بۆ ڕووسیا لە جەنگی ئۆکراینا، ئێڕانییەکان ئەو ڕاستییە دەزانن کە لەوانەیە ئەوروپییەکانیش لەپاڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، بەشدار بن لە پرۆسەی لەنابردنی بنکە و دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمی و درۆنییەکانی ئێران.

پێنجەم– هەرچەندە نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی دیکەی ئێرانی ڕایان گەیاندووە کە: “ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەریی ئێمە، لە کردەوەی تیرۆریستیی ئەم دوایییەی ڕژێمی ئیسرائیلدا پێشێل کراوە؛ ئێمە مافی بەرگریی ڕەوامان هەیە و ئەمەیش پەیوەندیی بە ئاگربەستی غەززەوە نییە؛ بەڵام هیوادارین وەڵامدانەوەمان لە کاتی خۆیدا و بە شێوەیەک بێت کە زیان بە ئاگربەستە پێشبینیکراوەکە نەگەیەنێت.” بەڵام پێ دەچێت ئێران بیەوێت کە هەم ئەم ئاگربەستە بێتە دی و هەمیش لە قۆناغی دواتر ئەم ئاگربەستە ببەستێتەوە بو تۆڵەکردنەوە و گوشارەکانی ئێران لە ڕێی هەڕەشەی هێرشکردنەوە بۆ سەر ئیسرائیل و، وای وێنا بکات کە ئەگەر وەڵامێکی لاوازی سەربازییشی هەبێت، ئەوە بەهۆی ئەوەوە بووە کە دەستکەوتی گەورەی بۆ فەڵەستینییەکان هەبووە و پێویست بە وەڵامی گەورەتر نەبووە. ئەم سیاسەتەی ئێران هەم لە لای هێزە پرۆکسییەکان و هەم ڕای گشتیی ناوخۆییی توندڕەوەکانی ئێران قبووڵ دەکرێت و هەمیش مەترسیی جەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل دەڕەوێنێتەوە.

شەشەم– یەکێک لە گەورەترین ترس یاخود بەربەستەکانی ئێران بۆ وەڵامدانەوە، لە ئاستی ناوخۆییی ئێرانە، چونکە دەسەڵاتدارانی ئێران لەپاش شۆڕشی ژینا لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕەوایەتییەکی لاواز و لەرزۆکیان هەیە و، دەترسن کە لە ئەگەری هێرش بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی ئەو وڵاتە یاخود تێوەگلانی ئەمریکا لە جەنگەکەدا، ئەوە خەڵکی ناڕازیی ئەو وڵاتە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ سەرکوت کران، ئەم جارە دەرفەتەكە بقۆزنەوە و شۆڕش و ناڕەزایەتییەکان سەر هەڵبداتەوە. هەر بۆیە جگە لە بەراوردی توانا سەربازییەکان، پرسی سەرهەڵدانی شۆڕشی ناوخۆیی، پرسێکی هەستیار و ئاسایشییە بۆ کۆماری ئیسلامی. جگە لەوانەیش، لە ئەگەری دروستبوونی جەنگ و هێڕش بۆ سەر بنکە و دامەزراوە سەربازی و ئابوورییەکانی ئێران، ئەوە دووبارە ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی فراوان لە ئارادایە. هەموو ئەمانەیش وا دەکات کە ئێرانییەکان و بەتایبەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵا، زۆر بەوریایییەوە بجووڵێتەوە.

لە لایەکی دیکەیشەوە هاتنەسەرکاری پزیشکیان وەکوو کەسێکی میانڕەو و پلانی ئێران بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری لە ڕێگەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سڕینەوەی بارگرژییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و لادانی سزا و ئابڵووقەکان بۆ ئەم مەبەستە، وا دەکات کە ئێران لە کاردانەوەیەکی سەربازیی توند لە دژی ئیسرائیل زیان بکات و هەموو هەوڵەکان و دانوستانە نهێنییەکان لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی لەبار ببات. بۆیە پرسی لابردنی سزا و گەمارۆ و ئابڵووقە ئابوورییەکان، پرسێکە کە گرێ دراوەتەوە بە بەردەوامی و مانەوەی سیستەمەکە و، ئەمەیش نایەتە دی، جگە لە ڕێگەی دانوستان لەسەر پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا.

هەفتەم– هەروەها پێ دەچێت سەرەڕای باڵادەستیی ڕەهای ئایەتوڵڵا خامنەیی، بەڵام هاوڕایی و یەکگرتوویییەک لەنێو بەرپرسانی باڵای ئێران سەبارەت بە کات، قەبارە و چۆنێتیی وەڵامدانەوەکە لە ئارادا نەبووبێت و ناکۆکی هەبێت؛ چونکە پرسە ئاسایشی و سەربازییە باڵاکان لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی دەدرێت کە سەرۆککۆمار سەرۆکایەتیی دەکات و ئەگەر ئەم هێرشە ڕوو بدات، خودی سەرۆککۆمار (مەسعوود پزیشکیان) بە بەرپرسیاری پلە یەک دادەنرێت. هەرچەندە لە کۆتاییدا لەم پرسانە خامنەیی بڕیار دەدات، بەڵام ئەوە لە ڕووی سیاسەتی دەرەوە لێکەوتەی گەورەی نەرێنیی بۆ پزیشکیان دەبێت. تەنانەت بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی تێلێگراف کە لە چەند سەرچاوەیەکەوە، کە بە وتەی ڕۆژنامەکە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت و بە کەسانی نزیک لە پزیشکیان ناسراون، بڵاو کرابووەوە کە پزیشکیان پێشنیاری کردووە بە ئاگاداریی وڵاتەکەیان هێرش بکرێتە سەر چەند بنکەیەکی نهێنیی هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان لە عێراق. هەرچەندە ڕاستیی ئەم هەواڵە لەژێر پرسیاردایە و هیچ سەرچاوەیەکی دیکە پشتڕاستی نەکردەوە و پێ دەچێت خودی ئەم هەواڵەیش ئامانجی دیکەی لەپشت بێت؛ چونکە لە ئێستادا خاڵی لاوازی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان و بەپێی هێرشەکانی ئەم دوایییەی و تەنانەت ڕابردووی ئیسرائیل، نفووز و دزەکردنی مۆسادی ئیسرائیلە لەناو هەستیارترین دامەزراوەکان و تەنانەت تاوەکوو بەرزترین ئاستەکانی ئێران و بەرەی موقاوەمەی لایەنگری ئێران. هەر بۆیەیشە کە نایانەوێت هێرش و تۆڵەکردنەوەکەیان پووچەڵ بکرێتەوە و بەپێچەوانە بشکێتەوە.

  • کۆبەند: سیناریۆکانی وەڵامدانەوەی ئێران

یەکەم- هێرشکردنە سەر چەند بنکەیەک لە دەرەوەی سنوورەکان و لە دراوسێییەتیی ئێران:

 لە ڕاستیدا ئەم سیناریۆیە هەرچەندە ڕێی تێ دەچێت، بەڵام لە ڕووی ستراتیژیی ئێستای ئێران و بەتایبەتی کابینەی پزیشکیان کە بریتییە لە پەیڕەوکردنی دۆکترینی دراوسێیەتی بۆ سڕینەوەی بارگرژییەکان و شکاندنی ئابڵووقە و سزاکانی سەر ئێران، کێشەی زۆری هەیە هەم سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی تێلێگراف و هەمیش هەر ناوچەیەکی دیکە کە لە وڵاتانی دراوسێی ئێران بێت و بەتەواوی شکست بە دۆکترینە نوێیەکەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەهێنێت و تەنانەت لەگەڵ وتەکانی عەباس عێراقچی وەکوو وەزیری دەرەوەی ئێران لە ٢٣-٨-٢٠٢٤ یەک ناگرێتەوە کە وتی ئەولەوییەتمان لە سیاسەتی دەرەوەدا هاوکاری و هەماهەنگیی ناوچەیی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێیە.

دووەم- ڕاگەیاندنی دۆزینەوە و گرتنی تۆڕی ئەنجامدەران و هەڵوەشاندنەوەی شانە نهێنییەکانی مۆساد لە ئێران:

 هەرچەندە وەزیری ئیتڵاعات (ئیسماعیل خەتیب) سەبارەت بە ڕۆڵی دزەکاران لە تیرۆرکردنی هەنییە جەختی لەوە کردەوە: بەپێی ئەو ڕاپۆرت و ڕاگەیاندنانەی کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کراوە، هیچ ڕۆڵێک بۆ ئەم کەسانە نەبینراوە (بەم واتایەی کە ئەو کەسانەی کە تیرۆرەکەیان ئەنجام داوە یاخود هاوکار بوونە و ئاسانکارییان کردووە و زانیارییەکانیان گواستۆتەوە، لەناو دەزگە هەواڵگری و هەستیارەکانی سوپای پاسداراندا نەبوونە و، ئەمەیش پێ ناچێت ورد و دروست بێت).

بەڵام یەکێک لە سیناریۆکان بۆ ڕای گشتی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ڕابگەیەنێت کە تۆڕێکی سیخوڕیی ئیسرائیلی دەستبەسەر کردووە یاخود دۆزیوەتەوە و پاشان دانپێدانانەکانیان بڵاو بکاتەوە و ئەمە وەکوو دەستکەوت ڕابگەیەنێت کە کۆتایی بەم تۆڕە مەترسیدارە هاتووە و تەنانەت هەر لەم ڕێگەیەوە ئامانجەکانی تۆڵەکردنەوەی دەستنیشان بکات کە لە کام وڵاتەوە هاتوون و یارمەتی دراون. ئەم سیناریۆیە لە ڕابردوودا لە کۆماری ئیسلامی چەندان جار گیراوەتە بەر و ئەنجام دراوە بۆ تۆمەتبارکردنی وڵاتان یاخود وەڵامدانەوەی ناڕەزایەتییەکان لە هەمبەر لاوازیی دەزگە ئەمنی و هەواڵگرییەکان و تەنانەت دوورکەوتنەوە لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل. بەڵام کێشەی گەورەی ئەم سیناریۆیە، دووبارەبوونەوەی چەندجارەی ڕووداوەکان و لەمەیش گرنگتر، بڕواپێنەکردنی ڕای گشتییە بەهۆی ئەوەی کە لە ڕابردوودا ناڕاستیی ئەم سیناریۆیە دەرکەوتووە. هەرچەندە دەکرێت هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، بەتایبەتی موجاهدینی خەڵق یان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد تۆمەتبار بکەن، بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەم سیناریۆیە بڕواپێکردنی لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا ئەستەمە و ئامانجەکانی ئێران ناهێنێتە دی و پرۆکسییەکانیش ڕازی ناکات و لەمەیش گرنگتر،  سیاسەتی ڕێگریکردنی ئێران لاوازتر دەکات و ئیسرائیلش بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆن و چالاکییەکانی و، پێکدادانەکان بەتەواوی دەگوازێتەوە بۆ ناو خاکی ئێران.

سێیەم- کەڵکوەرگرتن لە پرۆکسییەکان، بەتایبەتی حزبوڵڵای لوبنان یان هێرش لە خاکی عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن:

ئەم سیناریۆیە ڕێی تێ دەچێت کە ئێران لە بری هێرشی ڕاستەوخۆ لە خاکی خۆیەوە، لە ڕێگەی پرۆکسییەکانییەوە یان خاکی ئەو وڵاتانەی کە لەلایەن لایەنگرانییەوە کۆنترۆڵ کراوە، هێرشەکە ئەنجام بدات. بەڵام لە لایەک ئێران بەلاواز دەردەخات و ئیسرائیل لە ڕووی سیاسەتی ڕێگریکردنەوە بەباڵادەست دەهێڵێتەوە و لە لایەکی تریشەوە هێزە پرۆکسییەکان دەکرێنە ئامانج و دۆخی ئەو وڵاتانە تێک دەچێت و تەنانەت ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی ڕای گشتی و نەیاری ئێران دەبێتەوە. تەنانەت لە وڵاتانی وەکوو عێراق یان سووریا و لوبنان، حکوومەتی فەرمی دژی ئەم بڕیارەیە و ئێران ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەکاتەوە و کاردانەوەی ئەمریکای لێ دەکەوێتەوە.

هەروەها ئەگەر ئێران کەڵک لە پرۆکسییەکان وەکوو میلیشیاکانی شیعەی عێراقی یان حزبوڵڵای لوبنان یاخود فاتمیۆن (شیعە ئەفغانییەکان) و زەینەبیۆن (شیعە پاکستانییەکان) لە سووریا و نزیک بەرزایییەکانی جۆلان (هضبة الجولان) یان حووسییەکانی یەمەن و تەنانەت هێرشێکی جەماوەری لە کەناری ڕۆژاوا و کەرتی غەززە وەربگرێت، ئەوە دیسانەوە ئامانجی ئێران ناپێکێت و توانا و سیاسەتی بەرگریی ئێران لاوازتر دەکات. پێشووتریش ئیسرائیل ڕای گەیاندبوو کە لە حەوت بەرەوە بەرەنگاری هەڕەشە و مەترسییەکان دەبێتەوە و لەجەنگدایە. هەر ئەمەیش دەبێتە هۆکارەک بۆ لێدان لە حزبوڵڵا و، هەروەها هاتنەناوەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ بەرگری لە ئیسرائیل، کە ئێران خۆی بەدوور دەگرێت لە ڕوودانی. بەڵام بەشداریی کۆنترۆڵکراوی حزبوڵڵای لوبنان لەم جەنگەدا، سیناریۆ و ئەگەرێکی زۆر بەهێزە. لە حاڵەتەیشدا هەم ئێران ڕاستەوخۆ هێرشی نەکردووە و هەمیش ئیسرائیل ناتوانێت وەڵامی ئێران بداتەوە و ئەمریکاش لە جەنگەکەدا تێوە ناگلێت؛ بەڵام لاوازیی ئەم سیناریۆیە ئەوەیە کە ئەگەری بەرفراوانبوونی جەنگەکە و تێوەگلانی ئێران بەپێی قەبارەی کاردانەوە و وەڵامی سەربازیی ئیسرائیل و، هەروەها بەهۆی ئاستی و ڕێژەی تێچووە مرۆیییەکانی بەرز دەبێتەوە و بەم پێیەیش کۆنترۆڵکردن و پێشبینیکردنی لێکەوتەکانی زۆر ئەستەمە.

هەر بۆیە پاش هێرشەکەی 25ـی ئابی 2024، حیزبوڵڵای لوبنان کە لە چوارچێوەی پرۆسەی تۆڵەکردنەوەی فوئاد شوکردا، زیاتر لە 320 مووشەکی کاتیوشایان ئاراستەی چەند ئامانجێکی ئیسرائیل کرد. حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، ڕای گەیاند؛ “بڕیارمان دا ئامانجەکان نابێت سڤیل بێت، نابێت ژێرخان بکرێتە ئامانج، دەبێ ئامانجەکان سەربازی بن لەناو ئامانجە سەربازییەکان و ئەو دامەزراوانە بکرێنە ئامانج کە پەیوەندییان بە شەهیدکردنی “فوئاد شوکر”ەوە هەبوو. ئامانجەکانیش هەواڵگریی سەربازی و هێزەکانی ئاسمانی بوون.” بۆیە حەسەن نەسروڵڵا ڕای گەیاند کە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکەیانی بنکەی گیلیلۆت و یەکی 8200ـی هەواڵگری بوو، هەروەها وتی: “هێشتا وەڵامی ئێران و یەمەنیش ماوە.” بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کە سوپای ئیسرائیل ڕای گەیاند “نزیکەی 100 فڕۆکەی جەنگیی هێزی ئاسمانی لەژێر فەرماندەیی فەرماندەیی باکوور و دەستەی هەواڵگری و، هەزاران سەکۆی مووشەکهەڵدانی حیزبوڵڵای تیرۆرستیان تێک شکاند، کە لە باشووری لوبنان جێگیر کرابوون.” هەر ئەمەش وادەکات کە ئێران ترسی هەبێت لە ئەگەری هێرشی ڕاستەوخۆدا، ئیسرائیل هێرشی پێشدەستانە بکات و هێرش بکاتە سەر دامەزراوە سەربازی و مووشەکییەکانی ئێران و، ئەمەش بە تەواوی هاوکێشەکە دەگۆڕێت و ئێران دەخاتە دۆخی جەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل.

چوارەم- هێرشی مووشەکی و درۆنیی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل:

 ئێران لە ڕابردوودا چەند جارێک ئەمەی تاقی کردۆتەوە، بۆ نموونە لە ٨-١-٢٠٢ و لە تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی بە ٢٢ مووشەکی بالیستیی فاتح ٣٣٠ و قیام، هێرشی کردە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق کە ١١ مووشەکی گەیشتە بنکەکە. هەروەها چەندان جار هێرشی کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان و سووریا و پاکستان و، دوایین جاریش ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل. بەڵام ترسی ئێران ئەوەیە کە ئەم هێرشە یان وەکوو جاری ڕابردوو بێت کە ٩٩% پووچەڵ کرایەوە، یاخود ئەگەر بەرفراوانتر بێت، ئەوە ببێتە هۆی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و، بەم پێیەیش ئێران بکەوێتە ناو ئەو تەڵەیەی کە باسی لێوە دەکات.

پێنجەم- هێرشی هایبریدی (hybrid attack) و، هەروەها هێرشی ناڕاستەوخۆ:

 لەم سیناریۆیەدا ئێران لە ڕێگەی هێرشی سایبەریی بەرفراوان بۆ سەر میدیا و دامەزراوە هەستیارە مەدەنی و سەربازییەکانی ئیسرائیل و، هەروەها کردنەئامانجی بەرژەوەندی و بنکە دیپلۆماسییەکان و کەشتییە ئیسرائیلییەکان و، هەروەها بەئامانجگرتنی کەسایەتییە بازرگانی و سیاسییەکانی ئیسرائیلی لە وڵاتە جیاجیاکان، تۆڵە بکاتەوە. هەرچەندە ئەم سیناریۆیە لە ڕابردوو لەلایەن ئێرانەوە لە وڵاتانی جۆراوجۆری وەکوو قوبرس، تورکیا، جۆرجیا، ئازەربایجان، بولگاریا، هندستان، تایلەندا و تەنانەت ئەرژەنتین و…،  ئەنجام دراوە و بەشێکیشیان لە وڵاتانی جۆراوجۆر ئاشکرا بوونە و ڕووبەڕووی شکست بوونەتەوە. هەر ئەمەیش وای کردووە ئەو دەوڵەتانەی کە بەپیێ دەزگە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، ئێران ویستوویەتی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی تێدا ئەنجام بدات، ناڕەزایەتیی توند دەرببڕن و لە ڕووی دیپلۆماسییەوە تێچوویەکی زۆری بۆ ئێران هەبێت.

شەشەم- هێرشی سیمبۆلیک (symbolic attack):

 لەم سیناریۆیەدا ئێران هێرشێکی سنوردار و سیمبۆلیک دەکاتە سەر چەند ئامانجێک لە ناوخۆی ئیسرائیل و لە بەرامبەریشدا بەهۆی نەبوونی زیانی ماددی و مرۆیییەوە، ئیسرائیل و ئەمریکا گەرەنتی دەدەنە ئێران کە هێرشی نەکرێتەوە سەر. ئێران لەم سیناریۆیەدا هەم وەڵامی کوشتنی هەنییە دەداتەوە و هەمیش ڕای گشتیی ناوخۆیی و پرۆکسییەکانی ڕازی دەکات، بەڵام کێشەی گەورەی ئەم سیناریۆیە ئەوەیە کە ئەم هێرشە لاوازیی ئێران دەردەخات و تەنانەت پرۆکسییەکان و ڕای گشتیی توندڕەوەکانی ناوخۆیی، وەکوو پێویست قبووڵی ناکەن و لە هەموویشیان مەترسیدارتر بۆ ئێران ئەوەیە کە باڵادەستیی ئیسرائیل و سیاسەتی ڕێگریکردنی ئەو وڵاتە دەچەسپێنێت. جگە لەمانەیش، ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ڕووداو و  ئۆپەراسیۆنی لە شێوەیە ناگرێت و لە زیانی ئێران و لایەنگرانی لە ناوچەکەدا دەکەوێتەوە. هەر بۆیە ئەگەر هێرشەکە بە شێوەیەک نەبێت کە توانا و ئیرادەی ئێران نیشان بدات، ئەوە زیانی لە ڕووی سەربازی و بەرگرییەوە بۆ ئێران زیاتر دەبێت. بۆیە ئێران بە دوای بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی بەرچاوی سەربازی و و سیاسی و ئابوورییەوەیە، کە نیشان بدات لە پاراستنی خاک و  بەرگریکردن لە سەروەری و، هەروەها پشتیوانی و پاڵپشتی لە پرۆکسییەکانی جددی و بەتوانایە. بەم پێیەیش، دەبێت ئەو ئامانجە لەناو خاکی ئیسرائیل گرنگیی هەبێت و قەبارەی هێرشەکە توانا و سووربوونی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە دەربخات.

[1] – ئیسرائیل بۆ لێدان لە پرۆکسییەکانی ئێران و فراوانخوازییەکانی ئێران لە ناوچەکە لە دۆکترینی مابام (MABAM) یاخود ناسراو بە Campaign between the Wars کەڵکی وەرگرتووە و دۆکترینی ناسراو بە Dahiya Doctrine کە لە پاش جەنگی ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان گرتییە بەر، لە دژی حەماس و لەوانەیە لە داهاتوودا لە دژی حزبوڵڵا بگرێتە بەر، هەروەها دۆکترینی هەشتپێ (Octopus Doctrine) بۆ ڕێگریکردن لە بەئەتۆمیبوونی ئێران گیراوەتە بەر، پێکەوە بەردەوام دەبن و بە ڕەواندنەوەی هەڕەشە نزیک و سنوورییەکان، خۆی بۆ ئاستێکی بەرزتر لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات. سیاسەتی نەریتیی ئیسرائیل لە بواری ئاسایشی نەتەوەیی و بەرگری بەم شێوەیە بووە کە هەڕەشەکان بەیەکجاری لەناو ناچن و هەر قۆناغێک ئامادەکارییە بۆ قۆناغێکی بەرزتری پێکدادان و بارگرژی. بەکورتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و پرۆکسییەکانی لە ڕێگەی ستراتیژیی کوشتن بە هەزار برینی چەقۆ (death by a thousand knife wounds) و، هەروەها ئەوەی بە جەنگی سێبەر (Shadow War) ناسراوە، تاوەکوو ئێستا شکستی خواردووە یان لە باشترین حاڵەتدا ئەنجامەکەی ڕوون نییە کە بتوانێت مەترسییەکانی ئێران لەسەر ئیسرائیل بڕەوێنێتەوە. هەر بۆیە باس لەوە دەکرێت کە ئیسرائیل لە پاش هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئەم وڵاتە، پێویستی بە ستراتیژییەکی نوێی بەرگری و دۆكترینێکی جیاوازی سەربازی هەیە. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە ئیسرائیل هێرشە نهێنی و پێشدەستانەکانی لە ناوخۆی ئێران و دژی پرۆکسییەکانی چڕتر بکاتەوە. بە شێوەیەکی گشتی تاوەکوو پرسی ئەتۆمی و مەترسیی پرۆکسییەکانی ئێران بەردەوام بن، ئەوە ئەگەری پێکدادان و جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەناڕاستەوخۆ (جەنگی سێبەر) و تەنانەت ڕاستەوخۆ (وەکوو ئەم جارە) بەردەوام و لە ئارادایە.

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

سوودانی و مالیکی… جەنگی سارد و زیاتریش

(دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، "ویلایەتی دووەم" یاساکانی جەنگەکە دەگۆڕێت)   ن: عەلی سەرای و:… زیاتر

7 days ago

حكوومەتی سوودانی: دوو پێشهاتی گەورە و كۆمەڵێك ئەگەر و سیناریۆ

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق كابینەی محەمەد… زیاتر

1 week ago

11 کەسایەتیی کاریگەر لە سیاسەتی دەرەوەی ترامپ

نووسەر: فۆریەن پۆلیســـی (foreignpolicy) وەرگێڕان: پێنووس ئەگەر دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جارێکی دیکە بگاتە… زیاتر

1 week ago

یەکەم گەشتی سیسی بۆ ئەنقەرە؛ پەیوەندیی نێوان میسر و تورکیا دوای ١١ ساڵ چۆن گۆڕا؟

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس بڕیارە ڕۆژی 4ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، بە مەبەستی… زیاتر

2 weeks ago

ئاییندەى گۆڕاوە ستراتیژییەکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئەگەرى گەڕانەوەى ترامپ

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران ترامپ وەک مەتەڵێک بۆ… زیاتر

4 weeks ago

سیاسەتی یاساییی چوارچێوەی شیعی لە هەمواری “باری كەسی”دا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق دەسپێك  پاش… زیاتر

1 month ago