شرۆڤە

ئیسرائیل چۆن توانیی لە دووریی ١٧٠٠ کیلۆمەتر و بە ١٠٠ فڕۆکەوە هێرش بکاتە سەر ئێران؟

ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس

سوپای ئیسرائیل پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئۆپەراسیۆنەکە تەنیا بە گرنگیدان بە ئامانجە سەربازییەکان ئەنجام دراوە و بەئەنقەست خۆیان لە بەئامانجکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی ئێران بەدوور گرتووە بۆ ئەوەی ڕێگه‌ له‌ پەرەسەندنی زیاتری پێکدادانەکان بگرن.

سوپای ئیسرائیل هێزێکی ئاسمانیی پێشکەوتووی هەیە کە سەدان فڕۆکەی جەنگیی فرەڕۆڵی F-15 (بروسک) و F-16  (تۆفان) و F-35 (توانا)ی تێدایە کە لەلایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێت. ئەم فڕۆکانە لە مانگی نیسانی ڕابردوودا ڕۆڵیان هەبوو لە ڕێگریکردن و خستنەخوارەوەی درۆنه‌كان (فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان)ی ئێران. لەو مانگەدا ئێران لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا بە ناوی “بەڵێنی سادق 1” دەیان مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. بەڵام هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل فڕۆکەی بۆمبهاوێژی دوورمەودای نییە؛ بەڵام کۆمەڵەیەکی بچووکی فڕۆکەی بۆینگ (KC 707)ی هەیە کە وەک تانکەری سووتەمەنی بەکاریان دەهێنێت کە وا دەکات فڕۆکە شەڕکەرەکانی بتوانن بە گەشتە دوورودرێژەکان بگەنە سنوورەکانی ئێران.

جێگەی ئاماژەیە لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل توانای خۆی نیشان دا بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە دوورمەوداکان بە فڕۆکە جەنگییەکان کە چەندان ئامانجیان لە نزیک بەندەری حودەیدەی یەمەنیان بۆردوومان کرد. لەو هێرشەدا ئیسرائیل ڕای گەیاند، هێرشەکە وەڵامێکە بۆ هێرشی درۆنه‌كه‌ی حووسییەکان بۆ سەر تەلئەبیب.

لە هێرشی سەر ئێران چەند فڕۆکە بەشدار بوون؟

دەگوترێت بەگشتی 100 فڕۆکەی جەنگی، لە نێویاندا فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی ئێف 35، بە سێ شەپۆل هێرشیان کردووەتە سەر 20 دامەزراوەی مووشەکی و درۆنی ئێران. هێرشی قۆناغی سەرەتاییی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی ڕادار لە سووریا، بە ئامانجی “کوێرکردنی” تواناکانی هۆشداریی پێشوەختەی ئێران بوو، بەڵام بەخێرایی گۆڕا بۆ هێرشێکی فراوانتر و، لە شەپۆلی دووەم و سێیەمدا تاران و کەرەج و چەند شوێنێکی ستراتیژیی دیکەی ئێرانی کردە ئامانج. لە هێرشەکەی بەیانیی زوودا لە ٢٦ی ئۆکتۆبەردا، ئیسرائیل فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-٣٥ی بەکار هێنا کە خۆیان لە ڕادار دەدزنەوە، کە سوپای ئیسرائیل ناوی “قادر”ی ناوە بە واتای “بەهێز و بەتوانا”، کە پێ دەچێت نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتریان بڕیبێت و ئەم هێرشەیان ئەنجام دابێت. بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی مووشەک و تەقەمەنیی قورسەوە، هێرشە دوورمەوداکانی وەک ئەم هێرشە، پێویستیی بە پڕکردنەوەی سووتەمەنیی بەرچاو هەیە و یەکەی فریاگوزاریی ٦٦٩ی ئیسرائیل لە ئامادەباشییەکی بەرزدا بووە.

ڕۆژنامەی “ئیندیا تۆدەی” سەبارەت بەم هێرشانە نووسیویەتی: “ئیسرائیل فڕۆکەی جەنگیی نەوەی پێنجەمی ئێف- 35 ناسراو بە Adir، فڕۆکەی هێرشی زەمینیی ئێف- 15 (Ra’am) و فڕۆکەی بەرگریی ئاسمانیی ئێف- 16 (Sufa)ی بەکار هێنا، کە نزیکەی 2000 کیلۆمەتریان بڕیوە.” ئەم ڕۆژنامەیە زیاتر ئاماژە بەوە دەکات کە “ئەو چەکانەی بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە هەڵبژێردران، بریتی بوون لە مووشەکی هایپەرسۆنیکی دوورمەودای Rampage و مووشەکی پێشکەوتووی نەوەی نوێی Rocks لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی.” ڕۆژنامەکە بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوەکەی نووسیویەتی، فڕۆکەکانی ئیسرائیل بە گرووپی 25 بۆ 30 فڕۆکە، هێرشەکانیان ئەنجام داوە. بەم پێیە تەنیا 10 فڕۆکە هێرشی مووشەکیی هەماهەنگیان ئەنجام داوە و ئەوانی دیکەیش بەرپرسیار بوون لە ئەرکی پاراستن و چاودێری و بەرەنگاربوونەوە. ئەم ئامارە تا ئێستا لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

دەگوترێ لە کاتی ئەم هێرشانەدا کە بە ” ئۆپەراسیۆنی ڕۆژانی تەوبە” ناوزەد کراون، بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ئامادەباشییەکی بەرزدا بوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری هێرشە مووشەکییە تۆڵەسەندنەوەکانی ئێران. ئێستایش سوپای ئیسرائیل بەوردی چاودێریی ئەگەرەکانی وەڵامی ئێران و میلیشیاکانی هاوپەیمانی تاران لە عێراق، یەمەن، سووریا و لوبنان دەکات و خۆی بۆ ئەگەری کۆمەڵێک کردەوەی تۆڵەسەندنەوە ئامادە دەکات.

هێڵی کارمان ( Kármán line) چییە و ئایا سەروەریی ئاسمانیی ئوردن و عێراق پێشێل کراوە؟

میدیاکانی ئێران بە گێڕانەوە لە سەرچاوە ئوردنییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیییان بڵاو کردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کە پێ دەچێت F-35 بێت، بەرەبەیانی شەممە (٢٦-١٠-٢٠٢٤) ئاسمانی ئوردنیان بەزاندووە. شارەزایەکی میدیایی بە ناوی “سەمیر شۆهانی” ڕۆژی هێرشەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی هەواڵی ئەلعالەم وتی: ئەمە مانای چییە کە هیچ فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی لە ئاسمانی ئێراندا نەبینراوە؟ ئەمەیش بەو مانایەیە کە ئەو ١٠٠ فڕۆکەیە کە باسی لێوە دەکرێت، لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانەوە هێرشیان کردووە و ڕژێمی ئیسرائیل نەیوێراوە سەروەریی ئاسمانیی ئێران پێشێل بکات. ڕوونیشی کردەوە: “فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 35 و ئێف 16 دەتوانن لە دووریی 100 بۆ 200 و 300 و تەنانەت 500 کیلۆمەتریشەوە مووشەک بهاوێژن، بۆیە گرنگ ئەوەیە بەرگریی ئاسمانیی ئێران ڕووبەڕووی فڕۆکەکانی ئیسرائیل نەبووەوە، چونکە لە بنەڕەتدا لە ئاسمانی ئێراندا بوونیان نەبووە.” هەروەها شۆهانی وتی: چەند وێنەیەک هەیە کە فڕۆکەکانی ئیسرائیلی لە بەرزایییەکی نزم لە ئوردن دەردەکەون؛ ئەمەیش بەدوور نازانرێت، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە ئەو فڕۆکانە چووبنە ناو ئاسمانی عێراق و مووشەکیان ئاراستەی ئامانجە سەربازییەکانی ئێران کردبێت.

هەرچەندە ناتوانرێت لە ئێستادا بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڤیدیۆکە و شوێنەکەی پشتڕاست بکرێتەوە، بەڵام سوپای ئوردن ڕۆژی شەممە ڕای گەیاند کە ئوردن ڕێگەی نەداوە هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی لە لایەنە شەڕکەرەکانی ناوچەکەوە ئاسمانی وڵاتەکەی ببڕێت. هەروەها سعوودیاش ڕای گەیاند کە ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار نەهێنراوە. سەروەریی وڵاتێک ئاماژەیە بۆ سەروه‌ریی ئاسمانی و خاکی وشکانی و دەریاییی خۆی، بەڵام بۆشاییی دەرەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی ناگرێتەوە. هەرچەندە هیچ بەرزییەکی جێگیرکراوی گشتگیر نییە کە ئاسمان لە بۆشاییی دەرەوە جیا بکاتەوە، بەڵام هێڵێکی گریمانەییی ناسراو بە ” هێڵی کارمان” (Kármán line) هەیە کە نزیکەی ١٠٠ کم لە بەرزیی ئاستی دەریاوە بۆ مەبەستی فڕۆکەوانی و بۆشاییی ئاسمان وەردەگیرێت. لە خوار ئەم بەرزییەوە هەموو شتێک بە بەشێک لە سەروەریی ئاسمانیی وڵاتێک دادەنرێت. لە دەرەوەی ئەم بەرزییە “بۆشاییی دەرەوە” هەیە، کە دوورە لە سەروەریی نیشتمانی و بە بنەماکانی پەیماننامەی بۆشاییی ئاسمانیی ساڵی ١٩٦٧ بەڕێوە دەچێت، کە ڕێگە بە ئازادیی چالاکیی نێودەوڵەتیی تێدا دەدات. فڕۆکە بازرگانییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی لە نێوان ٩ بۆ ١٢ کم لە بەرزیی سەر زەوەی دەفڕن، لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییە سەربازییەکان دەتوانن لە بەرزایییە بەرزەکاندا بفڕن. بۆ نموونە فڕۆکەی ئێف ١٦ زۆرترین بەرزیی کارکردنی نزیکەی ١٥ کم و، فڕۆکەی ئێف ٣٥ دەتوانێت بگاتە بەرزیی نزیکەی ١٨ کم. لە ئەنجامدا ئەگەر فڕۆکە سەربازییەکان بەو بەرزایییانە بەسەر ئوردندا بفڕن، دەکرێت بە پێشێلکردنی سەروەریی ئاسمانیی ئوردن هەژمار بکرێت.

لە کاتێکدا ڕەهەندەکانی دیکە و وردەکاریی زیاتری هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٦ی ئۆکتۆبەردا پێویستیی بە لێدوانی فەرمیی ئێران و ئیسرائیل هەیە، هەر لە سەرەتای ڕووماڵکردنی ئەو هێرشانە، میدیاکانی ئێران هەوڵیان دا هێرشەکانی ئیسرائیل بێبایەخ بکەن و به‌ ناكاریگه‌ر وه‌سفیان بكه‌ن. هەروەها بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە، پێویستە بزانرێت کاردانەوەی ئوردن بۆ ئەم پرسە چی دەبێت و ئایا داوای ڕوونکردنەوە لە ئیسرائیل دەکات لەسەر ئەم بابەتە و بانگهێشتی باڵیۆزی ئیسرائیل دەکات یان نا.

بەم ڕووداوە لاپەڕەیەکی نوێ لە پێکدادان و ململانێی نێوان دوو دوژمنی دێرینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتە ئاراوە و تاران و تەلئەبیب کە دەیان ساڵە خەریکی شەڕی بەوەکالەتن، ئێستا زیاتر بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ دەڕۆن. بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە توانا سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل، چین و کامیان لە بەرگری و هێرشبردندا لەوی تر باڵاترە؟

ژمارەی سەربازەکان

بەپێی ڕاپۆرتی ئینستیتیۆتی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی (IISS)، لە ساڵی ٢٠٢٣ کۆماری ئیسلامی خاوەنی ٦١٠ هەزار هێزی سەربازیی چالاکە کە ٣٥٠ هەزاریان لە ئەرتەش و ١٩٠ هەزاریان لە سوپای پاسداران و ١٨ هەزاریان لە هێزی دەریایی و ٣٧ هەزاریان لە هێزی ئاسمانی و 15 هەزار کەس لە هێزی بەرگریی ئاسمانین. جگە لەوەیش هێزی ئەرتەش یەدەگی ٣٥٠ هەزار کەسی هەیە.

لە بەرامبەردا ئیسرائیل 169 هەزار و 500 هێزی سەربازیی چالاکی هەیە؛ لەو ژمارەیەیش 126 هەزاریان لە سوپا و 9 هەزار و 500یان لە هێزی دەریایی و 34 هەزاریان لە هێزی ئاسمانیدا چالاکن. هەروەها ئیسرائیل 465 هەزار سوپای یەدەگی هەیە.

بوودجە و خەرجیی سەربازی

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەزگه‌ی توێژینەوەی ئاشتیی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم (SIPRI) لە مانگی ئەپریلی ساڵی 2024 بڵاوی کردۆتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 2023دا نزیکەی 10.3 ملیار دۆلاری لە بواری سەربازی و بەرگریدا خەرج کردووە کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 0.6% زیادی کردووە . لە بەرامبەردا، ئیسرائیل لە ساڵی 2023دا نزیکەی 27.5 ملیار دۆلاری لەم بوارەدا خەرج کردووە؛ ئەمەیش بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 24% زیادی کردووە. خەرجییە سەربازییەکانی ئیسرائیل دوای هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

هێزی وشکانی (زەمینی)

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئەلجەزیرە، بەپێی ڕیزبەندیی سەربازیی ساڵی ٢٠٢٣، کۆماری ئیسلامیی ئێران خاوەنی زیاتر لە ١٠ هەزار و ٥١٣ تانکی شەڕ و زیاتر لە ٦٤٠ زرێپۆشە، کە توانای هەڵگرتنی ستافی سەربازی هەیە. لە بەرامبەریشدا، ئیسرائیل نزیکەی 400 تانکی جەنگی و زیاتر لە 1190 زرێپۆشی هەیە.

هێزی ئاسمانی

هەروەها بەپێی ریزبەندی سەربازیی ساڵی 2023 هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران 312 فڕۆکە و، هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران 23 فڕۆکەی هێرشبەری هەیە. هەروەها هێزی ئاسمانیی ئەرتەش ٥٢ و سوپای پاسداران پێنج هەلیکۆپتەری هێرشبەریان هەیە. فڕۆکە و هەلیکۆپتەرەکانی ئێران بە شێوەیەکی گشتی، کۆنە و سەر بە نەوەکانی پێشووی ئەم جۆرە کەرەستەی سەربازییە. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل خاوەنی 345 فڕۆکەی شەڕکەر و 43 هەلیکۆپتەری هێرشبەرە.

هێزی دەریایی

ئێران خاوەنی ١٧ ژێردەریاییی تاکتیکی، ٦٨ کەشتی و شەڕکەری کەنار دەریاکان، حەوت گرووپی کەشتیوانی، ١٢ کەشتی، ١١ کەشتی ( Landing craft) و، ١٨ کۆمەڵەی پشتیوانیی لۆجستیکی دەریاییی هەیە. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل پێنج ژێردەریایی و 49 کەشتیی شەڕکەری دەوریە و کەنار دەریاکانی هەیە.

سیستەمی بەرگریی ئاسمانی

بەپێی ریزبەندی سەربازیی ساڵی ٢٠٢٣، بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل پشت بە سیستەمی “گومبەزی ئاسنین” دەبەستێت. پێ دەچێت گومبەزی ئاسنینەکان توانیبێتی ڕێگری لە زۆربەی ئەو مووشەکانە بکات کە ئێران ئاراستەیان ده‌كات. ئەم سیستەمە بە ڕادارێک تەیار کراوە کە مووشەکی هاتوو و خێرایی و ئاراستەکەی دەستنیشان دەکات؛ پاشان ناوەندی کۆنترۆڵ لێکدانەوەی بۆ دەکات کە ئایا ئەو مووشەکە هەڕەشە لە شارەکانی ئیسرائیل دەکات یان نا. ئەو مووشەکانەی کە مەترسیدار نین، ڕێگەیان پێ دەدرێت لە  ناوچە و کێڵگە چۆڵەکاندا بکەونە خوارەوە، بەڵام ئەگەر هەڕەشەیەکی جددی بن، ئەوا یەکەی تەقاندنی مووشەکەکان دەیانخاتە خوارەوە. ئەم لانچەرە ٢٠ مووشەکی ڕێگری لەخۆ دەگرێت.

دە ناوەندی گومبەزی ئاسنین لە سەرانسەری ئیسرائیلدا بڵاو بوونەتەوە. هەروەها سیستەمەکانی دیکەی ئیسرائیل توانای ڕێگریکردن لە مووشەکی مامناوەند و دوورمەودایان هەیە. سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی David’s Sling ئەو مووشەکانە دەگرێت کە مەودای ٤٠ بۆ ٣٠٠ کیلۆمه‌تریان هەیە. هەروەها سیستەمی بەرگریی مووشەکی (Arrow System)” ڕێگری لەو مووشەکانە دەکات کە مەودای دوو هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتریان هەیە.

لە بەرامبەردا، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مانگی دووی ئیمساڵ، سیستەمی بەرگریی کورتمەودای “ئازەرەخش”ی جێگیر کرد. ئەم سیستەمە کە لەسەر ئۆتۆمبێلە قورسەکان دادەنرێت، سیستەمێکی دیاریکردن (Infrared)ه‌ کە بە سیستەمی ڕادار و ئەلکترۆ-ئۆپتیکاڵ تەیار کراوە بۆ دەستنیشانکردن و شوێنپێهەڵگرتنی ئامانجەکان. هەروەها ئێران خاوەنی کۆمەڵێک سیستەمی بەرگریی مووشەکیی زەوی بۆ ئاسمانە، کە زیاتر لە 42 سیستەمی جۆری ئێس-200، ئێس-300 دروستکراوی ڕووسیا و سیستەمی دروستکراوی خۆماڵیی باوەر-373ی لەخۆ دەگرێت. جگە لەوەیش ئێران خاوەنی زیاتر لە 59 سیستەمی مووشەکیی مەودای مامناوەندە وەک MIM-23 Hawk، HQ-2J و خورداد-15. هەروەها ٢٧٩ سیستەمی كورتمەودای هەیە کە دروستکراوی “چین”ن.

مووشەکی بالیستی ( ballistic missile )

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران لانی کەم ١٢ جۆری جیاوازی مووشەکی بالیستیکی مەودای مامناوەند و کورتمەودای لە جبەخانەی خۆیدا هەیە؛ لەوانە مووشەکی تونده‌ر ٦٩ کە مەودای ١٥٠ کیلۆمەتر و مووشەکی خوڕه‌مشه‌هر و سجیل، کە هەردووکیان مەودای دوو هەزار کیلۆمەتریان هەیە. لە بەرامبەریشدا، ئیسرائیل لانی کەم چوار جۆری جیاوازی مووشەکی بالیستیی بچووک و مامناوەند و دوورمەودای هەیە کە مەودای بڕینیان لە نێوان ٢٨٠ کم بۆ ٤٨٠٠ کم و ٦٥٠٠ کم و تەنانەت زیاتریش دەبێت.

توانای ئەتۆمی

بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی کۆنترۆڵکردنی چەک، کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت ئیسرائیل ٩٠ کڵاوەی ئەتۆمیی لە کۆگه‌کانیدا هەبێت. لە بەرامبەردا، وا دیارە ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی نییە، بەڵام خاوەنی بەرنامەیەکی پێشکەوتووی ئەتۆمییە و چەندان دامەزراوەی ئەتۆمی و ناوەندی لێکۆڵینەوی هەیە. هەرچەندە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی پێشتر لە فەتوایەکدا بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیی به‌ حەرام ڕاگەیاندبوو، بەڵام ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە “ئەگەر بوونی ئێران بکەوێتە مەترسییەوە” دوکتۆرینی ئەتۆمیی خۆی دەگۆڕێت.

سەرچاوە:

1- https://parsi.euronews.com/2024/10/26/how-was-israel-able-to-attack-iran-with-100-fighters-from-1700-km-away

2- https://www.aljazeera.com/news/2024/10/2/iran-and-israel-what-are-their-attack-and-defence-capabilities

3- https://www.indiatoday.in/world/story/israel-100-fighter-jets-lethal-missiles-strike-iran-military-drone-facilities-2623559-2024-10-26

4- https://www.sipri.org/publications/2024/sipri-fact-sheets/trends-world-military-expenditure-2023

5- https://www.independentpersian.com/node/410573/سیاسی-و-اجتماعی/ایران-و-اسرائیل؛-توان-تهاجمی-و-دفاعی-هرکدام-چقدر-است؟

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

لە جەنگی سێبەرەوە بۆ سێبەری جەنگ: ڕۆڵ و ستراتیژیی ئەکتەرە هەرێمایەتی و سەروو-هەرێمایەتییەکان لە هاوکێشەکانی ناوچەکە

د. پەرویز ڕەحیم قادر- دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان/دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی هەرچەندە وەڵامی سەربازیی ئیسرائیل… زیاتر

8 hours ago

هەوڵەكانی نووسینی دەستوورێكی نوێ و، دووبارە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا

موەفه‌ق عادل عومەر، دكتۆرا له‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و مامۆستا له ‌به‌شی سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی… زیاتر

5 days ago

ئایا ئێران و ئیسرائیل لە لێواری جەنگێکی تەواودان؟

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: پێنووس لەم چەند ڕۆژەدا بنیامین نەتانیاهۆ وتی: "گەلی ئێران زووتر لەوەی بیری… زیاتر

3 weeks ago

عێراق و هەرێمی کوردستان لە گێژەڵووكەی پاش كوشتنی نەسروڵڵادا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق دەسپێك كوشتنی… زیاتر

4 weeks ago

هاوکێشە سیاسییەکانى ناوچەکە دواى کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا

(خوێندنەوەیەکی ستراتیژییانە بۆ لێکەوتە و سیناریۆکان)   پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری… زیاتر

4 weeks ago

چۆن سیخوڕەکانی مۆساد دزەیان کردە ناو حزبوڵڵای لوبنان؟

نووسەران: مێهول سریڤاستاڤا (Mehul Srivastava )، جەیمس شاتەر (James Shotter )، چارڵز کلۆڤەر ( Charles Clover ) و ڕایا… زیاتر

4 weeks ago