د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان
پێشەکی
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، دیسان پرسی کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هاتۆتەوە ڕۆژەف، کە ژمارەیان نزیکەی ٢٥٠٠ سەرباز دەبێت. وەزیری بەرگریی عێراق، “سابت ئەلعەباسی”، لەو مانگەدا (ئەیلوول) ئاشکرای کرد کە لە تا مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٦، دەبێت مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆتایییان پێ بێت، بەڵام ئەمە بە دوو قۆناغ دەبێت: قۆناغی یەکەم لە بەشی ڕۆژاوای عێراق دەبێت، واتا لە بنکەی سەربازیی ئەنبار لە ٢٠٢٥. لە قۆناغی دووەمیش دوای ساڵێک مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان، واتا تا مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٦، دەبێت بەتەواوی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش لە بنکەی سەربازیی هەریر، دەربچن.
نەک تەنیا وەزیری بەرگریی عێراق بەڵکوو “سوودانی”یش لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی بلومبێرگ لە ١٥ی ئەیلوول وتی کە، هێزەکانی عێراق پێویستییان بە مانەوەی هێزی ئەمریکا نەماوە. هەڵبەتە پێشتریش گوشاری زۆر هەبوو لەسەر هەر یەکە لە عادل عبدولمەهدی و مستەفا کازمی، بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانی ئەوە بکەن. نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە یەکێک لە مەرجەکانی هێزە پرۆکسییەکان و حەشدی شەعبی بۆ سوودانی ئەوە بوو کە، دەبێت خشتەیەکی زەمەنی بۆ کشانەوەی ئەمریکا دابنێت. دیارە سوودانی پابەندی بەڵێنی خۆی بووە و ئێستا ئەو ئەرکەی گرتۆتە ئەستۆ.
هێزەكانی ئەمریکا کە زیاتر لە دوو دەیە دەبێت لە عێراقن، ڕۆڵی زۆریان هەبووە لە پڕۆسەی سیاسی و هاوکێشە هەرێمی و ناوخۆیییەکانی عێراق، بۆیە دەکرێت كشانەوەیان لێکەوتەی زۆری لەسەر دۆخی عێراق و دراوسێکانیش هەبێت، کە لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین شرۆڤەیان بکەین.
کێن ئەوانەی پەلەیانە لە کشانەوەی ئەمریکا؟
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا چ وەک سیناریۆ یان وەک گوشاری هێزە پڕۆکسییەکانی نزیک لە ئێران، شتێکی نوێ نییە؛ لە سەردەمی حکوومەتی مالیکییەوە تاوەکوو ئێستا هەمیشە چەند چەند هێزێکی ناسراو لە عێراق داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن. راستییەکەی پاڵنەر و ستراتیژی ئەمریکییەکان هەرگیز ئەوە نییە کە تا ماوەیەکی درێژ لە عێراق بمێننەوە. لە کۆتاییی ٢٠١١ هێزەکانی ئەمریکا هەر خۆیان لە عێراق کشانەوە بەڵام زۆری نەبرد داعش بەخێرایی نیوەی عێراق و سووریای داگیر کرد. بۆیە لە ٢٠١٤ ئەمریکا لە ڕێگەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ٢١٧٠ لەسەر داواکاریی فەرمیی عێراق لە ڕێگەی هاوپەیمانیی نێودوەوڵەتیی دژی داعش، گەڕانەوە عێراق بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە ڕووی سەربازییەوە، بەتایبەت پاڵپشتیی ئاسمانی و ڕاهێنانی سوپا و هێزە چەکدارەکانی عێراق؛ کە تا ئێستایش ئەم هاوکارییە هەر بەردەوامە.
ئەوەی کە تا ئێستا موکڕە لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ئێرانە. گوشاری گرووپە سیاسی و میلیشیاکانی عێراقیش هەر پلان و پاڵنەرەکەی هی ئێرانە. بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئێران دەستی زۆر واڵاتر دەبێت لە دەستوەردان لە دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی عێراق و، بەکارهێنانی عێراق وەک سەکۆیەک بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێێ عێراق، بەتایبەتیش وڵاتانی کەنداو، ئوردن و ئیسرائیڵ.
ئێران و هێزە پڕۆکسییەکان باش دەزانن کە دەرکردنی ئەمریکییەکان لە عێراق، واتا بڕینی ڕێگەی هاوکاری لە ئەمریکا بۆ سووریاش، چونکە نەمانی ئەمریکا لە عێراق، ئامادەیی و مانەوەی ئەمریکا لە سووریاش ئەستەم دەکات. بە مانایەکی تر کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، واتا کشانەوەی ئەمریکا لە سووریاش. ئەمەیش دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ ئێران و بەرەی مقاوەمە، چونکە ئەمریکا بووەتە بەربەرست لە بەردەم بەکارهێنانی سنووری نێوان سووریا و عێراق لەلایەن ئێرانەوە. لە ئێستادا گەیشتنی ئێران لە ڕێگەی عێراقەوە بە سووریا و لوبنان زۆر گرنگە و دەبێتە چەکێکی تری ئێران دژی ئیسرائیل. بۆیە ئەوەی پەلەیەتی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، لە ڕاستیدا نە کورد و نە سوننەن، ڕەنگە هەموو شیعەکانیش نەبن؛ بەڵام ئەو هێزانەن کە ئێستا دەوڵەت و چەکیان بەدەستەوەیە و، زاڵن بەسەر بڕیاری سیاسی لە عێراقدا.
کاریگەری لەسەر حکوومەتی عێراق
حکوومەتی عێراق بەدەست چەند کێشەیەكی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەوە دەناڵێنێت. وەک دیارە توانای ئابووریی حکوومەتی عێراق بەتەواوی پشت بە فرۆشتنی نەوت بە ڕێژەی ٩٠٪ دەبەستێت؛ فرۆشتنی نەوتیش هەرگیز جێگەی متمانە نییە چونکە بەردەوام لە هەڵبەزودابەزدایە. لە هەمان کاتدا نزیکەی ٧٠٪ی بوودجەی عێراق بۆ مووچە تەرخان دەکرێت، بۆیە گەر نرخی نەوت هاتە خوار ٧٠ دۆلار، ئەوە عێراقیش ئەستەمە بتوانێت بەبەردەوامی مووچەی فەرمانبەرەکانی بدات. ئەمەیش بەدڵنیایییەوە دەبێتە هۆی کێشەی گەورە بۆ ئابووریی عێراق؛ تا ئەو ئاستەی هەندێک ناوەندی توێژینەوەیش پێشبینیی ئەوەی دەکەن کە ئابووریی عێراق لەسەر لێواری داڕووخاندایە.
دانیشتووانی عێراق ئێستا نزیکەی ٤٠ ملیۆن کەسە و، لە دە ساڵی داهاتودا دەبێت بە ٥٠ ملیۆن کەس؛ ٦٠٪ی دانیشتووانی عێراق لەژێر تەمەنی ٢٤ ساڵیدان و، هەر ساڵیک ٧٠٠،٠٠٠ هێزی کار (گەنج) دەکەوێتە بازاڕەوە. لە ئامارێکی فەرمیی بانکی نێودەوڵەتیدا هاتووە: پشکی تاکی عێراقی لە تێکرای داهاتی نەتەوەیی لە ساڵی ٢٠٢٠، نزیکەی ٤،٦٦٠ هەزار دۆلار بووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩ پشکی تاک لە عێراق لە تێکڕای داهاتی نەتەوەییی ئەو وڵاتە گەیشتۆتە ٥،٤٩٠ دۆلار. لە سەرەتای ساڵی 2024 ڕێژەی بێکاری بۆ 16.5% بەرز بووەتەوە، هەروەها ڕێژەی هەژارییش بە ڕێژەی نزیکەی 22% بەرز بووەتەوە؛ بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق (دەکاتە 10 ملیۆن عێراقی).
بیرمان نەچێت ئەوە لە کاتێکدایە کە عێراق کەموکوڕیی زۆری هەیە لە بوارەکانی ژێرخانی ئابووری، بووژانەوەی سیاسی، کەرتی تایبەت و، چەندان پرسی تریش، لە کاتێکدا حکوومەتی عێراق لەو ئاستەدا نییە کە ڕووبەڕووی ئەم مەترسییانە ببێتەوە. لە ڕوی سیاسی و ئەمنییشەوە لایەنە شیعییەکان لەوپەڕی ناکۆکیدان و، میلیشیاکان ناتوانرێت لە ڕێگەی دەوڵەتەوە کۆنترۆڵ بکرێن.
هاتنی قائانی لەو چەند ڕۆژەدا (١٨ ئەیلوول) بۆ بەغدا، پەیوەندیی بە گرژیی ململانێی هێزە شیعییەکانەوە هەیە، بەتایبەت دوای ئاشکرابوونی سکانداڵ (ڕیسوایی)ی سیخوڕیکردن بەسەر کاسایەتییە سیاسییەکان لە نووسینەگەی محەمەد شیاع سوودانی. کشانەوە و پشتکردنی ئەمریکا لە عێراق هەموو ئەو مەترسییانە زیاتر دەکات، بە کێشەکانی ناوماڵی شیعەکانیشەوە؛ ئەمە جگە لەوەی کە عێراق ناتوانێت ئاسایشی خۆی دەستەبەر بکات. بۆیە لە دوای گۆڕانی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا یان کشانەوەیان، ئەگەری دەستوەردانی هەرێمی لە دۆخی عێراق بەرز دەبێتەوە. نەک تەنیا دەستوەردان بەڵکوو بەرکەوتنی بەرژەوەندیی وڵاتانی هەرێمییش لە عێراقدا چاوەڕوانکراوە، بەتایبەت دوای کردنەوەی نووسینگەکانی حەماس و حووسییەکان لە عێراق. چونکە لە ئێستادا بەشێک لە دۆستەکانی ئەمریکا لەبەر بوونی ئەمریکا لە عێراق، دەستوەردان لە کاروباری عێراق ناکەن، بەڵام لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا زۆر ئەستەمە ئەو وڵاتانە بەدیار تەشەنەکردنی هەژموونی ئێران بوەستن لە عێراقدا.
کاریگەری لەسەر شیعەکان
لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، ئەگەری هەیە دۆخی ناوخۆییی شیعەکانیش گرژیی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. وەک دەزانین، هەموو لایەنە شیعەکان کۆک نین لەسەر دۆخی عێراق و دەستوەردانەکانی ئێران لە عێراقدا؛ بەتایبەت لەسەر ئاستی جەماوەری، متمانەی دانیشتووانی شیعە بە ئێران لە دابەزیندایە. بینیمان لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی تشرین (٢٠١٩) چۆن خەڵکی پارێزگا شیعەکان مارشی “ئێران بۆ دەرەوە”یان بەرز کردەوە. نەک هەر ئەوە بەڵکوو لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا و بەسرە هەڵیان کوتایە سەر باڵیۆزخانەکانی ئێران و سووتاندیان.
بە پشتبەستن بە چەند ڕاپرسییەکی باوەڕپێکراو کە دەزگەی گالوپ ئەنجامی داوە “نوخبەی سیاسی- دینی لە عێراق” ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی سیاسی و ئایینییان لە دابەزیندایە. بەپێی ڕاپرسییەک کە لە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجام دراوە، تەنیا ٣٨٪ی خەڵک لە عێراقدا متمانەی بە دامەزراوە ئایینییەکان ماوە. ئێستا ٩٠٪ی عێراقییەکان دەیانەوێت ئەو فۆڕمە تائیفییەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣ عێراقی لەسەر دامەزراوە، نەمێنێت. ئەمە گوزارشت لەوە دەکات کە متمانەکردن بە ئێران لەسەر ئاستی جەماوەری لە دابەزیندایە؛ ئەوەی هەیە سەرکردە سیاسییە ئایینییەکانن کە لە ئێران نزیکن. بۆیە دوای سنووردارکردنی هێزەکانی ئەمریکا، دوور نییە بەریەکەوتنی سیاسی و سەربازی لە نێوان خودی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران، هەروەها لە نێوان میلیشیاکان و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی ڕوو بدات. ئەمەمان لە ٢٠٢٠ بینی، کە چەندان خۆپیشاندەر و چالاکوانی سیاسی و مەدەنی لەلایەن میلیشیا و گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە کوژران.
ململانێ یاخود شەڕی ناوخۆی شیعەکان لەسەر دەسەڵات و سامان و دەوڵەتداری، ئەگەرێکی کراوەیە، چونکە ئیستا ئێران کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر گشت میلیشیاکان نەماوە. ئینجا لە هەمان کاتدا کێشە هەیە لە نێوان کەتیبەکانی حزبوللا و عەسائیب لە دژی هەر یەکە لە هێزەکانی فەتح و موقتەدا سەدر؛ لە نێوان خودی سەرکردە شیعەکانیش لە لایەکی تر، بۆ نموونە: هادی عامری و قەیس خەزعەلی، مالیکی و سوودانی، مالیکی و سەدر؛ هەروەها لە نێوان حەشدی عەتەبات کە سەر بە “سیستانی”ن لەگەڵ گرووپەکانی تری حەشد، وەک: عەسائیب، کەتیبەکانی حزبوڵڵا، سەید ئەلشوهەدا و، بزووتنەوەی نوجەبا؛ بەتایبەت کە بەشێک لەو میلیشیایانە خراونەتە لیستی تیرۆری ئەمریکا (Asaib Ahl al-Haq, Harakat al-Nujaba and Kataib Sayyid al-Shuhada). میلیشیاکان دوای کوژرانی سولەیمانی، لە کێشە و ململانێی ناوەخۆییدان؛ خودی ئیرانیش دەرکی بەم مەترسییە کردووە.
کاریگەری لەسەر سوننەکان
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەگەری ئەوەی لێ دەکرێت دیسان ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی تووڕەیی و ناڕەزاییی سوننەکان، لەبەر دوو هۆکار: یەکەم لەبەر ئەوەی تا ئێستا بەشێكی ئەو ناوچانەی سوننەنشین لە پارێزگاکانی ئەنبار و مووسڵ و دیالە و چەندان شوێنی تر کە لە دەستی داعش ڕزگار کراون، هێزەکانی حەشدی شەعبی لێ نیشتەجێ کراون؛ ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ناکۆکی لە نێوان خەڵکی ئەو شوێنانە و ئەو گرووپانە. دووەم، لەبەر بوونی ئەمریکا لە عێراق تا ئێستا وڵاتانی وەک ئیمارات و سعوودیا و ئوردن، خۆیان لە دەستوەردان لە دۆخی ناوەخۆی عێراق پاراستووە. بەڵام لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا، ئەم وڵاتانەیش بێدەنگ نابن و دەستوەردانی زۆرتر دەکەن لە ڕێگەی بەشێک لە سیاسییە سوننەکان لە لایەک و، هەروەها لە ڕێگەی سەرکردەی خێڵە سوننییەکان لە لایەکی تر. ئەوەی لەم دۆخە ناسەقامگیرەیشدا سوود دەبینێت، گرووپە چەکدارەکانی داعشن کە ئەگەری زۆرە گەشە بکەنەوە.
نەک هەر ئەوە بەڵکوو پێکهاتەکانی وەک مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا و، یەزیدییەکانیش هەڕەشەی ئەم میلیشیا چەکدارانەیان لەسەر دەبێت؛ چونکە حکوومەتی عێراق ئەو هێزەی نییە ئاسایشی ئەو ناوچانە دابین بکات و ئەم پێکهاتانە لەدەستی گرووپە چەکدارەکان بپارێزیت؛ جگە لەوەیش بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە هێشتا ئاوەدان نەکراونەتەوە.
لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین ئەگەری ڕێکكەوتنی شەنگالیش دەکەوێتە مەترسییەوە و جێبەجێ ناکرێت. بە ئەگەرێكی زۆرەوە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، عێراق بە دەوڵەت و سوپاوە دەبێتە بەشێک لە بەرەی مقاوەمە؛ بەتایبەت لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی عێراق ببێتە سەنتەری نیشتەجێبوونی هێزەکانی بەرەی مقاوەمە، وەک: حزبوڵڵا و حەماس و حووسییەکان.
کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان
کشانەوە و گۆڕینی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا، کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت. بەشێکی ئەو کاریگەرییە، پەیوەستە بە مەترسیی میلیشیاکان لەسەر هەرێمی کوردستان، چونکە ئەوکات دەستیان واڵاتر دەبێت و کەس ناتوانێت ڕێگرییان لێ بکات؛ لەبەر ئەوەی ئەوان دەتوانن هەڕەشە لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان دروست بکەن، وەک ئەوەی بینیمان لە ڕێگەی هێرشی مووشەکی و ئاڕاستەکردنی دڕۆنەکان.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دیسان وا دەکات هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دەستوەردانی زیاتری هەرێمی ببێتەوە، بەتایبەت لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە؛ ئینجا چ بە پاساوی پەکەکە بێت یان پرسی تری وەک پاراستنی کەمینە تورکمانەکان لەلایەن تورکیاوە. لەلایەن ئێرانیش دەستوەردان زیاتر دەبێت. ئەگەری هەیە زۆر جاریش ئەم دەستوەردانانە بە مەبەستی گوشاردروستکردن بن بۆ ئامانجێکی سیاسی، کە ئێران مەبەستی بێت؛ ئینجا چ لە عێراق بێت، یان لە هەرێمی کوردستان.
دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەو ناوچانهی كه پێی دهڵێن سنووری ماددهی 140، زیاتر دەکەونە بەر هەڕەشەی میلیشیاکان، بۆیە زۆر گرنگە حکوومەتی هەرێم هەوڵ بدات ئەو ناوچانە پێشمهرگهی لێ جێگیر بكرێت، بهپێچهوانهوه، ئهو ناوچانه دهبنه ئامانج و، لهوهیش مهترسیدارتر سهنتهری شاره گهورهكانیش دهبنه ئامانج. بۆیه گرنگه به ههر شێوهیهك بێت، پێشمهرگه و سوپای عێراق ئیدارەی ئەو ناوچانه بكهن، چونكه دۆخهكه بهرهو ئاڵۆزیی زیاتر دهڕوات. لەوانەیە میلیشیاکان پەنا ببەنە بەر چاوترساندن و کوشتنی نەیارەکانیان لەو ناوچانەدا؛ بەتایبەت دانیشتووانی کورد ڕووبەڕووی هەڕەشە و چاوترساندنی زیاتر ببنەوە، بەتایبەت لە ڕێگەی ناچارکردنی خەڵکی ئەو گوندانەی کە پێشتر عەرەبی هاوردەی بۆ هێنرابوو، هەڕەشەیان لێ بکەن بە سووتاندنی بەروبوومەکانیان یان چۆڵکردنی گوندەکان.
ئەگەر و لێکەوتەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران گەڕانەوەى ترەمپ چی دەگەیەنێ؟… زیاتر
نووسەر: مایکڵ نایتس وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەم وتارەدا، مایکڵ نایتس لێکۆڵینەوە لە… زیاتر
ئالان بههائهددین عهبدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سهڵاحهددین پێشەکى نزیکەى پازدە… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق گەڕانەوەی دۆناڵد… زیاتر
ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بە بەشداریی… زیاتر
ن: یۆرۆنیوز وەرگێڕانی: پێنووس ڕەنگە ماوەی ئێستا تا دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی… زیاتر