پێنووس

بنیاتی گۆڕاوە ستراتیژییەکانى ئێران لە ڕوانگەى سەردانەکەى پزیشکیان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

سەردانەکە زیاتر ئەتەکێتی بوو بەڵام پەیامەکە ستراتیژى بوو

پزیشکیان وەک 14 سەرۆکی وڵات ڕۆژى 30ی تەممووزى ساڵى 2024 کاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆ بە ئامادەبوونى 70 شاندی بیانی و 600 ڕۆژنامەوانى ئێرانی و بیانی سوێندی یاساییی خوارد. ڕاستەوخۆ دواى پەسەندکردنى کابینەکەى لەلایەن پەرلەمانى ئێرانەوە، ڕۆژى 11ی سێپتەمبەر لەسەر بانگێشتنامەیەکی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بە سەردان هاتە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەویش وەک درێژەپێدەر و تەواوکەرى ئەو سەردانەى کە بڕیار بوو سەرۆک ڕەئیسی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانی بکات. پێشتریش لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کە ڕۆژى 5/5/2024 بە سەردانێکی فەرمی لە ئێران بوو، بانگێشتى سەرۆک ڕەئیسیی کردبوو کە لە نێوەندی سەردانەکەى بۆ عێراق، سەردانی هەولێری پایتەختى هەرێمی کوردستانیش بکات، لەلایەن ڕەئیسییشەوە بە ئەرێنی وەڵامی بانگێشتنامەکەى سەرۆکی هەرێم درایەوە؛ بەڵام چارەنووس لە جیاتی ئەو، پزیشکیانی هێنایە هەولێر.

پزیشکیان لە سەروبەندی سەردانەکەى بۆ عێراق، 14 یاداشتى لێکتێگەیشتنى لەگەڵ حکوومەتى عێراقى واژۆ کرد، کە هەموویان بێجگە لە جەختکردنەوە لەسەر ڕێکكەوتننامەکانى پێشوو و پتەوکردنى پەیوەندییەکان، ستراتیژى نەبوون، بەڵکوو زیاتر ئەتەکێتى بوون. ئەگەر پزیشکیانیش نەهاتایەتە بەغدا، لەلایەن باڵیۆزی ئێرانەوە دەکرا واژۆ بکرێن، كە بریتی بوون لە یاداشتى هاوبەش لە بوارى: هاوکاریى ڕاهێنان و وەرزش و لاوان، ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری و هونەر و کەلەپوور، هاوکاریى پەروەردەیی، میدیایی، پەیوەندییەکان، گرووپە گەشتیارییە ئایینییەکان، هاوکاریکردنى یەکتر لە ناوچەى ئازادی عێراق و ئێران، کشتوکاڵ و سەرچاوە سروشتییەکان، پۆستە، چاودێریی کۆمەڵایەتى، ڕاهێنانى پیشەیی و تەکنیکی، پەرەپێدانی هێزی کارى لێهاتوو، چالاکیی ژوورە بازرگانییەکان.

هەر بۆیە سەردانەکە هیچ گۆڕاوێکی هەنووکەییی ستراتیژیى ئێرانی تێدا نەبوو؛ سەراپاى ئەتەکێتی بوو؛ جەختکردنەوە بوو لەسەر ڕێکكەوتنەکانى پێشوو. بەڵام پەیامەکە ستراتیژى بوو؛ بۆ عێراق و هەرێم و ناوچەکە و ئەمریکا.

ئەدی بۆچی یەکەمین سەردانى بۆ عێراق بوو؟

ئەمە پرسیارێکە زۆرێک لە وەڵامەکانى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان و ناوچەکە و خودی ئەمریکا بوون. کەواتە سەردانەکە ئەوەندەى بریتی بوو لە پەیامگەیاندن، ئەوەندە جووڵەى ستراتیژى نەبوون بۆ گۆڕینى هاوکێشەکانى ناوچەکە؛ پەیامی وەک: عێراق لەناو جەرگەى ستراتیژییەتی ئێراندایە و هیچ تایبەتمەندییەکى سەربەخۆى نییە، نەک تەنیا وەک وڵات، بەڵکوو وەک پارێزگاش هەمان مامەڵەى ئێرانیبوونى لەگەڵ دەکرێ: بەغدا، بەسرە، سلێمانى، نەجەف، کەربەلا.

لە لایەکی تریشەوە سەردانەکە جەختکردنەوە بوو لەسەر هەژموونى بێڕکابەرى ئێران لە ناوچەکە. پەیامێکى تری سەردانەکە ڕوخسارى تەواوکارى بوو بۆ سیاسەتەکانى ڕەئیسی. هەرچەندە بە بانگێشتنامەیەکی فەرمی لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە هاتبووە عێراق، کە بە جۆرێک لە هەوڵ دادەنرێ بۆ خاوکردنەوەى گرژییەکانى نێوان سوودانى و چوارچێوەى هەماهەنگی و جەختکردنەوەیان لەسەر ئەوەى کە هەردوو لا لە خولگەى ستراتیژییەتى ئێرانی دەسووڕێنەوە، گەرچی میکانیزم و شێوازی سیاسەتکردنیان جیاوازە، پزیشکیان ویستى ئەو پەیامەیش بە وڵاتانى ناوچەکە بگەیەنێ کە ئێران نیازی سفرکردنەوەى کێشەکانى هەیە لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە و جەخت لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش دەکاتەوە نەک ململانێ و بۆڕدان. بۆ ئەو ستراتیژییەتەیش عێراق دەرچەیەکی دروست و بەکەڵکە بۆ ئێران لە هەموو ڕوویەكەوە و، ئامڕازێکی گەیەنەرى ئەرێنییە لە نێوان ئێران و دەوڵەتانى ناوچەکە، بەتایبەت دەوڵەتانى کەنداو و ئوردن و میسر؛ ئەمە سەرەڕاى گەیاندنى هەڵوێستى نەرم بۆ گەیشتنە ڕێکكەوتن لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا. ئەمەیش جۆرێکە لە بەڕێوەبردنى کات لە قەیرانەکاندا، کە ئێرانییەکان تەواو تێیدا سەرکەوتوون.

کەواتە پەیامەکان ڕوونن، بەوەى ئەگەر هاوکێشە و گرفتەکانى ڕۆژهەڵات لەوە زیاتر بەرەو هەڵکشان نەچن، ئەوا ڕێکكەوتنى ئێران و لێکتێگەیشتنى لەگەڵ وڵاتانى ناوچە و ئەوروپا و ئەمریکا نزیکە و، ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست خۆى لە جۆرێک لە هاوسەنگیى هێز دەبینێتەوە لە نێوان ڕەوتى بەرگرى کە سەر بە ئێرانە و ڕەوتى دژ بە ئێران کە زیاتر ئەمریکا پشتیوانییان لێ دەکات. بەڵام ڕووداوەکانى باشوورى لوبنان ئومێدبەخش نین.

کەواتە ئایا هەڵوێستى عێراق لە هەمبەر ئێران لە سەردەمی پزیشکیان چۆن دەبێ؟

لەو ڕوانگەیەوە عیراق بە شوێنکەوتەی تەواوى ئێران دەمێنێتەوە، تەنانەت لەم سەردانەى پزشکیان پەیوەندییەکانى دەسەڵاتى سیاسیی ئێران دابەزێنرا بۆ سەر ئاستى گەل. پزشکیان لە سەرۆکوەزیرانى عێراق زیاتر سەردانى پارێزگاکانى عیراقی کرد بە هەرێمی کوردستانیشەوە. ئەگەرچی هەڵبژاردنى نوێ لە عێراق ساڵی 2025 بەڕێوەیە ئەنجام بدرێ، بەڵام نەخشە سیاسییەکە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆى بەسەردا نایەت، کە لە ڕووی سیاسی و ستراتیژییەوە زەرەر بێ بۆ ئێران، بەڵکوو دەستەى سیاسیی نوێی عێراق دواى هەڵبژاردنى ساڵی 2025 زیاتر هەر لە خولگەى ستراتیژییەتى ئێران دەخولێتەوە و تواناى دەربازبوونى ئاسان نییە. هەر بۆیە عێراق بە شادەمارى ئابوورى دەمێنێتەوە و پاڵپشتى سەرەکی دەگێڕێ بۆ دابینکردنى پێداویستییەکانى ئێران لە کەلوپەل و بازرگانى، هەروەها عێراق بە فاکتەرێکی سەرەکی ئەژمار دەکرێ، کە دەتوانێ کاریگەریی گەمارۆکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران کەم بکاتەوە.

سەردانەکەى پزیشکیان بۆ عێراق ئەوەى سەلماند کە مامەڵەى توێژ و لایەنەکان لەگەڵ پزیشکیان کارێکی قورس نییە و قابیلی دروستکردنى ڕایەڵەى باشە؛ بەتایبەتتر کاتێک کە هەر لە بەغداوە پەیامی بە زمانى کوردى ئاراستەى کۆمەڵگەى سیاسیی کورد کرد، زۆرێک لە خەڵکی هەرێم پزیشکیان وەک دۆست هاتە پێش چاویان نەک وەک دوژمن و سەرۆکی ئەو وڵاتەى کە تا دوێنی ڕۆکێت و مووشەکی دەگرتە پایتەختەکەیان. هەر بۆیە لەو سەردانەدا پەیوەندییەکان لەسەر ئاستى هێزی هەژموون و ڕەق، دابەزین بۆ دیپلۆماسییەتى جەماوەرى و هێزی نەرم. تەواوى یاداشتە لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکانى نێوان هەردوو لا ئەو ڕاستییە دەردەخەن.

ئەگەر ئەو دوو وڵاتە ئەوەندە لە یەکتر نزیکتر ببنەوە، کاریگەریى لەسەر عێراق چی دەبێ؟

هەندێک لە وەڵامەکانى پێشتر، بۆ ئێرەیش دروستن؛ عێراق دەبێتە شوێنکەوتەى تەواوى ئێران لەسەر ئاستى جەماوەر و دەسەڵات؛ مامەڵەکە لەسەر بنەماى دوو دەوڵەتى خاوەن سەروەرى نابێت، بەڵکوو دەوڵەتى عێراق وەک شوێنکەوتەیەكی بێئیرادە دەبێت بۆ ئێران، کە هیچ بڕیارێکی سەربەخۆى خۆى نابێ. ئەودەمیش ئێران باشتر کاروبارى دارایی و ئابووریى خۆى لە عێراق بەڕێوە دەبات و پارە بلۆککراوەکانیش بەدەست دێنێتەوە، کە ئێستا لە عێراق بەهۆى گەمارۆکانى ئێرانەوە هەندێ پارەى بلۆک کراوە. کەواتە پەیوەندییە ئابوورییەکان و ئاسایشى ئێران لەگەڵ عێراق هێڵی سوورن، چونکە بە لاوازبوونى ئەو دوو پەیوەندییە، بارودۆخى ئێران دەکەوێتە ئەوپەڕى مەترسییەوە.

بڕیارى سیاسیی عێراق لەمەودوا بەتەواوى دەکەوێتە دەستى میلیشیاکان و، حکوومەت لە ململانێدا لەگەڵ میلیشیاكان نامێنێ، بەڵکوو ئەو میلیشیایانە ڕاستەوخۆ حکوومەت بەڕێوە دەبەن. هەر بەوەیش نفووزى کورد و سوننە لەقاڵب دەدرێ و گوشارى زۆریان دەخرێتە سەر. ئەجێنداى ئێرانیش لە تەواوى بوارەکانى ژیانى ڕۆژانەى سیاسەت و کۆمەڵگە ڕەنگ دەداتەوە؛ تەنانەت هیچ پرۆژەیاسایەک بێ خواستى ئێران دەرناچێ و تەنانەت لەوانەیە ئێران داواى دەرکردنى هەر یاسایەک بکات کە بزانێ لە بەرژەوەندیى خۆیەتى، بێ گوێدانە سەروەریی عێراق.

کەواتە هەمان ئەزموونى سووریا و لوبنان و یەمەن لە عێراق دووبارە دەبێتەوە، بەوەى کە هیچ بڕیارێکی سەربەخۆ لەلایەن خۆیانەوە بەدەر لە ئێران نادرێ و، لەو قۆناغەشدا ئەمریکا هیچ کاریگەرییەکى ئەوتۆى لەسەر عیراق نامێنێ. یەکێک لەلایەنە زەرەرمەندەکانیش هەرێمی کوردستان دەبێ، ئەویش ئەگەر ڕووداوەکانى باشوورى لوبنان بەرەو جەنگێکی گەورە سەر نەکێشن، ئەو دەم بەرەنجامێکی جیاوازتر دەکەوێتەوە، بەڵام لێکنزیکبوونەوەکانى ئێران و ئەمریکاش ئەوە دەردەخەن، کە جەنگەکە تا هەنووکە سنووردارە و تەنها ڕازیکردنى ئیسرائیلە و هیچی تر.

بەو پێیەیش کاریگەریى لێکنزیکبوونەوەى عێراق و ئێران لەسەر پەیوەندییەکانى ئێران لەگەڵ ئەمریکا چۆن دەبێ؟

جووڵەکانى ئەمریکا لە عێراق تەواو سنووردار بوون؛ کاریگەرییان لەسەر شانۆى سیاسیی عێراق زۆر کەمە؛ زۆر بەئەستەم خەریکە پشتیوانى لە دۆست و هاوپەیمانانى دەکات، یەکێک لەوانە کورد. ئێران توانیویەتى هەڵوێستى ئەمریکا لە هێرشبەرییەوە بەرەو بەرگریکارى بگۆڕێ؛ ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێ کە ئێران تەواو گوشار دەخاتە سەر ئەمریکا تا ناچارى ڕێکكەوتننامەى سیاسی بکات، یان بیگێڕێتەوە بۆ دانوستان و ڕێکكەوتننامەى ئەتۆمیی نوێ. بەرەنجامى ئەو ستراتیژییەتەى ئێرانیش دەرکردنى عێراقە لەژێر هەژموونى ئەمریکا؛ بەوەى عێراق لە کاتى هەڵکشانی گرژییەکان بەرەیەکی پاڵپشتە بۆ ئێران نەک ئەمریکا و، ملدانى ئەمریکایە بۆ سازشکردن و ڕێکكەوتن و هاوسەنگی سەبارەت بە چەندان هاوکێشەى سیاسیی ناوچەکە، کە لە ئاکامدا لە بەرژەوەندیى ئێران دەکەونەوە.

جووڵەکانى پزیشکیان لەگەڵ سوپاى پاسداران دژوارى دەنێتەوە

هیچ کاتێک سەرۆک پزیشکیان نابێتە لایەنی ڕکابەرى بەرانبەر بە سوپاى پاسداران، چونکە تەواوى دامەزراوەکانى ترى ئێران بەدەست نەریتخوازەکانەوەیە؛ تەنیا سەرۆکایەتیى وڵات نەبێت کە ڕیفۆرمخوازەکان پێگەیەکیان تێیدا هەیە. بەڵام ئایا چەند کاریگەرە؟ ئەوە ڕۆژانى دواییی حوکمڕانیی پزیشکیان ئەوە یەکلایی دەکەنەوە. بەڵام هاوکێشەى کاریگەرییەکە زۆر گەشبینانە نییە؛ ئەوەندە هەیە ئێران هەنووکە لە قۆناغێکى هەستیاردایە و، دەبێ و پێداچوونەوەیەک بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ وڵاتانى ڕۆژاوادا بکات، هەر بۆیە پێویستیى بە جۆرێک لە کرانەوە هەیە. ئەو کارەیش بە پزیشکیان دەکرێ لە پێناو قوتارکردنى نەریتخوازەکان لە داڕووخان و هەوڵدان بۆ گەیشتنە جۆرێک لە ڕێکكەوتن، ئەگەرچی هەندێ سازشیش لەلایەن ئێرانەوە پێشکەش بکرێ. ئێستا سەرۆکی وڵات هەر لە سەردانەکەى بۆ عێراق و ئەمریکا لەو قۆناغەدایە.

 کەواتە جووڵەکانى سەرۆک دژ بە ئەجێنداى سوپا و نەریتخوازەکان نییە، چونکە سەرۆک لە توانایدا نییە ئەو گۆڕەپانە بۆ خۆى کۆنترۆڵ بکات و ئاڕاستەى بکات، بەڵکوو جووڵەیەکی تەواوکارە لەگەڵ جووڵەکانى نەریتخوازەکان و بریتییە لە دابەشکردنى ڕۆڵەکان، نەک دژبەیەک؛ چونکە قۆناغەکە ئەوە دەخوازێ. سوپاى پاسدارانیش هیچ کاتێک ئەگەر بیەوێ جووڵەیەکى سەربازی بکات چاوەڕوانی ئاماژەى ڕێپێدانی سەرۆک ناکات، هەندەى چاوى لە مەقامی ڕێبەرى باڵایە.

ئایا پزیشکیان، بەرهەمی پەیوەندی و ئەجێندا ڕیفۆرمخوازییەکەى دەچنێتەوە؟

لەو بارەیەوە چەند ئالنگارییەک هەن:

  • گرژییەکانى حزبوڵڵا و ئیسرائیل تا دێ بەرەو هەڵکشان دەچن. ئەوکات جووڵەکانى زۆر بەرتەسک دەبنەوە و وەک لایەنى ڕکابەر و دژ مامەڵە دەکات.
  • ئەگەر پزیشکیان نەیتوانی ئەمریکا و ئەوروپا بێنێتەوە سەر مێزى دانوستان و ڕێکكەوتنى نوێ لەسەر چەکی ناوکیى ئێران.
  • تەواوى دامەزراوەکانى ئێران بێجگە لە سەرۆکایەتیى وڵات، لەژێر هەژموون و ئاراستەى نەریتخوازەکاندان. لەو بارەیەوە دەتوانن جووڵەى پزیشکیان سنووردار بکەن.

پەیامی پزیشکیان بۆ هەرێمی کوردستان، مانایەکی تایبەتى هەبوو

لەو پەیامانە ئەوە بوون کە بە هەرێمی کوردستانیان گوت: ئێمە لەسەر ئەو ڕێكکەوتنەین کە لەگەڵ سەرۆک ڕەئیسیدا کراوە؛ کاتێک سەرۆکی هەرێم سەردانی ئێرانی کرد و لەلایەن ڕێبەرى باڵاوە پێشوازیی لێ کرا. لە لایەکی تریشەوە ئەوەیان پێ وتین کە ئێمە فاکتەرى ئاسایشی هەرێمین و هەر ئێمەین کە پەیوەندییەکانتان لەگەڵ بەغدا ڕێک دەخەینەوە و کاریگەریمان لەسەر شایستە دەستوورییەکانتان هەیە. دوو جۆر پەیوەندییش سەرەڕاى گرنگییان، هێڵی سوورن و ئێران سازشیان لەسەر ناکات، ئەویش پەیوەندیی ئاسایشی و ئابوورین، کە هەردووکیان کاریگەریى بێشوماریان لەسەر ئەو وڵاتە هەیە. هەرێمى کوردستانیش دەتوانێ کاریگەریى ئەرێنی یان نەرێنی دروست بکات. بۆ ئەو مەبەستەیش ڕێکكەوتننامە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە؛ لە ڕووی ئاسایشەوە ڕێکكەوتنێکی سێ خاڵی لەگەڵ عێراق هەیە و هەرێمیش خزێندراوەتە ئەو سێگۆشەیەى کە دەبێ جێبەجێی بکات، سێ خاڵەکەیش تایبەتە بە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانى ئێران، وەک: قەدەغەکردنى دزەکردنى چەکدارانى ئۆپۆزیسیۆن، تەسلیمکردنى داواکراوان بە ئێران بەپێی یاسا، داماڵینی ئۆپۆزیسیۆن لە چەک و، هەروەها بێبەشكردنیان لە هەبوونی سەربازگە.

پزیشکیان لە سەردانەکەیدا جیاوازییە جوگرافی و سیاسییەکانى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانى قووڵتر کردەوە و بۆ گەیشتن بە چارەسەر بەرەو مەحاڵی بردن؛ چونکە هاتنەکەى بۆ هەولێرى پایتەخت و پارێزگاى سلێمانى، ئەوەى دەرخست کە هەرێمی کوردستان بە دیفاکتۆ دوو مەرجەعی سیاسیی تێدایە و ئێمە لاى خۆمانەوە لە پێناو بەرژەوەندیى ئێران مامەڵە لەگەڵ هەردووکیان دەکەین. بەڵام ئەوەیشی نەشاردەوە کە هەرێمی کوردستان بۆ ئێران وەک بکەرێکی نادەوڵەتى لەسەر گۆڕەپانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست فاکتەرێکی کاریگەرى بەسوودە بۆ ئێران و، دەتوانێ لە هەرێمەوە ڕایەڵەیەکی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ تورکیا و ئەمریکا دروست بکات؛ ئەمە بێجگە لەوەى کە فاکتەرێکى بەسوودە لە ڕووى ئابوورى و ئاسایشەوە بۆ ئێران، چونکە ئەوەى کە هەرێمی کوردستان لە سەردەمى گەمارۆکاندا بۆ ئێرانی دابین دەکات، هەرگیز عێراق بەو ئاسانییە ناتوانێ ئەو کارە بکات.

ئەگەر سەردانەکە ئەو واتایە ببەخشێ، ئەدی کاریگەریى لەسەر پەیوەندییەکانى هەرێم و ئێران چی دەبێ؟

لەو بارەیەوە دەتوانین هەندێ لە کاریگەرییەکانى لەم ڕەهەندانەى خوارەوە پوخت بکەینەوە:

  • ئێرانییەکان ئەوەیان خستە ڕوو کە هەرێمی کوردستان زیاتر پێویستى بە پاراستنى ئێرانییە نەک ئەمریکا.
  • ئابوورى، هێڵی سوورە و سازشی لەسەر ناکرێ. هەر بۆیە دەبێ هەرێم لە ڕووى ئابوورییەوە لەگەڵ ئێران لە پەیوەندییەکى پتەودا بێت.
  • پاراستنى بەرژەوەندییەکان لە پاراستنى ئاسایشی ئێرانەوە بەرجەستە دەبێ. هەر بۆ ئەو مەبەستە ئێرانییەکان تەواو گوشارى خۆیان دەکەن. لەلایەن هەرێمیشەوە ئەو پەیمانەیان پێ دراوە، بەوەى کە نابێ خاکی هەرێم بۆ هێرشکردنە سەر کۆمارى ئیسلامی بەکار بهێنرێ.
  • پتەوبوونى پەیوەندییەکان واتە برەودان بە هێزی نەرم لەلایەن ئێرانەوە بەرانبەر هەرێم؛ کەلتوور و دیپلۆماسییەتیش لە پێشەنگى ئەو هێزەن. بەڵام گومان لەوەدا نییە کە هێزى نەرم کاریگەریى نەرێنیی بۆ سەر هەرێم دەبێت، چونکە لایەنێکی سەرەکیی سیاسیی هەرێم، تەواو تەسلیم بە ئەجێنداى ئێران بووە.
  • لە نێوەندى ئەو پەیوەندییە ئەرێنییە لەگەڵ ئێران، هەرێم دەتوانێ وەک فاکتەرێکی کاریگەر لە بەغدا، لەو پەیوەندییە سوودمەند ببێ.
  • جۆرێک لە سەقامگیری لە هەرێم دێتە ئاراوە و، لەسەر ئاستى هەرێم لایەنگیریی ئێران بۆ یەکێتى تا ڕاددەیەک کەم دەبێتەوە، بەڵام هەرگیز پشتی بەرنادات. ئەو سەقامگیرییەیش سوودبەخشە لەسەر ئاستى حکوومەت و جەماوەر و هێزە سیاسییەکان.
  • لە نێوەندی ئەو پەیوەندییە ئەرێنییانەوە، هەرێم دەتوانێ لە کەمبوونەوەى هەستیاری نێوانیان لەگەڵ ئێران سوودمەند ببێ.
  • پەیوەندییە ئەرێنییەکان وا لە هەرێم دەکەن کە بەردەوام بەرژەوەندییەکانى ئێران بپارێزێ، تا لە ئاکامدا بەرژەوەندییەکانى خۆى بپارێزێ؛ چونکە دژایەتیکردنى ئێران، هیچ سوودێكی بۆ هەرێم نابێت.

لە لایەکی ترەوە لە نێوەندى ئەو ئەرێنییانەى پەیوەندی لەگەڵ ئێران، پێویستە هەرێم دوو بابەتى گرنگ بەرچاو بگرێ: نابێ هاوسەنگى لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هێزە سیاسییەکان و دەوڵەتان لاسەنگ بکرێ، نابێ پەیوەندییە ئەرێنییەکان ببنە هۆی زیاتر پەرتبوونى بونیادی سیاسی و نیشتمانیى هەرێمی کوردستان.

دەبێ هەرێمی کوردستان لەسەر هەردوو ئاستى هەرێم و بەغدا وەبەرهێنان لەو پەیوەندییانەدا بکات

ئەمە بابەتێکی هەستیار و گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، کە دەبێ بەبایەخەوە بڕوانێتە ئەو سەردانە و لە هەوڵی ئەوەدا بێت لێکەوتە نەرێنییەکانى لە خۆى دوور بخاتەوە، بۆ نموونە:

  • دەبێ پەیوەندییە ئەرێنییە بەهێزەکە لە سەردەمی پزیشکیان هەر ئاوا بەو پتەوییە بەبەردەوامى بهێڵینەوە.
  • دەبێ ئێران لە قۆناغی داهاتوودا بکەینە فاکتەرێکی پاڵپشت و هاوکار لە بەغدا بۆ یەکلاییکردنەوەى کێشەکان و بەدەستهێنانى شایستە دەستوورییەکان؛ چونکە ئێران کاریگەرترین فاکتەرە بۆ چارەسەرى گرفتەکان لە تەواوى هێز و دامەزراوە و کەسایەتییە عێراقییەکان خۆیان.
  • لەو سەروبەندەوەدا هەرێم دەتوانێ لە پەیوەندییە ئابوورییەکان سوودمەند ببێ و بازرگانییەکى گەشەسەندوو لەگەڵ ئێران بکات و خۆى بکاتە زۆنێکی ترانزێتى بازرگانى لە ناوچەکەدا.
  • کاتێک سەقامگیری دەکەوێتە ناو پەیوەندییەکان، هەر ئاواش سەقامگیری لەسەر کۆمەڵگە و هەرێم دێتە ئاراوە؛ دەبێ حکوومەتى هەرێم بەرنامەیەکی تایبەتى لەو بارەیەوە هەبێت و لەو سەقامگیرییە سوودمەند ببێت.
  • ئەو پەیوەندییانە دەتوانێ ببێتە هۆکارێکی ئەرێنى بۆ زەمینەیەکی گونجاو بۆ دروستکردن و پتەوکردنى پەیوەندییەکانى هەرێم لەگەڵ هێزەکانى عێراق، بەتایبەت وەلائییەکانى سەر بە ئێران؛ لەوێیشەوە گرفتەکانى هەرێم لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵی بەرەو چارەسەر دەچن، چونکە هەر ئەو هێزانەن کە گرفت بۆ هەرێم دەنێنەوە یان چارەسەرى دەکەن.
  • ئێمە لە بەردەم قۆناغێکی هەستیارى نیشتمانى و نەتەوەییداین، ئەویش هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمە. هێزەکان تەواو لەگەڵ یەکدی دژوار و دژبەیەکن. هەندێ جار تەواوى سنوورەکانى دیموکراسییەتیان بەزاندووە. هەموویان بەنیازی بۆڕدارى بەرانبەرن. لەو نێوەندەدا ڕازیبوون بە بەرەنجامەکان و پێکهێنانى حکوومەتى ئاییندە کارێکی زۆر قورسە؛ هەرچەندە ئەوەى کە حکوومەت پێک دەهێنێ تا هەنووکە، هەر یەکێتى و پارتین. لەو بارەیەوە ئێران دەتوانێ لە پێکهێنانى حکوومەتى داهاتوودا ڕۆڵی ئەرێنی ببینێ.
  • بۆ بەڕێوەبردنى ئەو قۆناغە هەستیارە لە پەیوەندییە ئەرێنییەکان لەگەڵ ئێران، ئەرکە قورسەکە دەکەوێتە سەرشانى سەرۆکی هەرێم. هەر بۆیە بەڕێزیان دەبێ ئەجێندایەکی ڕۆشن و دروست و قۆناغبەندكراوی لەو بارەیەوە هەبێ.
gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

هەنگاوێک تا جەنگی هەرێمایەتی: ستراتیژیی سەربازیی ئیسرائیل و ئێران بۆ مانەوە

د. پەرویز ڕەحیم قادر/ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان- دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی/مامۆستای زانکۆ پێشەکی بە… زیاتر

3 days ago

پرسی پاشەکشەی ئەمریکا لە عێراق و لێکەوتەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان پێشەکی لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، دیسان… زیاتر

4 days ago

هێرشە پەیجەرەکانی ئیسرائیل جیهانیان گۆڕی

ن: بروس شنایەر* وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان ئەو هێرشە بەدفەڕەی هەفتەی ڕابردوو، ئیسرائیل… زیاتر

6 days ago

كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.. داكەوتە و لێكەوتەكان

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق بەپێی ڕاگەیەنراوە… زیاتر

7 days ago

“شنگنی ئیسلامی”… چی لە پشت بانگەوازەکەی سەرۆککۆماری ئێرانەوەیە بۆ “سڕینەوەی سنوورەکان”؟

وەرگێڕانی: پێنووس مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە یەکەم سەفەری دەرەوەی وڵات دوای دەستبەکاربوونی لە پۆستی… زیاتر

1 week ago

سوودانی و مالیکی… جەنگی سارد و زیاتریش

(دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، "ویلایەتی دووەم" یاساکانی جەنگەکە دەگۆڕێت)   ن: عەلی سەرای و:… زیاتر

3 weeks ago