پێنووس

كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.. داكەوتە و لێكەوتەكان

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

بەپێی ڕاگەیەنراوە فەرمی و دزەپێكراوەكان، بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵی ئاییندەدا ( تا كۆتاییی 2026) هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا لە عێراق بە چەند قۆناغێك بكشێنەوە و كۆتایی بە ڕۆڵی “هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی داعش” بهێنرێت، كە دەوروبەری 10 ساڵە دەستبەكارە. ئەم شرۆڤەیە لەبارەی وردەكاری و لێكەوتەكانی ئەم پلانە هەڵوێستە دەكات.

پەرەسەندنەكانی پلانی كشانەوە

بەپێی بڕگە سەرەكییەكانی پلانی ئاشكراكراوی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، تا ئەیلوولی ساڵی داهاتوو (2025) سەدان سەربازی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كە لەژێر فەرماندەییی سوپای ئەمریكادان، لە عێراق دەكشێنەوە؛ ئەوانەیش كە دەمێننەوە، تا كۆتاییی 2026 عێراق بەیەكجاری بەجێ دەهێڵن. زانیارییە بەردەستەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن ئەم پلانە ڕێككەوتنی كۆتاییی لەسەر كراوە و تەنیا هەنگاوەكانی كۆتایی ماون. لە ئێستایشدا بەهۆی بارودۆخی جەنگی غەززەوە ڕاگەیاندنی دوا كەوتووە[1]، بۆ ئەوەی نەبنە دەستكەوت بۆ گرووپەكانی دژ بە ئەمریكا؛ جگە لەوەیش هەندێك وردەكاریی پلانەكە هێشتا یەكلایی نەبوونەتەوە و لە قۆناغی دانوستاندان.

 زانیارییە فەرمییەكان باس لەوە دەكەن ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق 2500 سەربازن، جگە لەوەیش 900 سەربازیش لە سووریان و بۆ پشتیوانیی “هێزەكانی سووریای دیموكرات” دژ بە داعش لە ئەركدان؛ چالاكییەكانی سوپای ئەمریكاش لە هەردوو وڵات لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدایە كە ساڵی 2014 پێك هێنراوە[2]. بەڵام ئێستا سەرۆكوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی دەڵێت “هیچ پێویستییەك بۆ هەبوونی ئەو هێزە ئەمریكییە لە عێراقدا نەماوە لە پاش شكستی داعش”، بەتایبەت كە عێراق خۆی “توانای مامەڵەكردنی لەگەڵ پاشماوەكانی داعش هەیە” بە قسەی سەرۆكوەزیران؛ هەروەها دڵنیایی دەدات لەوەی عێراق لە قۆناغی جەنگەوە، چووەتە دۆخی ئۆقرەیی و چیتر “داعش مەترسییەكی جددی نییە بۆ عێراق”[3].

بەپێی پلانە ئاشكراكراوەكە، كشانەوەكە بە دوو قۆناغ دەبێت: قۆناغی یەكەم لە ئەیلوول/ سێپتەمبەری ئەمساڵ (2024) دەست پێ دەكات و تا ئەیلوول/ سێپتەمبەری ساڵی داهاتوو (2025) دەخایەنێت؛ قۆناغی دووەمیش، دەبێت تا ئەیلوول/ سێپتەمبەری 2026 كۆتاییی پێ بێت كە تێكڕا دەكاتە دوو ساڵ.[4] هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا بەرپرسێكی ئەمریكی ئەوەی دركاندووە كە ڕێككەوتنی كشانەوە لە عێراق ڕێگە بە ئەمریكا دەدات لە عێراقەوە هاوكاری پێشكەش بە سوپاكەی بكات لە سووریا (900 سەرباز)[5]؛ واتە كشانەوەكە لێكەوتەی لەسەر كانتۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی فورات (ڕۆژاوا) نابێت.

پاڵنەرەكانی سەرهەڵدانەوەی كشانەوە

كۆدەنگییەكی شیعی هەیە لەبارەی پێویستی و گرنگیی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە عێراق؛ ئەمەیش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە بڵاوبوونەوەی سوپای ئەمریكا لە عێراق، ڕێگرە لە سەربەخۆیی و سەروەری و، مەترسییە بۆ سەر دراوسێكانیش (ئێران). لە ئۆكتۆبەری 2023 بەدوایشەوە گرووپە شیعەكانی عێراق و هێزەكانی ئەمریكا دوژمنایەتییەكی نوێیان بۆ دروست بووە و عێراق بووەتە بەشێك لە بەرەی جەنگ دژی ئەمریكا و ئیسرائیل و، هێزە پەڕگیرە شیعەكان سوورن لەسەر ئەوەی “واشنتۆن كۆتایی بە دەستیدەستیكردن لە دۆسیەی كشانەوە لە بنكە سەربازییەكان بهێنێت و، هەژموونی خۆیشی لەسەر گرێبەستەكانی پڕچەككردنی عێراق هەڵگرێت[6].”

 باوەڕی زاڵیش ئەوەیە حكوومەتی عێراق لەژێر گوشاری گرووپە شیعە چەكدارەكان و لێكەوتەكانی جەنگی غەززەدا سەرەتای ئەمساڵ (2024) ناچار بووە لەگەڵ ئەمریكا دەست بە دانوستان بكات بۆ گەیشتن بە خشتەیەكی كاتی كە كۆتاییهاتنی ئەركی “هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش” لەخۆ بگرێت[7]. لە لایەكی دیكەوە شرۆڤەكار و ئاگادارانی ڕەوشی ئێران باس لەوە دەكەن هاتنی “مەسعوود پزیشكیان”ی سەرۆككۆماری ئێران بۆ عێراق بەشێكی بۆ ئاساناكاریكردنی كشانەوە بووە؛ بەو پێیەی ئێران یارمەتیی چارەسەركردنی كێشە ناوخۆیییەكانی عێراق بدات و كورد لە بەغدا نزیك بكاتەوە، بۆ ئەوەی دانانی خشتەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا خێراتر بكرێت و لەمپەری بۆ دروست نەبێت[8]. ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیش ئەوەی دركاندووە ئەمریكییەكان نیگەرانن كە ئێران، عێراقی كردووە بە یەكەم وێستگەی سەردانە دەرەكییەكانی پزیشیكان كە ژمارەیە بۆ هەڵكشانی نفووزی ئێران و باڵەكانی لەم وڵاتە [9].

دۆخی هەرێمی كوردستان

لێدوانە فەرمییەكانی هەرێم هێشتا داعش بە مەترسی دەبینن؛ ڕۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانانیش بە گرنگ دەبینن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و مەترسیی تیرۆر. وەزیری دەرەوەی عێراقیش، فوئاد حسێن، كە كوردە،  لە یەكێك لە سەردانەكانیدا بۆ واشنتۆن ڕاشكاوانە ڕای گەیاند: كورد و سوننە و بەشێك لە شیعە لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا نین؛ بۆ ئەمەیش پاساو و هاندەریان هەیە؛ بەڵام شیعەكان ئەمەیان بەئاشكرا نەوتووە[10]. بەپێی ڕاپۆرتی “واشنتۆن پۆست”یش لێكگەیشتنی بنەڕەتیی نێوان بەغدا و واشنتۆن لەبارەی سوپای ئەمریكاوە، دەرفەت دەدات بە جێهێشتنی هێزێكی بچووك لە هەرێمی كوردستان كە ئەركی پاراستنی هەرێمە لە هێرشی باڵەكانی سەر بە ئێران. میدیا ئەمریكییەكە ئەم زانیارییەی لە زاری بەرپرسێكی عێراقییەوە گواستووەتەوە بەبێ باسكردنی وردەكاریی زیاتر؛ بەڵام ڕۆژنامە ئەمریكییەكە بەگشتی هۆشداریی داوە لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2011ی كشانەوەی ئەمریكا كە عێراقێكی لەرزۆكی بەجێ هێشت كە گیرۆدەی ناكۆكیی ئیتنی و گەندەڵی و لاوازی بوو. ئەمەیش دەرفەتی ڕەخساند بۆ دەركەوتن و پەرەسەندنی داعش لەسەر خاكەكەی. لەم بارەیشەوە “دانا سترۆل” بەرپرسی توێژینەوەكانی پەیمانگەی واشنتۆن جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەبێت كشانەوەكەی سوپای ئەمریكا گەرەنتیی ئەوەیشی لەگەڵدا بێت وڵات نەبێتە گۆڕەپانێك بۆ ئێران و، چارەسەری بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی گەندەڵی لەخۆ بگرێت و یارمەتیی هێزە ئەمنییەكانیش بدرێت لە ئەركی خۆیان[11].

جۆری پەیوەندییەكانی پاش كشانەوە

ژمارەیەك لە كۆنگرێسمانە ئەمریكییەكان باوەڕیان وایە هەر كشانەوەیەكی بێ بەرنامەی ئەمریكا لە عێراق، ڕێگە بە داعش دەدات خۆی ڕێك بخاتەوە یان دەرفەتی ئەوە بە ئێران دەدات بۆشایییەكەی ئەمریكا پڕ بكاتەوە[12]. بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جەخت دەكاتەوە ئەوان كار بۆ “گواستنەوەیەكی ڕێكخراو”ی “هاوبەشی ئەمنیی دووقۆڵیی هەمیشەیی” دەكەن لە پاش كشانەوە[13]، كە ئەمەیش ئاماژەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتننامەی ستراتیژیی عێراق_ ئەمریكا  كە ساڵی 2008 واژۆ كراوە. لە دیمانەكەی “بلومبێرگ”یشدا سوودانی هەر جەختی لەوە كردووەتەوە كە پاش كشانەوە، عێراق و ئەمریكا بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی لە بوارە ئەمنی و ئابوورییەكاندا. لەبارەی شێوازی ئەو هەماهەنگییەیشەوە ڕاپۆرتە ئەمریكییەكان باس لەوە دەكەن لە چوارچێوەی نێردە دیپلۆماسییەكانی ئەمریكا دەبێت لە عێراق، بەبێ ئەوەی پێویست بكات ئەمریكییەكان بەشداریی ڕاستەوخۆی شەڕ بكەن[14].”

لەمپەرەكانی بەردەم كشانەوە

ئەگەرچی ڕێككەوتنی كشانەوە بە شێوەیەكی بەرایی و بنەڕەتی گەڵاڵە كراوە بەپێی ڕاگەیەنراوە فەرمییەكان، بەڵام بەپێی ئاماژە بەردەستەكان كۆمەڵێك لەمپەر و ڕێگر لە بەردەم پرۆسەكەدا هەن كە گومان لەسەر گەرەتنیی پلانەكە دەكەن و دەشێت بەم شێوەیە گەڵاڵە بكرێن:

_  بەپێی ڕاپۆرتێكی دەزگەی “Century foundation”ی ئەمریكا خشتەی كشانەوەی هێزەكانی واشنتۆن لە عێراق، مەرجدارە بە ڕاگرتنی هێرشی باڵە ئێرانییەكان؛ ئەمەیش كارێكە لە توانای حكوومەتی عێراقدا نییە گەرەنتی بكات[15].

_ ئیدارەی بایدن نایەوێ تا كۆتاییهاتنی هەڵبژاردن (نۆڤەمبەری 2024) هیچ هەنگاوێك بنێت لەبارەی كشاندنەوەی سوپاكەی، بەتایبەت كە ئێستا دۆسیەی كشانەوە لە ئەفغانسان بەشێكە لە هەڵمەتی گەرمی هەڵبژاردن. لە بەرامبەریشدا حكوومەتی عێراق نایەوێت تاكلایەنە هێزەكانی ئەمریكا دەربكات لە ترسی لێكەوتەی دارایی و، خوازیارە پرۆسەكە بە لێكگەیشتن بڕوات.

_ زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن فەرماندەییی هێزەكانی ئەمریكا و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا ئامادە نین دەستبەرداری عێراق ببن؛ لەو سۆنگەیەی پێگەیەكی گونجاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران. لەسەر زەمینیش هیچ هەنگاوێك نەنراوە بۆ جموجۆڵی هێزەكانی ئەمریكا و، دیارە وڵاتە یەكگرتووەكان خاوەخاو دەكات چونكە دەزانێت عێراق گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران[16].

_ شارەزایانی سەربازی باس لەوە دەكەن هێشتا هێزەكانی عێراق لە ڕووی هێزی ئاسمانییەوە پێویستیان بە یارمەتیی ئەمریكی و نێودەوڵەتی هەیە، بەتایبەت ئەوەی كە پەیوەستە بە سیستەمی ڕادار یان بەرەنگاربوونەوەی ئامانجە دیاریكراوەكان [17]. بەپێی زانیارییەكانیش لە دانوستانەكاندا هێشتا یەكلایی نەكراوەتەوە ئایا ئەمریكا یارمەتیی ئاسمانی پێشكەش بە عێراق دەكات یان نا[18].

_ لایەنی ئەمریكی نایشارێتەوە زۆر وردەكاریی دۆسیەی كشانەوە هەن، بە وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە پەیوەستن؛ ئەوەیش هێشتا یەكلایی نەكراونەتەوە[19].

_ بەردەوامیی جەنگی غەززە و كردنەوەی بەرەی جەنگ لە لوبنان و ئاسایشی ئیسرائیل و ئاسایشی هاوپەیمانەكانی تری ئەمریكا لە ناوچەكە (ئوردن و كوێت و سعوودیا و وڵاتانی تری كەنداو)، ڕێگرن لە كشاندنەوەی كتوپڕی سەربازەكانی ئەمریكا لە عێراق و بەجێهێشتنی بۆ باڵە ئێرانییەكان.

_ زۆربەی سیستەم و كەرەستە سەربازییەكانی عێراق، ئەمریكین و بەبێ ڕاوێژكاری ئەمریكی و بەبێ ئەپدەیتی ئەمریكی دووچاری كێشە و تەنگژەی زۆر دەبنەوە و، عێراقیش ناتوانێت لەو بارەیەوە پێداگریی زۆر بكات[20].

_ بە كشانەوەی ئەمریكا بەبێ ڕێككەوتنێكی گشتگیری پێشوەختە، عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی و ئەندامانی ناتۆ دەكەوێتە دابڕانەوە، چونكە هیچیان بەبێ ئەمریكا ئامادەی هاوكاری و مانەوە نین لە جەنگی داعش.

_  گومانی زۆر لەسەر توانای سوپای عێراق و سیستەمی ئەمنیی وڵاتەكە هەیە لە توانای بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە دەرەكییەكان بەبێ پشتیوانیی ئەمریكا[21]، بەتایبەت كە لە ئابی ڕابردوودا ئەمریكا كوشتنی 15 چەكداری داعشی لە ڕۆژاوای عێراق ڕاگەیاند[22].

_  بەپێی لێدوانە فەرمییەكان پێكهاتەی كورد و سوننە و بەشێك لە شیعە لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا نین لە ئێستادا و، بۆ ئەمەیش پاساو و هاندەریان هەیە؛ بەڵام شیعەكان بەئاشكرا هیچ ناڵێن[23].

_ سەرەتای ئەمساڵیش باڵیۆزە بەهێزەكەی ئەمریكا لە عێراق، “ئیلینا ڕۆمانۆڤسكی”، پێش سەردانی سوودانی بۆ واشنتۆن هۆشداریی دا لەوەی داعش هێشتا مەترسییە، هەروەها ئەوەیشی ڕاگەیاند باسی كۆتاییهاتنی هاوپەیمانیی داعش لە ئارادا نییە![24]؛ هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا “ئیان ماکاری”، نوێنەری ئەمریکی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی داعش بەڕوونی ڕای گەیاندووە “لە ئێستادا هیچ پلانێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق نییە[25].”

سیناریۆ بەردەست و ئەگەرە ڕێتێچووەكان:

یەكەم: كشانەوەی تەواوەتیی هێزەكانی ئەمریكا بەو شێوەی گرووپە شیعەكان پێداگریی لەسەر دەكەن وەك بەشێك لە پاكتاوی حیسابات لەگەڵ ئەمریكا لە ناوچەكە. ئەمەیش لێكەوتە و لەمپەری زۆری لە بەردەمدایە و جێبەجێكردنی زۆر قورسە ئەگەر مەحاڵ نەبێت لە مەودای نزیكدا.

دووەم: مانەوەی سوپای ئەمریكا بە هەمان شێوەی خۆی كە 2500 سەربازە لە عێراق و گوێنەدان بە پێداگرییە عێراقییەكان لەو بارەیەوە. ئەم سیناریۆیەیش شانسی سەركەوتنی زۆر نییە چونكە جگە لەوەی كشانەوەی ئەمریكا كۆدەنگییەكی شیعیی لەسەرە كە زۆرینەی حوكمڕانن، لە ئەمریكاش خواست زۆرە بۆ دووركەوتنەوە لە گێژاوی جەنگە بێكۆتایییە بەردەوامە تێچوو زۆرەكان، بەتایبەت لە عێراق كە ئەزموونێكی تاڵە بۆ ئەمریكا.

سێیەم: سیناریۆی نزیك و ڕێتێچوو ئەوەیە تا كۆتاییی ئەمساڵ گۆڕانێكی گەورە لە دۆخی سوپای ئەمریكادا ڕوو نادات؛ لە پاش ئەوەیش ئەگەر هەردوو لا لەسەر وردەكاریی كشانەوە ڕێك كەوتن و یەكلایی كرایەوە، ئەوە جۆری پەیوەندییەكە دەگۆڕێت بۆ بەركاركردنی “ڕێككەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژیی 2008” كە پەیوەندیی هەردوو لای لە بواری ئاسایش و بەرگریدا كردووەتە دوورمەودا و درێژخایەن.

پەراوێز و سەرچاوەكان

[1]  https://2h.ae/qBnA

[2]  https://2h.ae/OjdP

[3]  https://2h.ae/aTUP

[4]  https://2h.ae/iXbW

[5]  https://2h.ae/KslQ

[6]  https://bit.ly/49fb6rB

[7]  https://bit.ly/4afdorS

[8]  https://2h.ae/jSuB

[9]  https://2h.ae/wFdD

[10]  https://bit.ly/3TATujZ

[11]  https://2h.ae/wFdD

[12]  https://2h.ae/aTUP

[13]  https://2u.pw/4utvqpno

[14]  https://2h.ae/PamG

[15]  https://2h.ae/rZZm

[16]  https://2h.ae/rZZm

[17]  https://2u.pw/sVx8aZqx

[18]  https://2h.ae/KslQ

[19]  https://2h.ae/KslQ

[20]  https://bit.ly/49gURKC

[21]  https://bit.ly/4aCk4Ap ؛

https://bit.ly/43FPWBK

https://bit.ly/43EdR4u

[22]  https://2h.ae/KslQ

[23]  https://bit.ly/3TATujZ

[24] https://bit.ly/3TFUeoh

[25]  https://bit.ly/3vwD0S5

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

ترەمپ گەڕایەوە کۆشکی سپی: لێکەوتەکانى بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟… زیاتر

4 days ago

ئیدارەی ترەمپ و عێراق: چی بەڕێوەیە؟

نووسەر: مایکڵ نایتس وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە… زیاتر

4 days ago

بـەرەو نوێـکردنەوەى سیستـەمى دڵنیاییى جـۆرى لە زانکـۆکان

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین پێشەکى نزیکەى پازدە… زیاتر

7 days ago

مەترسی و دەرفەتەكانی بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستان لە گەڕانەوەی “ترەمپ”دا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق گەڕانەوەی دۆناڵد… زیاتر

1 week ago

کۆبوونەوەی لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) بە ئامادەبوونی کام وڵاتان بەڕێوە دەچێت؟

ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی… زیاتر

1 week ago

گەڕانەوەی ترەمپ؛ کۆتاییهاتنی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ڕێخۆشکردن بۆ ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران؟

ن: یۆرۆنیوز وەرگێڕانی: پێنووس ڕەنگە ماوەی ئێستا تا دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی… زیاتر

2 weeks ago